سارۆ خوسرەوی
ئایینی یاری، سەرباری هەندێک پەسنی هاوبەشی لە بواری خوداناسی و میتۆلۆژییەوە لەگەڵ ئایینەکانی تر، لە گەوهەر و نێوەڕۆکدا، ئایینێکی جیاوازە و خاوەن ڕێباز و یاسا و ڕیسای تایبەت بە خۆیەتی. جیاوازیی بنەڕەتیی ئایینی یاری لەگەڵ شیعەی دوازدە ئیمامی لە ئێران وای کردووە، بەشێک لە یارسانییەکان بۆ پاراستنی ئایینەکەیان، هەندێک لە چەمک و دەقە ئایینییەکانی خۆیان بگۆڕن و ڕێبازی جیاواز لەم ئایینەدا پێک بێنن.
زۆربەی یارسانییەکانی دەڤەری گۆران، لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەوان لەسەر ڕێ و ڕچەی ڕاسەکانیی ئایینی یاری ماونەتەوە و پێڕەوی لە ئەرکان و یاسا و ڕێسای ئایینەکە دەکەن، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە یارسانییەکانی سەحنە بۆچوونی جیاوازیان هەیە و پێییان وایە، بۆ خۆیان لە حەقیقەتی دنیابینیی ئایینی یاری باشتر تێگەیشتوون.
حاج نیعمەتوڵڵا جەیحوونئابادی، نوورعەلی ئیلاهی و موحەممەد موکری، لە ئەوەڵین کەسانێک بوون کە ئایینی یارییان وەک شاخەیەکی نزیک لە شیعەی ئێرانی پێناسە کرد.
ئەوەتا مێژوونووسی ناسراوی کرماشان، موحەممەد عەلی سوڵتانی لە بەرگی یەکەمی کتێبی “ڕاپەڕینی عەلەوییەکانی زاگروسدا”، شاهنامەی حەقیقەتی جەیحوونئابادی بە سەرچاوە دەگرێت و یاری بە شاخەیەک لە ئیسلام و شیعەی توندڕەوی ڕێبازی دوازدە ئیمامی پێناسە دەکات.
سوڵتانی، لە کتێبەکەی خۆیدا، لە لایەک یارسان بە بەشێک لە ئەندێشەی کۆنی ئایینە ئێرانییەکان لەقەڵەم دەدات و لە لایەکی دیکەوە ئایینەکەیان لە چواچێوەی بزووتنەوەگەلی وەک، ئیسماعیلییە، فاتمییان، سەربەداران، حروفییان، بەکتاشی و موشەعشەعییان، پێناسە دەکات.
د. حوسێنی خەلیقی, لە کتێبی ئایینی یاریدا دەنووسێت: “قزڵباشەکان کە پێکهێنەری سوپای سەفەوییەکان بوون، پەیوەندییان بە غولاتی شیعە توندڕەوەکانەوە بوو. ئەوانیش لەسەر ئەو باوەڕە بوون، خودا دەچێتە لەشی کەسانی تایبەتی. هەر ئەوان بوون پلەی خودایییان بە عەلیی کوڕی ئەبوتالیب دا. ڕەنگە ئەم لێکچوونەی دوونادوونی یاری و شیعە توندڕەوەکان بووبێتە هۆی ئەوەی موحەممەد عەلی سوڵتانی، لە کتێبی ڕاپەڕینی عەلەوییەکانی زاگروسدا، یارسانییەکان بە شیعەی توندڕەو پێناسە بکات.”
