لە کایەی زمانەوە بۆ هاوسەنگیی هێز
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ دیبەیتی د. کەماڵ سلێمانی و د. بێهرووز چەمەن ئارا لەسەر کۆنگرەی ئازادیی ئێران
ئارتین حەمدی
١. دەستپێک: بەشداری، بەڵام بە چ پێگەیەک؟
دیبەیتی نێوان د. کەماڵ سلێمانی و د. بێهرووز چەمەن ئارا لە کەناڵی یوتیوبی ڕۆژهەڵات نیووزدا، لە ڕواڵەتدا لەسەر پرسیارێکی سادە دەسووڕایەوە: کورد لە کۆنگرەی ئازادیی ئێراندا بەشدار بێت یان نا؟
د. چەمەن ئارا لە ڕوانگەیەکی واقیعبینانەوە دەست پێ دەکات: مەیدانی سیاسی چۆڵ نامێنێتەوە، و ئەگەر کورد لەوێ نەبێت، ئەوانی دیکە لە نەبوونیدا بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەم قسەیە لە خۆیدا هەڵە نییە؛ سیاسەت بە چۆڵکردنی مەیدان ناکرێت، و مەیدانی بەتاڵیش بە بەتاڵی نامێنێتەوە.
د. سلێمانی لە لایەکی دیکەوە پرسی پێگە دەخاتە ڕوو: دەقێکی جوان، ئەگەر هێز و دامەزراوە و گەرەنتیی جێبەجێکردنی لە پشتەوە نەبێت، خۆبەخۆ نابێتە مافێکی پارێزراو.
بەڵام لە نێوان ئەم دوو هەڵوێستەدا پرسیارێکی بنەڕەتیتر هەیە: ئایا کورد تەنیا لە پڕۆسەکەدا ئامادەیە، یان لە داڕشتنی پڕۆسەکەشدا دەسەڵاتی هەیە؟
دانیشتن لەسەر مێز و بەشداربوون لە دروستکردنی مێزدا دوو شتی جیاوازن. ئەگەر ڕێساکان، سنووری دانوستان و پێناسەی پێگەکان پێش هاتنی تۆ دانرابن، بوونی تۆ لە ژوورەکەدا بەڵگەی ئەوە نییە کە لە داڕشتنی بڕیارەکاندا هاوبەشیت.
لەم ڕوانگەیەوە، کۆنگرە بۆ من مەیدانێکی مینڕێژکراوە. مەبەستم ئەوە نییە کە هەر گفتوگۆیەک تەڵەیە، یان کورد دەبێت دەرگای دیالۆگ دابخات؛ بە پێچەوانەوە، سیاسەت بەبێ دیالۆگ ناکرێت. بەڵام جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بە هۆشیارییەوە بچیتە ناو مەیدانەکە، یان بەبێ ناسینی سنوور و مینەکانی هەنگاو بنێیت.
باسی من لەم وتارەدا ئەوە نییە کە کورد بچێت یان نەچێت؛ باسی سەرەکیی جۆری بەشدارییە.
٢. قەیران و ماسکگۆڕین
کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە بۆشاییدا دروست نەبووە.
ناسیۆنالیزمە دەوڵەتدارەکانی ناوچە، هەریەکە بە شێوەی خۆی، زۆرجار پشت بە زمانێکی باڵادەست، مێژوویەکی فەرمی و ناوەندێکی بەهێز دەبەستن. بەڵام ئەمڕۆ ناسیۆنالیزمی ئێرانی، تورکی و عەرەبی لە ژێر فشاری قەیرانی شەرعییەت و نوێنەرایەتیدان. کاتێک ناوەند بەهێزە، زمانی سیاسیشی توندترە؛ کاتێکیش شەرعییەتەکەی لاواز دەبێت، زمانەکە نەرمتر دەبێت و زاراوەکانی وەک پێکەوەژیان، هاووڵاتیبوون، فرەیی، برایەتی و ئینتێگراسیۆن دێنە پێشەوە. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە من پێی دەڵێم ماسکگۆڕین.
دوای شۆڕشی ژینا، لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییشدا ئەم گۆڕانە بە ڕوونی دەرکەوت. بەشێک، بەتایبەتی باڵی کوڕی شا، گەڕایەوە بۆ باستانگەرایی، ئێرانشاری و ناوەندێکی بەهێز. پڕۆژەی «شکوفایی ایران» و «دفترچەی دوران اضطرار» نموونەی ئەم ئاراستەیەن؛ ئاراستەیەک کە تەنانەت بۆ قۆناغی گواستنەوەش، دەسەڵات و بەڕێوەبردن هەر لە ناوەندەوە دادەڕێژێت.
