گۆڤاری تیشک ژمارە ٧٢
دەروێشی هیندی لە کوردستان چییان دەکرد؟
لە ماڵپەڕی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک بڵاوکراوەتەوە: 16.10.2025
سوڵتانی، ئەنوەر (٢٠٢٥): دەروێشی هیندی لە کوردستان چییان دەکرد؟. گۆڤاری تیشک، ٢٧، ٧٢، ل. ١٩٨–١٨٥. https://doi.org/10.69939/TISHK0072
سەرەتا
هیندوستانی سەدەی ١٨ و ١٩
لە سەدەی ١٨ دا، هێشتا حکوومەتی پاکستان دانەمەزرابوو و ئەفغانستانیش بەشێک بوو لە ئێران، بەوپێیە، ئێران و هیند دوو وڵاتی هاوسنووری یەکتر بوون. نادرشای ئەفشار لە ساڵی ١٧٣٩ دا لەشکری بردە سەر هیندوستان و حکوومەتی گورەکانیانی هیندی تێکشکاند.1 شکستی حکوومەتی هیند و لاوازبوونی باری سیاسی و ئابووریی وڵاتەکە، ڕێگەی بۆ ئوروپاییەکان خۆش کرد کە هەرکام لەلایەکەوە بەشێک لە خاکی هیند داگیر بکەن.٢ حکوومەتی کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتیی بریتانیاییەکان تەنیا ١٨ ساڵ دوای شکستی هیند لە سپای ئێران، لەو وڵاتەدا دەستی بە کار کرد و ١٠١ ساڵ دواتر، لە ١٨٥٨ دەسەڵاتی خۆی ڕاستەوخۆ بە حکوومەتی بریتانیای ڤیکتۆریایی ئەسپارد کە تا سەرکەوتنی بزاڤی سەربەخۆیی هیند لە ساڵی ١٩٤٧ درێژەی کێشا.
هیندوستانی ئەودەم، شوێنی ژیانی هیندوو و موسوڵمانێکی زۆر بوو بە سوننە و شیعەوە.3 ئەو موسوڵمانانە چ بۆ کاری بازرگانی و چ بۆ ڕێو ڕەسمی ئایینی هاتوچۆی ئێران و میزۆپوتامیا و خاکی عوسمانییان دەکرد. بە هەمان شێوە لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکانی ئاسیای بچووکەوە خەڵک دەچوونە بەشە جیاوازەکانی هیندوستانی پان و بەرین.4
کوردستانی سەدەی ١٨ و ١٩
کوردستانی ئەودەم لەباری سیاسییەوە بەسەر دوو وڵاتی ئێران و عوسمانیدا دابەشکرابوو؛ لەباری ئابوورییەوە زوربەی هەرەزۆری خەڵکەکەی، گوندنشین و وەرزێر یا ئاژەڵدار بوون و لەلایەنی ئایینیشەوە سوننە و شیعە و تەنانەت تا ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم و ماوەیەک دواتریش سەر بە تەریقەتێکی باو- بەتایبەت قادری یا نەقشبەندی بوون. هەر بەو بۆنەیەوە میوانداریکردنیان لە دەروێش و سۆفی و موریدانی خانەقاکان، سەر بە هەر میللەتێک بووبێتن (کورد و تورک و تاجیک و هیندی و ئەفغان) و بەخێر هێنانی زیارەتکارانی ڕێبواری مەرقەدی پێشڕەوانی تەریقەت، دیاردەیەکی ئاسایی و هەمیشەیی ناو کۆمەڵگا بوو. درێژەی دیاردەی مورید و مورادی لە کوردستان، ئاوەدان مانەوەی تەکیە و خانەقا لە شار و دێ، ژیانی سۆفی و شێخ و خەلێفە و دەروێش بەتەنیشت مزگەوت و مەلاوە، بەردەوامیی ئاڵقەی زیکر لە خانەقا و مزگەوتەکان، هەروەها وانەبێژی و ئامۆژگاریی فێرکاران لەلایەن مورشید و پیری دەستگیر و بەگشتی شێخەکانەوە، کە زوربەی هەر زۆریان کورد و نیشتەجێی کوردستان بوون، ناوچەکەیان کردبووە شوێنێکی گرنگ بۆ ڕووتێکردنی سۆفیان و ئەویندارانی عیرفانی ئیسلامی لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، دۆخێک کە تا ئەمڕۆش کەموزۆر لە شوێنی وەک خانەقای بیارە بەردەوامە. هەر لەو پەیوەندییەشدایە کە هاتنی دەروێشی هیندی بۆ کوردستان و ناوەرۆکی ئەم وتارە واتای عەینی پەیدا دەکەن.
بەڵام لە یەکدوو سەدەی ڕابردوودا بەتایبەت دوای جێگیر بوونی ئوروپاییەکان لە هیند و میزۆپوتامیا، هەواڵی هەندێ هاتوچۆی جێگەی پرسیار لە نێوان هیند و ئێران و ئاسیای بچووک (بەکوردستانەوە) بیستراوە، کە شایانی سەرنج و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانیانە. ‘ئاقاخانی مەحەللاتی’(١٨٠٤ تا ١٨٨١)، ڕێبەری شیعەکانی ئیسماعیلییەی ئێران و زاوای فەتحعەلیشای قاجار دوای شەڕی پلەوپایە لەگەڵ فەتحعەلیشا، هەڵات و چووە هیندوستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا، لەوێ پایەی شازادەی پێ بەخشرا و تا کۆچی دواییەکەی، خۆی و ئیسماعیلیەکانی پەیڕەوی، لە چەند شەڕو پێکداداندا یارمەتی حکوومەتی بریتانیایاندا. هاتوچۆی نێوان خەڵکی دوو وڵات بە ئاقاخان کۆتایی پێنەهات؛ هەر لە ساڵانی حکوومەتی بریتانیا لە هیندوستاندا، چەند ‘دەروێش’ و گەڕیدەی موسوڵمان لە هیندەوە هاتنە ئێران و کوردستان و تا بەغدا و ئەستەموڵیش چوون. ئەو دەروێشە موسوڵمانانە لە چەند شاری ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان مانەوە و لەوێوە چوونە زیارەتی مەرقەدی غەوسی گەیلانی (١٠٧٨ -١١٦٦) لە بەغدا. دەروێشەکان لە ماوەی مانەوەیان لە کوردستان، چ وەک میوان و چ وەک ڕێبواری زیارەتکاری مەرقەدی غەوس، ڕێزیان لێگیراوە و لەگەڵ شێخ و مەلا و کەسانی دەستڕۆیشتووی شار و گوندەکاندا پەیوەندی و وتووێژیان بووە، هەروەها ڕێباز و هەڵوێست و بیروباوەڕیان لەسەر ژیانی کۆمەلایەتی و ئایینیی خەلکی خۆجێ یی شوێنی داناوە. کار وکردەوەی ئەو دەروێشانە تاڕادەیەک سنووری دەروێشایەتی و فەقیری و کەشکۆڵ هەڵگرتنی ئاسایی و زیارەتکاریی تێدەپەڕاند. دەروێشەکان، لەجیاتی چوونە ناو کۆمەڵانی خەڵکی ئاسایی و خەڵکانی هاوشانی خۆیان لە کوردستان، لە کەسایەتیە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان نزیک دەبوونەوە و شوێنیان لەسەر ڕەوتی تەریقەت و لە ڕێگەی ئەوەوە، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی دادەنا.
