بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ی کوردی
شەریفی، ساکۆ (٢٠٢٤): ئەگەر ترامپ …؟!. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان تیشک.
پوختە
ترامپ نەک شەڕخواز نییە بەڵکوو بەدوای ئاستێکی زۆر باڵا لە ئاشتییە، هەڵبەت ئەم ئاشتیخوازبوونە نابێ وەک مانا ئاسایی و ئەخلاقیەکەی چاوی لێ بکرێت بەڵکوو وەک باشترین بژاردەیە کە کۆی بەرژەوەندیەکان و بەهاکانی ڕۆژاوا لە جیهانی ڕۆژهەڵات ئەپارێزێت. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە وڵاتەکان تا پێش بە سەرۆککۆماربوونی ترامپ، لەگەل کێشە سەربازییەکان یەکلا ببنەوە و خۆیان نەخەنە ژێر تووڕەییی بەڕێوبەریی ترامپ. ئێسرائیل و ڕووسیا لە لاوازبوونی بایدێن زیاترین کەڵک وەردەگرن، هەروەها چین لەبەرامبەر تایواندا، بەڵام هەر سێ وڵاتەکە خۆیان بۆ هاتنە سەرکاری ترامپ ئامادە دەکەن، کە لە ئەگەری سەرۆککۆماریی ترامپدا بە چەن کارتی بەهێزەوە بێنە مەیدانی یاریی سیاسییەوە. یارییەک کە تا ڕادەیێکی زۆر گۆڕاوە و خوازیاری شێوازێکی نوێ لە هەڵسوکەوتە.
پێشەکی
سەرەڕای ئاکامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئامریکا، لەبەر چەن هۆکار خوێندنەوەی ئەگەری سەرۆککۆماربوونی ترامپ گرنگ و جێی سەرنجە. یەکەم هۆکار گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی ئامریکایە لە ئەگەری سەرۆککۆماریی ترامپدا. لەوانەیە زۆربەمان پێمان وا بێت کە سەرۆککۆماری دێمۆکرات یان کۆماریریخواز لە ململانێی دەرەوەی وڵات و بەگشتی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا جیاوازیێکی ئەوتۆیان لەگەڵ یەک نییە و کورسیی سەرۆککۆماری بۆ هەرکام لەم دوو بەرە بێت، دیسان ڕێگا و هەڵوێستی ئامریکا لە دەرەوەی وڵات ڕوونە.
وەک ئەوەیکە کامێلا هەریس وەک نوێنەری دێمۆکراتەکان بەزەقی پاڵپشتیی خۆی لە ئێستا و داهاتووی ئیسراییل ڕاگەیاند، بەڵام ئەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرین کە چۆنیەتی ئەم پاڵپشتییە و هەڵوێستەکانی داهاتووی ئامریکا لەوانەیە ئامانجەکانیش تووشی گۆڕان بکات. بۆیە پێویستە تا ڕادەیەک سەرنج خەینە سەر برگەیەک لە مێژوویەکی نزیک.
ترامپی سەرۆککۆمار کێ بوو؟
ترامپ بە کەسایەتییەکی پێکهێنەری ئاشتی ناسراوە کە هەوڵ دەدا کێشەکان چارەسەر بکات و ڕیگایان بۆ ساز کات. بەپێچەوانەی ئەو ڕوانگەیەی لە کوردستان سەبارەت بە ترامپ هەیە، کاتێک چاو لە بنەڕەتی فکری_سیاسی ترامپ بکەین ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە ترامپ زیاتر لە بەرامبەرەکانی خۆی لە لایەنی دێمۆکرات، هەوڵ بۆ سەقامگیرکردنی دۆخێکی هێوی ئەدات کە ئەم هەڵوێستە ئەبێتە بنچینە و ڕێگەخۆشکەری سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتی ترامپ و بەتایبەت سیاسەتی ئابووریی ئامریکا لە ناوچە جیاوازەکان.
یەکەم هەنگاوی بۆ سازکردنی ئاشتی، هەوڵدان بوو بۆ ڕێکەوتنێک لەگەڵ کۆریای باکوور بە ئامانجی چارەسەرکردنی مەترسیی چەکی ناوەکی و پاراستنی ژاپۆن و دراوسێیە باشووریەکەی. ئەم ڕێکەوتنە بە “Singapore summit” یان کۆبوونەوەی سەنگاپوور دەناسرێت[1].
