ئافرهت له شیعری “دوا سهرنج”ی گۆران و “ئهپۆلۆی ماچ”ی هێمن دا
دكتۆر سهباح غالیب
دوو تێگەیشتن لە دوو ڕوانیندا
گۆران و هێمن شنەبای دڵفێنککەرەوەن، هەر یەکەیان جۆرە نەغمە و لای لایەکی تایبەتن، وەک شنەی شەماڵ بە ناو کەف و کوڵی پێچاوپێچی دەروون و ویژداندا هەڵدەکەن، خوێنەر و بیسەری شیعرەکانیان، سۆز و ناڵە، خۆزگە و ئاوات، تاقیکردنەوە و شارەزاییان ئینجا بە تێگەیشتن و هەڵوێستی ئەو دوو شاعیرە ئاشنا دەبن. ئەو دووانە، هەردووکیان ڕۆڵەی نەتەوەیەکن، ئەویان خەڵکی باشوور و ئەمیان ڕۆژهەڵات، هەرچەندە نیشتمانەکەیان لە نێوان چوار داگیرکەردا دابەشکراوە، بەڵام خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا زۆرە. یەکێک لەو بوارە هاوبەشانە؛ ئازاری نەتەوەیی و گرتن و ڕاوەدوونانی جەستەیی، چەوسانەوەی ئەقڵ و تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە. تا سنوورێک ئازادیی زمانی کوردی بۆ بەشەکەی گۆران ڕەخساوە، بە فەرمی زمانی کوردی بۆ هێمن و کوردانی ئەو دیو پاوان کراوە. داگیرکەر نەیهێشتووە ئەوان و هاونیشتمانییەکانیان هەدا بدەن، تەنانەت وەک مرۆڤی ئاسایی بە دەنگی بەرز، بەقەدەر هەژانی ناخ و دەروون، بە ئەندازەی خەیاڵ، چێژ لە دەوروبەر ببینن، پڕ بە گەروو بچڕێنن، لە نێو ئەوانەدا بە جوانییدا هەڵڕوانن، بە شەنگ و شۆخیی نیوەکەی دیکەدا کە ئافرەتە، هەڵبڵێن و بنووسن.
زمانی شیعرەکانی هەردووکیان، زمانی خۆیان و زمانی شوێنەکانیانە، لە کاتێکدا کەسایەتیی شیعرییان، کەسایەتیی یاخیبوون و وەستانەوەیە لەبەردەم ستەمکار و داگیرکەردا، بەو ئاراستەیەی دا، تا بڕوانی باڵابەرزی و تووڕەیی هەردووکیان لەڕووی واقیعەکەی دەوروبەریان و لە شیعرەکانیاندا دیارە. ئەو دوو شاعیرە چیرۆکی خۆشەویستییان بۆ باسکردووین، چیرۆکی بێدەنگییان لە هەڵاداوە، زۆردار دەیویست زمان و هەستیان لێ داگیر بکات، هۆش و خەیاڵیان لێ زەوت بکات، مەبەستی بوو سەرنجیان لێ بدزێت، وێنەیان لێ تەڵخ بکات، کەچی لە ئاستیاندا زۆردار ملەکەچ بوو، هەر دەبوایە وابێت، ئەوە (گۆران و هێمن)ن توانییان پەردە لەسەر پەردە لاببەن.
گۆران دەست لە کەلەپچە و چواردەورگیراو بە زەفتێ و یاساوڵ کە هەر یەکێکیان چاوێکی کردبوو بە هەزار چاو بۆ ئەوەی دزە بە خەیاڵ نەدەن بچێتە لای شاعیر تا هەموو ژیانی لەبیر ببەنەوە، یا ترووسکایی بە دڵیدا تێنەپەڕێت، یا بروسکەیەکی جوانی نەداتە شەقەی باڵ. پۆلیس لە خەیاڵێک و گۆرانیش لە خەیاڵێک، خەیاڵی ئەوان خەیاڵی نائینسانی، خەیاڵی ئەم هی ئینسانی و ویژدانی، خەیاڵی هەڵاتن لە واقیعێک و فڕین بۆ واقیعێکی جیاوازی سەرگەرم بە بوونی مرۆڤ و ئازادی و خۆشەویستی کە خولیای بیرکردنەوەی شاعیرن، چاوبڕین لە ئاسۆیەکی وەها کە هەرگیز بەربەست بۆ تریفەکەی دروست نەکرێت.
ئەوەی لە خۆشەویستی تێبگات، هەموو کەسێکی خۆش دەوێت، لەو ڕێگەیەوە، نەتەوە، نیشتمان، مرۆڤایەتیی هەموو نەتەوەکانی خۆش دەوێت. لە خۆشەویستیدا ڕژدی نییە، جیهانی خۆشەویستی ساباتێکە جێی هەمووان دەبێتەوە، هەمووانی تێگەیشتوو، پێگەیشتوو لە سەودای خۆلەبیرچوونەوەدان لە جیهانی لەبیربوونی عیشقدا.
