ئەو “ژەهرە سیاسییە”ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا
ماردین ڕەحیم نژاد
ئەو “ژەهرە سیاسییە”ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا
بەبێ سەروەری و دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت تەنانەت پاڵەوانە ئەخلاقی و سەربازییەکان سەر شانۆی نێودەوڵەتیش دەبنە ئۆبژەی ئەوانی دیکە (بابەتی ئەوانی دیکە)، نەک سوبژە و بڕیاردەر.
دەڵێن سیاسەتی جیهانی مەیدانی دەسەڵاتە نەک گۆڕەپانی ئەخلاق و فەزیلەت. لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و یاسای نێودەوڵەتیدا دەسەڵاتی کاریگەر و کۆنترۆڵی خاک گرنگترە لە شەرعییەتی ئەخلاقی و یاسای نێودەوڵەتیش لەگەڵ واقیعی دەسەڵاتدا کار دەکات نەک لەگەڵ دادپەروەریدا. لە سیاسەتدا توانای چەسپاندنی واقیع گرنگترە لە ئەخلاق بەڵام کورد بەپێچەوانەی هەموو نەتەوەکانی جیهان ئەرکی بەئەخلاقکردنی هەموو دنیا و فەزیلەتمەندکردنی مرۆڤایەتی گرتووەتە ئەستۆی خۆی و دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی جیهانی و کۆنفیدڕالیزمێکی دیموکراتیک بۆ هەموو مرۆڤایەتی بونیاد بنێت. ئەمە خۆی تێنەگەیشتنە لە واقیعی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
گرنگی دەوڵەت-نەتەوە و سەروەری سیاسی:
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بوونی دەوڵەت یان حکومەتێکی فەرمی پێوەری سەرەکییە بۆ سوبێکت بوون لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی. واتە توانای کۆنترۆڵی خاک، هەبوونی خاکێکی دیاریکراو، دانیشتوانی سەقامگیر و دەستنیشانکراو و حوکمڕانییەکی کاریگەر کە ڕێی پێ دەدات بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی بڕیار بدات یاساکان جێبەجێ بکات.
بەبێ ئەمانە ئەگەر هێزەکان زۆر ئەخلاقی و مۆراڵبەرز و پێشکەوتنخوازیش بن وەک ئۆبژەی سیاسەت دەمێننەوە و ناتوانن بڕیاری سەربەخۆ بدەن یان دانوستان بکەن لەگەڵ زلهێزەکاندا. بۆ نموونە لە بابەتی سوریادا ئەحمەد جۆلانی کۆنە تیرۆریست کە داواکراوی ئەمریکا بوو، ڕەوایەتی و هێز و دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە لەگەڵ ئیسرائیل دانوستان بکات و هەموو بەرزاییەکانی گۆلان (جۆلان) بدات بە ئیسرائیل و هەروەها واژۆ بکات کە تا ٥٠ کیلۆمەتری دیمەشقیش هیچ چەک و چۆڵێک بەکار نەهێنرێت و بە فەرمی باڵادەستی ئیسرائیل بەسەر ئەو ناوچانەدا قەبووڵ بکات بەڵام مەزڵوم عەبدی ناتوانێت بڕیار لەسەر چارەنووسی قامیشلۆ و حەسەکەش بدات تەنانەت لە چوارچێوەی سوریایشدا.
ئەحمەد شەرعێک کە مرۆڤێکی داعشی و جیهادییە و دژی هەموو بەها نێودەوڵەتی و ئازادییەکانە و مەزڵوم عەبدییەکیش کە لەباتی هەموو دنیا شەڕی تیرۆریزمی کرد و بۆ بەها ئینسانییەکان نزیک ٢٠،٠٠٠ شەهیدی پێشکەشی پاراستنی ئازادی کرد. بۆچی؟ چونکە ئەحمەد شەرع خاوەنی دەوڵەتە و کورد پاژێکە لەو دەوڵەتەی کە ئەحمەد شەرع سەرۆکیەتی و کورد ناتوانێت هیچ پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی واژۆ بکات و بەردەنگی دەرەوە (یان سوبژەی سیاسی) ئەحمەد شەرعە نەک مەزڵوم عەبدی (مەزڵوم ئۆبژەی سیاسەتە). لێرەیە بایەخی دەوڵەت-نەتەوە و سەروەری سیاسی دەردەکەوێت کە کوردەکان لەگەڵ ئەوە خواستی ڕەوایان هەیە مرۆڤگەلی ئەخلاقی و خەباتێکی پێشکەوتنخوازانەیان هەیە بەڵام چوون وڵاتی سەربەخۆیان نییە بەردەنگی نێودەوڵەتی نین و وەک ئۆبژەی سیاسی ماونەتەوە بەڵام ئەحمەد شەرعی تیرۆریست کە ڕابردووی جیهادی و مرۆڤکوژی و ئەندامییەتی لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و جەبهەتونوسرە و داعش و… هەیە دەبێتە بەردەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سوبژەی سیاسەت چون خاوەنی دەوڵەت و سەروەری سیاسییە.
