جەنگەکانی من
شەهلا دەباغی
نوێنەری پێشووی پەرلەمانی سوید لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ هەتا ٢٠٠٢ لە حیزبی سۆسیالدێمۆکراتەکان (Socialdemokraterna) مانگی مارسی ئەمساڵ ژیاننامەی خۆی بەناوی «جەنگەکانی من» بڵاوکردەوە. نالین باس لە تۆخۆشانی درێژخایەنی بنەماڵەی باکسی لە باکووری کوردستان دژی دەوڵەتی تورک و جەنگەکانی خۆی لە دژی قەتڵی نامووسی، توندڕەویی ئیسلامیستەکان، کێشەکانی ناو سیاسەت و پەرلەمان لە سوید دەکات. ئەو ڕەخنەیەکی توند لە بەرەی چەپ، لە دژەجووەکان / ئانتیسیمیستەکان، لە ڕەگەزپەرستان و ڕاسیستەکان و بەشێک لە کلتووری کوردی دەگرێت.
نالین باسی ژیانی بنەماڵەی خۆی و گەورەبوونی لە شاری باتمان دەکات. کاتێک منداڵ بوو، ئارەزووی لە فوتباڵ بووە و لەگەڵ کوڕان فوتباڵی کردووە. بەهۆی ئەوەی کە نەوەی مامۆستا زەکی باکسی بوو، پێشی نەدەگیرا و خەڵک دەیانگوت: «مەلا زەکی جێیەکی لە بەهەشت بۆ دابین دەکات.» نالین باسی هەڵاتنی بابی، کە مامۆستایەکی گوند و چالاکی سیاسی بوو لە دوای کودەتای ١٩٨٠ و دواتر هاتنی بنەماڵەکەی و خۆی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بۆ سوید دەکات. ئەو لە قوتابخانە لە سوید بە منداڵ حیساب دەکرا، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو کات نالین پێبەپێی باب و مامەکانی لە سیاسەتدا بەشدار ببوو و ئاشنای ئەدەبیاتی جیهانی بوو. نالین و براکەی کوردۆ هێشتا منداڵ بوون کە یارمەتیی باوکیان دا کە کتێبەکان نەجات بدەن و لە ژێر خاک بیشارنەوە. دایکی، ژنێکی کۆنسێرڤاتیڤ لە بنەماڵەیەکی خاوەنزەوییەکی زۆر، دەیویست نالین بخاتە قوتابخانەی قورئان. بەڵام باپیری، مەلا زەکی باکسی، کە لە خێزانەکەیان چەندین نەسڵ ئیمام بوون، نەریتی خوێندن و هەڵوێستێکی پێشکەوتوو و مۆدێرنی هەبوو. کاتێک کچ و کوڕێک ئاشق دەبن و ڕادەکەن، پەنا دێننە ماڵی مەلا زەکی. بنەماڵەی کچە دێن کە بیانکوژن، مەلا زەکی لەبەرامبەریاندا ڕادەوەستێت و دواتر دەیاننێرێتە شارێکی دووری تورکیا. هەر ئەو کارەی کە نالین و مێردەکەی، چەکۆ، بۆ فاتیمە شاهیندال لە سوید دەیکەن. بەڵام بەداخەوە، بابی فاتیمە سەرئەنجام ڕۆژێک لە ٢١ی ژانوویەی ٢٠٠١دا فاتیمە دەکوژێت. نالین یەک لەو ژنانە دەبێت کە تابووتی فاتیمە بەرەو گۆڕستان لەسەر شان هەڵدەگرن. تیڤیی سوید ڕاستەوخۆ مەراسمی ئەو بەخاکسپاردنە بڵاودەکاتەوە. کوشتنی فاتیمە کارەساتێک بوو کە هەموو سویدییەکی هەژاند. فاتیمە کچێکی ٢٦ ساڵەی کورد بوو کە لە زانکۆ دەری دەخوێند و زۆر جار باسی مافەکانی کچانی پەنابەری لە تیڤی و لە پەرلەمانی سوید کردبوو. نالین باسی ئەو گرفتانەی ناو هێندێک لە بنەماڵەکانی پەنابەر دەکات کە چۆن بوونەتە هۆی کوشتنی چەندان کچی فەلەستینی، کورد و هتد. نالین تەنانەت لە بابی خۆیشی دڵگرانە کە پرسی کوردی لە باسکردنی قەتڵی نامووسیدا پێ گرنگترە.
