ئەگەر خۆمان هەبین

هەژار برینجی

شەش مانگ لەمەوبەر، لە هەلومەرجێکی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزیدا، دەستم بە کاری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا کرد. لەو ماوەیەدا، لە گفتوگۆکانم لەگەڵ سیاسەتوانان، لێکۆڵەران و ڕاگەیاندنەکان، هەوڵم داوە ڕوونی بکەمەوە کورد چی دەوێت و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ هێز و توانایەکی هەیە. ئەم ئەزموونە باوەڕێکی لە مندا بەهێزتر کردووە: بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە باوەڕمان پێ بکەن و پشتیوانمان بن، دەبێ سەرەتا خۆمان باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت و بە کردار پیشانی بدەین.
مێژووی خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵات پڕە لە نموونەی ئەو باوەڕە. لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ۱۹٤٥ەوە، ئەم بزووتنەوەیە ڕووبەڕووی سەرکوت، تێرۆر و لێکترازانی ناوخۆ بووەتەوە؛ تەنانەت لە هەندێک قۆناغدا مانەوەشی کەوتووەتە مەترسییەوە. بەڵام هەر کاتێکیش لە پشتیوانیی دەرەکی بێبەش بووە، مافە ڕەواکانی نەتەوەکەمان، باوەڕ بە ئازادی و پشتیوانیی خەڵک وایان کردووە ئەم خەباتە بەردەوام بێت. ئەوەی ئێمەی ڕاگرتووە، پێش هەموو شتێک، باوەڕمان بە دۆزەکەمان بووە.
کۆماری ئیسلامی لە دوای ۱۹۷۹ەوە بە قەیرانی زۆردا تێپەڕیوە، بەڵام لە سەرکوتی خەڵک لە ناوخۆ و دەستێوەردان لە کاروباری ناوچەکە بەردەوام بووە. ئەمڕۆ، هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و فشارە ئابوورییەکان ڕێژیمیان خستووەتە دۆخێکی قورسەوە. پێم وایە جدییەتی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەی ئەمریکا و ئیسرائیل و کاریگەریی لە لاوازکردنی ڕێژیمی ئێران شایانی پێزانینە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە بزانین چۆن لەم هەلومەرجە کەڵک وەربگرین و بیکەینە دەستکەوت بۆ نەتەوەکەمان.
بۆ ئەوەش دەبێ ئامانجی وڵاتان بە دروستی بناسین. ئەمریکا پێش هەموو شتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی لەبەرچاو دەگرێت. واشنتن جەخت لە ڕێگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی، لاوازکردنی توانای سەربازی و کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی دەکاتەوە. ترەمپ باسی ڕەخساندنی هەلومەرج بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم بە دەستی خەڵکی ئێرانی کردووە و نەتەنیاهووش ڕووخاندنی ڕێژیمی بە ئامانج ناو بردووە. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە بەرژەوەندیی ئەوان لە هەموو بارێکدا لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمە یەک ناگرێتەوە.
کەواتە، چۆن چاوەڕوان بین وڵاتێکی دەرەکی ڕێژیم بڕووخێنێت، ئۆپۆزیسیۆن یەک بخات، جێگرەوەیەکی دێموکراتیک دروست بکات و مافەکانی کورد، عەرەب، تورک، بەلووچ و نەتەوەکانی دیکەی پشتگوێخراوی ئێرانیش دابین بکات؟ ئەی ئەرکی خۆمان چییە؟ هاوڕێیەکی ئەمریکاییم جارێک ئەم پرسیارەی لێ کردم: «چاوەڕوانن ئەمریکا لە خۆتان زیاتر ئێرانی بێت؟» ئەم پرسیارە دەبێ بە جدی وەربگرین. هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە جیاتی خۆمان بڕیار بدات، ڕێکمان بخات و داهاتوومان بۆ دروست بکات.
لەوەی من بینیومە، بەشێکی بەرچاوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هێشتا خەریکی ڕەتکردنەوەی یەکترە. لە پاشایەتیخوازەکانەوە تا بەشێک لە چەپ و موجاهیدین، هەر لایەنێک خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی ئێران دەزانێت، کەچی دان بە پێگە و مافی ئەوانەدا نانێت کە لەگەڵیدا هاوڕا نین. مافی نەتەوە بندەستەکانیش کە هەر باسی مەکە. ناکرێت خۆمان ئامادەی ڕێککەوتن و قبووڵکردنی یەکتر نەبین، بەڵام چاوەڕوانی ئەوە بین ئەمریکا یەکمان بخات و ڕێژیم بڕووخێنێت.
ئێمەی کورد دەبێ زیاتر هەست بەو بەرپرسیارییە بکەین. مێژووی خەبات و ئەزموونی ڕێکخستنمان هەیە و خەباتەکەمان ڕەگی لە ناو خەڵکدایە. بۆیە نابێ هەموو هەنگاوێکمان بە چرای سەوز یان گەرەنتیی واشنتنەوە ببەستینەوە، یان داواکارییە بەحەقە نەتەوەییەکانمان لەسەر هەر کەچەکاغەزێک بدۆڕێنین. ئەگەر پشتیوانیی دەرەکیمان دەوێت، دەبێ بە کردار پیشان بدەین کە لە خەباتماندا جدیین، دەتوانین خەڵک ڕێک بخەین و سەرکردایەتییەکمان هەیە کە ئامادەیە بڕیار بدات و بەرپرسیارییەکەشی هەڵبگرێت.
پێکهاتنی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغە. بەڵام هاوپەیمانی دەبێ لە بەیاننامە و کۆبوونەوە تێپەڕێت و لە بڕیار و کرداردا خۆی بنوێنێت. بایەخی ڕاستەقینەی یەکگرتن لەوەدا دەردەکەوێت کە لە کاتی پێویستدا بتوانین پێکەوە بڕیار بدەین، هەنگاو بنێین و بەرپرسیاریی ڕێبەرایەتیی خەڵکەکەمان هەڵبگرین.
بۆ ئەوە پێویستمان بە نوێکردنەوە و بەهێزکردنی هێزی پێشڕەو هەیە. پێشڕەو دەبێ مێژوو، بەهاکان و توانای خەڵکەکەی بناسێت و لە ئاواتەکانی تێبگات. دەبێ لە ڕابردوو فێر بێت و چاو لە داهاتوو بکات؛ بارودۆخی ئێستا بە دروستی هەڵبسەنگێنێت و بزانێت بەرەو کوێ دەچێت. وەفاداری بە خەباتی ڕابردوو کاتێک مانای هەیە کە بتوانین ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانمان بدۆزینەوە.