هەنگاوێکی دیکەی ترامپ دۆزینەوی ڕیگە چارەیەک بۆ سازبوونی دەوڵەتی فەلەستینی بوو. لەو ڕیگایەشدا مۆدیلی خۆی لە دەوڵەتی فەلەستینی هێنا گۆڕێ بە ناوی “Peace to Prosperity: A Vision to Improve the Lives of the Palestinian and Israeli People” کە ماناکەی دەبێتە “ئاشتی بۆ بەختەوەری و کامەرانی” ڕوانگەیەک بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی فەلەستین و ئێسرائیل[2]“
سێهەم هەنگاو و گرینگترین هەنگاو پەیمانی ئیبراهیم بوو “The Abraham Accords” کە بە هۆی ئەم پەیمانە چوار وڵاتی عەرەبی ئیمارات ، بەحرەین، مەراکێش و سوودان کە ئێسرائیل بە دوژمنی دێرینەیان و بەفەرمی ناسێنرابوو، ڕێگەیان دا باڵوێزخانەی ئێسرائیل لە پایتەختەکانیان بکرێتەوە.[3]
ترامپ نەک شەڕخواز نییە بەڵکوو بەدوای ئاستێکی زۆر باڵا لە ئاشتییە، هەڵبەت ئەم ئاشتیخوازبوونە نابێ وەک مانا ئاسایی و ئەخلاقیەکەی چاوی لێ بکرێت بەڵکوو وەک باشترین بژاردەیە کە کۆی بەرژەوەندیەکان و بەهاکانی ڕۆژاوا لە جیهانی ڕۆژهەڵات ئەپارێزێت. هەر ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەیکە وڵاتەکان تا پێش بە سەرۆککۆماربوونی ترامپ، لەگەل کێشە سەربازییەکان یەکلا ببنەوە و خۆیان نەخەنە ژێر تووڕەییی بەڕێوبەریی ترامپ.
ئێسرائیل و ڕووسیا لە لاوازبوونی بایدێن زیاترین کەڵک وەردەگرن، هەروەها چین لەبەرامبەر تایواندا، بەڵام هەر سێ وڵاتەکە خۆیان بۆ هاتنە سەرکاری ترامپ ئامادە دەکەن، کە لە ئەگەری سەرۆککۆماریی ترامپدا بە چەن کارتی بەهێزەوە بێنە مەیدانی یاریی سیاسییەوە. یارییەک کە تا ڕادەیێکی زۆر گۆڕاوە و خوازیاری شێوازێکی نوێ لە هەڵسوکەوتە. بۆ کردنەوەی باس سەبارەت بە ئەگەری سەرۆککۆماربوونی ترامپ پێویستە ئەوەی لەم دوایییانەدا ڕووی دا بیهێنینەوە بەرچاو. بێگومان گرنگترین و خاڵی دەستپێکی تێگەشتن لە دۆخی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕێکەوتی 7ی ئۆکتۆبەرە. ڕووداوێک کە بەتەواوی دۆخەکەی ئاڵۆزتر لە جاران پێناسە کرد و هاوکات بوو بە هەلێک بۆ باڵکێشانی ئێسرائیل بەسەر هەموو ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرەڕای ململانێی نێوان ئێسرائیل_ئێران و لەناوچوونی تاک بە تاکی داشەکانی ئێران بە شێوازێکی خێرا و سەرسوڕهێنەر، هێرشی ڕاستەوخۆی ئێسڕائیل بۆ سەر ئێران وەک خاڵێکی ڕوونکەرەوەی هاوکێشەکە دەرئەکەوێت. واتا نەمانی دەسەڵاتی ئێران بەسەر ئاسمانی خۆیدا پێ ئەچێت تا ڕادەیەکی زۆر دۆخی ململانێیە سیاسییەکان لە بەرژەوەندی ئێسرائیل و ئەمریکا ڕوون کاتەوە. بەڵام ئەمە بە مانای تەواوبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان نییە، هەروەها دۆخی باکووری کوردستان و هێنانەوە کایەی کارتی “ئاشتی” لە لایەن تورکەکانەوە هەواڵی ئاڵۆزیی زیاتریان پێیە کە ئەبێ لەنێو پڕۆژەی The New Middle East دا بۆی بگەرێین. هەموو ئەم ئاڵۆزیانە بە جۆرێک جێخۆشکەرن بۆ ترامپ وەک کەسایەتیەکی بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و هاوکات سەقامگیرکردنی دۆخ لە ناوچەکە. بە وتەی هەموو لایەنەکان دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچکات ناگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەر، ئەم خاڵەش بەجۆرێک ئاماژەیەکی نهێنیە بە هەوڵ بۆ بەئەنجام گەیاندنی پرۆژەی The New Middle East .