کاتێک بنەماڵەی باکسی دێنە سوید، نالین دەیهەوێت وەک ئینسانێکی ئازاد بژی و لەگەڵ ڕەفیقان بچێتە دەرەوە. بنەماڵە بەردەوام دەڵێن: «هەر خەڵکی خۆمان نەتبینێت.» نالین زۆر جار کە لەو قسانە ماندوو دەبێت، خۆی لەناو ئەدەبیات و کتێباندا ون دەکات و دەخوێنێتەوە. دەرسی پەڕستاری دەخوێنێت و لەگەڵ گەنجانی سۆسیالدێمۆکرات و دواتر ڕێکخراوی ژنان کار دەکات و دەبێتە سەرۆکی ڕێکخراوی ژنانی سۆسیالدێمۆکرات.
لە سیاسەتدا گرفتەکان کەم نین و ژنان دەبێت بێنە ژێر گوتاری پیاوان. ئەو کچێکی ڕووک و ڕاستە و قسەی خۆی هەیە، کە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، «یۆران پەرشۆن»، زۆر بە سەربەخۆییی نالین خۆشحاڵ نەبێت. نالین باسی هەڕشە و فشاری ئیسلامیستەکان و دەستی تورکە بۆرەکان دەکات کە سەرئەنجام وایان کرد لە ساڵی ٢٠١١ لە سیاسەت دوور بکەوێتەوە.
بەشێکی گرنگی کتێبەکەی نالین باسی دوو پوری (خوشکی بابی)، «نەجلا» و «لەمییا»یە. نەجلا دەڕواتە سووریا تا بێتە سوید بۆ لای براکانی، بەڵام کاتێک دەڕواتە سەفارەتی سوید لە دەمشق، هێستا ویزاکەی نەهاتووە و دەچێتە قامیشلێ. لەوێ شەو بەدەست دەوڵەتی تورک شەهید دەکرێت. ئەمە لە بیرەوەرییەکانی ئەفسەرێکی تورکدا باس کراوە کە چۆن هەوڵ دەستدرێژیی نیزامیی دەوڵەتی تورکیا لەناو سووریادا بووە بۆ سەر خەباتکارانی کورد. پورەکەی تری، واتە لەمییا، لە سوید پزیشکی دەخوێنێت و دواتر دەچێتە ناو پارتی کرێکارانی کوردستان. لەمییا ئاشقی کوڕێکی گەریلا دەبێت کە پ.ک.ک دەینێرێتە شەڕ و شەهید دەبێت. لەمییا دەیهەوێت بگەڕێتەوە سوید، بەڵام حیزب بەردەوام گرفتی بۆ دروست دەکات و سەرئەنجام لەمییا بەدەست پ.ک.ک شەهید دەکرێت. لەمییا پزیشکێکی زۆر شارەزا بووە. کاتێک گەریلایەک بریندار دەبێت، ١٧ ڕۆژ لەمییا ئاگاداری دەبێت تا دەنێردرێتە ئێران. پزیشکانی ئێرانی باوەڕ ناکەن کە ژنێک بەو مەهارەتەوە و بێ هیچ ئیمکانێک لە شاخ گیانی ئەو کوڕەی نەجات داوە. دواتر ئەو گەریلایە دێتە سوید و باسی شەهیدکردنی لەمییا بەدەست حیزب بۆ نالین دەکات و دەڵێت: «من گیانی خۆم قەرزداری پورتم.» کوشتنی لەمییا ڕووداوێک بوو کە بنەماڵە قەت باسیان نەکردبوو. نالین لە کتێبەکەیدا باسی ئەو بێدەنگییە وەک میراتێک دەکات. ئەوان پێیانوابووە کە باسکردنی برینەکان وا دەکات دواتر هەڵگرتنیان سەختتر بێت.
نالین ئێستا وەک پەڕستار کار دەکات، بەڵام ساڵی ١٩٩٤ هێستا دەستی بە کار نەکردبوو کە وەک نوێنەر دەگاتە پەرلەمانی سوید. نالین وەک ژنێکی باوەڕبەخۆ و بەپرنسیپ هەوڵ دەدا لەسەر پرسی پەنابەران، قەتڵی نامووسی و ئینتیگراسیۆن ڕوانگەیەکی نوێ نیشان بدات. ئاننا لیند (٢٠٠٣-١٩٥٧) تەنیا کەسێک بوو کە گوێی لە نالین گرت. ئەویش بەردەوام پشتی ئاننای دەگرت. گەرچی گوتاری زاڵی پیاوانی ناو حیزب زۆر جار دژی ژنان بوو. یۆران پێرشۆنیش گوێی لە نالین دەگرت، بەڵام کاتێک بوێریی نالین باکسی دەگەیشتە سەر ڕەخنە لە خۆی و شێوازی ڕابەرایەتیی دەسەڵاتخوازانەکەی یۆران پەرشۆن، چیتر نەیتوانی بەرگە بگرێت و بە نالینی گوت: «بڕۆ!»