موحەممەد عەلی سوڵتانی، هەروەها لە لاپەڕەی ١٩٦ی سەرچاوەی پێشوودا، سوڵتان سەهاک، پیرخزری شاهۆ و سەید موحەممەد نووربەخشی، بە پێشەنگانی عەلەوییەکانی زاگروس لەقەڵەم دەدات و دەیانباتەوە سەر ڕەچەی پەیامبەری ئیسلام و پەیڕەوی ویلایەتی پێشەواکانی شیعەی دوازدە ئیمامی. لە ڕاستیدا، لێکدانەوەکانی سوڵتانی لەگەڵ گەوهەری ئایینی یاری یەک ناگرنەوە، لەبەر ئەوەی یارسانییەکان هیچ یەک لە پێنج فەڕز یان پایەکەی ئیسلام بە جێ ناهێنن و بڕوایان بە ئەرکانی ئایینەکەی خۆیانە کە ئەویش “پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا”یە، وەک ئەوەی لەم کەلامەدا هاتووە کە دەڵێت:
یارسان وەرا، یارسان وەرا
ڕای حەق ڕاسییەن بەرئانان وەرا
پاکی و ڕاستی و نیکی و ڕەدا
قەدەم وەقەدەم تا وە مەنزڵگا
یان:
یاری چوار چێوەن باوری وەجا
پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا
بەشێک لە نووسەران و لێکۆڵەرانی یارسانیش کە کەلامەکانی ئایینی یارییان کۆکردووەتەوە، لە شرۆڤە و شیکردنەوەکانیاندا، ڕێبازی شیعەگەرییان وەک بەشێکی گرینگ لە ئەدەبیاتی باوەڕی یاری ناساندووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن، عەلی و کوڕەکانی لە ئایینی یاری جیا ناکرێنەوە و هەموویان لە یەک سەرچاوە ئاویان خواردووەتەوە کە ئەویش کانیاوی حەقیقەتە.
گرووپە مەکتەبییەکانی سەر بە جەیحوونئابادی، عەلی وەکوو مەزهەری تەواوی ئیلاهی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام لە سەرجەمی دەفتەرەکانی ئایینی یاریدا دەورەیەکی کەلامی یان دیرۆکیی تایبەت بە ناوبراو بەدی ناکرێت.
ئەگەر لە کەلامێکی یاریدا ناوی عەلی کوڕی ئەبوتالیب هاتبێت، هیچ گومانت لەوە نەبێت ئەو کەلامە هیچ پەیوەندیی بە ئەدەبیاتی باوەڕی یارییەوە نییە، بەڵکوو چاودارانی یارسان بۆ مانەوەی ئایینەکەیان هەندێ ئیمتیازیان داوە، وەک ئەوەی پیر عیسا بەساکانی لە کەلامی بارگە بارگەدا دەڵێ:
“مەردان وە کەلام باوەران یەقین
“عەلی” ش دی وە حەق، زات بنیامین
واتە پیاوان ئیمان بێنن بە کەلامی حەق، چونکە بنیامین زاتی حەقی خۆی لە “عەلی” دا بە بەدی کردووە.
عەلی لە نێو یارسانییەکانی گۆراندا، کەمتر جێگای باسوخواست بووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گوشاری مەکتبیەکانی سەر بە گرووپی جەیحوونئابادی، زەمینەی بۆ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆش کردووە تا گۆرانەکانیش پەلکێش بکەن بۆ لای شاخەیەک لە ڕێبازی شیعە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی زۆربەی گۆرانەکانەوە، هەر جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ هێماکانی شیعە، جێگای شک و گومانە. ( بڕوانە، اول و آخر یار: فلیپ کرینبروک، ل ١٦٦).
لەبەر ئەوەی موسڵمانە توندڕەوەکان، توانای پەسەندکردنی هیچ بیرێکی جیاوازیان نەبووە، یارسانییەکان ناچار بوون، عەلی بە خاوەن زاتی خودایی لە قەڵەم بدەن، هەر بۆیە پێیان دەگوترێ “علی اللهی”. واتە لە ڕووی ناچارییەوە چوونەتە ژێر ئاڵای عەلی کە لای شیعە و سوننی، کەسایەتییەکی خۆشەویستە.
هەروەها چونکە یارانی یاری ڕێگایان پێ نەدراوە، بیروبڕوای ئایینیی خۆیان بە ئاشکرا ڕابگەیەنن، پەیڕەوییان لە “سێڕمەوێژ” کردووە. ( بڕوانە کتێبی ئایینی یاری ل، ٩٢).
لە ڕەوشێکی ئاوادا، تاکەکانی کۆمەڵگەی یارسان، دەبێ بە چاوی گومانەوە چاو لە سەرجەمی ئەو شرۆڤە و شیکارییانە بکەن کە لە لایەن توێژەرانی ناوخۆیی و بیانییەوە بۆ دەقەکانی ئایینی یاری کراون.
