نەوت و مەکینەی مەرگ

دانا حەمید

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو دۆزەخێکی واقیعیدا دەسووتێت. لە غەززەی خاپوورکراو و گەڕەکە وێرانەکانی باشووری لوبنانەوە، تا دەگاتە شەڕە پچڕ پچڕەکانی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، ئەو درۆنانەی ئێران، بەردەوام ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبەزێنن، شاری هەولێر-سلێمانی و دەوروبەری بەچڕی بۆردومان دەکات، تابلۆکە یەک شتە: وێرانکارییەکی بێكۆتایی. بۆ تێگەیشتن لەم جەنگە، شیکارییە ژیۆپۆلەتیکییە ژورناڵیستی و باوەکان کۆڵەوارن، چونکە هێشتا نەوت وەک ئۆبێکت دەبینن؛ واتە وەک کاڵایەکی بێگیان و ناکارا کە مرۆڤ بڕیاری لەسەر دەدات. بەڵام لێرەدا دەبێت پەنا بۆ دیدە ڕادیکاڵەکەی نووسەری ئێرانی-ئەمریکی، (ڕەزا نیگارستانی) ببەین، کە ئەم هاوکێشەیە بە تەواوی سەرەوژێر دەکاتەوە و نەوت دەکاتە سوبێکت. لای نیگارستانی، نەوت تەنها شلەیەک نییە، بەڵکو ڕۆحێکی تاریک و بڕیاردەرە؛ بە دەربڕینە مارکسییەکە؛ نەوت وەک تارمایی و بزوێنەرێکی شاراوەی مێژوو کە زەوی و مرۆڤایەتی بەرەو مەرگ و کاولکاریی پاڵ دەنێت، دێ و دەڕوات. ڕەزا نەوت بە چەورکەری زەوی ناودەبات، وەک ڤایرۆسێکی ژێرزەوی کە مەکینەی سەرمایەداری و جەنگ خێراتر دەکات، لە ڕێگەی درز و برینەکانی زەوییەوە (واتە جەنگ و خوێنڕشتن) خۆی دەردەهێنێت و هەناسە دەدات. لە نەخشە ئۆنتۆلۆژییەکەی ئەمڕۆدا، گەرووی هورموز تەنها دەروازەیەکی ئاویی بازرگانی نییە، بەڵکو شاڕەگی سەرەکی و زمانەی دڵی ئەم ڕۆحە تاریکەیە. هەر گرژییەک لەم گەرووەدا، ڕاستەوخۆ نرخی نەوت لە بۆرسەکانی جیهاندا هەڵدەکشێنێت. ئەم گرانبوونە تەنها گۆڕانکارییەکی سادەی ئابووری نییە، بەڵکو پەمپدانی خوێنی زیاترە بۆ مەکینەی مەرگ. زلهێزەکان و دەوڵەتە ئیقلیمییەکان لەو وەهمەدان کە ئەوان سوبێکتن و نەوت کۆنترۆڵ دەکەن، کەچی لە ڕاستیدا ئەوان بوونەتە ئۆبێکت و ئامرازێکی بێئیرادە بەدەست نەوتەوە. تا نەوت گرانتر بێت، ئەوان داهاتی زیاتریان دەستدەکەوێت بۆ کڕینی چەکی کوشندەتر، بەبێ ئەوەی بزانن کە خزمەت بە تێرکردنی ئارەزووە وێرانکەرەکانی ئەو قەوارە سەربەخۆیە دەکەن کە لە ژێر پێیاندایە.

