بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥ی کوردی

ڕەسووڵی، داود (٢٠٢٥): پیسبوونی ئاو؛ قەیرانێکی شاراوە، مەترسییەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان دەگرێتەوە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین هەرێمەکانی ئێران لە ڕووی سامانی ئاو، فرەچەشنیی ‏ژینگەیی، ڕووپۆشی ڕووەکی و سامانی خاک. کوردستان سەرچاوەی ڕووبارە گرنگەکانی ‏وەک کاروون، کەرخە، دێز، زایەندەروود، زێی بچوک و سەیمەرەیە. خاکە بەپیتەکانیشی، سەدان ساڵە بنەمای کشتوکاڵی بەردەوام و ژیانی گوندنشینی ‏خۆجێی بووە‎.‎ بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی ژمارەیەک تەنگەژە و قەیرانی ژینگەیی بووەتەوە، لەوانەش؛ پیسبوونی ئاو کە وەک مەترسیدارترین دادەنرێت چونکە هەڕەشەیەکی ‏شاراوەیە بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ئاسایشی خۆراک و بەردەوامیی ئیکۆسیستەمە سروشتییەکان. ئەم کورتەوتارە، باس لە هۆکارەکان، دەرئەنجامەکان و چۆنێتیی ‏بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‏ دەکات.

  • شێوازی بڵاوبوونەوە: ئانلاین

  •  یاسای کۆپی: CC-BY-NC 4.0

  • بلاگ: ژیانەوە

  • سەرچاوەی وتار: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • نووسەر: داود ڕەسووڵی

  • وەرگێڕ: 

  • ڕێکەوت: ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

  • ئەنستیتۆی: ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک

  • Copyright: © 2025 by TISHK Center for Kurdistan Studies is licensed under CC BY-NC 4.0 

پیسبوونی ئاو

قەیرانێکی شاراوە، مەترسییەکی ئاشکرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دەروازە

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان دەگرێتەوە، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین هەرێمەکانی ئێران لە ڕووی سامانی ئاو، فرەچەشنیی ‏ژینگەیی، ڕووپۆشی ڕووەکی و سامانی خاک. کوردستان سەرچاوەی ڕووبارە گرنگەکانی ‏وەک کاروون، کەرخە، دێز، زایەندەروود، زێی بچوک و سەیمەرەیە. خاکە بەپیتەکانیشی، سەدان ساڵە بنەمای کشتوکاڵی بەردەوام و ژیانی گوندنشینی ‏خۆجێی بووە‎.‎ بەڵام لەم چەند دەیەی دواییدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی ژمارەیەک تەنگەژە و قەیرانی ژینگەیی بووەتەوە، لەوانەش؛ پیسبوونی ئاو کە وەک مەترسیدارترین دادەنرێت چونکە هەڕەشەیەکی ‏شاراوەیە بۆ تەندروستیی مرۆڤ، ئاسایشی خۆراک و بەردەوامیی ئیکۆسیستەمە سروشتییەکان. ئەم کورتەوتارە، باس لە هۆکارەکان، دەرئەنجامەکان و چۆنێتیی ‏بەرەنگاربوونەوەی پیسبوونی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان‏ دەکات.

وشەی کلیل: پیسبوونی ئاو، کوالێتیی ئاو و ئیکۆسیستەم، قەیرانی ژینگەیی،  تەندروستیی سەرچاوەکانی ئاو، ئاوەڕۆی شار و پیشەسازی،  پاشماوەی کیمیاییی کشتوکاڵی، پاشماوەی جەنگ و کانزا قورسەکان، وێستگەی چارەسەرکردن.

 ‎پێشینە

ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرچاوەی زۆرێک لە ڕووبارە بچووک و گەورەکانی زاگرۆسە. گرنگترینی ئەم ڕووبارانە بریتین لە کاروون، کەرخە، دێز، زایەندەروود، زێی بچوک و سەیمەرە. ئەم ڕووبارانە جگە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پاراستنی ئیکۆسیستەمە سروشتییەکاندا دەگێڕن. جگە لە ڕووبارەکان، هەرێمەکە خاوەنی چەندین کارێز و ژمارەیەکی یەکجار زۆر کانیاوە کە هێشتا بە شێوەیەکی نەریتی بەکاردەهێنرێن؛ لەوانە کانییە ناسراوەکانی وەک کانی عەلی لە بیجار، کانی گوڵتەپە لە مەریوان و کانی سەراو لە کرماشان. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگە (١٤٠٣)، زیاتر لە ٦٠٪ لەم ڕووبار و کانییانە لە دەیەی ڕابردوودا کەمبوونەوەیەکی بەرچاوی ئاویان هەبووە کە هۆکارە سەرەکییەکانی بریتین لە بەنداوسازیی نادروست، بەکارهێنانی بێسنووری ئاو و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.

لە لایەکی تر، ئاوە ژێرزەوییەکانیش یەکێکن لە ستوونە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ناوچەیە خاوەنی زیاتر لە ١٢٠ پێدەشتە کە گرنگترینیان بریتین لە دەشتەکانی ورمێ، سنە، قوروە، دێگوڵان، کرماشان، ئیلام و ئیسلاماوا. هاوتەریب لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرچاوی قەبارەی ئاوی ژێرزەوی و دەرهێنانی لەڕادەبەدەری لەڕێگەی بیرە یاسایی و نایاساییەکانەوە، کوالێتیی ئاو بەهۆی ئاوێتەبوونی پیسکەرەکانەوە گەیشتووەتە ئاستێکی ترسناک. ئەم پیسبوونە نەک تەنها شیاوبوونی ئاوی خواردنەوە دەخاتە ‏ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و هاوسەنگیی ئیکۆلۆژییش دەخاتە مەترسییەوە.

هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ئاو

‎‎ئاوەڕۆی شار و گوندەکان

لەبەر نەبوونی ژێرخانی پێویست لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا زۆرینەی ئاوەڕۆی شوێنەکانی نیشتەجێبوون بەبێ پاککردنەوە دەرژێنە ڕێرەوە سروشتییەکانەوە. ‎بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، تەنها ٤٠٪ی ‏شارەکانی پارێزگای کوردستان (سنە)، ٥٥٪ی شارەکانی پارێزگای کرماشان و ٣٠٪ی شارەکانی پارێزگای ئیلام وێستگەی پاککردنەوەی ‏چالاکیان هەیە. کەواتە زۆرینەی ئاوی پیس ڕاستەوخۆ بەرەو ڕووبارەکان یا بیرەکان ئاراستە دەکرێن (ناوەندی ئاماری ئێران، ١٤٠٢).‎

لە ناوەندی شاری سنە توانای ئێستای وێستگەی پاککردنەوە تەنیا نزیکەی ١٠٠ هەزار مەتر سێجا لە ڕۆژێکدایە، لە کاتێکدا پێویستیی ڕاستەقینەی شارەکە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار مەتر سێجایە. ئەم کەمییە بووەتە هۆی ئەوەی بەشێکی بەرچاو لە ئاوی پیس، ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ڕووباری قشلاق و بەنداوەکانەوە. بەپێی ئاماری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان، ئاوی پیس و پاشماوەی ئاژەڵان لە ٥١ بۆ ١٦٩ گوندی سەرەوە دەچنە ناو بەنداوەکانی پارێزگاکە (وەک بەنداوی ئازاد و قشلاق) کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی و ژینگە. سەرەڕای پلانی دروستکردنی سێیەمین وێستگەی پاککردنەوە لە شاری سنە، کەمیی بودجە، بووەتە هۆی خاوبونەوەی پرۆژەکە. لە لایەکی تر، شلەمەنیی زبڵخانەی سنە کە ڕۆژانە زیاتر لە ٣٧٠ تۆن پاشماوە وەردەگرێت، بەبێ هیچ چارەسەرێک دەچێتە ناو ڕووباری قشلاقەوە (‏اداره آب منطقه‌ای کردستان، ١٤٠٣‏).

لە ورمێ، نزیکەی ٢٠ بۆ ٣٠ لەسەدی ئاوی پیس بەبێ ئەوەی بەتەواوی پاک بکرێتەوە دەچێتە ناو دەریاچەی ورمێ، چونکە توانای وێستگەکانی پاککردنەوە بەشی تەواوی قەبارەی ئەو شارە ناکات. لەسەدا ٧٠ی دیکەش کە چارەسەر دەکرێت، لە ڕێگەی ڕووباری ڕەوزەچایەوە ئاراستەی دەریاچەکە دەکرێت (ایسنا، ١٣٩٤).

هەرچەندە لە شاری کرماشان پڕۆژەیەکی نوێ بڕیارە ئاوەڕۆی ٤٠٠ هەزار کەسی ئەو شارە پاک بکاتەوە، بەڵام تا ئەو کاتەی پڕۆژەکە بە تەواوی کاردەکات، بەشێک لە ئاوە پیسە پاکنەکراوەکان دەچێتە ناو ڕێڕەوی ئاوی دەوروبەری شارەکە (رحمانی، ‏۱۳۹۷‏).

لە ئیلام دوو وێستگەی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ لە قۆناغی کۆتایی دروستکردندان و لە کاتی تەواوبوونیشدا نزیکەی ٣٧٠ هەزار کەس دەیانگرێتەوە. ئێستا لە هەندێک ناوچەی شار و گوندەکانی ئەم پاریزگایە، ئاراستەکردنی ڕاستەوخۆی ئاوەڕۆ ڕاپۆرت کراوە (خبرگزاری ایرنا، ۱۴۰۲‏).

لە خوڕەماوا بەشێک لە تۆڕی کۆکردنەوەی ئاوەڕۆ تەواو نییە و لە هەندێک ناوچەدا ئاوی پیس ڕاستەوخۆ یا بە چارەسەرکردنی ناتەواو دەڕژێتە ناو ڕووباری خورەمروودەوە؛ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بەشی ژینگەی لوڕستان، لە ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی وێستگەی پاککردنەوە، بەڵام تاکو ئێستاش ڕێگریی تەواو لە ڕژانی ئاوەڕۆ بۆ سروشت نەکراوە (خبرنامه همشهری، ۱۳۸۸).

