قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی
عومەر ئیزەدخواە
گرنگیی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستییەکی ستراتیژیی پەیوەست بە کۆمەڵێک هێزی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، کە نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتیی پرسێکی ڕامیاریی هەستیاری ئەم بازنەیە دەکەن؛ ئەویش بریتییە لە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیییە زەوتکراوەکانی وەک نەتەوەیەکی گەورە و بەرچاو لە ناوچەکەدا. ڕزگاربوونی ئەم نەتەوەیە لە ژێردەستەیی و حوکمڕانیی ڕژێمە تۆتالیتار و فاشیستەکانی تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق، ئامانجی بنەڕەتیی بزووتنەوەکە بووە، هەر لە مێژووی داگیرکردن و چەوساندنەوەی ئەم گەلەوە تاوەکوو ئێستا.
بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد، وەک پانتاییی سیاسیی پارت، ڕێکخراوە و گرووپەکان و هتد، بەردەوام مەیدانێکی ئەوتۆ بووە وەک ئەلتەرناتیڤێک بۆ داهاتوو و قۆناغی گواستنەوەی هێزی کوردی بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە. هەر بۆیە پرسی کورد بەدرێژاییی لانیکەم سەد ساڵی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک پرسێکی ستراتیژیی گرنگ ماوەتەوە؛ هەرچەندە تا ئێستا کورد خاوەنی نوێنەرایەتیی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەییدا نییە. بەتایبەتیش کاتێک باس لە پرسێکی هەستیاری وەک قووڵاییی ستراتیژی دەکەین کە لە ڕوانگەی بنەماکانی تیۆریی کلاسیکی لیبراڵیزمەوە، زیاتر پەیوەستە بە دەوڵەتان وەک یەکە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
بەڵام ئەگەر بە وردی و ڕاستی بڕوانینە دۆخی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕوونی سەنگی هێزی کوردی دەردەکەوێت، کە پارتەکانی هەر چوار بەش نوێنەرایەتی و بەڕێوەبردنی ئەم هێزە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی کوردیدا دەکەن. واتە کورد وەک هێز، بە جۆرێک فاکتەری یەکلاکەرەوە بووە لە پرسە سیاسییەکانی ئەم چوار دەوڵەتەدا و بەردەوام دەرفەتی بەهێزبوونی لە ئارادایە؛ بەتایبەت گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکان کە زۆرجار بە ئاراستەی دەرفەت و بەرژەوەندییەکانی هێزی کوردی بوون.
چەمکی قووڵایی ستراتیژی Strategic Depth
قوڵاییی ستراتیژی، چهمکێکی جوگرافی سهربازییه کە بریتییه له مهودای نێوان بهرهی پێشهوهی جهنگ و ناوچه ههستیارهکانی وهک شاره سهرهکییهکان، ناوهنده گرنگهکانی سهربازی، پیشهسازی، ژێرخانی ئابووری، سهرهنجام به زیادبوونی ئهم مهودایه هێزی بهرگری به وڵات دهبهخشێت.[1]
دەتوانین بە شێوەیەکی پوختتر پێناسەی چەمکی “قووڵاییی ستراتیژی” بەم شێوەیە بکەین: بریتییە لە مەودای جوگرافیی نێوان سنوورەکانی وڵات لەگەڵ هەستیارترین و ستراتیژیترین پێگە سیاسی، سەربازی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. تاوەکوو ئەم قووڵایییە مەودای زیاتر و بەهێزتر بێت، توانای سەربازیی وڵاتەکەش بەهێزتر دەبێت؛ واتە جوگرافیا وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە لە ململانێکاندا دەردەکەوێت.