لە چەقی ئەم گێژاوەدا، باشووری کوردستان وەک خاوەنی بەشێک لەم خوێنە ڕەشە، کەوتووەتە ناو تەڵەیەکی مێژووییە کوشندەوە. دۆزینەوە و فرۆشتنی نەوت، کە سەرەتا وەک خەونی سەربەخۆیی و بوون بە سوبێکتێکی سیاسیی بە کۆمەڵگە دەفرۆشرا، لە واقیعدا بووە مۆتەکەیەکی ڕاستەقینە. ئەم ماددەیە سیستەمێکی ئابووریی مشەخۆر و کرێخۆری خوڵقاند، کە بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەی (کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی) بە تەواوی تێکشکاند و تاکەکانی کردە چاوەڕوانی دەستی دەسەڵات. نەوت چینێکی ئۆلیگارشیی چاوچنۆکی دروست کرد کە سامانی گشتییان قۆرغ کرد، لە بەرامبەریشدا زۆرینەی کۆمەڵگەی خستە ناو زەلکاوی بێمووچەیی، هەژاری و بێهیواییەکی قووڵەوە، کە ڕۆحی گەنجانی بەرەو نامۆبوون و کۆچکردن پاڵ ناوە. لێرەدا ئەوە نەوتە وەک ڕۆحێکی بڕیاردەر چارەنووسی تاک بە تاکی کۆمەڵگە دیاری دەکات، نەک پێچەوانەکەی. لەسەر ئاستی سەروەریش، بۆرییەکانی نەوت بوونە ئەو زنجیرانەی کە کوردستانیان بە بەرژەوەندییە دژبەیەکەکانی ناوچەکەوە بەستەوە. ئەم بۆرییانە تەنها وزە ناگوازنەوە، بەڵکو دەستوەردانی دەرەکی، تۆڕی هەواڵگری، درۆن و مووشەکەکانی وڵاتانی دراوسێ ڕادەکێشنە ناو قووڵایی نیشتمانەوە. باشووری کوردستان بووەتە تەڵەیەک بۆ ئەم چەورکەرە تاڵانچییە. تا ئەو ڕۆژەی ئەم کۆمەڵگەیە و نوخبە سیاسییەکەی بە ئیرادەیەکی ڕادیکاڵەوە خۆیان لەم ئابوورییە مشەخۆرە و وابەستە کوشندەیە بە خوێنە ڕەشەکەی زەوییەوە ڕزگار نەکەن، هەر بەردەوام دەبێت لە سووتان لەناو ئەو ئاگرەی کە خۆی لەسەری دانیشتووە، لە ئاکامدا، نەوت دەبێتە سووتەمەنییەکی هەرزان بۆ جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦): نەوت و مەکینەی مەرگ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات!

دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات! هیوا تاسه، عضو هیات تحریریه نشریه تیشک   مرگ طاهر خلیلی هنرمند شناخته شده کورد موجی‌ موجی از ناراحتی و اندوه را در جامعه کوردستان به همراه [...]

ئەوێستا، ماندانا و تێگەیشتن

نووسین: برایم فەڕشی     “ئەز ژیانم”، ” هەر ژنێک سیاسی نەبێ، دەحەلێ!” ئەوە وتەکانی ئەوێستایە، سەماکەر، شانۆگێڕ، شەڕوان. ئەو ماندانا، پرسۆناژی شانۆکەی من نییە، کە بە دەستی هاوسەرە نووسەر و ڕۆشنبیرەکەی کوژرا، ئەو خۆی [...]

برابری، تفاوت و امکان همزیستی مسالمت آمیز

نویسنده: دیاکو مرادی مسائل جامعەی جهانی بطور مستقیم یا غیر مستقیم بر تمام جنبەهای زندگی خصوصی و عمومی ما سایە افکندە است و "ما" نیز بە بخشی از مسائل جامعەی جهانی بدل شدە و میشویم. [...]

سێگۆشەی بەهێز لە داڤۆس: ئەستێرە ڕێنماییەکانی داهاتوو

  حەسەن قارەمانی نووسەر و چالاکی سیاسی پێشەکی: داڤۆس، شارۆچکەیەکی شاخاوی  لە سویسرا، ساڵانە  لە بۆنەیەکی میوانداریدا، کاریگەرترین بڕیاردەران و سەرکردەکان و بەڕێوەبەرانی بازرگانیی جیهان کۆدەکاتەوە. لێرەدایە، لەم شوێنە بەرزاییەدا، سێگۆشەیەکی بەهێز دەست دەکات بە [...]

تولید تقابل سیر طبقاتی ملت شهرها، در وهم تجزیه طلبی

نویسنده: بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانەوە از رواج افتادن اسطوره‌های کل‌گرا و ارگانیکی قدیمی، راه را بر مناسبات اجتماعی و سیاسی تازه گشوده است. در دنیای حالای ما، قدرت انضباطی  پیوسته در حال ‌جابه‌جایی [...]

ئێران و ئۆختاپووس و سنوورەکانی هێز

نووسەر: عەبدورەحمان ئەڕاشد   و:هێرش پاڵانی راوەدوونانی بەربڵاوی فەرماندەرانی سپای پاسداران و ڵانەورێز کردنیان لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە لە سووریا و لوبنان، کە تۆڕێکی بەرفراوانی پراکسیەکانی ئێران تێیدا وەک قۆڵەکانی ئۆختاپووس لە پەلهاویشتندان و [...]