لەکوردترسێنی و کوردترسێنی
مەسعوود بابایی
بەرایی:
“لەکوردترسێنی” و “کوردترسێنی” دوو زاراوەن کە لەم وتارە دەمهەوێ لە ڕێگەیانەوە لە دوو سیاسەتی پڕوپاگەندەییی داگیرکەرانی کوردستان بدوێم؛ ئەم دوو زاراوەیە لە دوو ڕووەوە سێرە لە کورد دەگرن و ئامانج لێی هاڕینی کوردە لەنێو دووبەرداشدا، بە جۆرێک کە نەتوانێت لەگەڵ “ئەوی دی” و “خۆی” بکەوێتە دەمودوو و گفتوگۆ.
بەشەیتانکردنی کورد و داماڵینی کورد لە بەهای مرۆڤبوون، لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە کورد دەکرێت بە “نەوەی جنۆکە”؛ سلێمان پەڕیوەی ئەودیوی چیاکانیان دەکات و کوردەکان دەکەونە “پێوار”ی مێژووەوە؛ ئەودیوی چیا، لەبەرچاو ونبوونە، بە جۆرێک کە نابێ لە ڕەوتی مێژوودا وەبەرچاو بکەون، وەک بڵێی نین. بەجنۆکەکردن، واتە هاوتەریب لەگەڵ مرۆڤ، نەک مرۆڤ. جنۆکە لە ئەفسانەدا، هاوشان لەتەک مرۆڤ دەژی و لە سێبەر و تاریکیدا خۆی مەڵاس داوە و دەست لە مرۆڤان دەوەشێنێت و ئاوەز دەشێوێنێت و تەنیا کەسانێکی دەگمەن دەتوانن لێیان نزیک ببنەوە و بە دەرزییەک کە لە یەخەیان دەدرێت، دەتوانی بیانکەی بە کۆیلە!
ئامانج لە بەجنۆکەکردن؛ دابڕینی مرۆڤێکە لە مرۆڤەکانی دیکە بۆ ئەوەی نەتوانێت لە خۆی بدوێت، خۆی بناسێنێت، ترس و دڕدۆنگیی ئەوی دیکە بڕەوێنێتەوە، مەودا و کەلێنی پێوەندی بکەوێتە نێوان ئەو و بەرانبەرەکەی و گفتوگۆ و وێژمان(دیسکۆرس) پەکی بکەوێت. بەم شێوەیە دەکرێت بە بوونەوەرێکی بێ خاک و نیشتمان. زمانی لێ دەستێنرێتەوە یان زمانی دەکرێت بە زمانی دۆزەخ! زمانی تاوانباران، توک(لعن) و نەفرەتی تاهەتایی دەیگرێتەوە و دەبێتە بوونەوەێکی خواگرتە(ملعون)!
ئەمە کۆنترین سیاسەتی “لەکوردترسێنی”یە؛ بەهەڕەشەکردنی کورد لەسەر ئاسایشی ئەوانی دیکە! نەتەوەیەک کە نیشتمانەکەی لە لایەن ئەوانی دیکەوە داگیر کراوە، چۆن دەبێتە هەڕەشە بۆ خاک و وڵاتی ئەوانی دیکە؟! لەم پێناوەدا پێویستە بکرێن بە جنۆکە، جنۆکە خراپەی ڕەهایە، بێ جەستەیە و تەنیا سێبەرە، لەنێوان زەوی و ئاسماندایە؛ دەتوانێت هەڵبفڕێ بۆ ئاسمان و دەتوانێت بچێتە ژێر زەوی، بەڵام نایەتە سەر زەوی! سەرزەوی هی مرۆڤە، کورد کە کرا بە جنۆکە ئیدی نابێت بە خاوەنی زەوی و خاک و نیشتمان! ئامانج لە بەجنۆکەکردن ئەمەیە!
