وتار
مانیفێستی ژنوشیاریی
بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک: 26.08.2026
وەیسی، فەریدە (٢٠٢٦): مانیفێستی ژنوشیاریی. وتاری بەردەست. ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
مانیفێستی ژنوشیاریی
زۆر هەوڵیان دا ئێمە بسڕنەوە و هەموو ڕێگایێکیشیان تاقی کردەوە، بەڵام سەرنەکەوتن و هەر ئەم هەوڵە بێ ئاکامەش بۆ سەرکوتی ئێمە ڕووخانی خۆیانی بەدوادا دێ. دەنگیان کپ کردین و ژنوشیاریی ئەو دەنگە کپ کراوەیە کە بەرز دەبێتەوە. چونکە بوونی ئەوان لە نەبوونی ئێمەدا پێناسەکراوە، ئەم دەنگە بەهێزترین هۆکارە بۆ لەناوبردنی پێناسەی ساختەی ئەوان. “یان ڕزگاریی بۆ هەمووانە، یان بۆ هیچکەس.”
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت
ژنی کورد ناتوانێ بەتەنیا فێمینیست بێت چونکە ئەزموونی ژینکراوی ئەو هیچکات تەنیا لە یەک ستەم، واتە ستەمی ڕەگەزیی پێک نەهاتووە و لە چوار بەشی کوردستان بەردەوام بە دوو فاکتۆری نەگۆڕی شوناسی خۆی واتە ڕەگەز و نەتەوە چەوساوەتەوە. هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایکبوونیەوە وەکوو ڕەگەزی ناتەواو چاوی لێکراوە، لە قوتابخانەکان زمانی دایکی لێ قەدەغەکراوە، لە سیستەمی یاساییدا شارومەندێکی مەرجدار بووە، لە چوارچێوە سیاسییەکاندا حاشا لە شوناسە کوردستانییەکەی کراوە و، ناچار بووە لەو جوگرافیا سیاسییانەی تێیدا دەژی، تەنانەت بۆ داواکردنی مافە ڕەگەزییەکانیشی سەرەتا بیسەلمێنێت کە ئێرانی، عێراقی، تورکیەیی یان سووریاییە و هیچکات وەکوو ژنێکی کوردستانی کە دەبێ خاوەن مافی یەکسانی شارومەندی بێت بەفەرمی نەناسراوە. بۆیە فێمینیسمێک کە داوا لە ژنی کورد دەکات پرسی نەتەوە وەلابنێت لەڕاستیدا داوای لێدەکات بەشێک لە شوناسی خۆی و ئەزموونی ژینکراوی خۆی بسڕێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە پرسی ڕەگەز بۆ ژنی کورد بەردەوام لەگەڵ پرسی نەتەوە لێکئاڵاو بووە و ئەزموونی ژینکراوی ژنی کورد یەکپارچەیە و ناکرێ ئەو دوو لایەنە لێک جیا بکرێنەوە و، ڕەگەز لە لایێک و زمان، فەرهەنگ و نەتەوەکەی لە لایێکی دیکەوە دابنرێت. بەم هۆکارە ژنی کورد ناتوانێ لە چوارچێوەی گوتارێکدا بەدوای ڕزگاری و ئازادیدا بگەڕێت کە چاوپۆشی لە بەشێک لەم ئەزموونانە دەکات و داوای لێدەکات لە هەمبەر ستەمێکی سیستەماتیک، مێژوویی و نەتەوەیی بێدەنگ بێت، چۆنکە ئەم جۆرە گوتارانە لەجیاتی ڕزگاریی شێوازێکی تر لە سڕینەوە بەرهەم دێننەوە. بۆیە بۆ ژنی کورد تەنیا خەبات بۆ گەیشتن بە یەکسانیی ڕەگەزیی چارەسەر نییە، بەڵکوو لەپێشدا دەبێ قوناغی یەکەم واتە خەبات بۆ ڕزگاری تێپەڕ بکات. ڕزگار بوون لە هەموو هەڵاواردنە نەتەوەیی و رەگەزییەکان و ئەمەش بە واتای وەلانانی ئەو پێوەرانەیە کە فێمینیستە ناوەندخوازەکان بۆ یەکسانی دایانناوە.
ئەگەرچی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە، بەڵام ژنی کورد نابێ ڕزگاریی خۆی بە رزگاریی ژنانی نەتەوەی داگیرکەرەوە گرێ بدەنەوە، بەڵکوو سەرەتا دەبێ ڕزگاریی خۆی و نەتەوەکەی بە یەکەوە گرێ بدات.
ڕەوتی فێمینیسم لە جیهان
سێ پرسیاری بنەڕەتی کە تیۆرییە فێمینیستییەکان لەسەریان داڕێژران ئەمانە بوون:
- سەبارەت بە ژنان چی دەزانین؟
- بۆچی دۆخی ژنان وەهایە؟
- بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دەتوانین چی بکەین؟
وڵامی پرسیاری یەکەم زانست و بەرچاوڕوونییەکی ڕاستەقینەمان لە سەر ئەو دۆخەی کە ژنان تێیدان پێدەدا، چونکە زۆربەی زانست و شرۆڤەگەلێک کە لەسەر دۆخی ژنان هەمانە لە ڕوانگەی پیاوانەوە بووە، واتە سەرەڕای ئەوەی ژنان نیوەی لە کۆمەڵگەن، بەڵام پشکێکی وەهایان لەم شرۆڤە و زانستە بەرنەکەوتووە و تەنانەت دۆخ و کێشەی ژنانیش لە ڕوانگەی ئەو نیوەکەی تر واتە پیاوان شرۆڤە کراون.
پرسیاری دووەم جەخت لە سەر هۆکاری دۆخی نالەباری ژنان دەکات و هەروەها ئەو پرسیارەمان دەخاتە بەردەست کە بۆچی ژنان نەیانتوانیوە لە بەرهەمهێنانی زانست و تەنانەت لەو بوارەشدا کە پەیوەندی راستەوخۆی بە خۆیان و دۆخی ژیانیانەوە هەیە، چالاکانە بەشداربن.
پرسیاری سێهەمیش باس لەوە دەکات کە چۆن دەتوانین دۆخی نالەباری ژنان بگۆڕین. ئەم پرسیارە و هەنگاونان بەرەو گۆڕان، لەپاش ڕوونکردنەوەی دۆخی ژنان و هۆکارەکانی دێتە ئاراوە. واتە تا دیاردەی هەڵاواردنی ڕەگەزی و هۆکارەکانی بەباشى نەناسرێن و شرۆڤەی زانستی و بەپیزیان بۆ نەکرێت، نەتەنیا هەنگاوهەڵێنان بۆ گۆڕینی بێسوودە بەڵکوو دەتوانێ خۆی ببێتە هۆکاری زیادبوونی کێشە و هەڵاواردنەکان.
لە سەرەتاوە بەردی بناغەی فێمینیسم وەکوو پرسێکی جیهانی وڵامدانەوە بەم سێ پرسیارە بوو. بۆیە هەر لە سەر ئەم بنەمایە کە پرسی ژن پرسێکی جیهانییە و دەبێ هەموو ژنان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزیی هاودەنگ و یەکگرتوو بن، بەرەبەرە فێمینیسمی سێکولار، فێمینیسمی لیبراڵ و فێمینیسمی رادیکاڵ هاتنە ئاراوە و هەر ئەمانەش بوونە هۆی خستنە بەر باسی پەیمانی خوشکایەتی لە نێو فێمینیستەکانی جیهان. بەڵام دواجار لە هەندێ وڵات وەکوو ئەمریکا، کەنادا، هیندوستان و … ژنانی ڕەشپێست و هەروەها ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکان، دوای ئەوەی تێگەیشتن لە لايەن ژنانی نەتەوەی سەردەست و چینی سەردەستەوە زیاتر لە پیاوانی هاونەتەوە و هاوچینی خۆیان دەچەوسێنەوە، پرسیاری چوارەم وەک پرسیارێکی مەزن هاتە ئاراوە. ئەویش ئەوە بوو کە چی لەمەڕ جیاوازییەکانی نێوان ژنان دەزانین؟ ئایا کێشەی ژنانی نەتەوە و چینی ژێردەست و بەکۆلۆنیکراو هەمان کێشەی ژنانی نەتەوە و چینی سەردەستە؟ هەر لێرەوە بوو کە دەیان ڕەهەندی جۆراوجۆری فێمینیستی سەری هەڵدا. فێمینیسمی رەش، فێمینیسمی هیندوستانی، فێمینیسمی عەرەبی، فێمینیسمی ژاپۆنی، فێمینیسمی کێبێکی و چەندین ڕەهەندی فێمینیسمی دیکە. چونکە بە گوێرەی توێژینەوە زانستی و کۆمەڵناسییەکان سەبارەت بە ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراوەکان، کێشەی ژنان تەنانەت لەنێو خودی ژنانیشدا جیاوازە و پەیمانی خوشکایەتی تا ئەو کاتەی هەموو جیاوازییەکان لەخۆ نەگرێت و هەموو مافەکانی ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراو و چینی ژێردەست نەپارێزێت، بێ مانایە. ئەگەرچی پرسی ژن پرسێکی جیهانییە بەڵام زۆرێک لە کێشەکان لۆکاڵ و هەرێمین کە بە پێ جوگرافیا و فەرهەنگ و بارودۆخی کۆمەڵگە کان جیاوازن و ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ڕێگەچارەکانیش بە گوێرەی ئەو فاکتەرانە دەبێ جیاواز بن.
