دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا

 پێشەوا عەلیپوور

وتاری ئەم دواییەی تام باڕاک لە کۆڕبەندی ئانتالیادا، وەک یەکێک لە کاراکتەرە نزیکەکانی بازنەی بڕیاردانی ئیدارەی تڕامپ، تەنیا ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو چرپاندنی کۆمەڵێک ڕاستیی تاڵ و ڕاشکاو بوو لەبارەی گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕوانینی سیاسیی واشینگتۆن بەرامبەر بە جیهان و بەتایبەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. باڕاک پەردەی لەسەر سەردەمێک لادا کە تێیدا چەمکی پۆلیسی جیهان و دێموکراسیی ڕۆژئاوایی، جێگەی خۆی دەدات بە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی ڕووت و سارد.

تام باڕاک لە وتەکانیدا باسی لە زیندووکردنەوەی دکتۆرینی مۆنڕۆ کرد کە لە سەدەی نۆزدە وەک بەرگرییەک دژی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپا هاتە گۆڕێ، بەڵام ئەمجارە بە وەشانێکی نوێ ناوی لێنا دکتۆرینی دانڕۆ (تێکەڵەیەک لە ناوەکانی دۆناڵد تڕامپ و مۆنڕۆ). ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە ئەمریکا چیتر ئامادە نییە تێچووی سیاسی و سەربازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان وەئەستۆ بگرێت. لەکاتێکدا کە ئەمریکا لە ڕووی وزەوە گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و سەربەخۆ، ئیتر پاراستنی ڕێڕەوەکانی نەوت و گاز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ڕابردوو نابن بە خەمی یەکەمی ستراتیژیی ئەمریکا. ئەمە گۆڕانکارییەکی جەوهەرییە کە ئەمریکا لە هاوبەشێکی ستراتیژییەوە دەگۆڕێت بۆ چاودێرێکی دوورەپەرێز و دەردەکەوێ کە لە مۆنڕۆوە بۆ دانڕۆ، پاڕادایم چەندە سەیر گۆڕاوە!

لە ڕوانگەی تام باڕاکەوە، سەردەمی فرەلایەنی و کۆدەنگییە نێودەوڵەتییەکان بەسەرچووە. تڕامپ بڕوای بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە گەورەکان کە جومگەی سەرەکیی سیستەمی نێودەوڵەتی بوون، نەماوە و تەنیا لە پێوەندییە دووقۆڵییەکاندا بەدوای چارەسەر دەکەوێت. شێوازی کارکردنی تڕامپ لە هاوکێشەیەکی سادە بەڵام پڕمەترسی کورت دەبێتەوە: فشاری ئابووری (باج) + پێوەندیی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆ. ئەم دیپلۆماسییە زۆرەملێیە کە لە ڤەنزوێلا تاقی کرایەوە و لە ئێرانیشدا دوای لەناوبردنی سێ چین لە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە خەریکە تاقی دەکرێتەوە، پەیامێکی ڕوونە بۆ هەمووان؛ یان تەسلیمبوون بە ویستی واشینگتۆن، یان ڕووبەڕووبوونەوەی داڕمانی ئابووری. بۆ ئەمەش چاوەڕێی هیچ ناوەندێکی جیهانی ناکات و وەک تام باڕاک بە گاڵتە گوتی: تڕامپ هەر نازانێت یەکدەنگیی بڕیار یان فرەلایەنی چۆن دەنووسرێت!

شاباشی خۆت بدە و قیت هەڵپەڕە!

مەترسیدارترین بەشی پەیامەکەی تام باڕاک لەم ڕستەیەدا کورت دەبێتەوە: ئەوەی پارەی زوڕناژەن دەدات، ئاوازەکەش هەڵدەبژێرێت. ئەمە ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە چیتر پاراستن بێبەرانبەر نییە. لەم بازاڕە سیاسییە نوێیەدا، ئەمریکا خوێنی سەربازەکان و دۆلارەکانی بۆ بەرژەوەندیی هیچ لایەک بەفیڕۆ نادات، مەگەر تێچووەکەی لەلایەن خودی وڵاتەکانەوە دابین بکرێت.