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەین، ئەویش گۆڕانی شێوەی جەنگەکانە لە جەنگی کلاسیکییەوە بۆ جەنگی مۆدێرن، کە خۆی لە گۆڕانی ئامراز و تەکنەلۆژیای سەربازی، هێرشی سایبێری، هەواڵگریی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی مووشەک و درۆن بە شێوەیەکی بەربڵاو لە جەنگەکاندا دەبینێتەوە. ئەم گۆڕانکارییانە پرسیارێکی سەرەکی دەربارەی مەودای نێوان سنوورەکان و قووڵاییی ستراتیژی دروست دەکەن؛ بە جۆرێک کە تا ئێستاش بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم پێشکەوتنانە، ماهییەتی قووڵاییی ستراتیژی وەک کارتێکەرێکی جوگرافی دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە ڕاستە دەکرێت لە ڕێگەی ئەم گۆڕانکارییە سەربازییانەوە، مەترسی و هێرشی پاکتاوکردن بۆ هەستیارترین و قووڵترین پێگەی جوگرافیی هەر وڵاتێک ئەنجام بدرێت، بەڵام لە لایەک، لە پاڵ پێشکەوتنە سەربازییەکان لە لایەنی هێرشبردنەوە، بەرگریی ئاسمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە ئەوەندە بەهێز بووە کە زیانەکان بە ڕادەیەکی گەورە کەم بکاتەوە. لە لایەکی تریشەوە، ئێستاش بەزاندنی سنووری جوگرافی بۆ گۆڕانکاریی سیاسی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، هەرچەندە کەرەستە سەربازییەکان پێشکەوتوو بن. واتە جوگرافیا هێشتا فاکتەرێکی ستراتیژییە بۆ ئاسایشی دەوڵەت، و گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکان نەیانتوانیوە لە گرنگیی قووڵاییی ستراتیژی بە شێوەیەکی بنەڕەتی کەم بکەنەوە.[2]
سەنگی کورد لە تەرازووی هێزدا
بەدرێژاییی مێژووی کۆن و هاوچەرخ، کورد لە یەکلاکردنەوەی ڕووداوەکاندا هێزێکی کاریگەر بووە. وەک دوایین وێستگەکان دەتوانین بڕوانینە بەشداریی کارای کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق و دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمێکی نوێ؛ دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بەشداریی کارای کورد لە شەڕی جیهانی بۆ بنبڕکردنی داعش؛ گۆڕانکاری لە دۆخی سووریا و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە ڕۆژئاوا. هەروەها کاریگەریی کورد لە لێکەوتەکانی ململانێی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، نیشانەی چاوەڕوانییە گەورە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە لە هەڵوێست و بڕیاری هێزی کوردی بۆ کاتی گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ئێرانی نوێ و سیستەمی سیاسیی تازە. واتە کاتێک کورد بڕیاری کاتژمێری گۆڕانکاری دەدات، کاتێکە کە ئەم بڕیارە لە ئاستی باڵای سیاسیدا، یەکلاکەرەوە و کۆتاییهێنەر بێت. ئەوەی دەبینرێت، کورد هێزێکە دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان و هاوسەنگیی هێزەکاندا بگێڕێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG):
سەرباری هەموو کەموکوڕی، گرفتە ناوخۆیییەکان و لەمپەرەکانی بەردەم حکوومەتی هەرێم، بەڵام سەبارەت بە پرسی کورد، ئەم قەوارەیە بە دەستکەوتێکی مێژوویی و مەزن دادەنرێت و لەم بابەتەدا خاوەنی گرنگیی لەپێشینەیە. دەتوانین وەک لووتکەی چیایەکی نوقمبوو لە دەریادا وێنای بکەین کە تەنیا بەشێکی لە سەرووی ئاستی ئاوەکەوەیە؛ حکومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان سیمبول، چەق و نوێنەری هێزی کوردییە لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. بۆ دەرخستنی ئەم بابەتەش، لە هەر نموونەیەکی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بڕوانین، دەیبینین. ڕۆڵی حکوومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی پەیوەست بە چارەسەری پرسی کورد لە باکووری کوردستان[3]، بەهەمان شێوە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکوومەتی نوێی سوریا دەربارەی پرسی کورد[4]. باشووری کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکانی چەندین دەیەی ڕابردوو، تاکە پەناگە و قەڵای ڕێبەرایەتیی هێزە سیاسییەکانی هەرچوار بەشی کوردستان بووە، پێگەیەکی جوگرافیی گرنگ بووە بۆ جووڵانەوەی نەتەوایەتی. بەردەوام ئۆکسجینی مانەوەی گیانی برینداری هێزی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بووە.