هەروەها هەست بە مەترسیداربوونی چین لە لایەن ئامریکاوە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی ئامریکا ناچار ئەکات کە بەزووترین کات دۆخێکی سەقامگیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساز بکات.
دوو پرسیاری هەرە گرنگ:
هەڵوێستی کورد چۆنە؟ و باشتر وایە چۆن بێت؟
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر پێویستە لە پێشدا پێکگەشتنی ئامریکا و کوردستان تا ڕادەیەک شرۆڤە بکرێت. وەک هەموان ئاگادارین کورد هەمووکات بە پاڵپشتی ئامریکا ئەگەر هەر لە ئاستی قسە و ڕاگەیاندیشدا بووبێت، خۆشحاڵ بووە و ئەم پاڵپشتیەی وەک هێزێکی نهێنی زەبەلاح دیوە. تەنانەت کیسینجەر ئەڵێت: “لە کاتێکدا کە پشتیوانیی ئەمریکا لە خەباتی بارزانی زۆر لە بەشی وەزارەتخانەی ئێمەدا دیار نەبوو ، بەڵام بۆ کوردستان وا هەستی پێ دەکرا کە وەک پەیمانێک لەگەڵ خودادا بێت،[4]
بەڵام زۆر جاریش بووە کە کورد بەتایبەت لە ڕۆژاوای کوردستان ناوی خەیانەتی لە هەڵوێستەکانی ئامریکا ناوە، بۆ نموونە لە هێرشەکانی پێشووی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوا داخوازیی کوردەکان ڕاگەیاندنیNo fly zone (منطقه پرواز ممنوع) له لایەن ئەمریکاوە بوو کە ئامریکا وەها هەڵوێستێکی نەنواند. لێرەدا پێویستە ڕووداوەکان لە کات و شوێنی خۆیاندا لەبەر چاو بگیریێن، ئێستا وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا دۆخەکە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا هاتووە و کێشەکان وەک پێشوو نەماون. لەوانەیە پرسیاری زۆرینەی خەڵکی عام لە کوردستان ئەوە بێت: ئامریکا پاڵپشتی لە کوردستانێکی سەربەخۆ ئەکات؟ لە وڵامی ئەم پرسیارەدا ئەبێ چەن خاڵ لەبەر چاو بگرین.
یەکەم: گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی بەنرخی هەبووە لە پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمریکا لە زنجیرەیەک هاوبەشیی ستراتیژیکدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، خۆی لەگەڵ گرووپە جیاوازەکانی کورددا هاوتەریب کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز نەتەوەی کوردی بە هاوپەیمانی خۆی نەزانیوە. بەم پێیە، ئەمریکا لە چەندین پەیمانی جیاواز لەگەڵ کوردەکان پاشگەز بووەتەوە و دەرگای بۆ ململانێی سپۆنسەرکراوی دەوڵەت لە دژی هاوپەیمانێکی گوماناوی کردووەتەوە، سەرەڕای بەرژەوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوو گروپەکە[5].