پیسبوونی ڕووباری شۆراو لە ناوچەی سیروانی ئیلام Link تێکەڵبوونی ئاوەڕۆی کرماشان بە ڕووباری قەرەسوو Link
پاشەڕۆی ماڵان لە بەستێنی ڕووباری خوڕەم روود Link پیسبوونی ڕووباری شەهرچای لە ورمێ  Link

وێنەی (1). چەند نموونە لە پیسبوونی ڕووبارەکان بە هۆی ئاوەڕۆی شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

‎‎پاشماوەکانی کەرتی کشتوکاڵ

‎بەکارهێنانی بێسنوور و نازانستییانەی پەینی کیمیایی، قڕکەر و کەرەستە ژەهراوییەکان لە کەرتی کشتوکاڵدا، دەبێتە هۆی ڕژانی ‏نیترات، فۆسفات و کەرەستە کیمیاییەکانی تر بۆ ناو سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و سەرزەوی. بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان و شیکارییە ژینگەییەکان، بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەریی پاشماوەی کیمیایی کەرتی کشتوکاڵیان لێ بەدیار کەوتووە.

لە توێژینەوەیەکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان لە ساڵی ١٤٠٢دا دەرکەوتووە کە چڕیی نیترات و فسفۆڕ و ژەهری ئۆرگانیک لە هەندێک بەنداو و سەرچاوەی ئاوی پارێزگاکە زیاترە لە سنووری ڕێگەپێدراو. لە ئاوی خواردنەوەی ٤٧ گوندی ئەو پارێزگایە، ئاستی ئارسنیک لە ناوچەکانی بیجاڕ، قوروە و سەقز لە ستانداردی نیشتمانیی ئێران تێپەڕیوە (ابراهیمی و همکاران، ١٤٠٢). ئەو توێژینەوەگەلەی گۆڤاری زانستیی زانکۆکە ئەنجامیان داوە، پشتڕاستی دەکەنەوە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی پێداویستی و قڕکەری کیمیایی لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، کوالێتیی ئاوی ژێرزەوییان لە ناوچەکانی خوارەوەدا دابەزاندووە (ﺭﺿﺎیی و همکاران، ١٣٨٩). هەروەها زانکۆی کوردستان هۆشداریی داوە کە بەردەوامیی بەکارهێنانی کەرستە کیمیاییەکان لە کشتوکاڵدا، چڕیی نیترات و فۆسفاتی لە سەرچاوە ئاوییەکانی سنە و گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی قشڵاق بەرزکردوەتەوە (ایسنا، ۱۳۹۸).

لە ئاوزێڵی دەریاچەی ورمێ، ئاوێتەبوونی پاشماوەی پیشەسازی، ئاوەڕۆ و پاشەڕۆی پیسبوو بە کەرستەی کیمیاییی کشتوکاڵی لە ڕێگەی زەوییەکانی دەوروبەری شاری ورمێ، یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی هەڵکشانی خەستی پێکهاتە ژەهراویەکان لە ناو دەریاچەکەیە (ایسنا، ١٣٩٤). ئەم پێکهاتانە ئێستا کە گۆلەکە بەرەو وشکبوون رۆیشتووە، ڕەنگە بگۆڕدرێن بۆ خوێی ژەهراوی لەسەر ڕووی خاک و ڕووپۆشی ڕووەکی.

لێکۆڵینەوەکان لە پارێزگای کرماشان دەری دەخەن کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر و پەینی کیمیایی، لەوانەش یوریا و نیتراتی ئەمۆنیۆم لە کێڵگەکانی گەنم، بووەتە هۆی زیادبوونی نیترات لە سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی. بەرپرسانی ژینگە هۆشدارییان داوە کە چڕیی نیترات لە هەندێک بیری کشتوکاڵیدا سنووری ڕێگەپێدراوی تێپەڕاندووە. لە توێژینەوەیەکدا لەسەر بنەمای نموونە وەرگرتن لە ٧٠ بیری ئاوی خواردنەوە لە ناوچەی کرماشان ئەنجام دراوە، دەڵێت؛ “تێکڕای چڕیی نیترات لە کاتی لێکۆڵینەوەکەدا 20.7 و 25.5 میلیگرام/لیتر بووە. هەموو بیرە ڕووپێوکراوەکان زیاتر لە 25 میلیگرام/لیتر نیتراتیان هەبووە [ئاستی ڕێگەپێدراوی ئوروپا] (کریمی، ١٣٨٤).

لە ناوچەی ئیلام و خوڕەماوا، شارەزایانی ئیدارەی ژینگە ڕایانگەیاندووە شلەی پاشماوەی کشتوکاڵی و پاشماوەی ئۆرگانی و کیمیایی لە دەوروبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان بوونەتە هۆی پیسبوونی ئاوی ژێرزەوی. لە هەندێک ناوچە، وەک مێهران (ئیلام) و ڕێڕەوی خورەمروود (خۆڕەماوا)، کەڵەکەبوونی فسفۆر و نیترات لە ئاوی ژێرزەویدا بەدی کراوە (اسماعیل‌وند و همکاران، ۱۴۰۳؛ رحیمی و همکاران، ١٣٩٢). ڕاپۆرتەکانی تەندروستیی ژینگە ئاماژە بەوە دەکەن کە خولی بەکارهێنانی ئاوی پیس بۆ ئاودێریی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە هەندێک ناوچەدا هۆکار بووە بۆ تێکەڵبوونی پێکهاتە کیمیاییەکان بۆ ناو خاک و ئاو (‏همشهری آنلاین، ۱۳۸۸).