گورمەگورم و بروسکەی هەوری سەرنج و هەناسەی گۆران و هێمن، تاوێکی نەرمەماچی ئینسانی بەدوای خۆیدا نەهێنا، هەڵبەت ئەو حەسرەت و ئاخەیە کە شیعری بەرز دەخوڵقێنێت. دەبا حەسرەت و ناڵە بەردەوام بێت تا ئاخ و نزولە بگاتە ئاسمان، لەوێ، مانەوە و یادکردنەوە بۆ عیشق حورمەتی تەواوی لێ دەگیرێت، دواتر چیرۆکە شیعری خۆشەویستان، جوانخاسان و دیمەنە دووندەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە وەک دەرسی عیشق دەخوێندرێنەوە و دەگوێزرێنەوە، لەو قوتابخانەیەی دا هەموو کەس ناتوانێت ببێتە قوتابی چ جای ئەوەی ببێتە مامۆستا.
گۆران و هێمن دڵی هەموومانیان خوێندووەتەوە، بۆیە ئێمەش سەری خۆمان خستووەتە سەر شانی ئەو دوو بەرزە شاعیرە، شانیان خەمی ئێمەیان هەڵگرتووە، سنگیشیان مەمکی خۆشەویستییان ناوەتە دەمی ئێمە، کێ توانای هەبێت، دەتوانێت تێر بەرامەی خۆشەویستی هەڵمژێت، دەتوانێت مەمکۆڵەی شیلە و شیری خۆشەویستیش بمژێت.
شیعری دوا سەرنج [1]
وەک گۆران خۆی بۆمان باس دەکات، شیعری “دوا سەرنج”ی بۆ “قژزەردی بەردەرگا، لە سەرڕێی بەندیخانە لە مووسڵەوە بۆ هەولێر” [2] نووسیوە. لەو کورتە چاوهەڵگوتنەدا، پێمان ناڵێت لە کوێی ئەو ڕێگە دەیان کیلۆمەترییەی دا، ئەو ڕێکەوتە کەم وێنەیەی دەرکەوتنی شۆخێک نەخشاوە، هەڵبەت لە ڕووداوی ئاوادا، نە کات و نە جێگا بایەخێکی ئەوتۆیان نییە، ئەوەی گرنگە وێنای پەیوەندیی نێوان (گۆران)ی شاعیر، (گۆران)ی پیاو لەگەڵ مرۆڤێکی دیکەی نەدی و نەناسراودا کە ژنە دەرکەوتووە، لە ڕەگەزدا تەواوکەری یەکدین نەک هەر یەکە لە دۆڵێک. هەموو شیعرەکەی گۆران بایەخدانی گەورەییە بە ژن وەک مرۆڤ و وەک نیوەکەی دیکەی مرۆڤ، وەک هەست هەژێن و هاوهەستێک، وەک ناسکی و پەرۆشی بۆ کەسێکی گیراو بە دەست پۆلیس و چەتەی ڕژێمێکەوە کە مرۆڤ تێیدا ئازار دەدرێت و دەچەوسێنرێتەوە.
هەڵبەت ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لە شیعرەکەدا لە نێوان شاعیر و ئافرەتێکی نامۆدا هەەیە، پەیوەندییەکی یەکجار بەرزی نێوان ڕۆحی گۆران و ڕۆحی ئەو ئافرەتەیەیە، زۆر لەوە بەرزترە کە یەکدی بناسن یا نا، هەردووکیان حەقیانە وا ڕابمێنن و وا هەڵوێست بنوێنن، لە مەزنەباخی مرۆڤایەتی و لە جیهانی تێگەیشتن و پێگەیشتندا سنوورێک بۆ پەرۆشی و خۆشەویستی یا دیوارێکی بەربەست بنیاد نانرێت. هەڵبەت ئەمە بۆ ئەوانەیە تێدەگەن و پێدەگەن.
ئەی قژ زەرد! ئەی بەژن و باڵای کەڵەگەت! بۆ کز ڕاوەستاوی بەرامبەری من؟ بۆ دەستت ناوەتە ژێر چەنەی خەفەت؟ لە عاستی دیمەنی دەربەدەری من؟ ئەو چاوە کاڵانەت نیگای دەربەستبوون لەبەرچی ئەگرنە گرفتاریی من؟ سەرنجت ڕووی دەمی پرسکردنی ڕوون ئەکاتە کەلەپچەی دەستی دیاریی من؟
گۆران لە لایەکەوە وێنەی جوانی، هەموو جوانیی، ژنێک دەنەخشێنێت، تاڵی زێڕینی قژ، بەژن و باڵای بێ وێنە، چاوی سیحراویی و ئەندیشەیی، دەست و چەنە کە وێنەی پەیوەندیی حەسرەت لە بەرامبەر دیمەنی (گۆران)ی بەرەو بەندیخانە دەکێشن، هەموو سەرچاوەی شۆخیی ئەو ژنە، دەبنە ئەسیری ئەسارەتی شاعیر، دەبنە سەرچڵی و بە خۆدا ڕاپەرموون و ڕەنگدانەوەی هەستی مرۆڤانەی مرۆڤێکی نامۆ بۆ مرۆڤێکی نامۆ، کە وا دەخوێندرێتەوە بە یەک نامۆ نەبن، ڕوونکردنەوەن بۆ نێوانی گۆران و قژزەرد، کە لە سەرچاوەدا پێکەوە گرێدراون و تەواوکەریی یەکدی دەسەلمێنن، بۆیە پەرۆشیی ئەو بۆ ئەم، لە جیهانی هەستی یەکبووندا، سەیر نابینرێت.
