چەن سەرنجێک لەسەر تیرۆری شێخ ئازاد و ڕووداوەکانی دواییی

نووسەر: مەلا رەئووف ساردەکوێستان

ڕووداوی نائاساییی تیرۆری شێخ ئازاد و دوو هەواڵەکەی، دەنگدانەوەیەکی یەکجار زۆری لە کوردستاندا هەبووە، بە شێوەیەک کە بیروبۆچوون و شیکاری و گومانی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە. بەهۆی نەبوونی فەزای ئازادی سیاسی، چ لە لایەن سیستەمی سەردەستەوە و چ لە لایەن ئایینباوەڕانەوە، تا ئێستە نەک هەر شیکارییەکی زانستی ئەوتۆ لەم ڕووداوە نەخراوەتە ڕوو، بەڵکوو تەنانەت زانیاریی ڕاستەقینەش سەبارەت بەم ڕووداوە زۆر بە کەمی لەبەر دەستدایە. هەر بۆیە کەس ناتوانێت بە دڵنیایییەوە لەسەر ئەم ڕووداوە بنووسێت یان لێدوان بدات. بەڵام لەم کورتەباسەدا دەمهەوێت دوو خاڵی جیددی کە بە زەقی لە قسەوباسەکاندا دەبیندرێن، هەندێک شەنوکەوی زیاتری بکەم. یەکەم خاڵ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئایا شەڕی نێوان دینباوەڕان و ڕکابەڕی و شەڕی گوتاری سەلەفییەت و شێخایەتییە کە ئەو کارەساتەی لێ کەوتەوە یان نا  ئیمکانی ئەوە کەمە؟ دووهەم خاڵ: ڕەنگوڕواڵەتی کوردستانیی باسەکەیە و هێنانەئارای پێگەی نوێی “خانەقای ئازادی”یە لەسەر دەستی جێگرەوەی شێخی تیرۆرکراو. لەم کورتەوتارەدا هەوڵ دەدەم ئەم دووخاڵە تا ئاستێک هەڵبشێلم و ئەگەرەکانی داهاتوو تا ئاستیک وەردوشەن بدەم.

 یەکێک لەو گومانە جیدییانە کە سەبارەت بە تیرۆری شێخ ئازاد هەیە و سیستەماتیک لەلایەن دامودەزگای دەوڵەتیشەوە پەرەی پێ دەدرێت ئەوەیە کە هەوڵ دەدرێت ئەم ڕووداوە بخەنە زەمینی شەڕ و ململانێی دینیی نێوان سەلەفییەکان و شێخ و دەروێشەکان و ئەوە بدەنە دەرخواردی خەڵک کە سەلەفییەکان ئەو کارەیان کردووە!. بەم شێوەیە سیستەم خۆی لەم ماجەرایە تەنانەت وەک بەرپرسی ئەمنییەتیش دەپەڕێنێتەوە، هەر بۆیە وردە وردە خەریکە بێدەنگیی لێ دەهێنێت و تەنانەت ناوی بکوژەکانیش نادرکێنێت.

 جیا لەم ڵێڵاوی و زەن و گومانانە سەبارەت بە هەڵسوکەتی سیستەم و دامودەزگا ئەمنییەکانی، بە بۆچوونی من وەک کەسێک کە تا ئاستێک ئاگاییم لە جەریاناتی دینی هەیە، ئیمکانی ئەوەی ئەم تێرۆرە بە دەستی سەلەفییەکان ڕووی دابێت زۆر بە کەم دەزانم؟ بە چەند هۆکار: یەکەم ئەوەی خانەقاکەی شێخ ئازاد لە مەحەلەی تەپی ماڵان بووە کە مەحەلەیەکی هەژارنشینی سەقزە و جەریانی سەلەفییەتیش ساڵەهایە لەو مەحەلەدا چالاکن. ئەگەر بڕیار بوایە سەلەفییەت ئەو کارەی بکردایە هەر زووتر دەیکرد پێش ئەوەی شێخ ئازاد چ لە ڕووی ئابووری و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەوە پێگەی  بەهێز پەیدا بکات.