لێرەدا باسی من زیاتر جەختکردن لەسەر جیاوازیی نێوان ژنانە. جیاوازیی ژنی کورد لە گەڵ ژنانی تر چییە؟ چۆنکە شوناس بە جیاوازییەکانیەوە پێناسە دەکرێت و ژنی کورد وەکوو مرۆڤێک کە هەڵگری شوناسی ڕەگەزی و نەتەوەیی و مرۆییە، بۆ گەیشتن بە متمانەبەخۆیی و سەربەخۆیی و بەرزەخۆیی پێویستە لە هەر یەک لەم سێ فاکتەرە شوناسییەدا ماف و پێگەی سەلمێندراو و پارێزراوبێت، تا لە نێو ئەم جیهانە بەرینەدا کەرامەتیشی پارێزراو بێت. نەدیتن و لە بەرچاونەگرتنی ئەم جیاوازییانە بۆ ژنی کورد کە بە هۆی پارچە پارچە بوونی وڵاتەکەی بەردەوام هەوڵی پارچە پارچەکردنی شوناسیشی دراوە، خزمەتکردن بەو سیستەمەیە کە حاشا لە بوونی دەکات.
ڕەوتی فێمینیسم لە کوردستان
١٠٧ ساڵ لەمەوپێش ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە باکووری کوردستان دامەزرا. لە مانگی جۆزەردانی ١٩١٩ی زایینی ئەنجوم یاموڵکی یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە ڕێوڕەسمی کرانەوەی ئەم ئەنجومەنە لە مەیدانی سوڵتان حەمیدی ئستانبۆل ئەمانجەکانی ڕێکخراوەکەی بەم شێوە ڕاگەیاند:
١- پێویستە ئێمە ژنانی کورد بۆ گەیشتن بە بیرۆکە و تێفکرینێکی سەردەمییانە و هاوشان لە گەڵ ژنانی جیهان هەوڵ بدەین و بە خوڵقاندنی هەلی باشتر بۆ کار و چالاکیی ئابووری و کۆمەڵایەتی خۆمان لە گەڵ ئاڵ و گۆڕی دنیای نوێ بگونجێنین.
٢-ئێستا کە هەموو گەلان بەدوای مافی خۆیانەوەن، ئیتر ژیانی هاوبەش لە گەڵ نەتەوەکانیتر واتای نەماوە (ئاماژە بە لاوازبوونی ئیمپراتۆریی عوسمانی)، کە وا بوو ئێمەی کوردیش داوای مافی چارەی خۆنووسین دەکەین و پێویستە زمان و فەرهەنگ و ئازادییەکانی ئێمە وەک نەتەوەی کورد بەفەرمی بناسرێت. ئەم وتارە لەژێر ناوی “ئاماژەیێک ” لە ژمارەی ٢٠ی گۆڤاری ژین چاپ و بڵاو کرایەوە.
چالاکییەکانی ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد بەم شێوەیە بوون:
- دامەزراندنی لقەکانی ئەنجومەن لە شار و گوندەکانی کوردستان بە مەبەستی چالاکییبەهێزتر
- کردنەوەی ژووری خوێندن و کتێبخانە بۆ ژنان
- چاپی نووسراوە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکردنەوەیان لە شار و گوندەکانی کوردستان بە مەبەستی بردنەسەری ئاستی زانیاری ژنان لەسەر ماف و ئازادییەکانیان لەنێو بنەماڵە و کۆمەڵگە
- پاڵپشتی لە ئەو ژن و منداڵە کوردانەی کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیداتووشی کارەسات بوون.
ئەنجومەنی ژنانی پێشڕەوی کورد لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریی عوسمانی و دروست بوونی دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ١٩٢٤ی زایینی، لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە هەڵوەشایەوە و هەموو ئەو بەڵگانەی کە نیشاندەری هەبوون و چالاکی ئەم ئەنجومەنە بوون کۆ کرایەوە و لە ژێر ناوی بەڵگەی نهێنی ئەرشیڤ کران. بۆ نزیکەی یەک سەدە خەڵک زانیارییەکیان سەبارەت بەم ئەنجومەنە و چالاکییەکانیان نەبوو. ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی ٢٥ ژمارە لە گۆڤاری ژین لەلایەن موحەممەد ئەمین بۆزئەرسەلانەوە دۆزرانەوە و یەکەم زانیاریی لەسەر ئەم ڕێکخراوەیە ئاشکرا کرا، بەڵام هەتا ساڵی ٢٠١٧ کە بڕێک لەم بەڵگە نهێنییانە لەلایەن دەوڵەتەوە نرایە بەردەستی زانکۆی بلگی ئەستەنبۆل و توێژینەوەی لەسەر کرا، هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەری نەبوو. گرینگی ئەم ئەنجومەنە لەوەدايە کە نەک هەر یەکەم چالاکیی ڕێکخراوەیی ژنانی کوردە، بەڵکوو یەکەم چالاکیی ڕێکخراوەیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشە کە بۆ چارەسەری پرسی ژنان بەرنامەیان داڕشتبوو.
ئامانجم لە گێڕانەوەی مێژووی ئەم ڕێکخراوەیە ئەوەیە بڵێم کۆلۆنیالیزم کاتێ دەست بەسەر نەتەوەیێکدا دەگرێت، سەرەتا هەوڵی سڕینەوەی مێژووی ئەو نەتەوەیە دەدات، بۆیە هەر جۆرە بەڵگە و ڕێکخراوە و چالاکییەک کە شوناسی مرۆڤە بە کۆلۆنیکراو ەکان بپارێزێت، لەنێوی دەبات، چ شوناسی نەتەوەیی بێت و چ شوناسی ڕەگەزی. ئەگەر ئەم ڕێکخراوەیە هەلی کار و چالاکیی لێ نەستێندرایە و بەڵگەی چالاکییەکانیان وەکوو بەڵگەی نهێنی ئەرشیڤ نەکرایە، دەیتوانی ببێتە بناغە و هەوێنی پێکهێنانی گوتارێکی فێمینیستی بۆ ژنانی کوردستان و ویست و داخوازییەکانیان لە نێو ئەو گوتارەدا کۆبکرایتاوە. بەڵام بە چاوخشاندنێک بە فۆرمگەلێک لە فێمینسم کە دواجار و تا ئێستا لە کوردستان هاتوونەتە ئاراوە، دەبینین هەر هەموویان بێبەرین لە ناوەڕۆکی کوردستانی و زیاتر بە هەڵواسینی خۆیان بە نوسخەیێکی لە پێش ئامادەکراوی ژنانی فارس و عەرەب و تورک دەڕۆنە پێشەوە. واتە ناوەڕۆکی فێمینیسم لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان بە فێمینیسمی عەرەبی و لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە فێمینیسمی تورکیزەکراو و فارسیزەکراو پڕکراونەتەوە کە لە هەر کام لەم سێ حاڵەتەشدا ئەم فێمینیسمانە تێکەڵاوی بیرێکی ناوەندخوازی کۆلۆنیالیستین و حاشاکردن لە کورد وەک نەتەوە، خاڵی هاوبەش و نهێنی هەموویانە. بۆ نموونە تاقمێک لە فێمینیستە کوردەکان دەبینین کە لایەنگری نەوال سەعداوین و قسەکانی وەکوو وانەی متمانە پێکراو دووپات دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نەوال سەعداوی یەکێک لەو ژنانە بوو کە لە ساڵی ١٩٨٢ لە قاهیرە بناغەی فێمینیزمی عەرەبی لە پێناو یەکیەتی دنیای عەڕەب داڕشت و ڕەنگدانەوەی ئەم بیرۆکەیەش لە هەڵوێستە دژوازەکانی سەعداوی لە ئاست پرسی فەلەستین و کوردستان دەبینرێت. کاتێک لەسەر پرسی فەلەستین پرسیاریان لێ دەکرد بە ڕوونی و بە ئاشکرا داکۆکی لە مافی فەلەستین وەک وڵاتێکی سەربەخۆی عەرەبی دەکرد، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمەوە چەند ساڵ لەمەوپێش لە سێمینارێک لە ستۆکهۆڵم کە لە سەر پرسی پەنابەری و کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی ڕێکخرابوو، کاتێک لە مەڕ پرسی کوردستان پرسیاریان لێکرد، خۆی لە وڵامدانەوە دزییەوە و گوتی “کوا جیابوونەوەی نەتەوەکان باوی ماوە” و هەمیشەش داکۆکی لە سەر یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا (وەکوو دوو وڵاتی عەرەبی) دەکرد. لێرەدا باس ئەوەیە کە ئەگەرچی نەوال سەعداوییەکان لە ڕوانگەی پۆست کۆلۆنیالیستییەوە بۆ پرسی ژن دەڕوانن و ئەمەش ڕوانگەیێکی پێشکەوتوویە، بەڵام چونکە تەنیا لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری دێنن واتە نایگشتێنن بۆ ژنانی نەتەوە بەکۆلۆنیکراو ەکانی دیکە و کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی وڵاتان ناپێکن، بۆ ژنی کورد ڕزگاریی دەستەبەر ناکات.
