ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا
ڕەحیم سورخی
بەشێکی زۆر تایبەتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، ئەو لێڵی(ابهام)یە کە لە گوتاری سیاسیی- میدیایی ترامپدا هەیە. ترامپ ئەو زمانە تەمومژاوی، فرەلایەن و ناڕوونە بۆیە بەکار دەهێنێت تا واتا کۆنترۆڵ بکات و ڕێگا لە ئەوە بگرێت ڕای گشتی بگاتە هاوبەشییەکی واتایی کە لە قازانجی ئەو نەبێت. بۆ نموونە، لەشەڕێکی وا گەورەدا تێدا چوونی خەڵکی مەدەنی زۆرە، وەک قوتابخانەکەی ‘میناب’ کە دەگورێت ١٨٠ قوربانی لێکەوتبێتەوە، بەرپرسیارێتییەکەی بشارێتەوە. هەروەها کاردانەوەکانی وەرگرانیشی بە ئەو شێوەیە کە خۆی دەخوازێت، ڕێک بخات و بەڕێوەبەرێت. تا ئێستا، هەڵسوکەوتی “شەلم کوێرم کەس ناپارێزم”ی سپای پاساداران و ئێران بەرانبەر بە وڵاتانی ناوچە و درواسێکانی، لە قازانجی ستراتیژییە گوتارییەکەی ترامپ بۆ شاردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانی لە تێچووە گیانی و مادییەکانی جەنگەکە بووە. ئەمە سەرباری ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە نزیک سێ مانگ لەوەپێش لە خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی ناوخۆی ئێران کردووەیەتی .
لە دەست پێکردنی شەڕەکەوە، بەردەوام ترامپ خۆی دەدوێت و تەنانەت نەتانیاهۆش کەم دەدوێت، و ئەگەر بشدوێت، لە دوای ترامپە یان شتێکە لە جۆری هەڕەشە کە زۆر جیاواز نییە لەگەڵ ئەوەی لە باری مەیدانییەوە دەیکات. وەزیری دەرەوە کەمتر دەردەکەوێت و وەزیری جەنگی ئەمریکا زیاتر دەردەکەوێت، ئەگەر دەریش دەکەون، کاتێک دەکەونە بەر پرسیاری ڕوونکردنەوەی ئامانجە تایبەتییەکانی جەنگەکە، دەڵێن سەرۆک خۆی دەزانێت چی دەکات. ترامپ دەیهەوێت خۆی بە پێشەنگی جەنگەکە پێشان بدات و دەشکرێت ڕێککەوتنێکی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بێت. ترامپ لە ڕۆژێکدا دوو یان زیاتر جاران لێدوانی لێڵ و تاڕادەیەک دژ بەیەکیش دەدات. بۆ نموونە، بەیانی دەڵێت:” شەڕەکە بەرەوە کۆتایی دەچێت/ئامانجەکانی خۆمان پێکاوە، و…”، بەڵام سەر لە ئێوارە دەڵێت: “شەڕ بەردەوام دەبێت، و خەریکین بەتەوای ئێران لە ڕووی سەربازی و ئابووری لەناو دەبەین، و…”. ئەم بەشەی دیارە، بۆ کوۆنتڕۆڵی نرخەکانی گاز و نەوتە لە جیهاندا. چونکە بێدەنگکردنی هەرای ئابووری لە بازارەکانی جیهاندا، ڕێگا بۆ مسۆگەرکردنی پلانەکەی لە ئەگەری درێژە کێشانەی شەڕەکەدا خۆش دەکات.
ترامپ بەم ستراتیژییە گوتارییە تەمومژاوییە تا ئێستا هەوڵی داوە پەیامێکی فرە واتا بنێرێت کە وەرگری جۆراوجۆری سەر بە سەرچاوەی جیاوازی لێکدانەوە بۆ پەیامەکانی بکاتە ئامانج، کە هەم ئیسرائیلییەکان و هەمیش کابینەکەی بەدەقی لێدوانەکانی خۆیان پشتگیریی ئەم ستراتیژییە گوتارییەیان کردووە. یەکێتیی ئەو گوتارە پرۆپاگەنداییە هەواڵییەی جەنگیان بە تەوەرێتیی لێدوانە لێڵەکانی ترامپ پاراستووە.
زۆر جاران دەبیستین کە هێندێک پێیانوایە ترامپ نازانێت دەڵێت چی یان هاوسەنگییەکی دەروونی نییە و لەو جۆرە شتانە، بەڵام بەکارهێنانی ئاگایانەی دەستەواژەکان، پێکهاتە و چیرۆکسازییەکان مەبەستدارن و بەشێکن لە ستراتژییەکی گوتاری سیاسی و ڕاگەیەنەیی جەنگ. سەبارەت بە ترامپ، دەکرێت ئەم ستراتیژییە بیرلێکراو و ئاگایانەیە ببەینەوە بۆ پاش هاتنە سەرکاری و دەستپێکردنی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی چەکی ناوکی، و بگەیەنە ئەو دەرەنجامەی پلانێکی کارلەسەرکراوی ئیسرائیل و ئەمریکا بێت و ئێستاش بەردەوامە. تەنیا جیاوزییەکی بەدی دەکرێت ئەوەیە کە ئەو کات بۆ شاردنەوەی مەبەستەکانی و لەداوخستنی ئێران بوو کە خافڵگیری بکەن.
