تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز
د. موسڵح ئیروانی
تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز
ئاڵۆزی و شەڕی ئەمجارەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و هێزەکانی حکومەتی سووریای عەرەبی، خاڵێکی گرنگە لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەگەڵ پێشڕەوییە لە ناکاوەکانی هێزەکانی سووریا (بە حکومەت و چەتەکانی بەرەی نوسڕە و عەشیرەتەکان) بۆ ناوچەکانی ژێر (بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژئاوای سووریا)، مەسەلەی ئاسایش بوو بە ئامرازێکی سەرەکی لە گفتوگۆکاندا نەک تەنیا لە نێوان هەسەدە و دیمەشق، بەڵکو هەولێر و بەغداشی تێکەوت.
یەکێک لە گرنگترین ئەنجامەکانی ئەم فشاری ئاسایشییە، ڕێککەوتنی گواستنەوەی نزیکەی ٧ هەزار زیندانی داعشە لە زیندانەکانی ژێر دەستی هەسەدە بۆ عێراق. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی وەک ڕێوشوێنی ئاسایشی بۆ بەڕەڵابوونی گیراوە داعشییەکان دەبینرێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت ببێتە بۆمبێکی تەقیتکراو بۆ داهاتووی نزیک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. گواستنەوەی ژمارەیەکی گەورە لە زیندانیانی مەترسیدار، بەبێ چارچێوەیەکی یاسایی ڕوون، بەبێ دڵنیایی لە زیندانی درێژخایەن و بەرنامەی راهێنانەوە، ئەگەری مەترسی بەکارهێنانیان لە قەیرانە سیاسی و ئاسایشییەکانی داهاتوودا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. ئەو مەترسیانەش دەشێ بریتی بن لە هەڵهاتنیان، بەکارهێنانیان بۆ فشاری سیاسی هێزەکانی ناوچەکە، یاخود گەڕانەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانیان. هەر ئەڵعانەکینێ کە ئەم وتارە دەنووسم هەواڵێک هاتە سەر شاشەی لاپتۆپەکەم کە دەڵێ: عێراق داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات کە ئەو داعشە زیندانیکراوانەی وڵاتینامە ئەوانیان هەیە، وەربگرنەوە. کاک ماکرۆنی فەڕەنساش یەکەم کەس بوو وڵامی پەیامەکەی عێراقی دایەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم بەریەککەوتنە سەربازییانە هاوکات بوون لەگەڵ توندوتیژییەکی قین لەدڵانە دژی هێزە کوردییەکان و خەڵکی مەدەنی، بە تایبەتی لەلایەن هێزەکانی حکومەت (کە پێشتر بەشەک بوون لە جەبهەی نوسرە) و هێزە عەشیرەتییە هاوبەشەکانیان. ئەم توندوتیژییە و هێرشە بەرفراوانانە، بوونە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار خەڵک لە حەڵەب، ڕەقە، دێرەزوور و ناوچەکانی دیکە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، هاوبەشی و هاوسۆزییەکی بێوێنەی کوردی لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەتایبەتیش هەرێمی کوردستانی عێراق و لە دیاسپۆرا سەریهەڵدا. خۆپیشاندان بە هەموو شێوە و رێگە ئاشتییەکان و هەڵمەتی ڕێکخراو بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی (خواردن، جلوبەرگ و پارە)، نیشاندەری ئەوەیە، ئەگەر هەڕەشەی جیدیی هەبێت، کۆمەڵگەی کوردی سنوورە سیاسییە هەییەکان دەبڕێت و لە کاتی مەترسی گەورەدا دەتوانێت خێرا و کاریگەرانە خۆی ڕێک بخات.
لە ئاستی سیاسییەوە، هەولێر ڕۆڵێکی ناوەندی و کاریگەری گێڕاوە. هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانەوە، بەڕێزان مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی هەنگاوی دیپلۆماسیی خێرا و پێویستیان نا بۆ ڕێگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتر و بەردەوامیی دانوستان و ڕاگرتنی پێشوەچوونەکانی هێزەکانی حکومەت. ئەم هەنگاوانە هاوکات بوون لەگەڵ ڕێکخستنی دیدار و کۆبوونەوە لە هەولێر لە نێوان سەرکردەکانی هەسەدە (مەزڵووم کۆبانی و ئیلهام ئەحمەد) و تۆم باراک. چاوەڕێ دەکرێ ئەم کۆبوونەوانەی هەولێر بەردەوام بن و ئەمجارەیان وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی عەرەبی سووریاش بەشدار بێ؛ ئەمەش بۆ بردنە پێشەوەی ڕێککەوتنەکەی ١٨ی کانوونی دووەم کە لەلایەن مەزلوم کۆبانی و ئەحمەد شەرع واژۆ کرا.
ئەنجامی ئەم هەوڵانە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستێکی چوار ڕۆژەی لە ٢١ی کانوونی دووەم لێکەوتەوە، ئەمەش دوای ژمارەیەک پەیوەندیکردن ئاست بەرزی سیاسی بارزانی و کۆبانی—کە پێدەچێت سەرۆکی فەڕەنساش قسەیەکی خێری تێدا کردبێ- لەگەڵ سوریا. ئەم ئاگربەستە تەنها بۆ وەستاندنی شەڕ نەبوو، بەڵکو دەرفەتێک بوو بۆ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنە ١٤ خاڵییەکە، کە ئامانج لێی ڕێکخستنی ئاسایش، دەسەڵات و هاوکاری نێوان هەسەدە و دیمەشقە بۆ تێکەڵکردنەوەی هێزەکان.
ئەوەی هێشتا نادیارە ئەوەیە ئایا ئەم ئاگربەستە دەگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەکی سیاسیی درێژخایەن بۆ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژاڤا یان نا. بەڵام شتێک ڕوونە، ئەویش پەیوەندی و تێکەڵکێشی کێشەی تازەی سوریا، ململانێی توندی چاوەڕوانکراوی نێوان ئێران و ئەمریکا\ئیسرائیل (کە وەک دیارە سوریاش چوونەتە ناو ئەم بەرەیەی دواییەوە) و کەیسی زیندانیانی داعش و ناوبژیوانییە هەرێمییەکان. پەیوەندی ئەم دوو پرسە، ئەم ململانێیەی ئەمجارەی سوریای گۆڕیوە لە شەڕێکی ناوخۆییەوە بۆ ئەزموونێکی ئاسایشی ناوچەیی مەترسیدار، و دەکرێت لێکەوتەکانی زۆر لە سنووری سووریا دوورتر بچن.
چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە: لە نێوان ئەم هەموو ئاگرەدا، چارەنووسی کورد لە ڕۆژاڤا چ دەبێت؟
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
ئیروانی، موسڵح(٢٠٢٦): تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز . بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات
بەرەی سوننە و داهاتووی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاگری ئیسماعیل نژاد ڕۆژی ٣٠ی مارسی ٢٠٢٦ لە ئیسلامئابادی پاکستان، کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی چوار وڵاتی ئیسلامی کە بریتی بوون لە سعوودییە، پاکستان، میسر و تورکیا [...]
ئاراستەدانی “گوتاری سیاسی” بە “گوتاری کولتووری”، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست
ئاراستەدانی "گوتاری سیاسی" بە "گوتاری کولتووری"، ستراتیژیی بۆ کوردستان وەکوو نەتەوەیەکی بندەست ڕێباز ڕۆژهەڵات پێشەکی لە مێژووی فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخدا، پەیوەندیی نێوان "کولتوور" و "سیاسەت" یەکێکە لە ئاڵۆزترین کایەکان، بەتایبەت کاتێک [...]
ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا
ئەی ئاشنا ئاسۆ ڕوونە یا لێڵە؟ دووانەی هیوا و دەرفەت لە سیاسەتی کوردیدا فاتح سەعیدی پێشەکی زۆربەمان ئەم شیعرەی مامۆستا هێمنمان بیستووە کە لە کاتی تەنگانە و نائۆمێدیی سیاسیدا دووپاتە دەبێتەوە [...]
کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی
کاتێک خەیاڵی ئەدیبێک دەبێتە واقیعی سیاسی پەرویز شێخی سیاسەت و ئەدەبیات، ئەگەرچی لە دوو جەستەدا دەژین، بەڵام لە ڕاستیدا یەک گیانن؛ یەکێکیان کار دەکات بۆ بەڕێوەبردنی ئێستا، ئەوی تر دەچێتە ناو [...]
جەنگ و نیگەرانییەکانی
جەنگ و نیگەرانییەکانی دانا حەمید لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە [...]
سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران
سیناریۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران عومەر ئیزەدخواە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە بە هێرشێکی گەورە و کاریگەری سەربازییان بۆ سەر ئێران لە ٢٨ی ٢ی ٢٠٢٦دا [...]