جۆرێکی تری فێمینیسم کە لە کوردستان هاتووەتە ئاراوە فێمینیسمێکە کە لەژێر کاریگەری بیری مارکسیستی و جیهان وەتەنییە و لە ڕاستیدا گرینگییەک بە ماف، شوناس و خەباتی نەتەوەیی نادات و لە ژێر ناوی خەباتی جیهانیی ژنان و گشتگیر بوونی پرسی ژن لە جیهاندا، جیاوازییە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکان پەراوێز و پشتگوێ دەخات. هەر ئەم جۆرە فێمینیستانەش بوون کە هەموو هەوڵێکیان دا خەباتی بێ وێنەی ژنان لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، کە تێکەڵاوی رۆحێکی نەتەوەیی بوو و بە بەشداری ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهات بەتەواوی بخەنە ژێر ئایدۆلۆژییەکی تایبەت و پووچەڵ لە ڕۆحی نەتەوەیی نیشانی بدەن. ئەگەرچی ئەم هەوڵە زیاتر لەلایەن مارکسیستە غەیرەکوردەکانەوە دەدرا، بەڵام بۆشاییەکیش کە لە گوتاری ژنولۆژیی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هەیە و دەوری ستەمی نەتەوەیی لە سەرهەڵدانی ئازادیخوازانەی ژنانی کورد بەڕوونی باس ناکات، بووەتە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە دوو ئاخێزگە سەرەکییەکەی سەرهەڵدان و خەباتی ژنانی کورد واتە ئاخێزگەی نەتەوەیی نەبینرێت.
لە ئاکامدا کۆی لایەنگرانی ئەم جۆرە گوتارانە دەبنە کوردە فێمینیستێکی ناوشیار. واتە بە بێ رەچاوکردنی جیاوازییەکانی خۆی دەیهەوێ کێشەی ژنانی کورد بە شێواز و مودێلی ژنێکی فارس، عەرەب، تورک یان ژنێکی جیهان وەتەنەوە چارەسەر بکات و رەهەندێکی جیاواز و تایبەت بە خۆی نەبێت.
ڕزگاریی ڕەگەزی و ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ ژنی کورد گرێدراوی یەکترن و پێکەوە دەکەونە ژێر چەمکی مافخوازییەوە و ژنێکی وشیار و مافخواز ناتوانێ لە ئاست کێشەکانی نەتەوەکەی بێ هەڵوێست بێت. نموونەی ئەم جۆرە هەڵوێستە نەتەوەییانە لە مێژووی فێمینیسم و هەر لە لایەن فێمینیستە ڕۆژئاواییەکانەوە زۆرە، بەڵام کەمتر باسکراوە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە هەڵوێستی ئێمیلیەن پەنکرێستی ئینگلیزی و کریستییەنی کچی بکەین کە کاتی خۆی لە بناغەدانەرانی فێمینیسم لە ئاستی جیهانیدا بوون و دەیان جار لەبەر خەباتی فێمینیستییان زیندانی کراون و زۆرترین تێچووشیان لەم بوارەوە داوە، بەڵام لە ساڵی ١٩١٤ لە شەڕی یەکەمی جیهانی، کاتێک ئینگلیز لەلایەن ئاڵمانەوە هەڕەشەی لەسەر بوو، ئێمیلیەن و کریستییەن بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ بەشێکی سەرەکی لە خەباتی خۆیان بۆ خەباتی نەتەوەیی تەرخان کرد و تەنانەت ناوی گۆڤارە فێمینیستییەکەیان لە “یەکیەتی کۆمەڵایەتی-سیاسی ژنانەوە” کردە “بەریتانیا” و، هەروەها لەو ماوەیەدا دروشمەکانیان لە دروشمی فێمینیستییەوە بۆ دروشمی نەتەوەیی گۆڕی. ئەمەش پیشاندەری گرینگی سەروەری و سەربەخۆیی نەتەوەییە بۆ ژنە فێمینیستێکی پێشەنگ و شۆڕشگێڕ.
لە ڕاستیدا زۆربەی هەرەزۆری نەتەوەکانی جیهان لەسەر بنەمایێکی نەتەوەخوازانە و ناسیۆنالیستی بوونەتە خاوەن وڵات و دەسەڵات و سەربەخۆییان بەدەست هێناوە، بەڵام هەر ئەمانە لە ئاست نەتەوەی کورد سیمای ناسیۆنالیسم ڕەش دەکەن و هەوڵیان ئەوەیە تا بەم شێوەیە کورد، کە بەدڵنیاییەوە یەکێک لە چەوساوەترین نەتەوەکانی جیهانە، لە بەدواداچوون بۆ مافە نەتەوەییەکانی پەشگەز بکەنەوە. ئەمەش قسەیێکی فۆکۆمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت لە هەر قۆناغێک لە مێژوو دیاردە و ڕووداوەکان بەپێی قازانجی دەسەڵاتداران پێناسە دەکرێن.
ژنوشیاریی
بەڕوونی ئاشکرایە کە ئێمەی ژنانی کورد وەکوو ئەندامانی نەتەوەیێکی ژێردەست و بەکۆلۆنیکراو پێویستە ڕەهەندی فێمینیستی خۆمان دیاری بکەین و ویست و داخوازییەکانی خۆمان لە چوارچێوەیێک کە سەرجەم مافە ڕەگەزی و نەتەوەیی و مرۆییەکانمان لەبەر بگرێت دیاری بکەین و بە شێوەی لۆکاڵ و خۆجێی هەنگاوی بۆ هەڵێنین.
هەر وەکوو پێناسەی ناسیۆنالیسمی شوناسخواز و سەربەخۆیی خوازی کوردستانی لە دەوری چەمک و دەستەواژەی”کوردایەتی” کۆبووەتەوە کە ئامانجی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤی کوردە، بۆ فێمینیسمی کوردستانیش پێشنیاری من دەستەواژەی “ژنوشیاری “یە. بەڕای من ژنوشیاریی دوو بەشی سەرەکی هەیە. یەکەم وشیار بوون سەبارەت بە پێگە و دۆخی خۆی وەکوو ڕەگەزی ژن لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا، دووەم هەڵوێستی وشیارانە سەبارەت بە هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە خۆیەوە، لە ژینگە و شوناسەوە بگرە هەتا پرسی نەتەوەیی و چینایەتی. هەنگاو هەڵێنان و چالاکی لەم دوو بەشەدا پێویستی بە ژنێک هەیە کە هەڵگر یان پێکهێنەری ئەم تایبەتمەندی و فاکتەرانە بێت:
- ژنوشیار وەکوو ژنێکی بەرپرس چاو لە دیاردە و کێشەکانی کۆمەڵگەدەکات، نەک وەکوو ژنێکی قوربانی. چۆن ئەم شێوازە روانینە ناچارمان دەکات بەدوای هۆکاری کێشەکاندا بگەڕێین و ئەرکمان دەخاتە سەر شان و دەبیتە بەشێک لە چارەسەرییەکان و هەوڵێکی بەهێزیشە بۆ سڕینەوەی ئەو پێناسەگەلە لەخۆماندا کە لەلایەن پیاوان و ئەویدییەکانەوە پێمان دراوە و، لەئاکامیشدا لە بەرهەمهێنانی زانست و لۆژیک بەشدار دەبین بەڵام کاتێ وەکوو قوربانییەک هەڵسوکەوت و چاو لە کێشەکانی کۆمەڵگە بکەین لەجیاتی هۆکار بەدوای تاوانباردا دەگەڕین و ئەمەش هەم دۆخی خۆمان وەکوو ژن ئاڵۆزتر دەکات و هەم دۆخی کۆمەڵگەکەمان.
- ژنوشیار زیاتر لەوەی کە کێشە تاکەکەسییەکانی خۆی بگوازێتەوە و بیکاتە کێشەی کۆمەڵگە، کێشە گشتییەکان بەهی خۆی دەزانێت و هەوڵی دۆزینەوەی هۆکار و چارەسەرکردنیان لەرێگای زانستی و بەرپرسانەوە دەدات. ئەمەش ڕێگایێکە بۆ ئەوەی کە پرسە سەرەکییەکان بناسین و ئینجا کێشە تاکەکەسییەکان لەم بەستێنەدا شرۆڤە و چارەسەر بکەین.
