گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
وتووێژ لەگەڵ هزرین سنه
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025
سنە، هزرین (٢٠٢٥): وتووێژ لەگەڵ هزرین سنه. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ٢٨٤–٢٧٣. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
تیشک: پرسی چەوساندنەوەی کورد لە ئێران، وەک د. قاسملوو ئاماژەی پێ داوە، «پۆلی ستەم»ە. واتە لەچەند ڕەهەندەوە کورد لە جوگرافیای سیاسیی ئێراندا دەچەوسێتەوە؛ بۆ نموونە چەوساندنەوەی کولتوری-زمانی، ئابووری و سیاسی. بەشێک لە ئێلیتی کورد کە نزیک لە ئیستڵاحتەڵەبەکانن، پێداگری لەسەر چەوساندنەوەی ئایینزایی دەکەن و ڕەهەندەکانی دیکەی چەوساندنەوە یا بەهەند ناگرن، یان پێیان وایە دەستی دەرەکی و تەمای دەسەڵاتخوازانەی حیزبەکانی کوردستان، ڕۆڵی هەیە لە هێنانەگۆڕی وەها چەوساندنەوەگەلێک. بە بەراورد لەگەڵ ئامارەکانی ڕێژیم، ڕێژەی بێکاری و هەژاری لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە ئەو بەشەی کە هاوئایینزان لەگەڵ ئاینزای فەرمیی حکوومەت، لە ئاستێکی بەرزدایە و زۆرجار وەک هۆکار بۆ خۆکوژی و تەنانەت ژنکوژی لەو ناوچانەدا ناسراوە. جەنابت چۆن ئەم بارودۆخە هەڵدەسەنگێنی و دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسی و ئابووری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن شرۆڤە دەکەی؟
هزرین سنە: لە هەر شوێنێکی جیهاندا هاوکێشەکان لە سەر هۆکار یان فەکتەرێکی بنەماییدا دادەمەزرێن و هۆکاری بنەماییی هاوکێشە و ململانێیەکانی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، هاوپێوەندیی داگیرکاری-داگیرکراوییە. ئەم هاوکێشەیە دەبێتە هۆی چەوساندنەوەیەکی بنەمایی کە چەوساندنەوەی بنیادی لەسەر بنەمای پێوەندییەکانی داگیرکەر- داگیرکراویدا دروست دەبێت و ئەم پێوەندییە بنەمایییە ئەبێتە هۆی ئەوەی جۆرگەلێکی تر لە ستەم وەکوو ستەمی چینایەتی، ڕەگەزی، گەشەسەندنی، لە نێو ئەم ستەمە بنەماییەدا فریز بن؛ چونکە داگیرکەری ئێرانی دەرەتان و توانای دەربازبوون لەم ستەمەی نییە و لە بنەڕەتەوە دەربازبوونی لەم ستەمە بە مانای دەربازبوون لە خۆیە؛ کەواتە لە خوارووی کوردستانیشدا ئەم یاسایە هەر جێگیرە و بە هۆی فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی کە ئەم بەشە هەیەتی (بۆ نموونە عەشیرەبوون لە مێژە لەم ناوچەیە ڕەگی داکوتاوە) و بەبۆنەی هەبوونی ئەو پێوەندیی داگیرکەر – داگیرکراوییەوە نەیتوانیوە ئەم کۆمەڵگایە لەو پێوەندییە دەرباز بێت و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی دەرهاویشتەی ئەم موناسباتەن.
لەساتەوەختی بیچمگرتنی دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی کە زمان و ئایینی کرد بە دالە گرینگەکانی گوتاری ناسیۆنالیستیی خۆی، هاوکات کرماشان کە یەکێک لە ناوچە ستراتژیکەکانی کورردستان بوو کە لە بواری ئایینی و فەرهەنگییەوە پێگەیەکی بەهێزی بوو، چونکە وێڕای ئایینزاکانی ئیسلام،ناوەندی سەرهەڵدانی ئایینی یارسان وەکوو ئایینێکی ڕەسەنی کوردستانی و هەروەها ناوەندی چەندین زاراوەی زمانی کوردی واتا کوردی خواروو، ناوەڕاست و هەورامییە. کۆی ئەم تایبەتمەندییە گرنگ و ستراتژیکانە لەم ساتەوەختەدا، بوون بە هۆی هەڕەشە و بزاڤی نەتەوەییی کوردستانیش بەهۆی نائامادەبوونی خۆی و نەبوونی دەسەڵات لە بەرانبەر ناسیۆناڵیسمی ئیرانیدا، نەیتوانی ئەم تایبەتمەندییانە بکاتە دەرفەت.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین نەریتی فکریی تێدایە کە لە ململانێی یەکتردان.
لە لایەکەوە سوننەتگەلێک کە هەڵقوڵاوی ناوخۆی کوردستانن، بەو مانایە کە هاوکێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و گەشەیییەکان لە ئەمڕۆی کوردستاندا ئەبنە هۆی ئەوەی مرۆڤی کوردستانی تێگەیشتنی لە دۆخی خۆی هەبێت و لەم سوننەتەوە هەوڵ بۆ دەرباز بوون و ڕزگاری بدات.
لە دەرەوەی کوردستانیش کە دەسەڵات پێوەندیی داگیرکەر- داگیرکراوی لە بەرژەوەندیی خۆیدا دادەڕێژێت، بەردەوام هەوڵ بۆ ئەندازیاریی هزریی کوردستان دەدات، کە ئەم ئەندازیاریکردنە بەشێکی لە فۆرمی ڕیفۆرمخوازیدا خۆی دەنوێنێ کە لایەنی ڕیفۆرمخواز پێی وایە دەتوانێ بە گۆڕینی هاوکێشەی داگیرکەر- داگیرکراوی بۆ هاوکێشەی دژایەتیی ئایینی، پرسی کوردستان لە پرسی ئێتنیسیتە خاکەوە بەرەو پرسی ئایینی ببات.