واتاکانی ئەرکانی ئایینی یاری لە کتێبەکانی جەیحوونئابادیدا، بە ڕاشکاوی چەواشە کراون. زۆرێک لە کەلامەکانی سەردەمی پردیوەر کە هەڵگری چەمک و واتای نیزامی” پیر و پادشایی” یاریین، بە شرۆڤەی دوور لە ڕاستی و نزیک لە خورافات، تێکەڵ بە ڕێبازی شیعەگەری کراون.
لە فەرهەنگی ئایینی یاریدا، هێماکان، لە چوارچێوەی فەلسەفەی مرۆڤخوداییدا پێناسە کراون و هەر هێمایەک هەڵگری واتایەکی تایبەتە، کەچی لە ژێر ناوی ئەفسانەی دووناودوون و دەرکەوتنی خودا لە لەشی عەلی، پێشەوای یەکەمی شیعەکان، حەقیقەتی ئایینەکەیان چەواشە کردووە. دەقە بنەڕەتییەکانی ئایینی یاری، لەگەڵ ئەفسانەی عەلی و پەیوەندیی ناوبراو بەم ئایینەوە یەک ناگرنەوە، لەبەر ئەوەی ڕیشەی ئایینی یاری هەزاران ساڵ لە پەیدابوونی عەلی وئایینی شیعەی ئیسلامی کۆنترە.
هۆکاری پەسەندکردنی شیعە لە ئایینی یاریدا هەروا بە خۆڕایی نەبووە، دەستی مەترسیداری لە پشتە و باجی گەورەشی بۆ دراوە، ئەویش لە دەڤەرێکی گەورەی وەک سەحنەی کرماشان.
ئەگەر بە باشی لە پێناسەکردنی ئایینی یاری وردبینەوە، دەبینین دنیابینیی ئەم ئایینە ئەرز و ئاسمان لەگەڵ ئایینی شیعەی ئیسلامی جیاوازیی هەیە. سازگاربوونی ئایینی یاری لەگەڵ ئایینەکانی دیکە، بەو مانایە نییە کە یاری لە جەوهەردا بەشێک بێت لەوان، بە پێچەوانەوە ئەوە نیشانەی ڕۆحی لێبووردەیی و ئاشتەواییی ئەم ئایینەیە کە ڕێز لە بیروباوەڕی جیاواز دەگرێت و چاوپۆشی لە فرەڕەنگیی ئایینی ناکات.
یاری دەکرێ لە خوێندنەوەی میتۆلۆژی و خوداناسیدا، خاوەنی هەندێک پەسنی هاوبەش بێت لەگەڵ ئایینەکانی دیکە، بەڵام لە ناورڕۆکدا ئایینێکی تەواو جیاوازە و لە چوارچێوەی ئەرکانی خۆیدا مامەڵە لەگەل کۆمەڵگە و ژینگەدا دەکات.
لە پردیوەر، سوڵتان سەهاک و یارانی، پەیڕەوییان لە ڕێبازێک کردووە کە هەڵگری ئەرکانی ئایینەکەیان بووە، واتا،” پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕەدا”.
لە بیاوبەسی یاریدا، مرۆڤی یارسانی پەیمانی لەگەڵ خودایەک بەستووە کە بۆ خوی سەرجەمنشین بووە. بیاوبەس یانی، پەیمانی ڕاستەوخۆ لە بەینی خودا و خەڵک. ئەمە دیوی ڕاستەقینەی ئایینی یاری بووە.
ڕوانگەی « شیعەگەریی» لە کۆمەڵگەی یارسان، بووەتە هۆی لیکترازانی گەورە لەم کۆمەڵگەیەدا. ئەم مژارە سەرەتا لەلایەن حاج نیعمەتولڵا جەیحوونئابادی خرایە ڕوو و بە شێوەی کرداری کاری لەسەر کرا. ناوبراو شرۆڤەیەکی تازەی بۆ دنیابینیی یاری خستە ڕوو. لە شرۆڤە و شیکارییەکانیدا جەختی لەسەر شیعەبوونی شوناسی یارسانییەکان کردەوە.
گەورەترین بەرهەمی جەیحوونئابادی، شاهنامەی حەقیقەتە کە لەلایەن موحەممەد موکری لە ساڵی ١٩٦٦ی زایینی چاپ کراوە. حاج نیعمەتولڵا جەیحوونئابادی، لە ساڵی ١٩٢٠ی زایینی کۆچی دواییی کردووە.