ئەبینم: پەپوولەی نیازی گفتوگۆ، دوودڵ ڕاوەستاوە لەسەر گوڵی لێو، ئاخ، خۆزگە هەڵئەفڕی، ئەمزانی ئاخۆ ڕاسپێریی چیی پێیە بۆ گیانی پەشێو؟ ئەی قژ زەرد! بە بەژنی ناودەرگا گرتووت، هەروەکو پەیکەری شۆخی خەمخواری! مەلێ بووم لە باخچەی هونهرا بێ جووت، بۆ جوانیم ڕێکئەخست شیعری دڵداری!
لە دوو کۆپلەی دواتردا، بێ ئەوەی هەست بە دابڕان بکرێت، بێ ئەوەی پەرژینێک دروست کرابێت، گۆران وێنەکە گەورەتر و تەواوتر دەکات، بۆیە گوڵی لێو، بیرکردنەوە، تاسە و وشە، ئینجا گشت، سەر تا پێی ژنێکی خاوەنی هەرچی لایەنی مرۆیی و ژنێتی و مێینەیی هەەیە، بۆ شاعیر دەبێتە فریشتەیەک کە خەمخۆری و دڵدانەوەی خۆی بە چاوە گەشەکانی، بە دەست و چەنە، بە قژ و بەژن و باڵایەوە دەکاتە شنە و ڕێژنەی بارانی نیگای خۆشەویستی ئینسانی، وەک تاڤگەیەکی پەرۆشی و نیگەرانی بەسەر گۆراندا دەبارێنێت، ئەویش ماندوێتی و ئازاری دەستبەند و چاوسوورکردنەوەی یاساوڵەکانی لەبیردەچێتەوە، ئەووەی تەنیا و تەنیا لە بیریدا دەمێنێتەوە، خۆیەتی و قژزەرد و ئازادییە.
بەڵام ئەهریمەنی گەڵای باخ سیسکەر بێزارە لە جووکەی دەنووکی کوردی ڕاوکەری دارستان لە باڵدار پیسکەر جێی چینەی لێ تەنیم بە داوی وردی… وا ئێستا ئەبینی گیرۆدەی داوم، لەبەردەم جوانێکی وەک تۆی دڵنەرما لەگەڵ ‘گارد’ لە ‘پاس’دا ڕاوەستێنراوم [3] تا داخی گرانتر خولبا لە سەرما!
بینینی قژزەردەکە بۆ گۆران بووەتە دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوە و ئاوێنەی خۆبینین؛ لەودا تا ئەوپەڕی توانایی لەو شوێن و کاتە تایبەتییەی دا، زیاتر هەستی بە بوونی خۆی کردووە، بۆ گۆران لەزەتی بەندییەتییەکە لە ئازادی ئەگەر زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبووە، بۆ مرۆڤی هۆشیار ئێش و ژان وەک ساغی و ئازادی بواری خۆبنیادنان و هەست بە خۆکردنە، ژانیش وەک خۆشی، دیاردەی ویژدانی و دۆخی جەستەیی و دەروونی تایبەتن؛ بەندێتیی گۆران و هاتنە پێشەوەی شۆخێکی سەرەڕێ بووەتە فەڕ و بەرەکەتێک پەنجەرەی هەناسە هەڵکێشانی حەوانەوەیەکی دەروونی بۆ گۆران خستووەتە سەرپشت.
ئەی قژ زەرد، ئەی گەردن بەناز لار گرتوو دیوێکم لە پاسا تۆی، دیوێک باخە ئەکەمە هەر دیوێک نیگای ئارەزوو: بۆ گیانی ‘قەفەس’یم سەرچاوەی ئاخە! بۆ لای باخ ئەڕوانم: بەهار وەک پەری فستانی گیا و گەڵای سەوزی پۆشیوە زەرد و سوور گوڵباخی داوە لە سەری ئارەقی سەر کوڵمی دڵۆپی زیوە! بۆ لای تۆ ئەڕوانم، قژ زەردی نازدار، ئەبینم دوو چاوی ناو ڕیزی برژانگ پڕشنگێک ئەگرنە نیگای گرفتار، نەم دیوە لە گۆمی بەر تریفەی مانگ! پڕشنگی نیگایەک کە لە ڕووی ڕووناک هەڵئەستێ و تیژ ئەکشێ تا ناخی دەروون، کڵپەی نوێ ئەخاتە کوورەی عەشقی پاک دەفری گیان لیپ ئەکا لە خۆزگەی بەربوون!
