ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
جەنگەکانی من
جەنگەکانی من شەهلا دەباغی نوێنەری پێشووی پەرلەمانی سوید لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ هەتا ٢٠٠٢ لە حیزبی سۆسیالدێمۆکراتەکان (Socialdemokraterna) مانگی مارسی ئەمساڵ ژیاننامەی خۆی بەناوی «جەنگەکانی من» بڵاوکردەوە. نالین باس لە تۆخۆشانی [...]
یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان
یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕەپانی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان ڕۆژیار ڕۆژهەڵاتی پێشەکی: پرسی بونیادنانی دەوڵەت و هێزی چەکدار و پرسی پێشمەرگە بۆ کورد زیاتر لە پرسێکی سەربازییە و بە مێژووی [...]
لە پشکۆی پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا هەتا کرداری سیاسیی حیزبەکانی کوردستان
لە پشکۆی پێنجەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا هەتا کرداری سیاسیی حیزبەکانی کوردستان ڕۆژیار ڕۆژهەڵاتی ئەمڕۆ لە بەرامبەر پێنجەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، خەڵک بە کردەوە لە گۆڕەپان دا بوو. بە درێژایی مێژو [...]
لە کایەی زمانەوە بۆ هاوسەنگیی هێز
لە کایەی زمانەوە بۆ هاوسەنگیی هێز خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ دیبەیتی د. کەماڵ سلێمانی و د. بێهرووز چەمەن ئارا لەسەر کۆنگرەی ئازادیی ئێران ئارتین حەمدی ١. دەستپێک: بەشداری، بەڵام بە چ پێگەیەک؟ [...]
ئەنتیگراسیۆن و مەرگی سیاسەت
ئەنتیگراسیۆن و مەرگی سیاسەت هەڵگورد جەوانمەردی پڕۆژەی ئەنتیگراسیۆن و بە سووریەییکردنی کوردستانی ڕۆژاوا لەناو دەوڵەتی سووریادا، پێش ئەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی یان کۆمەڵایەتی بۆ پرسی کورد بێت، هەڵەیەکی بوونناسانەیە کە لەسەر بنەمای لۆژیکی سڕینەوە و [...]
شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟
شەش مانگ لە هاوپەیمانی: ستراتیژیی هاوبەش؟ شنە پاسبار ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ٢٢ی فێبریڤێری ٢٠٢٦، وەک پێشهاتێکی گرینگ لە مێژووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لێکرا. لە سەرەتا پێنج حیزب [...]