یەکەم، شێخ ئەحمەدی هیندی و تەریقەتی قادریی تاڵەبانی لە دەوروبەری کەرکووک
هەڵبژاردەیەک لە دوو کتێبی “جذبە عشق” و “مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن” لە سەر بنەمای نووسینەکانی مەلا صبغةاللە ڕووباریی سنەیی:
“دەگێڕنەوە و دەڵێن ڕۆژێکیان [مەلا مەحموودی زەنگنە] لە مەزرای گوندەکەی خۆی خەریکی کاری کشتوکاڵ بوو5. چاوی بە قافڵەیەکی گەورە کەوت کە بەرەوبەغدا دەڕۆیشتن. سەیری کرد کوڕەلاوێک بە سواری وشتر لەخەڵکەکەی دیکە جیا بووەوە، هاتە نزیک ئەو و گوتی: “ئەی مەلا مەحموود، مزگێنیت لێ بێ کە ساڵێکی دیکە لەم ڕۆژە و لەم وەرزەدا دەچییە ڕیزی ئەولیا.” حەزرەتی ئەو لەوەڵامدا لێیپرسی ئەوە بەچیدا دەزانی؟ پیاوە گەنجەکە گوتی “لە موشاهەدەدا6 حەزرەتی غەوسی ئەعزەمی قوتبی گەیلانیم بینی، ڕەزای خودای لێبێت، کە لە ڕیزی ئەولیادا وەستابوو، تۆ لە پشتەسەری ئەو بووی و هەنگاوێکت مابوو بچیە ناو ڕیزی ئەوانەوە؛ بەوەد’ا زانیم ئەو هەنگاوەی تۆ ماوەی ساڵێکی پێدەچی بۆئەوەی بچییە ناو ڕیزەکەی ئەوانەوە.” ئەو دوو کەسە [واتە مەلا مەحموود و کابرای وشترسوار] پێشینەی یەکتر ناسینیان نەبوو….”
[ساڵێک دواتر]:
“لە هەمان ڕۆژدا [مەلا مەحموود] ژنەفتی کە شێخێکی گەورەی خاوەن ڕێز لەگەڵ چەند دەروێشێک لەبەغداوە هاتوون و گەیشتوونەتە نزیک گوندەکەی ئەو… چووە پێشوازیکردنیان، لە دەروێشێکی پرسی ئەو شێخە کێیە؟ لەوەڵامدا گوتیان ئەوە جەنابی قوتبی عارفان ‘شێخ ئەحمەدی لاهووریی هیندی’یە…. پێکەوە چوونە ناو گوندەکە و مەلامەحموود خزمەتی شێخی گەورە و دەروێشەکانی کرد، پاش یەکدوو ڕۆژ [شێخ ئەحمەدی هیندی] بەیعەتی پێدا و تەربیەی کرد…. کاری تەربیەت ماوەی ساڵێکی کێشا و [مەلا مەحموود] مەقاماتی سلووکییەی بەجێهێنا هەتا ئەوەی بە تەواوەتی لە چەپەڵییەکانی مرۆڤ داماڵدرا و بەرگی ئەخلاقی چاک و تەبعی چاکی لەبەر کرد…. ئەودەم، شێخی هیندی گوتی بڕۆ و جیهانێک بە نووری ئیڕشاد ڕووناک بکەرەوە….. پاشان شێخ ئەحمەد و موریدەکانی بەجێیانهێشت و ڕۆیشتن…” (مقامات پیران طالبان، لل ١٠٨ تا ١١٣) 7
دوای ئەو دیدارە، کە زۆر وکەم لەساڵی ١١٦٥ ی کۆچی[١٧٥١-١٧٥٢ز] دا ڕوویداوە، شێخ مەحموودی تاڵەبانی بۆتە دامەزرێنەری لقی تاڵەبانی لە تەریقەتی قادریدا و کوڕ و کوڕەزاکانی ئەو8 تا ئەمڕۆ یەک لەدوای یەک شێخی خانەقای تاڵەبانین و لە زۆر بەشی کوردستان هەندێ شوێنی دەرەوەی کوردستانیش موریدیان هەیە. هیچ نیشانەیەکیش بەدەستەوە نییە پێمان بڵێ پێش شێخ مەحموود، کەسێک لەو بنەماڵەیەدا شێخ و موراد و پێشەوای ئایین یا تەریقەت بووبێت. ئەو ڕووداوانە و دەسپێکی شێخایەتی شێخ مەحموودی تاڵەبانی، دەکەونە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەهەم و ساڵانی دوای ئەو.
دووەم، میرزا دەروێش ڕەحیمەڵڵای هیندی و تەریقەتی نەقشبەندی لە سلێمانی
سەرچاوەی هەواڵ: مامۆستایان مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس، سەید تاهیر هاشمی، هەڵکەوت حەکیم.
ئەوەی خوارەوە کورتەی ئەو هەواڵانەیە وا نەمر سەید محەمەد تاهیری هاشمی سەبارەت بە هاتنی دەروێشێکی هیندی بۆ کوردستان9 و هاندانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٨٢٧ – ١٧٧٩) بۆ چوونە هیندوستان، زیارەتی شا عەبدوڵڵای دیهلەوی و تەریقەت وەرگرتن لەدەست ئەو، نووسیویەتی و بە جیاوازییەکی کەمەوە مەلا عەبدولکەریمی مودرسیش هەمان هەواڵی پێداوین: 10
“لە سەنەی هەزار و دووسەد و بیست وچوار [١٢٢٤ی کۆچی بەرانبەرە لەگەڵ ١٨٠٩-١٨١٠ز]، لەپڕ مزگێنیدەرێکی شادی، ڕاوێژکارێکی خوێن شیرنی لەبەردڵان، و چاوکراوەیەکی ئاگا ….. دەروێش محمەد ناوێک١١، لە لایەن شاهێکی پایەبەرزەوە، … پەناگەیەکی دەوڵەت و دین، …. قوتبی حەق ….. شاه عەبدوڵلای دیهلەوی قدس اللە سڕه و افاض اللە بڕه الی یوم القیامە، هاتۆتە سلێمانی و حەزرەتی مەولای ئێمە [مەولانا خالید] قدس سرە دوای هاتنی ئەو یارە گیانییە، چاوی دڵی ڕووناک و دیماغی گیانی بۆنخۆش بووە …. دەروێشە دڵ بریندارەکە ئاماژەی بە کەعبەی مەقسوود کردو گوتی: ئەو شاهبازە بەرزەفڕەی کە تۆ نێچیری ئەوی، شایەکە نشینگەی گەورەیی لە وڵاتی هیندوستانە و ناوی شا عەبدوڵڵایە و لەبەر ئەوەی تۆش بەشوێن دەستڕاگەیشتن بە ئەستێرەی کەڵکوەرگرتندا دەگەڕێی، منیش تا ئێرە کە هاتووم، جگە لەتۆ هیچ زاتێکم نەبینیوە بەرگی ئەو سیفەتانەی لەبەردا بێت؛ جا ئەگەر لەگەڵ مندا بێی، دەبی بە شا و ئەگەر ئێستا ئەستێرەیت، ئەودەم دەبی بە مانگ. ئیتر ئەو بولبولەی باخچەی لاهووت… پشتێنی هیممەتی بەست و هاوڕێ لەگەڵ ئەو دەروێشە ڕووی کردە هیندوستان، لە سەنەی ١٢٢٢ ی مانگی [١٨٠٧ز]دا١٢ لە ڕێگەی تاران و خۆراسانەوە بەرەو دیهلی کەوتە ڕێگا…. بە نیشابوور و تووس و مەشهەدی ئیمام ڕەزا و جام و هەرات و لاهوور و پەنجابدا تا شاری جیهان ئابادی دیهلی ڕۆیشت…. یەک ساڵی ڕەبەق بەڕێگاوە بوو تا گەیشتە ‘دەروازەی خانەقای حەزرەتی شای دین پەنا، شا عەبدوڵلای ناسراو بە غولامعەلی قدس اللە سره.
