بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردی

فەخاری، ڕۆبین (٢٠٢٥):کورتە نووسراوەیەک سەبارەت بە تۆنی مۆریسۆن:ژنێک کە بەرپرسیار بوو و باوەڕیشی بە هونەری بەرپرسیار بوو. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا تۆنی مۆریسۆنێ کە بە وتەی خۆی بەس بۆ خەڵکی ڕەش‌پێست دەنووسێت و گرنگی بە چیرۆک و تێکۆشان وکێشەکان و جوانییەکانی ئەوان دەدات دەتوانێت سەرنجی خوێنەری کورد ڕابکشێنێت؟ […] بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بیر دەکەن «سنووردانان» هەژماری بەردەنگ کەم دەکاتەوە، مۆریسۆن وەکوو نووسەرێک کە بڕوای بە هونەری بەرپرسیار (committed art) بوو و بە تەئکیدەوەش بەس بۆ بەردەنگی ڕەش‌پێست دەینووسی و بابەتەکانی بابەتگەلێ کۆمەڵگەی خۆیان بوو، توانیی سەرنجی خوێنەرە نێونەتەوەییەکان بۆ خۆی ڕابکشێنێت و خەڵکانێکی زۆر لە هەموو ڕەگەزەکان و ڕەنگەکانەوەش سەرسامی خۆی بکات و هەروەها گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییە جیهانییەکانیش وەربگرێت.  

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  • یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: ڕۆبین فەخاری

  • وەرگێڕ:

  • ڕێکەوت: ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ی کوردی

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0

کورتە نووسراوەیەک سەبارەت بە تۆنی مۆریسۆن:ژنێک کە بەرپرسیار بوو و باوەڕیشی بە هونەری بەرپرسیار بوو

کلۆیی ئاردێڵیا وۆفرد[1] نووسەری ئەفریقی-ئەمریکی، کە بە نازناوی تۆنی مۆریسۆن ناسراوە، لە ساڵی ١٩٣١دا لە ئەیاڵەتی ئۆهایۆی ئەمریکا لە خێزانێکی کرێکار لە دایک بوو. ئەم ژنە نووسەرە دواتر وەکوو یەکێک لە گەورەترین نووسەرگەلێ ڕەش‌پێستی ئەمریکی ناوی لێ دەبرێت کە توانیویەتی لە ڕۆمان نووسی، وانەبێژی و سەرنووسەری بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان تێک بشکێنێت. مۆریسۆن یەکەم ژنی ئەفریقی-ئەمریکی بوو کە توانی لە ساڵی ١٩٦٧ەوە تا ١٩٨٣ وەک ئێدیتۆری باڵا لە دەزگای چاپەمەنی ڕاندۆم هاوس کە یەکێک لە گەورەترین چاپەمەنییەکان لە جیهاندایە ئیش بکات و هەروەها یەکەم ژنی ڕەش‌پێست بوو کە لە ساڵی ١٩٧٧دا خەڵاتی «بازنەی ڕەخنەگرانی نەتەوەیی کتێب»ی بۆ ڕۆمانی «ئاوازی سلێمان»  و هەروەها لە ساڵی ١٩٨٨یشدا خەڵاتی پولیتزەری بۆ چیرۆکی «خۆشەویست» وەرگرت. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٩٣دا خەڵاتی نۆبێڵی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا و دواتریش لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا، براک ئۆباما، میدالیای ئازادیی سەرۆککۆماریی وەرگرت. بۆ تۆنی مۆریسۆن نووسین هەڵویستێکی شۆڕشڤانانە بوو. ئەو دەیگوت: «هەموو هونەرە باشەکان سیاسین. نموونەیەکمان نییە کە وا نەبێت؛ ئەوانەش کە زۆر هەوڵ دەدەن سیاسیش نەبن هەر سیاسین چۆنکو خەریکن دەڵێن: ئێمە ئەوینداری دۆخی هەنووکەیین.» مۆریسۆن بە ئەوها ڕوانگەیەک چیرۆکەکانی دەنگی بێدەنگەکان بوو. بەتایبەت دەنگی ژنانی ڕەش‌پێست کە هەروەها ماڵکۆم ئیکسیش لە ساڵی ١٩٦٢دا ئاماژەی کردبوو: لە ئامریکا کەسێک کە «زۆرترین بێ‌ڕێزی پێی کراوە…و زۆرتر لە گشتی بێ‌پەنایە و پشتگوێ خراوترین کەسیشە [ژنی ڕەش‌پێستە].»