بۆچی ئایدیۆلۆژیای پەکەکە بوو بە ژەهری سیاسی بۆ کوردی ڕۆژئاوا؟
١- یەکەم، دژایەتی دەوڵەت-نەتەوە و سەروەری سیاسی (هەڵبەت تەنیا کوردی) = نکۆڵیکردن لە سوبژە بوون و خۆ بە ئۆبژە کردنی ئەحمەد شەرع و گرووپە تیرۆریستییەکان. پەکەکە و ئۆجالان دەوڵەتسازی ڕەت دەکەنەوە و هەرجۆرە سەروەرییەکی سیاسی لە بنەڕەتدا بە ستەمکاری دەزانن کە لە ئاکامدا سەرەڕای ئەوە کە کوردی ڕۆژئاوا دەسەڵاتیان هەبوو بەڵام چوون سەروەری سیاسییان نەبوو و بەپێی فەلسەفەی ئاپۆ دژی کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیکە، ئەوان نەبوونە بابەتی سیاسەتی فەرمی و لە دانیشتنە جیهانییەکاندا هیچ نوێنەرایەتییەکیان نییە و ئەحمەد شەرع و کۆنە داعشییەکانی دوێنێ و دیپلۆماتەکانی ئەمڕۆ وەکوو سەرۆکی هەموو سوریا و نوێنەری یاسایی هەموو سوریا بەشداری کۆبوونەوە جیهانییەکان دەبن و ئەمانیش هێشتا لەبیری ئەخلاقمەندکردنی جیهان و گۆڕینی نەزمی نێودەوڵەتی و دژایەتی دەوڵەت-نەتەوەی کوردین. واتە بەدەستی خۆیان خۆیان ئیفلیج کردووە.
٢- دووەم، لە فەلسەفەی ئاپۆدا ئەخلاق جێگای ستراتیژی گرتووەتەوە
کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییە تا پڕۆژەیەکی جیۆپۆلیتیکی و سیاسی. بەڵام سوریا گۆڕەپانی ململانێی ئەو زلهێز و هێزە ناوچەییانەیە کە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوەن نەک تاقیگەی فەلسەفەی سیاسی. لە وەها گۆڕەپانێکدا هەر کەسێک دەوڵەت و سەروەری نەوێت و دژایەتی بکات بەدڵنیاییەوە لەنێودەچێت.
٣- زلهێزەکان خۆیان خاوەنی دەوڵەت-نەتەوەن و لە ئەساسدا دژی ئایدیۆلۆژیای پەکەکەن. ئایدیۆلۆژیای پەکەکە تەنیا پرسێکی کوردی ڕۆژئاوا نییە بەڵکو بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکەن کە پڕۆژەیەکە بۆ گۆڕینی نەزمی جیهانی و نەهێشتنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی وێستفالی و نەهێشتنی سنوورە کلاسیکەکان لە هەموو دنیادا هەیە!! بۆیە تەنانەت ئەگەر شەڕی داعشیشیان کردبێت و زۆریش پێشکەوتنخواز و مرۆڤدۆست و ئەخلاقمەند بن هێشتا خۆیان هەڕشەن بۆ سەر نەزمی نێودەوڵەتی.
هەروەها بابەتێکی زۆر ستراتیژیک و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی کە لە دۆکتۆرینی دەوڵەتی ئەمریکا بە ڕێبەرایەتی دۆناڵد ترامپ و هەروەها دەوڵەتی ئیسرائیل بە ڕێبەرایەتی بنیامین نەتانیاهۆ هاتووەتە ئاراوە و بووەتە هۆکاری گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و تیۆرییە نێودەوڵەتییەکاندا ئەوەیە کە لە دۆکتۆرینی هەردووکیاندا بڕوایان وایە کە ئاشتی لەڕێگای هێزەوە دەستەبەر دەکەن و هیچ حیسابێک بۆ بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناکەن و ئەمە دەبێت کورد بە بایەخەوە سەرنجی بدات و واز لە خەونە شاعیرانەکان و بە تاقیگە کردنی کوردستان بۆ تاقیکردنەوەی فەلسەفە سیاسییەکان بێنێت و هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە بۆ مافی سەروەری سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
پێچەوانەی هەموو یاسا نەنووسراوەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی، پەکەکە بە فەلسەفەکەی دەیویست مرۆڤی باشتر دروست بکات بەڵام لە سیاسەتی جیهانیدا تەنیا شتێک پێشوازی لێ دەکرێت ئەکتەری بەهێزی دەوڵەت-نەتەوەیە نەک مرۆڤی باش و ئەخلاقتەوەر.
دەڵێن سیاسەت لە چرکەیەکدا دەست پێ دەکات کە هێزێک بتوانێت بڵێت “من بڕیاری کۆتایی دەدەم” ئێستا بڕیاری کۆتایی بەپێی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان لای ئەحمەد شەرعە و ئەوە کە خاوەنی دەوڵەت-نەتەوەیە. وەک چۆن کارل شمیت دەڵێت “حاکم کەسێکە کە لە دۆخی ئاوارتەدا بڕیار دەدات”.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی بەفرەنباری ٢٧٢٥ی کوردی
ڕەحیم نژاد، ماردین (٢٠٢٥): ئەو “ژەهرە سیاسییە”ی دەرخواردی کوردی ڕۆژئاوا درا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]
ئێران، بەربەستی ترس
ئێران، بەربەستی ترس هێلینا باوەرنفایند نووسراوەی خاتوو هێلینا باوەرنفایند شیکارییەکی قووڵ و ڕیالیستانە بۆ دۆخی ئێران پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ڕوانگەی "زانستی سیاسی" و "مێژووی شۆڕشەکانەوە" سەیری بابەتەکە دەکات. ئێران، بەربەستی [...]
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت ئاراکۆ هەڵوێست دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند [...]
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن دڵشاد عەنایەتی لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی گەورەدایە. [...]
سنوورەکانی زمان
سنوورەکانی زمان دانا حەمید سنوورەکانی زمان پرسیاری «بۆچی مرۆڤ دەست بە ناونانەوەی جیهان ناکات؟» لە ڕواڵەتە سادەکەیدا، یەکێک لە بنەڕەتیترین گرێکوێرە فیکرییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە تەنها پەیوەست نییە بە [...]
ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!
ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! مەسعوود بابایی ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! داوای ئەرک لە کەسێک بە ناوی ڕووناکبیر لە جیهانی سێیەم و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەڵبژاردنی [...]