چالاکییە پیشەسازییەکان

پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گرفتێکی ژینگەییی بەرچاوە کە کاریگەریی قووڵی لەسەر تەندروستیی ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی هەیە. دەردانی پاشەڕۆی پیشەسازییەکانی نەوت، پترۆکیمیایی و پاڵاوگە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی ناتەواوی ئاوەڕۆی شارەکان، بوونەتە هۆی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو.

لە پاریزگای ورمێ، لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتە ژینگەییەکان دەری دەخەن دەردانی پاشەڕۆی پیشەسازی بەتایبەتی لە کارگەی شەکر، سیمان، پترۆکیمیایی و یەکە پیشەسازییەکانی مهاباد و خۆی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی (کردپرس، ۱۳۹۹). بۆ نموونە لە ساڵی ١٣٩٣دا کارگەی شەکری میاندواو بەهۆی ڕژاندنی پاشەڕۆی پیشەسازی و کوشتنی هەزاران ماسی لە زەرینەڕود سزادرا. کەمیی توانای وێستگەکانی پاککردنەوەی پیشەسازی بووەتە هۆی دەردانی سیستماتیکی پاشەڕۆ پیسبووەکان کە مەترسییەکی گەورەی لەسەر تەندروستیی بیرەکانی ئاوی خواردنەوە دروست کردووە. هێندێک لە لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کوالێتیی ئاوی بەنداو و ڕووبارەکانی پارێزگاکە، بەهۆی دەردانی ئاوی پیسی پیشەسازییەوە بەدەر لە ستاندارد بووە (صدا و سیمای آذربایجان غربی، ۱۴۰۴‏؛ قمری فهیمه، ۱۴۰۴‏؛ کردپرس، ۱۴۰۱‏).

وێنەی (٢). کارگەی شەکری میاندواو بووە هۆی فەوتانی ١٠ هەزار ماسی. سەرچاوە؛ Link

لە پارێزگای سنە: پاشەڕۆی پیشەسازی لە کارگە و ناوچە پیشەسازییەکانی دەوروبەری زەرینەڕود، سەقز و سنە لە ئاستێکی لەڕادەبەدەردایە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان و بەشی ژینگەی کوردستان، پاشەڕۆی پیشەسازی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی کیمیاویی ڕووبارەکان و سەرچاوەکانی ئاوە (اداره آب منطقه‌ای کردستان، ١٤٠٣). چەندین یەکەی پیشەسازی، لەوانەش کارگەی شەکر و پیشەسازییەکانی کشتوکاڵی، ساڵانە سەدان هەزار لیتر پاشەڕۆی پیشەسازییان هەیە کە لە زۆر حاڵەتدا بەبێ چارەسەرکردنی دەری دەدەن (خبرگزاری مهر، ۱۳۹۰‏). ئەم پیسبوونە بووەتە هۆی مردنی ئاژەڵە ئاوییەکان و کەمبوونەوەی ئۆکسجینی تواوەی ئاو کە تەندروستیی گشتی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکە سەرپێچیکارەکان ڕێکاری یاسایی دەستی پێ کردووە، بەڵام ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پیسکەرانە بە شێوەیەکی دووبارە و بەردەوام دەردەکەون.

ڕووباری قەرەسوو لە پارێزگای کرماشان یەکێکە لە سەرچاوە هەرە گرنگەکانی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵ، بەڵام هاتنە ناوەوەی ئاوەڕۆی شار و پیشەسازی، کێشەی ژینگەییی گەورەی دروست کردووە. بە وتەی بەڕێوەبەڕی گشتیی پاراستنی ژینگەی کرماشان، نزیکەی 30 بۆ 40 له سەدی پاشەڕۆی شارەکانی ئەو پارێزگایه پاک دەکرێتەوه و ئەوی تریش به پاکنەکراوی دەچێته ناو ڕووباری قەڕەسووەوە (‏یاوری، ۱۴۰۰‏‏‏). هەرچەندە پاڵاوگەی ئاوی کرماشان بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو چارەسەری پاشەڕۆ دەکات، بەڵام پاشەڕۆی مرۆڤ و پاشماوەی بیناسازی و زبڵ و خاشاک لە ڕووباری قەرەسوو زۆر بەرزە و ئۆکسجینی تواوە لە هەندێک شوێن سفر بووە و ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی ئیکۆسیستەم و ژیانی ئاویی دروست دەکات (‏رحمانی، ۱۳۹۷‏). هەروەها ئەو کارگە و پیشەسازییانەی دەکەونە خوارەوەی ڕووبارەکە، بە هەڵکەندنی بیری بێمۆڵەت، مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی دروست دەکەن. لە درێژەدا، ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە تەندروستی و ژینگەپارێزییەکانی پارێزگای کرماشان پشتڕاستی دەکەنەوە کە لاوازیی سیستەمی کۆکردنەوەی ئاوەڕۆ و ناتەواویی پلانەکانی پەرەپێدانی وێستگەی پاککردنەوە، بوونەەتە هۆی ئەوەی ئاوی پیس ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ڕێڕەوی ئاوی هەندێک ناوچە بەتایبەتی لە بەشە کۆنەکان و لە جەرگەی شارەکە. لە ساڵانی ڕابردوودا گوندەکانیش ڕووبەڕووی قەیرانی پیسبوونی ئاو بوونەتەوە کە بەهۆی ئاوی پیسەوە دروست بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ژەهراویبوونی ئاو (مدیرکل حفاظت محیط زیست کرمانشاه، ۱۴۰۲).