پێگەی ستراتیژیی ڕۆژهەڵات
ڕۆژههڵاتی کوردستان دووههم بهشی گهورهی کوردستانه لهڕووی فراوانیی سنوری جوگرافی و ژمارهی دانیشتووانهوه، بهجۆرێک کۆی گشتیی ڕووبهری پارێزگاکانی (سنه، ورمێ، کرماشان، ئیلام، لوڕستان)جگه له ناوچه کوردنشینهکانی پارێزگاکانی تر 148 ههزار کیلۆمهتر دووجایه، ژمارهی دانیشتووانی ڕۆژههڵاتی کوردستان بهپێی دوایین سهرژمێریی گشتی بریتییه له 10 ملیۆن کهس[5]، پێکهاتهی ئاو و ئاودێریی ڕۆژههڵات له چهندان ڕووبار و بهنداوی گهوره پێک دێت، بهجۆرێک خاوهنی نزیکهی 10 بهنداو و چهندان ڕووباری گهورهیه که لهناو ڕۆژههڵاتهوه ههڵدهقوڵن، سهرچاوهی چهندان ڕووباری گهوره که دهڕژێنه ناوچه جیاوازهکانی وڵاتی عێڕاقهوه لهوێوه سهرچاوه دهگرن، خاوهنی نزیکهی 4.3 ملیار مهتر سێجا ئاوی سهرزهوییه.
لهڕووی کشتوکاڵییهوه، ڕۆژههڵات به سروشته دهوڵهمهندهکهیهوه ناوبانگی تایبهتی خۆی ههیه. خاوهنی زهمینهیهکی گهورهی کشتوکاڵی لهباره که دهگهڕێتهوه بۆ سروشت و کهشوههوا و خاکه بهپیتهکهی که دهوڵهمهنده به جۆرهها بهروبوومی گرنگی بازاڕ. خاوهنی 2697000 هێکتار زهویی کشتوکاڵییه و نزیکهی 491787 جووتیار و باخهوان و ئاژهڵدار لهم کهرتهدا کار دهکهن. کهرتی کشتوکاڵی له ڕۆژههڵاتی کوردستان سهرباری پهراوێزخستنێکی زۆر له لایهن حکوومهتهوه، ساڵانه خاوهنی نزیکهی 13.5 ملیۆن تۆن بهروبوومه له جۆرهها میوه و سهوزه، که بهشێکی زۆری ئهم بهرههمانه ههناردهی وڵاتانی دهوروبهر دهکرێت. ساڵانه بهرههمی گهنم دهگاته 2.7 ملیۆن تۆن. تهنیا بهرههمی سێو ساڵانه دهگاته 2ملیۆن تۆن. خاوهنی ساڵانهی زیاتر له 2.1 ملیۆن تۆن بهرههمی شیرهمهنییه. خاوهنی ساڵانهی 40 ههزار تۆن بهرههمی ماسییه.[6]
لهڕووی گهشتوگوزارەوە، ڕۆژههڵاتی کوردستان خاوهنی پێگهیهگی گرنگی ئابووریه که سهچاوهی گرنگی داهات و بژێوهی پێک دههێنێت. سهرباری ئهوهش دهرفهتی کاری گهورهی ڕهخساندووه و ڕۆڵی گرنگی دهربارهی ڕێگریکردنی کۆچی لادێکان بۆ شارهکان ههیه. خاوهنی سهدان ناوچه و شوێنهراوری مێژووییی بهنرخ و سروشتێکی سهوز و دڵڕفێنه، که گهشتیاران له ناوخۆ و دهرهوهی ئێران سهردانیان دهکهن.
دهربارهی کهرتی پیشهسازی، ههرچهنده ئهم کهرته بهراورد به پارێزگاکانی تری ئێران ئهوپهڕی گرنگیی کهمی پێ دراوه؛ سهرباری بوونی کارگهی سهرهتایی و کهرهستهی ساده له ناوچه جیاوازهکان، وهکوو کارگهکانی بهرههمهێنانی شهکری چهوهندهر، ههروهها بهرههمه خۆراکییه پیشهسازییهکان، بوونی کارگهی پیترۆکیمیایی له مههاباد، سنه، میاندواو، لوڕستان و بوونی پاڵاوگهی قهباره گهورهی نهوت و گاز له کرماشان، پێگهیهکی ستراتیژیی گرنگی لهڕووی ئابوورییهوه لهخۆی دهگرێت. پاڵاوگەی کرماشان که یهکێکه له کۆنترین پاڵاوگهکانی وڵاتی ئێران، له ئێستادا توانای پاڵاوتنی ڕۆژانهی 20 بۆ 40 ههزار بهرمیل نهوتی خاوی ههیه، بهرههمهکانی وهک بهنزین، LPG، گازی پترۆلیۆم، نهوتی سپی و هتدی لێ بهرههم دێت[7]، ههر له کرماشان پرۆژهیهکی تری ستراتیژی ههیه بهناوی پرۆژهی پاڵاوگهی پیترۆکیمیایی ئهناهیتا (Anahita Petro-Refinery)، که ئهم کارگهیه توانای ڕۆژانهی دهگاته 150 ههزار بهرمیل نهوتی خاو. کارگهی پۆلیمهری کرماشان (Kermashah Polymer Plant) که لهم کارگهیهدا پۆلیمهر و مادده کیمیاییهکانی وهک پلاستیک، پولی پرۆپیلین لهخۆ دهگرێت. سهرباری ئهوهی کرماشان خاوهنی 455 ملیۆن بهرمیل یهدهگی نهوتییه، ههروهها پاڵاوگهی گازی سروشتیی ئیلام لهڕۆژێکدا 7 ملیۆن مهتر چوارگۆشه گازی سروشتیی لێ بهرههم دێت[8].
پێگەی جوگرافی و سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ باشوور کە بەتەواوی دەورەی خاکی باشوری کوردستانی داوە، درێژیی ئەم سنورە بریتییە لە نزیکەی ٦٥٠ کم، درێژترین سنوره لەگەڵ پارچەکانی تر[9]، سەرباری ئەوەی کە زۆرترین دەروازەی سنووری لەخۆی دەگرێت، ئەمە گرنگییەکی جیۆپۆڵەتیکی گەورەیە بەنیسبەت هەناسە و لێدانی دڵی هێزی کوردی، بەو واتایەی جۆرێک لە تەنگەنەفەسی بەرۆکی باشووری کوردستانی گرتووە و مەودای شنەبای ئازادی لەدەرەوە بۆ ناوەوەی لێ گرتووە.
کورد لە شەڕی فەوتاندنی داعشدا هێزێکی کەمەرشکێن بوو لە عێراق و سووریادا، بەڵام لە جیاتی پاداشت، دوژمنان دەسکەوت و مافی کوردیان داگیر کرد. پێگەی جیۆپۆلیتیکیی ڕۆژهەڵات بۆ باشوور بە ڕادەیەک گرنگە کە لە هەلومەرجێکی لەباردا و بە ڕزگاربوونی ئەم بەشە، پشتی باشوور ئەوەندە بەهێز دەبێت کە لە دەرفەتێکی گونجاودا حکوومەتی هەرێم ڕەنگە بتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی بباتەوە چیای حەمرین، کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناسراون.
هەژموونی سیاسیی ڕژێمی ئێستای ئێران بەسەر سیاسەت و حکوومەتی عێراقدا تاوەکوو ئێستا ئەوەندە نەرێنی بووە، کە بە تەواوی و بە ئاراستەیەکی نالەبار بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی هێزی کورد شکاوەتەوە. زۆربەی ئەو نەهامەتییانەی لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا بەرۆکی حکوومەتی هەرێمیان گرتووە، هۆکارە سەرەکییەکەیان بریتی بووە لە پیلانی لەناوبردنی هێزی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.
هەر سەبارەت بە گرنگیی پێگەی ڕۆژهەڵات بۆ باشوور، دەتوانین بەراوردکارییەک بکەین لە نێوان ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتدا؛ سەرباری سەرکەوتنە مەزنەکانی ڕۆژاوا و دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، پاشانیش ڕێککەوتن و داننانی حکومەتی نوێی سووریا بە شێوازێکی “ئەمری واقع” و لە فۆرمێکی ئۆتۆنۆمیدا، لە ئێستادا لە ڕووی ستراتیژییەوە بە نیسبەت باشووری کوردستان، گرنگیی پێگە جیۆپۆلیتیکییەکەی کەمتر لەو چوارچێوەیەدا دەردەکەوێت کە باسمان لێوە کرد. هەرچەندە بەپێچەوانەوە، لە هێرشەکانی حکوومەتی سووریا بۆ داگیرکردنی خاکی ژێردەستەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD)، بینیمان باشوور و حکوومەتی هەرێم لەسەر هەردوو ئاستی کۆمەڵگە و حکوومەت، بوون بە پشتیوانییەکی لۆجیستی و مرۆییی گەورە، لە وێنەی پشت و پەنای برا بۆ براکەی لە تەنگانەدا. دەتوانین لێرەدا چەند هۆکارێکی سەرەکی بخەینە ڕوو:
مەودا کورتیی سنووری جوگرافیی نێوان باشوور و ڕۆژاوا بەراورد بە ڕۆژهەڵات، کە نزیکەی ٥٠ کم دەبێت، سەرباری کەمیی ژمارەی دەروازە سنوورییەکانی نێوانیان.
