بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)

ڕەحیم سورخی

بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)

بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم دامەزراوانە چەندین دەیەیە خزمەتی ستاندارد کردن، پەرەپێدان و فێرکردنی یەک زمان دەکەن لە ئێراندا.  ئەمە دەربڕی ئەو ڕاستییە یە کە زمانی بەناو نیشتمانی وڵاتی ئێران کە فارسییە، نەک هەر بابەتی توێژینەوە ئەکادیمییەکان، بەڵکوو بە ڕەسمیش ناسراوە  و  لە ڕێی سیاسەتە زمانییەکانەوە بە هێز کراوە و لە بوارەکانی یاسا، پەروەرە و فێرکردن، بەڕێوەبردنی گشتییەوە پێگە، هێز و کاریگەریی ئەو زمانە بەسەر زمانەکانی دیکەدا زاڵ کراوە. ئەمەش بۆ ئەوە بووە کە زمانی کوردی و زمانە پەراوێزخراوەکانی دیکەی نەتەوە بێ دەسەڵاتەکان لە ئێراندا، بەکارهێنانێکی لاواز و کەم کەڵکیان هەبێت. سیاسەتە زمانییەکانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکەکانی ئێران لە پێکهاتنی دەوڵەتی مۆدێرنەوە، هەوڵیان داوە، زمانی نەتەوە پەراوێزخراوەکان بۆ بوارە تایبەتەکانی وەک خێزان و کۆمەڵ سنووردار بکەن و بەم شێوەیە لە بایەخیان بخەن.  هەر بۆیە، زۆربەی ئاخێوەرانی زمانە کەم دەسەڵاتەکانی وەک کوردی لە ئەنجامدا بۆ پێشکەوتن و دەست ڕاگەیین بە پلە بەرزە پیشەیی، زانستی و کارگێڕییەکان بەرەو زمانی زاڵ دەچن و زمانی خۆیان دەگۆڕن. کەوابوو لە ئەنجامی پلەبەندییەکی زمانییەوە، کولتوور و زمانی یەک نەتەوە زاڵکراوە و نایەکسانییەکی کۆمەڵایەتیی مێژووییشی لێکەوتووەتەوە. ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکەش هەر وەک زمانەکەیان کەوتوونەتە پلەبەندییەک لە پێگەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، پیشەیی، زانستی و بە گشتی خراونەتەوە پەراوێزەوە. هەر بۆیە، بواری مافە زمانییەکان وەڵامێکە بۆ ئەم پێڤاژۆیە کە زمانەکان و ئاخێوەرەکانیان دەخاتە دۆخێکی نایەکسانەوە.

جگە لە چالاکانی بواری زمان، یەکێک لەو لایەنانەی کە لە پێگەیەکی سیاسییەوە لەگەڵ دەوڵەت یان ئیلیت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوە و زمانی زاڵ لە ئێراندا پرسی مافی زمانی دەخەنە بەرباس، حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانن. هەر بۆیە،  شتێکی زۆر سەرەتایی بۆ کادرێکی سیاسیی ھەر حیزبێکی کوردستانی کە دەبێت بیزانێت، جا چ بگات بە وتەبێژ یان بەرپرسانی سەرەوەی حیزبەکە، ئەوەیە کە مافی زمانی خۆی بناسێت: واتە، “هەر ئاخێوەرێکی ڕەسەنی کورد بتوانێت بێ هەڵاواردن پێی بدوێت، پێی بخوێنێت، لە دامەزراوە ڕەسمییەکانی حکومەت، دادگاکان و پانتای گشتیدا بەکاری بهێنێت و بەو زمانە خزمەتی بکرێت، و میراتی زمانییەکەشی بپارێزێت و پەرەی پێ بدرێت”. بۆ ئەوەی زمانێک بتوانێت ئەم پێویستییانەی پێ دابین بکرێت، دەبێت وەک مافێکی ئاستی زۆرینە(حداکثری)  لە هەر شێوازێکی حوکمڕانیدا پێداگری لەسەر بکرێت. ئەمە لە بنەڕەتدا وەک مافێکی کولتووری دانراوە، بەڵام چونکە گرێداری شوێن(جوگرافیا) و کۆمەڵگەی ئاخێوەرەکانێتی، بە قووڵی سیاسییە، و پێویستە بکرێتە بنەمایەکی سیاسی تا ستاتۆیەکی لەسەر بنیاد بنرێت. هەر زمانێک کە پێگە و پریستیژێکی سیاسی وەرنەگرێت، شانسی مانەوەی کەم دەبێت.  هەر بۆیە، «زمانی سەرەکیی ڕەسمی لە کوردستان دەبێت کوردی بێت». “زمانی گەیەنەر و کارپێکەر”(medium)بۆ ھەموو بابەتەکان لەم پەروەردە، زانکۆ، کاروباری یاسایی و کارگێڕی دەبێت کوردی بێت». زمانەکانی دیکە دەکرێت «وەک بابەتێک”(subject) لە تەنیشت زمانی کوردی بخوێندرێن، تەنانەت ئەگەر ڕەسمییش بن. لەوانەیە، تەنانەت بە ھۆی ھێندێک ناوچەی تێکەڵاوی کورد و تورک، زمانی ھەڵبژاردە بۆ ئەوەی وەک بابەتێک بخوێندرێت، تورکیی ئازەری بێت نەک فارسی. دیارە، ئەوە بەواتای پشتگوێخستنی فارسی نییە، بەڵکوو پێویستییە تاکی و کۆمەڵایەتییەکانی تێکەڵاوی جەماوەری، ئابووری، کار و دەرفەتەکانی ژیانی پێکەوەیی کورد و ئازەرییەکان لەیەک شاردا وا دەخوازێت.

زۆرجاران  وتە بێژی حیزبی دیموکرات لەبارەی مامڵە لەگەڵ زمانی فارسیدا، وەک کێشەیەک لەگەڵ لایەنە فارسییەکان لە زێھنییەتێکی ناوەندگەرایانەوە دەڵێت:«ئێمە دەڵێین زبانی فارسی زبانی ھاوبەش(مشترک) بێت لەگەڵ ھەموو ئێرانییەکان. لە تەنیشت ئەوە زبانی کوردیش دەخوێندرێت». ئەم پێکهاتە زمانییە، تەنیا بە بەکارهێنانەوەی “لە تەنیشت ئەوە[فارسی] زبانی کوردیش دەخوێندرێت”، زمانی کوردی جارێکی دیکە خستووەتەوە پەراوێز. هەرچەند ئەمە خۆی پێچەوانەی بڕگەی ١ی مادەی ١٩ی ئەساسنامەی حیزبەکەشێتی، بەڵام بەگشتی،  بڕیاردان و دیاریکردنی ئەوە، کاری وتەبێژی حیزبێک نییە، ئەوە دەبێت بە پێی ڕێککەوتن و بڕیاری ھاوبەشی دەزگا یان ناوەندێکی ڕەوا(مشروع)ی کوردستانییەوە بێت. بەکورتی و لە کۆتاییدا، لە گوتار و زمانی سیاسیدا،  دەبێت بزانرێت کە پێکھاتە زمانییە دەربڕاوەکە نوێنەری زێھنییەتی ئاخێوەرەکە و ئەو پێگەیەیە لێیەوە دەدوێت. چونکە ھەموو مرۆڤێک چەندین فۆرم و بژاردەی جیاوازی زمانیی بۆ یەک مەبەست ھەیە بەکاریان بھێنێت. لەسەر ئەو پێکھاتە زمانییانەی دەریان دەبڕێت گوتارەکەی شی دەکرێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٦):بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە). بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن

لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن

لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن دڵشاد عەنایەتی لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی گەورەدایە. [...]

  • سنوورەکانی زمان

سنوورەکانی زمان

سنوورەکانی زمان  دانا حەمید  سنوورەکانی زمان پرسیاری «بۆچی مرۆڤ دەست بە ناونانەوەی جیهان ناکات؟» لە ڕواڵەتە سادەکەیدا، یەکێک لە بنەڕەتیترین گرێکوێرە فیکرییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە تەنها پەیوەست نییە بە [...]

  • ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!

ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!

ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! مەسعوود بابایی ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! داوای ئەرک لە کەسێک بە ناوی ڕووناکبیر لە جیهانی سێیەم و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەڵبژاردنی [...]

  • بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات...

بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات…

بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... ئازاد نارستی بوودجەی ١٤٠٥! بنیاتنان لەسەر وێرانەکانی ئابووریی وڵات... بوودجەی ساڵی ١٤٠٥ لە لایەن مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ڕێژیمی ئێرانەوە، لە کاتێکدا ڕەوانەی پەرلەمان [...]

  • عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا

عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا

عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا ئاگری ئیسماعیل‌نژاد عوسمانلی، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەهاری عەرەبی، سەرەتای بناغەی ڕەوتێکی نوێی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بوو؛ سیاسەتێک کە تێیدا تیۆریی "گرژیی سفر"ی ئەحمەد داودئۆغلوو وەلا نرا و [...]

  • سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد

سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد

سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد لوقمان قەنبەری  سەردەمی سوبژێکتیڤیتیی جیۆپۆلیتیکی کورد ئەمڕۆ جیهانگیری تێگەیشتنی ئێمەی لە سیاسەت و سروشتی کارلێکی نێوان ئەکتەرەکان لە گۆڕەپانە سیاسییەکاندا بە تەواوی گۆڕیوە. لە ڕوانگەی نەریتیی سیاسەتدا [...]