بە کورتی، ترامپ ئێستا ئیتر لەگەڵ ڕای گشتیی ئەمریکا سەبارەت بە جەنگ، تێکچوونی باری ئابووریی و بازرگانیی نەوت و گاز و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی تێکچوونی ئاسایشی کەشتیوانی لە کەنداوی فارس، تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە بە هۆی هێرشی کوێرانەی ئێران بۆ سەر خەڵکی ئاسایی وڵاتانی خەلیج و دراوسێکانی، و لێکەوتە گیانییەکانی جەنگەکە بۆ سەربازانی ئەمریکا و خەڵکی مەدەنی و زۆر لایەنی تر بەرەو ڕووە. هەر بۆیە ئەم ستراتیژییە گوتارییە تەمومژاوییە یارمەتی دەکات، کە هەستیاریی ڕای گشتی بەرانبەر بە لێکەوتە گیانییەکانی شەڕەکە، بەتایبەتی، بەرانبەر خەڵکی مەدەنی کاڵ و لاواز بکات، ڕەوایەتی ئۆپەراسیۆنەکان بە شاردەنەوەی بەرپرسیارێتییەکانی لە تێچووە گیانی و مادییەکانی جەنگەکە بشارێتەوە، و بە دروستکردنی فەزاەیەکی فرەلایەنی لێکدانەوەی جیاوازیش ڕای گشتی لە سەر ساخ بوونەوەی واتایەک بە زیانی خۆی پرشوبڵاو بکات.
ئامادەیی و دابەشکردنی ڕێکخراوی سیستەمی بەرگریی هاژەکیی ئێران، و ستراتیژیی داخوراندن(فرسایش)ی شەڕەکە بۆ بردنەسەرێی تێچووەکانی لێکەوتەی ئۆپەراسیۆنەکان، لەلایەک، و نابەرپرسیارێتیی ڕێژیم بەرانبەر بە خەڵک و بەراییدانی بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژیی بەسەر بەرژەوەندیی نیشتمانیدا، وا دەنوێنێت کە کۆنترۆڵی هێزی توندڕۆ و تیرۆریستیی سپای پاسداران لەدەست بەڕێوەبەرانی سیاسی و کارگێڕیی حکومەتی ئێران دەرچووە. واتە، سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سپایەکی حکومەتییەوە بەرەو ڕێکخراوێکی لە شێوەی داعش چووە.
بەڵام ئەم شێوە لێدوانە لێڵ و مژاوییانە تا کەی دەکرێت بەردەوام بێت؟
ئەمە خۆی، گرفتێکی تری جەنگەکەیە و درێژە کێشانی، وا دەکات ترامپ و نەتانیاهۆ ناچار بکات لەمەو دوا بکەونە دۆخێکەوە کە ناچار ببن بڕێک ڕوونتر و ئاشکرا تر بدوێن. بەتایبەتی، بەرانبەر بە فاکتەرە مەیدانییەکانی دژ بە ڕژیم، و لەوانەشکورد و نەتەوەکانی دیکە لە ئێراندا. ئەمڕۆ ترامپ، لە بەشێک لە قسەکانیدا، گوتی:”لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە، موجتەبا خامنەیی نەبینراوە. پێموایە موجتەبا خامنەیی زیندووە”. ئەم ئاخاوتنەی ترامپ وا دەگەیەنێت کە ئەو لە کۆنترۆڵدەرچوونەی سپای پاسداران بشارێتەوە کە بەڕێوەبەرایەتییەکی نییە کۆنترۆڵی بکات، چونکە بە ڕژدی بە زیانی ئەو سیاسەتەیە کە جەنگەکە بەو شێوەیە وا ئەمریکا پلانی بۆ داناوە تەواو بکات. لەم بوارەدا، گروپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە کە بە ‘مقاومە” ناسراون، کێشەکەیان بۆ ئەمریکا ئاڵۆزتر کردووە، بەتایبەتی لە عێراق.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٢ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٦): ستراتیژیی ڵێڵیی گوتاریی جەنگ لە گوتاری سیاسی و میدیایی ترامپدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا
ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا هێلێنا باوەرنفایند ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا تاران لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، نیشانەکانی قەیرانێک خەریکە چڕ دەبنەوە کە لە ئاڵۆزییە [...]
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە هەرمان ڕۆژهەڵات ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە دماو دابەشكریای جوغڕافیاو كوردستانی بەهۆو ئەنجامەكاو شەڕە نگریسە جیهانییەكا بە ڕێككەوتەی زلهێزەكا پەیمانە [...]
نیگای شۆڕشگێڕ
نیگای شۆڕشگێڕ دانا حەمید نیگای شۆڕشگێڕ لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرەنگاریی تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسیی کاتی نییە بەرانبەر بە ستەمێکی دیاریکراو، بەڵکو کردەیەکی وجودیی بەردەوامە بۆ سەلماندنی «بوون» لە بەرانبەر ستراتیژییەتێکی [...]
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]
ئێران، بەربەستی ترس
ئێران، بەربەستی ترس هێلینا باوەرنفایند نووسراوەی خاتوو هێلینا باوەرنفایند شیکارییەکی قووڵ و ڕیالیستانە بۆ دۆخی ئێران پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ڕوانگەی "زانستی سیاسی" و "مێژووی شۆڕشەکانەوە" سەیری بابەتەکە دەکات. ئێران، بەربەستی [...]
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت ئاراکۆ هەڵوێست دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند [...]