پاشخانی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی باشوور و ڕۆژاوا، کە دەتوانین ئاماژە بۆ پەیوەندییەکی ئاستنزم بکەین هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبی و ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١ بەدواوە؛ هەرچەندە لەم کۆتایییەدا پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی باشوور و دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژاوا بەرەو ئاراستەیەکی باڵای ئەرێنی هەنگاوی ناوە و لێکەوتەی نەتەوەییی لە بەرژەوەندیی هێزی کوردیدا لێ بەرهەم هاتووە.
لە ڕووی ئابوورییەوە، ڕۆژهەڵات گرنگییەکی زۆر زیاتری بۆ باشوور هەیە. بەپێی زانیارییەکانی حکوومەتی هەرێم، گەورەترین قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتی ئاراستەی ئێران و سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت. خاڵێکی تر بریتییە لە گرنگیی پێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕووی ژێرخانی ئابووری، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانەوە، کە ئەمەش بۆ پارچەکانی تر و بەتایبەت بۆ باشووری کوردستان گرنگییەکی ستراتیژیی تایبەتی هەیە.
چەمکێکی گرنگ سەبارەت بەم بابەتە کە لێرەدا پێویستە بە وردی تیشکی بخەینە سەر، بریتییە لە چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی.
ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی درێژی کاری ڕامیاری و ڕێکخراوەییە؛ بە جۆرێک خاوەنی کۆنترین پارتی ڕامیاریی جیهانی مۆدێرنە (لە کوردستان). لە ئاستێکی فراوانی کۆمەڵگەدا خاوەنی جەماوەرێکی کوردپەروەری بە گڕوتینە، ئەمەش بە سەرچاوەیەکی گرنگی مرۆیی دادەنرێت کە دەتوانێت زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ هەر ساتێک کە وەک تەقینەوەیەک، ئەم ڕاستییە لە بەرگی هێزی سیاسیدا سەر هەڵبدات؛ واتە جۆرێک لە ئامادەییی هزریی فراوان لە ئاستی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا بە باوەڕێکی قووڵ بوونی هەیە، کە خۆی لە جەماوەرێکی یەکجار زۆر و بەربڵاودا دەبینێتەوە.
ئاسایشی نەتەوەیی (National Security) یاخود ئاسایشی نیشتمانی
ئەمە چەمکێکی تەواو پەیوەست بە بابەتی ستراتیژی و فاکتەرێکی گرنگی نەتەوە، نەتەوایەتی و ناسیۆنالیزمە. هەرچەندە بەکارهێنانی ئەم چەمکە زیاتر پەیوەستە بەو نەتەوانەی خاوەنی دەوڵەتن و مانا و بەرجەستەبوونی زیاتر بەندە بە بنەماکانی دەوڵەتەوە، بەڵام لە مێژوودا هەموو ئەو نەتەوانەی ئێستا خاوەن دەوڵەتن، لە ئەزەلەوە ئەم خاوەندارییەتییەیان نەبووە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێناسەی ئەم چەمکە کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە نیشتمان و خاکی وڵاتێکەوە کە لە ڕێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتەوە ئەم پایەیە بەرجەستە دەکات. سەبارەت بە کورد، دەکرێت بڵێین خاوەنی جۆرێک لە هەنگاونانە بەرەو ئەلتەرناتیڤ لەم بارەیەوە.
ئاسایشی نەتەوەیی بریتییە لە توانای دەوڵەت بۆ پاراستنی قەوارە، سەروەری و بەرژەوەندییە باڵاکانی لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی دەرەکی یان ناوەکی. ئەمە تەنیا لایەنی سەربازی ناگرێتەوە، بەڵکوو پاراستنی بەهای مەعنەوی و ناسنامەی نەتەوەییش لەخۆ دەگرێت.[10]
گرنگترین ڕەهەندەکانی ئاسایشی نەتەوەیی پێک دێن لە ئاسایشی سیاسی، سەربازی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و هتد [11].
