دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شنە پاسبار

زۆرجار دێمۆکراسی وەک دەرەنجامی سروشتیی شۆڕش یان دەرەنجامی ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبینرێت. کاتێک حکومەتی دیکتاتۆریی ناوەند دەڕووخێت، بە شێوەیەکی گشتی چاوەڕوان دەکرێت ئازادی، پلوڕالیزم و بەشداریی خەڵک بەدوای خۆیدا بێنێت. بەڵام تیۆریی سیاسی و ئەزموونی مێژوویی ڕاستییەکی ئاڵۆزتر پێشان دەدەن. یەکێک لە بیرۆکە باوەکان لە نێوان فەیلەسووفانی زانستە سیاسییەکاندا ئەوەیە کە دێمۆکراسی یەکسەر دوابەدوای شۆڕشدا نایەت؛ لەبەر ئەوەی ئەو گۆڕانکارییە بەرهەمی شۆڕشی کەسانێکە کە ڕاستەوخۆ لەژێر گوشار و ستەمی دەسەڵاتی پێشوو بوون و ئێستاش بە دنیایەک برینەوە ناتوانن واز لە توندوتیژی بێنن و ڕێگایەکی دێمۆکراسیانە بگرنە بەر.

ئەم ڕوانگەیە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوچەرخی ئێران و بەتایبەتی لە چوارچێوەی تەنگەژە ژئۆپۆلیتیکییەکان و شەڕی ڕاستەوخۆ کە ئەمریکا و ئیسرائیل تێیدا بەشدارن، گرنگیی تایبەتی هەیە و دەبێ خوێندنەوەی دروستی بۆ بکرێت. لەنێو ئەو قەیرانەی ئێستا وڵاتی ئێران تێیکەوتووە، پرسیارێکی گرنگ و دیار خۆی نیشان دەدات: داهاتووی دێمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبێت لە ئەگەری ڕووخان یان لاوازبوونی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا؟ کورد لە ئێران، جا چ خەڵکی ناوخۆ و چ حیزبە سیاسییە کوردییەکان، ساڵانێکی دوورودرێژە لەژێر گوشار، زوڵم و دەربەدەریدا بوون. هەر بۆیەش بەپێی ئەو ڕاستییە مێژووییانە، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە پێشێ: ئایا کۆمەڵگایەک کە لەسەر بنچینەی ئازار، بەرگری و پارچەپارچەبوون دروست بووە، دەتوانێت خۆی لەگەڵ سیستەمێکی دێمۆکراسیانە بگونجێنێت؟

لەم وتارەدا دەمهەوێ بە وردی سەیری هەندێک لە ڕەهەندە پێوەندیدارەکان بەم پرسیارەوە بکەم؛ پێوەندیی نێوان شۆڕش، ئازاری هاوبەش و گەشەی دێمۆکراسی و بەتایبەتی ئەزموونی سیاسیی کورد لە ئێران. خاڵێکی هاوبەش کە لەنێو هەموویاندا دەبینرێت ئەوەیە کە هەرچەندە کێشە و بەربەستەکان گەورەن، دێمۆکراسی لە کوردستان لەوانەیە پێشتر ڕەگی داکوتابێت، ئەگەر کارەکتەر و هێزە سیاسییەکان بتوانن بە ژیری مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکاندا بکەن.