 بۆیە تۆنی مۆریسۆن هەر کات قەڵەمی لێ دەدا، ئامانجی سەرەکیی کۆمەڵگەی ڕەش‌پێستی ئەفریقی-ئەمریکی بوو و لە زۆرینەی ڕۆمانەکانیشیدا کارەکتەری سەرەکیی ڕەوایەتەکانی ژنانی ڕەش‌پێست بوون. کارەکتەرانێک  کە توانای ئەوەیان هەیە بە دووبارە دروستکردنەوەی مێژووی خۆیان لە ڕێگەی ڕەوایەت و بیرەوەری پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ جیهانی کۆمەڵایەتی بەهێزتر بکەن. لەو ساڵانەدا کە زۆرێک لە نووسەران پێیان خۆش نەبوو هەڵگری هیچ نازناو و بەرچەسپێک بن مۆریسۆن هەموو کات حەزی دەکرد کە بە زاراوەی «نووسەری ڕەش‌پێست» ناوی لێ ببەن. مۆریسۆن لە وتووێژێکیدا دەڵێت:   

بە پێویستی نازانم داوای لێبوردن بکەم یان خۆم بە نووسەرێکی سنووردار بزانم لەبەر ئەوەی کە من [سەبارەت بە خەڵکی سپی‌‌پێست] نانووسم—کە هەڵبەت ئەمەش ڕاست نییە و زۆر کارەکتەری سپی‌‌پێستیش لە کتێبەکانمدا هەیە. [بەڵام] من هەرگیز داوام لە تۆلستۆی نەکردووە بۆ من وەکوو کچێکی بچووکی ڕەنگین پێست کە خەڵکی ئۆهایۆە بنووسێت. من هەرگیز داوام لە [جەیمز] جۆیس نەکردووە کە باسی ئایینی کاتۆلیک یان شاری دوبلین نەکات. هەرگیز. بۆیە نازانم بۆچی دەبێت داوام لێ بکرێت ژیانی ئەوان [بۆ ئەوان] ڕوون بکەمەوە. ئێمە نووسەرگەلی مەزنی فرەمان هەیە کە لە سەر کارەکتەرگەلێک کە ڕەش‌پێست نین دەنووسن؛ بەڵام من یەکێک لەوان نیم. ئەوە کاروباری ئەوانەیە کە یوونیڤێرساڵ[2]ن—وشەیەک کە بۆ من بە تەواوی لە واتا خاڵی بووەتەوە. پێم وایە بە شێوازی نووسینی فاکنێر بتوانین بڵێین ئەدەبی ناوچەیی؛ [کە کارەکانیشی هەر بەم شێوازە] لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە—منیش دەمەوێت ئەوها بکەم. من ئەگەر هەوڵم بدایە و ڕۆمانێکی جیهانیم بنووسیایە، ئەو ڕۆمانە [وەکوو] ئاو دەبوو. بۆیە ئەم پرسیارە [کە بۆ چی بەس لەسەر کارەکتەرە ڕەش‌پێستەکان دەنووسم] ناڕاستەوخۆ دەڵێت نووسین لەسەر خەڵکی ڕەش‌پێست بە شێوەیەک [بایەخی] نووسینەکەم کەم دەکاتەوە. لە حاڵێکدا لە ڕوانگەی منەوە بەس خەڵکی ڕەش‌پێست بوونیان هەیە و کاتێکیش دەڵێم «خەڵک» ڕێک مەبەستم خەڵكی ڕەش‌پێستە.

مۆریسۆن لە وتووێژێکی دیکەیدا لەگەڵ گاردیەن ئاماژە بە ڕستەیەک لە جەیمز باڵدوین، نووسەری گەورەی ڕەش‌پێست، دەکات کە گوایە گوتوویەتی «کورتە پیاوێکی سپی‌‌پێست لە ناخی هەمووماندا هەیە». کاتێک لە مۆریسۆن پرسیاریان کرد کە ئایا تۆ خۆت توانیوتە ئەو [جنۆکەیە] لە ناخی خۆتەوە دەری بکەی؟ ئەوها وەڵامی داوەتەوە: «من هەرگیز نەمبووە کە بمەوێت دەری بکەم.» بە ڕاستییش ئەگەر کەسێک کارەکانی مۆریسۆنی بە قووڵی خوێندبێت لە وڵامەکەی بە باشی تێدەگات. ژنێک کە بە درێژایی ژیانی خۆی لەسەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی، بەتایبەتی بۆ ژنانی ڕەش‌پێست، جەختی کردووە و لە پێگەی خۆیەوە وەکوو نووسەرێک تێکۆشاوە دژی ڕاسیزم، سێکسیزم و جۆرەکانی تری ستەم بنووسێت و قسە بکات.