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پێویستە هەر نەتەوەیەک خاوەنی ئاسایشی نەتەوەییی ئاستبەرز بێت، تاوەکوو مانەوە و گەشەکردنی خودی خۆی بەرجەستە بکات. ئاسایشی نەتەوەیی، بنەمای پێکهێنەری نەتەوە نییە، بەڵام بە نەبوونی، ڕەنگە نەتەوەکە بە جۆرێک دوچاری هەڕەشەی سڕانەوە بێت؛ چونکە هەر نەتەوەیەک خاوەنی ئاسایشی خۆی نەبێت، پێچەوانەکەی ژێردەستەیییە. کاتێک باسی کورد وەک هێزێک دەکەین، بێگومان لە نێوان هەردوو ڕاستیدایە؛ واتە خاوەنی بەشێکی گرنگی ئەلتەرناتیڤەکانی دەوڵەتە. کورد لەم قۆناغەدا دەیەوێت لە پەرشوبڵاوییەوە بەرەو یەکخستنی هێز بڕوات. کورد وەک نەتەوە و هێزێک، خاوەنی چەندین نوێنەرایەتییە کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیییان لەسەرە، ئەوانیش: حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە ڕۆژئاوای کوردستان، هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێز و پارتە کوردییەکانی تر.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە ئەرکی سەرەکیی هێزی کوردی بکەین لەم ڕێڕەوەدا کە بریتییە لە پاراستنی ئەم دەسکەوتانەی دڵی ئاسایشی نەتەوەییی کوردی پێک دەهێنن؛ بەتایبەتیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ناسراوترین و دامەزراوترین پێگەی کوردییە، سەرباری کەموکوڕی و لەمپەرە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەمی. لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ خاڵێکی گرنگ بکەین سەبارەت بە سەرجەم هێز و لایەنەکان:
- ئەرکیان بریتییە لە پاراستنی دەسکەوتەکان، بەتایبەت حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
- ئەرکی گرنگتر ئەوەیە کە هەموو لایەک لە هەوڵدا بن پرۆسەی ڕزگاریی بەشەکانی تری کوردستان سەرکەوێت.
پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ لە نێوان ئەرکی یەکەم و دووەمی سەرجەم هێزەکان بکەین، ئەویش ئەو ڕاستییەیە کە کەمتەرخەمی لە ئەرکی دووەمدا، بەردەوام دەبێتە هۆی چەقبەستوویی و زیان بۆ ئەرکی یەکەم. بە واتایەکی تر، گەشەی سیاسیی هێزی کورد پێکەوە گرێ دراوە و لە بازنەی ململانێکانی ناوچەکەدا خاوەنی تایبەتمەندییەکی نەگۆڕە؛ پێشکەوتنی سیاسیی کورد بە یەکانگیری و دەستگرتنی نێوان تەواوی هێز و لایەنەکان بەدی دێت.
سنووری قووڵاییی ستراتیژیی کوردستان
لەژێر ڕۆشناییی واتای چەمکی “قووڵاییی ستراتیژی” و خوێندنەوەی جیۆپۆلیتیکیی هێزە کوردییەکان، دەتوانین سنووری جوگرافیی گرنگترین پێگە ستراتیژییەکان، کە لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە هەستیارترین ناوچەن، بەم شێوەیە دابەش بکەین:
یەکەم: ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی کوردی لە باشوور و ڕۆژاوا.
دووەم: ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سێیەم: ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم لە باشوور، کە ناوچەی ئابووریی ستراتیژیی گەورەن.
ئەم دابەشکارییە لە ئاستی ئەرکداریی هێزە سیاسی و سەربازییەکانە، بەپێی دابەشبوونی بازنەی ستراتیژی، کە قووڵاییی ستراتیژیی هێزی کوردیمان لەم قۆناغەدا پێ دەڵێت.
دەرئەنجام
بە درێژاییی مێژووی چەندین دەیەی ڕابردوو، باشوور قووڵاییی ستراتیژیی هێزی کوردی لە هەر چواربەشی کوردستان بووە و تا ئێستاش پێگەی ڕێبەرایەتی و گڕوتینی سەرجەم هێزەکانە. بەڵام ڕاستییەکی گرنگ هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوچەی قووڵاییی ستراتیژی بۆ باشوور پێک دەهێنێت. بە کۆنتڕۆڵبوونی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزی کوردییەوە، باشوور جارێکی تر ڕزگاربوونی دووەمی دێتە ئاراوە؛ ڕزگاربوون لەو هەژموونە گەورەیەی ڕژێمی ئێستای ئێران بەسەر عێراق و حکوومەتی هەرێمدا هەیەتی. سەرباری ئەوەش، هەنگاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە قۆناغەکانی دواتردا بە ئاستێکی بەرزتر ڕێگەی خۆشتر دەبێت. ژێرخانی ئابووری و پێگەی ستراتیژیی ڕۆژهەڵات، خۆی لەخۆیدا گرنگییەکی مەزنی هەیە و بۆ باشووریش بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە.