 شۆڕش و سنوورەکانی دێمۆکراسی

چاوەڕوانیی ئەوەی دێمۆکراسی بە شێوەیەکی سروشتی پاش ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان دێت، لە بیرکردنەوەیەکی ئایدیالیستییەوە سەبارەت بە سروشت و هەڵسووکەوتی مرۆڤ سەرچاوە دەگرێت. بەڵام لە ڕاستیدا زۆرجار نائارامی و توندڕەوی لە جێگەی بەرەو دێمۆکراسیبوون ڕۆیشتن، دەبێتە بەرهەمی شۆڕش. ئەو ڕاستییە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەو تاک و گرووپانەی شۆڕشێک دەخوڵقێنن، لەژێر ستەمی سیستەمە دیکتاتۆرەکاندا ئازاریان چێشتووە و هەر بۆیەش بە هەستێکی قووڵی لێوڕێژ لە ڕق و بێباوەڕی، هیوایان بە دادپەروەری نامێنێت و ڕێگەی تۆڵەسەندنەوە دەگرنە بەر. ئەو دۆخە دەروونی و سیاسییەی تاکەکان و شۆڕشگێڕان، بەربەستێکی گەورە دەبێت بۆ سیستەمی دێمۆکراسی. دێمۆکراسی پێویستی بە سازش، لێبوردەیی و قبووڵکردنی بۆچوونە جیاوازەکانە لەگەڵ پشت بەستن بە حکومەتی یاسا، نەک تۆڵەی کۆمەڵایەتی. بەڵام هەندێک جار ئەو کۆمەڵگایانەی لەژێر ستەم ڕزگاریان بووە، ئەو مەرجانە ناپارێزن و کارەکتەرە سیاسییەکان بەشی زانیاری و ئەمنییەتی دەخەنە پێش ئازادی، دەسەڵات پێش پلوڕالیزم و بەرژەوەندیی خێرا بەسەر گەشەی گشتیی درێژخایەندا. ئەو جۆرە لە ململانێ لە نێوان ئازادی و ئازاردا تەنیا تایبەت بە ناوچەیەکی دیار نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەرچی کۆمەڵگایەک زیاتر لەژێر گوشاری درێژخایەنی دیکتاتۆردا بووبێت، ئەو ئاستەنگانە بۆ هێنانەگۆڕێی دێمۆکراسی زۆرتر دەبێت (Herbert George Wells).

لەو بابەتەدا ئێران نموونەیەکی ئاڵۆزە کە تێیدا حکومەتی دیکتاتۆری لەگەڵ فرەنەتەوەیی و جیاوازیی ناوچەیی تێکەڵ دەبێت. بۆ چەندین دەیە حکومەتی ناوەند کۆنترۆڵێکی توندی لەسەر ژیانی سیاسیی تاک و کۆمەڵگاکان هەبووە، کە هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی سنوورێکی یەکجار بەرتەسک بۆ بزووتنەوەی سیاسی دروست بێت. لەو نێوەشدا بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی هەستیارییەکی سیاسیی بەرز بووەتەوە و زیاتر بە شێوەیەکی ئاسایشی و ئەمنییەتی مامەڵەی لەگەڵ کراوە. ناسنامەی سیاسیی کورد لە ئێراندا تا ئێستا هاوبەش بووە لەگەڵ بەشداریی سیاسی و سەربەخۆیی ناوچەیی، کە هەر هەمووی تا ئێستا لە جێی دیالۆگ و دانوستان، بە زیاتر خستنەژێر گوشاری ڕۆژهەڵات وەڵامی دراوەتەوە. هەموو حیزب و پارتە سیاسییەکان مەجبوور بوون وڵات بەجێ بێڵن و زیاتر لە چوار دەیەیە لە دەرەوەی سنووری جوگرافیی خۆیان کار دەکەن. هەر ئەو دوورکەوتنەوەیە ئەگەرچی بەرگریی سیاسیی کورد و هۆشیاریی سیاسیی کۆمەڵگای کوردی بردووەتە سەر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە هۆی ئەوەی مەودایەکی جوگرافیی نەخوازراو بۆ حیزب و گرووپە سیاسییەکان دروست بێت لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەی کە نوێنەرایەتیی دەکەن.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوان دەرفەت و مەترسیدا

لە ئێستادا کە ئەو حیزب و پارتە سیاسییانە نوێنەرایەتیی سیاسەتی ڕۆژهەڵات دەکەن، هەر کامیان مێژوو، سیستەمی سەرکردایەتی و ئاراستەی ئایدیۆلۆژیی جیاوازیان هەیە. ئەگەرچی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵات و مافی گەل تا ڕادەیەکی زۆر هاوڕان، بەڵام ڕێگا و سیستەمیان بۆ گەییشتن بەو مافانە جیاوازە و تەنانەت تا ماوەیەک لەوەپێش یەکگرتووش نەبوون. لەگەڵ پاراستنی خۆیان، بەرگری لە مان و بەربڵاوکردنەوەی پێوەندییەکان، جا چ کوردستانی و چ نێودەوڵەتی، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو حیزبانە بە گشتی زیاتر لەوەی بەرچاو دێت ڕووبەڕووی ئازاری سیاسی بوونەتەوە. ساڵانی زۆری دەربەدەری، چەندین کۆچی زۆرەملێ و تێکۆشان بۆ هیوایەکی نادیار و شۆڕشێکی نەدیتراو، هەمووی وەک برینێک لەسەر ئەو تاکە سیاسییانە ڕیشەی داکوتاوە. ئەگەرچی تەواوی ئەو ژانانە دەبنە هۆی ئەوەی پابەندیی سیاسی و هەستی بۆ ئامانجەکانیان تووندتر بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دەتوانێت ببێتە ئاستەنگێک بۆ دۆخی پاش ڕووخانی ڕژێم و تەواوی ئەو برینە چارەسەرنەکراوانە بە شێوەیەکی تر سەرهەڵبدەنەوە. تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگایەکی بریندارتر و ئەولەویەتدان بە چارەسەریی زامەکان، ئیزن بەوە نەدات کە چێژ لە نەمانی دیکتاتۆر بگیرێت و هەر ئەوەش بەربەستە بۆ سەرهەڵدان و گەشەی سیستەمێکی دێمۆکراسی.

