د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
ئارتین حەمدی
پێشەکی
٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و سیاسییەی کە ئەو دایڕشتبوو. پڕۆژەیەک کە ئامانجەکەی گواستنەوەی پرسی کورد بوو لە قۆناغی بەرگریی سەرەتایی و مانەوەوە، بەرەو قۆناغی دەرکەوتنی سیاسی، دامەزراوەسازی و بەشداریکردن لە بڕیاردانی چارەنووسدا.
کورتکردنەوەی د. قاسملوو لە وێنەی قوربانیی تیرۆردا، ئەگەرچی ڕەهەندێکی حاشاهەڵنەگری مێژووە، بەڵام ناتوانێت قەبارەی ڕاستەقینەی ڕۆڵ و میراتەکەی بە تەواوی دەربخات. ئەو پێش ئەوەی قوربانی بێت، ڕۆشنبیرێکی ئۆرگانیک، سەرکردەیەکی سیاسی، دیپلۆماتێکی نێودەوڵەتی و بکەرێکی ستراتیژی بوو؛ کەسایەتییەک کە بیر، گوتار و کرداری لە یەک پڕۆژەی یەکگرتوودا کۆ کردبووەوە.
بۆ تێگەیشتن لەم ڕەهەندەی کەسایەتیی د. قاسملوو، دەکرێت سوود لە تیۆرییەکانی هانا ئارێنت وەربگرین. لە دیدگای ئارێنتدا، سیاسەت تەنیا بەڕێوەبردنی دەسەڵات نییە، بەڵکو ئەو ساتەیە کە مرۆڤ بە قسە و کردەوەی خۆی لە «مەیدانی گشتی»دا دەردەکەوێت. بە بڕوای ئارێنت، سیاسەتی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە تاک توانای ئەوەی هەبێت بە کردەوە و بیرکردنەوەکانی شتێکی نوێ لە کۆمەڵگادا بخوڵقێنێت و گۆڕانکاریی بنیادنەر بەدی بهێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، د. قاسملوو ئەو کەسایەتییە بوو کە خەباتی نەتەوەیی کوردی گەیاندە لوتکەیەکی نوێ؛ ئەو نە تەنیا درێژەدەری میراتێکی مێژوویی بوو، بەڵکو نوێکەرەوە و بەرزکەرەوەی ئەو میراتە بوو بۆ ئاستی زانست، دامەزراوەسازی و دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی. ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئەم وەرچەرخانە لە چەند ڕەهەندی سەرەکیدا بخوێنێتەوە: وەرچەرخانی مۆدێرن، ڕۆشنبیریی ئۆرگانیک، پڕۆژەی سیاسی، ڕێگای سێیەم و یەکخستنی ڕێبەرایەتیی مەیدانی و دیپلۆماسی.
بەشی ١: د. قاسملوو و وەرچەرخانی مۆدێرن لە بزووتنەوەی کورد
بۆ تێگەیشتن لە پێگەی د. قاسملوو لە مێژووی خەباتی نەتەوەیی کورددا، نابێت ناوبراو وەک دیاردەیەکی دابڕاو لە ڕەوتی مێژووییی بزووتنەوەکە بخوێندرێتەوە. بزووتنەوەی نەهرییەکان، شۆڕشی سمکۆ و بە تایبەتی کۆماری کوردستان بە ڕێبەرایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، بناغەی سیاسی و دامەزراوەیی ئەم خەباتەیان دانابوو. کۆماری کوردستان بۆ د. قاسملوو تەنیا یادەوەرییەکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو مۆدێلێکی زیندووی ڕەوایەتی بوو.
