ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

شاڕوخ حەسەن‌زادە

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە تەتەلەی ڕەوشی سیاسیی نیزامی ناوچەکەدا، زۆرجار ڕەهەندی بازاڕ و ئابووریی جیهانی وەک لایەنێکی لاوەکی سەیر دەکرێت، لەکاتێکدا لە جیهانی مۆدێرن، بوورس و نرخەکان وردترین ڕاداری پێشبینیکردنی گۆڕانکارییە ژیۆپۆلیتیکییەکانن. بەپێی ڕاڤەی بازارە جیهانییەکان و ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی‌ناڤین هەیە دەردەکەوێ؛ ئێمە لەبەردەم یەکگرتنێکی بێ‌وێنە و مەترسیداری بگۆڕە مەزنەکانی ئابووری و نیزامی داین کە زۆر لە هەڵکشان داکشانێکی ئاسایی قووڵترە و بۆنی سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەکی گەورەی ژیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەدا لێ دێت. ئەوەی لە ڕاڤەی بازاڕە جیهانییەکان‌دا بە کاردانەوەی پێشوەختە دەناسرێت، لە تاران‌دا گەیشتووەتە قۆناغی تەقینەوەی داتا.

داڕمانی قورسی پێوەرەکانی بوورسی تاران، کە تەنیا لە سێ ڕۆژدا زیاتر لە ۱۰۰ هەزار یەکەی لەدەست دا، لە ئەدەبیاتی ئابووریی بە داڕمانی چاوەڕوانییەکان و هێمای تێکچوونی هاوکێشەی، متمانە و کات پێناسە دەکرێت. لەم دۆخەدا، کاتێک دەبینین دابەزینی مێژوویی نرخی تمەن (هاوکات دیناریش لە وڵاتی عێراق) هاوکاتە دەگەڵ داڕمانی بوورس، ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ڕاکردنی سەرمایە؛ بازاڕ لێرەدا وەک ڕادارێکی زیرەک پێش سیاسەتمەداران هەست بە هەبوونی قەیران و داڕمانی پێکهاتەیی یان پێکدادانی نیزامی دەکات و خەریکی نرخاندنی تێچووی ئەو کارەساتانەیە. ئەم دۆخە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە داخوازی لەسەر کەلوپەلی سەرەتایی لە خستنەڕوو تێدەپەڕێت و ڕێژەی سوودی بانکی چیتر توانای کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسانی نەماوە و ئاستی بێکاری بەرزتر دەبێتەوە.

 لێرەدا ئابووری لە زانستێکی تیۆرییەوە بۆ ستراتیژییەکی مانەوە دەگۆڕدرێت و پاڵنەرە سیاسی و نیزامییەکان دەبنە پاشکۆی لۆژیکی ژمارەکان؛ چوونکە بەپێی هاوکێشە ژیۆپۆلیتیکییەکان، هیچ دەستەڵاتێک، هەرچەندە خاوەنی قەتارێکی هەوسار پچڕاوی شەڕیش بێت، ناتوانێت لەسەر وێرانەی ئابوورییەکی داتەپیو و دراوێکی بێ‌بایەخ، نەخشەی نوێی سەقامگیری دابنێت یان بەهەر شێوەیەک خۆی قوتار بکات، بەڵکوو لە کۆتاییدا ناچار دەبێت هێزی چڕ ڕادەستی باڵادەستیی هێزی نەرم واتە سامان و دارایی بکات. هەڵکشانی مێژوویی نرخی زیو، بەتایبەت زێڕ بۆ سەرووی ٥٠٠٠ دۆلار، بە مانای چالاکبوونی پێوەری جیهانیی ترسە. لە شیکاری دارایی نێودەوڵەتی‌دا، زێڕ وەک دوڕگەیەکی ئارام پێناسە کراوە؛ کاتێک وەبەرهێنەرە گەورەکان و بانکە ناوەندییەکان بەم ئاستە بەرزە پەنا بۆ زێڕ دەبەن، نیشانەی ئەوەیە کە متمانەیان بە سیستەمی دراوی باو و سەقامگیریی سیاسی و تەناهی نەماوە. ئەم قەڵمبازە ئەگەری مەترسیی شەڕێکی گشتگیرە کە تێیدا دراوە نەریتییەکانی ئەو ناوچەیە زیاتر نرخیان دادەبەزێ.