بەجنۆکەکردن بێجگە هێماکردن بە “لەکوردترسێنی”، لەهەمان کاتیشدا “کوردترسێنی”یە. کورد ناچار دەبێت بۆ ئەوەی ببێت بە مرۆڤ و لە جنۆکەبوون ڕزگار ببێت، واز لە خۆناساندن وەک “کورد” بهێنێت، ناچار دەبێت بۆ ئەوەی ببێتەوە بە مرۆڤ، سەرەتا واز لە “زمانی جنۆکە” بهێنێت و بە زمانێکی دیکە بدوێت و بنووسێت. دەبێ بسەلمێنێت کە دەتوانێت عەرەبیزان، تورکیزان و فارسیزانێکی کارامەیە و هەندێ جار لەو خاوەنزامانانە شارەزاترە. شەرعزانی کارامە و شرۆڤەکار و ڕاڤەکاری کارامەی دەقی ئایینییە! شاعیری باش و نووسەری باش و هتد لەنێو زمانە بێگانەکانی دەوروبەرە! بەم کارانە هەوڵ دەدات بە فەرامۆشکردنی “کورد = جنۆکە” هەوڵی بوونەوە بە مرۆڤ بدات و بەم شێوەیە بەدرێژایی چەندین سەدە گوایە لەپێناو بوون بە مرۆڤ “کوردبوون”ی خۆی لەبیر بباتەوە! تەنیا بە تێڕامان لەم دۆخەیە کە دەتوانین لەو چۆرتم و نەگبەتییە تێبگەین کە لەپێناو وەرگرتنی “دانپیانان”ی ئەوی دیکە چیمان بەسەر خۆماندا هێناوە!
سیاسەتی پڕوپاگەندا واتە “لێیدە و خۆت هاوار بکە!” تا ناڵە و هاواری ئەوی دیکە نەبیسترێت! شوێنگۆڕکێی “خاوەنماڵ” و “داگیرکەر”. پاساوی داگیرکەرانی ئەتازۆنی (ئەمریکای ئێستا) ئەوە بوو کە ئێمە خەڵکی خۆوڵاتیی ئەم ناوچەیە کە هەمان هیندییە سوورییەکان بوون لە هۆڤیگەری و نەزانی ڕزگار دەکەین؛ ژیار و ئایینی مەسیحییان پێدەبەخشین و دەیانکەین بە مرۆڤ. ئەگەر بەرەنگاریشیمان بوونەوە دەیانکوژین، چونکە شایانی کوشتنن؛ لەبەر ئەوەی نە ژیاریان هەیە و نە خاوەنی دینن! لێرە بەرەنگاریی ئەوان وەک کاردانەوەی دڕندەکان لێک دەدرێتەوە. وەک ئەوەی من بچمە نێو هەرێمی ژیانی ورچێکەوە بۆ ڕاوکردنی و ئەگەر ورچەکە پەلامارم بدات هاوار بکەم و گلەیی لە دڕەندەییەکەی بکەم و ئەوانی دیکە بۆ کوشتنی هان بدەم!
هیچ کەس ناتوانێت گوێ لە گلەیی ورچەکە بگرێت، چونکە خاوەنی زمانی مرۆیی نییە! بەڵام گوێ لە مرۆڤێکی ڕاوچی دەگیردرێت کە ورچێک پەلاماری داوە و بەم چەشنە “ئاژەڵێتی” لەبەر ئەوەی هاوتای “مرۆڤایەتی” نییە، نە نیشتمانی هەیە و نە گیانیشی بەنرخە! هەر بەم شێوەیە بەجنۆکەکردنی مرۆڤێک، سەندنەوەی نیشتمان و گیانیەتی؛ خۆ ئەگەر بیهەوێت پەلاماری بێگانەکان بدات، دەنگی لەنێو هاواری بێگانەکاندا دەخنکێت!