 ئێستا پرسیار ئەمەیە: ئایا تۆنی مۆریسۆنێ کە بە وتەی خۆی بەس بۆ خەڵکی ڕەش‌پێست دەنووسێت و گرنگی بە چیرۆک و تێکۆشان وکێشەکان و جوانییەکانی ئەوان دەدات دەتوانێت سەرنجی خوێنەری کورد ڕابکشێنێت؟ وڵامی ئەم پرسیارە بە دڵنیایییەوە ئەرێنییە. بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بیر دەکەن «سنووردانان» هەژماری بەردەنگ کەم دەکاتەوە، مۆریسۆن وەکوو نووسەرێک کە بڕوای بە هونەری بەرپرسیار (committed art) بوو و بە تەئکیدەوەش بەس بۆ بەردەنگی ڕەش‌پێست دەینووسی و بابەتەکانی بابەتگەلێ کۆمەڵگەی خۆیان بوو، توانیی سەرنجی خوێنەرە نێونەتەوەییەکان بۆ خۆی ڕابکشێنێت و خەڵکانێکی زۆر لە هەموو ڕەگەزەکان و ڕەنگەکانەوەش سەرسامی خۆی بکات و هەروەها گرنگترین خەڵاتە ئەدەبییە جیهانییەکانیش وەربگرێت.  

چیرۆک کاتێک بە ڕاستگۆیی و بە تایبەتمەندیگەڵێک کە مرۆڤین ڕەوایەت ببێتەوە دەتوانێت لە سنوورگەلێ کە نووسەر لە سەرەتاوە بۆی داناوە تێبپەڕێت. بۆیە لێرە سنوور چیتر ئاستەنگ نییە و بەڵکووش پێویستە و دەبێت بە تامێکی تایبەت، ڕەنگێکی تایبەت، ئەزموونێکی تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی تایبەت کە بۆ خوێنەری جیهانییش تازە و دڵکێشە—نە وەک ئاو کە گشتگیرە بەڵام بێ شێوەیە، لامۆە و ناجێگیر. ئەگەر مۆریسۆن بە شێوازێکی جیهانی بینووسیایە، ڕەگ و قورسایی و هەستی تایبەتییێ کە ئێستا ناسنامەی کارەکانیین چیتر لەدەست دەچوو.

 کەوابوو بابەتی مۆریسۆن بابەتێ مرۆڤێکی بە پەرۆشە بۆ ئازادی، سەربەخۆیی، ناسنامە و خۆشەویستی؛ بابەتێ مرۆڤێکی یاخی لە ستەم و لە میراتی کۆیلایەتی کە بە شێوازی تایبەت بە خۆیەوە وا لە خوێنەر دەکات کە سەرسامی ڕەوایەتەکانی بن. لەم سۆنگەیەوە کارەکانی مۆریسۆن نەک بەس بۆ خوێنەری ڕەش‌پێست بەڵکوو بۆ هەر مرۆڤێکی بەپەرۆش چێژبەخشە. نووسراوەکانی مۆریسۆن بەدواداچوونێکن بۆ ئەزموونی ناخۆش و تاڵی مرۆڤ لە دۆخێکی تایبەت. بەڵام چۆنییەتی گۆشەنیگای ئەم نووسەرە و بۆچوونە قووڵەکانی لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و دەروونناسانەکان دەتوانێت لەگەڵ زۆرێک لە مرۆڤانێک کە ستەمی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی و نەژادییان ئەزموون کردووە هاودەنگ بێت—بەتایبەت ئەگەر ئەو کەسانە لەسەر ئەم بابەتانەش شەڕیان کردبێت. کتێبەکانی تۆنی مۆریسۆن بەهێزن و هەست بزوێن و خوێنەر تووشی پرسیارگەلێکی جددی دەکەن تا ڕووبەڕووی ڕاستییە تاڵەکانی کۆمەڵگە ببنەوە. تۆنی مۆریسۆن  لە کۆتاییدا لە ساڵی ٢٠١٩ لە تەمەنی ٨٨ ساڵی کۆچی دوایی کرد و میراتێکی دەوڵەمەندی لە دەستکەوتی ئەدەبی و چالاکیی کۆمەڵایەتی بەجێ هێشت. ئەم ژنە پێشەنگێک بوو بۆ ژنانی ڕەش‌پێست، وە هەروەها بۆ تەواوی ئازادیخوازان، و دەنگێکی بەهێز بوو بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سێکسی. هەرچەند کە ئاسەوارەکانی مۆریسۆن لە ڕۆمان و هۆنراوە و لیبرێتتۆ و نامیلکە و کتێب بۆ منداڵان و هتد زۆرە، لێرە بەس بە چەند بەرهەم لە ئاسەوارەکانی ئاماژە دەکەم کە خوێندنیان بۆ هەر تاکێک بەدڵنیایییەوە بێ­قازانج نابێت:

