ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟
ئیبراهیم مەلازادە
یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای ژێردەستە چییە؟ ئایا بەڕاستی کورد ژێردەستەیە و داگیرکەرانی کوردستانیش سەردەستن؟
دیارە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا سەپاندنی هەژموون، واتە سەپاندنی بەها، زمان، کولتوور و مۆدێلی ژیانی لایەنی لاواز، بەجۆرێکە کە لایەنی ژێردەستە هیچ بژاردەیەکی نامێنێت جگە لە خۆبەدەستەوەدان و خۆگونجاندن، بەمانای ئینتەگراسیۆن یان ئینتەگرێیشن (Integration). لێرەدا ئەگەر داگیرکراو باوەڕی بەوە هێنا کە چارەنووسی لەگەڵ داگیرکەردایە و دۆخی ژێردەستەیی دۆخێکی سروشتی و حەتمییە، یان بەکورتی دەوڵەتی نەتەوەیی ڕەتبکاتەوە، ئەوا لە قۆناغی داگیرکراویدا دەردەچێت بۆ قۆناغی ژێردەستەیی. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا کورد باوەڕی بەو ژێردەستەییە هێناوە؟ ئایا ئەو دۆخەی کە بەسەریدا هاتووە بە سروشتی دەزانێت و بەتەواوەتی و ڕەهایی خۆی ڕادەستکردووە؟
بەر لەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە سەرەوە بدەینەوە، ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان داگیرکاری (Occupation) و سەردەستی (Hegemony)؟ بەبۆچوونی خۆم و لە ئەنجامی بەراوردکارییەکەم بۆ دۆخی کورد، لە ڕوانگەی ئەو تیۆرییانەی کە لەو بوارەدا شرۆڤە کراون، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەنێوان هەردوو چەمکی داگیرکەر و سەردەست، بەتایبەتیش لە ئەدەبیاتی پۆستکۆلۆنیالیزمدا. لەو ئەدەبیاتەدا جیاوازییەکە زیاتر پەیوەندی بە شێوازی سەپاندنی دەسەڵاتەوە هەیە. داگیرکەر زیاتر پشت بە هێزی ڕەق دەبەستێت، کە خۆی لە بەکارهێنانی سوپا، زەبروزەنگ، یاسا و داگیرکاری فیزیکی و جوگرافی دەبینێتەوە. بەڵام سەردەست زیاتر پشت بە هێزی نەرم دەبەستێت، بەمانای هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی گشتی، سەپاندنی کولتوور و ئایدیۆلۆژیا و ڕازیبوونێکی سایکۆلۆژییانەی ژێردەستە بە کولتوور و ئایدیۆلۆژیای سەردەستدا، کە بۆی هەیە قۆناغی دوای داگیرکاری بێت. واتە داگیرکراوەکان تا لە قۆناغی داگیرکراوییدا بن، مانەوەیان مسۆگەرترە تا لە قۆناغی ژێردەستەییدا. ئەوەی زیاتر هەستی بەو جیاکارییە کردووە ئەنتۆنیۆ گرامشییە. گرامشی دەسەڵات دابەش دەکات بۆ دوو چەمکی سەرەکی: یەکەمیان سەپاندن (Domination)، کە لە ڕێگەی دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت، بەتایبەتیش سوپا و پۆلیس و دادگاکان. دووەم چەمکی هەژموونە، کە لە ڕێگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەدەست دێت، کە بریتییە لە (قوتابخانە، مزگەوت/کڵێسا، میدیا و کولتوور). لە ڕوانگەی ئەودا دەسەڵات دەبێتە “سەردەست”، چونکە وای لە خەڵک کردووە بە ئارەزووی خۆیان، بەبێ هێزی سەربازی باڵادەست (ئەوی دیکە)، قبووڵی بکەن.