هەمووان گەواهیدەری سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بووین لە ڕووی واقیعی سیاسی و دەنگدانەوەی ڕووداوەکانی لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، بەتایبەتیش ئەو کاریگەرییانەی لەسەر زیادبوونی توانا گشتییەکانی هێزی کورد بە شێوەیەکی گشتی لێی کەوتەوە. ئەگەر بمانەوێت بەراوردکارییەکی ماتماتیکی بکەین، دەتوانین بڵێین ڕزگاربوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت لایەنی کەم ١٠ جاران زیاتر لە ڕزگاربوونی ڕۆژاوا، کاریگەریی گەورە و دەنگدانەوەی سیاسیی هەبێت و لە ئەرزی واقیعدا گۆڕانکاریی گەورە بە ئاراستەی زیادبوونی توانا سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی و وەک پاڵپشتییەک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرجەستە بکات.
پێویستە کورد بیر لەوە بکاتەوە کە چیی بەدەست هێناوە و چی ماوە بەدەستی بهێنێت؛ قووڵاییی ستراتیژیی کورد چییە و ئەرکە گرنگەکانی چین؟ گرنگیی ئاسایشی نەتەوەیی چییە و چۆن ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات؟ چۆن ئاسایشی نەتەوەیی دەپارێزرێت؟ توانای سەربازی و سیاسیی هێزی کورد لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا چۆن بەرەو پێش دەچێت؟ ئەمانە پرسیاری بنەڕەتین لەبەردەم سەرجەم هێز و لایەنە کوردییەکاندا.
بەپێی ئەو باسەی کرا، دەردەکەوێت قووڵاییی ستراتیژی چەمکێکی گرنگی بواری زانستی ستراتیژی و مەیدانی ململانێ سیاسییەکانە. کورد وەک هێزێک دەتوانێت هەنگاوی گەورە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی هەڵبگرێت. کورد دەتوانێت هێزێک بێت هاوسەنگیی خۆی لە ئاستی هەرێمیدا بپارێزێت. ئاسایشی نەتەوەییی کورد لە قۆناغێکی پڕ لە هێرشدایە؛ لە لایەک پێویستی بە بنیادنان هەیە و لە لایەکیش پێویستی بە پاراستنی بەهێزترە. ئەرکی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە کە پارێزگاری لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان بکەن، چونکە بەبێ تەواوکردنی پڕۆژەی کوردستانی گەورە، پاراستنی دەسکەوتەکان کارێکی دژوار دەبێت.
سهرچاوهکان:
- چهمکناسی-قوڵاییی ستراتیژی، بهرواری بینین27/4/2026، ل131، ئایندهناسی(کورد و هاوسێکانی له سهردهمی بایدندا).
- دکتۆر بێستون ئەحمەد حسێن, گرنگى قوڵایی جوگرافیی ستراتیژی دەوڵەت لە بەردەم جەنگى مۆدێرندا, 14:43 2025/09/16, بهرواری بینین: 28/4/2026، https://xelk.org/2025/09/16/20445/
- Safeen Dizayee: KRG Supports Peace Process in بهرواری سهردان 30/4/2026، https://www.kurdistan24.net/en/story/876211.
- KRG Representation in Washington Engages U.S، بهرواری سهردان 30/4/2026، https://us.gov.krd/krg-representation-in-washington-engages-u-s-policymakers-on-developments-in-northeast-syria/ .
- سهرژمێریی گشتیی ئێران، که بهپێی دوایین یاسای بهرکار، ههر 10 ساڵ جارێک سهرژمێریی گشتی دهکرێت، بهپێی دوایین سهرژمێریی ساڵی 1395ههتاوی، بهرواری بینین:29/4/2026، https://iran.unfpa.org/sites/default/files/pub-pdf/pocket_info_card-fa.pdf .
- ماڵپهڕی پهیسهر، بهرواری بینین 28/4/2026، https://www.peyserpress.com/ .
- معرفی پالایشگاه کرمانشاه و فرآورده های آن، بهرواری سهردان 29/4/2026، https://www.jahaneshimi.com/ .
