تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

د. موسڵح ئیروانی

تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

ئاڵۆزی و شەڕی ئەمجارەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و هێزەکانی حکومەتی سووریای عەرەبی، خاڵێکی گرنگە لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ پێشڕەوییە لە ناکاوەکانی هێزەکانی سووریا (بە حکومەت و چەتەکانی بەرەی نوسڕە و عەشیرەتەکان) بۆ ناوچەکانی ژێر (بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژئاوای سووریا)، مەسەلەی ئاسایش بوو بە ئامرازێکی سەرەکی لە گفتوگۆکاندا نەک تەنیا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق، بەڵکو هەولێر و بەغداشی تێکەوت.

یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم فشاری ئاسایشییە، ڕێککەوتنی گواستنەوەی نزیکەی ٧ هەزار زیندانی داعشە لە زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە بۆ عێراق. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی وەک ڕێوشوێنی ئاسایشی بۆ بەڕەڵابوونی گیراوە داعشییەکان دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت ببێتە بۆمبێکی تەقیتکراو بۆ داهاتووی نزیک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. گواستنەوەی ژمارەیەکی گەورە لە زیندانیانی مەترسیدار، بەبێ چارچێوەیەکی یاسایی ڕوون، بەبێ دڵنیایی لە زیندانی درێژخایەن و بەرنامەی راهێنانەوە، ئەگەری مەترسی بەکارهێنانیان لە قەیرانە سیاسی و ئاسایشییەکانی داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. ئەو مەترسیانەش دەشێ بریتی بن لە هەڵهاتنیان، بەکارهێنانیان بۆ فشاری سیاسی هێزەکانی ناوچەکە، یاخود گەڕانەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان. هەر ئەڵعانەکینێ کە ئەم وتارە دەنووسم هەواڵێک هاتە سەر شاشەی لاپتۆپەکەم کە دەڵێ: عێراق داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات کە ئەو داعشە زیندانیکراوانەی وڵاتینامە ئەوانیان هەیە، وەربگرنەوە. کاک ماکرۆنی فەڕەنساش یەکەم کەس بوو وڵامی پەیامەکەی عێراقی دایەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم بەریەککەوتنە سەربازییانە هاوکات بوون لەگەڵ توندوتیژییەکی قین لەدڵانە دژی هێزە کوردییەکان و خەڵکی مەدەنی، بە تایبەتی لەلایەن هێزەکانی حکومەت (کە پێشتر بەشەک بوون لە جەبهەی نوسرە) و هێزە عەشیرەتییە هاوبەشەکانیان. ئەم توندوتیژییە و هێرشە بەرفراوانانە، بوونە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار خەڵک لە حەڵەب، ڕەقە، دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، هاوبەشی و هاوسۆزییەکی بێوێنەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستانی عێراق و لە دیاسپۆرا سەریهەڵدا. خۆپیشاندان بە هەموو شێوە و رێگە ئاشتییەکان و هەڵمەتی ڕێکخراو بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی (خواردن، جلوبەرگ و پارە)، نیشاندەری ئەوەیە، ئەگەر هەڕەشەی جیدیی هەبێت، کۆمەڵگەی کوردی سنوورە سیاسییە هەییەکان دەبڕێت و لە کاتی مەترسی گەورەدا دەتوانێت خێرا و کاریگەرانە خۆی ڕێک بخات.

لە ئاستی سیاسییەوە، هەولێر ڕۆڵێکی ناوەندی و کاریگەری گێڕاوە. هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە، بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی دیپلۆماسیی خێرا و پێویستیان نا بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتر و بەردەوامیی دانوستان و ڕاگرتنی پێشوەچوونەکانی هێزەکانی حکومەت. ئەم هەنگاوانە هاوکات بوون لەگەڵ ڕێکخستنی دیدار و کۆبوونەوە لە هەولێر لە نێوان سەرکردەکانی هەسەدە (مەزڵووم کۆبانی و ئیلهام ئەحمەد)  و تۆم باراک. چاوەڕێ دەکرێ ئەم کۆبوونەوانەی هەولێر بەردەوام بن و ئەمجارەیان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی عەرەبی سووریاش بەشدار بێ؛ ئەمەش بۆ بردنە پێشەوەی ڕێککەوتنەکەی ١٨ی کانوونی دووەم کە لەلایەن مەزلوم کۆبانی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا.

ئەنجامی ئەم هەوڵانە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار ڕۆژەی لە ٢١ی کانوونی دووەم لێکەوتەوە، ئەمەش دوای ژمارەیەک پەیوەندیکردن ئاست بەرزی سیاسی بارزانی و کۆبانی—کە پێدەچێت سەرۆکی فەڕەنساش قسەیەکی خێری تێدا کردبێ- لەگەڵ سوریا. ئەم ئاگربەستە تەنها بۆ وەستاندنی شەڕ نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە، کە ئامانج لێی ڕێکخستنی ئاسایش، دەسەڵات و هاوکاری نێوان هەسەدە و دیمەشقە بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکان.

ئەوەی هێشتا نادیارە ئەوەیە ئایا ئەم ئاگربەستە دەگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی درێژخایەن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژاڤا یان نا. بەڵام شتێک ڕوونە، ئەویش پەیوەندی و تێکەڵکێشی کێشەی تازەی سوریا، ململانێی توندی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمریکا\ئیسرائیل (کە وەک دیارە سوریاش چوونەتە ناو ئەم بەرەیەی دواییەوە) و کەیسی زیندانیانی داعش و ناوبژیوانییە هەرێمییەکان. پەیوەندی ئەم دوو پرسە، ئەم ململانێیەی ئەمجارەی سوریای گۆڕیوە لە شەڕێکی ناوخۆییەوە بۆ ئەزموونێکی ئاسایشی ناوچەیی مەترسیدار، و دەکرێت لێکەوتەکانی زۆر لە سنووری سووریا دوورتر بچن.

چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە: لە نێوان ئەم هەموو ئاگرەدا، چارەنووسی کورد لە ڕۆژاڤا چ دەبێت؟

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

ئیروانی، موسڵح(٢٠٢٦): تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش

سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ  لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]

  • ڕووخساری بەئۆبێکتکراو

ڕووخساری بەئۆبێکتکراو

ڕووخساری بەئۆبێکتکراو دانا حەمید ڕۆژانە کە پەنجەکانمان بەسەر شاشەی مۆبایلەکانماندا دەخشێنین و دەیبەین، بەناو لێشاوێک لە وێنە و ڤیدیۆدا تێدەپەڕین. سەدان ڕووخسار لە هەردوو ڕەگەز، پیر و گەنج دەبینین؛ ڕووخساری پڕ [...]

  • مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە

مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێ‌ڕەش»ی بێ‌ناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]

  • دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا

دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]

  • بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو

بیرەوەریی دوو دیدار لەگەڵ دوکتور قاسملوو کەماڵ حەسەنپوور سواری باڵی مەلی خەیاڵ دەبم و دەگەڕێمەوە دواوە، بۆ سەردەمێک کە وەک خەونێک لە مێشکمدا ماوە. منیش وەک هاوتەمەنەکانی خۆم و جیلی پێش [...]

  • کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو

کۆدیکسی ئەخلاقیی چەک؛ دێلوژنی ئایدۆلۆژیا و تراسێندێنسی ئاگایی لای دکتۆر قاسملوو شاهۆ حوسێنی لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەگەلی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ژێردەستدا، شۆڕش زۆرجار وەک پرۆژەیەکی تەواو میکانیکی و تەکنیکی سەیری کراوە و پێناسەکراوە؛ پرۆژەیەک کە [...]