کرۆکی سیاسەتەکە لەهەمبەر کورد بەدرێژایی مێژووی ژێردەستەییی ئێمە “لەمرۆڤخستن” بووە. چ لە سەردەمێکدا کە یەزدانناسیی سیاسی سەرچاوەی سیاسەتکردن بووە و چ سەردەمی سێکۆلاریزمی دەوڵەت – نەتەوەی عەرەب و تورک و فارس، لەهەمبەر کورد تەنیا یەک سیاسەت هەبووە و ئەوەش سیاسەتی “لەمرۆڤخستن” بووە. لە سەدەی نۆزدە بەم لاوە، کورد وردە وردە لە ئەدەبیاتدا بەشێوەیەکی سەربەخۆ دەردەکەوێ و لە کۆتاییەکانی ئەم سەدەیە بە لەدایکبوونی ڕۆژنامەی کوردستان 1889 وەک هەبوویەکی سیاسی خۆی نیشان دەدات. بوونی سیاسیی کورد دەرکەوتنەوەی مرۆڤێکی ژێرزەمینییە کە دێتەوە بۆ سەرزەوی و لەناکاو لەبەرانبەر چاوی واق و ماقی داگیرکەرانیدا وەک “کورد” دەردەکەوێتەوە. هاتنەوە سەر زەوی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ داواکردنەوەی نیشتمانەکەیەتی کە لەمێژە داگیرکەرەکەی لەسەر خۆی تاپۆی کردووە! بە بڕوای من، لەدایکبوونی ڕۆژنامە و ناوی ئێجگار سیاسیی “کوردستان” بە بڕوای من لە باری وێژمان (گوتار، دیسکۆرس)ەوە، لە شۆڕشەکانی پێش ئەو مێژووە گرنگترە؛ دەڵێم “وێژمان” کە ڕەنگدانەوەی چەکەرەی خودئاگاییەکی نوێ یان بێداربوونەوەیەکە کە نەک تەنیا کورد وەک نەژاد- نەتەوە – زمان دەناسێنێت، بەڵکو “ستان”یش وەک نیشانەی خاکێکی داگیرکراو هاتنەوە بۆ سەرزەوی – بەشێوەیەکی سیاسی – جوگرافیایەکی سیاسی کە دەفری مێژووی کوردە وەبیر کورد و ئەوی دیکە دەهێنێتەوە. لەم ڕوانگەوە؛ سیاسەتی پڕوپاگەندەی “دوژمن” لەپاڵ “توندەهێز”(سەرکوت) “نەرمەهێز” (ناتۆرەسازی)یش وەگەڕ بخات. سیاسەتی پڕوپاگەندا هەم لە کاتی جەنگ و هەم لەپاش جەنگ بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی جەنگە. واتە قۆناخێک لە جەنگ کۆتایی دێت و سیاسەتی پڕوپاگەندا درێژە بە جەنگ دەدات تا قۆناخێکی دیکەی جەنگ بێتە پێشەوە. پڕوپاگەندا لە ڕێگەی “دژەزانیاری” و نواندنەوەی “دۆخی ئاوارتە”، ئاشتی دوا دەخات. لەم پێناوەدا دەبێ مەترسییەکی هەمیشەیی دروست بکات تا “ترسی درێژخایەن” لە کۆمەڵگەدا بچێنێت و ئامانج لە چاندنی ترس لە کۆمەڵگەدا دواخستنی گفتوگۆیە و بەم چەشنە ژێردەستە دەکرێت بە “دێوەزمە”!
ترساندنی کورد لە خۆی و ترساندنی ئەوی دیکە لە کورد، بەشێکە لە سیاسەتی تواندنەوە لە ڕێگەی پەراوێزخستنەوە؛ دروستکردنی خەرەندێک لەنێوان کورد و ئەوانی دیکە و هێشتنەوەی لە دۆخێکی نەگۆڕدا کە نەتوانێت لێی بێتە دەرەوە، مەگەر لە ڕێگەی زمانی ئەوی دیکەوە!