وێنەی (٣). پیسبوونی ڕووباری قەرەسوو لە ئاوەڕۆی ناوماڵ و ئاوی پیسی پیشەسازییەوە سەرچاوە دەگرێت.

سەرچاوە؛ Link

لە پارێزگای ئیلام پیسبوونی ئاو بەهۆی ڕژانی پاشماوەی پیشەسازی و شلەی شارەوانییەکان یەکێک لە ئاستەنگە بنەڕەتییەکانی ژینگەیە. بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئیلام، ئەگەر ئاوی پیس بە باشی بەڕێوەنەبرێت، یەکە پیشەسازییە گەورەکانی وەک پاڵاوگەی گاز، پترۆکیمیای ئیلام، کارگەی چیمەنتۆ و شارۆچکە پیشەسازییەکانی دیکە، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کوالێتیی ئاوی ژێرزەوی و ئاوی سەرزەویی پارێزگاکە هەیە (‏خبرآنلاین ایلام، ۱۴۰۴‏؛ خبرگزاری ایرنا، ۱۴۰۲). هەروەها پاڵاوگەی گازی ئیلام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٧٨ هەزار مەتر سێجا پاشماوەی پیشەسازیی پاڵاوتە و دووبارە بەکارهێنایەوە، بەڵام بە وتەی شارەزایانی ژینگە، هێشتا نیگەرانی لە پیسبوونی ئاو بەهۆی فڕێدانی نادروستی پاشماوە پیشەسازییە قورسەکان لە پارێزگای ئیلامدا هەیە (محمدی، ١٤٠٢).

لە پارێزگای لوڕستان و شاری خورەماوا، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو کە لە ئەنجامی دەردانی ڕاستەوخۆی پاشماوە لە کارگە و یەکە پیشەسازییەکان بۆ ناو ڕووبار و ڕێڕەوی ئاوەکان، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی باری پیسبوونی کیمیاییی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی (‏رحیمی و همکاران، ١٣٩٢‏). لێکۆڵینەوەکانی کوالێتیی ئاوی ڕووباری خوڕەمروود لە ساڵانی ڕابردوودا دەریانخستووە کە ئاستی پیسبوونی ئەم ڕووبارە تا پێنج هێندەی ستاندارد زیاترە و بە هۆی خراپ بەڕێوەبردنی ئاوی پیسی پیشەسازی و شارەکان، تەندروستیی سەرچاوە ئاوییەکان و خەڵکی ناوچەکە مەترسیان لەسەرە (خبرنامه همشهری، ۱۳۸۸).

‎‎پاشماوەکانی شەڕ

‎ لە ماوەی شەڕی ئێران و عێراق (1980-1988)، ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، ورمێ و سنە، ڕووبەڕووی وێرانکاریی بەربڵاوی ژێرخانی ئاو، بەکارهێنانی بەربڵاوی چەکی کیمیایی و کانزا قورسەکان، پەککەوتنی چاودێری و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و هاتنە ناوەوەی ڕاستەوخۆی پیسکەرەکانی سەربازی بۆ ناو خاک و سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بوونەوە. بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە زەویناسی، پزیشکی و ژینگەییەکان، پاشماوەی قورقوشم و تەقینەوەکان، دروستکردنی پێگەی سەربازی و وێرانکردنی ڕووبارەکان، بوونەتە هۆی پەککەوتنی ئیکۆسیستەمی ئەو پارێزگایانە و توخمە قورسەکانی وەک قورقوشم و نیکڵ و کانزاکانی دیکە، چوونەتە ناو ئاوی ناوچەکە و لە هەڵکشانی رێژەی نەخۆشیی شێرپەنجە و گەدە و ڕیخۆڵە کاریگەرن بوون. جگە لەوەش، دروستکردن و زیانگەیاندن بە هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو، پیسبوونی کیمیاییی گوندەکان (بۆردومانی کیمیایی) و هاتنە ناوەوەی پاشماوەی سەربازی بۆ ناو ڕووبار و کانیاوەکانی ناوچەکانی قەسری شیرین، دێهلوڕان و مەریوان، ڕاپۆرت کراوە (زارعی و همکاران، ۱۳۹۹‏؛ ‏فتحیان و همکاران، ۱۴۰۰‏).

وێنەی (٤). نەخشەی بۆردومانی کیمیاییی سوپای عێراق لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی شەڕی ئێران- عێراق. سەرچاوە؛ Link

ململانێ سەربازییەکان، ئۆپەراسیۆن و پێکدادان لەگەڵ شۆرشی مافخوازانەی کورد، زیادبوونی مەترسیی ژینگەیی بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە بەجێهێشت؛ بۆ نموونە بوونی مین، بۆمبی نەتەقیو و پاشماوەی سەربازی لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ناوچە سنوورییەکانی وەک قەسری شیرین، گیەڵان و سەقز، ڕێگر بوو لە چاودێری و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوی بەردەوام، هەروەها تۆڕی چاودێریی سەرچاوە ئاوییەکان تا ساڵانێک دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکە دواکەوت و بە شێوەیەکی ناتەواو دامەزرا. زۆرێک لە بەنداوەکان، وێستگە هایدرۆگرافییەکان و ژێرخانی چاودێریی کوالێتیی ئاو تەنها دوای دەیان ساڵ لە ئاوەدانکردنەوە و پاککردنەوەی کێڵگە مینەکان و پاشماوەی جەنگ تەواو بوون و مەترسیی پیسبوونی کیمیایی و کانزا قورسەکان لە سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی ناوچەکەدا تا چەندین دەیە هەر ماوە (روزنامه جام جم آنلاین، ۱۳۸۵‏).