تیشک: لە کۆنەوە تێبینییەکی سەلبی لە ئارادا بووە لەمەڕ ڕۆڵی پاسیڤی ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی لەهەمبەر ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا. بەڵگە یا توێژینەوەیەکی ئاکادێمیک لە بەر دەستدا نییە کە وەها گوزارەیەک بسەلمێنێت. تێبینی و تەجرەبە مەیدانییەکانی ئێوە وەک کارناسێک، چین بۆ وەها گوزارەیەک؟
هزرین سنە: لە وڵامی ئەم پرسیارەدا پێویستە خوێندنەوەیەکی بوونناسانەمان لە خەباتی کوردستان هەبێت کە بتوانێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ وڵامدانەوە بەو پرسیارەی بۆچی ئەم خەباتە نەتەوەیییە لە بەشێکی کوردستاندا پڕڕەنگە و لە بەشێکی تر کەمڕەنگ. لێرەدا پێویستە باس لەسەر توخمە سەرەکییەکانی ناسیۆناڵیزمی ئێرانی بکەین وەکوو خاک، زمان، مێژووی هەتایی و ئایینزا و هاوکات ئەوی ترەکانی ئەم ناسیۆناڵیزمە.
لێرەدا کوردستان لەدوو لێنزی نەزەرییەوە کوللێکی یەکگرتووە؛
یەکەم؛ لە ڕوانینی خۆیەوە، بەو مانایە کە تاکێکی یارسانی (ئایینی) و تاکێکی هەورامی (زاراوە) هاوکات خۆیان بە کورد زانیوە؛ ئەمە بە مانای هەبوونی گێڕانەوەیەکی یەکگرتووە لە کوردستاندا.
دووهەم، لە ڕوانینی ناسیۆناڵیزمی ئێرانییەوە کوردستان ئەو کانتێکستەیە کە وەکوو کوللێک ئەوی تری ناسیۆناڵیزمی ئێرانییە.
ئێستا پێویستە ئەم بابەتە لەچەند لایەنەوە ڕوون بکەینەوە.
یەکەم بابەت، ئاخێزگەی کۆماری کوردستان بەشی ناوەڕاست و ژوورووی ڕۆژهەڵاتە کە ئەم بەشە لە باری زاراوەوە سۆرانییە و لە باری ئایینەوە سوننییە و ئەمە لەکاتێکدایە کە هێشتاکوو ناسیۆناڵیزمی کوردی توخمە سەرەکییەکانی خۆی دیاری نەکردووە، بۆیە وا دەکات کە ئایین و زاراوەکانی تری کوردستان ببنە پەڕاوێزەکانی ئەم ناسیۆناڵیزمە و لە ڕاستیدا تەمەنی کۆمار ئەوەندەی نەخایاند کە لە بواری پانتاییی دەسەڵاتداریەتییەوە خۆی بکێشێتە بەشەکانی تری کوردستان.
لێرەدا دەسەڵاتی ئێرانی بە ئاگامەندی لەم تەنشگەلەی نێو ناسیۆناڵیزمی کوردی لە ڕێگەی دامەزراندنی بنکەگەلێ وەکوو پەروەردە و بارهێنان و هەرەوەها بنکەی سەربازی هەوڵ بۆ ئەندازیاریی ئەم ناوچەیە دەدات.
دەنا یەکەمین شوێنێک کە دەکەوێتە بەر هێرشی نیزامیی ناسیۆناڵیزمی ئێرانییەوە، ناوچەی خوارووی کوردستانە. ئەو جنایەتانەی ئەمیری ئەحمەدی لە لوڕستاندا دەیکات و بە قەساوی لوڕستانیش دەناسرێت! یان نیشتەجێکردنی سەرۆک هۆزەکان لەم ناوچانەدا.
تیشک: هابزباوم قسەیەکی هەیە کە دەڵێ لە دایکبوونی چاخە مێژووییەکان (فیۆدالیزم، کاپیتالیزم و…)، لە ڕاستیدا لە دەرکەوتنی ویست و بەرزبوونەوەی تواناییەکانی مرۆڤەوە دەست پێ دەکات. کەوایە دەبێ ویست یا تواناییەک لە ئارادا هەبێت کە پێمان بڵێ مرۆڤێکی نوێ لەدایک بووە و بەرەو قۆناخێکی نوێ هەنگاو دەنێت. لە ڕۆژانی شۆڕشی ژینا و بەتایبەت لە بۆنەکانی نەورۆزی ١٤٠٤، بەشداربوونی ناوچەکانی باکوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر جێگای سەرنج بوون، تەنانەت بۆنەکانی نەورۆز وەک ڕێنێساسێکی نەتەوەیی پێناسە دەکرا. ئەم دەرکەوتنە چ لە باری گوتاری و چ وەک پێرفۆرمانس بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی هێما ئێتنۆ-سیمبولیکەکانی کورد، زۆر بەهەند گیرا و لە لایەکی دیکەوە هەم دەسەڵاتی ناوەندیی تووشی شۆک کرد، هەم ئیلیتی ئێرانشارییان تۆقاند کە دەرکەوتەکەی ئەو نامەیە بوو کە لە لایەن ٨٠٠ کەس لە ئاکادیمیسیەن، نوووسەر، هونەرمەند و چالاکی سیاسیی و ڕۆژنامەگەریی ناوەندەوە بڵاو کرایەوە. سەبارەت بە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێتان وایە نەوەیەکی نوێ لە دایک بووە کە هەم وەک توانایی و هەم وەک ویست لە خۆی ڕادەبینێت کە بەرەو قۆناخێکی نوێی ناسیۆنالیزمی کوردی هەنگاو بنێت؟