ئەو گریمانەیە دروستە کە ئەم دوو جەریانە دینییە تەواو بەرانبەری یەکن بەڵام ئەزموونەکانی توندوتیژیی سەلەفییەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نیشان دەدات زیاترین ئامانجی لێدانیان ئەوانە بوون کە بە تەعبیری خۆیان بە ڕواڵەت کوفریان کردووە و یان بێڕێزیان بە خوا و پێغەمبەر کردووە. سەلەفییەت نە لەگەڵ دەوڵەت نە لەگەڵ بزاڤە ئایینییەکانی دیکە کاری تێرۆری نەکردووە، تەنیا ناوبەناو لەگەڵ خەڵکانی ئاسایی ئەو کارەی کردووە کە بە گومانی ئەوان کافر بوونە. بۆ نموونە گوایە ساڵی پار لە مەحەللـەیەکی دیکەی سەقز، جەوانێک بە بیانووی ئیهانەت بە پێغەمبەر دەکوژن. کەواتە سەلەفییەت کەمتر ئەو توندوتیژییەی لە ئاستی کردەوەی تێرۆردا لەگەڵ دیندرانی دیکە کردووە. مومکینە تیرۆری گوتاری دیندارانی دیکە بکات و شەڕو ململانێ ساز بکات، وەک ئەوەی لەگەڵ جەریانی ئەحمەدی موفتیزادە کردیان، بەڵام تیرۆری ڕاستەوخۆی لەگەڵ دینداران بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووە.

 هۆکارێکی دیکەیش بۆ ئەوەی وادەزانم سەلەفییەت ئەو تیرۆرەی نەکردووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی: بزاڤی سەلەفییەت و هەموو لقوپۆپەکانی لە نێو خەڵکی کوردستان تا ئاستێکی زۆر بە تایبەت پاش شۆڕشی ژینا  تارێنراون، هەر بۆیە بەشگەلێ لە سەلەفییەت ئێستە هەندێک نەرمتر و ئارامتر هەڵسوکەوت دەکەن، بۆ ئەوەی پەرچەکرداری خەڵکی لێ نەکەوێتەوە. بەبۆچوونی من ڕێی تێناچێت لەم بارودۆخەیاندا دەست بەرن بۆ کارێک کە ئەوندەی دیکە لە نێو خەڵکدا بتارێنرێن. بۆ مەسڵەحەتی گوتاری خۆیشیان بووبێت ئەو کارە ڕاشکاوانە ناکەن.

 هۆکارێکی  دیکەیش: باسێکی دەروونگوتاریی سەلەفییەتە. دیسانەوە ڕێی تێناچێت سەلەفییە جیهادییەکانیش حوکمی تەکفیری شێخ ئازادیان دابێت چونکە وا دیارە لە دیدی ئەوانیشەوە، شێخ بە ئاستی موشریک نەگەیشتووە و باوەڕی بە خوا و ڕەسووڵی خوا هەبووە و شەریکیش قایل نەبووە بۆ خوا، هەر بۆیە زۆر بە دووری دەزانم بەم هۆکارەیش سەلەفییەت وەک جەریان، دەستی دابێتە ئەو تێرۆرە. دەکرێ وەکوو تاکەکەس لە لایەن کەسانی دیکەوە یان لە لایەن سیستەمەوە بە کرێ گیرابێتن بۆ ئەو تیرۆرە بەڵام وەکوو فیکرە و ڕێبازی فیکری، وێدەچێت ئەم تیرۆرە مونازەعەیەکی دینی نەبووە.