حاج نیعمەتولڵا جەیحوونئابادی، دامەزرێنەری خانەدانی “ساحیب زەمان”ە لە سەحنەی کرماشان.
کوڕەکەی واتا، نوورعەلی ئیلاهی و نەوەکەی، بەهرام ئیلاهی، ڕێ و ڕێبازە تازەکەی ناوبراویان درێژە پێداوە. هەتا ئێستا زۆربەی یارسانییەکانی ناوچەی گۆران، بە سەختی دژایەتیی مەکتەبییەکانی سەر بە ڕێبازی جەیحوونئابادی دەکەن و پێیان وایە ئەوان لە ڕێبازی ڕاستەقینەی ئایینی یاری لایان داوە.
لە دەیەی شەستی زایینیدا، لەدوای هەریەک لە نووسەرانی بیانی وەک، «مینۆرسکی، ئێڤانۆڤ و دوگۆبینۆ»، موحەممەد موکری، کە بۆ خۆی کەسێکی غەیرە یارسانییە، زۆرترین لێکۆڵینەوەی لەبارەی ئایینی یاری ئەنجام داوە. ناوبراو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ مەکتەبییەکانی سەر بە ڕێبازی جەیحوونئابادی هەبووە.
لە توێژینەوەکانی موحەممەد موکریدا ، یاسا و ڕێسای ئایینی یاری وەک ئەوەی لە پردیوەر هەبووە، نەپارێزراوە، بەڵکوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان، واتا و فەلسەفەی ئایینەکەیان گۆڕیوە. چەواشەکاری و گۆڕانکارییەکی لەو چەشنە، وای کردووە دووبەرەکی و ناکۆکیی قووڵ لە نێوان گۆرانەکانی گاوارە، ” شارستانی داڵاهۆ” و سەحنەییەکانی کرماشان بێتە ئاراوە.
سەیر ئەوەیە، زۆرێک لە یارسانییەکان ئێستاش پێییان وایە، ناکۆکیی نێوان سەحنە و گۆران، کێشەی خانەدانەکانە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی مەکتەبییەکانی سەر بە ڕێبازی جەیحوونئابادی کە لە دەرەوەی خانەدانن، سەرچاوەی ئەسڵیی کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایەن. چونکە ئێستا ئیدی لای زۆرێک لە خەڵک باوە کە دەڵێن هەتا لە دەڤەری گۆران دوور بکەوێتەوە و لە سەحنەی نزیک بیتەوە زۆرتر ڕوو لە دنیای شیعەگەری دەکەیت.
کاریگەریی بیری مەکتەبییەکانی سەحنە بە جۆرێکە کە ئێستا زۆرێک لە یارسانییەکانی هەمەدان، تاران و ئەردەبیل، لە باتی ئەرکانی ئایینی یاری، فەرزەکانی ئیسلام بە جێ دێنن و نوێژ دەخوێنن. لە سەحنە بە خەڵکی یارسانیان ڕاگەیاندووە، ئێوە دەتوانن یارسانی بن، بەمەرجێک نوێژ بکەن، کە دیارە بەشێکیان دەیکەن.
ئەوەی لەم نێوەندەدا زۆرترین بەهرەی لە ناکۆکیی نێوان یارسانییەکانی گۆران و سەحنە بینیوە، کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. ڕەنگە گۆرانەکان لە ترسی نیزامی تۆتالیتەری ئێران وەک تاکتێکێک بە ڕواڵەت خۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی شیعە بگونجێنن و پێڕەوی لە هەندێک ڕێوڕەسمی شیعەکانی ئێران بکەن، بەڵام کەم نین ئەو یارسانییانەی سەحنە کە بە کردەوە بوونەتە شیعە. ئەڵبەت ئەمە ئەوە ناگەیێنێ کە هەموو خەڵکی سەحنە مەکتەبین و ڕێبازی شیعەگەرییان هەڵبژاردووە، بە پێچەوانەوە زۆرێک لە سەحنەییەکان ئەم ڕێبازەیان قەبووڵ نییە و تەنیا پردیوەر بە ڕووگەی ئایین و باوەڕی خۆیان دەزانن. دیارە لە ناو گۆرانەکانیش کەسانێک هەن بۆ ڕازیکردنی دڵی دەسەڵاتدارانی شیعەی ئێرانی و لەبەر هەندێک بەرژەوەندیی خۆیان، چاوپۆشییان لە حەقیقەتی ئایینی یاری کردووە.