دوای سێ ڕۆژ چووە خزمەت شا عەبدوڵلا و داوێنی پیرۆزی ماچ کرد …سێ داواکاریی ئاراستەی خزمەتی کرد: یەکەم بە غوڵامیی خۆی قەبووڵی بفەرموێ و تەنیا بە ناوی خالیدەوە بانگی بکات نەک بە ناسناوی مەولەوی و شتی لەوچەشنە؛ دووەم لە خواردنی خانەقادا وەک زیارەتکارێکی ئاسایی حیسابی بۆ بکات نەک زیاتر؛ و سێیەم خزمەتکردنی ئاودەستی خانەقا بخاتە ئەستۆی ئەو. بەڵام خواجەی نەقشبەند داواکاریی سێیەمی دایە دواوە و لە جیاتییان، خزمەتی سەقاخانەی پێ ئەسپارد. مەولانا خالید ماوەی پێنج مانگ بە ئاوکێشان خزمەتی خانەقای کرد، بەشێوەیەک کە هەردوو شان وملی جدەو بوو…. پاش تێپەڕبوونی ساڵێک یا زیاتر و سەیر و سلووک کردن،١٣ تەریقەتی نەقشبەندیی لە شاعەبدوڵڵا وەرگرت.” (لل ٢٨ تا ٥٢)
پاشان شێخ عەبدوڵڵا ئیجازەی گەڕانەوەی پێدا و و ئەویش لە ساڵی ١٢٢٦ [١٨١١ی زایینی] دا، وەەک خەلیفەی شا عەبدوڵڵا لە سەرجەم ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیدا، گەڕایەوە شاری سلێمانی. سەرجەم سەفەرەکەی چوارساڵی پێچوو و هەر لە ساڵی گەڕانەوەشیدا چووە بەغدا و ماوەی پێنج مانگ لە دراوسێیەتی مەرقەدی شێخ عبدالقادری گەیلانی نیشتەجێ بوو، پاشان لە بەرگی موڕشێدێکی تەریقەتدا بە جەلال و شەوکەتێکی زۆرەوە گەڕایەوە سلێمانی و دەستی کرد بە ئیڕشادی موسوڵمانان…. لە ساڵانی نێوان ١٢٢٦ [١٨١١ز] تا ١٢٤٢ [١٨٢٧ز] کە “بەهۆی ڕۆژگاری ناتەباوە”14. بۆ هەمیشە سلێمانی بەجێهێشت و بە نەخۆشیی تاعوون لە شام کۆچی دوایی کرد. سێ جار سەفەری بەغدای کردبوو.” (ل. ٣٢ تا ٣٦ هەروەها مدرس، لل. ٥٠ تا ٥٣)
وەک گوترا، گێڕانەوەی مودەڕیس لە چۆنیەتی سەفەری مەولانا و گەڕانەوەی بۆ سلێمانی تەفسیلی زیاتر بەڵام جیاوازییەکی کەمی لە هەواڵەکانی سەرەوەی هاشمی هەیە.15 ئەوەی لەو دوو سەرچاوەیە، هەروەها لە لێکۆڵینەوەیەکی هەڵکەوت حەکیم16 دەردەکەوێت، بە بۆچوونی من ئەوەیە مەولانا خالید یەک لە ڕیبەرانی ئایینی-سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە کە لە سەردەمی دوای ڕێنیسانسی ئوروپاییەکاندا، هەرکام بە گوێرەی دۆخی کۆمەڵگا و بیروباوەڕی تاکەکەسی، هەوڵی جێگیرکردنی بیری نوێ و شکاندنی قاڵبە کۆنە نەریتییەکانیان دەدا. چەند کەس لەوانە بریتی بوون لە محەمەد عەبدولوەهاب(١٧٩٢-١٧٠٣) لە سعوودیا، شێخ ئەحمەدی ئەحسایی (١٨٢٦-١٧٥٣) و عەلیمحەمەدی باب (١٨٥٠-١٨١٩) لە ئێران و مەولانا خالیدی شارەزووری (١٨٢٢ -١٧٧٩) لە کوردستان. هەموو ئەوکەسانە، کەموزۆر هاوسەردەم بوون و لە فەزایەکی هزریدا دەژیان کە زۆر پێش ئەوان نوێخوازیی بوێرانەی مارتین لوثەری ئاڵمانی (١٥٤٦ – ١٤٨٣) ئاسمانی مەسیحییەتی پێ ڕوون کردبووەوە و لە ڕێگەی وەرگێڕانی ئینجیل بۆ سەر زمانی ئاڵمانی، دەروازەیەکی فراوانی بۆ خەڵکانی تینووی گۆڕان و ئازادبوون لە پابەندە کۆنەکان لە سەرانسەری جیهان کردبووەوە، بەشێوەیەک کە سیاسەت و کۆمەڵگا چووبوونە ناخی ئایینەوە، و نوێکردنەوەی کۆن و گۆڕانکاری لە بەشێکی بەرچاوی جیهاندا بووبووە هەوێنی بزووتنەوە ئایینی و سیاسییەکان. ئەو گۆڕانکارییانە نەک هەر ڕێبەرانی کۆنسیرڤاتیوی ئایینی، بەڵکوو دەسەڵاتدارییە سیاسییە پشتیوانەکانی ئەوانیشی دەگرتەوە و لە بەرانبەریدا ناچار بە هەڵوێستگرتن دەبوون. بۆ نموونە، نوێخوازی سەرجەم وڵاتانی ئیسلامیی گرتبووە بەر و ئاڵای گۆڕانکاریی تەریقەت و تەنانەت ئایین17 لە کوردستانیش بەدەست مەولانا خالیدی نەقشبەندییەوە بوو.18
مەولانا، دوای گەڕانەوە لە سەفەری دیهلی، وەک ‘مجدد’ واتە نوێکەرەوەی تەریقەتی نەقشبەندی و بنیاتنەری ‘لقی خالیدی’ لە تەریقەتەکەدا، بانگەوازی بڵاو کردەوە. ئەوە هۆکارێک بووە بۆ نێوان ناخۆشی لەگەڵ گەورەپیاوانی تەریقەتی قادری، بەتایبەت مەلا مارفی نۆدێ (١٧٥٣ – ١٨٣٨) وەک ڕێبەری تەریقەتەکە و خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانی و تۆمەتبارکرانی بە ‘بیدعەت هێنان و لادان لە بنەماکانی ئیسلام، بە شێوەیەک کە تەنانەت دەگوترێ هەوڵی کوشتنی درابێت.19 هەربۆیە چەندجارێک سلێمانی بەجێدەهێڵێت و دەچێتە بەغدا و شام، پاشان دەگەڕێتەوە سلێمانی. لە شام کێشەی نێوان پەیڕەوانی عبدالوهاب لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت هەیە و مەولانا ئاگاداری هەڵوێستەکانیانە.
