ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
لەکوردترسێنی و کوردترسێنی مەسعوود بابایی بەرایی: "لەکوردترسێنی" و "کوردترسێنی" دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە [...]
لە ستایشی پێشمەرگە
لە ستایشی پێشمەرگە ئارام کەیخوسرەوی پێشەکی گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دەسەڵات و تێپەڕبوون لە فۆرمە نەریتییەکانی حوکمڕانی بەرەو دامەزراوە مۆدێرنەکان، وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا. مۆدێرنیتەی سیاسی، وەک پڕۆسەیەکی گشتگیر، تەنیا [...]
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – “بەرگریی مۆزاییکی”ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا
لۆژیکی پارچەپارچەکردن – "بەرگریی مۆزاییکی"ی ئێران و سنوورەکانی دەسەڵاتی ڕۆژئاوا هێلینا باوەرینفایند یەکێ لە پارادۆکسەکانی ململانێ هاوچەرخەکان ئەوەیە، کە باڵادەستیی سەربازی حەتمن بە واتای کۆنترۆڵی سیاسی نایەت. لەکاتێکدا واشنتۆن و ئۆرشەلیم [...]
ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا
ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا ڕەحیم سورخی بەشێکی زۆر تایبەتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئەو لێڵی(ابهام)یە کە لە گوتاری سیاسیی- میدیایی ترامپدا هەیە. [...]
گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا
گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا حەسەن قارەمانی گرنگیی ستراتیژیی نرخی نەوت لە ئابووریی جیهاندا تێکانە توندەکانی وزە، جیۆپۆلەتیک و سەقامگیریی ئابووری! وزە یەکێکە لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی بەرهەمهێنان لە ئابووریی [...]
نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە
نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە دانا حەمید نەخشە: لە جەبری جوگرافیاوە بۆ ئیمکانی ئیرادە ئەگەر جوگرافیا ئەو نەخشەیە بێت کە لەبەردەستماندایە، ئایا مرۆڤ ناچارە تەنها بەو ڕێگایانەدا بڕوات کە [...]