دوای ڕووخانی کۆمار، بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات تووشی سەرکوت، پەرتەوازیی ڕێکخراوەیی و وابەستەییی ئایدیۆلۆژیک بوو. لەم دۆخەدا، د. قاسملوو تەنیا نەهات حیزبێک بەڕێوە ببات، بەڵکو هەوڵی دا عەقڵییەتی خەبات بگۆڕێت. ئەم وەرچەرخانە لە چوار ئاستدا خۆی دەرخست:
یەکەم، لە ئاستی گوتار و زانستیدا:
د. قاسملوو پرسی کوردی لە بازنەی سۆز و دروشمی سیاسیی ڕووت دەرهێنا و بە فلتەری زانستدا تێپەڕاند. لە بەرهەمە زانستییەکانیدا، بە تایبەت پەرتەوکی «کوردستان و کورد»، مێژوو، جوگرافیا، دیمۆگرافیا، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردە و سیاسەتی دەوڵەت بە یەکەوە گرێ دا. بەم شێوەیە، پرسی کورد لە کێشەیەکی ئەمنیی ناوخۆییەوە بۆ پرسێکی سیاسیی خاوەن گوتار و بەرنامە بەرز بووەوە. ئەمە کردەیەکی شۆڕشگێڕانە بوو: زانستیکردنی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانەی کە دەیانویست پرسی کورد لە پەراوێزی ئەمنیدا بهێڵنەوە.
دووەم، لە ئاستی شێوازی خەباتدا:
د. قاسملوو خەباتی چەکداریی ڕەت نەکردەوە، بەڵام نەیهێشت ببێتە تاکە شێوازی سیاسەت. وتە بەناوبانگەکەی پێشمەرگە باسکی هێزی گەلە بە وردی ئەم تێگەیشتنە پوخت دەکاتەوە. لای ئەو، هێزی پێشمەرگە بەشێک بوو لە هێزی گشتیی گەل، نەک جیا لێی. بەم بنەمایە، ڕێکخستنی جەماوەری، بەرهەمهێنانی زانیاری، ئەدەبیاتی سیاسی، دانوستان، دیپلۆماسی و بەرگریی مەیدانی، بەشەکانی ستراتیژییەکی یەکگرتوو بوون. لای قاسملوو چەک لە دۆخی داخستنی ڕێگا سیاسییەکاندا ئامرازی بەرگری بوو؛ نەک ئامانج و نەک شێوازی هەمیشەیی خەبات.
سێیەم، لە ئاستی فکری و ئایدیۆلۆژیکدا:
د. قاسملوو هەوڵی دا بزووتنەوەی کورد لە دۆگمای ئایدیۆلۆژیک ڕزگار بکات. ئەزموونی ژیانی لە ئەوروپا و ڕووداوەکانی بەهاری پراگ، پێداچوونەوەیەکی قووڵی لەگەڵ مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس دروست کرد. ئەو بە ئەزموون تێگەیشتبوو کە سۆسیالیزم بەبێ ئازادی و دیموکراسی دەتوانێت ببێتە شێوەیەکی دیکەی دیکتاتۆری. بۆیە سۆسیالیزمی دیموکراتیکی د.قاسملوو نەک هەڵبژاردەیەکی تاکتیکی، بەڵکو دەرەنجامی پێداچوونەوەیەکی فکریی قووڵ بوو.
چوارەم، لە ئاستی دەرکەوتنی نێودەوڵەتیدا:
د. قاسملوو مەیدانی خەباتی لە سنووری ناوخۆ و ناوچەوە فراوانتر کرد. زمانزانی، شارەزایی بە کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و توانای دانوستان، ئەوەی بۆ ڕەخساند کە پرسی کورد بە زمانی مافی مرۆڤ، دیموکراسی و چارەسەری سیاسی بخاتە بەردەم ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان. ئەو تەنیا هەوڵی بەدەستهێنانی هاوسۆزی بۆ کورد نەدەدا؛ دەیویست کورد وەک بکەرێکی خاوەن ماف، دەنگ و بەرنامەی سیاسی بناسرێت.
وەرچەرخانی مۆدێرن لای د. قاسملوو بریتی بوو لە نیشتمانییکردنی سیاسەت و مۆدێرنکردنی خەبات. ئەو توانی بزووتنەوەیەک کە خەریک بوو لە ئایدیۆلۆژیای بێگانە و توندڕەویدا بتوێتەوە، بگێڕێتەوە بۆ سەر ڕێڕەوی ڕەوای نەتەوەیی و گوتارێکی مۆدێرنی بۆ داڕشت کە هەم وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم بوو و هەم پارێزەری ناسنامەی کوردستانی.