بەهۆشهاتنەوەی کورد، لەو دەمەی کە توانیی بەدەر لە زمانی شیعر، بە زمانی خۆی لە ڕۆژنامەدا خۆی بنوێنێت، دەرکەوتنێکی سیاسی بوو کە یەکەمجار بە زمانی خۆی لەگەڵ جیهانی سیاسەتدا دەدوا! خۆنواندنی سیاسییانەی کورد لە زمانی خۆیدا، نواندنەوەی خاک و نیشتمان و فەرهەنگیشی دەگرتەوە. بەم شێوەیە وەک مەترسییەک بۆ زمان و خاکێک دەهاتە ئەژمار کە لە لایەن بێگانەوە داگیر کراوە کە بە لەدایکبوونی دەوڵەت – نەتەوەی پاش ئیمپراتۆرییەکان دەیهەویست لە خاکێکدا ڕەگ دابکوتێت کە پێشتر زمان و فەرهەنگێکی لەمێژینە تێیدا ڕەگاژۆی کردووە. سیاسەتی پڕوپاگەندا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییە، شانبەشانی سیاسەتی داپڵۆسین، پێویستە بەردەوام یەکپارچەیی خاک و جوداییخوازان دەرخواردی کۆمەڵگەی نەتەوەییی خۆی بدات. جێی سەرنجە لەم سیاسەتەدا “یەکپارچەیی” گوتەزایەکی پیرۆزە، لە هەمان کاتدا جوداییخوازی پێناسە ناکرێت و لەجێی ئەوە “جوداییخواز”وەک کەسێکی مەترسیداری دێوەزمە بەردەوام پەلامار دەدرێت. بەکارهێنانی زاراوەی “جوداییخواز” نەک “جوداییخوازی” چەقی سەرنجە لەسەر کەسێک نەک مافێک! هەروەک دەزانین ئەمە هەمان “سەربەخۆییخواز” و “سەربەخۆییخوازی”یە کە هیچکات لە ڕاگەیاندندا بۆ داواکاریی کورد بەکار نایەت. “جوداییخواز” بۆ ناساندنی کەسێکی لەیاسادەرچوو، لاسار، تێکدەر و تیرۆریست بەکار دێت کە کۆمەڵگەیەکی نەتەوەییی دیاریکراو هەڵدەوەشێنێتەوە و لە خاک و نیشتمان بێبەشیان دەکات؛ لەکاتێکدا ئەو کۆمەڵگە نەتەوەییە لە جوگرافیای کابرای جوداییخوازدا ناژیت. ئەمە هەمان شوێنگۆڕکێی “خاوەنماڵ” و “بێگانە”یە کە پڕوپاگەندا دەبێ وەک سیاسەتی دەوڵەت برەوی پێبدات. بەم شێوەیە “لەکوردترسێنی”ی ئەوی دیکە ئاراستەیەکی دیکەیشی هەیە کە هەمان “کوردترسێنی”یە.
“کوردترسێنی” تەنیا هەڕەشە لە جەستەی کورد نییە، بەڵکو ناچارکردنی کوردە بە “خۆسانسۆرکردن” بۆ ئەوەی وەک “کورد” خۆی نەنوێنێت؛ تەکنیکێکە بۆ سەرکوتی ناسنامەیەک کە – هەروەک باس کرا – پێشتر بۆ “بوون بە ئەویدی” یان داماڵدران لە بەجنۆکەبوون، وازی لە ناسنامەکەی هێنابوو. هەنووکە پاش بەهۆشهاتنەوە دەیهەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە جارێکی دیکە خۆی بناسێنێتەوە. سیاسەتی پڕوپاگەندا دەبێ ڕێگە لەم خۆناساندنەوەیە بگرێت، کە وابو ئەوانی دیکە لەم دەترسێنێت و ئەمیش لە خۆی دەترسێنێت. شمشێرێکی دوودەم کە زمان و جەستە پێکەوە دەبڕێت و ناچاری دەکات دەست بۆ چەک ببات. ئەم ناچارکردنەی کورد بۆ چەکهەڵگرتن هەرچەند دەبێتە مایەی پاراستنی مرۆڤی کورد، بەڵام بەداخەوە بمانهەوێت یان نا خۆراک بۆ ناتۆرەی “جوداییخواز” لە سیاسەتی پڕوپاگەندادا خۆش دەکات. هەڵبەت من سەرکۆنەی چەکهەڵگرتنی ناچارانەی کورد ناکەم، چونکە ڕێگەیەکی دیکە بۆ پاراستنی جەستەی کورد و ئازادییەکەی نەماوەتەوە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە سیاسەتی پڕوپاگەندای داگیرکەر چەکهەڵگرتنی بە “جوداییخوازی” لێک داوەتەوە و دەرخواردی کۆمەڵگەی نەتەوەییی خۆی داوەتەوە!