لە هەموو کۆپلەیەکی شیعرەکەدا، قژزەردی گەردن بەناز ئامادەیە و هەر جارە بە شێوەیەک جوانی لێ دەبارێت، هاوکات زیاتر و زیاتر بە پەرۆشتر دەردەکەوێت، شیرینی و دڵفڕێنیی قژزەردی بەژن بەلارگرتووی بەردەرگا، نە ئەوەتا پەپوولەی نیازی گفتوگۆی بێتە گۆ نە ئەوەتا دەرگا دابخات، هێدی هێدی بارانی حەسرەت بۆ گۆران بەڕێ دەکات، ئەگەرچی لە ساتەوەختی هۆشیارییدا گۆران خۆزگە دەخوازێت بۆ بیستنی وشەیەک لە گوڵی لێوەوە، بەڵام نەک وشەیەک بەڵکو ورتەیەک تەنانەت هاڵاوی هەناسەیەکیش نابینێت و هەستی پێ ناکات، هەموو ئەوانە دەبنە ناسۆر، دەبنە خۆزگە و چاوەڕوانی، خۆزگەیەک بە نەهاتنەدی، عیشقی ئینسانی بەسەر شاعیردا باڵ دەکێشێت.
بەڵام ئاخ، دوو گاردی چاو لێم داپچڕاو چەپ و ڕاست وەستاون بۆم دوژمنانە کەلەپچەی لە دەسما توون کلیل دراو نیشانەی ڕێگامە کە بۆ زیندانە!
هەرچەندە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو، خۆشەویستی و هەست و ناخی دووبەدوو قوڵ بێتەوە، پیاو زیاتر بەرگەی ئازار و چەوسانەوە دەگرێت، وردە وردە لە جیهانی دڵڕەقاندا، بست بە بست بەرز دەبێتەوە، لە هەمووشی خۆشتر و مژدەبەخشتر، مرۆڤ و ورە و وزەی باڵاتر دەبێت، خوێندنەوەی دیوی ناوەوەی قژزەرد وای لە گۆران کردووە کە لەو کاتی گیران و دەست بە کەلەپچەییەوە، هەست بە تێشکان و زەبوونی نەکات، بە پێچەوانەوە خۆڕاگری و بەرگەگرتنی بەرزتر دەنوێنێت، بە مانایەکی دیکە خۆشەویستی، دڵخۆشی بە ژیان زیاتر و زیاتر دەکات، تا ئەوەی هەموو داهێنان و پێشکەوتنێک لە ڕێگای لە یەکدی تێگەیشتن و عیشقەوە، عیشقی ئینسانییەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەر ئەوەم لە دەست دێ، هەتا ئەتوانم، ئا لەم هەڵوێستەدا، هەل بەکار بێنم وەک تینووی چاو لە ئاو، بە کوڵ بڕوانم، ئەو چاوەی تێم بڕیت نەیترووکێنم بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم نیگارێ هەڵکەنم شێوەی لێت بچێ تا هەرچەن گازی گرت لە لەش، زنجیرم ئازارم سووکتر کا خەیاڵی کچێ: کە شۆخە و قژ زەردە و باڵا ڕێک و بەرز خەمخواری نەنیاسە وەک فریشتەی عەرز! …
مەعریفە لە هەر بوارێکدا بێت، بوون و چالاکیی خاوەنەکەی دەسەلمێنێت. لە هەمان کاتدا چێژی زیاتر لە دەوروبەرەکەی دەبینێت، یەکێتیی ویژدان و ڕۆح، هەست و ئازار بە بەندێتی، هاوجووتی و هاوهەستیی دوو لایەن پەیدا دەکات، بۆیە خۆشەویستی پێویستە؛ لەو زەریایەوە مرۆڤ حەقیقەت و بوونی ناخ و هەستی خۆی دەدۆزێتەوە. هەر کەسێک کە خۆشەویستییەکەی بگاتە پلەی عاشقی، ئەوا دەستبەرداری خۆی دەبێت و لەودا بزر دەبێت، بەڵام نیوەعاشقی، وا دەکات کە مرۆڤ یا شاعیر هەست بە بوونی خۆی بکات و جارێکی دیکە خۆی دروست بکاتەوە. لێرەدا گۆران ناتوانێت بەسەر هەست و ناخ هەژانی خۆیدا بەرامبەر بە قژزەرد زاڵ بێت. هەڵبەت ئەو بێتواناییە مەرجی مرۆییەتی و پەیوەندیی عیشق دەسەلمێنێت.
لە سەر تا پێی شیعرەکەدا، گۆران لە ناخەوە خۆزگەی بە خۆشەویستی ئینسانی خواستووە، لە مۆسیقا بەجۆشتر و لە شیعر گەورەتر لەم شیعرەدا، باڵندەی هەست و نەستی ئینسانییەتی گۆران تەبەقە بە تەبەقە بەرزتر دەفڕێت، جوانکاریی زمانی سینەمایی لە شیعردا داهێناوە. بۆیە گۆران مۆسیقایەکی بەردەوام و دەنگدانەوەیەکی بێ سنوورە، ئەو پەیوەندییەی کە بەرزترین جۆری تێگەیشتنە لە یەکدی لە نێوان مرۆڤەکاندا بە تایبەتی لە نێوان دوو لایەنی تەواوکەری یەکدیدا، لە هەمان کاتدا بەردەوامیی ئەو جۆرە خۆشەویستییە، بەردەوامیی مرۆڤایەتی و مانەوەی بەختەوەرییە، زیندووڕاگرتنی گەشەکردنی بەرەبەیانی ویژدان و هەستی مرۆڤایەتییە.