ئەگەر ئەو شەڕەی ئێستای ئێران بەرفراوانتر بێت و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ناوچەکەدا ڕووبدات، ئەوە بەدڵنیاییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر دوو ڕووی دەرفەت و مەترسی دەبینێت. لە لایەک، ئەو کات کورد و بەتایبەتی حیزب و پارتە سیاسییەکان وەک نوێنەری نەتەوەی کورد لە ئێراندا، بەدڵنیاییەوە دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ دێتە پێش و بە ژیرانە جووڵانەوە دەتوانن بەرهەمی زۆر چاکی لێ وەربگرن. بەڵام لە هەمان کاتیشدا فاشیزمی فارس و تورک و هەروەها کێبڕکێی سیاسیی نێوان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەتوانێت مەترسییەکی گەورە بۆ کورد دروست بکات کە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکرێت، پەردەیەک بەسەر دێمۆکراسی و ئاشتەواییدا بێنێت. لەو نێوەشدا لە نێوخۆی کوردستان ئەو شەڕ و کێشە دەرەکییانە تا ڕادەیەک دەبنە هۆی ئەوەی کەلێن بکەوێتە نێوانیان (بەهۆی هەموو ئەو جیاوازیی ئایدیۆلۆژی و شێوازی سیاسییەی کە هەیانە) و لە دۆخێکی نائارام و پڕ لە مەترسیدا ئەستەمە کە بتوانن بە دڵێکی کراوەوە کێشەکان چارەسەر بکەن؛ هەر ئەوەش لە نێوخۆی کوردستاندا دەتوانێ ئاستەنگێکی گەورە بێت بۆ دێمۆکراسی.

لەگەڵ هەموو ئەم کێشە و ئاستەنگانەدا، هۆکارگەلێکی گرنگ هەن کە دەتوانن ئەو ناسازگارییە سیاسییە لە نێوان پارتە کوردییەکاندا کەم بکەنەوە. وەک ئەوەی دەزانین تا ئێستاش پارتە کوردییەکان دێمۆکراسیبوونی خۆیان سەلماندووە و یەکێک لە گرینگترین ئەو کارانەش کە هێمایەکی گەورەی دێمۆکراسییە، هەر هەمان پێکهێنانی هاوپەیمانی و هاوکاریی سیاسیی ئەو بۆچوونە جیاوازانەیە کە هەمووی ڕووناکییە بۆ داهاتوویەکی پڕ لە کێشە و گرفت.

یەکێک لە گرینگترین تێگەییشتنەکان لە ئەزموونی سیاسیی کورد ئەوەیە کە دێمۆکراسی تەنیا پێوەندی بە دامەزراوەکانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەستە بە کلتووری سیاسییەوە. لە کوردستان لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، کارەکتەرە سیاسییە کوردەکان زیاتر گرنگییان داوە بە گفتوگۆ، هاوکاریکردن و گەییشتن بە بڕیاری هاوبەش. دروستبوونی هاوپەیمانی نیشان دەدات کە یەکگرتوویی پێویستی بە یەکسانیی بیر و ڕا نییە. ئەم کلتوورە سیاسییە بە گەشەکردنی خۆی دەتوانێ ببێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ گەشەی دێمۆکراسی لە داهاتووی کوردستاندا، ئەگەر بەهێز بکرێت دەتوانێت یارمەتیدەری گۆڕینی ئازاری مێژوویی بێت بۆ هێزێکی کارا و سازندە، کە لە ڕێگای ئەوەوە کارەکتەرە سیاسییەکان بەرژەوەندیی گشتی بخەنە پێش ئامانجەکانی تاک و پارتەکان بەجیا.