لە بەرامبەردا، ئاراستەیەکی دیکە هەوڵ دەدات هەمان ئێرانیبوون بە زمانێکی نەرمتر و زیاتر لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون داڕێژێتەوە؛ زمانێک کە باسی نەژاد و ئایین تێیدا کەمترە و جەخت لەسەر تاک، هاووڵاتیبوون و فرەیی زیاترە.
کتێبی The Idea of Persiaی ڕامین جەهانبەگلۆ نموونەیەکی فکریی ئەم ئاراستە تازەیەیە؛ لەوێدا ئێران زیاتر وەک ناسنامەیەکی فکری و فەرهەنگی دەخوێندرێتەوە.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە هەر لە جێی خۆیدایە: ئەم گۆڕانە لە زماندا، تا چ ڕادەیەک لە ساختار و دابەشکردنی دەسەڵاتدا ڕەنگ دەداتەوە؟
ئەگەر ناوەند هەر خۆی سنووری مافەکان دیاری بکات و هیچ ڕێکارێکی دەستووری بۆ دابەشکردنی دەسەڵات نەبێت، ئەوا گۆڕینی زمان بە تەنیا هیچ شتێکی بنەڕەتی ناگۆڕێت.
مەترسییەکە ئەوەیە کە پێگەی سیاسیی کورد لە ناو مافی تاک و هاووڵاتیبووندا بتوێتەوە؛ واتە پرسی ئەوەی کێ، لە کوێ و بە چ دەسەڵاتێک حوکم دەکات، بگۆڕدرێت بۆ پرسی زمان، فەرهەنگ و مافی تاک. ئەم دوو پرسە یەک شت نین.
٣. کۆنگرە چی بە کورد دەدات، و چی بۆ خۆی دەپارێزێت؟
بۆ ئەوەی بزانین قسەکانی د. چەمەن ئارا تا چ ڕادەیەک لەگەڵ خودی کۆنگرەکە دەگونجێن، پێویستە «مصوبەی تأسیس»ی کۆنگرەی ئازادیی ئێران بخوێنینەوە.
لە ماددەی یەکەمدا باس لە «حق تعیین سرنوشت جامعە متکثر ایران» دەکرێت، و لە هەمان کاتدا یەکپارچەیی خاکی ئێرانیش وەک بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت. کورد، فارس، تورک، بەلووچ، عەرەب و تورکمانیش لەو دەقەدا لە ژێر ناوی گشتیی «جوامع»دا دەهێنرێن.
لێرەدا پرسیارەکە سادە و ڕوونە: ئایا مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد و پێکهاتەکانی دیکە بە جیا و سەربەخۆ دانراوە، یان بۆ کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێران وەک یەک گشت؟
دەقەکە مافی دیاریکردنی چارەنووس ڕەت ناکاتەوە، بەڵام خاوەنی ئەو مافە کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێرانە، نەک کورد یان پێکهاتەکانی دیکە بە جیا. ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە لەم چوارچێوەیەدا کورد وەک خاوەنی مافێکی سیاسیی سەربەخۆ پێناسە نەکراوە، بەڵکو وەک بەشێک لەو گشتە.
لە پرسی فیدراڵیزمیشدا هەمان نایەکسانی دەبینرێت. دەقەکە ناڵێت فیدراڵیزم بنەمای دانپێدانراوی کۆنگرەیە؛ تەنیا دەڵێت بەشێک لە حیزب و ئەندامان پێیان وایە فیدراڵیزم مۆدێلێکی گونجاوە، و کۆنگرەش لەسەری گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە دەکات. واتە فیدراڵیزم هێشتا بابەتی گفتوگۆیە، بەڵام یەکپارچەیی خاک لە سەرەتاوە وەک بنەمای نەگۆڕ دانراوە.
لێرەدایە جیاوازییەکە ڕوون دەبێتەوە: ئەوەی ناوەند دەیەوێت بیپارێزێت، پێش هەر دانوستانێک لە دەقەکەدا پارێزراوە؛ بەڵام ئەوەی کورد بە ماف و پێگەی سیاسیی خۆی دەزانێت، هێشتا وەک بابەتی گفتوگۆ لەسەر مێزە.