هزرین سنە: ڕاپـــەڕینی ژینا یـــــەکێک لـــە ساتـــەوەختـــــە گرینگەکانی کــوردستان و ڕۆژهــەڵاتی ناوین بوو کە دەکرێت لە بواری فرەڕەهەندی، پانتایی و ڕادیکاڵبوونیەوە هاوتای ڕاپەڕینە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی جیهان وەکوو ۱۹۶۸ی فەرەنسا خوێندنەوەی بۆ بکرێت. بزووتنەوەیەک کە لە چەند ڕەهەندی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە بانگەوازی ڕزگاریی دەکرد و بوو بە هەوێنی گۆڕانکاریگەلی بنەڕەتی لەوانە جێندەری، ژینگەیی، ئایینی و مانا وجوودییەکانی هەڵتەکاند و کۆمەڵگا ی باز دا بەرەو قۆناغێکی تر. دوای شۆڕشی ژینا، کۆمەڵگا نەگەڕایەوە بۆ پێش شۆڕش،چونکە ئەزموونی وجوودیی ڕاپەڕینی ژینا، وەکوو هەموو ئەزموونێکی تری وجوودیی مرۆڤ، بوو بە هۆی گواستنەوەی پلەی ئەندێشەیی ڕێکخستنیی مرۆڤی کوردستان. مرۆڤ کاتێک شتێک فێر دەبێت ناتوانێ وای دابنێت کە هێشتاکوو ئەو شتە نازانێت، بۆیە مرۆڤ ناگەڕێتەوە بۆ پێش فێربوونی ئەلفبێ. نەورۆزەکانی کوردستان یەکێک لە نموودەکانی ئەو ئاڵوگۆڕە هەناوییانەن کە بە سەر کوردستاندا هاتووە. دەرکەوتنی جیاوازییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و ویستی کوردستانی لەگەڵ کۆمەڵگای داگیرکەرانیدا، لوتکەی لە شۆڕشی ژینادا خۆی نواند و دوای شۆڕش هەر مەیدانێک بوو بە بەستێنێک بۆ دەرخستنی جیاوازییە چەند ڕەهەندییەکان و درێژەی ئەم ڕەوتە لە نەورۆزەکانی ڕۆژهەڵاتدا خۆی نواند. نەورۆزگەلێک کە ساتەوەختی دەربازبوون و ڕزگاریی زەینیی مرۆڤی کوردستانی و هەڵتەکاندنی ئیدئۆلۆژیی ئێرانی بوو کە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە چەند بوار بکەین؛ گەڕانەوەی مانای هەڵپەڕکێ بۆ مانا کوردستانییەکەی (هەڵپەڕکێ لە ژێر کاریگەریی ئایینی ئیسلامیدا بۆ هەڵپەڕکێی ڕەشبەڵەکی کوردستانی) کە لە تەواوی پانتاییی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵپەڕکێ وەکوو ئەکتێکی سیاسی-شوناسخوازانە بە پاراستنی هەموو ئێتنۆ سیمبۆلەکانی کوردستان، گرێدەرەوەی تەواوی کوردستانییان لە جوگرافیای ڕۆژهەڵات، لە ماکۆ هەتا دێلوڕان بوو. ئەمانە ئەتوانێ ئێمە بەرەو ئاکامگیرییەک ببات کە بتوانین و بکرێت بڵێین نەورۆزەکان ڕێفراندۆمێک بوون بۆ یەک نەتەوەبوونی کوردستان.
هەروەها لە نەورۆزکانی کوردستاندا وەکوو ڕاپەڕینی ژینا، حوزووری ژنان نەک بە شێوەی هێمایین، بەڵکوو حوزوورێکی کاریگەر و شوێندانەر بوو. دەزانین کە مانا لە نەزمی هێماییندا بەدیهی یان هەناوی نییە؛ بەڵکوو بە شێوەی بەردەوام لە بواری فەرهەنگی و زمانشناختییەوە لە ڕێگەی پۆلێنکارییەوە لە حاڵی بەرهەمهێنانەوە و خوڵقاندنی جیاوازییەکانە و بە شێوەی ڕوون لە چوارچێوەی دووانەگەلی دژبەیەک سازماندهی دەکرێن و چەمکێک لە هەر جووتێکدا سەرتر یان ئەرێنی ناو دەبرێت. هەر لەم ڕەوتەدایە کە ژن ئەویتربوونی خۆی قەبووڵ دەکات و دان بە بەهێزبوونی پیاو و چەمکی پیاوەتیدا دەنێت، بەڵام ڕاپەڕینی ژینا و نەورۆزەکانی کوردستان، ساتەوەختی گۆڕینی مانا لە نەزمی هێماییندا بوو. ئەم دیاردەگەلە بوونە هۆی ئافراندنی مەیدانێک کە تێیاندا ئەو بەشە لە کۆنەستی پیاومەزنانەی کۆمەڵگای کوردستانی تێک دا و بەرەو نەزمی نوێی، واتا بەرابەری، هەنگاوی نا. دەربازبوونی ژنان لە سیستەمی زمانیی پیاومەزنانە کە ئەم سیستەمە، پلەبەندیی جنسییەتی بەرهەم دەهێنێتەوە، ئاسایی دەکاتەوە و سەقامگیری دەکات و ژنان ئەیانەوێ سیستەمێکی زمانی کە پیاوسالاری لەقاوئەدات بەرهەم بهێنن.
ئەم لایەنانە کە نیشاندەری ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی ماناکان و هەوێنێک بۆ یەکویستیی کوردستان بوون، بوون بە هۆی دژایەتیی عەقڵییەتی ئێرانی لە گوتاری ئێرانیدا. گوتار و عەقڵییەتێک کە پتر لە ۱۰۰ ساڵە لە سەر بنەمای وەهم ساز کراوە و بەردەوام هۆی مانەوەی خۆی لە لاوازیی ئەویترەکانیدا دەبینێت. ئێستا کە ئەویتری ئەم گوتارە خۆی لە مانا سەپاوەکانی دەرباز کردووە، ساتەوەختی لاوازییەکانی گوتاری زاڵ و دەرخستنی وەهمیبوونی ئەم گوتارەیە. بۆیە بۆ مانەوەی خۆی دژ بەم ڕاسانی هزری و مانایییە ڕادەوەستێت، هەر لە گوتارەکەی شەهرزاد موجابەوە هەتا هەڵویستی ۸۰۰ کەسی فارس. (کە بە بڕوای من ئەوە تەنیا ۸۰۰ کەس نەبوون، بەڵکوو زەینی گشت نەتەوەی فارس بوو) هەتا سەرکوتی نەورۆزەکان لە لایەن بنکە ئەمنییەکانەوە بەرەوڕووی ئەم دەربازبوون و ڕاسانی هزری-گوتارییە بوونەوە و داگیرکەری ئێرانی ناچار بە لابردنی دەمامکەکانی بوو و لێرەدا ئاپاراتووسی نەرم (ئەکتەری دەستەبژێر و ڕووناکبیر) و ئاپاراتووسی سەخت( بنکە ئەمنییەکان) بۆ سەرکوتی بزاڤی نەتەوەیی لەپێناوی پاراستنی گوتاری ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا یەک دەگرن.