دووهەم: خاڵی دووهەم بنەڕەتی بیری سیاسیی ئامریکا سەبارەت بە سەقامگیرکرودنی دۆخ و بوونی کەشێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە سیاسی_ئابووریەکانی خۆی، واتا ئەو چەشنە بزووتنەوانەی کە ئەگەری خوڵقاندنی ئاڵۆزیان هەیە و بنەڕەتێکی شۆڕشیان هەیە هیچکات پەسەند کراوی ئامریکا نەبووە، بۆیە لە ڕاگەیاندنی ویڵسن کە لە ساڵی ١٩١٨ بڵاو بووەوە، دەڵێت: ئەمریکا لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم، هەرگیز بانگەشەی بۆ ئەوە نەکردووە کە کورد مافی دەوڵەتێکی ئازاد و سەربەخۆی هەبێت هەروەها هەڵوێستێکی سیاسی نەبووە کە دەوڵەتی “ئەمریکا” قەرزداری کورد بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان لە هەر شوێنێک[6]. بۆیە زیاتر لایەنگری سەربەخۆییی ناوخۆییە واتا خۆدموختاری، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا بنەڕەتی ئەم هەڵوێستانە تێکنەچوونی سەقامگیرییە و لەوانەیە لە ئەگەری سەرهەڵدانی جێگرەوەیەکی پەسەندکراوی سیاسەتی دەرەوەی ئامریکادا، گۆڕانێکی بەسەردا بێت.
سێهەم: دۆخی پێکهاتە سیاسییەکان لە کوردستان، تا ڕادەیێکی زۆر ڕوونکەرەوەی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئامریکایە لەگەڵ کوردستان. لە ئێستادا ئامریکا لەگەڵ دەسەڵاتە کوردییەکان بەشێوەیەکی جودا و بەری لە یەک هەڵسوکەوت دەکات. بۆیە چۆنیەتی هەڵسوکەوتی پێکهاتەکانی کوردستان لەگەڵ یەک، پێناسەی تەوەری خواست و خوازی کورد دەکات بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت ئامریکا.
بەپێی ئەم خاڵانەی ئاماژەی پێ کرا، سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بەتایبەت لە دەوڵەتی ترامپدا لایەنگری سەقامگیریە بەڵام بەپێی دۆخی ئەم ماوەیە بەریەککەوتنێک هەیە کە ئەویش بوونی پرۆژەیێکە کە باس لە جۆرێک پێکدادانی نوێ دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە پڕۆژەی The New Middle East لە لایەن ئێسرائیلەوە بانگەشەی چارەسەرکردنی کێشەکان و سەقامگیریەکی نوێ دەکات بەڵام ڕوونە کە گۆڕانێک یا نیازی گۆڕانێک لەئارادایە کە تا ڕادەیەک دژایەتیەکی ناوەرۆکیی لەگەڵ سەقامگیری هەیە.
کورد لەنێو ململانێی هێزەکاندا
بە تێڕوانینێکی مێژوویی بۆمان دەرئەکەوێت کە کورد لە سەردەمی سەفەوی_عوسمانی کلاسیکدا بەپێی هەلومەرج لە بڕگە جیاوازەکاندا زۆرجار بەرەیەکی بۆ پشتیوانیی خۆی هەڵبژاردووە.
هەروەها کە دێین بەرەو سەردەمی هاوچەرخ و دەستپێکی مشتومڕی ڕۆژئاوا و سۆڤیەت لە ناوچەکە وەک هەموو ئاگادارین بزافی کوردی لایەنی سۆڤیەتی هەڵبژارد، سەرەڕای ئەوەیکە لەو سەردەمەدا زانیاری پتەو لەسەر ڕەگ و ڕەچەڵەکی ئەو ململانێیە نەبوو بەڵام لێکەوتەکانی تا ئێستاش خاڵێکی زەقی مێژووی کوردستانن. لە ئێستادا و باسی هەرە گرنگی ڕۆژ شەڕ و نیوەشەڕی نێوان ئێسرائیل و ئێرانە کە چۆنیەتی ڕوانینی کورد لەو تێکهەڵچوونە لەوانەیە تا ڕادەیەک دەسکەوتی داهاتوو دیاری بکات.