بۆیە دەبێت جیاوازیی نێوان دەستکەوت و گەرەنتی لەبەرچاو بگیرێت: دەستکەوت دەکرێت لە دەقدا هەبێت، بەڵام هیچ دەستکەوتێک بەبێ هێز نابێتە گەرەنتی.
٤. پێناسەی کورد: سنوورێک کە نابێت ببەزێنرێت
لێرەدا بۆ من سنوورێکی ڕوون هەیە: کورد دەتوانێت لەگەڵ هەر هێزێکی دیموکرات و فرەگەرای ئێرانی گفتوگۆ بکات، هاوپەیمانی ببەستێت و لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش کار بکات؛ بەڵام نابێت پێناسەی نەتەوەییی خۆی بکاتە نرخی ئەو هاوپەیمانییە.
ئەگەر کورد خۆی بە نەتەوە دەزانێت، دەبێت بە هەمان پێناسەوە بچێتە ناو دانوستان و کۆنگرەکانەوە. نابێت بۆ ئاسانکردنی هاوپەیمانی، لە نەتەوەوە دابەزێنرێت بۆ ئیتنیک، قەوم، یان تەنیا بەشێک لە «جامعە متکثر».
ئەمە تەنیا شەڕی وشە نییە؛ پێناسە سنووری داواکاری دیاری دەکات. کاتێک هەر لە دەستپێکدا پێگەی خۆت دادەبەزێنیت، دواتر زۆر سەختترە لەسەر هەمان مێز داوای مافێک بکەیت کە پێویستی بە پێگەیەکی سیاسی و کۆلێکتیڤ هەیە.
لێرەدا پرسی نوێنەرایەتی دێتە پێشەوە.
ساختاری کۆنگرە ئەندامەتیی خۆی بە حەوت گروپ دابەش دەکات: چالاکانی سیاسی و حیزبی، چالاکانی مەدەنی، ژنان، مافناسان، ئەکادیمیستان، کەسایەتیی ئابووری، و سیاسەتمەدارانی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. لەم ساختارەدا نەتەوە وەک یەکەیەکی جیاوازی نوێنەرایەتی پێگەی دیاریکراوی نییە.
بێگومان، هەر کوردێک دەتوانێت وەک ئەکادیمی، چالاک یان سیاسەتمەدار بچێتە ناو کۆنگرەوە؛ ئەمە مافی تاکەکەسیی خۆیەتی. بەڵام ئەگەر بوونی ئەو کەسە بە ناوی نوێنەرایەتیی کوردەوە بخوێندرێتەوە، ئەوا پرسیارێکی سادە دێتە پێشەوە: کێ دەسەڵاتی نوێنەرایەتیی کوردی پێ سپاردووە؟
ئەمە جیاوازیی بنەڕەتیی نێوان بوونی کورد و نوێنەرایەتیی کوردە. تاک دەتوانێت بۆچوونی خۆی بڵێت، بەڵام بوونی تاک بە خۆی نابێتە نوێنەرایەتیی سیاسیی کورد.
د. چەمەنئارا لە دیبەیتەکەدا دەڵێت فارسەکان زۆرینەی خەڵکی ئێران نین. بەڵام ئەم ئارگومێنتە بە خۆی شتێک چارەسەر ناکات، چونکە ئێرانشاری تەنیا گوتاری فارس نییە. لە ناو تورک، عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەشدا کەسان و هێزی سیاسی هەن کە هەمان بیرۆکەی ناوەندگەرایی و یەکپارچەیی دەوڵەتی ئێران دەپارێزن؛ تەنانەت بەشێک لە تورکەکان لە مێژووی دەوڵەتسازیی ناوەندیدا ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە.
بۆیە کێشەکە ئەوە نییە کە فارس زۆرینەن یان نا؛ کێشەکە ئەوەیە کە کام گوتار و کام ساختاری دەسەڵات زاڵە. نافارسبوون بە خۆی واتای دژەناوەندگەرایی یان دژەئێرانشاریبوون نییە.
هەمان کێشە لە میکانیزمی دەنگی نەرێنیی تایبەتدا دەبینرێت. دەقەکە دەڵێت ئەگەر سی لە سەدی ئامادەبووان و بیست و پێنج لە سەدی کۆی کورسییەکان ئەم مافە بەکار بهێنن، بڕیارەکە ڕەت دەکرێتەوە. بەڵام ئەمە وێتۆی کورد نییە، بەڵکو میکانیزمێکی گشتیی ئەندامانە؛ هیچ گەرەنتییەکی تایبەت نییە کە کورد وەک یەکەیەکی سیاسی بتوانێت ئەو ڕێژەیە مسۆگەر بکات.