- وەک چۆنکەسایەتییە گەورەکانی فێمینیزم وەکوو ئلێمپ دوگۆژی فەڕەنسی کە نووسەری یەکەم مەنشووری مافی ژنان لە جیهاندایە لە پێش هەموو هەوڵێک دژی یاسا و دەسەڵاتێک وەستایەوە کە مافی ژنانی پێشل دەکرد، پێویستە ژنی کوردیش لەپێش هەموو شتێکدا دژی دەسەڵاتێک بوەستێتەوە و سەرهەڵدان بکات کە بەشێوەی سیستەماتیک و یاسایی مافە ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئینسانییەکانی پێشل دەکات، نەک ئەوەی خەباتی خۆی بەرتەسک بکاتەوە بۆ دژایەتی کردن لەگەڵ بنەماڵەکەی کە ئەوانیش بەش بە حاڵی خۆیان قوربانیی و بەرهەمی ئەو دەسەڵات و سیستەمە کۆلۆنیالیستییەن. کە وایە ژنوشیار هەوڵ دەدات زۆر ژیرانە پێناسە و پۆڵێنبەندییەکی دروستی لە پرس و کێشەکان هەبێت و هەنگاو بە هەنگاو و بەلەبەرچاوگرتنی پێشترییەت (ئەولەوییەت) و پێویستی بۆ چارەسەرکردنیان بڕوات.
- بەشێکی بەرچاولە مافی ژنان لە ڕێگای یاساوە دەستەبەر دەکرێت، بۆ دانانی یاساش دەبێ ژنان بەشداری دەسەڵات بن، کە وابوو ژنوشیار پێویستە سەرەڕای ئەوەی کە وەکوو کوردێک دەبێ لە بزووتنەوە نەتەوەییەکاندا بەشدار بێت، پێویستە وەکوو ژنێکیش دوورەدیمەنی دەسەڵات لە کوردستان لەبەر چاو بگرێت و لە ئێستادا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت تا دواجار گۆڕەپانی یاسادانان و دەسەڵات بۆ پیاوان چۆڵ نەبێت و ژنی کوردیش لە دانانی یاسا و بەڕێوەبەریی وڵاتدا پشکی خۆی بەرکەوێت.
- ژنوشیار لە ڕوانگەی خۆی و لەزاری خۆیەوە پرس و کێشە رەگەزییەکانی دەگێڕێتەوە و بەدەستی خۆی ئەزموونی ژینکراوی تۆماردەکات،تا بەم شێوە هەم گێڕانەوەکان لە کۆلۆنیالیزم وەربگیرێتەوە و ڕێگە نەدات لەلایەن ژنانی داگیرکەرەوە بکرێتە ئۆبژە (واتا ڕێگە نادات ببێتە ئۆبژەی ئۆبژەکان) و هەم مۆری کوردستانی لە سەر هەموو چالاکی و دروشمەکانی دادەنێت و بەم کارە فێمینیسمی کوردستانیش دێنێتە نێو ڕەهەندەکانی فێمینیسم لە جیهاندا و جیاوازییەکانی ئەم قوناغەی ژنی کورد بە فەرمی دەناسێنرێت.
- ژنوشیار بە تێڕامان و بیرکردنەوەیێکی قووڵ هەوڵ دەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە لە کۆتاییدا چ فۆرم یان فۆرمەگەلێ لە ژیانی کۆمەڵایەتی دەتوانێ وڵامدەری ئامانج و پێداویستییەکانی مرۆڤ بێت و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی دنیای ئەمڕۆدا بگونجێت. چۆن ئەگەر هەوڵ بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە نەدات،لە کۆتاییدا دیسان دەخرێتە پەراوێزەوە.
ژنوشیاریی بۆ شرۆڤە و چارەسەری پرسی ژنی کورد کە پرسێکی پڕدژوار و ئینترسێکشناڵە, ڕوانگەیێکی سێ ڕەهەندی هەیە:
- ڕەهەندی یەکەم دەرەکی و ڕوو بە فێمینیزمی ناوەندخواز و دیاریکردنی سنوورەکانیەتی لەگەڵ ئەو گوتارانەی کە بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی بەشێک لە شوناس و ئەزموونی ژینکراوی ژنی کورد واتەکوردبوونیان داوە.
- ڕەهەندی دووەم ڕووبە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز کە لەژێر ناوی هەوڵدان بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی هەوڵی هەڵپەساردن و دواخستنی ڕزگارییڕەگەزی دەدات.
- ڕەهەندی سێهەم نێوخۆیی و ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان و دژ بە هەرجۆرە بیر و یاسای پیاوسالارانە کە تەنگی بە ژنانی کوردستان هەڵچنیوە.
ڕەهەندی یەکەم دەرەکی و ڕوو بە فێمینیسمی ناوەندخواز
فێممینیزمی ناوەندخواز ئەگەرچی لە تیۆریدا دژ بە دەوڵەت-نەتەوە بێت بەڵام لە کردەوەدا زیاتر لەوەی دژی دەوڵەت-نەتەوەی سەرکوتکەر و باوکسالاری زاڵ بێت، دژی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی نەتەوە ژێردەستەکانە.
خوشکەکانمان لە ڕۆژاوا سەلماندیان کە ژنانی کورد دەتوانن لە ئاستێکی بەرزدا ئازاد و بەهێز بن بەڵام هاوکات کۆلۆنیالیزمی پیاوسالارانەی ئەحمەد شەرع بۆمانی دەرخست کە بەبێ کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ کە پاڵپشتی لە دەسکەوتەکانمان بکات، ئەو ئازادییە دەتوانێ چەندە لەرزۆک و پڕمەترسی بێت. بۆیە جەختکردن لە سەر کیانێکی سیاسی یان دەوڵەتێکی کوردستانی وەکوو ئامانجێکی ستراتێژیک پێویستییەکی حاشا هەڵنەگرە. ڕەنگە ئەم ئامانجەش ژنوشیاریی لە هەمبەر ئەو گوتارە پۆست مۆدێرن و ئایدیۆلۆژیکانە دابنێت کە روانگەیێکی ئینتێرناسیۆناڵیان هەيە و بە بێ لەبەرچاوگرتنی ژیوپۆلیتیکی ناوچەکە باسی پێکەوەژیان و خوشک و برایەتی گەلان دەکەن. بەڵام ژنوشیاریی جەخت لەوە دەکات کە بە بێ هەبوونی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ کە لەنێو ئاگردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرگریت لێبکات، تەنانەت پێشکەوتووترین پرۆژە فێمینیستی و ئێکۆلۆژیکەکانیش لە ئان و ساتێکدا دەتوانن بەدەستی هێزە شۆڤینیستەکان لەنێو بچن. واتە پڕۆژە ڕزگاریخوازەکان لە بۆشایی سیاسیدا درێژەیان نابێت و تەنانەت بە حاشاکردن لە خواستی خۆت وەکوو نەتەوەیێک بۆ وەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسینیش ناتوانی متمانەی شۆڤینیزم بەدەست بێنیت. هەروەها گوتاری خوشک و برایەتی گەلان لە رۆژاوای کوردستان دەریخست کە ئەم گوتارە مادامێ کە لە پێگەی لاوازی و بێدەسەڵاتیدا بێت بێئاکام دەبێت و ئەگەر دەسەڵاتی هاوسەنگت لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە نەبێت، تەنانەت ئەم گوتارە دەتوانێ ببێتە هۆی کارەسات و لەنێو چوونی نەتەوەی کورد. بۆیە لێرەدا پێکهێنانی کیانێکی سیاسی سەربەخۆ ئامانجێکی ستراتێژیک و مەرجی مانەوەمانە.
پرسیارێک کە ڕەنگبێ لێرەدا بێتە ئاراوە ئەوەیە کە مادامێ کە دەوڵەت بەرهەمی باوکسالارییە و سەرکوتکەرە، چۆن دەتوانێ لە گوتارێکی فێمینیستیدا ئەوەندە ڕەنگ بداتەوە کە ئەو فێمینیستانە بەشێک لە خەباتی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن؟ لە وڵامدا پێویستە دوو بابەت رەچاو بکرێت:
- یەکەم،نەتەوەی کورد لە قوناغی داگیرکراویدایە. بۆ ئێمە دەوڵەت تەنیا بە مانای دەسەڵات نییە بەڵکوو زیاتر بەواتای “مافی بەرگریکردن لە ژیانی بەکۆمەڵ” مانە. ئێمە دەبێ لەم جیهانە سەرەتا مافی بەرگری لە ژیانی بەکۆمەڵی خۆمان بەفەرمی مسۆگەر بکەین تا بتوانین لە نێویدا خەبات بۆ یەکسانی و گەیشتن به ژیانێکی ئینسانی تا کۆتا قوناغ درێژە پێبدەین.