کێشەی هەرە گەورەی گۆرانەکان ئەوەیە خۆیان لە دەڤەری گاوارە قەرەنتینە کردووە و نایانەوێ بگەڕێنەوە بۆ پردیوەر. گۆرانەکان لەباتی ئەوەی یاسا و رێساکانی پردیوەر بە بنەوا بگرن، خۆیان بە هەندێک ڕێوڕەسمی سوونەتییەوە سەرقاڵ کردووە و هەتا ئێستا نەبوونەتە ناوەندێک بۆ پەروەردەکردنی یارسانییەکان لەسەر ڕێ و ڕەچەی ڕاستەکانیی ئایینەکەیان.
ڕێبازی شیعەگەری لە کۆمەڵگەی یارساندا، ڕێبازێکە تایبەت بە مەکتەبی و تەنانەت غەیرە مەکتەبییەکانی سەحنە و تاران.
نووسەری ناسراوی کرماشانی، مەنسوور یاقووتی لە کتێبی “ئایینی یارسان لە ئۆستوورەکانی قەومی کورد”دا لە لاپەڕە ٨١، دەڵێ: “بە باوەڕی من ئەوەیکە زۆر کەس لە ڕووی ناشارەزاییەوە یارسانییەکان بە عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەق لەقەڵەم دەدەن، هەڵەیەکی گەورەیە، لەبەر ئەوەی عەلیوڵڵاهی شاخەیەکن کە بە “غولاتی شیعە” بەناوبانگن. لە سەردەمی ژیانی عەلی، پێشەوای شیعەکان، یەکێک لە موریدەکانی بە ناوی “نەسیر”, تووشی جۆرێک لە خەیاڵ و “توهم” بووە کە گوایە عەلی خودایە. سەرنجام عەلی بۆ خۆی ناچار بووە بە شمشمێر لە ملی بدات و بیکوژێت”.
یاقووتی هەروەها دەڵێ: “لە مێژووی عەرەبدا شاخەیەک بە ناوی ‘نەسیرییە’ سەریان هەڵداوە کە لە ئێران بە عەلیوڵڵاهی بەناوبانگن و باوەڕیان وایە کە عەلی، خودایە’.
هەروەها ،دوکتۆر گوڵموراد مورادی لە کتێبی “مێژووی ئەهل حەق، یارسان”، لاپەڕە ١٣٨، دەنووسێت: “بزووتنەوەیەک بە ناوی ‘عهد تیموری’، گرێدراوی ڕێبازی عەلیوڵڵاهی لە دەڤەری کرماشان هەیە کە خۆیان بە بەشێک لە شیعەی ئیمامی دەناسن. ئەمانە لە بنەڕەتدا لەگەڵ قزەڵباشییەکانی سەردەمی سەفەوی دەچنەوە سەر یەک ڕێباز”.
نووسەر لە بارەی غولات شیعە دەنووسێت: “ئەم گرووپە بوون گەڕانی ڕەوان (تناسخ روح)یان لە چوارچێوەی ئیسلامدا برەو پێدا و’عەلی’یان بە خودا لە قەڵەم دا”.
لێرەدا دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە شاخەکانی وەکوو، عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەق، هیچ پەیوەندییەکیان بە گەوهەر و ئەدەبیاتی باوەڕی ئایینی یارییەوە نییە و مەکتەبییەکانی سەر بە بنەماڵەی جەیحوونئابادی کە خۆیان بە میراتگری ئایینی یاری دەزانن، لە ڕێبازی یاری لایان داوە و هەوڵ بۆ تواندنەوەی ئایینی یاری لە نێو ڕێبازی شیعەگەریدا دەدەن.
لە لایەکی دیکەوە، مەرجەعی تەقلیدەکانی شیعە، لە ژێر ڕۆشناییی لێکدانەوەی هەڵەی مەکتەیییەکانی سەحنە، یارسانییەکان بە سەر سێ شاخەی جیاوازی گومڕای وەک شەیتانپەرەست، عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەقی موسڵمان دابەش دەکات.
