ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟

واشینگتۆن پۆست – حەمید بیگلەری

وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور

من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە ستراتێژییەکیان بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی تاقی کردووەتەوە، ئەرکداری، تێوەگلان، گەمارۆ، ئۆپەراسیۆنی نهێنی، جەنگی بە ئاشکرا و، هەموو جارێ گەیشتوونە هەمان مەنزڵ: ڕێژیم لە جاران زۆرتر جێپێی خۆی قایم کردووە و، خەڵک زۆرتر لە ڕەچاوکردنی سیاسەتەکەدا پاشگوێ خراون. وتووێژەکانی ئیسلامئاباد قۆناغێکی نوێ نین. ئەوان دوایین پەردەی شانۆیەکن کە واشینگتۆن لە پیشاندانی بەردەوامە.

سێ هەڵە پێناسەی ئەم شانۆنامەیەن و لەم ڕۆژانەی دواییشدا دووپات کراونەتەوە.

یەکەمیان گیرۆدەبوونی وڵاتە یەکگرتووەکان بە ئەفسانەی ئێرانیی میانڕەوە. سەرۆکی وەڤدی ئێران لە ئیسلامئاباد محەممەدباقر قالیباف بوو، سەرۆکی پارلەمان، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەرۆکی پێشووتری پۆلیسی ئێران، پیاوێک کە هەموو ژیانی خۆی لەناو خاوەن‌دەسەڵاتانی ئەمنییەتیدا بردووەتە سەر. لەگەڵ ئەوەشدا واشینگتۆن ناوبراوی وەک کەسێکی پراگماتیست و لایەنێکی گونجاو بۆ دانوستان و، وەک نیشانەی جیددیبوونی ئێران لە دانوستانەکاندا سەیر کرد.

ئەمە یەکەم و کۆنترین هەڵەی ئەمریکایە لەبارەی ئێراندا. سیستەمەکە مرۆڤی میانڕەو پەروەردە ناکات. ئەم دوو جۆر مرۆڤی توندئاژۆ دەحەمڵێنێت: ئەوانەی بەرەوڕووبوونەوە وەک ئامرازی مانەوەی ڕێژیم سەیر دەکەن و، ئەوانەی لایەنگری سازانی تاکتیکین. هەموو ئەو کەسایەتییانەی ڕۆژاوا مۆرکی میانڕەوی لێداون، لە سەرۆککۆماری پێشووتر عەلی [ئەکبەر] ڕەفسەنجانی و حەسەن ڕوحانی هەتا وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشوو، جەواد زەریف و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عەلی لاریجانی و، ئێستاش قالیباف، سەر بە تاقمی دووهەمن. ئەوان دانوستان دەکەن، هێندێک سازش دەکەن و بە گوێرەی نۆرمەکانی نێونەتەوەیی دەدوێن. ئامانجی ئەوان لەگەڵ هی ئەو ژەنڕاڵانەی دەیانهەوێ درێژە بە جەنگ بدەن دەقاودەق یەکە: پاراستنی کۆماری ئیسلامی. جیاوازیی ئەوان شێوەی هەڵسوکەوتیانە، نەک ئامانجیان.

ئەوەی لە ئیسلامئاباد گرینگە قالیباف نییە، بەڵکو فەرماندەی سوپای پاسداران ئەحمەد وەحیدییە، کە لە ژوورەکەدا نەبوو. بەبێ ڕەزامەندیی وەحیدی، قالیباف ناتوانێ ئێران ئەرکداری هیچ شتێک بکات. ڕوخسارەکە لە تارانە، دەڕوانێت تا ببینێت دەمامکەکە کام پاشەکشە مسۆگەر دەکات.

هەڵەی دووهەم ناسەرکەوتوویی لە ناسینەوەی ستراتێژیی سەرەکیی ئێرانە، کە من پێمخۆشە ناوی بنێم «بێئاکامیی سەرپەرشتیکراو»: درێژەپێدانی بەئانقەستی کێشەکە کە بەردەوام خەریکە چارەسەر بێت، هێندە نزیک کە بکرێت خۆ لە بەرانبەر گوشاری گەمارۆکان ڕابگرێت، ئەوەندەش دوور بێت لە چارەسەرکردن کە نەبێتە هۆی کاریگەربوونی سنوورداریی ناچارکەر. سنوورەکانی دیاریکراو لە ڕێککەوتنی ناوکیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما کە بە بەرجام ناسراوە بەئانقەست وەها داڕێژرابوون کە کاتی بن، بەرچاوترین سنوورەکان قەرار بوو لە ماوەی دە ساڵدا کۆتایی بێت، کە تواناییە ناوکییە درێژخایەنەکانی ئێران وەک خۆی دەمایەوە لە کاتێکدا گەمارۆکان دەستبەجێ سووک دەکران. ئەمڕۆ، ئێران هەر ئێستا ئاگربڕی ٤٥ ڕۆژەی بە قازانجی «دانوستانی تاهەتایی» ڕەت کردووەتەوە، نە لەبەر ئەو هۆیە کە ئاشتیی تاهەتایی دەوێت، بەڵکو چونکە دانوستانی تاهەتایی، لە کاتێکدا هیچ ئەرکدارییەک وەئەستۆ ناگرن، ئامێری دڵخوازە بۆ ئەستاندنی سازشەکان.

سوڕی سیاسیی وڵاتە یەکگرتووەکان، متمانەپێکراوترین سامانی ستراتێژیکی ئێرانە. هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ کاتێک دەستبەکار دەبێت کە پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی پێشوو هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ پەیوەندییەکان کردووە. ئێران پەلە ناکات. ئەم کاتژمێرەی دەستئاواڵاییی واشینگتۆن سنووردار دەکات، هەڵاوسانی نرخەکان، دۆخی بازاڕەکان، سوڕی هەڵبژاردنەکان، هیچ سنوورێکی هاوشێوە بۆ تاران دیاری ناکات. هاوکات، دانوستانکارانی ئێران گەمەیەکی جووت‌ناوەڕۆکییان کردووە: لە دەقە فارسییەکەی پێشنیارە ١٠ خاڵییەکەیاندا دەڵێن، وڵاتە یەکگرتووەکان «لە بنەڕەتدا ملکەچی» مافی پیتاندنی ئێران بوون. لە دەقە ئینگلیزییەکەدا ئەو بەشە بەتەواوی قرتێندراوە. کاتێک دژوازییەکە چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ئاگربڕ ئاشکرا بوو، تاران بێدەربەستیی پیشان دا. بردنەوە سیاسییە ناوخۆییەکە پێشتر مسۆگەر کرابوو.

سێهەمین هەڵە کە لە هەموویان گرینگترە: ناپەیوەندیدار سەیرکردنی ٩٠ ملوێن ئێرانی بە دانوستانەکانەوەیە. چوارچێوەی ئیسلامئاباد ئاڵووێرێکی دوولایەنە لە نێوان دوو دەوڵەتانە. ئەم دانیشتووانەی کە بە کردەوە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەژین، گریمانە دەکرێت زیاتر لە ٣٠ هەزار لە خۆپیشاندەران لە ژانویەدا کوژرابن، زیندانییە سیاسییەکان تەنانەت لە کاتی جەنگدا ئیعدام دەکران، ئەم ئێرانییانەی کە لەبەر کوژرانی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی سەمایان دەکرد و پاشان سەیریان کرد چۆن سوپای پاسداران لە پشێوییەکەدا دەسەڵاتی خۆی چەسپاند، لایەنێکی ئەم ئاڵووێرە نین.

ئەمە وەک گەتوارگەریی پێشکەش دەکرێت. ئەمە، لە ڕاستیدا، مەزنترین هەڵەی ستراتێژیکە، چونکە لاوازترین خاڵی کۆماری ئیسلامی بەهەڵە دەستنیشان دەکات. هەڕەشە دژی ڕێژیم لەپێش هەموو شتێکدا فڕۆکەی بۆمبهاوێژەکان نین. هەڕەشەی سەرەکی خەڵکەکەیەتی، بۆیە یەکەم کرداری پاش هەر قەیرانێک تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و داخستنی ئینتەرنێت بوو. هەر سیاسەتێکی وڵاتە یەکگرتووەکان کە ببێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ئازاری جەماوەر، دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران: گەمارۆکان چینی مامناوەند لەناو دەبەن، هاوکات سوپای پاسداران سوود لەو بازاڕە ڕەشە وەردەگرێت کە بۆخۆی ئافرێنەرییەتی، هێرش بۆ سەر ژێرخانەکان دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی هەستی نەتەوەپەرستی کە ڕێژیم دەیکاتە سەرمایەی ڕەواییی ناوخۆیی. بە پاشگوێخستنی خەڵک، وڵاتە یەکگرتووەکان شتێک پێشکەشی سوپای پاسداران دەکات کە لە هەموو شتێک زۆرتر پێویستی پێیەتی: دانوستانێکی دوولایەنە کە ئەم وەک نوێنەری ڕەوای ئێران دەنوێندرێت و لە گوشارێک ڕزگاری دەکات کە ناتوانێ لێی دەرباز بێت.

ڕاستکردنەوەی هەڵەکان کارێکی ئاڵۆز نییە. بەر لە ڕێککەوتن لەسەر هەر خاڵێک، دەقێکی وەک‌یەک، بە ئینگلیزی و بە فارسی، دەخوازێت. لە خودی ڕێککەوتنی ئاگربڕەکەدا، خاڵی ئوتوماتیکیی قووڵکەرەوەی گرژییەکان بگونجێنە، تا پێش بە خاوەخاوکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بگرێت. و خەڵکی ئێران بکە بە بگۆڕێکی فەرمیی هاوکێشەکە: سووککردنی گەمارۆکان بە نیشانەی مەدەنیی قابیلی هەڵسەنگاندن ببەستەوە، لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و وستاندنی ئیعدامە سیاسییەکان. و لە جیاتی بانکەکانی سەر بە سوپای پاسداران، لایەنی نێونەتەوەیی بکە بە چاودێری داراییەکانی تەرخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوە.

ڕابێرت گەیتس دەیان ساڵی، لە ماوەی دەسەڵاتداریی دێموکڕاتەکان و هەروەها کۆمارییەکاندا، بۆ دۆزینەوەی ئێرانیی میانڕەوی فرە دەگمەن تەرخان کرد. گەڕانەکە هەمیشە هەڵە بوو. پرسیارەکە قەت ئەوە نەبوو گەلۆ ئێرانی میانڕەوی هەن یان نا. لە جیاتیان پرسیارەکە ئەوە بوو ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان ستراتێژییەکی هێندە جیددی هەیە کە بۆ کەسانی دەسەڵاتدار گرینگ بێت و، هێندە پشوودرێژە تا دەسەڵات بەو خەڵکە بدات کە بتوانن لە کۆتاییدا ئەم کەسانە بگۆڕن.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی بانەمەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی

بیگلەری، حەمید (٢٠٢٦): ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): قوربانییانی ئاگر لە زاگرۆس؛ پڕۆژەی ژینۆسایدی ئێکۆلۆژیی ڕێژیمی کۆلۆنیالیستیی ئێران لە کوردستان. بلاگی [...]

بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە “ئیمرالی”یەوە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): بەکارهێنانێکی ستراتیژییانەی خوازە(مجاز) لە گوتاری سیاسیی تورکیادا: بەستنەوەی بزووتنەوەی کورد بە "ئیمرالی"یەوە. بلاگی [...]

  • ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم

ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی جەعفەری، ئەسکەندەر (٢٠٢٥): ناسنامەی کوردستانی: خەنجەرێک لە سەر قوڕگی کۆلۆنیالیزم. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]

  • سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران.

سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی ئەلیاسی، بابان (٢٠٢٥): سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کورد: پەراوێزخران، زاڵبوون، و ستراتێژییەکانی خۆپاراستنی ڕۆشنبیران. وەرگێڕان [...]

  • جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا

جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی بابایی، سدێق (٢٠٢٥):جوانڕۆ؛ لە ڕەوتی کوردایەتیدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]

  • پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی

پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ی کوردی دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥): پێکهاتەی گوتاری نەتەوەیی و دێمۆکراسی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]