- دووەم،دەوڵەتێک کە هەر لە یەکەم ڕۆژی دامەزراندنیەوە شوێنی رەنگدانەوەی ئامانجە فێمینیستییەکان بێت، بەرهەمهێنەرەوەی دەوڵەت-نەتەوەیێکی باوکسالار نییە بەڵکوو بەهۆی بەشداریی وشیارانەی ژنان بۆ دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، بیرۆکەی فێمینیستی و ئامانجە یەکسانیخوازەکانی لەنێو تان و پۆیدا خۆی تەنیوەتەوە و بووەتە بەردی بناغەی پێکهاتنی ئەو دەوڵەتە. بۆیە هیچکات ڕێگە نادەین ئەو دامەزراوە وەکوو قەڵایێکی پیاوانەی لێبێت کە لە ئەگەرێکی وەهادا یەکەم کەسانێک کە دژی دەوەستێنەوە ئێمە ژنان دەبین.
ڕووخانی کۆلۆنیالیزم بەشێکی بەرچاو لە پرسە چینایەتییەکانیش چارەسەردەکات، چونکە بەشێکی زۆر لە ژێردەستەبوونی ئابووری بەهۆی ستەمی نەتەوەییەوەیە و لە حاڵەتی بەکۆلۆنیکراو یدا سەرچاوە سروشتی و ئینسانییەکانمان زیاتر لەوەی کە لەلایەن بورژواوە تاڵان بکرێن، لەلایەن کۆلونیالیزمەوە تاڵان دەکرێن.
لەم ڕەهەندە پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە پەیوەندی ژنوشیاریی لە گەڵ ژنانی نەتەوەی سەردەست پەیوەندیێکی ئانتاگونیک (دوژمنکارانە) نییە، بەڵکوو بەمەرجی هەوڵدانی ئەوان بۆ گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان دەتوانین هاوپەیمانانی داهاتووی یەکتر بین.
ڕەهەندی دووەم ڕووبە ناسیۆنالیزمی نەریتخواز
ئێمە ئەگەرچی نەتەوەیێکی ژێردەست و ستەملێکراوین، بەڵام هاوکات ئەندامانی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە دەتوانن لەنێو خۆیاندا ستەمگەر و زاڵم بن. بۆیە ژنوشیاریی ڕوو بە ناسیۆنالیستە نەریتخوازەکان ئەڵێ: ئێمە لە سەنگەری دژی داگیرکەر، لەپاڵ ئێوەوە راوەستاوین بەڵام لە حیزب و لە کۆمەڵگەدا ئێمە خوشک، دایک، کچ و ژنانی گوێڕایەڵی ئێوە نین، بەڵکوو تاکێکی ئازاد و سەربەخۆین کە ڕێگە نادەین هیچ کەسێک و بە هیچ بیانوویێکەوە کەرامەتی ئینسانی و ئازادیمان پێشل بکات.
ژنانی کوردستان ناگەنە یەکسانی، سەربەخۆیی و سەربەستی ئەگەر هەموو بوارەکانی هەڵاواردن بەشێوەی هاوتەریب نەپێکن و خەباتیان لەم قوناغەدا خەباتێکی یەکپارچە دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و چینایەتی نەبێت و پەیوەندی پرسی ژن، پرسی نەتەوە و پرسی چینایەتی لە کوردستان لەچوارچێوەیێکی دیاریکراودا تیۆریزە نەکەنەوە. بۆیە ژنوشیاریی بە پێویستی دەزانێت وەکوو هەنگاوی یەکەم پێناسەی چەمکی ناسیۆنالیزم، کە ئامرازی گەیشتن بە کیانێکی سیاسی سەربەخۆیە لە پیاوسالار و نەریتخوازەکان وەربگیرێتەوە و لە ڕوانگەی خۆیەوە سەرلەنوێ پێناسەی بکاتەوە.
ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە
سەرجەم تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن کە تایبەتمەندی ناسیۆنالیزمی نەتەوە ژێردەستەکان، مافخوازی، بەرگریکاری و فرەناوەندنبوونە بەڵام هاوکات بە هۆی مەترسی پاکتاوکردنی زمانی و فەرهەنگییان لەلایەن داگیرکەرانەوە بەردەوام هەوڵی پاراستنی نەریتەکانیان بە باش و خراپییەوە داوە. واتە بەهۆی ژێردەستەیی و نەبوونی دەسەڵات بۆ پاراستنی شوناس و فەرهەنگی خۆیان، لە زۆر شوێندا رێگەیان بە چاکسازی و ڕیفۆرمی نەریتەکان نەداوە چونکە یەکێک لە فاکتەرە هەرە گرینگەکان بۆ مودێڕن کردن و پێشخستنی فەرهەنگ، هەبوونی دەسەڵاتێکە کە لە بەستێنێکی ئارام و لەباردا پاڵپشتی بژاری فەرهەنگی بێت و بەشێوەی زانستی و ڕادیکاڵ نەریتە خراپەکان بخرێتە بەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە و وەلا بنرێن و نەریتە باشەکانیش بپارێزرێن. ئەمانەش هەمووی بەیارمەتی ویست و یاساوە دەکرێن، واتە هەم بتهەوێ ئەو کارە بکەیت و لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی یاسادانانت هەبێت.
ناسیۆنالیزمی کوردستانی تا ئێستا هەڵگری ئەم تایبەتمەندییانەی نەتەوە ژێردەستەکان بووە؛ واتە مافخواز، بەرگریکار، فرەناوەند و لە زۆر شوێنیش نەریتخواز. بەڵام ژنوشیاریی باس لەوە دەکات کە لە تەنیشت پاراستنی سێ فاکتەری ئەرێنیی مافخوازی، بەرگریکاری و فرەناوەندبوون دەبێ لە هەمبەر مەترسیی فاکتەری چوارەم واتە نەریتخوازیی وشیار بین و هەوڵی ئەوە بدەین پێشڕەو بوون ببێتە جێگرەوەی. ئەمەش بە ئاگاداری لەسەر ئەوە دەکرێت کە نابێ چاوەڕێی دوا قوناغی پێکهێنانی دەوڵەت بین، بەڵکوو دەبێ هەر لە ئێستاوە بەشێوەی زانستی هەموو ئاست و لایەنەکانی نەریتخوازی بخرێنە بەر توێژینەوە و بە شێوەی کردەیی گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
بەگشتی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە ناسیۆنالیزمی کوردستانی دەبێ هەڵگری ئەم تایبەتمەندییانە بێت:
١-لە ناسیوناڵیزمی کوردستانیدا ژن دەبێ شارومەندێکی تەواو بێت بە هەموو مافە یاسایی و ئینسانییەکانییەوە، نەک هێمای پاکی وپارێزەری نەجابەتی نەتەوەیێک، واتە نابێ ژن وەکوو دایکی نیشتمان پێناسە بکرێت و بەم شێوەیە ئازادییەکانی سنووردار بکرێتەوە.
٢- دەبێ ناسیۆنالیزمی کوردستانی بەربەرەکانی دژی هەموو هەڵاواردنەکانی نێو کۆمەڵگە (رەگەزی، نەتەوەیی، چینایەتی، ئایینی) وەکوو بەشێکی دانەبڕاو لە دەسەڵاتی نەتەوەیی بزانێت و نەک ئازادیی نەتەوەیی بەمانای ئازادی پیاوان بێت، بەڵکوو هاوکات دەبێ هەم لە تیۆری و هەم بە کردەوە ئازادی ژنان لە چنگ دەسەڵاتی پیاوسالارانە، مەرجی سەرەکی ڕزگاریی کوردستان بێت، واتە شوناسی ڕاستەقینەی نەتەوەیی لەم ناسیۆنالیزمەدا دەبێ لەسەر بنەمای یەکسانی و دادپەروەری دامەزرابێت، نەک پاراستنی نەریتە پیاوسالارانەکان.
٣-ناسیوناڵیزمی کوردستانی بەدوای وەدەستهێنانی دەسەڵات و کیانێکی سەربەخۆی سیاسییەوەیە، بەڵام پێویستە ئەم کیان و دەسەڵاتەی بۆ پاراستنی کەرامەت و ئازادی نەتەوەکەی بە هەموو ڕەگەز، چین و پێکهاتەکانیەوە بەکار بێنێت. واتە لەم ڕوانگەیەوە ناسیۆنالیزم هەلێکە بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە کوردستان و خوڵقاندنی کەشێک بۆ وەدەستهێنانی مافە زەوتکراوەکانی ژنانی کورد.
٤- ناسیۆنالیزمی کوردستانی لە ڕوانگەی ژنوشیارییەوە دەبێ هاودەنگ لەگەڵ هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی جیهان بێت و نەک خۆی لە بەرانبەر ئەواندا پێناسە نەکات، بەڵکوو هاوکات بە جەختکردن لەسەر پێناسەی کوردستانیبوونیەوە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەک بێت کە پارێزەری کەرامەت و ئازادی مرۆڤە.