مەبەستی ئەو ناوەندە لە شەیتانپەرەست، یارسانییەکانی گۆرانە. عەلیوڵڵاهی بەو گرووپە لە یارسانییەکان دەڵێن کە پێییان وایە عەلی خودایە، کە دیارە ئەوانەش مەکتەبییەکانی سەحنەن، گرووپی سێهەم واتا ئەهلی حەقی موسڵمان، بەو گرووپە دەڵێن کە خۆیان بە شیعە دەزانن، بەڵام داب و نەریتی ئایینی و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ شیعە جیاوازە. دیارە ئەم جۆرە دابەشکارییە، زۆرتر کاری ئایەتوڵڵا مەکارم شیرازییە، کەسێک کە لە کتێب و لێدوانەکانیدا، یارسانییەکان بە گومڕا، گڵاو و دووڕوو پێناسە دەکات.
جێگای باسە، یاری ناوی ئایینیی کۆمەڵگەی یارسانە و هەردووک ناوی وەک عەلیوڵڵاهی و ئەهلی حەق، دوو ناوی ساختەن کە دەسەڵاتدارانی شیعە و سوننییەکان بەسەریاندا سەپاندوویانن.
کێشەی نێوان سەحنە و گۆران، پڕانی بەری ڕاڤە و لێکدانەوەی مەکتەبییەکانی سەر بە ڕێبازی شیعەن لە سەحنە کە بووەتە هۆی پەرتەوازەبوونی کۆمەڵگەی یارسان.
شیعەگەریی سیاسی لە کرماشان، مێژوویەکی کۆنی هەیە، چونکە ئەم شارە نزیک بە هەزار ساڵە، ڕێگای ئاوریشمی زیارتچیییەکانی شیعە بەرەو کەربەلای عێراق بووە. شیعەگەری وەک دیاردەی سیاسی لە زەمانی قاجار زۆرتر بڕەوی پەیدا کرد و هەر لەو سەردەمەشدا بوو، مەڕجەعە تەقلیدییەکانی شیعە بوون بە خاوەن هێز و بیر و ڕێبازی شیعەگەرییان لە نێو زۆرێک لە بنەماڵە دیارەکانی کرماشان بڵاو کردەوە. هەر بۆیە شتێکی چاوەڕوانکراوە یارسانییەکان بکەونە ژێر فشاری لایەنە شیعەکان و هەوڵ بۆ تواندنەوەیان بدەن.
ململانیی سەحنە و گۆران، لەسەر زات و زاتداری نییە، بەڵکوو لەسەر ئەوەیە کێ میراتگری ڕاستەقینەی ئایینی یارییە. بۆ تێگەیشتن لەم مژارە ئاڵۆز و چارەنووسسازە، پێویستیمان بە ڕۆشنگەری و لێکدانەوەی وشیارانەیە.
تێبینی:
ئەم بابەتەی من هیچکات بۆ مەبەستی دژایەتیکردن لەگەڵ باوەڕمەندانی شیعە لە کرماشان نییە، بەڵکوو تەنیا جۆرێکە لە ڕۆشنگەری بۆ ئەو بەشە لە یارانی یارسان کە کەوتوونەتە ژێر گاریگەریی فیکریی شیعەگەری و هەوڵ دەدەن گەوهەری ئایینی یاری چەواشە بکەن.
سەرچاوەکان:
برهان الحق، نور علی الهی
حق الحقایق یا شاهنامه حقیقت، نعمت الله جیحون آبادی
اول و آخر یار، فلیپ کرینبروک، مترجم: رضا شاهمرادی
کتاب قیام و نهضت علویان زاگرس، جلد ١، محمدعلی سلطانی
آیین یارسان در اساطیر اقوام کرد: منصر یاقوتی
نگاهی گذرا بە تاریخ و فلسفەی اهل حق یارسان: دکتر گلمراد مرادی
ئایینی یاری، د. حسێن خەلیقی
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ٢٠٢٤ پەیامێک بۆ ئێران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ
ڕوانگه هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ لە ماڵپەڕی [...]
ئیسرائیل جارێ بەتەما نییە دەست ڕاگرێ
بیروڕا ،و بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]
تکنیک سیدبال (Seedball) روشی برای احیای جنگلهای زاگرس
مقاله/دیدگاه تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای جنگلهای زاگرس [...]
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران
وتار لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا: سزادانی [...]
ئاڵۆزییە نەناسراوەکانی کۆچبەری
حەسەن قارەمانی، ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی [...]