بەشی ٢. ڕۆشنبیریی ئۆرگانیک: زانست و ئەدەب وەک ئامرازی هۆشیاری
یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی پرۆژەی فکریی د. قاسملوو، بەستنەوەی زانیاریی ئەکادیمی بە پراکتیکی سیاسییەوە بوو. بە چەمکی ئانتۆنیۆ گرامشی، د. قاسملوو نموونەی تەواوی «ڕۆشنبیرێکی ئۆرگانیک» بوو؛ ڕۆشنبیرێک کە زانست بە کار دەهێنێت نەک تەنیا بۆ شیکاریی جیهان، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنانی هۆشیاریی سیاسی و داڕشتنی نەخشەڕێگای خەبات.
لەم چوارچێوەیەدا، زانست و ئەدەب لای د. قاسملوو دوو ڕەهەندی یەکگرتووی پرۆژەیەکی گەورەتر بوون:
زانیاری وەک ئیرادەی سیاسی: د. قاسملوو باوەڕی وا بوو کە ڕێبەرایەتی بەبێ تێگەیشتنی زانستی لە مێژوو، کۆمەڵگا و پێکهاتەکانی دەسەڵات، ناتوانێت خەباتێکی ئاراستەکراو بەرهەم بهێنێت. کاتێک ئەو پرسە نەتەوەیییەکانی لە ئاستی هەست و گلەییی سیاسییەوە گواستەوە بۆ ئاستی توێژینەوەی ئەکادیمی، لە ڕاستیدا دەیویست کۆمەڵگای کورد لە قوربانیبوونەوە بەرەو بکەربوون و داڕشتنی بەرنامەی زانستی هەنگاو بنێت.
ئەدەب وەک پارێزەری ناسنامە: پەیوەندیی د. قاسملوو لەگەڵ کەسایەتییە ئەدەبییەکانی وەک هێمن، هەژار و مەسعوود محەممەد، تەنها پەیوەندییەکی دۆستانە نەبوو، بەڵکو تێگەیشتنێکی قووڵ بوو لەوەی کە ئەدەب دڵی لێدانی هۆشیاریی نەتەوەییە. کاتێک د. قاسملوو لە پێشەکیی «تاریک و ڕوون»دا، هێمنی بە “شاعیری گەل” ناساند، نیشانەی ئەوە بوو کە ئەدەب و شیعری کوردی بەشێکی دانەبڕاون لە پاراستن و گواستنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتوو.
شکاندنی مۆنۆپۆلی زانستی: بەشداریکردنی د. قاسملوو لە بەرهەمی ئەکادیمیی وەک «Les Kurdes et le Kurdistan» (بە سەرپەرشتیی ژێرار شالیان)، هەنگاوێکی ستراتیژی بوو بۆ پێشکەوتنی گوتاری نەتەوەیی. لە سەردەمێکدا کە توێژینەوە لەسەر کوردستان زۆرتر لەلایەن ئەوانی ترەوە دەنووسرا، د. قاسملوو ئەم بازنەیەی شکاند. ئەو وەک دەنگێکی ناوخۆیی و زانستوانێکی کورد، ڕاستەوخۆ بەشداریی لە بەرهەمهێنانی زانیاریی ئەکادیمیدا کرد. ئەمە مانای ئەوە بوو کە کورد چیتر بابەتی توێژینەوەی ئەوانیتر نییە، بەڵکو خۆی ڕاڤەکاری مێژوو و پرسە سیاسییەکانی خۆیەتی لە ئاستی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیدا.
کەواتە، زانست و ئەدەب لای د. قاسملوو پەراوێزی سیاسەت نەبوون، بەڵکو ماددەی خاوی پڕۆژەیەک بوون کە هەوڵی دەدا خەباتی نەتەوەیی لە دروشم و کاردانەوەی کاتی تێپەڕێنێت و لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵ لە واقیعی کوردستان بنیات بنرێت.