دەبێ بپرسین ناساندنی “جوداییخواز” بە بێ پێناسەی “جوداییخوازی” چ کارکردێکی هەیە؟
پێناسەکردنی زاراوەیەکی سیاسی، تەنیا پێناسەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو باری مافناسانە و یاساییشی هەیە. وەرگێڕانی Independentism بە جوداییخوازی نەک “سەربەخۆییخوازی” بەخشینی مانایەکی نەرێنییە بە زاراوەیەک کە هەر لە بنەڕەتەوە واتاکەی ئەرێنییە. بەم شێوەیە لە زمانی داگیرکەردا بارێکی واتاییی دیاریکراوی تێکەڵ بە سەفسەتە هەڵدەبژێردرێت تا مەترسییەکی ساختە بۆ جوگرافیایەکی سیاسیی ساختە دروست بکرێت و خاوەنی سەرەکیی ئەم جوگرافیایە بە “جوداییخواز” بناسێنرێت و بەشی سەرەکیی زاراوەکە لەبیر ببرێتەوە. چونکە تەنانەت باسکردن لە “جوداییخوازی” کە وەرگێڕانێکی چەواشەکراویشە، دیسان گەنگەشەورووژێنە و بارێکی هزری و سیاسی دەگرێتە خۆی و ڕەنگە گفتوگۆی ڕووناکبیران و بیرمەندانی کۆمەڵگەی سیاسیی لێبکەوێتەوە؛ هەر بۆیە بەگشتی جەخت لەسەر زاراوەکە دەخرێتە لاوە و هێرش دەکرێتە سەر کەسایەتیی “جوداییخواز” تا گوتەزا فەرامۆش بکرێت و کەسایەتی یان “کارەکتەر زەق بکرێتەوە. چونکە زەقکردنەوەی کەسایەتییەک لەژێر ناونیشانی “جوداییخواز” بۆ زەقکردنەوەی مەترسیی کەسێکە نەک مەترسیی بابەتێک. لەم ڕووەوە سیاسەتی پڕوپاگەندا پێشەکییەک وەک “پێشداوەری” فڕێ دەداتە نێو کۆمەڵگەی نەتەوەییی خۆیەوە – بە بێ ئەوەی کەسایەتیی بەئامانجگیراو مافی داکۆکی و وڵامدانەوەی هەبێت – پاشان کەسی “جوداییخواز” کە هەر لە بنەڕەتەوە “سەربەخۆییخواز”ە، وەک مەترسییەکی هەمیشەییی ستراتیژیک بە جڤاک دەناسێنێت و “لەکوردترسێنی” و “کوردترسێنی” هاوکات لە سیاسەتی پڕوپاگەندا بەڕێوە دەبرێت.
دیارە بۆ ئەوەی مەترسییەکە زیاتر ببێت، دەبێ “جوداییخواز” وەک تاوانبار سەیر بکرێت. لەبەر ئەوەی کە “تاوانی سیاسی” بارێکی قورسی ماناییی هەیە و دەتوانێت بۆ دەوڵەت مەترسیدار بێت، پێویستە ئەم تاوانە وەک تاوانێکی تەناهییانە (ئەمنی) بێت؛ واتە دەبێ وەک “خستنەمەترسیی ئاسایشی نەتەوەیی” لەقەڵەم بدرێت و بەم چەشنە وردە وردە ڕێگە بۆ بەتیرۆریستناساندنی جوداییخواز خۆش دەکرێت! بەدرێژایی سەدەی بیستەم و تا ئەم کات و ساتەی سەدەی بیست و یەکەم، “کورد” لە چوار دەوڵەتی داگیرکەردا وەک هەڕەشەیەکی ستراتیژیک ناسێنراوە کە دەتوانێت ژیۆپۆلتیکی چەسپاوی پاش سایکس – پیکۆ و لۆزان هەڵبوەشێنێتەوە. هەر بۆیە چەند ساڵ جارێک چوار پایتەخت لەسەر دۆزی کورد کۆ دەبنەوە. بەڵام دیوێکی تراژی – کۆمێدیی ئەم مژارە لەوەدایە کە سیاسەتی پڕوپاگەندا کە ئامانجەکەی “لەکوردترسێنی” و “کوردترسێنی” بوو، لە پڕوپاگەنداوە بوو بە کێشەیەکی قووڵی ستراتیژیک بەو مانایەی کە دەوڵەت خۆی وەک داڕێژەری سیاسەتی پڕوپاگەندا بووە قوربانیی پڕوپاگەندا! مەبەستم ئەوەیە کە ترسان لە کورد لە پێوەندیی دیپلۆماسیدا ئەم دەوڵەتانەی ناچار بە پاشەکشێ یان باجدان کردووە. ئەگەر سیاسەتی پڕوپاگەندا لە سیاسەتی نێوخۆدا دۆزێکی سیاسی وەک “هەڕەشەیەکی تەناهییانە” بناسێنێت، ئەو دۆزە وەک کارتێکی سیاسی لە لایەن دەوڵەتانی دیکە بەدژی بەکار دەهێنرێتەوە. بەخۆشییەوە لە جیهانی ئەمڕۆی ئێمەدا ژێردەستەش دەتوانێت بۆ سیاسەتکردن ئەم کەلێنانە بەکار بهێنێت و لە دەرەوەی جوگرافیای داگیرکراوی خۆی سیاسەتی پڕوپاگەندای داگیرکەر لەقاو بدات و دۆخی ڕاستەقینەی خۆی بۆ ڕای گشتیی جیهانی ڕوون بکاتەوە.