دەی کەوایە ئیستە کێ ئەم کارەی کردووە؟ زانیارییەکی وردەڕێشاڵی ئەوتۆ لەم بارەیەوە لەبەردەستدا نییە بەڵام چەند ئەگەر لەم بارەیەوە هەیە. یەکیان ئەگەرێکی بەهێزترە. ڕەنگە پاش هەندێک لە باسەکانی شێخ ئازاد لەسەر قازی محەممەد و کوردستان و چونکە شێخ پێگەی ئابووری و جەماوەریی لە نێو هەندێک لە خەڵکدا هەبووە، سیستەم بانگهێشتی کردبێت و چونکە وڵامی نەرێی دابێتەوە بە سیستەم و نەبووبێتە گوێڕایەڵی ئەوان، سیستەم خۆی کەسانێکی بۆ تیرۆری ئەو ئەجیر کردبێت کە سەلەفی بووبێتن بۆ ئەوەی گومانی شەڕی فیرقەییی دینداران بخاتە مێشکی خەڵکەوە. لێرەدا دەبێت بپرسین چ شتێک ئەگەری ئەم باسە زیاتر دەکات؟ ئەگەر بکوژەکان بە جێگەیەک پشتگەرم نەبووبێتن، چلۆن فرە ڕاحەت بێ ئەوەی لانیکەم سەروچاویان داپۆشن، دەچنە ناو ماڵێ شێخ و تێرۆری دەکەن. مندالێکیش دەزانێت کە ئێستە و لە پاش شۆڕشی ژینا هەموو کەلێن و قوژبنەکانی شار بە دووربینی سەراسەربینی کۆنتڕۆلکەر دەبینرێت، ئەی چۆن ئەو بکوژانە ئاوا ئاسایی ئەو کارە دەکەن؟ وێدەچێت پشتگەرم بووبێتن بە سیستەمی باڵادەستەوە. بەم پێیە ئەم تیرۆرە ڕاستەوخۆ ململانێی دینیی نەبووە بەڵکوو بە ئەگەری زۆرە حکوومەت پاش ئەوەی نەیتوانی بەڵێنی لە شێخ وەرگرێت خۆی ئەو تیرۆرەی ڕاپەڕاندبێت.

 لەلایەکی ترەوە و لە ڕووبەرێکی دیکەی ئەم باسەوە، لە پاش ئەو ڕووداوە، دەنگوڕەنگێکی کوردستانی هاتە ئاراوە. ئەوەی بەرچاوە لە پرۆسەی وەدیهێنانی ئەو ڕووداوەدا و بەخشینی ڕەنگوڕواڵەتی کوردستانی بەم ڕووداوە، برای شێخ ئازاد واتە شێخ زاهید، ڕۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە. خێرا بە دوای کوژرانی شێخەوە کلیپگەلێکی دراوە دەرەوە و وایڕاڵ کرا، کە شێخ ئازاد وەکوو قوتابیی فیکری ڕێبازی قازی دەناسێنرێت. بەتایبەت  لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە ئاوایی پارسانیان بۆ شەهیدێکی حیزبی دیمۆکرات کە لە تاراوگە کۆچی دواییی کردووە دەگیرێت، شێخ ئازاد بە شێوەیەکی حەماسی و بە خوێندنەوەی شیعرێکی قانع، تەواو کوردستانی دەنوێنێت و بە تەواوی وێنایەکی جیاواز لە شێخ دەخاتە ڕوو کە جیاوازە لەو وێنانەی زۆر جار خەڵک بە شێخی نوشتە و دوعا و …دەیانناسێ.  لە ناشتنی تەرمی شێخیشدا و هێنانە ئارای سیمبۆلگەلێکی نەتەوەیی وەک شەهیدی ڕێگەی قازی، تا خوێندنەوەی شیعری مامۆستا هێمن و کێشانی ئاڵای کوردستان بە سەر گۆڕی شێخدا، وەزن و کێشی کوردییەتی ئەو ڕووداوەی لە ململانێ لەگەڵ هێزەکانی دیکەدا زیاتر کرد. لەم ڕۆژانەیشدا ئەدەبیاتێکی نوێ، بە ڕەنگوڕواڵەتی تەواو کوردستانی لە خانەقای شێخ ئازاد دێتە دەرەوە. لە ئاخرین لێدوانی برای شێخ ئازاددا، لە شەوی شەمە شەشی گەلاوێژی 2724کوردی وەکوو ئەمەگناسی بۆ خەڵکی کوردستان لە هەر چوار پارچە و تاراوگەدا، پاش سڵاو و دەربڕێنی پێزانین بۆ خەڵک، شێخ زاهید خانەقای شێخ ئازاد بە “خانەقای ڕێگەی ئازادی” ناودێر دەکات و دەڵێت:” نە تیرۆر ئەمانوەستێنێت و نە کوشتن ئەمانترسێنێت و دەرکەی خانەقا بەسەر هەموو هاونیشتمانیاندا ئاوەڵایە، بژی کورد و بژی کوردستان”. شیکاریی گوتاری ئەم لێدوانانە پیشانی دەدات کە دالە سەرەکییەکان بە تەواوی کوردستانین و لە ئاخێزگەی بیرێکی کوردییەوە هەڵدەقوڵێن. بۆ ڕوونترکردنەوەی ڕەوتی کوردیی ئەم ڕووداوە، پرسیارگەلێکی تیۆری و پراکتیکی دەهێنینە ئاراوە تا پاش و پێشی ئەم ڕووداوە باشتر ڕوون بکرێتەوە و بەرچاوگەیەکی رۆشنتر ئاراستە بکرێت.