ئەمە بۆ ئێمە وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت، ئاگادارکردنەوەیەکی مەترسیدارتر و مێژووییە، چونکە ئەمریکا لە ڕێگەی باج، تەنیا گەرەنتی پاراستن بە وڵاتان دەدات نەک بە نەتەوە بێدەوڵەتەکان! کەواتە ڕوونە کە لەم دەربڕینەدا مزگێنی دروستکردنی قەوارەی سیاسیش بە هیچ گەلێکی بێدەوڵەت نادرێت، هەر بۆیە دەبێ کوردی ڕۆژهەڵات بۆ خۆی وەخۆ بکەوێت و هەموو هەوڵی بۆ دروستکردن و جێخستنی قەوارەی خۆی، لە چوارچێوەی هەریەک لە شێوەکانی مافی دیاریکردنی چارەنووسدا بخاتەگەڕ، ئەویش پێش هەر چەشنە سازانێکی ئێران و ئەمریکا. کە دەڵێم پێش سازان، بە ڕوونی مەبەستم ئەوەیە کە بەپێی باوەڕمەندیی ئەمریکا بە سیستمی یەکبڕیاری و یەکناوەندێتیی بڕیار، بەتایبەتی لە کۆمەڵگە فرەلایەن و فرەپێکهاتەییەکاندا، تەنانەت ڕووخانی کۆماری ئیسلامیش مەترسییەکان لەسەر کوردی ڕۆژهەڵات کەم ناکاتەوە و سازانی ئەمریکا لە کۆتاییدا و لە ئێرانی نوێی دوای کۆماری ئیسلامیش هەر لەگەڵ تاران دەبێت، نەک لەگەڵ کوردی بێقەوارە. هەر بۆیە دوای ڕووخانی ڕێژیمیش ئەم ڕوانینەی ئەمریکا دیسان دەبێتەوە کێشە و مەترسی بۆسەر کوردی ڕۆژهەڵات، بۆیە گرنگە قەوارەی کوردی لە ڕۆژهەڵات بە پێداگری لەسەر ئیلام و کرماشان پێش هەر چەشنە سازانێکی ناوچەیی و جیهانی دروست بکرێت.

لە کۆتاییدا ئێمە لە بەرانبەر دوو بژاردەی قورسداین؛ یان نسکۆ، یان گۆڕینی تاکتیک لەپێناو ئامانجە گەورەکە! بێدەنگ مانەوەمان لە چاوەڕوانیی لێدانی چەخماخەی ڕزگاری، ئەگەر لەپێناو کەمکردنەوەی تێچووش بێت، هێشتا ناتوانێ پاساو بێت بۆ هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیمان لەو قۆناغەدا و هەروەها ناتوانێ ببێتە وەڵام بۆ نەوەیەکی چاوەڕوانی ئازادی. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر زلهێزەکان، کاری خۆیان تا ئێستا بەباشی بەڕێوە بردووە، ئیتر لێرە بەدواوە نابێ هەروا بە ئومێدی فرۆی چەوری بەرخەنێر بین، چاو لە هێلکەی دووزەردێنەی کەڵەشێر بین! لە جیهانی دانڕۆدا، تەنیا ئەو لایەنانە جێگەیان دەبێتەوە کە خاوەن قەوارە و هێزی مەیدانی بن لەسەر زەوی.

وتەکانی تام باڕاک نیشاندەری فەلسەفەی باڵێکی سیاسییە کە دەیەوێت ئەمریکا لە کێشە هەرێمی و بچووکەکانی جیهان بکشێنێتەوە. لەو نێوەندەدا ئەگەر لایەنە ڕزگاریخوازەکان، بەتایبەت ئێمەی کورد، نەتوانین هاوسەنگییەکی نوێی هێز دروست بکەین، لەژێر چەرخی بەرژەوەندییە گەورەکاندا ورد دەبین. کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە چیتر کەس بەبێ شاباش زوڕنا بۆ کەس لێ نادات!

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی بانەمەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی

عەلیپوور، پێشەوا(٢٠٢٦): دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی

ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی

ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی هێلێنا باوەرنفایند ترەمپ، ئێران و تاقیکردنەوەی ڕاستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکێک نییە کە بە زمانێکی نەرم و دیپلۆماسییانە بدوێت. شێوازی سیاسیی ئەو زۆر جار پەرشوبڵاو، هەندێک جار [...]

  • پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە

پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە شاهۆ حەسەنپوور پرسی دێموکراسی لە پلانی خوێندندا-دەرسەکانی مێژوو و کۆمەڵناسی وەک نموونە لە پلانی فێربوون و خوێندنی[1] وەڵاتی سوئێد دا بابەتی [...]

  • ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی

ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی دانا حەمید ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی [...]

  • ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم

ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم تەها ڕەحیمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئالەنگارییەکانی پاش ڕووخانی ڕێژیم نزیکەی زۆربەی هەرە زۆری ئەم ڕووداوە سیاسییانەی لە سەرانسەری جیهاندا ڕوو دەدەن یان بەرەو ڕوودانن، [...]

  • سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان"

سنوورەکانی “ڕۆژهەڵاتی کوردستان”

سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" سولەیمان چوکەڵی سنوورەکانی "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" بە کوێ دەبێ بگوترێ "ڕۆژهەڵاتی کوردستان" و سنوورەکانیشی تا کوێ دەبێ درێژ ببنەوە؟ هەستیاریی هەلومەرجەکە هانی دام تا بابەتی جوگرافیا و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی [...]