خودکارەکەی قاسملوو

خەبات ڕەسووڵی

دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز و ئەو زوو زوو ئێت بۆ ماڵمان. ڕۆژێکیان کە هاتبوو، وتی: شەوی سێ شەممە پێشمەرگە هاتوونەتە دۆزەخ دەرە. خۆزگەم بە خۆی پێشمەرگەی بینیوە. ئەزانم تۆ زۆرت پێشمەرگە بینووە و ڕەنگبێ پێت سەیر بێت، ئەڵێم من قەتم پێشمەرگە نەبینووە. هێمن وتی: پێشمەرگەکان ڕێک هەر وەک ئێمەن،تەنیا ئەوان پیاو و ژنی گەورەن و چەکیان پێیە.
یەکێک لە پێشمەرگەکان خودکارێکی دابوو بە هێمن و وتبووی ئەوە خودکاری قاسملوویە و بۆ تۆ.
ئەو شەوە هێمن لە ماڵی ئێمە بوو و من نیوەشەو هەستام و چووم خودکارەکەم لە گیرفانی دەرهێنا و شاردمەوە.

هێمن سبەی زۆر گەڕا و زۆریشی خەم بوو، بەڵام خودکارەکەی نەدۆزییەوە. لە نێو بلوکی بن تەنکێری نەوتی حەوشەم شاردبۆوە. پاش ئەوەی هێمن چووەوە، زۆرم سەیری خودکارەکەت کرد. خودکارێکی ئاسایی بیکی شینە. نازانم ئەم خودکارەت بۆ داوە بەو پێشمەرگەیە و ئەو بۆ داوێیتی بە هێمنی پورزام. هێمن دەرس ناخوێنێت و ئەو خودکارە بە کەلکی ئەو نایەت، بەڵام من دەرس ئەخوێنم، بریا بە پێشمەرگەکەت وتبوایە ئەم خودکارە بدات بە من. ئیتر منیش ناچار نەئەبووم لە هێمنی بشارمەوە.

من پۆلی دووی سەرەتاییم، بەڵام فرە زیرەکم. بەشێکی زۆری جەدوەلی زەربم لەبەرە. بڕێک لە حەوت وهەشتەکان لێم تێکەڵ ئەبێ، بەڵام هێمن ئەوەش نازانێت، بۆیە ئەو خودکارە بە کەلکی ئەو نایەت.

یەکشەممە باوکم و دایکم زۆر خەمبار بوون و ئەگریان. دەیانوت دوێکە قاسملوو شەهید بووە. باوکم هێندە گریاوە چاوی سوور سوور بووە. من نازانم چت کردووە و بۆ شەهید بوی. بەڵام ئەزانم باوکم پێی ناخۆشە وات کردووە.

من نازانم شەهید یانی چی؟ بەڵام دوو سێ ڕۆژە هەموو کەس ئەگری. باوکم هەر گوێ لە ڕادیۆ ڕائەگرێ. لە ڕادیۆکەش هەر باسی تۆ ئەکەن. دوێشەو خەونم بینی. خەوم بەم خودکارە بیکەوە بینی. لە خەونما ئەویش ئەگریا و ئەی وت بیری قاسملوو ئەکەم. بەخوا بڕێک ناویشی وت نەمزانی چی ئەڵێ. ئەیوت بیری ژوورەکەت و بۆنی گێرفانی کەواکەت و بۆنی دەستت و گەرمی ناو قامکەکانت ئەکات. منیش خەریکە وردە وردە خەمم ئەبێ. ئیمڕۆ بڕیارما بەو خودکارەت نامەیەکت بۆ بنووسم. پاشان خودکارەکەشت بۆ ئەنێرمەوە. فرە گوناحە، بیرت ئەکات. منیش ئەگەر ئەچم بۆ دۆزەخ دەرە بیری دایکم و باوکم ئەکەم. بۆیە نامەکە و خودکارەکە ئەدەم بە هێمن. ئەڵێم نامەکە بات بەو پێشمەرگەیە و پێی بێژێ با نامەکەت بۆ بێنێت. من حەز ناکەم تۆ شەهید بی. چونکە باوکم و دایکم هەر ئەگرین. هەر دوکیان جلی ڕەشیان پۆشیوە. بۆیە تکایە شەهید مەبە. من بە هێمن ئەڵێم با خودکارەکەش بداتەوە بە پێشمەرگەکە. با بۆت بێنێتەوە. پورە مرێمیشم ڕەشی پۆشیوە. ئەویش تۆ ئەناسێ. وێنەیەکی پێشاندام تۆ لە گەڵ کۆڵێک خەڵک سلام و عەلەیک ئەکەی. وتی: تۆ لە هەموویان گەورەتر بووی. هەرچەند من پیاوێکم بینی لە وێنەکەدا زۆر گەورە بوو. بەڵام پورم زۆر شت ئەزانێ. ئەو دایکی هێمنە و ئەڵێ تۆی لە نزیکەوە بینیوە. منیش ئەگەر گەورە بم ئەمەوێ تۆ لە نزیکەوە ببینم. جارێ خواحافیز.
عەتا

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی

ڕەسووڵی،خەبات(٢٠٢٦): خودکارەکەی قاسملوو. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد

  • خودکارەکەی قاسملوو

خودکارەکەی قاسملوو

خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]

  • سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ  لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]