- سهرچاوه بهپیتهکانی نهوت و غاز..، بهرواری سهردان28/4/2026، https://chawykurd.com/ .
- ئاکام ئەکرەم, سنووری جوگرافیی هەرێمی کوردستانی عێراق, بهرواری بینین: 29/4/2026، https://zaniary.com/blog/602ed462581a5.
- نهوزادی موههندیس، چهمک و ڕهههندهکانی ئاسایشی نهتهوهیی، بهرواری بینی 30/4/2026، https://knwe.org/KU/Details/8333 .
[1] ڕاپۆرت، چهمکناسی-قوڵایی ستراتیژی، بهرواری بینین27/4/2026، ل131، ئایندهناسی(کورد و هاوسێکانی له سهردهمی بایدندا).
[2] دکتۆر بێستون ئەحمەد حسێن, گرنگى قوڵایی جوگرافیی ستراتیژی دەوڵەت لە بەردەم جەنگى مۆدێرندا, 14:43 2025/09/16, بهرواری بینین: 28/4/2026، https://xelk.org/2025/09/16/20445/
[3] ڕاپۆرت، , Safeen Dizayee: KRG Supports Peace Process in سهردان 30/4/2026، https://www.kurdistan24.net/en/story/876211.
[4] ڕاپۆرت، KRG Representation in Washington Engages U.S، سهردان 30/4/2026، https://us.gov.krd/krg-representation-in-washington-engages-u-s-policymakers-on-developments-in-northeast-syria/ .
[5] سهرژمێری گشتی ئێران، که بهپێی دوایین یاسای بهرکار، ههر 10 ساڵ جارێک سهرژمێری گشتی دهکرێت، بهپێی دوایین سهرژمێری ساڵی 1395ههتاوی، بهرواری بینین:29/4/2026، https://iran.unfpa.org/sites/default/files/pub-pdf/pocket_info_card-fa.pdf .
[6] ڕاپۆرتی کوردستانی، ماڵپهڕی پهیسهر، بهرواری بینین 28/4/2026، https://www.peyserpress.com/ .
[7] ڕاپۆرت، معرفی پالایشگاه کرمانشاه و فرآورده های آن، بهرواری سهردان 29/4/2026، https://www.jahaneshimi.com/ .
[8] ڕاپۆرت، سهرچاوه بهپیتهکانی نهوت و غاز..، بهرواری سهردان28/4/2026، https://chawykurd.com/ .
[9] ئاکام ئەکرەم,سنووری جوگرافی هەرێمی کوردستانی عێراق,بهرواری بینین: 29/4/2026، https://zaniary.com/blog/602ed462581a5.
[10] نهوزادی موههندیس، چهمك و ڕهههندهکانی ئاسایشی نهتهوهیی، بهرواری بینی 30/4/2026، https://knwe.org/KU/Details/8333 .
[11] نهوزادی موههندیس، چهمك و ڕهههندهکانی ئاسایشی نهتهوهیی، بهرواری بینی 30/4/2026، https://knwe.org/KU/Details/8333 .
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ی کوردی
ئیزەدخواه، عومەر(٢٠٢٦): قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە هەرمان ڕۆژهەڵات ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە دماو دابەشكریای جوغڕافیاو كوردستانی بەهۆو ئەنجامەكاو شەڕە نگریسە جیهانییەكا بە ڕێككەوتەی زلهێزەكا پەیمانە [...]
نیگای شۆڕشگێڕ
نیگای شۆڕشگێڕ دانا حەمید نیگای شۆڕشگێڕ لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرەنگاریی تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسیی کاتی نییە بەرانبەر بە ستەمێکی دیاریکراو، بەڵکو کردەیەکی وجودیی بەردەوامە بۆ سەلماندنی «بوون» لە بەرانبەر ستراتیژییەتێکی [...]
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]
ئێران، بەربەستی ترس
ئێران، بەربەستی ترس هێلینا باوەرنفایند نووسراوەی خاتوو هێلینا باوەرنفایند شیکارییەکی قووڵ و ڕیالیستانە بۆ دۆخی ئێران پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ڕوانگەی "زانستی سیاسی" و "مێژووی شۆڕشەکانەوە" سەیری بابەتەکە دەکات. ئێران، بەربەستی [...]
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت ئاراکۆ هەڵوێست دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند [...]
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن دڵشاد عەنایەتی لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی گەورەدایە. [...]