بەشی٣. پڕۆژەی سیاسی: دیموکراسی، خودموختاری و مافی چارەنووس
دروشمی «دیموکراسی بۆ ئێران، خودموختاری بۆ کوردستان» چەقی ستراتیژیی پڕۆژەی سیاسیی د. قاسملوو بوو. لای ئەو، دیموکراسی تەنیا شێوازێکی بەڕێوەبردن نەبوو، بەڵکوو مەرجی پاراستنی مافی نەتەوەیی بوو؛ چونکە لەژێر سایەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ناوەندگەرا، هیچ خودموختارییەک نابێتە خاوەن ڕەوایی و دڵنیایی. قاسملوو دیموکراسیی وەک پڕۆژەیەکی دامەزراوەیی دەبینی کە سەروەریی یاسا، یەکسانیی جێندەری و بەرپرسیارێتیی دەسەڵات لەخۆ دەگرێت و ڕەخنەی لەو چوارچێوە یاساییانە دەگرت کە ئازادییەکان بە مەرجی ناڕوون سنووردار دەکەن.
قاسملوو خودموختاریی بە تەنیا داواکارییەکی زمانەوانی یان فەرهەنگی نەدەبینی، بەڵکو وەک پڕۆژەیەک بۆ گۆڕینی پێگەی کورد لە هاونیشتمانیی پلەدوو بۆ بەشدارێکی خاوەن بڕیار لە کاروباری ناوخۆییدا وەسفی دەکرد. لە روانگەی د. قاسملوودا، خودموختاری قۆناغێک بوو بۆ دابەشکردنی دەسەڵات، نەک ئامانجێکی کۆتایی. ئەو جیاوازییەکی وردی لە نێوان خودموختاری وەک چارەسەری قۆناغێک و مافی دیارکردنی چارەنووسی وەک مافێکی بنەڕەتی و مێژوویی دەکرد.
ئەم تێگەیشتنە لە وتە بەناوبانگەکەیدا ڕەنگی داوەتەوە: «ئێمە داوای مافی چارەنووس دەکەین کە دەتوانێت لە فۆرمی سەربەخۆیی، فیدراڵیزم یان خودموختاریدا بێت.» بەم پێیە، پڕۆژەی سیاسیی د. قاسملوو لەسەر بنەمایەکی کراوە دامەزرا بوو؛ ئەو لە کۆتا دانوستانەکانی ڤییەننادا، بەرانبەر بە نوێنەرانی ڕژێمی ئێران، جەختی کردەوە کە خۆی تەنیا نوێنەری نەسلی خۆیەتی و هیچ نەوەیەک مافی ئەوەی نییە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبری نەوەکانی داهاتوو بدات.
بەم شێوەیە، خودموختاری لای قاسملوو، نەک هەر ڕێگر نەبوو لە مافی دیارکردنی چارەنووس، بەڵکوو چارەسەرێک بوو کە دەبوو دەرگای بڕیاردانی نەتەوەیی بۆ داهاتوو کراوە بهێڵێتەوە.
بەشی ٤. تێپەڕاندنی دۆگما: ڕێگای سێیەم و ئەخلاقی خەبات
د. قاسملوو زۆر پێش قەیرانی گشتیی هێزە چەپەکان، سنوورەکانی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکس و سۆسیالیزمی بوروکراتیکی ناسیبوو. ئەزموونی ژیانی ئەو لە ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ڕووداوەکانی “بەهاری پراگ” (١٩٦٨)، ئەو تێگەیشتنەی لای ئەو قووڵتر کردەوە کە سۆسیالیزم بەبێ ئازادی و دیموکراسی، دەبێتە شێوەیەکی دیکەی دیکتاتۆری. بۆیە ئەو نە مۆدێلی سەرمایەداریی بێسنوور و نە مۆدێلی تاکحیزبیی سۆڤیەتی قبووڵ کرد؛ بەڵکوو سۆسیالیزمی دیموکراتیکی وەک ڕێگایەکی سێیەم هەڵبژارد؛ ڕێگایەک کە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادیی سیاسی و مافە نەتەوەیییەکان بەیەکەوە گرێ دەدات.
ئەم تێڕوانینە کاریگەرییەکی بنەڕەتی لە ئاراستەی حیزبی دیموکرات هەبوو. لە کاتێکدا زۆرێک لە بزووتنەوە چەپەکانی ناوچەکە تووشی قەیرانی فکری و ڕێکخراوەیی ببوون، د. قاسملوو هەوڵی دا حیزب لە دۆگمای ئایدیۆلۆژیک دوور بپارێزێت و پرسی نەتەوەیی بکاتە بنەمای بڕیارە سیاسییەکان. لە ڕوانگەی ئەودا، تیۆری دەبوو لە خزمەتی واقیعی کوردستاندا بێت، نەک واقیع بەپێی پێداویستییەکانی تیۆری لێک بدرێتەوە.