لە سلێمانیش تەریقەت تێکەڵاوی سیاسەت دەبێت و پاشاکانی بابان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان، جارێک لایەنی مەولانای نەقشی و جارێکیش لایەنی شێخ مارفی قادری دەگرن. دەوری بازاڕییەکانی سلێمانی لە پەیوەندی پەرەسەندنی دەسەڵاتی مەولانادا گرنگایەتی تایبەتی هەیە.20 سەرمایەداریی لاوازی کوردستان کە لە پەیوەندی دوور و نزیکی بازاڕی ئەستەموڵ و تاراندا بوو، خوازیاری هەندێ ئازادی بازرگانی و کەمبوونەوەی باجی بابانەکان بوو و ئەو ئازادییانە، بەپێچەوانەی باوەڕە سوننەتییەکانی شێخ مارف و قادرییەکان، تا ڕادەیەک خۆیان لە هەڵوێستەکانی مەولانا دا دەدۆزییەوە هەربۆیەش لە ڕیزی مورید و لایەنگرانی نەقشیدا دەوەستان. هەموو ئەو ڕووداوانە دەکەونە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩.
بەڵام لە ئەنجامی کێشەی نێوان لایەنگرانی دوو تەریقەتدا، کە بەگوێرەی بنەمای هزریی خۆیان دەبوایە لە ژوور سیاسەت یا لایکەم لە دەرەوەی ئەو بوایە، بەهۆی دەست تێوەردانی سیاسەتوانان لەلایەک و هەوڵی ڕێبەرانی هەردوو بەرە لەپێناو کۆکردنەوەی زیاتری جەماوەر لە دەوری خۆیان و دوورخستنەوەیان لە تەریقەتی ڕەقیب، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر ڕەنگی سیاسیی بەخۆیەوە گرت و ساڵانێک دوای ئەوە، لە بۆچوونی توندڕەواندا بە شێوازی دژایەتیی شاری سلێمانی (وەک پێگەی نەقشبەندیی نوێخواز) لەگەڵ هەولێر (وەک پێگەی قادریی موحافیز) خۆی دەرخست و هەر بەو شێوەیەش لە ساڵانی سەدەی ١٩ەوە پێینایە سەدەی بیستەم وتەنانەت باڵی کێشایە سەر شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١)یش. دوور لە ڕاستی نابێ ئەگەر لەپەنای فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەو ناتەباییە، هۆکارێکی سەرهەڵدانی دووبەرەکیی نێوان مەلایی و جەلالی لەو دوو جوغرافیایە و پشت لەیەکتر و ڕووکردنە داگیرکەرانی عیراق و ئێران، بە زیندوومانەوەی میکرۆبی هەر ئەو دووبەرەکییە کۆنە بزانرێت. وەک دەبینین، بەداخەوە دوای دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، ڕەنگی ئەو ناکۆکییە تۆختر بووەوە بە چەشنێک کە سەرەڕای هەموو خواستێکی خەڵکی کوردستان و دۆست و هاوپەیمانانی لاوەکی، ئێستاش دەسەڵاتدارانی سیاسیی ئەو دوو شارە خۆ لە تۆڕی جاڵجاڵووکەی دژایەتیکردنی کۆن ڕزگار ناکەن و لەسەر پێکهێنانی حکوومەت و پەرلەمان ڕێک ناکەون! ئەمڕۆ هاتوچۆ لەگەڵ بەغدا و تاران و ئەستەموڵ بۆ ڕێبەرانی سیاسیی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم زۆرئاساییتر و بێ کێشەترە لە سەردانیکردنی یەکتر لە هەولێر و سلێمانی؛ دەڵێی ڕۆحانیەتی مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ ئێستاش بە ئاسمانی ئەو دوو شارەدا دەسووڕێتەوە!
سێیەم، شادەروێشی هیندی لە سابڵاغ (مەهابادی ئەمڕۆ)
مامۆستا سەید محەمەدی سەمەدی لە ‘پاشکۆی کتێبی مێژووی مەهاباد’ دا، لە زمان عومەرئاغای عەلیارەوە نووسیویەتی:
“گوایە لە سەردەمی بوداق خان [ی موکری]21 سێ عارف و دەروێش کە ناویان شاصەفی و شاحوسەین و شادەروێش بووە، لە وڵاتی هیندەوە دێنە ناوچەی مەهاباد. ئەوەی ئەو سێ کەسە بە دڵنیایی هاوسەردەمی بوداق خان بوون یان نا، جێگەی لێکۆڵینەوەیە. دواتر شاصەفی لە گوندی ئاڵیکەند و شاحوسەین لە گوندی حەسەن نووران دەمرن و دەنێژرێن؛ بەڵام سێیەمیان لە حەوشی مزگەوتێک [ی ناو شاری مەهاباد] کە ئەمڕۆ بەناوی مزگەوتی شادەروێشەوە دەناسرێ ئەسپەردەی خاک دەکرێ. حاکمی ئەودەمی مەهاباد خانەقایەک بۆ شادەروێش دروست دەکات و محەمەد پاشاخانی مظفرالدولە (شجاع الملک) [کوڕی فەڕوخ خانی براگەورەی عەزیزخانی سەرداری کولل]22، خانەقاکە دەکاتە مزگەوت – گەرماوی شوجاعیش (کە بە حەمامی شۆر دەناسرێ)، دەکاتە وەقفی مزگەوتەکە. ڕێکەوتی وەقفی حەمام ساڵی ١٢٨٤ [١٨٦٧-١٨٦٨ز] و ڕێکەوتی بنیاتنانی خانەقا یا مزگەوتەکەش، کە لەسەر دەرگانەی مزگەوت نووسراوە، ١٢٠٤[١٧٨٩-١٧٩٠ز] ە بەڵام نازانرێ ئەوە ساڵی بنیاتنانی خانەقای شادەروێشە یان مزگەوتی شادەروێش.” 23
تا ئێرە نووسینی سەید محەمەدی سەمەدی و بیرەوەری گێڕانەوەی لە عومەرئاغای عەلیار بوو. هەردوو سەرچاوەی هەواڵەکە واتە عومەرئاغا و سەمەدی جێگەی باوەڕن. ئەوان ساڵی هاتن و مردنی دەروێشەکانیان لێ ڕوون نەبووە و بۆیە لەپڕوپێستدا هێشتوویانەتەوە، کە زۆر واهەیە درەنگتر بووبێ. بەڵام ئەو ئاماژە ناڕاستەوخۆیانەی وا بە ساڵی وەقفی حەمامی شۆر و نووسراوی سەر دەرگای مزگەوتی شادەروێش کردوویانە، دەتوانن کلیل بن بۆ کردنەوەی قفڵی پرسیار لەمەڕ سەردەمی هاتنی دەروێشەکان.
ئەنجام:
ئەگەر شادەروێش لەسەردەمی بوداق خاندا هاتبێتە مەهاباد و حاکمی سەردەم یا نزیک لەوسەردەمە خانەقای بۆ دروست کردبێ، ئەوانە هەموو دەکەونە سەرەتاکانی سەدەی ١٨
بەڵام ئەگەر ساڵی دروستکرانی خانەقا و گۆڕانی لە خانەقاوە بۆ مزگەوت زۆر لەیەکتر دوور نەبن، ئەودەم دەتوانین بڵێین گونجاو نییە کەس یا کەسانێک ١٥٠ ساڵ دوای شادەروێش خانەقای بۆ دروست کردبێ؛ بەوپێیە، دەبێ هاتنی شادەروێش و دوو دەروێشەکەی دیکە بۆ مەهاباد لە ساڵی دروستکرانی خانەقا و وەقفی حەمامەکە دوور نەبێت، کە هەمووی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٩دا بووە.