هێمن و شیعری ئەپۆلۆی ماچ
لە بەهاری ١٩٨٤دا، هێزەکانی سوپای داگیرکەری ئێران هێرش دەکەنە سەر ناوچە بندەستەکانی حیزبی دیموکرات و پێشمەرگەکانی ڕێکخستنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات، کەژ و بەندەن و دێهاتەکانی مەهاباد بەر ئەو شاڵاوانە دەکەون، شیلاناوێ کە دێ و مەفتەنی هێمن بوو، بەر لافاوی داگیرکەر دەکەوێت. مام هێمن چ بکات؟! دەداتە ئەو بەندەنانە … هێزی دوژمن دەیگاتێ و دەیگرن، دوای دواندنی، یەکێک لەو سوپاییانە، بۆی دەردەکەوێت کە ئەم پیرەمێردە نەک شتێکە بەڵکو کەسێکی دنیادیدەیە، بە تایبەتی و بە حورمەتەوە دەینێرێتە ورمێ، لەوێ باشتر گەورەیی ئەویان بۆ دەردەکەوێت، بۆ ماوەیەک لە میوانخانەکەدا دەستبەسیری دەکەن و ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی لێ دەگرن.
لەو کاتی دەستبەسیرییەدا، کیژێکی لەبار و چەلەنگی چارشێوبەسەر کارمەند لە میوانخانەکەدا گوڵاوی ناز و عیشوە دەپڕژێنێت، (مام هێمن)ی شەنگناس و جوانخواز، شەوگەڕ و ڕۆژگەڕ، (مام هێمن)ی خەیاڵدارا، ئەو خەیاڵەی کەوشەن دەرهەقەتی نایەت، یاساوڵ قودرەتی نییە بەلایدا بچێت یا وێستگەی پاوان و پشکنینی بۆ دابنێت، هەستی دەبزوێت، ڕووبەند ناتوانێت ڕێگریی شاردنەوەی جوانی بکات. شاعیری قاڵبوو بە تاقیکردنەوە، جۆرە بەهرەیەکی هەەیە، هەست بە دۆزینەوەی شاراوەکان دەکات، هەر زوو ورشەی گەوهەری جوانی ڕایدەکێشێت… ئا لەو کاتەدا کە قانوون دەبێتە بەربەست بە گەیشتن بە گەوهەرەکە، ئیدی شاعیر لەوە زیاتر کە دەست بۆ قەڵەم و کاغەز بەرێت، پەنایەکی دیکەی نییە تا هەستی خۆی بنوێنێت و سەرسامیی هەمیشەیی بۆ جوانێک دەربڕێت، ‘جوان’یش ئەگەر بەرچاو تەنگ نەبێت، بە تەماشاکردنی هەر گرشەدەدا و زیاتر هەڵدەقوڵێت و لێڵ نابێت، تەواو وەک کانیی قوڵەتێن وایە کە هەرگیز شلوێ نابێت، مام هێمن و هی دیکەی وەک ئەو، کە منیش یەکێکم لەوان، ئاوڕوونکەرەوەی سەرچاوەی جوانی و مانەوەی پیرۆزین، بۆیە کاتێک کە قەدەغەیە هێمن بگاتە جوانێ، ئەوا بە ئەپۆلۆی هەست و خەیاڵی کۆلارەئاسا، ماچێکی بە دیاری بۆ دەنێرێت، دڵنیام کچی تان کە (مام هێمن)ی جووڵاندووە، ماچەکەی وەرگرتووە و ماچ بە ماچی لەگەڵ کردووە، بەڵام وەک بۆ هێمن بەربەست هەبووە بۆ ئەویش بستۆکەیەک هەبووە، مام هێمن یەک جار “حەپسی ئینفیرادی” نەبووە، بەڵکو چەندان جار، جارێک وەک مرۆڤ، جارێکی دیکە وەک کورد، سێیەم وەک شاعیر، هەلێکی دیکە وەک پیاو، دواجاریش وەک دەستبەسەر، کچە لەبار و نەشمیLabel جگە لەوەی کە کورد و شاعیر نەبووە، لەوەکانی دیکەدا لەگەڵ (هێمن)دا هاوبەش بووە، هاوکات ئەویش بە کردەوە جۆرە بنبەستێکی هەبووە کە ماچێک بداتە مام هێمن، لێرەدا پانتایی شیعرەکە لەوەدایە ڕووداوەکە نەقەوماوە و هێمن هەر لە چاوەروانیی ئەو ماچەدایە.