تێپەڕاندنی دۆگما تەنیا لە ئاستی تیۆریدا نەبوو؛ لە ئەخلاقی خەباتیشدا بەڕوونی دەردەکەوت. د. قاسملوو تیرۆر، ڕفاندن و بارمتەگرتنی ڕەت دەکردەوە، چونکە باوەڕی وابوو ڕەواییی ئامانج، ڕەوایی بە هەموو ئامرازێک نادات. هەر بۆیە خەباتی چەکداریی بە ئامرازی بەرگری دەزانی، نەک ئامانجێکی ئایدیۆلۆژیک. بەم شێوەیە، ڕێگای سێیەمی د. قاسملوو چوارچێوەیەکی سیاسیی دانا کە تێیدا مافی نەتەوەیی، دیموکراسی و دادپەروەری، وەک سێ بنەمای تەواوکەری یەکتر دەخوێنرێنەوە؛ چوارچێوەیەک کە هێشتا وەک پێوەرێکی ئەکادیمی و سیاسی بۆ شیکردنەوەی بزووتنەوەی کورد گرنگیی خۆی هەیە.
بەشی ٥ . لە ڕێبەریی مەیدانییەوە بۆ دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی
واقیعبینیی سیاسی و ئامادەیی لە مەیدانی خەبات، دوو خەسڵەتی بنەڕەتیی ڕێبەرایەتیی د. قاسملوو بوون. لە هەستیارترین ساتەکانی شۆڕشدا، ئەو بە شێوەیەکی نهێنی گەڕایەوە ناوخۆی وڵات بۆ ڕێکخستنەوەی جەماوەر و حیزب؛ سەرکێشییەک کە کەمتر ڕێبەرێک لەو ئاستەدا ئامادەی ئەنجامدانی بوو. قاسملوو نموونەی ڕێبەرێک نەبوو کە لە دوورەوە فەرمان دەردەکات؛ بە پێچەوانەوە، لە دژوارترین قۆناغەکاندا لە بەرەکانی پێشەوە و لەگەڵ پێشمەرگەدا بوو. ئەم ئامادەبوونە مەیدانییە تەنیا هەڵوێستێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو هاوبەشکردنی مەترسی بوو بۆ چەسپاندنی متمانەی نێوان ڕێبەر و جەماوەر، کە دەرئەنجامەکەی لە گەشەی خێرای حیزبی دیموکراتدا ڕەنگی دایەوە.
ڕۆڵی د. قاسملوو بە مەیدانی شەڕ سنووردار نەبوو. زمانزانی، پێگەی ئەکادیمی و ئاشنایی بە کەلتووری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، توانایەکی تایبەتیی بۆ دیپلۆماسی پێ بەخشیبوو. لای ئەو، دیپلۆماسی جێگرەوەی خەبات نەبوو، بەڵکو درێژەی سیاسیی ڕێبەرایەتیی مەیدانی بوو. هەمان ئەو ڕێبەرەی لە شاخ و ناو جەماوەردا بەرپرسیارێتیی هەڵدەگرت، لە مەڵبەندە سیاسی و ئەکادیمییەکانی ئەورووپاشدا نوێنەرایەتیی پرسی کوردی دەکرد و بە زمانی مافی مرۆڤ و چارەسەری سیاسی دەیخستە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
کەسایەتیی د. قاسملوو وای کردبوو، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ڕێبەرێکی خاوەنبڕیار سەیر بکرێت. کەسایەتییە جیهانییەکان وەک جۆناتان ڕاندڵ، بێرنار کۆشنێر، تۆماس هەممەربێرگ، فرێدریک تیسۆ و ئیسماعیل بێشکچی، جەختیان لەسەر ئەو سەنگە فکری و ئەخلاقییە کردووەتەوە کە د. قاسملوو خاوەنی بوو. لەدەستدانی د. قاسملوو، لەدەستدانی سەرمایەیەکی فکری و دیپلۆماسیی دەگمەن بوو؛ خەسارێک کە قەبارەکەی بە تێپەڕبوونی کات ڕوونتر دەبێتەوە.
بەشی ٦ . کۆتایی: پڕۆژەیەکی ناتەواو
تیرۆری د. قاسملوو و هاوسەنگەرانی لە ڤییەننا (١٩٨٩)، هەوڵێکی نامرۆڤانە بوو بۆ پەکخستنی پڕۆژەیەک کە خەباتی نەتەوەیی، دیموکراسی و دیپلۆماسیی بەیەکەوە گرێ دەدا. بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە بەرانبەر ئەم تیرۆرەدا، جارێکی دیکە نیشانی دا کە لە سیاسەتی جیهانیدا، بەرژەوەندیی دەوڵەتان دەتوانێت دادپەروەری بخاتە پەراوێزەوە.
٢٢ی پووشپەڕ، دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ پێداچوونەوە بە میراتی فکری و سیاسیی د. قاسملوو. ڕێزلێنان لەو میراتە تەنیا بە پاراستنی یادەوەریی ئەو تەواو نابێت؛ بەڵکو پێویستە بە ڕەخنەی زانستی و دامەزراوەسازی، درێژە بەو ڕێبازە بدرێت کە ئەو بۆ بزووتنەوەی کوردی داڕشتبوو.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
حەمدی،ئارتین(٢٠٢٦): د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا. پڕۆژەی وێنای دکتۆر قاسملوو لە کۆیادی کوردستاندا؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری پڕۆژەی کۆیاد
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا
د. عەبدولڕەحمان قاسملوو؛ لە نێوان بیر، گوتار و کرداردا ئارتین حەمدی پێشەکی ٢٢ی پووشپەڕ تەنیا ڕۆژی یادکردنەوەی تیرۆر و شەهیدبوونی د. قاسملوو نییە؛ بەڵکو دەرفەتێکە بۆ پێداچوونەوە بەو پڕۆژە فکری و [...]
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان
ئەو شەوە ڕەشەی هاوڕێ کۆنەکان بۆ دوکتۆر قاسملوو گریان حوسێن بەخشی یەکەمجار کە گوێم لە ناوی دوکتۆر قاسملوو بوو، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٣٥٢ و ١٣٥٣ی هەتاوی کە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستان [...]
خودکارەکەی قاسملوو
خودکارەکەی قاسملوو خەبات ڕەسووڵی دوکتور قاسملوو سەلام. من ناوم عەتایە و خەڵکی سەقزم. کوڕی پورم ناوی هێمنە و ئەویش خەڵکی سەقزە. ئەو لە گوندی دۆزەخ دەرە ئەژی. دۆزەخ دەرە نزیکە لەسەقز [...]
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش
سۆسیالیستی فەرنجیپۆش عەلی لەیلاخ لە «کۆمیدیای خودایی»ی دانتێدا، کە یەکێکە لە شاکارەکانی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهان، دانتێ ئالیگیری (١٢٦٥-١٣٢١)ی شاعیری ئیتاڵیایی، یەکەم پلەی «بەرزەخ»ی خۆی بە ناوی «لیمبۆ»وە بۆ کەسانێکی وەک ئەفلاتوون، [...]
مرۆڤێک بە پێوە
مرۆڤێک بە پێوە م. ئەحمەدی ئەو شەڕەی کە ئەم گەلە بۆ ژیان دەیکرد، دەستبەجێ و بێ دوودڵی بوو بە شەڕی منیش. من تا دوێنێ دکتۆرێکی «پێڕەش»ی بێناونیشان بووم، ئێستا کورد بووم؛ [...]
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا
دکتۆر قاسملوو لە ئاوێنەی پێنووس و پەژارەی حەمەدەمینی سیراجیدا زاهیر محەمەدی هێندێک ڕووداو پێش ئەوەی ببنە مێژوو، دەبن بە تاقیکردنەوەی ویژدان. لەو ساتانەدا، ناکۆکیی سیاسی و سنووری تەنگی حیزبایەتی وەک بەفر [...]