چوارەم، دەروێش قەهروڵڵای هیندی، عەلی محەمەدی باب و قەڵای چاری
قەڵا و گوندی چاری (چەهریق) لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا ئاوێتەیە لەگەڵ ناوی سمایل ئاغای سمکۆ کەسایەتیی شۆڕشگێڕی کورد(١٨٨٧ – ١٩٣٠) کە بۆ خەباتی چەکدارانەی دژ بە حکوومەتی ڕەزاشای پەهلەوی24 لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا کەڵکی لێوەرگرتووە. بەڵام قەڵاکە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە کە تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی زووتر و سەردەمی ئورارتووییەکان (٨٦٠ تا ٥٩٠ی پێش زایین). هەروەها ٧٠-٨٠ ساڵێک پێش سمکۆ، لە هاوینی ساڵی ١٨٥٠دا عەلیمحەمەدی باب پێشەوای ئایینی بابی(١٨٥٠ – ١٨١٩)، لە زیندانی ماکۆوە براوەتە ئەوێ و لەو قەڵا ئەستەمە زیندانیکراوە.
ئایینی بەهایی درێژەی بابیگەرییە. کتێبی “عنقای بقا در قاف وفا” کە کتێبی سەربهوردەی بەهائوڵڵا ڕێبەری بەهائیەکان (١٨١٧ – ١٨٩٢) لە کوردستان و ماوەی مانەوەی لە ئەشکەوتی سەرگەلوە، هەندێ ئاماژەی بە ژیانی علیمحمدی باب تێدایە. لەوێدا دەست نیشانی ناوی دەروێشێکی هیندی دەکات کە ناوی قەهروڵڵا و بە گوتەی ئەو “یەک لە شازادەکانی هیند” بووە. گوایە دەروێشی گۆرین لە خەودا بابی بینیوە و مەجزووبی کەسایەتی و بانگەوازەکەی بووە، و هەر لە خەونەکەدا پێی گوتراوە بچێ بۆ قەڵای چەهریق لە ئازەربایجان و لەوێ چاوی بە باب بکەوێ. ئەویش لە هیندوستانەوە وەڕێ کەوتووە و گەیشتۆتە چەهریقی نزیک شاری سەڵماس و سەر سنووری عوسمانی، لەو قەڵا ئەستەمەدا چاوی بە باب کەوتووە و ئیمانی پێهێناوە. تەنانەت دواتر، کاتێ بابیان بردۆتە شاری تەورێز بۆ ئەوەی لەوێ ئیعدامی بکەن، دەروێش قەهروڵڵاش بە پێیان وەڕێکەوتووە، لەگەڵیان تا تەورێز چووە و لە ڕۆژی ئیعدامەکەدا لەوێ ئامادە بووە. پاشان مەئموورانی ئێرانی گرتوویانە و پرسوجۆیان لێکردووە، لەوەڵامدا باسی دەروێشایەتی و عیشق بە حەقیقەتی بۆ کردوون، ئەوانیش ئازادیان کردووە بەڵام لە ڕێگەی چوون بەرەوە تاران و گەڕانەوە بۆ هیند، کووژراوە.”25 ئەو ڕووداوانە دوو سێ ساڵ پێش و دوای ئیعدامی باب لە ساڵی ١٨٥٠ ڕوویانداوە کە دەکاتە ناوەڕاستی سەدەی ١٩.
کۆتایی
دیارە دەبێ دەروێشی هیندیی لەو چەشنانە زۆر بە کوردستاندا وەربووبێتن و دوور نییە لەسەرچاوەی دیکەشدا شوێنی زۆرێکیان هەڵبگیرێت.26 هەروەها دەروێشی غەیرە هیندیش ڕوویان لە کوردستان کردووە و لەوانە دەروێش محەمەدی ئێرانییە کە ناوی ڕاستەقینەی میرزا حوسەین عەلی نووری ناسراو بە بەهائوڵڵا (١٨١٧ – ١٨٩٢) پێشەوای بەهائیانی جیهان بوو و حکوومەتی ئەوکاتی ئێران بە هۆی هاندانی مەلایانی شیعەوە لە ئێران دووری خستبووەوە. بەهائولڵا ماوەی دوو ساڵی نێوان ١٨٥٤ و ٥٦ لە کوردستان ژیا. ئەو دوو ساڵە، ماوەیەکی لە خانەقای بیارە و زیاتری لە ئەشکەوتێکی گوندی سەرگەلوو لە ناحیەی سوورداشی سلێمانی تێپەڕ بوو. پاشان حکوومەتی عوسمانی ناردیە بەغدا و ئەستەمووڵ و ئەدرنە، ئینجا زیندانێک لە فەلەستین، تا کۆچی دواییەکەی لە دەوروبەری شاری عەکا و نێژرانی لەوێ. بەهائوڵڵا لە کوردستان ناو و کەسایەتیی خۆی ئاشکرا نەکردبوو و تەنیا بەناوی دەروێش محەمەدی ئێرانبییەوە دەناسرا. مانەوەی بەهائوڵڵا لە کوردستان لە ناوەڕاستەکانی سەدەی ١٩دا بوو.
ئەوانە شەرحی ڕووداوەکان بوون و ئەوەی ماوە هەوڵێکە لە پێناو دۆزینەوەی هۆکار و ئەنجامی هاتنی دەروێشەکان لە هیندوستانەوە بۆ کوردستان. لەو پەیوەندییەدا هەوڵدەدەم بێ ئەوەی لە فەکتە مێژووییەکان لابدەن، بۆچوونی خۆم ڕابگەیەنم:
دوای پەرەسەندنی شیعایەتی لە ناوەندی ئێران (سەدەی ١٦)، تەریقەتی قادری نفووز و دەسەڵاتی خۆی لەناو کوردی سوننەی ڕۆژئاوای ئێراندا پاراست و پەرەی پێدا؛ بە هەمان شێوە تەریقەتەکە لە نێو موسوڵمانانی سوننەی بەلووچ و ئەفغان و هیندوستان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەش، بەوپەڕی هێزەوە مایەوە. بە پێچەوانە، قوتبی زیندووی تەریقەتی نەقشبەندی واتە شێخ عەبدوڵڵای دیهلەوی لە شاری دیهلیی هیندوستان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران بوو، بەڵام بەشێکی بەرچاوی پەیڕەوانی تەریقەتەکە، پێکهاتوو لە کورد و عەرەب و تورک، کەوتبوونە بەری ڕۆژئاوای ئێران.
ئەو دۆخە دەکرێ وەک هۆکارێک بۆ هاتنی دەروێشی قادری لە ئەفغانستان و هیندوستانەوە بۆ کوردستان و بەهەمان شێوە چوونی زیارەتکارانی نەقشی لە کوردستانەوە بۆ هیند سەیر بکرێت.
بەڵام جیا لەو پەیوەندییە ئایینی و عیرفانییە بێ گرێوگۆڵانە، خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەش هەیە کە نابێ لە هەڵسەنگاندنی هۆکارەکاندا چاوی لێ بپۆشرێت، ئەویش تێکەڵاویی هەندێک لەو دەروێشانە لەگەڵ سیاسەت و نزیکبوونەوەیان بووە لە قوتبی دەسەڵات یا هەوڵدانیان بۆ کردنەوەی لقی نوێ لە تەریقەتەکان لە بەرانبەر تەریقەتی ڕەقیبدا. بۆ نموونە، حاکمی مەهاباد خانەقا بۆ شادەروێش دەکاتەوە و دەروێشێکی دیکە دژ بە ئایینی زاڵی شیعایەتی لە ئێران لایەنگری لە بابییەکان دەکات و بە خەون بینینێکی ساکار لە هیندەوە دەگاتە زیندانی قەڵایەکی تەریک کەوتووی کوردستان و دەچێتە لای عەلیمحەمەدی باب کە لەژێر حوکمی ئیعدامدایە. یا ئەوی دیکەیان لە ناوچەی کەرکووک فەرعێک بۆ تەریقەتی قادری دەکاتەوە و چوارەمیان هێز و دەسەڵات دەبەخشێتە تەریقەتی نەقشی لە شاری وەک سلێمانیدا، کە خەتیبی مزگەوتەکەی و بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی سەر بە قادرییەکان بوون.
