سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا
ڕێباز ڕۆژهەڵات
مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو وەرچەرخانانە کە تێیدا سەرکردە و فەیلەسوفە مەزنەکان لەبری هەڵبژاردنی ژیانێکی سەرشۆڕانە یان ڕاکردن لە بەردەم مەرگ، مانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی قەدەری خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەم جۆرە مەرگە تەنیا کۆتایی هاتنی فیزیکی نییە، بەڵکوو گۆڕانی کۆچی دواییە بۆ چەمکێکی نەمری. لەم چوارچێوەیەدا، دەکرێت بەراوردکارییەکی قووڵ و فەلسەفی لە نێوان کۆچی دوایی سوقڕات، باوکی فەلسەفەی یۆنانی، و پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستاندا بکرێت؛ دوو کەسایەتی لە دوو سەردەم و جوگرافیای جیاواز، بەڵام بە یەک جۆرە جیهانبینی و ئازایەتییەوە بەرەو پەتی سێدارە و ژەهری شۆکران هەنگاویان نا.
مانەوە لە ناو جەرگەی مەترسیدا: ڕەتکردنەوەی ڕاکردن لە دیالۆگی “کریتۆن”ی ئەفلاتووندا، دیمەنێکی مێژوویی و فەلسەفی گرنگ دەبینین. کریتۆن، کە هاوڕێیەکی دڵسۆزی سوقڕاتە، سەردانی بەندیخانە دەکات و پلانێکی تۆکمە و ئامادەکراو دەخاتە ڕوو بۆ ڕفاندنی سوقڕات و ڕزگارکردنی لە سزای مەرگ. بەڵام سوقڕات بە توندی ئەم پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە. ئەو پێی وایە ڕاکردن بەواتای ژێرپێنانی یاساکانی ئەتینایە، تەنانەت ئەگەر ئەو یاسایانە لە دژی ئەویش بەکار هاتبێتن. سوقڕات پێی وابوو ژیانێک کە تێیدا مرۆڤ ناپاکیی لە پرەنسیپەکانی خۆی بکات، شایەنی ژیان نییە.
ڕێک لەم خاڵەدا، پێشەوا قازی محەممەد هاوشێوەی سوقڕات مێژوویەکی پڕ لە شکۆ دەنووسێتەوە. لە کاتی هەرەسی کۆماری کوردستان و نزیکبوونەوەی سوپای شاهەنشاهیی ئێران، دەرفەتی تەواو و پێشنیاری جۆراوجۆر هەبوو بۆ ئەوەی پێشەوا مەهاباد جێبهێڵێت و پەنا بباتە بەر ناوچە شاخاوییەکان یان دەرەوەی وڵات. بەڵام ئەو ڕای نەکرد. پێشەوا بڕیاری دا بمێنێتەوە و ببێتە قەڵغانی پاراستنی خەڵکی کوردستان لە کۆمەڵکوژی و تۆڵەسەندنەوەی سوپای داگیرکەر کە وەکووی ئازەربایەجانی لێ نەیەت. ئەم بڕیارەی قازی، وەک هێمایەکی باڵای بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی، ڕێک ئەو شتەمان بیر دەخاتەوە کە ئەفلاتوون لەسەر زمانی سوقڕات باسی دەکات: سەرکردەی ڕاستەقینە لە پێناو پاراستنی بیروباوەڕەکەیدا، خۆی ناکاتە قوربانی مانەوەی فیزیکی خۆی.
دادگا وەک سەکۆی داکۆکیکردن لە حەقیقەت
خاڵی هەرە درەوشاوەی ئەم بەراوردکارییە لە هۆڵی دادگاکاندا دەردەکەوێت. سوقڕات لە دادگای ئەتینادا (کە ئەفلاتوون لە دیالۆگی “بەرگری سۆقرات”دا تۆماری کردووە) بۆ پاڕانەوە و داوای لێخۆشبوون نەچووە بەردەم دادوەرەکان. ئەو دادگایەی کردە سەکۆیەک بۆ ڕەخنەگرتن لە نەزانین، چەقبەستوویی و نادادی دەسەڵاتدارانی ئاتێن. ئەو بە حیكمەت و ئیستدلالەوە سەلماندی کە ئەو گوناهبار نییە، بەڵکوو ئەوانەن گوناهبارن کە دەیانەوێت دەنگی حەقیقەت کپ بکەن.