با هەوڵ بدەین لەگەڵ شیعرەکەی هێمندا هاوبەشیی چێژی جوانی و ماچەخەڵاتێک بکەین، ئەمە خودایە لەسەر پشتی ئەپۆلۆیێکی دیکە، ماچێکی ئێمەش لەسەر دڵخوازی دڵ بنیشێتەوە، لەوێشەوە ماچێک بهێنێتەوە:
ئەپۆلۆی ماچ بە حیجابی ئیسلامییەوە دیم کچێک ماڵی بابم ئەی لەو خەلە و خەرمانە! نەم دیبوو مانگی چواردە وا ڕووناک بێ بە ساوی پاک لە نێو جەغزی خەرمانە
چێژ بە هەردوو دیوەکەی، ساتەوەختی، یا مانەوە و هەمیشەیی، چێژکردن خەسڵەتی لەزەتبردنی شاعیرە لە جوانی و جووتە لێو، چێژی کاتی ئامانجێکی خێرا و موچڕکێکە دێت و دەڕوات، ئەو چێژی ڕوانینە بڕستی لە هێمن بڕیوە و بیانووی نووسینی شیعرەکەیەی، دەبێتە بەرهەمێکی ئەدەبیی ئێستایی، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، خوێنەریش وەک شاعیرەکە و بەقەدەر ئەو شیعرەکەی لا دەمێنێتەوە، هەڵبەت لەو شیعرەدا چاو دەێخوێنێتەوە، ناگاتە خوێندنەوەی خرۆشی دەروونی یا ڕۆحی، دەنگێکی کپ لە ناخدا پەیدا دەکات، بە ئاستەم گوێی خۆی بۆ شل دەکات.
تاوان نەبوو تێم هەڵڕوانی نەتریسام لە چەمۆڵە و لە پرته و بۆڵەبۆڵی ئەوی جوان بوو لە ڕووی ویدا بەدیم کرد هەنیە، کوڵمه، دیدە، برۆ، مژۆڵی
کچە سەرپۆشبەسەرەکە دۆخێکی خەیاڵی و دەروونیی بەرتەسکی لە (هێمن)دا خوڵقاندووە، هەست ناکرێت چووبێتە ویژدان و قوڵایی ناخی (هێمن)ەوە، هەر بە سادە و ساکار و کەفوکوڵێکی ئاسایی دەرکەوتووە، هەڵچووە و نیشتووەتەوە.
چم لەوەی دابوو مووی ڕەشە یا کاڵە جوانیناسی ڕازیی کردم ڕەنگ و ڕوو لە شاعیریش دەبێ جوانیناستر ببێ پیاوێ کە گوتی زینەتی موویە ڕوو
هێمن خۆی بەرۆکی بە خۆی گرتووە، شیعرەکەی کردووە بە بەرهەمێکی هەستی سروشتیی تەنیایی ئینسانی، چاوی لە کەس نییە، ئەو کاتە هەستی بەوە نەکردووە کە لە دواییدا خەڵک ئەو دەبینن، بەو چێژە کاتییە، شاعیر خۆی لە لەزەتی هەمیشەیی بێبەش کردووە، ڕاستە کەشی شیعرەکە تایبەتە، ڕەنگدانەوەی واقیعە ماددییەکەی خۆیەتی، تێکەڵاوی دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتی نەبووە، بێ گرێدانی تایبەت و گشتی، ئەدەبی مانەوە چرۆ ناکات.
کە دین نەبێ دینی دەگۆڕێ بۆ تۆ ئەو تەرساەی بێ ترس ماچ دەکا خاچ کچی شەرمین! بە ڕووسووری دەنییشێ لەسەر ڕووی تۆ شەوێکیش ئەپۆلۆی ماچ
جوانی و نازداریی شیعرەکەی هێمن ڕووکەشی و ساکاریی پێوە دیارە، لە ناونیشانەکەیدا ‘ئەپۆلۆی ماچ’ گشت جوانییەکەی لەخۆگرتووە.[4] کچە جوانەکەی میوانخانەکەی ورمێ یا شەنگە هێمن هەنگێو، بۆ (هێمن)ی بابردەڵە هێندە دوور بوو، شاعیر هەر ئەوەی لە دەست هاتووە کە بە ئەپۆلۆ ماچێکی گەرموگوڕی بۆ بنێرێت، ئێ ئەمە دنیایە لەو سەرەوە مشتێک گەردی ڕووی مانگی ئەو و پڕشنگێکی تیڵەی چاوێک یا تاڵێک لە کەزیەی بۆ بهێنێتەوە.
بەراوردێک
لە بەراوردکارییدا دەردەکەوێت کە گۆران ئاوێتەی ناخ و لێدانی چرکەساتەکانی شۆخی سەرەڕێ بووە، بەڵام هێمن حیجاببەسەرەکەی خستووەتە ناو حەز و ئارەزووی خۆیەوە، واتا گۆران لە سۆز و پەرۆشی و نیگای مرۆییەوە تەماشای کەسایەتیی خۆی دەکات، بەڵام هێمن لە هەڵپەیی و بێوەقرەییەوە بۆ کچەکە موچڕکێکی زەنگۆڵەیی دەتکێ و ون دەبێت، لێرەدا دەتوانرێت بوترێت یەکەمیان عیشقێکی ئینسانیی گەورەیە، دووەمیان ساتێکی ئارەزووانەی نێرینەیی شاعیرە، لەو ڕوانگەیەوە ئەووەی گۆران ڕووبارێکی بەردەوامە، ئەووەی هێمن لەگەڵ تیکاندا کۆتایی دێت. لە تەماشاکردنی وێنەی شیعرەکاندا، لای گۆران بە دەوری عیشقە ئینسانییەکەدا هەزاران مەستانی ئەو ڕێگایە بە چۆکدا دانیشتوون و دەرسی عیشق دەخوێنن، لەم بەر و ئەو بەری ڕووبارەکەشدا گەڕی “ڕەشبەڵەک گیراوە”.