ئەو چەشنە کارانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەروێشێکی هەژاری زیارەتکاری مەرقەدی غەوس و خەڵکانی هاوشێوەی ئەودایە و وشیاری و لێزانییەکی ئامانجدار یا مەئموورییەتێکی تایبەتیان پێویستە. لەو پەیوەندییەدا دروستتر دەبێ ئەگەر بارودۆخی سیاسیی ئەودەمی ئێرانی قاجاری و هیندوستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا، هەروەها چاوبڕینی ڕووسیای قەیسەریی ڕەقیبی بریتانیا لە وڵاتی ئەفغانستان و پەیوەندیی ئەو دوو دەسەڵاتدارییە لەگەڵ یەکتر بگیرێتە بەرچاو. ئەفغانستان بە شەڕی هەرات و پەیمانی پاریس لە ساڵی ١٨٥٧ دا بە تەواوەتی لە ئێران جیا بووبوەوە و سەربەخۆ بوو، پاشان کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتیش دوای شەڕی گەورەی ساڵی ١٨٨٠ دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەفغانستاندا سەپاندبوو. ڕووسیا دوای شەڕی چەند ساڵە لەگەڵ ئێران، بەگوێرەی دوو پەیمانی گوڵستان و تورکمانچای (١٨١٣ و ١٨٢٨) بەشێکی خاکی ئێرانی خستبووە سەر خاکی خۆی و بەگشتی ئەو دوو زلهێزە ئوروپاییە ناوچەکەیان کردبووە گۆڕەپانی تەراتێن و شەڕی نادیاریان لەگەڵ یەکتر و هەرکام دەیانویست بەشێکی زیاتر لە بەژنی ئەو وڵاتە لاواز و نەخۆشانە بپچڕن.
دیارە هەموو شار و وڵاتێک چ ئێستا و چ لە ڕابردوودا میوان و سەردانیکەری بووە و کوردستانیش لەو یاسایە بەدەر نییە. بەڵام هەندێ فەکتی مێژوویی هەن بۆ ئەوەی ئوروپاییەکان، بەتایبەت بریتانیا، فڕەنسا و ئاڵمانیا لەبڕگەی زەمەنی سەدەکانی ١٨ و ١٩ دا چاویان بڕیبووە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نزیک و ناوەند و یەک لەوان کوردستان وەک دەروازەیەک لەنێوان هیند و ئاسیای بچووک و میزۆپوتامیا. هەر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا ژاک دو مۆرگان زەوینناسی فرەنسی لە سەفەرێکی پێنج ساڵەدا بۆ ئێران و ناوچەکە، لە خاک و بەرد و چیاکانی زاگرۆسی کۆڵیوەتەوە و دەگوترێ یەکەم کەس بووبێ پەی بەوە بردبێت کە لە ئێراندا نەوت هەیە و پێنج بەرگ کتێبی قەوارە گەورەی سەبارەت بە ‘مەئموورییەتی زانستی’ی خۆی نووسیوە. سەدساڵ پێش ئەویش کاتێ جەیمز کلۆدیوس ڕیچ هاتۆتە کوردستان، سەفەرەکەی تەنیا بۆ سڵاو و ئەحواڵپرسی پاشای بابان یا بۆ وەرگرتنی بەرگێک کتێبی شەڕەفنامە لە خانی ئەردەڵان نەبووە! جیا لە بردنی خێر وبێری ماددی، ئوروپاییەکان دەیانویست کۆمەڵگاکەش بناسن، قورسایی ڕێبەرەکانیان بزانن و لەڕێگەی ئەوانەوە جێ پێیەک بۆ خۆیان بکەنەوە جا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە لە هەموو شێوازێکی نفووز کردنە ناو کۆمەڵگا کەڵکیان وەردەگرت.
هەربۆیەشە ناکرێ بەسانایی باز بدرێت بەسەر هاتنی ئەو میوانە نەخوازراوانە لە هیندوستانی بندەستی ئوروپاییەکانەوە بۆ بەشە جیاجیاکانی کوردستان. لەبەر ئەوەی سەردەمەکە ڕاست ئەو ساڵانەبوو کە ئوروپاییە چاوچنۆکەکان پەلیان بۆ هەموو شوێنێکی ئاسیا و ئەفریقا هاویشتبوو و زۆرێک لە وڵاتەکانیان خستبووە ژێر پۆستاڵی ئیستیعماری خۆیانەوە؛ سەدەی نۆزدەش لووتکەی سیاسەتی ئیستعماریی ڕۆژئاواییەکانە.
ئەوان مەئموور و هەواڵگر و جاسووسیان بە هەموو بیچم و شێوەیەک و لە هەموو پلە وپایەیەکدا، هەر لە سەرەوەی دەسەڵاتە خۆجێییەکان هەتا خوارەوە، بە ناوچەکەدا بڵاو کردبووەوە و کەمیش نەبوون ئەوانەی وا خۆیان پێوە هەڵدەواسین و شانازییان دەکرد کە لە ژێر ئاڵای بریتانیا یا ڕووسیادا بژین. سەرەکوەزیرانی ئێران میرزا ئاقاخانی نووری (١٨٠٧ – ١٨٦٥) نەک هەر دەستنێژی بریتانیا بوو بەڵکوو لە ١٨٣٢ دا بوو بە هاوڵاتیی فەرمیی بریتانیا لە ئێران و لەگەڵ ئەوەشدا کرایەوە سەرەکوەزیران و ٧ ساڵی دیکە بەو ناسنامە ئاشکرایەوە لە پۆستی سەرەکوەزیریی ئێراندا مایەوە! نموونەیەکی دیکە لەو چەشنە مەئموورە سیاسییانە واهەیە مێجەرسۆن بێت کە پێش ساڵی ١٩١٨ و هاتنی بریتانیاییەکان بۆ کوردستان، لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانیدا ماوەیەک بەناوی میرزای شیرازییەوە لە کوردستان ژیابوو و هەلومەرجی وڵات و ژیانی خەڵکی تاقی کردبووەوە، جا درەنگتر وەک ئەفسەری سیاسیی بریتانیا لە سلێمانی حکوومەتی کرد. ئەوان مەئمووریان لە بیچمی سواڵکەر و فەقیر و دەروێشیشدا کەم نەبوون کە هەندێکیان خۆیان لە کەڕ ولاڵی دەدا بۆئەوەی کەس پرسیاریان لێ نەکات بەڵام خۆیان هەمووشت ببینن و بژنەون!