کێشەکە ئەو کاتە قووڵتر دەبێت کە پێگەی نەتەوەیی لە دامەزراوە و نوێنەرایەتیی هاوبەشەوە بگوازرێتەوە بۆ تاکەکان. ئەوکات هەر کەسێک بۆ خۆی دەبێتە نوێنەر؛ خۆی سنووری داواکاری دیاری دەکات و خۆی بڕیار دەدات کە کورد تا کوێ داوا بکات. ئەم جۆرە تاکڕەوییە هێز دروست ناکات؛ پەرشوبڵاوی و لاوازی بەرهەم دەهێنێت.
بۆیە دیالۆگ و هاوپەیمانی بەڵێ، بەڵام بە پێناسەی خۆمانەوە. سازش دەکرێت لەسەر ڕێکار بێت، بەڵام نابێت لە پێناسەی خۆتەوە دەست پێ بکات.
٥. مێژوو و هاوسەنگیی هێز
دیالۆگ و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان شتێکی تازە نییە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا، کورد بەشداریی دەیان کۆنگرە و بەرە و هاوپەیمانیی جۆراوجۆری کردووە؛ هەندێک جار دەقی هاوبەش واژۆ کراوە و هەندێک جاریش، بۆ پاراستنی هاوپەیمانی، لە بەشێک لە داواکارییەکان پاشەکشە کراوە. بەڵام ئەم ئەزموونانە نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی جێگیر پێگەی سیاسیی کورد مسۆگەر بکەن.
ئەمە بەو مانایە نییە کە دەرگای دیالۆگ دابخرێت. کورد پێویستی بە گفتوگۆ و هاوپەیمانی هەیە، بەڵام هاوپەیمانیش دەبێت سنوور و پێوەری ڕوونی هەبێت. پێش چوونە ناو هەر هاوپەیمانییەک، دەبێت پێناسە و داواکاریی خۆمان بە ڕوونی دیاری بکەین و لەسەری بوەستین.
نموونەی بەرچاوی ئەمە مەنشووری مەهسای ساڵی ٢٠٢٣ بوو. لەو چوارچێوەیەدا کاک عەبدوڵڵا موهتەدی سازشی کرد؛ پێگەی نەتەوەییی کورد لە دەقەکەدا دابەزی بۆ ئیتنیک، و یەکپارچەیی خاکی ئێرانیش وەک بنەما وەرگیرا. کەچی سەرەنجام ئەو هاوپەیمانییەش سەری نەگرت.
ئەم ئەزموونە وەڵامێکی ڕوونە بۆ ئەوانەی پێیان وایە بە داشکاندنی داواکاری هاوپەیمانی دەپارێزرێت: داشکاندنمان کرد، بەڵام هەر سەری نەگرت. کەواتە کەمکردنەوەی داواکاری و دابەزاندنی پێگەی نەتەوەیی هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی هاوپەیمانی دروست ناکات.
ئەزموونی ئەحمەد موفتیزادەش لە هەمان ڕوانگەوە جێگای بیرکردنەوەیە. لە سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا، موفتیزادە هیوای بە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرانی دەسەڵاتی نوێ هەبوو و چاوەڕێی ئەوە بوو کە لە سیستەمی نوێدا دان بە مافی کورد و سوننەکاندا بنرێت. بەڵام هەر کە دەسەڵات جێگیرتر بوو، ئەو بۆشاییەی بۆ گفتوگۆ هەبوو بەرتەسک بووەوە؛ ناکۆکییەکان قووڵتر بوونەوە و موفتیزادەش دواتر دەستگیر و ساڵانێک زیندانی کرا.
ئەزموونی موفتیزادە هەمان پرسیار دەخاتە ڕوو: ئەگەر پێگە و گەرەنتی لە پشت گفتوگۆوە نەبێت، چی ڕێگە لەوە دەگرێت کە دوای جێگیربوونی دەسەڵات بەڵێنەکان بگۆڕدرێن؟
لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا نموونەی هاوشێوە هەن. لە عێراقدا فیدراڵیزم لە دەستووردا چەسپابوو و ماددەی ١٤٠یش بوونی هەبوو؛ بەڵام لە ٢٠١٧دا، کاتێک هاوسەنگیی هێز گۆڕا، دۆخی کەرکووکیش بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕا. لە ڕۆژاواشدا، ڕێککەوتنی ئازاری ٢٠٢٥، دوای گۆڕانی هاوسەنگیی سەربازی و سیاسی لە سەرەتای ٢٠٢٦دا، کەوتە ژێر مەرج و هاوکێشەیەکی نوێوە.