لێکەوتەکانی پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو

پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاریگەریی بەرفراوانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، ئیکۆسیستەمی ئاوی و ئاسایشی ئاو و ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی ئەو ناوچانە هەبووە. لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکان دەری دەخەن، هاتنە ناوەوەی پیسکەرەکانی وەک ئاوەڕۆی شار و پیشەسازی، قڕکەری کشتوکاڵی و پاشماوەی کیمیایی بۆ ناو ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی، نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاوی (وەک سکچوون و هەوکردنی جگەر)ی زیادکردووە، کوالێتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کەم کردووەتەوە، هەروەها مەترسیی لەسەر دانیشتوانی دەورووبەری ڕووبار و بەنداوەکان دروست کردووە. لە پارێزگای ئیلام کەمیی ئاوی پاک بە تایبەت لە گوندەکانی وابەستە بە کانیاو، ساڵانە بووەتە قەیران و زیاتر لە ٥٠٠ گوند ڕووبەڕووی کەمئاوی یا پیسبوون دەبنەوە. هەروەها لە لوڕستان و کرماشان، ڕژانی نەوت و پاشماوەی پیسکەری پیشەسازی، کوالێتیی ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەویی کەم کردووەتەوە.

کەمبوونەوەی بارانبارین و بەکارهێنانی زۆر لە بیرە بێمۆڵەتەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لە سنە، ورمێ و ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی دابەزینی بڕ و کوالێتیی سەرچاوەکانی ئاو و کێشەی پیسبوونیان گەورەتر کردووە. پیسبوونی ئاو بۆ ناوچە گوندنشینەکان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە نەک هەر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک، بەڵکوو ئاسایشی خۆراک و کۆچکردن ئاراستە دەکا و بەردەوامیی کشتوکاڵ لە ناوچەکەدا دەخاتە ژیر تەنگەژەوە. توێژینەوە ژینگەییەکان و ڕاپۆرتە شیکارییەکانی پارێزگاکان جەخت لەسەر پێویستیی بەڕێوەبردنی قەیرانی ئاو، دروستکردن و بەڕێوەبردنی وێستگەی پاککردنەوە و چاودێریی بەردەوام بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ژینگە دەکەنەوە.

 بەڕێوەبردنی قەیرانی پیسبوونی ئاو لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووبەڕووی لاوازیی پێکهاتەیی و ئاستەنگی زۆر بووەتەوە؛ ئەم ناوچانە بەهۆی تایبەتمەندییە تایبەتەکانی هایدرۆپۆلیتیک، سنوورداربوونی سەرچاوەی ئاوی پاک، زیادەڕۆیی لە ئاوەڕۆی پیشەسازی و شارەکان، بەکارهێنانی بێ بنەمای ئاو و نەبوونی ژێرخانی چاودێری و چارەسەرکردنی ستاندارد، بەرکەوتەی قەیرانی درێژخایەنن. جگە لەوەش، نەبوونی هاوکاریی نێوان دەزگاکان، پلانی کارای سەرچاوەکانی ئاو، سیستەمی زیرەکی بەڕێوەبردنی کوالێتی و لاوازی یا نەبوونی چاودێریی ورد و تەرخانکردنی بودجەی پێویست، وای کردووە بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەکانی ئاو تووشی پیسبوون و کەمیی درێژخایەن ببنەوە؛ لە ئەنجامدا قەیرانی پیسبوونی ئاو نەک تەنها تەندروستیی گشتی بەڵکوو هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی بەردەوام لە ناوچەکەدا دەکات.

یەکێک لە گرنگترین چارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پیسبوونی ئاو لە رۆژهەلاتی کوردستان، بریتییە لە پەرەپێدان و کارپێکردنی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی پیسی شارەکان و پیشەسازی، دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی پیس و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی پاککردنەوە بۆ ڕێگری لە چوونە ناوەوەی پیسکەرەکان بۆ ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی. هەروەها گۆڕینی ڕێباز لە کەرتی کشتوکاڵدا بەرەو ئاودێریی پیشکەوتوو وەک دڵۆپاندن، گۆرینی شێوازی بەرهەمهێنان و گۆڕینی ئەو بەرهەمانەی بەکەمی ئاو بەکاردەهێنن، دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی خواست و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکاندا بگێڕێت. بەرنامەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیریی گشتگیر بۆ پێشخستنی بەکارهێنانی گونجاوی ئاو، بەهێزکردنی سیستەمی چاودێری، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای مۆدێرن بۆ پێوانەکردن و چاودێریی کوالێتیی ئاو، زیادکردنی هاوکاریی نێوان پارێزگا و وڵاتانی دراوسێ بۆ بەڕێوەبردنی بەردەوامی ڕووبارە سنوورییەکان، ڕێوشوێنە کاریگەرەکانی دیکە لەم ڕووەوەن. هەنگاونان بەرەو بەڕێوەبردنی هاوبەش، داڕشتنی سیاسەتی یەکگرتوو، بەکارهێنانی تواناکانی کۆمەڵگە خۆجێیەکان و کەرتی تایبەت، تەواوکەری ئەم بەرنامانەن.