حکوومەت و ئاپاراتووسەکانی(نەرم و سەخت) لە هەمبەر توندوتیژی و سەرکوت، تووشبوونێکی دوولایەیانەیان هەیە، لە لایەکەوە ئەیانەوێ ژێردەستە، مرۆڤێکی شارستانی بێت و ڕوو نەکەنە توندوتیژی، لە لایەکی ترەوە پاساوی توندوتیژییەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە سەر ناشارستانیبوونی ژێردەستەکان کە لێرەدا شارستانیبوون لە ڕوانینی داگیرکەرەوە پێناسەی مرۆڤە باشەکەیە. هەر بۆیە مرۆڤی بەکەسایەتی، نۆکەرەکەی نەبەز گۆران و هەر مرۆڤێکی سەرکوتکراوی ژێردەستەی داگیرکراو، خۆی لەو مانایانە ڕزگار بکات، لە تەمەدون دوور بووە و لە لایەن حکوومەتەوە بە پاساوی ئیقتداری یاساییەوە و لە لایەن دەستەبژێرەوە بە پاساوی ناشارستانیبوون و لادان لە پێناسە نۆرماتیڤەکانی داگیرکەر سەرکوت دەکرێت. کەواتە بە بڕوای من حزووری ئەم ناوچانە لە شۆڕشی ژینا و پاش ئەوە نەورۆزەکانی کوردستاندا، نیشان لە هەبوونی بەستێنی نەتەوەخوازی لەم ناوچانە بوو و ناسیوناڵیزمی کوردی هەموو پەڕاوێزە کانی پێشتری خۆی وەخۆگرت و ئەمجارە ناسیوناڵیزم لە ئیلام، کرماشان و ورمێدا نوێنەرایەتی کرا و ئەم ناوچانە بوون بە تەوەر و ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو. بەڵام لێرەدا ئەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە لەم ناوچانە، هەست بە بۆشایی ڕێکخستنی، گوتاری و مەیدانی دەکرێت؛ بۆیە لێرەدایە کە ئەرکی سەرەکیی بزاڤی نەتەوەیی، ڕێکخستنی گوتاری و مەیدانیی ئەم هەستی نەتەوەخوازییە و پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەیە.
تیشک: لە ساڵەکانی ١٣٢٠ی هەتاوییەوە و بەتایبەت دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان، خەسڵەت و نۆرمە نەتەوەییەکانی ناسۆنالیزمی کورد، کارتێکەریی نەریت و هەروەها دەغدەغەی ناوچەکانی ناوەندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێوە دیارە و بەشێک لە ئێلیتی کوردیش لەو بڕوایەدان کە لە ناسیۆنالیزمی کوردییشدا، وەک ناسیۆنالیزمی تورک و فارس و عەرەب، تەمای سێنتەڕالیستیی تێدا زۆر بەهێزە و ڕەچاوی پۆلۆڕالیزمی کولتوری، بن زمانی و ئایینزاییی کوردستان ناکات. بە بۆچوونی جەنابت بزووتنەوەی کوردایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ چی بکات کە سنوورەکانی ئایین و زاراوە و ئایینزاکان، نەبێتە لەمپەڕ و ناسیۆنالیزمێکی هەمەگیر و تۆکمە دابین بکات؟
هزرین سنە: پێش هەموو شتێک دیسان دەبێت لە کانتێکستی داگیرکەر-داگیرکراویدا هەموو بابەتەکانی کوردستان لێک بدەینەوە و دوو چەشنی ناسیوناڵیزم لە یەک جودا بکەینەوە. ناسیوناڵیزمی وڵاتانی داگیرکەر لەگەڵ ناسیوناڵیزمی نەتەوەی داگیرکراودا جیاوازە. لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا هەڵەیە ئەگەر لەو باوەڕەدا بین کە ناسیوناڵیزمی ئێرانی پلۆرالیزمی زمانی-ئایینی لەبەرچاو ناگرێت، چونکە لە بنەڕەتەوە باسەکە هەڵەیەکی جەوهەریی تێدایە. ناسیوناڵیزمی ئێرانی لەسەر بنەمای زمانی فارسی بۆ سەرکوتکردن و تواندنەوەی نەتەوەکانی تر دانراوە. لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا زمان کەرەسەی سەرکوتە، “غەیر” لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا نەتەوەکانی ترن کە لێرەدا مەبەست نەتەوەی کوردە. لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا نەتەوەکانی تر سەرکوت دەکرێن و دەتوێنرێنەوە؛ نەتەوە بە تەواوی تایبەتمەندییەکانییەوە. ئەگەر لەو باوەڕەدا بین کە ناسیوناڵیزمی ئێرانی ئایینزا و زمانەکانی تر ڕەچاو ناکات، ئەوە دانمان بە یەکپەیکەرەبوونی کورد و فارس لەیەک جوگرافیادا ناوە و لەم پەیکەرەدا، زمانی فارسی زمانە پارێزراوەکە و زمانی کوردی زمانە نەپارێزراو و ستەم لێکراوەکەیە. بەڵام لە حەقێقەتدا لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا غەیر یان ئەوی تر پێش هەموو شتێک نەتەوەکانی ترن. نەتەوەکانی تر کە مەترسین بۆ سەر ئەو خاکەی کەوا ناسیوناڵیزمی ئێرانی لە سەری ڕاوەستاوە. ئەم ناسیوناڵیزمە ئێرانییە وەکوو پارادایمێک کە هەموو بوارەکانی نەتەوە دەگرێتە خۆ لەوانە زمان، مێژوو، ئایین و … لە ڕوانینی ئەم ناسیوناڵیزمەوە نەتەوەی ژێردەستە ئەبێ موڵکی سووژەی زاڵی ناسیوناڵیزمی فارس بێت. لێرەدایە کە ئێمکانی هیچ جۆرە دەرخستنێک بە نەتەوەکانی تر نادات؛ چونکە هەر ئیمکانێکی خۆدەرخستن لە نەتەوەی ژێردەستە، یەکسان دەبێت لەگەڵ سڕینەوەی یەکێک لە ئێمکانەکانی بوون و بەردەوامیی ناسیوناڵیزمی زاڵ. بۆ نموونە ئێمکانی دەرخستن و گەشەکردنی زمانی نەتەوەکانی تر، یەکسانە لەگەڵ لاوازکردنی ئێمکانێکی ناسیوناڵیزمی ئێرانی واتا زمانی فارسی. ساختی مێژوویەکی وەهمی لە ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا یەکێکی تر لەو ئێمکانانەیە کە بوونی مرۆڤی فارس هەتایی کردووەتەوە و هەر جۆرە دابڕانێک و سەرهەڵدانێکی زانستییانەی مێژووی نەتەوەکانی تر، ئەم وەهمە دەخاتە مەترسییەوە.