هاوکات، هەڵوێستی هێرشبەرانەی نرخی نەوتی “برێنت”، سەرەڕای زۆریی خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا، ئاماژەیەکی خێرایە بۆ هەڵگیرسانی مەزنە قەیران یان شەڕێک لەو ناوچانەی زیاترین ئاڵۆزی و قەیرانی ئابووری تێدا پەنگی داوەتەوە. لە دۆخی ئاسایی دا خستنەڕووی زۆر، نرخ دادەبەزێنێت، بەڵام ئێستا بازاڕ خەریکی خۆپاراستن لە مەترسی بەرامبەر بە ئەگەری پچڕانی زنجیرەی دابینکردنی وزەیە. ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە جیهان خۆی بۆ تەنگژەی شادەمارەکانی وزە لە گەرووی “هورمز” و “باب المندب” ئامادە کردووە؛ واتە بازاڕ پێشوەختە شیمانەی داخرانی ئەم گەرووە گرنگانەی کردووە. لەم هاوکێشەیەدا، گەیشتنی هێزە دەریاییە مەزنەکانی ئەمریکا و کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان بۆ دەریای عەرەب، بەدەر لە مانۆڕێکی کلاسیک؛ گواستنەوەیە لە سیاسەتی ڕیگری بۆ قۆناغی ئامادەکاریی مەیدانی بۆ گەمارۆدانێکی ئابووری-نیزامی هەمەلایەنە. ئەم جووڵەیە تاران دەخاتە نێوان دوو بژاردە؛ ڕێژیم یان ناچار دەبێ چاکسازیی بنەڕەتی بکات کە تێیدا سیستەم ناچار دەبێت پاشەکشەی ستراتیژی لە سەرجەم سیاسەتە ناوخۆیی، دەرەکی و هەژموونی ناوچەیی بکات بە مەبەستی ڕزگارکردنی دەستەڵاتەکەی. یان بە شێوەی مۆدێلی “کاراکاس”، دەبێ خۆی لە خنکاندنی دارایی درێژخایەن و دابڕانی تەواوەتی لە بازاڕی جیهانی دەبینێتەوە. ئەم مۆدێلە نەک هەر ڕێژیم لاواز دەکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجارەکی و هەڵوەشانەوەی پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ناوەوە.

لەم نێوان ئەم ڕەوشە پەریشە و ئاڵۆزەدا، تورکیا و وڵاتانی تری ناوچەکە سەرقاڵی پیلان و قۆستنەوەی دەرفەتەکانن. هەوڵی ئانکارا بۆ سەپاندنی خواستی خۆی لە ڕۆژئاوا و لەلایەکی دیکەشەوە، هەوڵی دەستێوەردان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات بە پاساوی پارێزگاری لە ئەگەری هاتنی پەنابەرانی شەڕی ئێران؛ هەروەها گوشاری وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر کورد لەم بەشەی کوردستان، نیشانەی ئەوەیە کە ئەم هێزانە دەیانەوێت بەر لە هەر ڕووداوێکی مەزن لە ئێران، سیاسەت و هەژموونی خۆیان لە سوریە بسەپێنن. تەنانەت ئامادەیی قەتەر و سعوودیە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی نەوتی ئێران، بەشێکە لەو ڕێککەوتنە گەورەیەی کە دەیانەوێت بەراتی خۆیان لەلایەن “ترامپ”ـەوە لە سووریا و ناوچەکە وەربگرنەوە.

لەم ژینگەیەدا کە پێوانە داراییەکان بەرەو نادیارییەکی ڕەها دەڕۆن و سینگاڵێکی مەترسیدار لەهەمان کات‌دا ڕۆچنەیەکی هیوا بۆ کوردستان دەکرێتەوە، ئیتر نابێ کورد تەنیا وەک چاودێرێکی پاسیڤ بمێنێتەوە و خۆی بە قەزاوقەدەر بسپێریت. ئەزموونی جەمسەربەندییە ئایدۆلۆژییەکان لە سووریا دەریخست کە پەرتەوازەیی ستراتیژی، کورد لە هاوکێشەی بڕیاردان دەسڕێتەوە و دەیکاتە کاڵایەکی هەرزان لە مامەڵە ژیۆپۆلیتیکییەکان دا. بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە و ڕێگری لە قوربانیبوون لە قوماری بوورسە جیهانییەکان‌دا، پێویستە کورد لەسەر دوو ئاستی کردەیی کار بکات؛ یەکەم، حیزبەکانی هەر چوار پارچە دەبێت لە مۆدێلی ڕکابەریی کلاسیکەوە بەرەو مۆدێلی یەکێتیی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان هەنگاو بنێن.