پێشمەرگایەتی هەر لە بنەڕەتدا هەوڵدان بووە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەی بەسەر کورددا سەپێنراوە. پێشڕەوی ژیر بارودۆخەکە دەناسێت و هەژماری هێز و مەترسییەکان دەکات، بەڵام تەسلیمی ئەو دۆخە نابێت. ئەگەر بەو دۆخە ڕازی بین کە بەسەرماندا سەپێنراوە، خەباتمان بۆ گۆڕان چ مانایەکی دەمێنێت؟
ئەزموونی باشوور و ڕۆژاواش نابێ تەنیا لە بێمتمانەبوون بە ئەمریکادا کورت بکەینەوە. لەو ئەزموونانەدا، هەم سنووری پشتیوانیی دەرەکی دەبینین و هەم بایەخی هێز و ئیرادەی خۆمان. پێشمەرگە و هێزە کوردییەکانی ڕۆژاوا بە بەرگری لە خاک و خەڵک و بە فیداکاری لە شەڕی داعشدا، بوونە هاوبەشی گرنگی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئەو پێگەیە بە خەبات و بە ڕۆڵێکی کاریگەر لە مەیداندا بەدەست هات.
ئەمڕۆ دەبێ یەکگرتنمان بەهێز بکەین، بوێریی بڕیاردانمان هەبێت و هێزی خەڵکەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان ڕێک بخەین. وانەی ئەم شەش مانگە بۆ من ئەوەیە: ئەگەر خۆمان هەبین، باوەڕمان بە هێز و توانای خۆمان هەبێت و لە کرداردا جدی بین، دەتوانین دۆست و پشتیوانیش پەیدا بکەین. بەڵام ئەگەر خۆمان باوەڕمان بە خۆمان نەبێت، چۆن چاوەڕوان بین ئەوانی دیکە باوەڕمان پێ بکەن؟

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی

برینجی، هەژار(٢٠٢٦):ئەگەر خۆمان هەبین. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • نەوت و مەکینەی مەرگ

نەوت و مەکینەی مەرگ

نەوت و مەکینەی مەرگ دانا حەمید ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆزەخێکی واقیعیدا دەسووتێت. لە غەززەی خاپوورکراو و گەڕەکە وێرانەکانی باشووری لوبنانەوە، تا دەگاتە شەڕە پچڕ پچڕەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئەو درۆنانەی ئێران، [...]

  • گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا

گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا

گەڵاڵەی خودموختاریی حدکا، پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی تورکیا حەسەن قارەمانی ئەم بابەتە دوو مۆدێلی سیاسیی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەراورد دەکات: پێشنیاری گەڵاڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی [...]

  • پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی

پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی شاهۆ لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ز، زۆرێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وابوو کە جیهان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی تاک‌جەمسەری ڕۆیشتووە. [...]

  • فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)

فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)

فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد) کامەران محەممەد ئەی ئەو مەخلوقە بچووکەی کە لەناو پۆشاکێکی پیرۆزدا خۆت حەشار داوە و وا دەزانیت کلیلی بەهەشت و دۆزەخت لە [...]

  • سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ

سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ

سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی: کاتێک ئەخلاق دەبێتە سیاسەت لە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کەم پرسیار هەیە وەک پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت ئەوەندە مشتومڕی لەسەر کرابێت. [...]

  • "کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ" (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)

“کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ” (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)

"کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ" (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون) ئارام کەیخوسرەوی  ڕەنگە هەموومان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەمان بیستبێت؛ ڕەنگە بەشێکی بەرچاویشمان گێڕانەوەی [...]