وەک نموونە لەنێو بزافی کوردستاندا چەند بۆچوونی جیاواز هەیە. هەندێ لایەن پێیان وایە کە ئەم ڕووداوانە شەڕی نێوان دوو دەوڵەتە و هیچ پێوەندیی بە کوردەوە نییە. دەستەیەک بە تێڕوانینێکی ئەخلاقییەوە لەسەر ئەم بڕوایەن کە ئێسرائیل ئەگەرچی دژایەتی دووژمنانی من دەکات بەڵام ئەمە بەو مانا نییە ئێمە چاوپۆشی لە هەڵوێستەکانی لە غەزە و لوبنان بکەین. بۆچوونێکی دیکە ئێسرائیل وەک دوژمنی کورد ئەناسێنێت کە گوایە ئێسرائیل سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێکی فاشیستیە، لایەنگری لە ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی (پهلوی) دەکات کە خۆی بەتەنیا هۆکارێکی تەواوە بۆ ئەوەی کورد لە سەنگەری دژەئێسرائیلدا سەنگەر بگرێت.
گرنگی پێناسەکردنی شەڕی نێوان ئێسڕائیل و ئێران
شەڕی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە تەنیا شەڕی دوو دەوڵەت نییە لە ڕاستیدا شەڕی دوو جۆر هزر و بناغەی فکرییە کە هەرکام هەوڵی ئەوە ئەدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوازی دڵخوازی خۆی هەڵپەرژێنێت. ئێستا پرسیار ئەویە بەرژەوەندی کورد لە کام لایەنە؟ بۆ وڵامی ئەم پرسیارە پێویستە لە خۆمان بپرسین خواستی ئێمە چیە؟ بەو شێوە زۆر ڕوونتر دۆخەکە ئەبینین، واتا دیزاینی بەرەکانی شەڕ دەرئەکەون.
بەرەیەک هەوڵی سازکردنی ناوچەیەکی ئۆممەتی دەدات و پێش بە هەر بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی ئەگرێت. ئەم بەرە بە سەرۆکایەتی ئێران و پاڵپشتیی قەتەر و بەپێی پۆستکۆلۆنیاڵ تیۆری، هەوڵ دەدات پێش بە رۆژاوا بگرێت و بگرە لە ناچەکەش ڕاوی نێت. بەرەی دووهەم رۆژاوایە کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی وەک دیمان پێش بە هەر جۆرە بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵ و شۆڕشی ئەگەرێت وەک ئەوەیکە لە هەمبەر پڕۆکسییەکانی ئێران لە مێحوەری مقاومە کرا.
…………………….
[1] Williams, Jennifer (June 12, 2018). “Read the full transcript of Trump’s North Korea summit press conference”. Vox. Archived from the original on May 29, 2019. Retrieved February 24, 2019.
[2] White House Staff (2020). Peace to Prosperity (PDF) (Report). The White House. The content of the website is in the public domain or licensed under Creative Commons Attribution license. “Copyright Policy”. whitehouse.gov. January 16, 2017. Archived from the original on January 24, 2017. Retrieved January 24, 2017.
[3] “The Abraham Accords Declaration”. State.gov. U.S. State Department. September 15, 2020. Archived from the original on 2020-09-20. Retrieved September 4, 2022.
[4] Lawrence, 2009, p. 25
[5] McCool, Davis III, “The Role of the Kurds in U.S. Foreign Policy” (2021). Honors Theses. 1711.
https://egrove.olemiss.edu/hon_thesis/1711
[6] Kirisci, Kemal; Winrow, Gareth M (1997). The Kurdish Question and Turkey An Example of a Trans-state Ethnic Conflict. London: Taylor & Francis. ISBN 9781135217709.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
تحلیل و بررسی توافق آتشبس اسرائیل در لبنان و پیامدهای آن برای امنیت خاورمیانه
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ٢٠٢٤ پەیامێک بۆ ئێران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]
هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ
ڕوانگه هێرش لە ژێر ناوی بەرگریی لەخۆ لە ماڵپەڕی [...]
ئیسرائیل جارێ بەتەما نییە دەست ڕاگرێ
بیروڕا ،و بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]
تکنیک سیدبال (Seedball) روشی برای احیای جنگلهای زاگرس
مقاله/دیدگاه تکنیک سیدبال (Seedball): روشی برای احیای جنگلهای زاگرس [...]
لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی”دا: سزادانی توندوتیژانەی گشتگیر و خۆڕاگریی دیکتاتۆڕانە لە ئێران
وتار لە دووهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا: سزادانی [...]