نەوت و مەکینەی مەرگ
دانا حەمید
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆزەخێکی واقیعیدا دەسووتێت. لە غەززەی خاپوورکراو و گەڕەکە وێرانەکانی باشووری لوبنانەوە، تا دەگاتە شەڕە پچڕ پچڕەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئەو درۆنانەی ئێران، بەردەوام ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبەزێنن، شاری هەولێر-سلێمانی و دەوروبەری بەچڕی بۆردومان دەکات، تابلۆکە یەک شتە: وێرانکارییەکی بێكۆتایی. بۆ تێگەیشتن لەم جەنگە، شیکارییە ژیۆپۆلەتیکییە ژورناڵیستی و باوەکان کۆڵەوارن، چونکە هێشتا نەوت وەک ئۆبێکت دەبینن؛ واتە وەک کاڵایەکی بێگیان و ناکارا کە مرۆڤ بڕیاری لەسەر دەدات. بەڵام لێرەدا دەبێت پەنا بۆ دیدە ڕادیکاڵەکەی نووسەری ئێرانی-ئەمریکی، (ڕەزا نیگارستانی) ببەین، کە ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی سەرەوژێر دەکاتەوە و نەوت دەکاتە سوبێکت. لای نیگارستانی، نەوت تەنها شلەیەک نییە، بەڵکو ڕۆحێکی تاریک و بڕیاردەرە؛ بە دەربڕینە مارکسییەکە؛ نەوت وەک تارمایی و بزوێنەرێکی شاراوەی مێژوو کە زەوی و مرۆڤایەتی بەرەو مەرگ و کاولکاریی پاڵ دەنێت، دێ و دەڕوات. ڕەزا نەوت بە چەورکەری زەوی ناودەبات، وەک ڤایرۆسێکی ژێرزەوی کە مەکینەی سەرمایەداری و جەنگ خێراتر دەکات، لە ڕێگەی درز و برینەکانی زەوییەوە (واتە جەنگ و خوێنڕشتن) خۆی دەردەهێنێت و هەناسە دەدات. لە نەخشە ئۆنتۆلۆژییەکەی ئەمڕۆدا، گەرووی هورموز تەنها دەروازەیەکی ئاویی بازرگانی نییە، بەڵکو شاڕەگی سەرەکی و زمانەی دڵی ئەم ڕۆحە تاریکەیە. هەر گرژییەک لەم گەرووەدا، ڕاستەوخۆ نرخی نەوت لە بۆرسەکانی جیهاندا هەڵدەکشێنێت. ئەم گرانبوونە تەنها گۆڕانکارییەکی سادەی ئابووری نییە، بەڵکو پەمپدانی خوێنی زیاترە بۆ مەکینەی مەرگ. زلهێزەکان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان لەو وەهمەدان کە ئەوان سوبێکتن و نەوت کۆنترۆڵ دەکەن، کەچی لە ڕاستیدا ئەوان بوونەتە ئۆبێکت و ئامرازێکی بێئیرادە بەدەست نەوتەوە. تا نەوت گرانتر بێت، ئەوان داهاتی زیاتریان دەستدەکەوێت بۆ کڕینی چەکی کوشندەتر، بەبێ ئەوەی بزانن کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووە وێرانکەرەکانی ئەو قەوارە سەربەخۆیە دەکەن کە لە ژێر پێیاندایە.
لە چەقی ئەم گێژاوەدا، باشووری کوردستان وەک خاوەنی بەشێک لەم خوێنە ڕەشە، کەوتووەتە ناو تەڵەیەکی مێژووییە کوشندەوە. دۆزینەوە و فرۆشتنی نەوت، کە سەرەتا وەک خەونی سەربەخۆیی و بوون بە سوبێکتێکی سیاسیی بە کۆمەڵگە دەفرۆشرا، لە واقیعدا بووە مۆتەکەیەکی ڕاستەقینە. ئەم ماددەیە سیستەمێکی ئابووریی مشەخۆر و کرێخۆری خوڵقاند، کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەی (کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی) بە تەواوی تێکشکاند و تاکەکانی کردە چاوەڕوانی دەستی دەسەڵات. نەوت چینێکی ئۆلیگارشیی چاوچنۆکی دروست کرد کە سامانی گشتییان قۆرغ کرد، لە بەرامبەریشدا زۆرینەی کۆمەڵگەی خستە ناو زەلکاوی بێمووچەیی، هەژاری و بێهیواییەکی قووڵەوە، کە ڕۆحی گەنجانی بەرەو نامۆبوون و کۆچکردن پاڵ ناوە. لێرەدا ئەوە نەوتە وەک ڕۆحێکی بڕیاردەر چارەنووسی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دیاری دەکات، نەک پێچەوانەکەی. لەسەر ئاستی سەروەریش، بۆرییەکانی نەوت بوونە ئەو زنجیرانەی کە کوردستانیان بە بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانی ناوچەکەوە بەستەوە. ئەم بۆرییانە تەنها وزە ناگوازنەوە، بەڵکو دەستوەردانی دەرەکی، تۆڕی هەواڵگری، درۆن و مووشەکەکانی وڵاتانی دراوسێ ڕادەکێشنە ناو قووڵایی نیشتمانەوە. باشووری کوردستان بووەتە تەڵەیەک بۆ ئەم چەورکەرە تاڵانچییە. تا ئەو ڕۆژەی ئەم کۆمەڵگەیە و نوخبە سیاسییەکەی بە ئیرادەیەکی ڕادیکاڵەوە خۆیان لەم ئابوورییە مشەخۆرە و وابەستە کوشندەیە بە خوێنە ڕەشەکەی زەوییەوە ڕزگار نەکەن، هەر بەردەوام دەبێت لە سووتان لەناو ئەو ئاگرەی کە خۆی لەسەری دانیشتووە، لە ئاکامدا، نەوت دەبێتە سووتەمەنییەکی هەرزان بۆ جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦): نەوت و مەکینەی مەرگ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی ئەلڕاشد، عەبدولڕەحمان (٢٠٢٤): لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە. و: هێرش پاڵانی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی [...]
جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی قارەمانی،حەسەن (٢٠٢٥):جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]
ایرانیت به مثابه پروژه هویتزدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی
نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک در بلاگ ژیانەوە منتشر شده است: ١٠/٠٨/٢٠٢٥ اسماعیل پور، سلام (٢٠٢٥): ایرانیت به مثابه پروژه هویتزدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی. بلاگ [...]
دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی ئەحمەد، ڕێباز (٢٠٢٥): دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]
كوردستان؛ گذر از تابعیت در آلترناتیوهای بادكنكی
نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک در بلاگ ژیانەوە منتشر شده است: ٠٧/٠٨/٢٠٢٥ محمدی، ظاهر (٢٠٢٥):كوردستان؛ گذر از تابعیت در آلترناتیوهای بادكنكی. بلاگ ژیانەوە؛ مرکز مطالعات کوردستان - تیشک. [...]