ژنوشیاریی لەم ڕەهەندەدا جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە نابێ ڕێگە بدرێت ئیرادەی سیاسی ژنانی کورد بۆ گۆڕان لە لایەن حیزب یان ئیدئۆلۆژییەکەوە بۆ هەندێ بەرژەوەندییان کاناڵیزە بکرێتەوە و بۆیە دژی هەر حیزب یان ڕێکخراوێک دەوەستێتەوە کە هێز و ورەی ژنانی کورد دەخاتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە.
ڕەهەندی سێهەم نێوخۆیی و ڕوو بە کۆمەڵگەی کوردستان
پیاوسالاری سەرەکیترین هۆکاری هەڵاواردنی ڕەگەزییە چونکە وێژمانێکی داسەپێنراوە کە لە ڕوانگەی پیاوانەوە باسی جیهان دەکات و هەموو چوارچێوە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و یاساییەکانی کۆمەڵگە لەو وێژمانەوە سەر هەڵدەدات و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی بالادەست مانەوە و پاراستنی بەرژەوەندی پیاوان. مافخوازی بۆ ژنان لەنێو ئەم وێژمانەدا سوڕێکی بەتاڵە و ئاکامێکی نابێت. کەوایە خستنە ژێر پرسیاری گشت لایەنەکانی ئەم وێژمانە، بەشێوەی زانستی و سەرهەڵدان لە ئاست بنەما هەڵە و ناڕەواکانی یەکێک لە ئامانجەکانی ژنوشیارییە.
پیاوسالاریی کە دیاردەیێکی جیهانییە بەگشتی دوو جۆرە، پیاوسالاریی نادینی و پیاوسالاریی دینی.
پیاوسالاریی نادینی: ئەو پیاوسالارییەی کە زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە ژیربیژیی ئەرەستوودا ژن وەک پیاوی ناتەواو پێناسە دەکرا، لە پەیمانی کۆمەڵایەتی ڕوسۆدا ژن بۆ خزمەتکردن بە پیاوان پەروەردە دەکرا، لە فەلسەفەی نیچەدا کاتی ڕۆیشتن بۆ لای ژنان قامچی دەدرا دەستی پیاوان و لە زانستی دەروونناسیی فرۆیددا، ژن وەکوو پیاوێکی خەسێنراو شرۆڤە دەکرا. هەموو ئەم بیردۆزانە هەڵە بوون و بۆ سەدان ساڵ کاریگەریی نەرێنییان لەسەر متمانەبەخۆیی ژنان دانابوو، بەڵام چونکە لە سەر بنەمایێکی نادینی و بەپێی زانستی ئەو سەردەمانە داڕێژرابوون، بەستێنی ئەوە هەبوو کە دواتر بە هێزی ئیستدلال تێکبدرێن و بزووتنەوەی زانستی دژی ئەو جۆرە بیردۆزانە سەرهەڵدات. کەچی هەر ئەم بزووتنەوە زانستییانەش یەکێک لە هۆکارە گرینگەکان بوون کە لە وڵاتە ڕۆژاواییەکان گۆڕانکارییان خوڵقاند و یاسا پیاوسالارانەکانیان هەڵوەشاندەوە.
پیاوسالاریی دینی: پیاوسالاری لە دینە ئاسمانییەکاندا لە سەر ئیمان و تێگەیشتنێکی میتافیزیکی داڕێژراوە و بەشێک لە ئیمان و باوەڕی باوەڕمەندان و لایەنگرانی ئەم دینانەیە و زۆربەی هەرەزۆری چوارچێوە کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەکانی ئەو کۆمەڵگەیانەش هەر لەسەر ئەو وێژمانە پیاوسالارانە و بۆ سەردەست مانەوەی پیاوان داڕێژراون. واتە باوەڕ بە سەردەست بوونی پیاوە کە دەسەڵات دەداتە پیاو و یاساش بۆ پاڵپشتی لە دەسەڵاتداران بە روالەتێکی شارستانییانەوە دادەڕێژرێت. لێرەیە کە ئیمان و یاسا پێکەوە دەبنە هۆی کارەسات دژ بە ڕەگەزی ژن، هەر بەم هۆکارانەش لەو کۆمەڵگەیانە کە لەژێر هێژەموونی دیندان، مافخوازی بۆ ژنان پێویستی بە خەبات و تێکۆشانی دووقات هەیە تا ئیمان و یاسا لێک جیابکرێنەوە و کۆمەڵگە لە بیر و باوەڕە خوڕافییەکان دوور بگرێت و ئاوەز، هۆدان و ئەزموون بۆ چارەسەری کێشەکان بەکار بێنێت.
ژنوشیاریی هەر لەسەر ئەم بنەمایە بڕوای وایە لەم کۆمەڵگەیانەدا پێویستە سەرەتا یاساکان بێنە ژێر پرسیار و ئیمان وەکوو بابەتێکی تاکەکەسی بمێنێتەوە، ئەوسا دەکرێت یاسا پیاوسالارانە و دژەژنەکان وەکوو دیاردەیێکی واقیعی نەک باوەڕیی و بە هۆدانی ئەقڵانییەوە هەڵوەشینرێن و سەرلەنوێ داڕژێنەوە، واتە یاسا لە ژێر کاریگەریی ئیمان بێتە دەر و بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی ژن و لە پێگەیێکی مرۆڤانەوە داڕێژرێنەوە. بۆ ئەم بابەتەش لەبەرچاوگرتنی فرەچەشنیی کۆمەڵگەی کوردستان و داڕشتنی یاسا بەشێوەیێک کە پارێزەری ستەملێکراوترین کەس، چین، تاقم و پێکهاتەکانی کوردستان بێت پێویست و زەرورییە.
لەم قوناغە و بۆ گۆڕینی وێژمانی پیاوسالارانە لە کۆمەڵگەی کوردستان، پێویستە سێ خاڵی گرینگ کە کاریگەرییان لە سەر گۆڕینی دۆخی ژنان و دروستکردنی وێژمانێکی ئینسانی و دوورکەوتنەوە لە وێژمانی پیاوسالارانە هەیە بخرێنە بەر باس:
- ڕۆڵی ژن لە فۆلکلۆری کوردی و بەبنەماگرتنی بۆ گۆڕانکاری
- ڕۆڵی زمان و وێژە لە سەر گۆڕینی دۆخی ژنان لە کۆمەڵگەی کوردستان
- رۆڵی پیاوان لە ڕەوتی یەکسانیخوازیی نێوان ژنان و پیاوان
١-گرینگی فۆلکلۆر لە ڕەوتی گۆڕانکاریی لە دۆخی ژناندا، پێوەندی بە باسی شوناسەوە هەیە. واتە هەتاکوو کەسێک ڕیشە و داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەی خۆی بە دروستی نەناسێت، ناتوانێت هەنگاوێکی پتەو بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستای هەڵگرێت. بەشێک لە فۆلکلۆر نوێنەری دۆخی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیە لە ڕابردوودا و بەشێکیتریشی نوێنەری خۆزگە و ئاواتەکانی خەڵکە بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دڵخواز. کە وایە بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر دۆخی ژنانی کورد پێویستە پلەوپێگەیان لەم دوو بەشەی فۆلکلۆر جیابکرێتەوە تا پێناسەیێکی ڕاستەقینەمان لە ژنی کورد لە کۆمەڵگەی کوردستان دەستکەوێت.
ژنان لە فۆلکلۆری کوردیدا کەسایەتییە سەرەکییەکانی زۆربەی ئەو ستران و چیرۆکانەن کە سەرهەڵدان لە یاسا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە ستایش دەکەن. ئەو یاسایانەی کۆمەڵگەیان تووشی نەهامەتی کردووە. بەڵام ئەم سەرهەڵدانە تا چ رادەیێک لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەش رەنگدانەوەی هەبووە؟ ئەگەر ڕەنگدانەوەی لە ئاستێکی نزمدا بووە هۆکارەکانی چییە؟
وڵامی پرسیاری یەکەم دەبێتە هۆی ئەوەی تا پلە و پێگەی ژن لە کۆمەڵگەی دڵخواز و لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینە لێک جیابکرێتەوە و ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە ببینین. وڵامی پرسیاری دووەمیش هۆکاری جیاوازی پلە و پێگەی ژن لەم دوو دویایەدا دەخاتە بەردەست. ژنوشیاریی هەوڵ دەدات لەڕێگەی بەڕۆژ کردن و بەهێزکردنی لایەنە باشەکانی فۆلکلۆر پەرە بەم بەشە بدات و بە خستنە بەر باس و ڕەخنەی زانستی لە لایەنە خراپەکانی کە بەرهەمهێنەرەوەی باوکسالاری و پیاوسالارییە بۆ سڕینەوەی ئەم بەشە تێبکۆشێت. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ چارەسەری پرسی ژن لە کوردستان.