  پرسیار لێرەدایە ئایا ئەم ڕووداوە نائاساییە، ڕووبەرێکی تازە لە ئاوێتەبوونی دووبارەی دینداری و کوردایەتی یان ناسیۆنالیزمی ئایینی دێنێتە ئاراوە؟ ئایا توانای موبیلیزەکردنی گوتارە جۆراوجۆرەکانی دینی و غەیری دینیی هەیە؟ چ تێگەیشتنێکی لە ئازادی هەیە کە ناوی خانەقای ئازادی بۆ خۆی هەڵدەگرێت؟  ئایا شێوەی خوێندنەوە و هەڵسووکەوتی ئەوان لە دین، توانای زانستی و ئەخلاقی و کوردستانیی ئەوەی هەیە کە ببنە گوتارێکی هەژمۆن؟ لە سەردەمێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی خزۆک، زۆرینەی خەڵک ئەزموونی سکۆلاریزم دەکەن، ئایا ئەم شێوە ڕوانینە لە دین توانای گشتگیربوونی هەیە؟ کام لێواری شمشێری دوولێواری دین ( بە وتەی مارکس: لێواری ئەفیوونیی ئاپۆرەی خەڵک  و لێواری ئایین ڕۆحی جیهانی بێڕۆح) لەم باسەدا کار دەکات؟ ئایا خانەقای شێخ دەتوانێت لێواری ڕۆحی جیهانی بێڕۆح دووبارە وەکوو برگەگەلێکی دیکەی مێژووی کوردستان وەدی بێنێت؟ بۆ شێکاریی زیاتری ئەم پرسیارانە و ڕەواندنەوەی هەندێک لە تەمومژ و ڵێڵی لەسەر ئەم ڕووداوە و باسەکانی پاش ئەو ڕووداوە، هەندێک گریمانەی پەیوەست بەم پرسیارگەلە دەورووژێنین تا باشتر مەنتق و مەبەستی باسەکە ڕوون بکرێتەوە.