لەو دوو شیعرەدا، هەر یەکەیان دەرگەیەکە بۆ ناسینی خاوەن شیعرەکە، هێمن و گۆران چوونەتە ڕاو، هێمن ڕاوی خۆی کردووە و نێچیرەکەی پێکاوە و داوێتی بە کۆڵیدا، کەچی گۆران هەرگیز وەک نێچیر تەماشای قژزەردی نەکردووە، بەڵکو وەک بەشێکی دیکە لە خۆی و وەک نیوەکەی خۆی بۆی ڕوانیوە، هەردووکیان ناڵەناڵیانە، پەیام و خۆزگەی جیایان هەەیە. بەڕوونی دەبینین گۆران پێناسەی هۆشیاری و ئەقڵی، ناسنامەی عیشقی ئینسانی لە باخەڵی ئاگایی و ویژداندایە، هێمن پێناسەی ئارەزووی پەتی و ڕووت، هەستێکی ئینسانیی ڕەگەزی نێرینەیی بە چاوەکانییەوەیە، گۆران بە گیان و دەروون لەگەڵ قژزەرددا یەکی گرتووە، کەچی هێمن بە لێو بە لێوکەوتن خۆزگەی ماچێک لە کیژەکەی میوانخانەکە دەخوازێت.
دوا وشە دەمەوێت بڵێم: تەمەن ڕێکی نەخست بە دیداری گۆران بگەم، کاتێک ئەو بارگە و بنەی تێکنا، من لەگەڵ جیهانی گەورەپیاواندا چاوشارکێم دەکرد، شەرمم دەکرد دەربکەوم، دواتر، خۆزگەم دەخواست لەگەڵ ئەو کەڵەپیاوە و ئەو شاعیرە بەرزە دابنیشم، چێژی دەروونی وەربگرم و خەیاڵم ئارام بگرێت، ئەوە ڕووی نەدا، وا ئێستا، لە ڕێگای شیعرەکانییەوە سیمای ئەوم لە خەیاڵمدا نەخشاندووە، لە هەندێ تەنکاوەکانی شیعرەکانیدا، پهلم هاویشتووە، لەو ڕێگەیەوە، شتێک حاڵی بووم، ئەو شتەش چرایەکی بۆ داگیرساندووم کە وێنەی گۆران بکێشم و پەرداخی شەرابی شادی دیداری گۆران بنۆشم.
لەگەڵ (هێمن)دا، خودا کردی و دەرفەتی بۆ ڕەخساندم، ئەقڵیشی دامێ قەدری بزانم و حورمەتی بگرم، وام لێ هات لە شەوێکی تەکوتۆقی سلێمانی کە بەڕێم دەکردەوە بۆ ماڵی کەریم حەددادی خانەخوێی، بۆ پاراستنی لە گوللەی وێڵ، خۆمی پێدا بئاڵێنم، ئەوەم لەبیرچووبووەوە، ئەوی وەفادار و بیرتیژ، لە تەممووزی ١٩٨٢دا، لە شیلاناوێ لە ماڵی خۆیان بە بیری خێزانەکەی و سەڵاحی کوڕی و منی هێنایەوە. ئیدی نێوانمان وای لێ هات گوێم لە دڵی دەگرت، قورسایی شانەکانیم سووک دەکرد، ئەویش بوخچەی ڕاز و سۆز و گلەیی بۆ دەکردمەوە، بوخچەی چی؟ پڕ لە قوڕگی گیراو، هەناسەی سوار، دڵی شکاو، خۆزگەی بەدی نەهاتوو، سۆزی دووریی ئایشەخانی هاوسەری و سەڵاحی کوڕە تاقانەکەی، دیداری خاڵە مینەی بەرزنجی، عەباسی حەقیقی و خالید ئاغای هێدی. هێمن و خاڵە مین، حەقیقی و هێدی بوونە چوار، منیش لە خزمەتیاندا بەهرەم دەچنییەوە.[5]
لە دوا وشەدا ئەوە دەڵێم، گۆران و هێمن هەر یەکە بە ئەندازەی شارەزایی و تاقیکردنەوەی ژان و ژیان، تێڕوانینیان بۆ ئافرەت، خۆیان بە ئێمە ناساندووە، ئێمەش هەر یەکەمان بە شێوەی تێگەیشتنی خۆی، کاریگەری و چێژ و ڕاستگۆیی لە پانتایی و ڕەهەندی شیعرەکاندا لەزەت دەبات، بۆنوبەرامە هەڵدەژمێت، یا زیاتر لەگەڵ جیهانی (گۆران)دا خۆی دەبینێتەوە، یا لەگەڵ (هێمن)دا بە تیر و کەوان بێت یا ئەپۆلۆیێکی دیکە، ماچێک بۆ کچێک دەنێرێت.