بەکورتی هۆی بوونی ئێران، یەکیەتیی خاک و وەهمی مێژووییە و هۆی مانەوە و بەردەوامبوونی، سەرکوتە. سەرکوتی سەخت و نەرم(سەرکوتی زمانی-ئایینی و …). هەندێک لە دەستەبژێری فارس لە سەر ئەو باوەڕەن کە ناسیوناڵیزمی کوردی، لە نەشتەکانی ناسیوناڵیزمی ئێرانییە و ئاکامی ناسیوناڵیزمی بناژۆخواز و پاشڤەڕۆخوازی ئێرانییە کە زمانەکانی تر لەبەرچاو ناگرێت. چما ئەگەر ناسیوناڵیزمی ئێرانی بناژۆخواز و پشڤەڕۆخواز نەبوایە و لانیکەم مافەکانی زمانی-ئێتنیکیی لەبەرچاو بگرتبایە، ئەوە ئیدی نە ناسیوناڵیزمی کوردی سەری هەڵدەدا و نە جوداییخوازی. لەم ڕوانینەدا خاک بۆ ناسیوناڵیزمی کوردی و سەروەری لەسەر خاک مانا و جێگەیەکی نییە.
با بپەرژینە سەر ناسیوناڵیزمی کوردی؛ تاکە نموونەی دەسەڵاتدارێتیی ناسیوناڵیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆماری کوردستانە. یازدە مانگ نموونەی حکوومەتداریی کوردستان کە بە شیکاریی وێژمانیی ڕۆژنامەی کوردستان (زمانحاڵی کۆمار)، ڕاگەیێندراوەکان و دامەزراوەکان، دەتوانین بڵێین حکوومەتێکی دێموکراتیک بوو. بە ئاماژە بە چەن نموونە وەکوو: لەبەرچاوگرتنی ناوچەکانی تر وەکوو ئەوەی نوێنەری کرماشان بانگهێشت دەکرێت یان گرینگیدان بە پرسی ژنان کە بنکەی بۆ دادەمرزێت، دەتوانین بڵێین کۆماری کوردستان خەریکی بنیادنانی ناسییۆناڵیسمێکی فرەچەشن بوو بە دوور لە هەرچەشنە پەڕاوێزسازییەک.
گرینگیدان بە بابەتی زمان لە هەر دوو لایەنی کۆمەڵناسیی ورد و گرد، نیشان لە گرینگیی ڕۆڵی زمانە لە هەر کۆمەڵگا و سیستەمێکدا. لە ڕوانینی کۆمەڵناسیی وردەوە لە بابەتی تێگەیشتنی دوو لایەنە، زمان یان نەمادی مانادار، دەورێکی گرینگی هەیە. نەمادی مانادار جۆرێک لە مانای هاوبەشە و ئەم مانا هاوبەشە لە ڕەوتی کونشی دوو لایەنە دروست دەبێت واتا کونشی دوو لایەنەی کۆمەڵایەتی، ماناکان دروست دەکەن و ماناکانیش جیهانی ئێمە. زمان یان نەمادی مانادار ئەو توانایییە بە مرۆڤ دەدات کە بەرپەرچدانەوەی خۆی ڕابگرێت و بە جۆرێکی داهێنەرانە ئاوڕ بداتەوە سەری. لە ڕوانینی کۆمەڵناسیی گردیشەوە، باس لە واقعییەتی کۆمەڵایەتی(social fact) دەکرێت کە تێیدا تاک دەکەوێتە بەر گوشار و هێزی واقێعییەتەوە و ناچار بە ملدان دەکرێت. یەکێک لەو ماکانەی ئافرێنەری واقعییەتی کۆمەڵایەتین، زمانە. لێرەدا زمان دەبێتە هۆی بنیاتنانی جیهان و ساخت بە واتاکان و جیهان دەدات. بە تێگەیشتن لەم ڕۆڵە گرینگەی زمان، داگیرکەران زمان دەکەنە گرینگترین کەرەسەی سەرکوت و سڕینەوەی نەتەوەکانی تر و مانەوەی خۆیان.
کەواتە بە کورتی دەتوانین بڵێین ناسیوناڵیزمی کوردی لەگەڵ چەندین زاراوە تووشە نەک چەندین زمان و ئەمە یەکێک لە بابەتە گرینگەکانە کە نابێ لەگەڵ ناسیوناڵیزمی ئێرانیدا تێکەڵ یان بەراورد بکرێت. لەبەر ئەوەی گرفتەکانی ئەو فرە زاراوەییە بە سیاسەتی پلۆرالیزمی زمانی چارەسەر دەکرێت و ئاسانکاری بۆ یەکپارچەییان دەکرێت (و لەبەرچاونەگرتنی هەر کام لە زاراوەکان تووشی خەسار و لێکترازانمان دەکات).
لە ڕاستیدا ئەوەی ناسیوناڵیزمی کوردیی تووشی کێشە کرد، بێتوانا بوون لە گەڵاڵەمەندکردنی چوارچێوە بیرییەکانی کۆماری کوردستان لە بزاڤی پاش کۆماری کوردستاندا بوو، کە لە هۆکارەکانی ئەکرێت ئاماژە بکرێت بۆ هاتنی چەپ بۆ کوردستان، کە هەر لە سەرەتاوە بزاڤی نەتەوەییی وەکوو هەڕەشە لە بەرانبەری خۆیدا دەدی و بزاڤی نەتەوەییش بەهەمان شیوە ئەندێشەی چەپی وەکوو هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەدی. هەروەها بیچمگرتنی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دامەزراندنی پەروەردە و بارهێنان و … . کەواتە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، کورد ئەبێ خۆی لە نەزمی ناسیوناڵیزمی ئێرانی دەرباز بکات و هەروەها کار لە سەر حوزووری بوونناسانەی پەڕاوێزەکانی ناسیوناڵیزمی کوردی بکات وەکوو پێناسەکردنەوەی سیاسەتی جێندەری و وازهێنان لە حوزووری هێمایینی ژن لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا بە تایبەت گۆڕەپانی سیاسی. هەروەها لە باسی زاراوەکاندا زاراوەکان بنیادنەر بن نەک لە پەڕاوێزدا پێناسە بکرێنەوە وەکوو ئەوەی گۆڤارێکیان بۆ تەرخان بکرێت، یان لە گشتایەتیی میدیادا تەنیا بەرنامەیەکیان بۆ دیاری بکرێت.