لەو بڕوایەدام، بە هۆی بوێرییەک کە لە خودئاگاییی نەتەوەیی کورد لەم ساڵانەی پێشوودا هاتووەتە کایەوە و دەربڕینی دەنگی دلێری سەربەخۆییخوازی، “کوردترسێنی” کارایی جارانی نەماوە. واتە خۆسانسۆرکردنی کورد کاڵتر بووەتەوە و بەئاشکرا دروشمە ڕادیکاڵەکان بەر گوێی نەیاران دەکەوێتەوە و بەم چەشنە زللەیەک کە چاوی پێ شۆڕش دەکردین ئەمجارە لە بناگوێی زللەوەشێن دەسرەوێنرێتەوە و ئیدی کاریگەریی پڕوپاگەندای “کوردترسێنی” وەک جاران نییە.
خاڵێکی گرنگ لە سیاسەتی پڕوپاگەندای دژ بە کورد لە ئێستادا هەڕەشەی هاوکات و لاواندنەوەی هاوکاتە. ئەم خاڵە بە نموونەیەک ڕوون دەکەمەوە:
بەکارهێنانی شانازییەک بۆ لاواندنەوەی تێکەڵ بە هەڕەشەکردن؛ زۆر جار دەبینین کە “نەوەکانی سەلاحەددین” لە سیاسەتی پڕوپاگەندا بۆ ڕاکیشانی هەستی ئایینیی کورد لە چوارچێوەی “برای دینی” بەکار دەهێنرێت؛ بەخشینی شانازییەک بۆ سەندنەوەی مافێک بەکار دەهێنرێت. ڕاکێشانی سۆزی ئایینیی بەشێک لە کۆمەڵگەی کورد بۆ دالەنگاندنی هەستی نەتەوەیی بۆ هەستی ئایینی یان سەنگەلاکردنی ئەم دوو هەستە و دروستکردنی دووبەرەکی. هەر کوردێک داوای خاکی خۆی بکات و خوازیاری سەربەخۆیی وڵاتەکەی بێت، لە ڕێگەی سەلاحەددینەوە دەیانهەوێت وەبیری بهێننەوە کە خیانەت لە باوەگەورە شۆڕشگێڕەکەی دەکات و وڵاتی موسوڵمانان دابەش دەکات. واتە لە لاواندنەوەدا هەڕەشەیەک هەیە و لە هەڕەشەیەکدا لاواندنەوەیەک! ئەم بابەتە لە میدیا عەرەبی و تورکییەکاندا بەزەقی دەبینرێت.
بەکارهێنانی پارادۆکسیکاڵ و بەراوردی ناتەبا تەکنیکێکی سیاسەتی پڕوپاگەندایە؛ لە سەرێکەوە هەمەک (سەلاحەددین) وەک نموونەی کوردی شۆڕشگێڕ بۆ کورد و ئەوانی دیکە بەکار دەهێنرێت و لە لایەکی دیکەوە کورد وەک (هەندەک) بەرانبەر سەلاحەددین وەک (هەمەک) دەکرێتەوە بە گژ کورددا! لەم سیاسەتی پڕوپاگەندەییەدا سەلاحەددین وەک کەس دەرناکەوێت، دەبێت بە “گوتەزا” یان شمشێری دوودەم (دیمۆکلێس) لەپێناو تێکشکاندنی سەروەریی کورد بەسەر خۆی و خاکەکەیدا!