ئەوانەی خوارەوە هەندێ فەکتی مێژوویی- سیاسین سەبارەت بە ناوچەکە و دەروێشی جێگەی باسی ئەم وتارە:
هەلومەرجی تایبەتی سیاسیی هیندوستان و شەڕە دندووکەی ئوروپاییەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان لەوێ و ڕاکێش کردنی خێروبێری وڵاتەکە بۆ خۆیان
گرنگایەتی ئەفغانستان بۆ بریتانیا وەک دیوارێک لە نێوان ڕووسیای ڕەقیب و هیندوستاندا. گرنگە بزانین کە بەشێک لەو دەروێشانە خەڵکی ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی بریتانیا بوون
ژیئۆپۆلیتیکی کوردستان وەک پردێک لە نێوان هیند و میزۆپۆتامیا بوو، کە بریتانیا لە هەردوو شوێندا دەسەڵاتی یەکەمی هەبوو
نەبوونی هۆکارێکی ڕوونی بازرگانی وەک کڕین و فرۆشتنی بەرهەمێکی خۆجێ یی بۆ هاتنی دەروێشەکان
لەوانە گرنگتر، دەرئەنجامی سەفەری دەروێشەکان لە کوردستان بۆ نموونە، کرانەوەی لقی شێخانی تاڵەبانی لە ناو تەریقەتی قادریدا، کە دەزانین تا ئەمڕۆش پایەدارە. هەروەها پەرەسەندنی تەریقەتی نەقشبەندی لە ناوچەی سلێمانی و ململانیکردنی لەگەڵ خانەقای قادری، دیاردەیەک کە ئەویش کە دواتر ڕەنگی سیاسیی بەخۆیەوە گرت و ئەو تێکەڵاوییەی لەگەڵ سیاسەت تا ئەمڕۆ بەردەوام ماوەتەوە.
کارتێکەرییەکی لاوەکی بەڵام گرنگی هاتنی دەروێشی هیندی بۆ سلێمانی وبەرز بوونەوەی پلە وپایەی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی دوای سەفەری دیهلی، واهەیە برەوپێدارن بێت بە زاراوەی کرمانجیی خواروو (سۆرانی) و پاشەکشە پێکردن بە زاراوەی هەورامی، کە تا سەردەمی ئەو وەک زاراوەیەکی گشتگیری ئەدەبیی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا پێی دەنووسرا.
هەروەها مەولانا شاعیر و زمانپاراوێکی کەم وێنەی زمانی فارسی بوو و لاموایە لەناو شاعیرانی کوردی فارسی وێژی ئەو سەردەمانەدا ئەو و شێخ عەبدولڕەحمانی تاڵەبانی و شێخ ڕەزای کوڕی، سێ لووتکەی بەرزی ئەو بوارەن کە کەمتر کەس دەیانگاتێ. هەرسێک ئەو کەسانە ناڕاستەوخۆ لە باکوور و باشووری کوردستاندا یارمەتی بڵاوبوونەوەی زمانی فارسییان لەناو خوێندەوارانی کورددا داوە. بە شێوەیەک کە شیعرەکانیان چۆنە ناو زیکر و ویردی دەروێشان و سۆفییانی کوردەوە و تەنانەت وەک مناجات لە منارەی مزگەوتەکانەوە بەگوێی خەڵکدا دراوە.
پەراوێزەکان:
- دوای ئەو شەڕە، سپای ئێران بۆ ماوەی چەند ڕۆژ شاری دیهلی تاڵان کرد و ٢٠ ملیۆن ڕوپیەی وەک خەراج لە خەڵکەکەی سەند، پاشان ئەو سەرەت و سامانە گەورەیەی خەڵکی هەژاری وڵاتەکەی لەگەڵ تەختی تاوس و دوو ئەڵماسی گران قیمەتی ‘کێوی نوور’ و ‘دەریای نوور’ لەگەڵ خۆی بردەوە پایتەختی ئەودەمی ئێران کە شاری مەشهەد بوو. نادر ئەوەندەی تاڵانیی خەڵکی ئاشتیخوازی هیندوستان هێنابووەوە کە باجی سێ ساڵی بە هەموو خەڵکی ئێران بەخشی! ئێستا کێوی نوور بەشێکە لە جەواهیراتی پادشایی بریتانیا و دەریای نووریش لە ئێرانە.
- هیندی هۆلەندی، هیندی دانمارکی، هیندی فەڕەنسی، هیندی پورتوقالی و سەرئەنجام کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی و هیندی ڕاج(ڤیکتۆریایی) بریتانیا
- دیارە دوای دابەشبوونی هیندوستان بەسەر پاکستان و بەنگلادیش و سریلانکادادا ڕادەی موسوڵمان لە جوغرافیای هیند دا کەمتر بۆتەوە.
- بەڵام مێژووی کۆنی پەیوەندیی هیند لەگەڵ ناوچەی ئێمە دەگەڕایەوە بۆ چەند هەزارە پێش زایین و بازرگانیکردنی خەڵکی سومەر و میسر و فەلەستین و یەمەن لەگەڵ خەڵکی بێ ئازاری وڵاتەکە. ددەشزانین لە سەفەرنامانەکانی عەرەب و ئێرانیدا باس لە خەڵک و کۆمەڵگاکانی هیند زۆرن، گەرچی زیاتر هەواڵی بازرگانی و سەیاحەتنامە، گەورە و بچووکیی شارەکان، جیاوازیی ئایینیی خەڵکەکەی و ژمارەی مزگەوت و بابەتی لەوچەشنەن. بۆ نموونە، سفرنامە ابن بطوطە مەڕاکیشی یا سەعدی شیرازی (لە کتێبی بۆستاندا).
- ئەو گوندە بە گوێرەی ژیننامەی مەلامەحموود دەبێ ‘ڕەمەزان مامکە’ی ڕۆژهەڵاتی کەرکووک و بە ئەگەرێکی لاوازتر، ‘ قرخ’ی دەوروبەری چەمچەماڵ بووبێت، کە مەودای نێوانیان زۆر نییە.
- موشاهەدە یا شهوود، بریتییە لە دیتنی حەقیقەتێک کە چاوی کەسانی غەیری ئەهلی سلووک و مەعریفەت، ناتوانێ بیبینێت. موشاهەدە تەنیا لە قۆناغێکی سلووکدا بۆ سۆفی گونجاو دەبێت.
- ئەو ڕاگەیاندنە، لە زمان شێخ عبدالرحمن تاڵەبانی کوڕەزای شێخ مەحموودەوە سەرەتا لە کتێبی فارسیی “جذبە عشق” نووسینی مەلا صبغةاللای ڕووباریی سنەییدا هاتووە، پاشان کتێبی “مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن”یش بە بێ گۆڕانکاریی ڕایگواستووە. بڕوانە، صبغة اللە ڕوودباریی “کتاب جذبە عشق” کە نووسینەوەی دەستخەتێکی شێخ عبدالرحمانی تاڵەبانییە، ناشر محمد صدیق محمدی، چاپ چهارم، ١٣٧٣ [١٩٩٤ز]، صص ٧-١٧
هەروەها، استاد ملا صبغة اللە ڕوودباریی سنندجی “مقامات پیران طالبان از محمود تا عبدالرحمن”، مقدمە تحلیلی، تنظیم، بررسی مجدد و شرح عرفانی دکتر محمدعلی سلطانی، چاپی ئەکادێمیای کوردی، هەولێر، ٢٠١٦، لل. ١٠٧ تا ١١٠
- شێخ مەحموود، شێخ ئەحمەد، شێخ عبدالرحمن (باوکی شێخ ڕەزای شاعیر)، شێخ عەلی، شێخ محەمەدعەلی، شێخ جەمیل، شێخ عەلی دووەم و شێخ یۆسف.