لە ڕاستیدا مێژووی هاوچەرخی کوردستان ئایدیای ناسیۆنالیزمی دینیی ئەزمووە و هەوڵ و خەباتی کوردستانیی دینباوەڕانی تۆمار کردووە. هەر لە شێخ عوبەیدیللا نەهرییەوە بگرە تا شێخ سەعیدی پیران و … تا دەگاتە ئەو سەرچەشنەی کە شێخ ئازاد و هەوادارانی، خۆیان بە قوتابیی ئەو دەزانن واتە “قازی محەممەد”. هەر هەمووی ئەمانە فەزیلەتمەندانە خۆیان بۆ نەتەوەکەیان تەرخان کردووە؟ ئایا خانەقای شێخ ئازاد ئەو پوتانسێلە فەزیلەتمەندانە ئەخلاقییەی هەیە کە ڕێڕەوی ئەو ئەندێشە بێت؟ ئایا پێشینەی ئەم خانەقایە شتێکی وای پێشان داوە؟ ئایا گوتاری دوعا و نوشتە و جادوو لەگەڵ گوتاری ڕۆشنبیرانەی قازیدا دەخوێنێت؟ ئایا ڕووبەری نوێی ئەم خانەقایە دەتوانێت لەو گوتارە کۆنەپارێزانەیە بوگزەرێت و سەردەمیانە و هاوڕێژ لەگەڵ موناسەباتی نوێی مرۆڤی کوردستانیدا خۆی بگونجێنێت؟ ئایا شێخی نوێ و جێگرەوە واتە شێخ زاهید پۆتانسێلی زانستی و ئەخلاقی و کوردستانیی ئەو ئاڵوگۆرە پارادایمییەی هەیە؟ ئایا دەتوانێت خوێندنەوەیەکی کوردستانی و سەردەمیانە بە دوور لە کۆنەپارێزی و دوعا و نوشتە لە دین بخاتە ڕوو و بەم شێوەیە بتوانێت هێزی موبولیزەکردنی خۆی زیاتر بکات؟ لێرەدا پێویستە گوتاری نوێی خانەقا لەگەڵ گوتارە نوێخوازەکانی دینیدا پەیوەندیی جیددی بگرێت، ئەگینا ناتوانێت ببێتە گوتارێکی هەژمۆن. بۆ نموونە دەتوانن خوێندنەویەکی مەعنەویی کوردی لە دین ئاراستە بکەن و پێداویستییەکانی دونیای مۆدێرنیش پەسەند بکەن و دانی پێدا بنێن، ئەگینا گەر وانەبێت توانای گشتگیربوونی ئەم گوتارە لە دژی سیستەمی سەردەستدا زۆر کەمە. چونک خودی دیندارانیش فرەیەکیان لەگەڵ بۆچوونی دینیی شێخ ئازاددا نەبوون، چ بگات بە غەیری دینداران.

خانەقای شێخ و ڕووبەرە نوێیەکەی دەیهەوێت لەگەڵ سیکۆلاریزمی باوی ناو کۆمەڵگەدا چی بکات؟ مەسەلەی ژنان و جەوانان چی لێدەکات؟ نیسبەتی خۆی لەگەڵ شۆڕشی ژینادا و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی چۆن جومگەبەندی دەکات؟  بەبۆچوونی من لەم بەشانەیشدا مادامێ کە خانەقای شێخ گۆڕانی ڕادیکاڵی بەسەردا نەیەت توانای ئەوەی نییە گوتارێکی جیددی بێنێتە ئاراوە. تەنیا بە دوو دروشمی کوردی کار بەڕێوە ناچێت. لە باری سەرچاوەی فیکرییەوە دەبێت خۆراکی زۆر تازەی پێ بدرێت و خۆراکە کۆنەکانی فڕێ بدڕێت. بە گشتی گوتاری خانەقای شێخ ئازاد بە چ شێوەیەک دەتوانێت ببێتە گوتاری ئازادی؟ ئایا ئەمە دروشمێکی سادەی هەستەکییانەیە یان ئەگەری گۆڕنکاریی نوێ لە ئاڕادایە؟

هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا گەر گوتاری خانەقا بەم شێوەیە وا هەیە بمێنێتەوە ئەوە “خانەقای ئازادی” مەحەلێ لە ئیعرابی نابێت؛ بەڵام بە مەرجی ئەو شیفت پارادایمە ڕادیکاڵە کە چەند سووسەیەک لەو ماتەوەزە لەسەر دەستی برای شێخ ئازاد لێدراوە، مومکینە ببێتە بڵێسەیەکی نوێ و گەر پوخت و پەرداخت بکرێت بتوانێت زایەڵەک لە ئازادی بجوڵێنێتەوە، ئەگینا سیستەم و دەستەودایرەکەی خامۆش و فەرامۆشی دەکەن و دەیسپێردرێن بە مێژووی بە کاریگەرییەوە.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە