جەنگ و نیگەرانییەکانی

دانا حەمید

لە پێکهاتەی ئاستی دەروونی مرۆڤ و کۆمەڵگەکاندا، هێزگەلێکی سەرەتایی و دژبەیەک بوونیان هەیە کە شارستانییەت و یاسا بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردن و کۆنتڕۆڵکردنیان دەدەن. دەرونشیکاری، بەتایبەت لە ڕێگەی کارەکانی فرۆید و یۆنگەوە، ئەو ڕاستییە تاڵەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە جەنگ تەنیا ڕووداوێکی سیاسی یان جوگرافی نییە، بەڵکو تەقینەوەی ئەو پاڵنەرە سەرکوتکراوانە و دەرکەوتنی ئەو تارمایی و «سێبەر»ـە ترسناکەیە کە لە کاتی ئاشتیدا لە نەستی تاک و کۆمەڵدا خۆیان حەشار داوە. بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، کە بوون و نەبوونی، ژیان و مەرگی، هەمیشە گرێدراوی ململانێی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان بووە. نیگەرانییەکانی ئەمڕۆی کورد لە ئاستی بەرزیی گرژییەکانی نێوان هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، تەنیا ترس نییە لە موشەکێکی هەڵە، بەڵکو ترسێکی بوونگەرایی و مێژوویی قووڵترە: ترس لەوەی جارێکی دیکە، خاکی کوردستان ببێتەوە بە شانۆی یەکلاکردنەوەی «سێبەر»ـی ئەوانی تر و قوربانیی یەکەمی شەڕێک بێت کە نە داوای کردووە و نە خاوەنیەتی.

کاڕڵ یۆنگ پێی وایە هەر کۆمەڵگەیەک خاوەنی «نەستێکی کۆمەڵ»ـە کە میراتی ئەزمونە هاوبەشەکانی باپیرانیەتی. لە نائاگایی (نەست)ـی جڤاکی کوردیدا، زەبری دەروونیی دووبارەبووەوەی خیانەت، بەکارهێنان و پاشان بەجێهێشتن لەلایەن هێزە گەورەکانەوە، وێنەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییە. ئەمڕۆ، کاتێک ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، پڕۆسەیەکی دەروونیی مەترسیدار دووبارە دەبێتەوە: پڕۆسەی دەرهاوێژی و خستنەپاڵ. هەریەک لەم هێزانە، «سێبەر»ـی خۆی– واتە کۆی هەموو ئەو خەسڵەتە تاریک و دەسەڵاتخواز و توندوتیژانەی کە نایەوێت دانی پێدا بنێت، دەخاتە پاڵ ئەوی دیکە. بۆ ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل بەرجەستەی «هەژموونخوازیی جیهانی» و سەرچاوەی هەموو شەڕانگێزییەکن؛ بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش، ئێران «سەرچاوەی تیرۆر» و هەڕەشەی سەرەکیی سەقامگیرییە. لەم شەڕە ڕەمزی و دەروونییەدا، کوردستان بەهۆی پێگە جوگرافی و هەستیارییەکەیەوە، دەبێتە ئەو «بۆشایی»ـەی کە هەردوولا دەیانەوێت سێبەرەکانی خۆیانی تێدا لەناوبەرن. نیگەرانیی قووڵی کورد لێرەدا ئەوەیە کە لە پڕۆسەی سڕینەوەی سێبەری ئەوی تردا، بوونی فیزیکی و سیاسیی کورد دەسڕدرێتەوە. هەر بۆردومانێکی ئێران بۆ سەر بنکەی [بەناو] موساد لە باشوری کوردستان، یان هەر جووڵەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە، لە نەستی کوردیدا وەک نووسینەوەی هەمان سیناریۆی مێژوویی دەخوێنرێتەوە: ئێمە گۆڕەپانین، نەک یاریزان.

ئەم دۆخە، زەبرە کەڵەکەبووەکانی مێژوو چالاک دەکاتەوە و دەروونی کوردی دەخاتە حاڵەتێکی ئاڵۆزەوە. بەدەربڕینە فرۆیدیەکە؛ دۆخی کورد ململانێیە لەنێوان «پاڵنەری ژیان» و «پاڵنەری مردن». بۆ کورد، ئەم هاوکێشەیە زۆر ئاڵۆزترە. لە لایەکەوە، ترسێکی بوونگەرایی لە «تاناتۆس»ـی دەرەکی هەیە؛ ترس لەو هێزە وێرانکەرەی کە لە ئەنفال و کیمیاباراندا بە چاوی خۆی بینیویەتی و هەمیشە هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەرە. لە لایەکی تریشەوە، ساڵانێکی زۆری چەوسانەوە و بێدەسەڵاتی، تووڕەییەکی سەرکوتکراوی گەورەی لەناو نەستی کوردیدا کۆ کردووەتەوە. ئەم تووڕەییە، کە خۆی جۆرێکە لە تاناتۆسی ناوەکی، لە نەبوونی دەرفەتی سیاسی و سەربەخۆدا، هەندێک جار ڕوو لە خۆی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی خۆخۆری، دووبەرەکی و توندوتیژیی ناوخۆیی. نیگەرانییەکە لێرەدا دووسەرەیە: ترسی لەناوچوون بە دەستی هێزی دەرەکی، و ترسی تەقینەوەی ئەو وێرانکارییەی کە لە ئەنجامی زەبرە مێژووییەکانەوە لە ناوەوەی خۆیدا پەنگی خواردووەتەوە.

دەرئەنجامە ڕاستەوخۆ و ئەمڕۆیییەکانی ئەم دۆخە، لە شێوەی «دڵەڕاوکێی پێشوەختە»دا خۆی دەنوێنێت. کۆمەڵگەی کوردی لە حاڵەتێکی چاوەڕوانیی بەردەوامی کارەساتدا دەژی. گوێگرتن لە هەواڵەکان، بینینی فڕۆکە لە ئاسمان، بیستنی دەنگی تەقینەوە و درۆن، تەنیا ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو چالاککەرەوەی تەواوی یادەوەریی زەبرە کۆنەکانە. ئەمە ئیگۆی تاک و کۆمەڵگە دادەڕزێنێت، توانای پلانداڕشتن بۆ داهاتوو و چێژوەرگرتن لە ئێستای لێ زەوت دەکات و تووشی هەستێکی قووڵی بێهیوایی و بێچارەیی دەکات. «برینە نەرجسییە» مێژووییەکەی کورد، واتە هەستی دانپێدانەنراوی، بێبەهایی و سوکایەتیپێکردن لەلایەن جیهانەوە، لەم دۆخەدا قووڵتر و ئازاربەخشتر دەبێتەوە. کاتێک چارەنووسی نەتەوەیەک دەکەوێتە بەردەم ڕەحمی ململانێی سێبەرەکانی ئەوانی تر، گەورەترین نیگەرانی ئەوە نییە کە چ لایەنێک سەردەکەوێت، بەڵکو ئەوەیە کە ئایا لە دوای ئەو سەرکەوتنە، شتێک بە ناوی کوردەوە بە مانایەکی سیاسیی و شکۆمەندانە دەمێنێتەوە یان نا؟

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦): جەنگ و نیگەرانییەکانی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]

  • ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]

  • سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]

  • شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]

  • سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا هێلێنا باوەرنفایند سەردانێکی پڕ مانا بەپێی سەرچاوە هاودەنگەکان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، سەردانێکی نائاسایی بۆ شاری جەمکەران ئەنجامداوە. کات و چۆنیەتی سەردانەکە بە نادیاری ماونەتەوە، بەڵام ئەمە [...]