ئەنجام

پیسبوونی ئاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها کێشەیەکی ژینگەیی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی فرەڕەهەندە کە ‏تەندروستی، ئابووری، کەلتوور و داهاتووی نەوەکانی داهاتوو دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە. بەبێ هەنگاوی خێرا، ‏هاوئاهەنگ و پشتبەستوو بە زانیاری، ئەم هەرێمە جوانە ڕەنگە بە زووترین کات بەرەوڕووی بە‏بیابانبوون، کەمئاوی، بیئاوی و گرفتی ئاسایشی خۆراک ببێتەوە. پاراستنی ئەم خاکە، پێویستیی بە هاوکاریی هەمەلایەنەی شارزایانی زانکۆ، خەڵک و میدیایە. چونکە ئاوی پاک، ‏نەک پێداویستی، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە بۆ هەموو مرۆڤێک.

سەرچاوەکان

  1. ابراهیمی جمال الدین، رحمانی خالد، حیدری صدیقه، گویلی سیاوش، بیدارپور فرزام، ابراهیم زاده لیلا و همکاران، ۱۴۰۲. تحلیل مکانی مواد معدنی در آب آشامیدنی شبکه توزیع روستاهای استان کردستان با استفاده از سیستم اطلاعات جغرافیایی. مجله علمي دانشگاه علوم پزشكي كردستان. ۲۸ (۴) :۱۳۹

  http://sjku.muk.ac.ir/article-1-6057-fa.html

  1. اداره آب منطقه‌ای کردستان، ١٤٠٣. جلسه کارگروه مشترک ایمنی آب زرینه‌رود در امور منابع آب سقز، گزارش درباره بررسی منابع آلاینده رودخانه و نتایج پایش‌های کیفی.

 https://www.kdrw.ir/cs/News/118/1471

  1. اسماعیل‌وند و همکاران، ۱۴۰۳. بررسی میزان نیترات و نیتریت در آب های زیرزمینی شهر ایلام. مجله علمی دانشگاه علوم پزشکی ایلام.

 https://www.magiran.com/paper/1314417magiran

  1. خبرآنلاین ایلام، ۱۴۰۴. کیفیت پایین آب زیرزمینی در دشت‌های استان ایلام. توضیح درباره نقش فاضلاب شهری و صنعتی در افت کیفی منابع آب استان ایلام، به ویژه بخش‌های صالح‌آباد، دهلران و موسیان.

 (https://www.khabaronline.ir/news/2065847)

  1. خبرگزاری ایرنا، ۱۴۰۲. آلودگی آب ایلام از کجا آب می‌خورد؟ گزارش درباره منابع آلوده‌کننده و چالش‌های فاضلاب صنعتی و شهری استان ایلام

 . (https://www.iribnews.ir/fa/news/2691935)

  1. خبرگزاری دانشجویان ایران (ایسنا)،١٣٩٤. ورود آبهای آلوده فاضلابها مهمترین عامل ورود سمهای شیمیایی به دریاچه ارومیه است.

بازیابی شده از isna.ir/xdk4BF

  1. خبرگزاری دانشجویان ایران (ایسنا)، ۱۳۹۸. ماجرای ورود سموم شیمیایی به سد قشلاق کردستان چه بود.

 بازیابی شده از https://www.isna.ir/news/98052010064/

  1. خبرگزاری مهر، ۱۳۹۰. “ورود ۶۰ درصد فاضلاب‌ها به زرینه‌رود/ مسئولان: وضعیت رود طبیعی است.

 https://www.mehrnews.com/news/1359510

  1. خبرنامه همشهری، ۱۳۸۸. آلودگی رودخانه خرم‌آباد ۵ برابر استاندارد است. گفت‌وگو با مدیرکل محیط زیست لرستان درباره وضعیت منابع آب و نقش فاضلاب صنعتی.

 https://www.hamshahrionline.ir/news/86010

  1. رحمانی، جمال (اداره نظارت و پایش اداره کل محیط زیست کرمانشاه)، ۱۳۹۷. قره‌سو آلوده‌ترین رودخانه کرمانشاه است، آلودگی‌های شیمیایی و فاضلاب شهری علت اصلی افت کیفیت آب، اکسیژن محلول پایین و تهدید سلامت اکوسیستم رودخانه. ایسنا، مصاحبه و پایش‌های زیست‌محیطی.

 https://www.isna.ir/news/97041910030

  1. رحیمی و همکاران، ١٣٩٢. بررسی کیفیت آب رودخانه خرمرود خرم‌آباد با شاخص کیفیت آب (NSFWQI) و پهنه‌بندی با GIS. نشریه علمی علوم پزشکی لرستان.

