ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
هەڵسەنگاندنێکی واقیعییانە
هەڵسەنگاندنێکی واقیعییانە هێلێنا باوەرنفایند هەڵسەنگاندنێکی واقیعییانە دەنگوباسەکان پڕن لە هەواڵی جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر کەسێک هەوڵ بدات، لە ناو ئەم هەموو ژاوەژاوەدا مەبەستێکی ڕوون بدۆزێتەوە، بە ئاسانی تووشی [...]
ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە
ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە هەردی مەهدی میکە ئاگر لە تاران، دووکەڵ لە شام کوردستان لە سایەی پرۆژەی مێگای ئەمریکاوە بۆچی قەسەدە تەواوکرا؟ ئایا [...]
سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا
سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا پەرویز شێخی سیرکی سیاسی لە نێوان دەمامکی هەلپەرست و ئیرادەی ڕەسەندا سیاسەت بۆ مرۆڤی هەلپەرست تەنیا «دەمامکێکی پلاستیکییە»، بەڵام بۆ مرۆڤی خاوەن [...]
ستراتیژیی “ناسەقامگیریی ڕێکخراو”: ڕۆژئاوای کوردستان وەک نموونەی ئەندازیاریی سیاسیی ئەمریکا
ستراتیژیی "ناسەقامگیریی ڕێکخراو": ڕۆژئاوای کوردستان وەک نموونەی ئەندازیاریی سیاسیی ئەمریکا ئیسماعیل هەورامی ستراتیژیی "ناسەقامگیریی ڕێکخراو": ڕۆژئاوای کوردستان وەک نموونەی ئەندازیاریی سیاسیی ئەمریکا لە فەلسەفەی سیاسیی "ڕیالیزمی نوێ"دا، هێزە گەورەکان بۆ پاراستنی [...]
ئەو “ژەهرە سیاسییە”ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا
ئەو "ژەهرە سیاسییە"ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا ماردین ڕەحیم نژاد ئەو "ژەهرە سیاسییە"ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا بەبێ سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت تەنانەت پاڵەوانە ئەخلاقی و سەربازییەکان سەر شانۆی [...]
سوریا و کوردەکان کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات
سوریا و کوردەکان کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات هێلێنا باوەرنفایند سوریا و کوردەکان کشانەوە، مەرسووم و هاوسەنگییە لەرزۆکەکەی سەر فورات چەندین ساڵە لە سوریا، ڕووباری فورات لە تەنها ڕووبارێک [...]