تیشک: لە گوتار و لێکدانەوەی بەشێک لە ئێلیتی کورد باس لە دووانەی کۆمەڵگای مەدەنی – حیزبی سیاسی دەکرێت کە هێندێ جار وەک دوو پێکهاتەی ناتەبا پێناسەی دەکەن. لەباری کۆمەڵناسیی سیاسییەوە، حیزبی سیاسی بەشێکە لە کۆمەڵگای مەدەنی، بەڵام لە لێکدانەوەی بەشێک لە ئێلیتی کورددا، نەک سەرنج بەم گوزارەیە نادرێت، بەڵکوو وەک دوو پێکهاتەی نامۆ بە یەک و تەنانەت دژ بەیەک شرۆڤە دەکرێت. حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاردەیەکی عەینییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە هەشتا ساڵ، بەڵام کاتێ باس لە کۆمەڵگای مەدەنی دێتە ئاراوە، خسڵەتێکی سوبژەکتیڤی هەیە. واتە ئێلیت و لایەنە جیاوازەکان گرەو لەسەر دیاردەیەک دەکەن کە بەرهەمی زەینی ئەوانە و تەنانەت هەوڵ دەدەن ئایدیالۆژیزەی بکەن. ئێوە چۆن ئەم دۆخە هەڵدەسەنگێنن و پێتان وایە وەها هەڵاواردنێک چ کاریگەرییەکی لەسەر ناسۆنالیزمی کورد دەبێت؟
هزرین سنە: سەرەتا ئەگەر ئاماژەیەکی کورت بە پێناسە جیاوازەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بکەین، باشتر یارمەتیمان ئەدا بۆ وڵامی ئەم پرسیارە. لە خوێندنەوەیەکی گرامشیاییدا بۆ کۆمەڵگای مەدەنی کە ئاخێزگەیەکی مارکسی_هێگێلیی هەیە، ئەنتگراڵ ئستەیت یان دەوڵەتێکی گشتگیر هەیە کە باڵی کشاوەتە سەر کۆمەڵگای مەدەنی و کۆمەڵگای مەدەنی وەکوو سەنگەرێک لە لایەن دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە داگیرکراوە و لەم ڕێگەیەوە خەریکی بەرهەمهێنانەوەی خۆیەتی. لای گرامشی کۆمەڵگای مەدەنی حەوزەیەکە کە دەستگاگەلی ئیدئۆلۆژیک بە مەبەستی دروستکردنی هێژمۆنیی خۆیان کەڵکی لێ وەردەگرن. واتا کۆمەڵگای مەدەنی کەرەسەی بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدارییە. لە خوێندنەوەکانی کۆمەڵناسیی سیاسیدا، کۆمەڵگای مەدەنی بە دەوڵەتەوە پێناسە دەکرێتەوە؛ دەوڵەت وەکوو حەوزەیەکی گشتی و بنەماڵە وەکوو حەوزەیەکی ورد و کۆمەڵگای مەدەنی وەکوو حەوزەی بەیەکگەیشتنی ئەم دوو حەوزەیەیە. کۆمەڵگای مەدەنی واتا تەواوی ئەو حەوزانەی کە دوای دیاریکردن و دابەشبوونی حەوزەی دەوڵەت دەمێنێتەوە و کۆمەڵگای مەدەنی حەوزەیەکە بۆ دەرخستنی جیاوازیگەلی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئیدۆلۆژیک و دەوڵەت تێدەکۆشێت ئەو جیاوازییانە یان لە ڕێگەی نێوندگیری یان لە ڕێگەی سەرکوتەوە چارەسەر بکات.
لەم ڕوانینەوە کۆمەڵگای مەدەنی، هێزەکان، چینەکان، گرووپەکان، بزووتنەوەگەلی کۆمەڵایەتی و بنکەکان و سازمانگەل و گرووپگەلی فشار و ئەنجومەنەکان دەگرێتە خۆ و لێرەدا حیزبە سیاسییەکان لە نێوان حەوزەی کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەتدان و پایەکیان لە کۆمەڵگای مەدەنی و پایەکیان لە دەوڵەتدایە. کەواتە لە بنەڕەتەدا کۆمەڵگای مەدەنی زەروورەتی دەوڵەتگەلی دێموکراتیک و لیبراڵ یان لە حاڵەتی لانیکەمیدا کۆمەڵگاگەلێک کە لە حاڵی پەڕینەوە بۆ دیموکراسین و لە دەوڵەتگەلی سەڕەڕۆ و دیکتاتۆریدا، کۆمەڵگای مەدەنی زۆر کزتر خۆیان دەنوێنن و لەم وڵاتانەدا دەوڵەتەکان لەمپەری سەرەکیی چالاکیی ئازادانەی کۆمەڵگای مەدەنین. بەڵام لە هەمووی ئەمانە جیاوازتر کە لەگەڵ هەموو چەشنە حکوومەتێک جیاوازە، شێوەی مودیرییەتی کۆمەڵگا لە دەوڵەتی داگیرکەرە.
ئایا لە دەوڵەتی داگیرکەردا کۆمەڵگای مەدەنی بە پێناسە سەرەکییەکەی خۆیەوە بیچمی گرتووە؟
ئێستا ئەگەر باسەکە بێرینەوە سەر کوردستان، لە کوردستاندا کاتێک ئیمکانی دیاردەیەک بەناو دەوڵەت دروست نەبووە (واتا لە کوردستانی بێدەوڵەتدا) ئیمکانێک بەناوی کۆمەڵگای مەدەنی دروست نییە.
کەوابوو لێرەدا کۆمەڵگای مەدەنی لە دوو کاناڵەوە حزووری ئەبێت، یەکەم کۆمەڵگای مەدەنییەک کە لە لایەن داگیرکەرەوە بۆ کوردستان داڕێژراوە و ستەیتێک ئەنتگراڵ کراوە بۆ بەدەستەوەگرتنەوەی حەوزە جیاجیاکانی کوردستان و مەیدانێکە بۆ چاودێریی زۆرتر و بەلاڕێدا بردنی پێناسە و شوناسی داگیرکراو و زاڵبوونی پێناسەکانی داگیرکەر و مەیدانێک بۆ ڕەوایی.