ئەم نموونانە نایسەلمێنن کە گفتوگۆ هەڵەیە؛ بەڵکو یەک شت نیشان دەدەن: دەق بە خۆی گەرەنتی نییە. لە سیاسەتدا بەهای ڕێککەوتن تەنیا بەوە ناپێورێت کە چی لەسەر کاغەز نووسراوە، بەڵکو بەوەش دەپێورێت کە کێ توانای پاراستن و جێبەجێکردنی لەسەر زەوی هەیە.
هەر بۆیە ئەو قسەیەی کە دەڵێت «ئێستا بچینە ناو هاوپەیمانییەکە، دواتر چارەسەری دەکەین» مەترسیدارە؛ چونکە لەوانەیە دواتر، ئەو کاتە بێت کە ناوەند سوپا و داهات و بیرۆکراسی و دامەزراوەکانی خۆی دووبارە ڕێک خستبێتەوە و هاوسەنگیی دانوستان بە زیانی کورد گۆڕابێت.
بۆیە هەر ماف و داواکارییەک کە ئەمڕۆ بە بیانووی قۆناغی گواستنەوە دوا بخرێت، دەبێت پێشوەخت وەڵامی ئەم پرسیارەی لەگەڵدا بێت: بۆچی ئەو مافەی ئەمڕۆ بەدەست نایەت، سبەی کە ناوەند بەهێزتر بوو، بە ئاسانتر بەدەست دەکەوێت؟
٦. دەرئەنجام: دیالۆگ بە پێناسەی خۆمانەوە
د. چەمەن ئارا ڕاست دەکات کە مەیدانی سیاسی نابێت بەجێبهێڵدرێت، و بەتەواویی هاورایی د. سلێمانیم کە دڵێت:مافی نووسراو لەسەر کاغەز، بەبێ هێز و گەرەنتی، خۆبەخۆ ناپارێزرێت؛ بەڵام هیچ یەکێک لەم دوو هەڵوێستە بە تەنیا وەڵامی تەواوی پرسی کورد نییە.
ئەگەر بەشداری تەنیا واتای کورسییەک بێت لە ساختارێکدا کە پێگە و سنووری دانوستانی پێشتر لە دەرەوە بۆت دیاری کرابێت، ئەوا ئەمە زیاتر ئامادەبوونە تا بەشداریی کاریگەر. لە لایەکی دیکەشەوە، پێداگری لەسەر پێگە، ئەگەر بە ڕێکخستن و هاوپەیمانی و هێزی مەیدانییەوە نەبەسترێتەوە، بە خۆی بەس نییە و نابێتە توانای سەپاندن.
کەواتە کورد نە دەبێت دەرگای دیالۆگ دابخات و نە دەبێت بە هەر نرخێک بچێتە ناو یارییەکەوە.
پێناسەی نەتەوەییی کورد هێڵی سوور و سنووری ئێمەیە. گفتوگۆ لەسەر شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات دەکرێت، سازش لەسەر ڕێکاری مەیدانی دەکرێت، و هاوپەیمانیش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دەبەسترێت؛ بەڵام ئەگەر پێش دەستپێکردنی دانوستان، بۆ ڕازیکردنی ناوەند، خۆت لە نەتەوەوە دابەزاندە ئیتنیک یان قەوم، ئەوا لە هەموو سەرەتاوە پێگەی دانوستانی خۆت دۆڕاندووە.
بۆیە پرسیارە سەرەکییەکەی دیبەیتەکە هەرگیز ئەوە نییە کە بچین یان نەچین؛ بەڵکو پرسیارەکە لە بنەڕەتدا ئەمانەن:
- بە چ پێگەیەک دەچین؟
- بە نوێنەرایەتیی کێ و کام دامەزراوەوە دەچین؟
- چی دەخەینە سەر مێز و لە بەرامبەردا چی وەردەگرین؟
- ئەگەر ڕێککەوتنەکە پێشێل کرا، چ هێز و پشتێنەیەکمان لەسەر زەوی بۆ پاراستنی هەیە؟
لێرەدایە کە مێتافۆری مەیدانی مینڕێژکراو قووڵترین مانای خۆی دەردەخات: مەبەست ئەوە نییە کە بە بیانووی مەترسییەوە مەیدانەکە بەجێبهێڵیت، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بە نەخشەی خۆت، بە پێناسەی خۆت و بە هێزی خۆتەوە بچیتە ناوی.