١. شینترین چاو: ڕۆمانی شینترین چاو کە یەکەم ڕۆمانی مۆریسۆنە چیرۆکی کچە گەنجێکی ڕەش‌پێستە کە هەستی متمانەبەخۆی بەهۆی ئیماژگەلێ جوانیێ کە کۆمەڵگەی سپی‌‌پێست لە جوانی و ئێرۆتیزمی ژنانە دایسەپاندووە تێکچووە و بۆیە ئارەزوو دەکات چاوێکی شین و پێستێکی سپیی هەبێت. ٢. سولا: دووهەمین ڕۆمانی مۆریسۆنە کە تیشک دەخاتە سەر کچە گەنجێکی ڕەش‌پێست بە ناوی سولا کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکانی ناوخۆی کۆمەڵگەی ڕەش‌پێستێ کە تێیدا دەژی گەشە دەکات و دەبێتە ژنێکی بەهێز و بڕیاردەر. ٣. ئاوازی سڵێمان: ئەم ڕۆمانە چیرۆکی گەنجێک بە ناوی میڵکمەن دێد[3] وێنا دەکات کە هەوڵ دەدات نهێنییەکانی ڕابردووی ئەژدادی بەکوێلەگیراوی[4] خۆی بدۆزێتەوە. ئەم چیرۆکە باسی ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ چۆن بزانین کێین و چیین. بەپێی قسەی خودی مۆریسۆن، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە پیاوێکە کە «فێری فڕین دەبێت و هەمووی ئەو شتانە کە واتای [فڕین] دەگەینێنەوە. بەڵام هەروەها سەبارەت بە ئەو ڕێگانەشە کە ئێمە، هەموومان، تێیدا بە دووای ئەوە دەچین کە بزانین کێین و چین—چەندەش گەشتێکی گرنگ و سەرنجڕاکێشە ئەم سەفەرە.» ٤. خۆشەیست: سێت[5]  کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە، ژنێکی بەکۆیلەگیراوی ڕەش‌پێست لە سەدەی نۆزدەهەمی زایینییە کە لەبەر ئەوەی کە منداڵەکەی زۆر خۆش دەوێت و نایەوێت کچە «خۆشەویست»ـەکەی وەک خۆی ببێتە کۆیلە قوڕگی دەبڕێت و دەیکوژێت. ساڵانێک دواتر، ئەم دایکە کچێکی ڕەش‌پێست دەبینێت کە ناوی «خۆشەویست»ـە و جێگەی برینێک لەسەر قوڕگی دیارە. دەتوانین بڵێین کە ئەم کچە گەنجە هەم سیمبۆلی تاوانبارکردنی سێتە و لە هەمان کاتیشدا هێمای ڕزگاربوونی دایکێکە کە لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا نیوەشێت بووەتەوە. ئەم ڕۆمانە کە مۆریسۆن بە «زۆرتر لە شەست ملیۆن قوربانیی سیستەمی کۆیلایەتی» لە ئەمریکا پێشکەشی کردووە، لە ڕاستیدا لەسەر بنەمای ژیانی ڕاستەقینەی مارگارێت گارنێر نووسراوە—ژنێکی ڕەش‌پێستی بەکۆیلەگیراو کە لە ساڵی ١٨٥٦دا بۆ ڕێگریکردن لە بەکۆیلەگرتنی کچەکەی ناچار دەبێت بیکوژێت. ٥. جەز: ڕەوایەتی ئەم ڕۆمانە لە ساڵانی بیستەکان[6] لە هارڵێمی ئەمریکادا ڕوودەدات و لە ڕێگەی چیرۆکی ژن و مێردێکی هاوژین بابەتەکانی خۆشویستی و لەدەستدان و شوناس دەگێڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێک کە لاسایی ڕیتمەکانی مۆسیقای جەز دەکات نووسراوەتەوە و بەم شێوازە ناوازەیە ڕەوایەتی کاراکتێرەکان لە سەردەمی ڕۆنێسانسی هارڵێم لە شاری نیویۆرک پیشان دەدات.

[1] Chloe Ardelia Wofford

[2] Universal

[3] Macon Dead III, known as Milkman

[4] enslaved

[5] Sethe

[6] 1920s

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە