ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟
واشینگتۆن پۆست – حەمید بیگلەری
وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور
من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە ستراتێژییەکیان بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی تاقی کردووەتەوە، ئەرکداری، تێوەگلان، گەمارۆ، ئۆپەراسیۆنی نهێنی، جەنگی بە ئاشکرا و، هەموو جارێ گەیشتوونە هەمان مەنزڵ: ڕێژیم لە جاران زۆرتر جێپێی خۆی قایم کردووە و، خەڵک زۆرتر لە ڕەچاوکردنی سیاسەتەکەدا پاشگوێ خراون. وتووێژەکانی ئیسلامئاباد قۆناغێکی نوێ نین. ئەوان دوایین پەردەی شانۆیەکن کە واشینگتۆن لە پیشاندانی بەردەوامە.
سێ هەڵە پێناسەی ئەم شانۆنامەیەن و لەم ڕۆژانەی دواییشدا دووپات کراونەتەوە.
یەکەمیان گیرۆدەبوونی وڵاتە یەکگرتووەکان بە ئەفسانەی ئێرانیی میانڕەوە. سەرۆکی وەڤدی ئێران لە ئیسلامئاباد محەممەدباقر قالیباف بوو، سەرۆکی پارلەمان، فەرماندەی پێشووی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، سەرۆکی پێشووتری پۆلیسی ئێران، پیاوێک کە هەموو ژیانی خۆی لەناو خاوەندەسەڵاتانی ئەمنییەتیدا بردووەتە سەر. لەگەڵ ئەوەشدا واشینگتۆن ناوبراوی وەک کەسێکی پراگماتیست و لایەنێکی گونجاو بۆ دانوستان و، وەک نیشانەی جیددیبوونی ئێران لە دانوستانەکاندا سەیر کرد.
ئەمە یەکەم و کۆنترین هەڵەی ئەمریکایە لەبارەی ئێراندا. سیستەمەکە مرۆڤی میانڕەو پەروەردە ناکات. ئەم دوو جۆر مرۆڤی توندئاژۆ دەحەمڵێنێت: ئەوانەی بەرەوڕووبوونەوە وەک ئامرازی مانەوەی ڕێژیم سەیر دەکەن و، ئەوانەی لایەنگری سازانی تاکتیکین. هەموو ئەو کەسایەتییانەی ڕۆژاوا مۆرکی میانڕەوی لێداون، لە سەرۆککۆماری پێشووتر عەلی [ئەکبەر] ڕەفسەنجانی و حەسەن ڕوحانی هەتا وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشوو، جەواد زەریف و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عەلی لاریجانی و، ئێستاش قالیباف، سەر بە تاقمی دووهەمن. ئەوان دانوستان دەکەن، هێندێک سازش دەکەن و بە گوێرەی نۆرمەکانی نێونەتەوەیی دەدوێن. ئامانجی ئەوان لەگەڵ هی ئەو ژەنڕاڵانەی دەیانهەوێ درێژە بە جەنگ بدەن دەقاودەق یەکە: پاراستنی کۆماری ئیسلامی. جیاوازیی ئەوان شێوەی هەڵسوکەوتیانە، نەک ئامانجیان.
ئەوەی لە ئیسلامئاباد گرینگە قالیباف نییە، بەڵکو فەرماندەی سوپای پاسداران ئەحمەد وەحیدییە، کە لە ژوورەکەدا نەبوو. بەبێ ڕەزامەندیی وەحیدی، قالیباف ناتوانێ ئێران ئەرکداری هیچ شتێک بکات. ڕوخسارەکە لە تارانە، دەڕوانێت تا ببینێت دەمامکەکە کام پاشەکشە مسۆگەر دەکات.
هەڵەی دووهەم ناسەرکەوتوویی لە ناسینەوەی ستراتێژیی سەرەکیی ئێرانە، کە من پێمخۆشە ناوی بنێم «بێئاکامیی سەرپەرشتیکراو»: درێژەپێدانی بەئانقەستی کێشەکە کە بەردەوام خەریکە چارەسەر بێت، هێندە نزیک کە بکرێت خۆ لە بەرانبەر گوشاری گەمارۆکان ڕابگرێت، ئەوەندەش دوور بێت لە چارەسەرکردن کە نەبێتە هۆی کاریگەربوونی سنوورداریی ناچارکەر. سنوورەکانی دیاریکراو لە ڕێککەوتنی ناوکیی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما کە بە بەرجام ناسراوە بەئانقەست وەها داڕێژرابوون کە کاتی بن، بەرچاوترین سنوورەکان قەرار بوو لە ماوەی دە ساڵدا کۆتایی بێت، کە تواناییە ناوکییە درێژخایەنەکانی ئێران وەک خۆی دەمایەوە لە کاتێکدا گەمارۆکان دەستبەجێ سووک دەکران. ئەمڕۆ، ئێران هەر ئێستا ئاگربڕی ٤٥ ڕۆژەی بە قازانجی «دانوستانی تاهەتایی» ڕەت کردووەتەوە، نە لەبەر ئەو هۆیە کە ئاشتیی تاهەتایی دەوێت، بەڵکو چونکە دانوستانی تاهەتایی، لە کاتێکدا هیچ ئەرکدارییەک وەئەستۆ ناگرن، ئامێری دڵخوازە بۆ ئەستاندنی سازشەکان.
سوڕی سیاسیی وڵاتە یەکگرتووەکان، متمانەپێکراوترین سامانی ستراتێژیکی ئێرانە. هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ کاتێک دەستبەکار دەبێت کە پێیوایە بەڕێوەبەرایەتیی پێشوو هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ پەیوەندییەکان کردووە. ئێران پەلە ناکات. ئەم کاتژمێرەی دەستئاواڵاییی واشینگتۆن سنووردار دەکات، هەڵاوسانی نرخەکان، دۆخی بازاڕەکان، سوڕی هەڵبژاردنەکان، هیچ سنوورێکی هاوشێوە بۆ تاران دیاری ناکات. هاوکات، دانوستانکارانی ئێران گەمەیەکی جووتناوەڕۆکییان کردووە: لە دەقە فارسییەکەی پێشنیارە ١٠ خاڵییەکەیاندا دەڵێن، وڵاتە یەکگرتووەکان «لە بنەڕەتدا ملکەچی» مافی پیتاندنی ئێران بوون. لە دەقە ئینگلیزییەکەدا ئەو بەشە بەتەواوی قرتێندراوە. کاتێک دژوازییەکە چەند کاتژمێر دوای ڕاگەیاندنی ئاگربڕ ئاشکرا بوو، تاران بێدەربەستیی پیشان دا. بردنەوە سیاسییە ناوخۆییەکە پێشتر مسۆگەر کرابوو.
سێهەمین هەڵە کە لە هەموویان گرینگترە: ناپەیوەندیدار سەیرکردنی ٩٠ ملوێن ئێرانی بە دانوستانەکانەوەیە. چوارچێوەی ئیسلامئاباد ئاڵووێرێکی دوولایەنە لە نێوان دوو دەوڵەتانە. ئەم دانیشتووانەی کە بە کردەوە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەژین، گریمانە دەکرێت زیاتر لە ٣٠ هەزار لە خۆپیشاندەران لە ژانویەدا کوژرابن، زیندانییە سیاسییەکان تەنانەت لە کاتی جەنگدا ئیعدام دەکران، ئەم ئێرانییانەی کە لەبەر کوژرانی ڕێبەری گەورە عەلی خامنەیی سەمایان دەکرد و پاشان سەیریان کرد چۆن سوپای پاسداران لە پشێوییەکەدا دەسەڵاتی خۆی چەسپاند، لایەنێکی ئەم ئاڵووێرە نین.
ئەمە وەک گەتوارگەریی پێشکەش دەکرێت. ئەمە، لە ڕاستیدا، مەزنترین هەڵەی ستراتێژیکە، چونکە لاوازترین خاڵی کۆماری ئیسلامی بەهەڵە دەستنیشان دەکات. هەڕەشە دژی ڕێژیم لەپێش هەموو شتێکدا فڕۆکەی بۆمبهاوێژەکان نین. هەڕەشەی سەرەکی خەڵکەکەیەتی، بۆیە یەکەم کرداری پاش هەر قەیرانێک تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و داخستنی ئینتەرنێت بوو. هەر سیاسەتێکی وڵاتە یەکگرتووەکان کە ببێتە هۆی قووڵتربوونەوەی ئازاری جەماوەر، دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران: گەمارۆکان چینی مامناوەند لەناو دەبەن، هاوکات سوپای پاسداران سوود لەو بازاڕە ڕەشە وەردەگرێت کە بۆخۆی ئافرێنەرییەتی، هێرش بۆ سەر ژێرخانەکان دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی هەستی نەتەوەپەرستی کە ڕێژیم دەیکاتە سەرمایەی ڕەواییی ناوخۆیی. بە پاشگوێخستنی خەڵک، وڵاتە یەکگرتووەکان شتێک پێشکەشی سوپای پاسداران دەکات کە لە هەموو شتێک زۆرتر پێویستی پێیەتی: دانوستانێکی دوولایەنە کە ئەم وەک نوێنەری ڕەوای ئێران دەنوێندرێت و لە گوشارێک ڕزگاری دەکات کە ناتوانێ لێی دەرباز بێت.
ڕاستکردنەوەی هەڵەکان کارێکی ئاڵۆز نییە. بەر لە ڕێککەوتن لەسەر هەر خاڵێک، دەقێکی وەکیەک، بە ئینگلیزی و بە فارسی، دەخوازێت. لە خودی ڕێککەوتنی ئاگربڕەکەدا، خاڵی ئوتوماتیکیی قووڵکەرەوەی گرژییەکان بگونجێنە، تا پێش بە خاوەخاوکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بگرێت. و خەڵکی ئێران بکە بە بگۆڕێکی فەرمیی هاوکێشەکە: سووککردنی گەمارۆکان بە نیشانەی مەدەنیی قابیلی هەڵسەنگاندن ببەستەوە، لە ناویاندا دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و وستاندنی ئیعدامە سیاسییەکان. و لە جیاتی بانکەکانی سەر بە سوپای پاسداران، لایەنی نێونەتەوەیی بکە بە چاودێری داراییەکانی تەرخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوە.
ڕابێرت گەیتس دەیان ساڵی، لە ماوەی دەسەڵاتداریی دێموکڕاتەکان و هەروەها کۆمارییەکاندا، بۆ دۆزینەوەی ئێرانیی میانڕەوی فرە دەگمەن تەرخان کرد. گەڕانەکە هەمیشە هەڵە بوو. پرسیارەکە قەت ئەوە نەبوو گەلۆ ئێرانی میانڕەوی هەن یان نا. لە جیاتیان پرسیارەکە ئەوە بوو ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان ستراتێژییەکی هێندە جیددی هەیە کە بۆ کەسانی دەسەڵاتدار گرینگ بێت و، هێندە پشوودرێژە تا دەسەڵات بەو خەڵکە بدات کە بتوانن لە کۆتاییدا ئەم کەسانە بگۆڕن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
بیگلەری، حەمید (٢٠٢٦): ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی !
حەسەن قارەمانی ماستەری باڵای ئابووری نەتەوەیی پێشەکی: "قووتدانی جیهان بە شێوازی چینی و ڕۆڵی چین لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی سەدەی بیست و یەکەمدا" دەستەواژەیەکە کە یەکێک لە دیاردە هەرە گرنگ و گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی جیهانیی مۆدێرن دەکاتەوە. [...]
هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل: پەردەلادان لەسەر ئەفسانە ٢٥٠٠ ساڵەکە
داود عوسمانزادە لێکۆڵەری کۆمەڵناسیی سیاسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ لە جوگرافییای سیاسیی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی ئەو ڕژێمە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و "سڕینەوەی ئەم وڵاتە [...]
نەورۆز و خەباتی کوردایەتی
هەڵگورد جەوانمەردی پێشەکی: نەورۆز وەکوو یەکەمین ڕۆژی سەری ساڵی کوردی، جەژنێکی نەتەوەییی کورد بە هەژمار دێت. ئەم جەژنە یەکێک لە گرنگترین بۆنەکانی کوردە کە تا ئێستا نەتەوەی کورد پەیوەندیی خۆی لەگەڵ نەپچڕاندووە. گرنگیی نەورۆز تا [...]
نەورۆز کوردستانی/ نوروز ایرانی؛ معارضه روایت و عاملیت در کوردستان
بهروز شجاعی پژوهشگر و محقق دانشکده زبان و ادبیات دانشگاه کوبانی (رونوشت سخنرانی ٣١ مارس)* با سلام به دوستانی که مارا از طریق شبکه های مختلف همراهی میکنند. بله، اسرار من بر نامگذاری تیتر این [...]
بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ: چارەی خۆ نووسین لە یاسای نێونەتەوەییدا
نووسەر: دوکتور مایکڵ ڕوبین وەرگێڕ: کەماڵ حەسەنپوور کوردەکان مەزنترین تاقمی ئەتنیکیی دنیان کە دەوڵەت نەتەوەی خۆیان نییە. گەلێک زانا و سیاسەتوان پاساوی ئەخلاقی و مێژوویی بۆ سەربەخۆیی کوردان دێننەوە. بەڵام، هیچکامیان وەکوو لوقمان ڕادپەی، کە [...]
زن در مقام آزادیِ, ضرورت زیبابی شناسی سیاسی یا اضطرار حاکمیتی؟
نویسنده :بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانەوە همهی فراخوان ها به نظم، که در نظم چیزها نهفتهاند و همه ی فرامین خاموش یا تهدیدهای بی سروصدای سرشته در جریان هنجارین جهان بر طبق میدان های [...]







