بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟

بێوار ڕەسوول

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان بڵاو بووەوە، کە نووسەرێکی پڕکار و چالاکی باکووری کوردستان بوو، بەهۆی چالاکییە فەرهەنگییەکانی لە باکووری کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە دوچاری زیندان و ئازار بووەتەوە، بە ناچاری ڕووی لە وڵاتی سوێد کردووە و لەوێ درێژەی بە چالاکییەکانی داوە. ئەم نووسەرە، هەموو بەرهەمەکانی بەئەلفوبێی کوردی بە پیتی لاتینین و هەندێكیشی بە زمانی تورکین، بە دەگمەن نەبێت هیچ بەرهەمێکی نەخراوەتە سەر ئەلفوبێی کوردیی هەموارکراو لەسەر پیتە عەرەبییەکان، بۆیە ئێمە لە باشوور ئەم نووسەرە گەورەیەی باکوور وەک پێویست ناناسین. بوونی دوو ئەلفوبێ بۆ نەتەوەیەک، کارێکی کردووە کە ئێمە لە ڕووی فەرهەنگییەوە لە یەک داببڕێین. کوردی باکوور، ئاگای لە کوردی باشوور نییە و بەرهەمی یەکدیش ناخوێننەوە. بە تایبەت کوردی باکوور ئەوەندە لە ئێمە دابڕاون، بۆیان زەحمەتە ئەم پیتە عەرەبییانە فێر بن، تەنانەت ناتوانن ناونیشانی کتێبەکانی ئێمە بخوێننەوە کە بە لێشاو لە باشوور چاپ دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە. لێرەدا بە ڕوونی دیارە، بێجگە لە بەربەستە جوگرافی و سیاسی و جیاوازییە لەهجەیییەکان، بوونی دوو ئەلفوبێ بۆ نووسین جارێکی دی کوردی زیاتر لە یەک دابڕیەوە.   

دەکرێ ئەم پرسیارە بکەین ئەم دابڕانە بۆچی ڕوو دا؟ کامە ئەلفوبێ بۆ زمانی کوردی گونجاوترە؟ پرسی گۆڕینی ئەلفوبێ، زیاتر پرسێکی ئایدیۆلۆجییە هەتا زمانەوانی، تەنانەت گۆڕینی ئەلفوبێ لە عەرەبییەوە بۆ لاتینی لە تورکیا لە لایەن کەمال ئەتاتورکەوە، ئەویش زیاتر بە مەبەستی ئایدیۆلۆجیایەکی دژ بە ئیسلام بوو، نەک پێویستیی زمانەکە بووبێت، ئەمە هەرچەندە ئەلفوبێی عەرەبی کە بە سەدان ساڵ زمانی تورکیی عوسمانی پێ نووسراوە بێ کەموکووڕی نەبووە، بەڵام ئەم کەموكووڕییانە دەکرا چارەسەر بکرێن.

ئەگەر ئێمە دوور لە ئەجێندای ئایدیۆلۆجی و بە زانستی سەیری ئەلفوبێ بکەین، ئەلفوبێ تەنیا ئامرازی نووسینە و هیچ پەیوەندیی بە زمانەوانییەوە نییە، پەیوەندیی بە مۆدێرنبوون و پێشکەوتن و پاشکەوتنەوە نییە، دەکرێ هەموو ئەلفوبێیەک بۆ زمان هەموار بکرێ، ئەمە ئەلفوبێی عەرەبی و لاتینی و کریلی بۆ زمانی کوردی هەموار کراوە. پەیوەندیی بە دژایەتیی دینەوەش نییە، بە هەموو ئەلفوبێیەکیش دەکرێ کتێبە دینییەکان بخوێنرێنەوە، ئەلفوبێ ڕێگر نییە بۆ تێگەیشتن لە دین. کەواتە بۆچی ئەلفوبێ دەگۆڕدرێ بۆ لاتینی؟