بۆ سەلماندنی ئەو ڕوانگەیە، ڕایەکی لەو جۆرە هەیە کە لەلایەن دوو مێژوونووسی هیندی، گایاتری سپیڤاک و ڕاناجیت گوها، پشتڕاستکراوەتەوە، کە پێیانوایە بریتانیا لە هیندستان داگیرکەر بوو، دەسەڵاتیشی هەبوو، بەڵام سەردەست نەبوو، بەمانای ئەوەی بریتانیا نەیتوانی سەردەستی ڕۆحی و کولتووری بەسەر هیندییەکاندا بسەپێنێت. ئەمەش مانای وایە داگیرکەر هەمیشە جیاوازە لە سەردەست، یان دەتوانین بڵێین داگیرکەر قۆناغێکە پێش سەردەستەوە. ئەگەر داگیرکەر توانی سەردەستی ڕۆحی و کولتووری بەسەر داگیرکراودا بسەپێنێت، ئەوا داگیرکراو دەبێتە ژێردەستە و دەچێتە قۆناغی دووەم. بەڵام تا ئەو ئاستەی نەتەوەی داگیرکراو خۆی ڕادەست نەکات، خۆی لەگەڵ داگیرکەردا نەگونجێنێت (ئینتەگرێیت) نەکات، ئەوا هێشتا ئەو نەتەوەیە نەبووە بە نەتەوەیەکی ژێردەستە. فرانس فانۆنیش پشتگیری لەو بۆچوونە دەکات. ئەو لە کتێبی “پێست ڕەشەکان، ماسکە سپییەکان”دا، لە ڕوانگەیەکی دەروونییەوە ئەو جیاوازییە ڕوون دەکاتەوە. پێیوایە کاتێک داگیرکراو بە سووک و بێبەها تەماشای زمان و کولتووری خۆی کرد، مانای وایە هەوڵدەدات وەک داگیرکەرەکەی لێ بێت، واتە ماسکە سپییەکە بپۆشێت. لەوانەیە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێوەری ماسکە سپییەکە ببێتە دیشداشە و عەگال. واتە کاتێک داگیرکراوی کورد دیشداشەی پۆشی، ئەوا جۆرێکە لە خۆبەدەستەوەدان، کە داگیرکەر وەک سەردەستی ڕۆحی و دەروونی تەماشا بکات، یان هەست بەخۆی نەکات کە ئەو نەکهەر داگیرکراوە، بەڵکو جڵەوی ڕووبەڕووبوونەوەشی لەدەستداوە. کەواتە لێرەدا لە ڕوانگەی فانۆنەوە مەترسیدارترین قۆناغ، قۆناغی دووەمە، کە قۆناغی ژێردەستەییە، قۆناغی لەدەستدانی هەژموون، یان قۆناغی سڕینەوەی سیما تایبەتەکان و خۆڕادەستکردنی تەواوەتی بە داگیرکەر و بوون بە ژێردەست. بەڵام ئێدوارد سەعید لەو بارەیەوە هاوبیر نەبووە. پێیوایە کۆلۆنیالیزم توانیویەتی ڕۆژهەڵات، بەتایبەتیش دونیای عەرەبی، لەڕووی کولتووری و ڕۆحییەوە داگیر بکات، بەڵام لە واقیعدا کۆلۆنیالیزم بەتەواوەتی شکستی هێناوە لەوەی نەتەوەی عەرەب داگیر و دەستەمۆ بکات، دوای ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بەجێهێشتن.
دەتوانین بڵێین کۆلۆنیالیزم وڵاتانی دونیای سێیەم و عەرەبی لە دۆخێکی نزیک لە دۆخی فەوزا و گەڕەلاوژدا بەجێهێشتووە، بەڵام نەیتوانیوە بەها و نۆرمە ڕۆژئاواییەکان بسەپێنێت، کە لە پێشەوەی هەموویانەوە بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و پێکەوەژیانن.
کەواتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکە، ئایا کورد ژێردەستەیە؟ بەمانایەکی دیکە، ئایا داگیرکەر توانیویەتی زمان و کولتوور و مۆدێلی ژیانی خۆی بەسەر نەتەوەی کورددا بسەپێنێت؟ لە ڕاستیدا ئەو وەڵامە زۆر ئاڵۆزە. لەوانەیە بۆ هەر بەشێکی داگیرکراوی کوردستان پێویستمان بە وەڵامێکی جیاواز هەبێت، هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین لە وەڵامدا بڵێین: نەخێر، کورد ژێردەستە نییە، هەرچەندە بەشێک لە کوردیش بە تەواوی کەوتبێتە ژێر هەژموونی داگیرکەر و بەها و نۆرمەکانی داگیرکەری قبووڵکردبن. داگیرکەری عەرەب، تورک و فارس، ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێژەییش، لەژێر هەژموونی سیاسەتی ڕاگواستن و لێکدابڕین و قەدەغەکردنی زمان و کولتووری کوردەواری توانیویەتی بەشێک لە کورد ژێردەستە بکات، بەڵام تا ئێستاش زۆرینەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەرگرییەکی هەمیشەییدا بوون و ڕازی نەبوون ژێردەستە بن. داگیرکراوە، ڕاستە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە پرۆسەی خۆگونجاندن و ئینتەگراسیۆن (Integration) بباتە پێشەوە. لێرەدا تێبینییەکی زۆر گرنگیش هەیە شایەنی ئاماژەپێکردنە، ئەویش ئەگەر کوردێک هەبێت پێیوابێت داگیرنەکراوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە نەکهەر قۆناغی داگیرکراوی و قۆناغی ژێردەستەییشی پەڕاندووە، بەڵکو ئەو لە قۆناغی کۆتاییدا دەژیێت و بەتەواوەتی لە قاڵب و بچمی داگیرکەردا تواوەتەوە و هەموو سیماکانی کوردبوونی خۆی لەدەستداوە.
لێرەدا پرسیارێکی دیکەی جددی دێتە پێشەوە، ئەویش پرۆسەی ئینتەگراسیۆنی بەڕێز ئۆجالانە. ئایا مەبەست لە چەمکی ئینتەگراسیۆن هەمان ئەو پرۆسەی ئینتەگرێیشنی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ پەنابەران؟ وەڵامی ئەو پرسیارە دەخەمە ئەڵقەی داهاتوو.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
مەلازادە، ئیبراهیم(٢٠٢٦): ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟ ئیبراهیم مەلازادە یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی
خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانه بۆ وڵامەکەی بەڕێز ئیبراهیم لاجانی بۆ بەڕێز شەهلا دەباغی جەمیل ئەحمەدی وەڵامەکەی کاک ئیبراهیم لاجانی هەوڵ دەدات بە تێپەڕین لە دووانەی تەقلیل گەرایانەی گۆشەگیریی ڕەها و تێکەڵاوبوونی ساویلکانه، ئاسۆیەکی [...]
دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین
دکتۆر قاسملوو: سیاسەت، ئابووری و خەباتی نەتەوەیی؛ دوای ٣٧ ساڵ هێشتا بیرۆکەکانی دەژین حەسەن قارەمانی مێژوو تەنیا بە شەڕ، سنووربەندی و بڕیاری فەرمانڕەوایان ناخولقێت؛ بەڵکو بەرهەمی بیر و هزری ئەو کەسانەشە کە بیرۆکەکانیان کاریگەریی بەردەوامیان لەسەر نەوەکان هەیە. لە [...]
یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»!
یاریی گلادیاتۆری و شوناسی سەر «لم»! عەلی لەیلاخ لە سەردەمی ڕۆمدا، لە ١٠٥ی پێش زایین تا ٤٠٤ی پاش زایین، گلادیاتۆرە چەوساوەکان یاریی مەرگیان دەکرد بۆ چێژبەخشین و سەرقاڵکردنی چینی دەستڕۆیشتوو. دەگوترێت [...]