سەرنج
ئەم وتارە لە سلێمانی، لە دیداری ڕەفیق حیلمی لە پاشنیوەڕۆی ٢٥ی ٥ی ٢٠٢٥، پێشکەشکرا. بەر لە دەستپێکردن، عەرزی ئامادەبووانم کرد: کاتی خۆی لە ساڵی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ کە ئێمە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەرانی کورد ـ لقی سلێمانی بووین، لەگەڵ مەڵبەندی گشتیی یەکێتیی نووسەران، میهرەجانی دووەمی شیعری کوردیمان ساز کرد، لەو میهرەجانەدا شاعیران و ئەدیبان، لەناو شاردا، لە ڕۆژانی مەترسی و هەڕەشەدا، بێترس ڕووبەڕووی دەوڵەتی عێراقی داگیرکەر و حیزبی بەعسی ڕەگەزپەرست بووینەوە، لە سەردەمی بێهیوایی و ناڕوونیی دواڕۆژدا، هیوامان بە بەر خەڵکدا دەکردەوە، ئەو کاتە، دەنگی زوڵاڵی وشەی کوردی لە دەنگی تفەنگی شاخ کاریگەرتر و بەرزتر بوو، دەنگی هەڵسانەوە و هیوابەخشینەوە بوو، بۆیە یەکێتیی نووسەرانی کورد لە هەموو حیزبەکانی کوردستان گەورەتر و ڕووناککەرەوەی ڕۆژانی دوایی بوو، ئێستاش من دەمەوێ یەکێتیی نووسەران بەو شێوەیە بێت و هەمان دەور و تاوی هەبێت.
[1] گۆران (1968). سروشت و دەروون لەگەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران، چاپخانەی کامەران، سلێمانی، ل ل/ 35 ـ 38. هەروەها بڕوانە: گۆران (1980). سەرجەمی بەرهەمی گۆران، محەمەدی مەلا کەریم کۆیکردووەتەوە و ئامادەی کردووە و پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیوە، بەرگی یەکەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد، بەغدا، ل ل/ 206 ـ 208. [2] سەرچاوەی پێشوو، ل/ 35 هەروەها ل 206. [3] وشەیەکی ئینگلیزیی کۆنە ـ Gard لە ئێستادا Guardian بەکاردێت، بە مانای پاسەوان، حەرەس، یەکێک کە ئاگاداری کەسێکی بەندکراو بێت، یا یەکێک چاودێری و پارێزگاریی کەسێکی نەخۆش یا خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت. [4] ئەپۆلۆ بەرنامەیەکی گەردوونناسیی ئەمریکا بوو کە تەرخان بوو بۆ ئاسمانناسی و ئەستێرەناسی. لەوەتەی مرۆڤ هەیە خەو و خەیاڵی بەلای خۆر، مانگ و ئەستێرەوەیە، لەوە پێش دەیانزانی کە ئەو هەسارانە زۆر دوورن، لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە ئەو خۆزگەیە هەبوو کە ڕۆژێک دادێت مرۆڤ بگاتە ئەوێ، ئەوە بوو لە مانگی تەممووزی ١٩٦٩دا بۆ یەکەم جار لەم دووریی زەمینەوە، ئەپۆلۆ ١١ گەیشتە ئەو دوورەی مانگ و مرۆڤ پێی شاد بوو، ئارمسترۆنگ، یەکەم مرۆڤ بوو لەسەر مانگ دابەزی، دوای ئەویش ئەندرین. کاتێکیش دوای گەیشتن بە مانگ، لە ژنەکەی ئارمسترۆنگ پرسیاریان لێ کرد: چ کاتێک خۆشترین کاتی ژیانتە؟ لە وەڵامدا وتی: ئەو کاتەی ئارمسترۆنگم هەڵبژارد. [5] لە ئەیلوولی ١٩٨٥دا، لە مەهاباد مام هێمن شیعری “ئەپۆلۆی ماچ”ی بە خەتی خۆی بۆی نووسیمەوە.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
غالیب، سەباح (٢٠٢٦): ئافرهت له شیعری “دوا سهرنج”ی گۆران و “ئهپۆلۆی ماچ”ی هێمن دا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک
هێڵی سوور و چەند سەرنجێک چۆمان زرێبار هێڵی سوور و چەند سەرنجێک لە مێژووی ئەدەبیاتی سیاسیی هاوچەرخی کورددا، زۆر جار وشەی «هێڵی سوور» بەکار هاتووە؛ بەڵام ئەوەی کەمتر بینیومانە، پاراستنی ئەو [...]
جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران
جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران ئیسماعیل هەورامی جەنگی ڕێڕەوەکان؛ خوێندنەوەیەکی جیۆپۆلیتیکی بۆ ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران زۆربەی شیکەرەوە سیاسییەکان و ناوەندە میدیاییەکان وا [...]
لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا
لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا چۆمان زرێبار لە نێوان سەربەخۆیی و فیدراڵیزم دا مافی چارەی خۆنووسین و واقیعی سیاسی و پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوختە ئەم وتارە باس لەوە [...]
بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)
بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) ڕەحیم سورخی بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم [...]
کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا
کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا شەهلا دەباغی کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا ڕاپۆرتەکان، بەڵگە و فیلمی کوشتاری دەیان هەزار ئینسان لە گەنج و لاو، پیر و منداڵ، چەندین ئەندامی بنەماڵە پێکەوە، [...]