 ئەلفوبێی عەرەبی بەدرێژاییی مێژوو ئەلفوبێیەکی سروشتیی زمانی کوردی و زمانی زۆربەی گەلانی موسڵمان بووە، هەر گەلێکی موسڵمان مێژووێکی لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم ئەلفوبێ عەرەبییە هەیە، چ وەک خوێندنەوەی کتێبە دینییەکان، هەروەها وەک ئامرازێكیش بۆ نووسینی ئەدەبیات بە زمانی خۆیان. گەلی کورد، هەرچی ئەدەبیاتی کلاسیکی هەیە بەم ئەلفوبێیە نووسراون؛ دوای هاتنی چاپ و دەرکەوتنی خوێندن بە زمانی نەتەوە، بەتایبەت لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، کاتێک ویلایەتی مووسل واتە باشووری کوردستان بە عێراقەوە لکێندرا، ڕێگە درا بۆ یەکەمجار، کوردی بکرێ بە زمانی خوێندن لە قوتابخانەکان، بۆیە هەوڵ درا ئەم ئەلفوبێیە بۆ سیستەمی دەنگسازیی زمانی کوردی هەموار بکرێ. ئەم هەموارکردنە، ئاسانکارییەک بوو بۆ باشتر خوێندنەوە و نووسین بە کوردیی ناوەندی، بەتایبەت کێشەی هەندێک ڤاوڵ و کۆنسۆنانتی چارەسەر کرد وەک ڤاوڵی ێ، ۆ، کۆنسۆنانتی وەک ڵ، ڕ، ڤ پیتیان بۆ هەموار کرا، ئیدی ئەم ئەلفوبێیە بوو بە ئەلفوبێیەکی کوردی، بەڵام لە سەر پیتە عەرەبییەکان هەموار کرا نەک پیتی ئارامی، بۆیە ئەمە ڕاست نییە بەم ئەلفوبێ عەرەبییە دەگوترێ ئەلفوبێی ئارامی، ئەمە هەرچەندە عەرەب لە ئەسڵدا ئەم خەتە عەرەبییەیان لە ئارامی وەرگرتووە و هەمواریان کردووە، بەڵام ئێمە عەرەبییەکەمان هەموار کردووە نەک ئارامی.

ئەم هەموارکردنەی ئەلفوبێ، ڕێنووسێکی کوردی لێ بەرهەم هات کە دواتر لە ماوەی سەدەیەکدا خوێندن لە باشوور بەم ڕێنووسە کوردییە، گەشەکردنێکی گەورەی زمانی کوردی لەگەڵ خۆی هێنا، ئێستا زۆرترین بەرهەمی فەرهەنگی کوردی لە بابەتی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی، … بەم ئەلفوبێیە نووسراونەتەوە، کە گونجاوترین ئەلفوبێیە بۆ زمانی کوردی. ئەگەر هاوکات کوردی باکووریش هەمان هەنگاویان هەڵێنابایە بۆ هەموارکردنی ئەلفوبێی عەرەبی بۆ کوردیی باکوور، ئێمە ئێستا پێکەوە دەبووین بە خاوەنی یەک ڕێنووسی یەکگرتوو، ئەم ڕێنووسە یەکگرتووە بەردی بناغەی یەکێتیی زمانی کوردی و نەتەوەی کورد دەبوو، ئەمە هەرچەندە کە جیاوازیی لەهجەمان هەبوو، بەڵام ئەم ڕێنووسە یەکگرتووە بە زمان و ئەدەبیات ئێمەی زۆر لە یەک نزیک دەکردەوە، تووشی ئەم هەموو کێشە و بەربەستە نەدەبووین کە ئێستا ڕووبەڕوومان بووەتەوە و وزەیەکی زۆر لە هەردوو لا بە فێڕۆ دەدات. دەبێ دیوانی هەر شاعیرێکی کورد بە هەردوو ئەلفوبێ بێ چاپ بکرێن، هەرچی گۆڤار و ڕۆژنامە و چاپکراوی کوردی باشوور هەیە کە بە هەزارانە، جارێکی دی هەموو بخرێنەوە سەر ئەلفوبێی لاتینی هەتا کوردی باکوور لێی ئاگادار بن کە بزانن ئێمە لە باشوور چیمان بەرهەم هێناوە. دوای تێپەربوونی سەدەیەک بە سەر ئەم گۆڕینە، ئەمڕۆ دەکرێ بڵێین، ئەم گۆڕینە بۆ لاتینی لە لایەن کوردی باکوورەوە، بە ناڕەوا جارێکی دی کوردی دابەش کردەوە، ئەمجارە دابەشبوونێکی قووڵتر کە نەتوانین بەرهەمی یەکدی بخوێنینەوە.

لە بیستەکانی سەدەی بیستەمدا، ڕوانگەیەکی نازانستی لای زۆرینەی نوخبەی ڕۆشنبیرانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەلفوبێ هەبوو، کە پێیان وا بوو دواکەوتنی گەلانی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەختیی ئەم ئەلفوبێیە عەرەبییە، کە کۆسپە لەبەردەم ئاسانکاریی فێرکردن؛ هەر لەم سەردەمەشدا ڕۆشنبیران بە شارستانیەتی ڕۆژئاوا زۆر سەرسام بوون، پێیان وابوو گەلانی ڕۆژهەڵات ئەگەر بیانەوێ وەک ڕۆژئاوا پێش بکەون بە مۆدێرن بن، دەبێ شارستانیەتی ڕۆژئاوا کۆپی بکەنەوە، کە لە پێشترین هەنگاوی بەمۆدێرنبوون و بەڕۆژئاوابوون، گۆڕینی ئەلفوبێی عەرەبی بوو بۆ لاتینی. سەرەتای ئەم گۆڕینە لە ناو تورکەکانی ئاسیای ناوەڕاست دەستی پێ کرد، لە ساڵی له‌ ساڵی 1926  کۆنگره‌یەکی تورکناسییان له‌ باکۆ بەست و پێکەوە بڕیاریان دا ئەلفوبێی هەزار ساڵەی عەرەبی بگۆڕن بۆ لاتینی، بە هەمان ڕەوت و بە ئامانجی دابڕینی تورک لە ڕابردووی ئیسلامی خۆی، کەمال ئەتاتورکیش دوو ساڵ دواتر ئەم بڕیارەی بە سەر تورکەکان سەپاند و لە ساڵی ١٩٢٨ ئەلفوبێی زمانی تورکیی عوسمانی لە عەرەبییەوە گۆڕی بۆ لاتینی. ئەم گۆڕینە کوردەکانی باکووریشی گرتەوە و بوو بە هاندەرێک بۆ خوالێخۆشبوو جەلادەت بەدرخان، چوار ساڵ دواتر، لە ساڵی ١٩٣٢ هەمان گۆڕینی ئەلفوبێ ئەنجام بدات، کە ئەوسا لە شام گۆڤاری هاواری دەکرد؛ بۆ ئەم مەبەستە سەفارەتی فەرەنسی لە ڕووی داراییەوە هاوکارییان کردووە و ڕێنماییان پێ داوە کە لەسەر ئەم بەلاتینیکردنە بەردەوام بێت. چەند بەڵگەنامەیەک بەمدواییە دەرکەوتوون ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن کە ئەم گۆڕینە پشتیوانی و هاندانی کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی لە پشت بووە؛ هاوکات جەلادەت بەدرخان، وەک ئەتاتورک لە ژێر کاریگەریی مۆدێرنیتە و کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بووە، ئەویش پێی وابووە لاتینی ئاسانکاریی خوێندەواری دەکات و کۆمەڵگە بە مۆدێرن دەکات، بۆیە ئەویش ڕاستەوخۆ ئەم هەنگاوەی هەڵێنا بەبێ ئەوەی حسیاب بۆ ئەم هەموو مێژووە بکات کە کورد لەگەڵ ئەلفوبێی عەرەبی هەیەتی، بەتایبەت ئەم دوو بەشەی دیکەی کوردستان، باشوور و ڕۆژهەڵات کە ئەلفوبێیان عەرەبییە. لە گۆڕینی ئەلفوبییەکەش هەمان ئەلفوبێێ تورکی هەموار کرد، تەنیا بە چەند پیتێك جیاواز بوو. ئیدی ئەم گۆڕینە، سەرەتای ئەم دابڕانە قووڵە بوو لە نێوان باکوور و باشوور کە میللەتی کوردی لە ڕووی فەرهەنگییەوە کرد بە دوو لەتەوە، ئەوە ئەمڕۆ نووسەرێکی ناسراوی وەک محەمەد بۆزئەسەلان وەفاتی کردووە، کەس ئاگای لە کارەکانی نییە، چونکە هەموو بەرهەمەکانی بە ئەلفوبێی لاتینی بوون.

ئەگەر ئەمڕۆ لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە لەم گۆڕینی ئەلفوبێیە بڕوانین، دەتوانین باشتر لە ڕابردوو و ئێستا تێ بگەین، ئەگەر کوردی باکوور نەکەوتبانە ژێر کاریگەریی چاکسازییەکانی ئەتاتورک، دەیانتوانی ئەم ئەلفوبێ کوردییە بکەن بە کەرەستەی خەبات دژ بە داگیرکاری و ستەمکاریی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام تەواو بەپێچەوانەوە، کوردی باکوور چەندە لە ژێر حوکمڕانیی کەمالیزم چەوساوە بوون، کەچی نەیانتوانیوە خۆیان لە کاریگەریی ڕیفۆرمە ساختەکانی ئەتاتورک ڕزگار بکەن و بگەڕێنەوە بۆ ڕەسەنایەتیی خۆیان، بۆ ئەلفوبێیەک کە داستانی مەم و زینی خانی و شیعرەکانی مەلای جزیری و فەقێ تەیران و مەلای باتەیی پێ نووسراوە، ئەدەبیاتێکی کوردی کە سەدان ساڵە لە نێو قاڵبی ئەم ئەلفوبێیە گەشەی کردووە و شێوە و شکلی خۆی وەرگرتووە، کەچی ئەوان هاتن بەم لاتینییە تورکییە، هەموو شیعرەکانی ئەم شاعیرانەیان بە ئەلفوبێی لاتینی نووسییەوە کە پیتی ح، ع، غ تێدا نییە، بەبێ ئەم پیتانە ناوەڕۆکی شیعرەکانیان شێواند و ماناکانیان گۆڕی. ئەمە بەرهەمی گۆڕینی ئەلفوبێ بوو بۆ کوردی باکوور، هەروەها پێیان وابوو بەم ئەلفوبێ لاتینییە پێش دەکەون، کەچی هیچ پێش نەکەوتن زیاتر لە دواوە مان.

ئەلفوبێی لاتینیی ئەتاتورک گەورەترین زەربەی لە میللەتی تورک داوە، ئەمڕۆ تورکێک ناتوانێ مێژووی چوار سەد ساڵەی عوسمانی بخوێنێتەوە، دەبێ بە ملیۆنان بەڵگەنامەی عوسمانی (نزیک بە ٢٠٠ ملیۆن بەڵگەنامە) جارێکی دی هەمووی بکرێنەوە بە لاتینی. ئەگەر لە ژیریی دەستکرد پرسیار بکەین چەند لەم بەڵگەنامانە خراونەتەوە سەر لاتینیی تورکی؟ سەد ساڵە خەریکن تەنیا پەنجا هەزار بەڵگەنامە کراون بە لاتینی، کە دەکا لە ١٪ ی ئەم هەموو بەڵگەنامە زۆر و زەوەندانە. ئەمە دابڕان و پچڕانێکی یەکجار قووڵ و کارەساتبارە بۆ تورکێک لەگەڵ ڕابردووەکەی، گەورەترین شێواناندنە بۆ میراتی فەرهەنگی و ناسنامە و مێژووی تورک کە ئەم گۆڕێنە وای لێ کردووە هەموو مێژووەکەی سەد ساڵێک بێت نەک چوار سەد ساڵ. ئەمە گوایە ئەتاتورک هات چاکسازی بۆ میللەتی تورک بکات، کەچی گەورەترین کارەساتی بۆ تورک و بۆ کوردیش هێنا. خۆشبەختانە فارس هۆشیارتر بوون خۆیان لەم جەهلە بە ناوی ئەلفوبێی لاتینی پاراست، مێژوو و کولتووری خۆیان دوچاری ئەم دابڕانە قووڵە نەکرد کە گوایە بە بەکارهێنانی لاتینی کۆمەڵگەکەیان بە مۆدێرن دەکەن و پێش دەکەون، دەبن بە ئەوروپی، کە هەمووی ئەفسانە و درۆی شاخدار بوون بە ئەلفوبێی لاتینییەوە هەڵواسرا بوون، گوایە لاتینی فریادڕەسی میللەتانی ڕۆژهەڵاتە لە نەخوێندەواری و نەفامی. ئەوە ئەمڕۆ بە عەمەلی ئیسپات بووە کە ئەم تێزانە هیچیان زانستی نەبوون، پێشکەوتنی گەلانی ئاسیا وەک یابان و چین و کۆریا و و ڕووسیا بە چەند ئەلفوبێیەکی غەیری لاتینی، ئەو ڕاستییەی سەلماند که‌ ئه‌لفوبێ ڕێگر نییه‌ له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنی هیچ میلله‌تێک، مرۆڤ دەکرێ بە هەر ئەلفوبێیەک بێت پێش بکەوێت، پێشکەوتن پێویستی بە گۆڕینی هزرە نەک گۆڕینی ئەلفوبێ، بۆیە ئەم گۆڕینەی ئەلفوبێ لە تورکیا و ئاسیای ناوەڕاست لە بەرژەوەندیی گەلانی ڕۆژهەڵات نەبوون، ئەمانە چەند هەوڵێکی کۆلۆنیالیزمی غەربی بوون بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی فەرهەنگیی خۆیان بە سەر میللەتانی ڕۆژهەڵاتدا.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕەشەمەی  ٢٧٢٥ی کوردی

ڕەسسول، بێوار (٢٠٢٦):بۆچی وەفاتی محەمەد بۆزئەرسلان لای کوردی باشوور دەنگدانەوەی نەبوو؟. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیی دا (مافی زمانی بە نموونە)

بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە)

بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) ڕەحیم سورخی بژاردە زمانییەکان لە گوتاری سیاسیدا(مافی زمانی بە نموونە) بۆ بەڕێوە بردنی سیاسەتی زمانی لە ئێران دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی دامەزراون. هەموو ئەم [...]

  • کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا

کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا

کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا شەهلا دەباغی کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا ڕاپۆرتەکان، بەڵگە و فیلمی کوشتاری دەیان هەزار ئینسان لە گەنج و لاو، پیر و منداڵ، چەندین ئەندامی بنەماڵە پێکەوە، [...]

  • ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام

ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام

ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام ناوەندی توێژینەوەی ئاجێندا نێکسوس وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور ئێران – جووڵێنەرە سیاسییەکان، گرژیی ئەتنیکی و، ڕێگای بەرەو بەڕێوەبەریی بەردەوام کورتە ئێران [...]

  • هێرشکردنە سەر ئێران ئایا ڕۆژانی پێنجشەممە مێژوو دەنووسرێت؟

هێرشکردنە سەر ئێران ئایا ڕۆژانی پێنجشەممە مێژوو دەنووسرێت؟

هێرشکردنە سەر ئێران ئایا ڕۆژانی پێنجشەممە مێژوو دەنووسرێت؟ هێلێنا باوەرنفایند هێرشکردنە سەر ئێران ئایا ڕۆژانی پێنجشەممە مێژوو دەنووسرێت؟ هەندێک ڕستە هەن وەک ڕاپۆرتی کەشوهەوا وان، تەنیا جیاوازییان ئەوەیە لەبری پەستانی نزم، [...]

  • کرماشان، مێژوو و ناسنامە

کرماشان، مێژوو و ناسنامە

کرماشان، مێژوو و ناسنامە سدیق بابایی کرماشان ١ـ مێژوو ٢ـ ناسنامەی ڕەگەزی ٣ـ پێگەی سیاسی، ئایینی و نفووس ٤ـ هەڵکەوتی ستراتیژیک ٥ـ کرماشان؛ تاکە مەڵبەندی پیشەسازی لە کوردستان ٦ـ دەوری ئابووری [...]

  • لە نێوان ڕاپەڕین، پەرەسەندن و دیپلۆماسیدا ئێران لە چەقی گرژییە جیهانییەکاندا

لە نێوان ڕاپەڕین، پەرەسەندن و دیپلۆماسیدا ئێران لە چەقی گرژییە جیهانییەکاندا

لە نێوان ڕاپەڕین، پەرەسەندن و دیپلۆماسیدا ئێران لە چەقی گرژییە جیهانییەکاندا هێلێنا باوەرنفایند لە نێوان ڕاپەڕین، پەرەسەندن و دیپلۆماسیدا ئێران لە چەقی گرژییە جیهانییەکاندا سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی ۲۰۲٦دا لە قۆناغی [...]