دووهەم لە کاناڵی کوردستانەوە، داگیرکراو وەکوو مەیدانێک چاوی لێ دەکات بۆ چەسپاندنی پێناسەکان و خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی. بەڵام لەم بەربەرەکانێیەدا کامەیان سەر دەکەون و دەتوانن بۆ بەرەوپێش چوونی ئامانجەکانی خۆیان، کەڵک لەو مەیدانە وەربگرن؟ لە دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیدا کە ئیمکانی هیچ جۆرە چالاکییەکی ئازادانە بۆ سووژەی داگیرکراو نادرێت، ئایا ئیمکانی بە مەیدانبوونی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ خەباتی سیاسی هەیە؟ یان داگیرکراو چۆن دەتوانێ ئەم مەیدانە وەکوو هەلێک ببینێتەوە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی؟ بە ئاماژەدان بەوەی دووانەی کۆمەڵگای مەدەنی و حیزبی سیاسی، دووانەیەکی ساختە بوو بۆ دروستکردنی مرۆڤی پێملی مەدەنی کە واز لە خواستە ڕایکاڵەکانی بهێنێت و لەم ڕێگەیەوە لەمپەری سەرەکی دروست کراوە بۆ بڵاوبوونەوەی ناسیۆناڵیزم لە بەدەنەی کۆمەڵگا؛ ئەگەر کۆمەڵگای مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سیاسەتتارێنی بکرێت بە چەن هۆکار دەبێتە لەمپەرێکی جدی بۆ پرۆژەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان: یەکەم، ئەوەی دەبێتە مەیدانێک بۆ خاڵیکردنەوەی پۆتانسیێلی ناڕەزاتی و دژایەتییەکان بە بێ ئاکامی دڵخواز. دووهەم، دەبێتە مەیدانێک بۆ بەلاڕێدابردنی پرسی کورد (لە سیاسیبوونەوە بۆ فەرهەنگی کردنەوەی پرسەکان) سێهەم، دەبێتە ئامرازێک بۆ سەقامگیری و بەردەوامیی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی و یەکێک لە مێکانیزمەکانی درێژکردنەوەی کۆمەڵگای کورتخایەن بە وتەی کاتووزیان.
تیشک: کاتێ بزووتنەوە سیاسی -کۆمەڵایەتییەکان تووشی تەنگانە دەبن، ڕێبەرانی بزووتنەوەکە و تەنانەت چالاکانی سیاسی و مەدەنییش تووشی ئەم پرسیارەی لێنین دەبنەوە: «دەبێ چی بکەین؟». بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندی نۆرماتیڤی ئەم پرسیارە، حیزبەکانی کوردستان لەم دۆخە ئاڵۆزەدا کە بە ناوی پلانی دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناسراوە، دەبێ چی بکەن کە نەهێلن ناسیۆنالیزمی کورد، واز لە تایبەتمەندییە «کوردستانی»یەکەی بهێنێت و نەچێتە نێو پرۆژەیەک کە بە ناوی «کوردی کولتوری» ناسراوە و بەتەمان لە یاسای شارومەندیی داگیرکەرەکانیدا بیگونجێنن؟ ڕێگەم بدەن وەک کۆتاپرسیار ئەم پرسیارەش بکەم: چۆن لە دواڕۆژی ناسیۆنالیزمی کوردی دەروانن و هەروەها ناسیۆنالیزمی کوردی چ وەک ئێپیسمە و چ لە باری ئانتۆلۆژیکەوە، دەبێ چی بکات کە لەگەڵ هەلومەرجەکانی سەردەم بێتەوە؟
هزرین سنە: سەرەتا ئەمەوێ لەوێوە دەسپێبکەم، لە وڵامی دەبێ چی بکەین؟ ئایا ئێمە لێمان ڕوونە کە چیمان ناوێ و چیمان ئەوێ؟ ئایا ناسیوناڵیستی کورد وێنایەکی ڕوونی لە وڵامی ئەم دوو پرسیارەدا هەیە؟ ڕێککەوتن و یەکگرتنێک (ئجماعێک) لە نێو ناسیوناڵیستە کوردەکاندا لە ئارادایە لەمەڕ چیمان دەوێ؟ بە بڕوای من ئێمە تەنانەت لێمان ڕوون نییە چیمان ناوێ، تا بگات بەوەی چیمان ئەوێ! ناسیوناڵیزمی کوردی ئەبێ لە کانتێکستی داگیرکەر-داگیرکراودا خوێندنەوە بۆ بابەتەکان بکات و لە پارادایمی ڕەخنەییەوە (واتا گۆڕانی ڕادیکاڵ) چارەسەری بۆ پرسی کوردستان بدۆزێتەوە.
ناسیوناڵیزمی کوردی ڕەخنە لە دۆخی هەنووکەیی دەگرێت، سیستەمی دەسەڵاتداریەتیی زاڵ و خۆسەپێن لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە دەڕووخێنێت، بەڵام بیرێکی تۆکمە بۆ چارەسەری و جیهانی دڵخوازی خۆی ناکات، پرۆژەی ڕزگاری لێڵ و ناڕوونە و تاکوو ئێستا ئەو کوردستانە سەربەخۆیە وێنا و پێناسە نەکراوە و وێنای دەوڵەتی کوردی وێنایەکی تەماوییە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە بە بێ دەوڵەت هیچ پرۆژەیەک سەرناکەوێ و تەنانەت ئەگەر پرۆژەیەکیش پێناسە کرابێت زۆر کز و ناڕوونە و هەرکات گۆڕانێکی بە سەردا بێت، بە پێی بۆچوونە جیاوازەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت؛ واتا ئەو پرۆژەیە خاوەن چەمشتێکی غەیرعەقڵانییە. دیارە هەر پرۆژەیەک ئەتوانێ کراوە بێت بۆ ئەوەی کەم یان زیاد بکرێت بەڵام ناکرێت هێندە چەمشتی لە سەرەوە بێت کە ئاڵوگۆڕ بە سەر ستراتێژی و ئامانجیدا بێت. ئەم ناڕوونییە جۆرێک سەرلێشێواویی دروست کردووە کە بە ئاسانی ئیلیتی کوردستانی دەکەوێتە داوی پرۆژەگەلی خوشکایەتی و برایەتی، چاکخوازی و (دیموکراتیککردنی داگیرکەران) بۆ نوقمبوونی خواستی کورد و بەلاڕێدا بردنی بیری سەربەخۆییخوازی یان سەروەریخوازیی کوردستان. کەواتە بە بڕوای من حیزبەکانی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم کەلێنانە، پرۆژەیەکی ڕوون و نەگۆڕ(بەڵام خاوەن چەمشتی عەقڵانی) پێناسە بکەن و لە پێناو ئەو پرۆژەیەدا هەنگاو بنێن لە سێ کوچکەی، داگیرکەرناسی (دۆخی کوردستان لە چوارچێوەی داگیرکەر-داگیرکراوی) ڕزگاری، عامڵییەتی نەتەوەیی. باسمان لە سەر دوو کوچکەی یەکەم واتا داگیرکەرناسی و ڕزگاری کرد، بەڵام عامڵییەتی نەتەوەیی، باوەڕمەندبوون بە عامڵییەتی نەتەوەیی لە بەرانبەری ڕێئاڵ پۆلۆتیکدا، عامڵییەتی نەتەوەیی لە سەر بنەمای خولیاکانیەوە کاریگەری لە سەر ڕێئاڵ پۆلۆتیک دادەنێ نەک پێچەوانەی.