لە زانستی سیاسی-ئابووری دا، کاتێک چەند ئەکتەرێکی بچووک وەک یەکەیەکی یەکگرتوو هەڵسووکەوت دەکەن، تێچووی مامەڵە بۆ هێزە جیهانییەکان هاسانتر دەکەن. ئەم یەکگرتووییە وا دەکات جیهان بەتایبەت ڕۆژئاوا، کورد نەک وەک کارتێکی کاتی، بەڵکوو وەک ئەکتەرێکی جێگیری خاوەن متمانە ببینێت کە دەتوانێت گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە ژیۆپۆلیتیکی و ئابوورییەکان (وەک وزە و ئاسایشی ئاسمان و ڕێگاوبان) بکات. جووڵەی هاوکاتی جەماوەر لە مەزنەشارە کوردییەکان تەنیا نابێ بە دەربڕینی هەست و سۆز کۆتایی پێ بێ، بەڵکوو دەبێ بۆ بەکارهێنانی گوشاری ژیۆپۆلیتیکی دەور بداتەوە. کاتێک شەقامی هەر چوار پارچە وەک یەک سیستم کار دەکات، تێچووی هەر هێرشێکی هەرێمی یان خیانەتێکی نێودەوڵەتی هێندە بەرز دەبێتەوە کە هاوسەنگیی قازانج و زیان بۆ داگیرکەران و تەنانەت ڕۆژئاواییەکان تێکدەدات. لێرەدا، شەقام دەبێتە پارێزەری سیاسیی کورد لەبەرامبەر ئەو مەترسییانەی کە لە چارتی بوورسە جیهانییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.

ئێمە ئێستا لە قۆناغی ئابووریی مانەوە داین؛ قۆناغێک کە تێیدا نرخەکان تەنیا باسی پووڵ ناکەن، بەڵکوو باسی گۆڕینی سنوورەکانیش دەکەن. سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر تابڵۆی ئەو چارت و نموودارانە دادەڕێژرێتەوە کە تێیدا تەنیا هێزە یەکگرتووەکان جێگەیان دەبێتەوە. کورد ئەگە بیەوێت لەم سەرلەنوێ داڕشتنەوەیەدا نەبێتە قوربانیی دووبارەبوونەوەی مێژوو، دەبێت بە یەک دەنگی ستراتیژیک وەک هاوبەشێکی ناچار خۆی بسەپێنێت، نەک وەک قوربانییەکی چاوەڕوانکراو لە سووچێک‌دا بمێنێتەوە و چاوەڕوانی قەدەر بێ.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

حەسەن زادە، شاڕوخ(٢٠٢٦): ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاڕوخ حەسەن‌زادە ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەتەلەی ڕەوشی سیاسیی نیزامی ناوچەکەدا، زۆرجار ڕەهەندی بازاڕ و ئابووریی جیهانی وەک [...]

  • شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ڕێبوار سیوەیلی شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ١. لە مێژووی شارستانییەتەکاندا، مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە هێما هەبووە بۆ ئەوەی مانا بە بوونی [...]

  • ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟ ئارام کەیخوسرەوی ڕزگاری یان ئازادی؟ پێشەکی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە [...]

  • ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو دانا حەمید  ناسیۆنالیزمی پووکاو لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، [...]

  • ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە

ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە

ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە هێلێنا باوەرنفایند ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە پەرەسەندنی لێدوانە توندەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئێران گەڕاوەتەوە – بە دەنگێکی بەرزتر، تیژتر و لە ناو [...]

  • تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز د. موسڵح ئیروانی تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز [...]