داهاتووی دێمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە هۆی ڕووداوە سیاسییەکانی وەک شەڕ و شۆڕش یان گۆڕینی ڕژێمی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دیاری ناکرێت، بەڵکوو پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ توانای ناوخۆییی کارەکتەرە سیاسییەکان (حیزب و پارتەکان) و کۆمەڵگای بریندار و ئازارچێشتوو. بە گشتی دێمۆکراسی وەک دەڵێن لە پاش شۆڕش نامومکین نییە، بەڵام خۆبەخۆش دروست نابێت؛ پێویستی بە هەوڵێکی ئاگایانە، دیزاینی دامەزراوەیی و پابەندبوون بە گۆڕینی ئازار بە هاوکاریکردن هەیە. بنچینەی سیاسیی کورد لەسەر تێکۆشان و پێکەوەگونجان دروست بووە کە هەر هەمووی ئەو پیرۆزییە پێویستی بەوەیە ژیرانە بپارێزرێت.

لە کۆتاییدا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە ئایا لە پاش شەڕ و ڕووخانی ڕژێم دێمۆکراسی دەتوانێ جێی خۆی بکاتەوە؟ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کارەکتەرە سیاسییەکان ئامادەن کە بە ئارامی و بە شێوەیەکی هاوبەش، کۆمەڵگا بۆ دۆخی دێمۆکراسی بگوازنەوە؟

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٠ی بانەمەڕی  ٢٧٢٦ی کوردی

پاسبار، شنە(٢٠٢٦): دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟

بۆچی گەیشتنی فڕۆکەکانی A-10 ئاماژەیەکی ئەگەرییە بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی؟ هێلینا باوەرنفایند زۆربەی خەڵک پێشتر لێرە و لەوێ لە هەواڵەکان، سۆشیاڵ میدیا یان ڕاپۆرتە تەلەفزیۆنییەکان بیستوویانە: فڕۆکە جەنگییەکانی A-10 Thunderbolt IIی ئەمریکی [...]

  • لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا

لەنێوان هێڵەکانی پێشەوەدا کورد لەژێر سێبەری جەنگێکی نوێی ناوچەییدا هێلینا باوەرنفایند هەولێر. لە شەوانی پایتەختی هەرێمی کوردستانی ئۆتۆنۆم لە باکووری عێراق، ئاسمان چیتر تاریک نییە، بەڵکوو دەدرەوشێتەوە. دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە، تەقینەوە، [...]

  • دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران

دە خاڵ، دە ئاماژە – خوێندنەوەی جیۆپۆلەتیکی نەتانیاھۆ بۆ ململانێ لەگەڵ ئێران هێلینا باوەرنفایند وتارەکەی بنیامین نەتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پەیڕەوی لە لۆژیکێکی ڕوونی دڵنیایی ستراتیژی دەکات: ئەو پەرەسەندنە سەربازییەکان دەخاتە [...]

  • ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە

ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە

ئێرانی کەڵبە و بێکەڵبە دانا حەمید چارەنووسی ئێران لەم ساتە مێژووییەدا، لەسەر لێواری پەتێکی تەنک و لەرزۆک ڕاوەستاوە کە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا کێشراوە: نمایشکردنی کەڵبەیەکی جیۆپۆلەتیکیی تیژ و هەڵگرتنی [...]

  • ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا

ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا

ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا ڕێبوار سیوەیلی ئێرانی دوای ئایدۆلۆژیا "برادر گوش بدە.."! لەنێوان هەژموونی ناسیۆنالیزمی ناوەندگەرا و پێویستییەکانی فرەیی نەتەوەیی ١. مێژووی سیاسیی ئێران هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری "گورزی کوشندە" و [...]

  • ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان

ڕۆژی نۆزدەهەمی جەنگ – کرۆنۆلۆژیای تێپەڕاندنی سنوورەکان هێلینا باوەرنفایند ئەوە ئەو ساتە بوو کە دەکرێت لە مێژووی ململانێ نوێیەکاندا وەک خاڵێکی وەرچەرخان هەژمار بکرێت: کاتێک یەکەم بۆمبەکان بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی عەلی [...]