ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
حوسێن بەخشی
یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان گیرام. کاک عەزیزی یوسفییش کە لە زیندان هاتەوە، باسی دوکتۆر قاسملووی بۆ دەکردم. لە ڕێوڕەسمی ناشتنی کاک عەزیزی یوسفی لە ١٩ی جۆزەردان کە جارێکی دیکە گیرامەوە، دیسان لە زیندان گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو. جگە لەوە، لە زمانی کاک سدیق خاتەمیش کە مامی دایکم بوو و ١٢ ساڵ لە زیندان بوو، هەمدیسان گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو. بەڵام تا چەند مانگ پێش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧، دوکتۆر قاسملووم نەدیبوو. دیداری یەکەمی من لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو دەگەڕێتەوە بۆ زستانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی.
ئەو کاتەی بەختیار لەسەر کار بوو، بەهۆی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، دوکتۆر قاسملووم بۆ یەکەمجار لە ماڵی دوکتۆر خوسرەوی بینی. کۆمیتەی زاگرۆس تازە گەڕابووەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دیارە ئەو کاتە ناوی نهێنیی «کاک شەریف» بوو، بەڵام من نەمدەزانی کێیە. لە دوکتۆر خوسرەویم پرسی: «ئەوە کێیە؟». سەڕەڕای نهێنیبوون، چونکە لەگەڵ دوکتۆر خوسرەوی زۆر دۆست بووین و نێوانمان خۆش بوو، لێی نەشاردمەوە و گوتی: «ئەوە دوکتۆر قاسملوویە».
هەر لە ماڵی دوکتۆر خوسرەوی، بەهۆی ئەوەی کە من تایپم دەزانی، دەقی بەیاننامەیەکی حیزبی دێموکراتم بۆ دوکتۆر قاسملوو تایپ کرد کە هەر خۆی نووسیبووی و ئاراستەی بەختیاری کردبوو. ناوەڕۆکی بەیاننامەکە ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات بە مەرجی داننانی بەختیار بە خودموختاریی کوردستان، ئامادەیە پاڵپشتی و هاوکاری بکات بۆ دابینکردنی دێموکراسی لە ئێراندا. بەیاننامەکە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا بڵاو کرایەوە. دوکتۆر جگەرەی کێنتی دەکێشا. شەکم کردبوو لە ئوروپا گەڕاوەتەوە، بەڵام تا دوکتۆر خوسرەوی پێی نەگوتم، نەمدەزانی دوکتۆر قاسملوویە. هەر پێش ٢٢ی ڕێبەندان چەند جارێکی دیکەش بینیمەوە تا گەیشتینە میتینگی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧. کاک جەلیل بەڕێوەبەری میتینگەکە بوو و دوکتۆر قاسملووی بە خەڵکەکە ناساند و پاشان دوکتۆر لە سەر سەرکەوتنی شۆڕش و ناساندنی بەرنامەی حیزب قسەی کرد. لەو میتینگەدا من شانازیی ئەوەم هەبوو کە لەلایەن یەکیەتیی لاوانەوە وتارێک بخوێنمەوە. یەکیەتیی لاوان چەند مانگ پێش بە دەستپێشخەریی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە دامەزرابوو و یەکەم کۆبوونەوەمان لە مزگەوتی شادەڕوێشی مەهاباد بەڕێوە برد.
پاش کردنەوەی دەفتەری حیزب لە ماڵی خوداپەرست، بەهۆی ئەوەی ئێمە وەک یەکیەتیی لاوان لە کاری چاپەمەنی، ڕێکخستنی هاتوچۆ و کۆبوونەوەکان زۆر چالاک بووین، هەمیشە لە نزیک دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بووین. بۆیە دوکتۆر قاسملوومان زۆر دەبینی. لە گیرانی پادگانی مەهاباددا، ڕەنجرۆڤەرێکی تازە لە پادگانی مەهاباد هەبوو. کلیلی ڕەنجرۆڤەرەکەیان دابوو بە دوکتۆر قاسملوو. دوکتۆر ڕۆژێک بانگی کردم بۆ دەفتەری حیزب و گوتی: «کارم پێتە». چووم و لێی پرسیم: «دەزانی ماشێن لێخوڕیت؟». گوتم: «بەڵێ». گوتی: «ئەوە کلیلی ئەو ڕەنجرۆڤەرەیە و بۆ یەکیەتیی لاوان باشە. دەزانم پێویستتانە و بە کەڵکتان دێ، چوون ئێوە زۆر هاتوچۆ دەکەن». ڕەنجرۆڤەرەکە لە شەڕی نەغەدە زۆر بە کەڵکمان هات. بریندار و پێشمەرگەمان پێ دەگواستەوە. ئەوەندە بێنەوبەرمان پێکرد، هەر زوو شڕ بوو.
دوکتۆر قاسملوو زۆر گرنگی بە لاوەکان دەدا. پادگانی مەهاباد کە گیرا و کۆنتڕۆڵی پادگان درایە مەلا حەسەن شێوەسەلی و سەید ڕەسووڵی بابی گەورە و چەند ئەفسەر و پلەداری کوردی پادگانەکە. لە پادگان لە هۆدەیەکی شوێنێکیان دابین کرد بۆ دەرس گوتنەوە بە کادەرەکان و منیش یەکێک لە بەشدارانی ئەو کلاسانە بووم و دوکتۆر ئابووریی سیاسی پێ دەگوتین.
لە سەرەتای شەڕی سێ مانگەدا کاتێک چاپخانەمان کۆ کردەوە و بەرەو ڕەبەت وەڕێکەوتین، لە مزگەوتی سەردەشت قسەی بۆ خەڵک کرد و باسی هەلومەرجی داسەپاو و چۆنیەتیی خۆڕێکخستن لەگەڵ وەزعەکەی کرد و خەڵکیان بە سەر چەند تیمێکدا دابەش کرد. ئێمە کە تەقریبی پانزە-بیست کەسێک دەبووین، چووینە ئاوایی بەردەسۆر و لەوێشەوە بۆ خڕی ناوزەنگ و پشکاوێ. لەوێ چەند کەس لە یەکیەتیی لاوانیان ئامادە کرد بچین بۆ خولێک لە قەڵادزێ. بەڵام خولەکە سەری نەگرت و ئێمە گەڕاینەوە ئاشی پشکاوێ و دەفتەری سیاسی. من یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەو گرووپە بووم. کە گەڕاینەوە، دوکتۆر بانگی کردم و ڕەخنەی گرت و گوتی: «بۆچی گەڕاونەتەوە؟». منیش گوتم: «بێڕێزییان پێ کردووین و هاتووینەتەوە». گوتی: «باشە، ئەوانەی کە خولتان بینیوە هەموو کەسێک دەبێ بچێتە شوێنێک. تۆ دەبێ بچیت بۆ لای سەنار مامەدی لە ورمێ». ئیتر کە گوتی دەبێ بچیتە لای سەنار، من چونکە پێشتر لە زیندان لەگەڵ کاک سەنار بووم، دەمزانی ڕۆحیاتی عەشیرەتی هەیە و منیش لاوێکی بیست و دوو-سێ ساڵان، چۆن سەنار بە قسەی گەنجێکی وەک من دەکا؟ مەبەستی دوکتۆر ئەوە بوو کە من وەک کادرێکی سیاسی لەوێ کار بکەم. بەڵام قەناعەتم پێ هێنا و داوام لێ کرد بەڕێمان بکات بۆ ناوچەی شامات و چۆمی مەجیدخان. کاک کەریم حیسامیش هەر لەو ناوچەیە بوو. ئێمە لە خڕی ناوزەنگ گەڕاینەوە و لە شەڕی سێ مانگەدا لەناو شار زۆر چالاک بووین. هەر ئەو کات لە ناوچەی مەهاباد سازمانی جەوانانی حیزبی دێموکراتمان دامەزراند. من بوومە بەرپرسی سازمانی جەوانان. دوای شەڕی سێ مانگە و پەیامی ٢٦ی خەزەڵوەری خومەینی، دوکتۆر قاسملوو گەڕایەوە مەهاباد و لە میتینگێکدا پێشوازی لە پەیامەکەی خومەینی کرد.
لە دوای ئاهوەنبوونی دۆخەکە و کۆتاییی شەڕی سێ مانگە، مەسەلەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و شۆرای شاری مەهاباد هاتە گۆڕێ. دوکتۆر قاسملوو کە دەیزانی من کەسێکی چالاکم و لێی ڕادەبینیم، داوای لێ کردم خۆم کاندید بکەم. منیش خۆم کاندید کرد و دەنگیشم هێنایەوە. لەگەڵ کاک کەریم حیسامی، عومەر قازی، مەلا ڕەسووڵی پیشنماز، سەید محەمەدی نیزامی و مەلا ڕەحیمی عەباسی نوێنەری حیزب بووین لە شۆرای شاری مەهاباد. من دوو خول ئەندامی شۆرای شاری مەهاباد بووم. لە شۆرای یەکەمیش کە مامۆستا مەلا شێخ عیزەدین سەرۆکی شۆرا بوو، هەر ئەندام بووم.
ئێمە وەک لاوەکانی مەهاباد بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ناوەندی حیزبیش هەر لە مەهاباد بوو، پێوەندیمان زۆر بوو لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو. هەروەها ڕۆڵمان هەبوو لە دامەزرانی کۆمیتەکانی شار، گوند و ناوچەکاندا و جاروباریش لەگەڵ خودی دوکتۆر قاسملوو سەردانی ئەو کۆمیتانەمان دەکرد.
لە پاش کۆنگرەی چوار ئێمە زۆرینەمان لەگەڵ مامەغەنی کەوتین. دوکتۆر قاسملوو کە بە توانا و چالاکیی ئێمەی دەزانی، زۆری پێ ناخۆش بوو و گوتبووی: «ئەوان سەرگوڵەکانی حیزبیان لەگەڵ خۆیان برد». دوکتۆر زۆر هەوڵی لەگەڵ لاوەکان دەدا و دەیویست لە باری فکرییەوە باریان بێنێ. کۆتا دیداری من دوای کۆنگرەی چوار بوو، ئیتر بەداخەوە دوکتۆر قاسملووم نەدییەوە.
کاتی ڕوودانی ئەو کارەساتە، ئێمە لە هوتێلێکی شاری بۆن بە شێوەی کاتی دوو ژوورمان پێ درابوو و ئەو شەوە زیندەیاد کاک حەمەدەمینی سیراجی میوانمان بوو. لە نیوەشەودا لە دەرگای ئێمەی دا و هەواڵی کارەساتی شەهیدبوونی دوکتۆر و هاوڕێکانی (عەبدوڵڵای قادری ئازەر و فازل ڕەسوڵ)ی پێ ڕاگەیاندین. هەواڵەکە تا بڵێی دڵتەزێن و ناخۆش بوو. تا بەیانی لەگەڵ کاک حەمەدەمین بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەمان کرد. کاک حەمەدەمین بە درێژایی چەندین ساڵ لەگەڵ دوکتۆر قاسملوو کاری هاوبەشیان کردبوو و چەندین ساڵ ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی بەشی پێوەندییەکان بوو. بۆیە ئەو زۆر لە من زیاتر کەسایەتیی دوکتۆری دەناسی و سەڕەڕای جیاوازیی بۆچوون لە هێندێک بواردا، بە کەسێکی زانا و پراگماتیستی دەزانی و هەمیشە بە ڕێزەوە باسی دەکرد. دوای شەهیدبوونیشی بابەتێکی لەسەر ئەو کارەساتە نووسی و لە ژمارە سێی «هاواری کوردەواری»دا، کە ئەو کاتە لە ئاڵمان و لە لایەن ئێمەوە دەردەچوو، بڵاو کرایەوە. من بۆ ڕێوڕەسمی ناشتنەکەی لە گۆڕستانی پیرلاشێزیش بەشدار بووم و لەوێ دوا ماڵئاواییمان لە دوکتۆر کرد. هەڵسوکەوت، توانا، زانیاری و کەسایەتیی بەرزی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دوکتۆر وانەیەک بوون بۆ لێ فێربوون.
ناویان و یادیان هەمیشە زیندوو دەمێنێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
بەخشی،حوسێن(٢٠٢٦): ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]
مرۆڤێک بە پێوە
مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێڕەش»ی بێناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]