لێرەدا ئەمەوێ باسەکەم بەو بابەتەوە کۆتایی پێبێنم، کە لە ڕاستیدا عامڵییەتی کوردستان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر خۆرێکخستنی داگیرکەران لە نێو جەمسەرە سەرەکییەکان لە جیهاندا بوو و شۆڕشی ژینا وەکوو نوێترین ڕێکخستنی کوردستان لە ڕەوتی بزاڤی نەتەوەیی، کاریگەریی لەسەر داڕشتنی نەزمی ناوچەیی دانا ، هەر بۆیە ئەرکی ئێلیت و حزبی کوردستانی بە تایبەت ئێلیت و حزبی ناسیۆنالیستی کورد ئەوەیە کە لە دەلاقەی عامڵیەتی کوردستانەوە بۆ بابەتەکان بڕوانن و پلانی بۆ دابڕێژن و ڕێکخستنی بۆ بکەن.
چەکدار و لەبەینبردنی سەروەریی کوردی، ناوەندەکە بە ئێعمالی کاری ئیداری وەکو دانی ناسنامە، بەڵگەی هۆویەتی وەکو ئێعمالی هێز، لەناوبردنی دەسەڵاتی کوردی، وەکو ئێعمالی سیستەمی دادوەری هەوڵی بەرهەمهێنانەوەی شوناسی یەکپارچەی ئێرانی و لەناوبردنی شوناسی کوردی دەدات. هاوکاتیش ئەو گێڕانەوەیەی کە باسمان لێوە کرد دەوری خۆی دەگێڕێ و وردە وردە لە سەردەمی پەهلەویی دووهەم و لە سەرەتاکانی کۆماری ئیسلامیشدا تەنانەت دوای ئەویش لەژێر کاریگەریی ئینقلاب، شوناس گۆڕانی بەسەردا دێ و ڕەهەندی ئێرانی وەردەگرێت. هەربۆیە کوردی ئێرانی چەمکێکە کە زۆر دێتە کایەوە، ناوە ئێرانییەکان لەناو ئەو جیلە کە ئێستە لەنێوان چل تا شەست ساڵن، زیاد دەکات و لاوانی ئەو سەردەمی کورد لایەنگری یانەی تۆپی پێی ئێران دەکەن و … بەڵام هێدی هێدی لەگەڵ ئەوەی کە هیواکان بۆ ئەوەی کە ئێرانییەکان یان فارسەکان کورد وەکو نەتەوەیەکی بەرانبەر لە ئێراندا ببینن لەناو ئەچن، لە ئاکامی شۆڕش و خەباتدا، شوناسی کوردی دەگۆڕێ و ئیمڕۆ دەبینین کە بە شێوازێکی بەرچاو لە جیلی سی و چل ساڵ بەرەو خوار، بەتەواوی ئەو دوو شوناسە، واتا شوناسی کوردی و شوناسی ئێرانی لە دژبەیەکی و تەقابول لەگەڵ یەکدان و هێدی هێدی خەریکە شوناسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەگەڵ شوناسی ئێرانی مەودا دەگرێت و شوناسی ئێرانی دەکەوێتە پەراوێزەوە و کوردی ڕۆژهەڵات ئیتر خەریکە مەودا دەگرێت لەو شوناسە ئێرانییە.
ئەمە هەمووی ئاکامی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا شوناس مەسەلەیەکی جیایە لە سەروەریی سیاسی، بەڵام لەژێر کاریگەریی سەروەری و کۆمەڵێک فاکتەری تردایە. شوناس ئەمرێکی سەیالە و گۆڕانی بەسەردا دێ و بەو شێوازە نییە کە ئێمە بتوانین بڵێین دیاردەیەکی موتڵەق و ئەزەلی و ئەبەدییە. سەروەریی دەوڵەت و پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگا، کاریگەرییەکی زۆر زۆری لەسەر شوناس بە دوو شێواز هەیە. یەکەم دەتوانێ شوناسێکی یەکپارچە شکڵ بدات. بۆ وێنە ئەگەر سەروەرییەکی دیموکراتیکی کوردی لە ئارادا بێت یان لە ڕێگەی فاڵس نەرێتیڤەوە کە لە مێژووی خۆماندا دەیبینین. دووهەم دەتوانێ شوناسی ئێرانی لە شوناسی کوردی و کوردستانی لە ڕۆژهەڵات جیا بکاتەوە و شوناسی کوردستانی شکڵ بدات. بۆ وێنە دەوڵەتی ئێران لە ڕێگەی شێوازی هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردەکانەوە لە ڕێگەی ئەوەوە کە نەتەنیا دەوڵەت، نەتەنیا ساوڕن، بەڵکو ئۆپۆزیسیۆنیش وەکو بەشێک لە دەسەڵات، وەکو بەشێک لەو بە ئیستلاح چوارچێوەیەی کە ئێمە وەکو دەسەڵاتی ئێران دەیناسین، دەتوانن بە شێوازی هەڵسوکەوتیان کە دەیکەن هیوا لەناو بەرن و هێدی هێدی شوناسی کوردی یا شوناسی کوردستانی لە ڕۆژهەڵات بەهێزتر بکەن.