پێشەوا قازی محەممەپیش کاتێک چووە دادگای سەربازیی پاشایەتیی ئەو کاتی ئێران، نەک هەر سەری دانەنەواند، بەڵکوو دادگاکەی ڕاچڵەکاند. قازی محەممەد بە بەکارهێنانی زمانێکی یاسایی، مێژوویی و سیاسیی بەهێز، لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد دوا. ئەو بە ئیستدلال و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرەوە، شەرعییەتی دادگاکە و ڕژێمی پاشایەتیی خستە ژێر پرسیارەوە. لە کاتێکدا دادوەرە سەربازییەکان دەیانویست پێشەوا وەک “خیانەتکار” نیشان بدەن، ئەو توانی هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە و دەسەڵاتی تاران وەک داگیرکەر و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار بکات.
کۆتاییەک کە سەرەتای نەمرین بوو
سوقڕات ژەهری شۆکرانی نۆش کرد و گیانی سپارد، بەڵام فەلسەفەکەی بۆ هەتاهەتایە لە مێژوودا زیندوو مایەوە. پێشەوا قازی محەممەدیش لە چوارچرای مەهاباد لە سێدارە درا، بەڵام مەرگی ئەو بووە هەوێنی شۆڕش و بەردەوامیی دۆزی ڕەوای کورد.
هەم سوقڕات و هەم پێشەوا قازی محەممەد سەلماندیان کە مەرگی فیزیکی گرنگ نییە، ئەوەی گرنگە شێوازی مردنەکەیە. ئەوان نەیانهێشت دوژمنەکانیان شانازیی بە سەرکوتکردنی ڕۆحیانەوە بکەن. قازی محەممەد بە هەمان ئەو ئارامی و دڵنیاییەی سوقڕاتەوە چوو بەردەم پەتی سێدارە، چونکە دەیزانی حەقیقەتێک کە ئەو بەرگری لێدەکات، بە مردنی ئەو لەناو ناچێت.
ئەنجام:
سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا قازی محەممەد، وانەیەکی ئەخلاقی و سیاسیی مەزنە. ئەو نیشانی دا کە سەرکردایەتی تەنیا لە کاتی سەرکەوتندا نییە، بەڵکوو لە کاتی شکست و لەسەر سەکۆی دادگاکانیشدا، مرۆڤ دەتوانێت بە مانەوە و ئیستدلالکردنی، مێژوویەکی پڕ لە شکۆ و ئازادی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێبهێڵێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ی کوردی
ڕۆژهەڵات، ڕێباز(٢٠٢٦): سوقڕات ئاسا بوونی مەرگی پێشەوا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو
بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو
کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە
ماژیکی ڕەش و مێژووی کووژاوە فاتح سەعیدی دۆخی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ئازادبوونی باشووری کوردستان بووە هۆی ئەوە بەرەبەرە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دیو و ئەو دیو توندوتۆڵ بێتەوە. هەموو کەسوکاری نەنکم لە [...]
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟
ئایا کورد ژێردەستەیە یان داگیرکراو؟ ئیبراهیم مەلازادە یەکێک لەو چەمکانەی کە نووسەر و توێژەرانی کورد بە ئاگایی یان بە نائاگایی بۆ دۆخی کورد بەکاردەهێنن، جیاوازنەکردنە لەنێوان چەمکی داگیرکەر و ژێردەستە. مانای [...]
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت
ڕێبەرێک کە نەیدەویست کاریزما بێت دانا کۆنەپۆشی "لەناو ئاپۆرای جەماوەردا هاواری بژی قاسملوو بەرز دەبێتەوە. قاسملوو درووشمەکەیان پێ دەبڕێت و دەڵێت لە حیزبەکەی ئەودا تاکپەرستی جێگای نییە." پوختە ئەم وتارە دەپەرژێتە سەر [...]







