ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە
دانا حەمید
چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی باری بێکەڵبەییەکی ناوخۆیی فرەڕەهەند. جەنگی ئێستا، کە بە کوژرانی ڕێبەری باڵایی ئێران لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ و فەرماندە باڵاکانی گەیشتە ترۆپک، تەنها ڕووداوێکی سەربازی نییە، بەڵکو ئەو ساتەوەختە بوونگەراییەیە کە تێیدا تەواوی پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پێکهاتەیەکی ئایدیۆلۆژی و دەوڵەتی، دەکەوێتە بەر نەشتەری شیکارییەوە. ئەم دۆخە، پرسیارێکی ڕیشەیی دەورووژێنێت: ئایا ئەو وزە زەبەلاحەی کە بۆ دروستکردنی کەڵبەی دەرەکی تەرخان کراوە، لە بنەڕەتدا نەبووەتە هۆی پووکانەوە و کلۆربوونی ئەو جەستەیەی کە بڕیار بوو بیپارێزێت؟ کەڵبەی ئێران لەسەر بناغەیەکی فیکریی پتەو بنیاد نراوە: تێکەڵکردنی ئایدیۆلۆژیای شیعەی شۆڕشگێڕ لەگەڵ پراگماتیزمێکی جیۆپۆلەتیکیی سارد. ئایدیۆلۆژیاکە، چوارچێوەیەکی مەعنەوی و مێژوویی بۆ بەرەی خۆڕاگری دابین دەکات و ململانێکان لە چوارچێوەی مادی دەردەهێنێت و دەیانکاتە بەشێک لە ئەرکێکی دینی و بەرگری لە ستەملێکراوان. ئەمەش وا دەکات هێزە بەوەکالەتەکان تەنها کرێگرتە نەبن، بەڵکو باوەڕمەندی پڕۆژەکە بن. لەولاوە، پراگماتیزمە ساردەکە لە ستراتیژیەتی بەرگریی ناهاوسەنگدا خۆی دەبینێتەوە؛ داننانێکی ژیرانە بە لاوازیی تەکنۆلۆژیای کلاسیک و لەبری ئەوە، گۆڕینی یارییەکە بۆ بوارێک کە تێیدا ئێران بەهێزە: مووشەک، درۆن، شەڕی ئەلیکترۆنی و لە هەمووی گرنگتر، توانای شڵەژاندنی بازاڕی وزەی جیهان. ئامانجی ئەم ستراتیژیەتە، بردنەوەی جەنگ نییە، بەڵکو ئەوەیە: کە تێچووی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران ئەوەندە بەرز بکاتەوە کە هیچ هێزێک نەتوانێت بە ئاسانی بڕیاری لەسەر بدات.
بەڵام ئەم کەڵبە، وزەی خۆی لە جەستەیەک وەردەگرێت کە لە سێ ئاستی جیاوازدا تووشی بێکەڵبەیی و پووکانەوە بووە. یەکەم، بێکەڵبەیی ئابووری: ئابووریی ئێران لە ئابووریی خۆڕاگرییەوە گۆڕاوە بۆ ئابووریی مانەوە؛ سیستەمێک کە سەرچاوەکانی نەک بۆ گەشە و خۆشگوزەرانی، بەڵکو بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی مانەوەی دەسەڵات و پڕۆژە هەرێمییەکەی بەکاردەهێنێت. ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەکی ماندوو کە تێیدا هیوا بە داهاتوو کاڵ بووەتەوە. دووەم، بێکەڵبەیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی: پەیمانی کۆمەڵایەتیی نێوان دەسەڵات و گەل، کە لەسەر بنەمای بەڵێنی سەربەخۆیی و دادپەروەری دامەزرا بوو، تا ڕادەیەکی زۆر هەڵوەشاوەتەوە. نەوەی نوێ، کە لە جیهانێکی دیجیتاڵی و کراوەدا دەژی، چیتر بەڵێنە خورافی و ئایدیۆلۆژییەکان تێری ناکەن و داوای مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دەکات. ناڕەزایەتییەکانی وەک «ژن، ژیان، ئازادی» تەنها دروشم نەبوون، بەڵکو ڕاگەیاندنی مەرگی ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە بوون. سێیەم و قووڵترین ئاست، بێکەڵبەیی شەرعییەتە. قەیرانی جێنشینی و دانانی موجتەبا خامنەیی، پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە «ویلایەتی فەقیھ»ـەوە بەرەو «ویلایەتی میراتگریی» بردووە. ئەمە گورزێکی کوشندە بوو لەو شەرعییەتە دینییەی کە سیستەمەکە شانازیی پێوە دەکرد و بناغەی بوونی بوو. ئەم گۆڕانە، سیستەمەکەی لە پێکهاتەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە کردە پێکهاتەیەکی ئەمنی-سەربازیی ڕووت، کە تێیدا سوپای پاسداران دەبێتە بڕیاردەری سەرەکی. لەم ڕوانگەیەوە، جەنگی دەرەکی دەتوانێت دوو دەرئەنجامی پێچەوانەی هەبێت: یان دەبێتە هۆی یەکخستنی کاتی ڕیزەکان لەژێر فشاری نیشتمانپەروەریدا و تەمەنی سیستەمەکە درێژ دەکاتەوە، یان دەبێتە ئەو پەلەپیتکەیەی کە پڕۆسەی پووکانەوە ناوخۆییەکە خێراتر دەکات و بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی دەیبات. چارەنووسی ئێران، چیتر تەنها بەند نییە بە ئەنجامی شەڕە مووشەکییەکانەوە، بەڵکو بەندە بە ئەنجامی ئەو ململانێ بێدەنگ و قووڵەی کە لە نێوان کەڵبەی نمایش و بێکەڵبەیی واقیعدا گینگڵ و بەرجەستە دەبێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦): ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان. بلاگی [...]
بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە "ئیمرالی"یەوە. بلاگی [...]
ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]
سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی ئەلیاسی، بابان (٢٠٢٥): سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران. وەرگێڕان [...]
جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی بابایی، سدێق (٢٠٢٥):جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥): پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]







