ئێسقانی زمان
دانا حەمید
ئێسقانی زمان
نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستا کراوە بە کەبابخانە، ئەو جوانی و قەرەباڵغییەی جارانی نەماوە. دانیشتبووم چام دەخواردەوە، پیاوێکی قۆز و سەروڕیش سپی، لە تەنیشتمەوە دانیشت و سڵاوی کرد، منیش وەڵامی سڵاوەکەیم دایەوە، پاشان کەوتینە دەمەتەقێی پچڕ پچڕ دەربارەی هەندێک بابەتی جیاواز و دوایی هاتە سەر باسی زمان و ڕستەیەکی کورت و پوختی وت: کە لە دەربڕیندا سادە بەڵام لە ناوەڕۆکدا قووڵ و پڕ واتا بوو. تێڕوانینی منی بۆ زمان لەو کاتەدا کەمێک وروژاند و وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، کە لە زاری مامۆستایەکی خانەنشینەوە دەرچوو، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سروشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا.
ئێسقان، ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و نەگۆڕەیە کە بوونی بایۆلۆجیی ئێمە ڕادەگرێت؛ لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە و شێوەی کۆتایی جەستە دیاری دەکات. زمانیش، بەتایبەت بۆ نەتەوەیەکی بێ قەوارە، هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناس. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (جوگرافیا و خاک) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدایە و گۆشتی جەستەکە (شارستانیەت و کەلتور) ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن دەبێتەوە، زمان وەک تاکە ئێسکەپەیکەری ئەبەدیی و نەمر ماوەتەوە و شوناسی کوردیی لە داڕمانی مێژوویی پاراستووە. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ئامرازی سادەیی پەیوەندییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی پێکهاتەی زگماکیی بیرکردنەوە؛ ئەو نەخشە جیناتییە کەلتورییەی کە لە قووڵایی ناخی هەر تاکێکدا چێنراوە و جیهانبینیی ئەو تاکە دادەڕێژێت. زمان لێرەدا دەبێتە ماڵی بوون، ئەو شوێنەی کە مرۆڤی کورد تێیدا هەبوونی خۆی دەدۆزێتەوە و جیهان بۆ خۆی مانا دەکاتەوە. هەر بۆیە، پاراستنی ئەم ئێسقانە تەنیا پاراستنی فەرهەنگێک نییە، بەڵکو پاراستنی شێوازێکی تایبەتە لە بوون و هەبوون لەم جیهانەدا.
مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەم گوزارشتە ڕادیکاڵە، زمان لە دۆخی بەرگریی ناکارا و خۆپارێزییەوە دەکاتە چەکێکی مەعریفی هێرشبەر. لێرەدا، زمان چیتر تەنیا ئەو قەڵا و پەناگەیە نییە کە بۆ پاراستنی ناسنامە خۆمانی تێدا حەشار دەدەین، بەڵکو دەبێتە ئەو ماددە خاوە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستمە فیکرییەی هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەمە گواستنەوەیە لە «زمانی ماڵ» و دڵدانەوەی ناوخۆیی، بۆ «زمانی مەیدان» و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرەکی؛ لە کەرەستەیەک بۆ تەنیا مانەوە، بۆ ئامرازێک بە ئاڕاستەی سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی کەلتوریی سەپێنراودا.
کاتێک زمان لە چوارچێوەی فۆلکلۆر و شیعری کلاسیکدا قەتیس نامێنێت و بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەبێتە زمانی بەرهەمهێنانی هزر، شیعری چڕ و ورد، تەکنۆلۆژیای سەردەم، ئەو «ئێسقانە» لە دۆخی وەستاو و بەرگریکارانە دەردەچێت و دەگۆڕێت بۆ هێزێکی بزوێنەری داهێنەر. ئەو کاتە، زمان تەنیا گێڕەرەوەی مێژوو نییە، بەڵکو دەبێتە دروستکەری مێژوو و داڕێژەری ئایندە. هێزێک کە نەک هەر خۆی دەپارێزێت، بەڵکو توانای ئەوەی هەیە سنوورەکانی هەژموونی فیکریی داگیرکەر ببەزێنێت، چەمک و زاراوەی خۆی بخوڵقێنێت، و بوونی خۆی وەک حەقیقەتێکی حاشاهەڵنەگر لەسەر نەخشەی مەعریفەی جیهان بچەسپێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ئیسقانی زمان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]
سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”
سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]
سی و چوار چرۆک و مزگێنییەک بۆ ڕۆژهەڵات و کوردستان
سی و چوار چرۆک و مزگێنییەک بۆ ڕۆژهەڵات و کوردستان زیاد ئەسعەد سی و چوار چرۆک و مزگێنییەک بۆ ڕۆژهەڵات و کوردستان ۱. سبەینێ لە ڕۆژژمێری ئێراندا، سبەینێ هەمیشە بۆنی سابوون [...]
شۆڕشی کەزی
شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]
سەردانێکی پڕ مانا
سەردانێکی پڕ مانا هێلێنا باوەرنفایند سەردانێکی پڕ مانا بەپێی سەرچاوە هاودەنگەکان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، سەردانێکی نائاسایی بۆ شاری جەمکەران ئەنجامداوە. کات و چۆنیەتی سەردانەکە بە نادیاری ماونەتەوە، بەڵام ئەمە [...]