چونکە تەنیا بوون لە ناو پڕۆسەیەکدا بە مانای بەشداری نییە؛ بەشداریی ڕاستەقینە ئەو کاتەیە کە بە پێناسەی نەتەوەییی خۆتەوە بچیتە ناوەوە و لە داڕشتنی ڕێساکانی پڕۆسەکەشدا خاوەن دەسەڵات و مافی ڤێتۆ بیت.
سەرچاوەکان
١. کنگره آزادی ایران، «مصوّبهی تأسیس کنگره آزادی ایران»، پەسەندکراوی ٢٨ی فەروەردینی ١٤٠٥ لەلایەن «شورای هماهنگی (مؤسس)»ەوە (ماددەی ٦، بڕگەی ٤٢).
https://www.ifcongress.org/fa/resolution
— مافی دیاریکردنی چارەنووس («حق تعیین سرنوشت جامعه متکثر ایران»): ماددەی ١، بڕگەی ٢.
— یەکپارچەیی خاکی ئێران («یکپارچگی سرزمینی ایران»): ماددەی ١، بڕگەی ٣.
— «جوامع» (فارس، تُرک، کُرد، بلوچ، عرب، ترکمن)، «اقلیتهای زبانی و مذهبی»، و فیدراڵیزم وەک بۆچوونی «بخشی از احزاب و اعضاء»: ماددەی ١، بڕگەی ٤.
— حەوت گروپی ئەندامەتی: ماددەی ٢، بڕگەی ٨.
— دەنگی نەرێنیی تایبەت (٣٠٪ی ئامادەبووان و ٢٥٪ی کۆی کورسییەکان): ماددەی ٢، بڕگەی ١٥.
٢. کنگره آزادی ایران، پەڕەی فەرمی (دامەزراندنی کۆنگرە لە ٧ و ٨ی فەروەردینی ١٤٠٥ لە لەندەن؛ کۆبوونەوەی پێشوەختە لە ٢٣ و ٢٤ی فێبریوەری لە لەندەن).
https://www.ifcongress.org/fa
٣. دیبەیتی د. کەماڵ سلێمانی و د. بێهرووز چەمەنئارا، کەناڵی یوتیوبی ڕۆژهەڵات نیووز:
https://youtu.be/SMrxontCbSo
https://youtu.be/ic2Swbg7sC8
٤. Ramin Jahanbegloo, The Idea of Persia: A Philosophical Enquiry, London: Gingko (Gingko–St Andrews Series), 2025, 144 p., ISBN 978-1-914983-32-0.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی
حەمدی، ئارتین(٢٠٢٦): لە کایەی زمانەوە بۆ هاوسەنگیی هێز. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانی سیستمی جیهانی شاهۆ لە پاش هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ز، زۆرێک لە توێژەرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وابوو کە جیهان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەرەو قۆناغێکی تاکجەمسەری ڕۆیشتووە. [...]
فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد)
فیقهی کەلاکخۆرەکان (کاتێک میحراب دەبێتە قەسابخانە و مەلا دەبێتە جەللاد) کامەران محەممەد ئەی ئەو مەخلوقە بچووکەی کە لەناو پۆشاکێکی پیرۆزدا خۆت حەشار داوە و وا دەزانیت کلیلی بەهەشت و دۆزەخت لە [...]
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ
سیاسەتی ئەخلاقی کردنەوەی سیاسەت: قاسملوو و ئاریستۆ ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی: کاتێک ئەخلاق دەبێتە سیاسەت لە مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤدا، کەم پرسیار هەیە وەک پەیوەندی نێوان ئەخلاق و سیاسەت ئەوەندە مشتومڕی لەسەر کرابێت. [...]
“کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ” (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)
"کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ" (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون) ئارام کەیخوسرەوی ڕەنگە هەموومان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەمان بیستبێت؛ ڕەنگە بەشێکی بەرچاویشمان گێڕانەوەی [...]
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو کامران ئەمین ئاوە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاوینێکی گەرم و پڕ لە جووڵەی سیاسی بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکم لەبەردەم نووسینگەی "یەکیەتی لاوان"ی بۆکان دانیشتبووین [...]
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]