نالین ڕەخنەی لە فرۆشتنی قوتابخانەکان بە کەرتی تایبەت هەبوو و ئەوەی کە حکومەتی کاڕڵ بیلدت لە حیزبی ڕاستی مۆدێڕات کردبووی، بە دیارییەک بۆ توندڕەوانی ئایینی دەزانی. نالین دژی ئەوە بوو کە ئیسلامیستە ڕادیکاڵەکان خۆ بخزێنە ناو دەوڵەت و دامودەزگای سوید، هەڕەشە لە جووەکان بکرێت و هاوکات تاگی موسڵمان لەلایەن ڕاسیستەکانەوە بێڕێزییان پێ بکرێت.
کتێبەکەی نالین تێڕوانینێکی قووڵە لەسەر سیاسەت و ئاڵۆزیی پرسە کۆمەڵایەتییەکان. نالین پێیوایە کە پێویستە بۆ سویدێک کار بکەین کە هەموو کەسێک دەرفەتی هاوسانی بۆ بڕەخسێت، پێویستە مرۆڤ ببینین پێش ئەوەی ڕەگەز و نەتەوەکەی ببینین. ئەو دەڵێت پێویستە بوێر بین و گوێ لەو کەسە بگرین کە ڕەخنە دەگرێت، نەک پەراوێزی بخەین.
نالین بەو هیوایەیە کە ئەم کتێبە بەرچاوڕوونی بدات بۆ شکانی بێدەنگی، چارەسەریی گرفتەکان لەوانە: پرسی ئیسلامی ڕادیکاڵ، قەتڵی نامووسی، ڕاسیزم و پرسی ژنان.
نالین پێیوایە کە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە خاک و وڵاتێکی خۆیان هەبێت.
نالین باکسی دەڵێت: «زانیبام نووسینی ئەم کتێبە هێندە بەئازارە، نەمدەنووسی، زۆر جار لەناو فرمێسکی خۆمدا قووم بووم.» بەڵام هەیسان سپاسی هەموو ئەوانەش دەکات کە بۆنە بوون بۆ نووسینی «جەنگەکانی من» و تا گەیشتن بە چاپ یارمەتییان داوە.
جەنگەکانی من، نالین باکسی. مارسی ٢٠٢٦، چاپەمەنی Volante، ٢٤٢ لاپەڕە.
https://www.expressen.se/kultur/bocker/nalin-baksi-kom-till-tensta-den-med-en-krigares-sjal/
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
دەباغی، شەهلا(٢٠٢٦): جەنگەکانی من. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
“کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ” (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون)
"کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ" (خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی ڕەشەشەو و سەبازانی ون) ئارام کەیخوسرەوی ڕەنگە هەموومان باس و بابەتی پەیوەندیدار بە ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەمان بیستبێت؛ ڕەنگە بەشێکی بەرچاویشمان گێڕانەوەی [...]
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو
لە یەکەم چاوپێکەوتنەوە تا یادی هەمیشەیی دوکتور قاسملوو کامران ئەمین ئاوە هاوینی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هاوینێکی گەرم و پڕ لە جووڵەی سیاسی بوو. لەگەڵ هاوڕێیەکم لەبەردەم نووسینگەی "یەکیەتی لاوان"ی بۆکان دانیشتبووین [...]
قاسملووم چۆن بینی؟
قاسملووم چۆن بینی؟ عەلی مازووجی بێگومان، مرۆڤناسی و تێگەیشتن لە دەروونی مرۆڤ کارێکی زۆر ئاسان نییە، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەردەوام هەوڵ دەدەن بەشە جوان، بەهێز، زیرەک و هۆشیارەکانی خۆیان بە دەرەوە [...]
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا
ئەو ڕۆژەی باوکم پارووە نانەکەی بۆ قووت نەدرا هاوڕێ لە مانگی ٨ی ساڵی ١٩٧٨ی زایینی لە دایک بووم؛ لە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕان، شۆڕش و ئاڵۆزیی مێژووی کوردستاندا. دەسپێکی ژیانی من [...]
شار ڕەشپۆش بوو
شار ڕەشپۆش بوو ناسر ساڵحی ئەسڵ لە بەرەبەری ٣٧ ساڵەی ساڵیادی تیرۆرکردنی یەکێک لە شازترین ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو داین. دوکتۆر قاسملوو کەسایەتییەکی ناسراوی ناوچە و جیهان، دیپلۆماتێکی شارەزا [...]
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش!
قاسملووی کوردان و هەموو ئەوانی تریش! برایم لاجانی ٣٧ ساڵ پاش تیرۆری دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو، فەلسەفە و میراسی سیاسیی ئەو، هێشتاش بە چەشنێکی بەرچاو هەروا هاوچەرخ و ئاکتوێل ماوەتەوە. ئەگەرچی ناوبراو [...]