 https://yafte.lums.ac.ir/article-1-1496-fa.pdfyafte.lums

  1. ﺭﺿﺎ ﺭﺿﺎیی، ﺍﻓﺸﻴﻦ ﻣﻠکی، ،ﻣﻬﺪی ﺻﻔﺮی و ﻋﺒﺪﺍ…ﻗﻮﺍمی، ١٣٨٩. اﺭﺯﻳﺎﺑﻲ ﺁﻟﻮﺩگی ﺷﻴﻤﻴﺎیی ﻣﻨﺎﺑﻊ ﺁﺏ ﺯﻳﺮﺯﻣﻴنی ﻣﻨﺎﻃﻖ پایین دست ﻣﺤﻞ ﺩﻓﻦ ﺯﺑﺎﻟﻪ ﺷﻬﺮ ﺳﻨﻨﺪﺝ. ﻣﺠﻠﻪ ﻋﻠمی ﺩﺍﻧﺸگاه ﻋﻠﻮﻡ پزﺷکی ﻛﺮﺩﺳﺘﺎﻥ/ ﺩﻭﺭﻩ پاﻧﺰﺩﻫﻢ / پاﺋﻴﺰ۱۳۸۹/۹۸- . https://sjku.muk.ac.ir/article-1-389-fa.pdf
  2. روزنامه جام جم آنلاین، ۱۳۸۵. وقتی آدم‌ها با طبیعت دشمن می‌شوند.

 https://jamejamonline.ir/fa/news/126585

  1. زارعی، الهام و همکاران، ۱۳۹۹. اثرات زیست‌محیطی و زمین‌شناسی پزشکی جنگ تحمیلی عراق علیه ایران. نشریه پژوهش‌های دانش زمین، سال یازدهم، شماره ۴۴، صص ۳۷–۴۶.

https://esrj.sbu.ac.ir/article_97461_6e2a669e4228bd0af21fb99de3e136ae.pdf

  1. صدا و سیما آذربایجان غربی، ۱۴۰۴. پایش میدانی تصفیه‌خانه‌های صنعتی در ارومیه. بازدید مسئولان استان از روند تصفیه فاضلاب و مشکلات مرتبط.

 https://www.iribnews.ir/fa/news/5538245

  1. علیرضا محمدی، مدیرکل حفاظت محیط زیست ایلام، ۱۴۰۲-۱۴۰۳. پیگیری حقوقی کارخانه تولید خمیرمایه در اسلام‌آباد غرب به علت تخلیه پساب صنعتی تصفیه‌نشده به رودخانه چناره و تعیین مهلت برای احداث سیستم تصفیه‌خانه.

 https://www.irna.ir/news/85076761

  1. فتحیان، حمیدرضا و همکاران، ۱۴۰۰. “اثر جنگ تحمیلی ایران و عراق بر مدیریت و حکمرانی منابع آب در استان کرمانشاه”. پژوهش‌های دانش زمین.

 . https://esrj.sbu.ac.ir/index.php/article_97461.html

  1. قمری فهیمه، ۱۴۰۴. نمونه‌برداری از پساب تصفیه‌خانه‌های فاضلاب واحدهای صنعتی سلماس. سایت اداره کل حفاظت محیط زیست آذربایجان غربی

. https://ag.doe.ir/portal/home/?news%2F163706%2F1064977%2F1920760

  1. کردپرس، ۱۳۹۹. کارخانه‌های آذربایجان غربی قبل از ورود دستگاه قضایی. گزارش کردپرس درباره مشکلات تصفیه فاضلاب صنعتی در استان آذربایجان غربی

. https://www.kurdpress.com/news/303166

  1. کردپرس، ۱۴۰۱. کلنگ تصفیه خانه فاضلاب شهرک صنعتی مهاباد عاقبت به خیر شد؟ گزارش مشکلات تصفیه پساب واحدهای صنعتی مهاباد

. https://kurdpress.com/news/33653

  1. کریمی، امیر،1384، بررسی میزان نیترات در آبهای زیرزمینی شهر کرمانشاه،هشتمین همایش ملی بهداشت محیط، تهران،

 https://civilica.com/doc/150592

  1. گفتگو با مدیرکل محیط زیست لرستان، ۱۳۸۸. آلودگی رودخانه خرم‌آباد ۵ برابر استاندارد است. همشهری آنلاین، انتشار: ۳۰ تیر.

 https://www.hamshahrionline.ir/news/86010hamshahrionline

  1. مدیرکل حفاظت محیط زیست کرمانشاه، ۱۴۰۲. تنها حدود ۳۳ درصد پساب تولیدی بخش خانگی کرمانشاه تصفیه می‌شود و بقیه وارد رودخانه قره‌سو می‌شوند. مصاحبه و گزارش ایرنا درباره وضعیت بحرانی رودخانه قره‌سو و ورود فاضلاب صنعتی و شهری.

  https://www.irna.ir/news/85695585 [IRNA]

  1. یاوری، فریدون (مدیرکل حفاظت محیط زیست کرمانشاه)، ۱۴۰۰. حدود ۳۰ تا ۴۰ درصد فاضلاب شهری کرمانشاه تصفیه می‌شود و مابقی به صورت خام وارد رودخانه می‌گردد. پالایشگاه کرمانشاه پساب صنعتی را پالایش می‌کند ولی مهمترین منبع آلودگی قره‌سو فاضلاب انسانی و زباله است. کردپرس، گزارش نشست‌های تخصصی و اقدامات قضایی

.     https://kurdpress.com/news/4050

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • " سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

20/11/2025|لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە سەردەمی داهاتووی ئابووری جیهانی تا ساڵی ٢٠٢٦ لە ١٢٤ تریلیۆن دۆلار نزیک دەبێتەوە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]

زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

04/09/2025|لێدوان نووسین ناچالاککراوە لە زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک [...]