ئێسقانی زمان

دانا حەمید

ئێسقانی زمان

نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.

ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.

مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.

کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا هێلینا باوەرنفایند هەولێر. لە شەوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم لە باکووری عێراق، ئاسمان چیتر تاریک نییە، بەڵکوو دەدرەوشێتەوە. دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە، تەقینەوە، [...]

  • دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی ڕوونی دڵنیایی ستراتیژی دەکات: ئەو پەرەسەندنە سەربازییەکان دەخاتە [...]

  • ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە

ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە

ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]

  • ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا

ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا

ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]

  • ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]

  • لەکوردترسێنی و کوردترسێنی

لەکوردترسێنی و کوردترسێنی

لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]