٢-رۆڵی زمان: زمان کە سەرەکیترین فاکتەری شوناسە، ئامرازی تێگەیشتن لە جیهان و هاوکات ئامرازی گۆڕینی جیهانیشە. واتە ئێمە بەیارمەتی زمان مانا دەبەخشینە جیهان و چوارچێوە و گوتاری بۆ پێکدێنین. بەڵام ژنان لە پێکهێنانی ئەم چوارچێوە و گوتارە بۆ جیهان پشکێکی ئەوتۆیان بەر نەکەوتووە و ڕوانگە و تێگەیشتنیان زیاتر پیاوانەیە. کەوایە دەکرێت بەیارمەتی زمان ئەو چەمکانەی کە ساڵەهایە بۆ بەرزکردنەوەی دیاردە پیاوانەکان و دابەزاندنی دیاردە ژنانەکان بەکارهێنراون تێکبدرێن و سەرلەنوێ دروست بکرێنەوە.
ژنوشیار بۆ سڕینەوەی زمان لەو وشە و دەستەواژە رەگەزییانە، پێویستی بە سێ هەنگاوی سەرەکی هەیە: یەکەم دروستکردنی ڕوانگەیێکی ئینسانی و یەکسانیخواز لە خۆیدا بەرانبەر ژن و پیاو لەنێو کۆمەڵگەدا، کە وابوو نابێت بە گوێرەی بەها پیاوسالارانەکانی کۆمەڵگە چاو لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دیاردە و ڕووداوەکان بکات. دووەم: ژنوشیار لە قسەکردن و ئاخافتندا خۆی بەدوور دەگرێت لە بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەی ڕەگەزی. سێهەم: ژنوشیار هەوڵ دەدات تا لە رێگای بەشداری لە دەسەڵاتدا و یاسادانان بەشێوەی سیستەماتیک و لەڕێگای بەرنامەداڕشتنی زمانیی لە قوتابخانە و میدیاکان بۆ سڕینەوە و رڕستکردنەوەی زمان لە وشە رەگەزییەکان تێبکۆشێت. بەڵام هەنگاو هەڵێنان لەم بوارەدا پێویستی بە دەسەڵاتێکی نەتەوەییش هەیە.
٣- ڕۆڵی پیاوان: پرسی ژن پرسێکی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە و بەربڵاوتر لەوەیە کە بەرتەسک بکرێتەوە بە کێشەی رەگەزێک، بەڵکوو بەگشتی کێشەی کۆمەڵگە یە. بۆیە ڕۆڵی پیاو وەکوو نیوەیێک لەم کۆمەڵگەیەدا هەم لە پێکهاتن و زیادبوونی ئەم کێشە و هەڵاواردنە کاریگەرە و هەر وەها لە نەهێشتنی هەڵاواردنەکە.
هابرماس بڕوای وابوو پەیوەندییەکی دڵخوازانە و بە بێ سانسۆر بناغەییترین و گشتگیرترین دیاردەی کۆمەڵگەیە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش بابەتێکی بەنێوی دیالۆگی نەتەوەیی هێنایە ئاراوە. دیالۆگی نەتەوەیی واتە بەشداربوونی هەموو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە وتووێژێکی چوارچێوەدار بۆ گەیشتن بە ڕاستی و حەقێقەت لە کۆمەڵگەدا و، نابێ هیچ هێزێک جگە لە هێزی ئیستدلال چاودێریی ئەم وتووێژە و دیالۆگە بکات. لە دیالێکتیکی فێمینیستیشدا بۆ پێکهێنانی گوتارێکی ئینسانی و گەیشتن به کۆمەڵگەیێکی یەکسان و ئازاد، جەخت لەسەر ئەم دیالۆگە دەکرێت و باس ئەوەیە کە پێويستە ئەم دیالۆگە لە بەستێنێکی ئاشتیخوازانە و لە پلە و پێگەیێکی یەکسانەوە لە نێوان ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگە دا بەڕێوەبچێت و، هەتا گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان درێژەی هەبێت. چۆن لە دیالێکتیکی فێمینیستیدا، ڕاستییەکان لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ژنان و پیاوان بەدیدەکرێت.
سێ خاڵی گرینگ کە لە ژنوشیاریی ڕەچاوکراوە و پێویستە ئاماژەی پێبدەم ئەمانەن:
- لەم گوتارە هەم لە ناوەرۆکدا و هەم لە هەڵبژاردنی ناوەکەشیدا (ژنوشیاریی) هەوڵمداوە پێگەیێکی سوبژکتیڤ بدرێتە ژنی کورد.
- ئەگەرچی بە پێویستی دەزانم گوتاری فێمینیسمی کوردستانی بە شێوەی لۆکاڵ و خۆجێیی چاو لە پرسی ژنی کورد بکات،بەڵام بڕوام وایە ئێمە دەبێ لە کۆتاییدا بۆ جیهانێکی ئازاد و یەکسان هەول بدەین و لەڕاستیدا ژنوشیاریی هەوڵ و هەنگاوێکی خۆجێییە بۆ بیرێکی جیهانی. واتا جیهانی بیر بکەوە و خۆجێیی هەنگاو هەڵێنە.
- ئەگەرچی پێناسە کردن و چارەسەری کێشەکان لە ڕوانگەی ژنانەوەبەگشتی و ژنی کورد بەتایبەتی پێویستە، بەڵام ئەمە تەنیا قوناغێکە لە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی و، ئەوەی لە کۆتاییدادەبێ ببێتە ڕێڕەو و پێوانە بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکراتیک، خاڵە هاوبەشەکانی ژنان و پیاوان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە.
بۆچی ژنوشیاریی؟
کۆمەڵگە ی کوردستان لە کام قوناغی مێژوویدایە؟ پێش مودێڕن (نەریتی)، مودێڕن یان پۆست مودێڕن؟ چ جۆرە گوتارێکی فێمینیستی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستان زاڵە؟ ئەیا ئەگەر ئێمە هێشتا لە کۆمەڵگەیێکی نەریتی یان مودێڕنداین ڕەوایە گوتارێکی پۆست مودێڕن لەسەر سووژەگەلێکی نەریتی یان مودێڕن زاڵ بێت؟ ئایا ئەمە خۆی نابێتە هۆکار بۆ لەفەرمی خستنی پرس و کێشەکانی ئەو کۆمەڵگەیە؟ بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین بەڵێ وای لێدەکات، چونکە لە کاتێکدا کە پێویستە ئێمە لەم قوناغە بۆ وەدەستهێنانی مافە سەرەکییەکانمان تێبکۆشین پشتگوێیان بخەین و قوناغێک بڕۆینە پێشەوە و باسی هەندێ پرس و چارەسەری کێشەگەلێک بکەین کە هێشتا پرسی ئێمە و کۆمەڵگە ی ئێمە نین، خۆی دەبێتە هۆی تێکچوون و سەرلێشێواوی تاکەکان، مانای چەمک و وشەکان دەگۆڕدرێت، جیاوازی دەگوازرێتەوە بۆ جۆراوجۆری و ژنی کوردیش بەبێ ئەوەی مافەکانی مسۆگەر بووبێت لەنێو ئەو هەموو جۆراوجۆرییەدا دەتوێتەوە و شوناس و ماف و داخوازییە سەرەکییەکانی نابینرێت. لێرەیە کە بەبێ ئەوەی گوتاری فێمینیزمی کوردستانی بێتە ئاراوە، تاقمێک فێمینیستی ناشارەزا سەرهەڵدەدەن کە شوناسێکی پارچە پارچە و لێکدابڕاویان هەیە و بە دروستی نازانن چییان دەوێ و بۆ چی خەبات دەکەن و لە دەروونی خۆیاندا تووشی جۆرە دژوازییەکن کە لە ئاکامدا بە ئەگەری زۆرەوە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆشیان دەوەستنەوە.
بۆیە تاکی کورد بەرلەوەی خۆی وەکوو فێمینیست پێناسە بکات و لەو بوارەدا چالاکی بکات، پێویستە سەرەتا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جیاوازی و تایبەتمەندییە سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە، هەوڵ بۆ داڕشتن و دروستکردنی چوارچێوە و ڕەهەندێک لە فێمینیسم بدات کە هەموو فاکتەرەکانی شوناسی و مافەکانی تێیدا پارێزراو بێت. ئەم چوارچێوە و رەهەندە فێمینیستییە کوردستانییە دەتوانێ ببێتە بناغەی تیۆریک بۆ بزووتنەوەیێک کە لەسەر پێداگریی لە سەر هەموو ماف و ویست و ئامانجەکانی ژنی کورد ڕسکابێت. بە وتەیێکی تر ژنی کورد تا ئێستا نەیتوانیوە لەنێو گوتارێکی فێمینیستیی تایبەت بەخۆی پرسە ڕەگەزی، نەتەوەیی، چینایەتی و ئینسانییەکانی شرۆڤە بکات.
ئەگەرچی ژنانی کوردستان لەچاو ژنانی زۆربەی نەتەوەکانیتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین بەشدارییان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا کردووە و کاریگەریی مەزنیان بووە و تێچووی زۆریشیان بۆی داوە، بەڵام بە هۆکاری جۆراوجۆر هێشتا پلە و پێگەیێکی شیاو و دۆخێکی باشیان لە کۆمەڵگە دا نییە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش نەبوونی گوتاری فێمینیستیی تایبەت بە خۆیانە.
بزووتنەوەگەلێک لە کوردستان کە ژنان تێیدا بەشدار بوونە یان نەتەوەیی بوون یان چینایەتی یان تێکەڵێک لەم دوودانە کە لە هەر کام لەم حاڵەتانەشدا پیاوان ڕێکخەر و باڵادەست بوونە و ژنان ئەگەرچی بە وشیارییەوە و بە مەبەستی بەرگری لە هێرشی نەیاران بەشدار بوون، بەڵام هیچکات لە چوارچێوەیێکی دیاریکراودا کە بە پێی بەستێنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسییان پارێزەری بەرژەوەندی و مافەکانیان بێت و لەلایەن ژنانەوە دارێژرابێت ڕێکنەکەوتوون و چالاکییان نەکردووە. هەر بەم هۆکارەش لەدوای تەواوبوونی شۆڕش و پێداگرییەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی یان بەرگری لە خاکی نیشتمان، ژیانی ژنانی کورد تەوفیرێکی وەهای نەکردووە و بەشدارییان لە دەسەڵات و یاسادانان (چ لە هەرێمی کوردستان لە باشوور و چ لە نێو پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی) زیاتر سەمبۆلیک بووە نەک لە ئاستی پێویستدا. بۆیە نەتەنیا تێکۆشان بۆ مافی ڕەگەزی ژنان دەبێ بچێتە نێو چوارچێوەیێکی دیاریکراو و تایبەتی فێمینیستییەوە، بەڵکوو پێویستە هەوڵدان بۆ ئازادی و هەروەها بەشداری ژنان لە بزووتنەوە نەتەوەیی و چینایەتییەکانی کوردستانیش لە ڕوانگەی ژنانی کوردەوە و لە چوارچێوەی گوتاری فێمینیسمێکی کوردستانییەوە پێناسە بکرێن و بێنە ئاراوە.
ژنوشیاریی هەوڵێکە بۆ پێکهێنانی گوتارێکی فێمینیستی توکمە و تایبەت بە ژنانی کوردستان تا بتوانن لە چوارچێوە و ڕەهەندێکی دیاریکراودا بەشەکانی سوناسی خۆیان پێکەوە گرێ بدەن و پرس و چارەسەرییەکانیان جومگەبەندی بکەن.
لە گوتاری نەتەوەیی کوردستان دالی گەورە و ناوەندیی کوردە و لە گوتاری فێمینیستی دالی گەورە و ناوەندیی ژنە. لە هەر کام لەم گوتارانەدا ژنی کورد وەکوو خۆی نابینرێت و پەراوێز خراوە. ژنی کورد سەرنجی هەر کام لەم گوتارانە بدات بۆ پێداگری لە مافی خۆی تووشی کێشە و بەربەستی زمانی و مانایی دەبێت. ژنوشیاریی لە یەکەم هەنگاودا دەیهەوێ پێش بەو گریمایانە بگرێت کە لە گوتاری نەتەوەییدا دژی ژنە و لە گوتاری فێمینیستیدا دژی نەتەوە و، هەر یەکیان بەپێی دالە سەرەکییەکانیان رێگە بۆ نەدیتنی ئەویتر خۆش دەکەن.
بۆیە لە ژنوشیارییدا دالی گەورە و ناوەندیی “ژنی کوردە”، ژنی کورد وەکوو چەمکێکی یەکە، نەک دوو وشە یان چەمکی جیاجیا. لێرە “ژنی کورد ” دالێکی نەگۆڕ و زاتی نییە بەڵکوو چەمکێکی کاتی و سیاسییە کە بە پێی بەستێنێک کە تێیدا ژیاوە و دەژی تا کۆتاییهێنان بەو هەلاواردنانەی کە بە هۆی جیاوازییە نەتەوەییەکانی تووشی بووە لە ناوەندی گوتاری ژنوشیارییدا دەمێنێتەوە. لەم گوتارە بە پێوەر گرتنی ژنی کورد و جیاوازییەکانی لەگەڵ ژنانی جیهان و بەتایبەت ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو ڕوونکردنەوە و رێکار و دوورەدیمەنێک دادەڕێژرێت.
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەم کە شرۆڤە و تێگەیشتن لە گوتاری فێمینیستی بەتایبەت فێمینیسمی ناوەندخواز بەبێ لە بەرچاوگرتنی گریمایە و نیشانە و هێماگەلێک کە لەنێو نووسراوەکانیدا شاردراوەتەوە مەحاڵە. واتە پاشخانی نادیاری گوتار و بزووتنەوە فێمینیستییەکانی وڵاتانی رۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە. بۆیە لەم وڵاتانە هەموو گوتار و بزووتنەوەیێک دێتە ئاراوە، بە بێ باسکردن لە مافی نەتەوەیی، چۆن ڕاستیییەکەی ئەوەیە کە مافی نەتەوە لەپێشدا مسۆگەر بووە و پارێزراوە، بۆیە پێویست بەباسکردن ناکات.
قسەی کۆتایی
هیچ تیۆری و گوتارێکی فێمینیستی هەڵگری هەموو ڕاستییەکان نییە، بەڵکوو تەنیا بەشێک لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگە سەبارەت بە بەشێک لە ژنانی جیهان دەخاتە ڕوو و بەرژەوەندی تاقم و گرووپێک لە ژنانی ئەم جیهانە دەپارێزێت. ژنوشیارییش دەنگی گرووپێک لە ژنانی ئەم جیهانەیە کە بەپێی تایبەتمەندیی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و جوگرافیایی خۆیان پرسی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. لەنێو نەزمی گوتاری فێمینیسمدا ژنوشیارییش گوتارێکە کە هەوڵ دەدا فاکتەر و تایبەتمەندییەکانی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ دالی ژنی کورد جومگەبەندی بکات. هەتا ئەم جومگەبەندییەش توکمەتر و بەهێزتر بێت، وەڵامی زۆرێک لە پرس و کێشەکان باشتر لەنێویاندا دەدۆزرێتەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستە هەموو ژنان خۆیان بە خاوەنی بزانن و لە بەهێزکردنی ئەم گوتارەدا بەشدار بن. چۆن هەر ئەزموونێکی ژینکراو ئەگەر لە پەیوەندی لە گەڵ پرسی گشتیی ژنی کورد تیۆریزە بکرێتەوە، دەتوانێ هەنگاوێک زیاتر لە ئامانجی ژنوشیاریی نزیکمان بکاتەوە، کە گەیشتن بە دنیایەکی یەکسان و دادپەروەرانەیە. هەر هەنگاو و شرۆڤەیێک کە نزیکمان بکاتەوە لەو ئامانجە، جێگای ڕێز و پێزانینە. تاکی ژنوشیار سەرەتا هەموو تایبەتمەندییەکانی ژنوشیاریی لە خۆیدا پێکدێنێت واتە خۆی لەبیر و کردەوەدا دەبێتە ژنوشیار.
وتارەکانی تر
دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی
وتار دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ حاتەمی، حەسەن(٢٠٢٥):دیاسپۆرای کوردی و پرسی ناسنامەی نەتەوەیی. پوختە [...]
کەلەپووری ناتەبا و تواناسازی ژنان: مەستوورە ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٧) وەک نموونەیەک لە میراتی ئەنجامدراو لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات)
وتار/وەرگێڕان کەلەپووری ناتەبا و تواناسازی ژنان: مەستوورە ئەردەڵان (١٨٠٥-١٨٤٧) وەک نموونەیەک لە میراتی ئەنجامدراو لە کوردستانی ئێران (ڕۆژهەڵات) بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ بۆخێنسکا، [...]
بزووتنەوەی کوردستان و پرسی سەروەریخوازی
وتووێژ بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ی کوردی نەبی، سەربەست (٢٠٢٥):بزووتنەوەی کوردستان و پرسی سەروەریخوازی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
لهپێناو سهنتێزێکی سیاسی بۆ رۆژههڵاتی کوردستان :سهروهریخوازی وهک رێگاچارهی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا
وتار لهپێناو سهنتێزێکی سیاسی بۆ رۆژههڵاتی کوردستان :سهروهریخوازی وهک رێگاچارهی نالێکی له دروشمی ستراتژیدا بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک: ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ ئاماژە ئەم وتارە لە ژمارەی نوێی گۆڤاری تیشک(ژمارەی ۷۱) [...]
تکنیک سیدبال (Seedball) روشی برای احیای جنگلهای زاگرس
مقاله/دیدگاه تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای جنگلهای زاگرس منتشر شده در وبسایت مرکز مطالعات کوردستان - تیشک: ١ مهر ١٤٠٣ رسولی، داود (٢٠٢٤): تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای [...]