- دەگوترێ ئەو دەروێشە ناوی میرزا ڕەحیموڵڵا بووە. بڕوانە: https://www.peyserpress.com/detail/5568
- سەید محمد طاهر هاشمی، “تحقیق پیرامون سلسلە نقشبندیە و مقدمەای بر دیوان شیخ عبدالرحمان نقشبندی (وفا)”، مقدمە و ویرایش محمد عبدلی، ناشر میراث مانا، مهاباد ١٤٠٢ [٢٠٢٣]، لل. ٥٢ تا ٧٣؛ هەروەها مەلا عبدالکریمی مدرس، “یادی مەردان، بەرگی یەکەم،مەولانا خالیدی نەقشبەندی”، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا،١٩٧٩، لل. ٢٧ -٥٣”
- نووسەر لە لاپەڕە ٢٨ ی کتێبەکەدا ناوی ئەو دەروێشە بەم شێوەیە دەنووسێت: “میرزا رحیم اللە بەگ ناسراو بە محمد دەروێش عظیم آبادی”، یەک لە خەلیفەکانی شێخ عەبدووڵلای دیهلەوی ناودار بە شاعەبدوڵڵا.
- لە لاپەڕە ٢٨ ی کتێبەکەدا نووسەر ساڵی ١٢٢٢ ی بۆ دەسپێکی سەفەری مەولانا خالید ڕاگەیاندووە بەڵام لە هەردوو لاپەڕەی ٥٢ و ٥٦ دا سەنەی ١٣٢٤ ی نووسیوە کە دەکاتە ١٨٠٩ی زایینی. هەر لەوێشدا گوتوویەتی لە ڕێگەی ئازەربایجانەوە کەوتۆتە ڕێگا. هەروەها لە لاپەڕە ٣٢ دا گوتوویەتی مەولانا خالید لە سەنەی ١٣٢٦ [١٨١١ز] دا دوای چوارساڵ درێژایی سەفەرەکەی، گەڕاوەتەوە سلێمانی و ئەوە دەریدەخات کە دەسپێکی سەفەرەکە ١٢٢٢ [١٨٠٧] بووبێ، نەک ١٢٢٤ [١٨٠٩ز].
13 . صبغةاللە ڕووباری، پێشتر
- دەبێ ئاماژە بێ بە کێشەی نەقشی و قادری لە سلێمانی و لایەنگریکردنی میری ئەودەمی بابانەکان لە دووەمیان.
- مەلا عبدالکریمی مدرس، هەمان، هەمان لاپەڕە.
- هەڵکەوت حەکیم، “مەولانا خالید-سەرهەڵدانی ڕێباز و ڕێکخەر”، ناوەندی ڕۆشنبیریی دوکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ، سلێمانی ٢٠٢٣
- مدرس هەندێک لەو نوێخوازییانەی تەریقەتی نەقشبەندیمان پێ دەناسێنێ. بڕوانە هەمان سەرچاوە، پەراوێزی لاپەڕەکانی ٤٤ و ٤٥. سپاس بۆ د. سەباحی غالیب بۆ دەستەبەر کردنی کتێبەکانی مدرس و هەڵکەوت حەکیم.
- محمد بن سعود بناغەدانەری حکوومەتی ئالی سعوود (١٧٥٦ -١٧١٠) پەیمانێکی ئایینی-سیاسیی لەگەڵ محمد بن عبدالوهاب بەست کە تا سەردەمی ئێمەش ڕێبازی گشتیی سیاسەتی دەوڵەتی سعوودیا بوو. فەتحعەلیشای قاجار (١٨٣٤-١٧٦٩) شێخ ئەحمەدی ئەحسایی بانگهێشتی تاران کرد و ماوەیەک لەوێ هێشتیەوە؛ عەلیمحەمەدی بابیش ئەگەر فەتوای مەلای شیعە نەبوایە (ئەحمەد کەسرەوی، “بهائیگری، شیعیگری، صوفیگری”، انتشارات مهر،سال؟، لل٢٦-٤٩)، حکوومەتی محەمەدشای قاجار نەدەیگرت و نە دەیکوشت. بەهەمان شێوە، سوڵتانی عوسمانی و میرانی بابان لە کوردستانیش خۆیان لە مەولانا نزیک دەکردەوە و ئەگەر هەستیان بە مەترسییەک لە لایەن ئەوەوە بکردایە، شوێنی مانەوە لە سلێمانییان پێ لێژ دەکرد.
19.https://knwe.org/KU/Details/7649
هەروەها دەگوترێ لە سەفەری هیندوستاندا، دووجار لە ئێران هەوڵی کوشتنی درابێت. هەڵکەوت حەکیم، پێشتر، ل.٦٠. سپاس بۆ د. سەباحی غالیب بۆ دەستەبەر کردنی کتێبەکانی مدرس و هەڵکەوت حەکیم.
- “هەر لە سەرەتاوە نەقشبەندی لەناو چینی دەوڵەمەند و [توێژی] ناوەڕاستدا شوێنی خۆی کردەوە”. هەمان. ل.٢٧
- بوداق خانی موکری کە لە دەوروبەری ساڵی ١١١ی ک [١٧٠٠ز)دا کۆچی دوایی کردووە، یەک لە ئەمیرانی موکریی ناوچەی سەردەشت و مەهاباد و بۆکان بوو، کە زنجیرەیان لە ئەمیر سەیفەدین (١٤٤٦–١٤٩٥ز)ەوە دەست پێدەکات.
- دوای شکست و گەڕانەوەی شێخ عوبەیدیللای شەمزینی بۆ ناو خاکی عوسمانی (١٨٨٠)، محەمەد خان کە نازناوی پاشای پێدرابوو، خۆی و هێزە سوپاییەکەی دەکەونە شوێن هەمزاغای مەنگوڕ تا ئەوەی دەچێتە عوسمانی و بەوبۆنەیەوە دەسەڵاتدارانی ئێرانی نازناوی مظفرالدولەشی پێدەدەن! (یادداشتی مامۆستا ڕەحمان وەهابزادە بۆ نووسەر).هیچکەس ناتوانێ چاکتر لە کورد بەگژ کورددا بچێت و تێکی بشکێنێت! بە سپاسی زۆرەوە بۆ مامۆستا ڕەحمان وەهابزادە.
- سید محمد صمدی، “ضمیمە نگاهی بە تاریخ مهاباد”، صص ٢٢ و ٢٣ ئەو لاپەڕانە ساڵانێک پێش ئێستا نەمر ڕەحمانی مودەڕیسی بە دەستخەتی خۆی لەبەر سەرچاوە چاپکراوەکە نووسیبوویەوە و بۆی ناردبووم؛ یادی بەخێر بێت.
بۆ زانیاریی زیاتر، شاعیری ناسراوی کورد، مەلا مارفی کۆکەیی (١٨٧٤ – ١٩٤٥) ماوەیەک پێشنوێژی ئەو مزگەوتەی شادەروێش بووە.
- ڕەزا شا لە نێوان ساڵانی ١٩٢٥ و ١٩٤١ دا شای ئێران بووە.
- بڕوانە، امیر فرهنگ ایمانی، “عنقای بقا در قاف وفا- هجرت حضرت بهاءاللە بە سلیمانیە و کوه سرگلو و وقایعی کردستان و بغداد”، چاپی مۆڵتی پرینت -موساکۆ ٢٠٠٧، لل. ١٨٥ بەدواوە. من کتێبەکەم پێشتر لە نەمر خانم مەجیدی بە ئەمانەت وەرگرتبوو، سپاسی ڕێزدار عەلی کەریمی دەکەم کە ئەمساڵ لەسەر داواکاریی من، کۆپیی چەند لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ ناردم کە بتوانم لێرەدا وەک ڕیفڕەنس کەڵکی لێوەربگرم.
- بڕوانە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس، پێشتر.