ناسنامە، دەوڵەت و سەرگەردانیی هزریی کورد
ماردین ڕەحیم نژاد
لە پرسیاری بوونناسیی (Ontological) «کێم ئەم؟»ەوە بۆ پرسیارە سیاسییەکەی «خەڵکی کوێم؟»؛ جیاوازیی نێوان ناسنامە (Identity) و دەوڵەت (State) و سەرگەردانیی هزری کوردی لە پێناسەکردنەوەی خۆیدا.
جام جیهانیی تۆپی پێ بە شێوەیەکی گشتی بە جەژنی نەتەوەکان دادەنرێت، بەڵام ئەگەر قووڵتر بڕوانین، ئەم ڕکابەرییە زیاتر لەوەی لە نێوان نەتەوەکاندا بێت، لە نێوان دەوڵەتەکاندایە. زەویی تۆپی پێ لە ڕاستیدا وێنەیەکی بچووککراوەی نەزمی سیاسیی جیهانە؛ نەزمێک کە تێیدا نە زمان، نە مێژوو، نە کولتوور و نە هەستی هاوبەش، بەڵکوو دەوڵەت و سەروەری پێوەری ناسینەوەن. بۆ نموونە، تیمی نیشتمانیی فەڕەنسا دەکرێت لە یاریزانانێک بە ڕەچەڵەک ئەفریقی، عەرەبی یان کارائیبی پێکهاتبێت، بەڵام هەموویان لە ژێر یەک ئاڵا، یەک پاسپۆرت و یەک ناسنامەی سیاسیی یەکگرتوودا بە ناوی «فەڕەنسا» کێبڕکێ دەکەن. لە بەرامبەردا، ئەگەر چەندین یاریزانی کورد لە جامی جیهانیدا بۆ تیمە جیاوازەکان بچنە مەیدانەوە، سەرەڕای زمان، یادەوەریی مێژوویی و ناسنامەی هاوبەش، هیچ کامێکیان ناتوانن بە ناو و ئاڵای «کوردستان»ەوە ئامادە بن. جیاوازییەکە لە بەهرە یان شایستەییدا نییە؛ جیاوازییەکە لە هەبوون یان نەبوونی دەوڵەتێکدایە کە لە لایەن نەزمی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نرابێت.
ئەم ڕاستییە دەکرێت بە دوو پرسیاری بنەڕەتیی فەلسەفە ڕوون بکرێتەوە: «من کێم؟ یان کێم ئەم؟» و «من خەڵکی کوێم؟». پرسیاری یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ناسنامەی مرۆڤ؛ بۆ زمانی دایک، یادەوەریی بەکۆمەڵ، کولتوور، مێژوو و هەستی هاوبەشی بوون. وەڵامەکەی دەکرێت ئەوە بێت کە «من کوردم»، «من بەلووچم» یان «من کەتەلۆنیم». بەڵام پرسیاری دووەم، پرسیارێکی یاسایی و سیاسییە؛ ئەمەی کە کام دەوڵەت نوێنەرایەتیت دەکات، بە کام پاسپۆرت لە سنوورەکان تێدەپەڕیت و لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بە ناوی کام وڵاتەوە دەناسرێیت. بەم هۆیەشەوە، دەکرێت بگوترێت ناسنامە مرۆڤ پێناسە دەکات، بەڵام دەوڵەت مرۆڤ بە جیهان دەناسێنێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا، دامەزراوەکانی وەک فیفا، هاوشێوەی زۆربەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نەک ناسنامە کولتوورییەکان، بەڵکوو دەوڵەتە خاوەن سەروەرییەکان بە فەرمی دەناسن.
لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە، ئەمە هەمان جیاوازیی نێوان «بوون» و «دانپێدانان»ە. هیگڵ پێی وابوو کە خۆئاگاهی دەرکیی مرۆڤ تەنیا کاتێک تەواو دەبێت کە لە لایەن «ئەویتر»ەوە دانی پێدا بنرێت. ئەگەر ئەم هزرە لە تاکەوە بۆ نەتەوە بگۆڕین، دەکرێت بگوترێت ناسنامە خۆئاگاهی نەتەوەیەکە و دەوڵەت شێوازی یاساییی دانپێدانانی ئەو نەتەوەیەیە لە نەزمی نێودەوڵەتیدا. لەبەر ئەوە، لەوانەیە نەتەوەیەک خاوەنی ناسنامە، مێژوو و یادەوەرییەکی چەند هەزار ساڵە بێت، بەڵام تا ئەو کاتەی بێبەش بێت لە دەوڵەتی سەربەخۆ، لە زۆرێک لە کایە فەرمییەکانی جیهاندا، لەوانەش جامی جیهانیی تۆپی پێ، دەرفەتی ئامادەبوونی بە ناو و ئاڵای خۆیەوە نابێت. لە دۆخێکی ئاوادا، دابڕانێک لە نێوان ڕاستیی بوونی نەتەوەیەک و پێگەی یاساییی ئەو لە جیهاندا دروست دەبێت.
هانا ئارێنت ئەم دۆخە بە چەمکی «مافی هەبوونی مافەکان» ڕوون دەکاتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، مافەکانی مرۆڤ لە جیهانی مۆدێرندا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی دەوڵەتەوە مسۆگەر دەکرێن؛ کەواتە، نەبوونی دەوڵەت تەنیا بە واتای نەبوونی سنوور یان حکوومەت نییە، بەڵکوو بە واتای بێبەشبوونیشە لە دەرفەتی نوێنەرایەتیی فەرمی. بەم هۆیەشەوە، جامی جیهانی تەنیا ڕووداوێکی وەرزشی نییە؛ بەڵکوو ئاوێنەیەکە لە نەزمی سیاسیی جیهان کە نیشانی دەدات چۆن پێکهاتەی دەسەڵات، ناسنامەکان بە فەرمی دەناسێت یان پشتگوێیان دەخات. ڕەنگە گرنگترین پرسیار ئەوە نەبێت کە چەند یاریزانی کورد لە جامی جیهانیدا ئامادەن، بەڵکوو ئەوە بێت کە بۆچی جیهان ئەوان نەک لە دەروازەی ناسنامە مێژوویی و کولتوورییەکەیانەوە، بەڵکوو تەنیا لە دەروازەی ئەو دەوڵەتانەوە دەبینێت کە خاوەندارێتیی هاووڵاتیبوونی یاسایی ئەوانیان لە دەستدایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مێژوو نیشانی داوە کە ناسنامە و دەوڵەت دوو چەمکی وەک یەک نین. دەوڵەتەکان دەکرێت شێوە بگرن، بگۆڕدرێن یان تەنانەت لەناو بچن، بەڵام ناسنامەکان زۆرجار لە زمان، کولتوور، یادەوەری و گێڕانەوە بەکۆمەڵەکاندا بەردەوام دەبن. لەم ڕوانگەیەوە، پرسیاری «کێم ئەم؟» قووڵترە لە پرسیاری «من خەڵکی کوێم؟»؛ چونکە یەکەمیان ئاماژە بە ڕاستیی بوونی مرۆڤ و نەتەوەکان دەکات و دووەمیان بۆ پێکهاتەی دەسەڵات و نەزمی سیاسیی جیهان. ڕەنگە هەر ئەم دابڕانەی نێوان ناسنامە و دەوڵەت، نێوان بوون و دانپێدانان، یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسیی هاوچەرخ بێت؛ پرسێک کە تۆپی پێ، زیاتر لە هەر کایەیەکی دیکە، بە شێوازێکی سادە، بەرجەستە و جیهانی دەیخاتە بەردەم چاوەکانمان.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی
ڕەحیم نژاد، ماردین(٢٠٢٦): ناسنامە، دەوڵەت و سەرگەردانیی هزریی کورد. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا ڕێباز ڕۆژهەڵات مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری [...]
لەپێناو مانەوە
لەپێناو مانەوە پێشەوا عەلیپوور ڕووخانی دیواری بەرلین و هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و داڕمانی ئیدۆلۆژیی کۆمۆنیزم، لە نیشانەکانی دەرکەوتنی نەزمی نوێی جیهانی و ڕاگواستن بەرەو سەدەی ٢١ بوون، [...]
کورد و شەڕی مەلازگرد
کورد و شەڕی مەلازگرد نووسەر: ئیسماعیل شەمس وەرگێڕ: فەرهاد ئەکبەری ٢٦ی ئاب، ١٠٧١ی زایینی، ساڵڤەگەڕی شەڕی مەلازگرد و سەرکەوتنی ئاڵپ ئەرسەلانی سەلجووقییە بە سەر ئیمپراتۆریای رۆمدا. ئەم سەرکەوتنە، دەروازەکانی ئانادۆڵی بۆ تورکان کردەوە و بە مانەوەیان لەم [...]
پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکا؛ دوو ڕابەر لە ڕێگەی واشینگتنەوە
پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەمریکا؛ دوو ڕابەر لە ڕێگەی واشینگتنەوە نووسین: پەروەر ئارمەد پێداچوونەوەی وەرگێڕان: محەمەدساڵح قادری قاسملوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای "پشتیوانیی مەعنەوی و سیاسی"ی کرد. جەختی لەوە کردەوە کە [...]
سەرکردە کوردەکان بەدوای «پەیوەندی»دا دەگەڕێن ڕۆژنامەی «جمهورییەت» ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨
سەرکردە کوردەکان بەدوای «پەیوەندی»دا دەگەڕێن ڕۆژنامەی «جمهورییەت» ٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٨ دیمانە: سابتای ڤارۆل پێداچوونەوەی وەرگێران: محەمەدساڵح قادری پاریس— عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جەلال تاڵەبانی، سەرکردەی [...]
گێڕانەوەیەک لەسەر ناسیاویی دوکتور قاسملوو و ئەردال ئینۆنو
گێڕانەوەیەک لەسەر ناسیاویی دوکتور قاسملوو و ئەردال ئینۆنو نووسین: پەروەر ئارمەد پێداچوونەوەی وەرگێڕان: محەمەدساڵح قادری چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، کاتێک جارێکی تر ئەو لاپەڕە ڕۆژنامەیەم بینییەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە سەردێڕی [...]