پێ بەپێی بەهێزبوونی ناسیونالیزمی کورد و لاوازبوونی ئایدیۆلۆژیای چەپی مارکسیستی و ڕاستی ئایینی، دروشمی “مافی دیاریکردنی چارەنووس” پڕۆژەی “کوردترسێنی” و هاوکات “لاواندنەوە” لە چوارچێوەی سیاسەتی پڕوپاگەندا تووشی ئاڵنگاری بووە، بەڵام هێشتا پڕۆژەی “لەکوردترسێنی” لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی عەرەبی، تورکی و فارسیدا بەڕێوە دەبرێت کە بەشێوەیەکی زەقوزۆپ بەر چاو و گوێمان دەکەوێت. بمانهەوێت یان نا، بەشەیتانکردنی کورد و ورووژاندنی دڕدۆنگی و قین، بەرەنجامی بەهێزبوونی کوردە لەسەر ڕووبەری جوگرافیایەکی سیاسی کە هێزە داگیرکەرەکانی ئەم جوگرافیا سیاسییە چاویان بەوە هەڵنایەت کە کورد جوگرافیاکەی خۆی بە جوگرافیایەکی سیاسی لەقەڵەم بدات، چونکە دوابەدوای ئەوە دەبێت بە کارتێک لە سیاسەتی جوگرافیاییدا ژیۆپۆلەتیک)! کاتێک کە “پڕۆژەی کورد” بە پڕۆژەی جوولەکە دەناسێنرێت، ئامانجەکە ورووژاندنی ئانتی سیمیتیزمێکی ئایینییە کە دەیانهەوێت کورد بخەنە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیە و بەم چەشنە وەک دەستی ئیسراییل یان ئیسراییلی دووەم بیناسێنن، لەکاتێکدا “پڕۆژەی کورد” بۆ کورد دەستەواژەیەکی نامۆیە و ئەوەی کە کورد گیرۆدەی بووە دۆز و پرسی سەدان ساڵەیەتی لەسەر خاکێک کە دۆستانی نزیک و هاوپەیمانانی جوولەکە دەستیان بەسەردا گرتووە! بەدەر لەوەی کە ئێمەی کورد هیچ کێشە و بەریەککەوتنێکمان لەگەڵ جوولەکەدا نییە و ناشبێ هەبێت؛ بەپێچەوانەی کەسانێک کە سۆزی دینی وایان لێدەکات بکەونە تەڵەی پڕوپاگەندایەک کە دەیهەوێت کورد پەلکێشی ململانێیەک بکات کە کێشەی ئەو نییە.
پڕوپاگەندا، گەیاندنی زانیاری نییە؛ پڕوپاگەندا دروستکردنی کەشی گومان و بێ متمانەییە، تەمومژە و ئامانجەکەی تەڵقینکردنی ترسێکی ناڕاستەقینەیە لەپێناو تەیارکردنی ڕقی کۆمەڵایەتی بەرانبەر ڕەوت یان کەسانێک کە وەک مەترسی لەسەر کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو دەناسێنرێن. توخمە سەرەکییەکانی پڕوپاگەندا بریتین لە: پۆپۆلیزم، خەڵکتەفرەدان(دیماگۆژی)، تاریکنوێنی و ڕەشکردنی بەرانبەر و دوولەتکردن و دووجەمسەریکردنەوەی جڤاکی تا پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان نەتوانن پێکەوە گفتوگۆ بکەن. پڕوپاگەندا بە دژەزانیاری و تێکەڵکردنی ڕاستی و درۆ ناهێڵێت بیروهۆش لەگەڵ دیاردەدا مەودا بگرێت. دۆژ (مەودا) لەگەڵ دیاردە مەرجی بیرکردنەوەیە، واتە ئێمە بە مەوداگرتن لە دیاردە دەتوانین بیری لێبکەینەوە. بەڵام پڕوپاگەندا چاوی ئێمە بە دیاردەوە دەنووسێنێت، ئەوەندە لێی نزیک دەبینەوە کە نایبینین! دەزگاکانی پڕوپاگەندا بەم شێوەیە پڕۆژەی “لەکوردترسێنی” بەڕێوە دەبەن. نزیکبوونەوە تا ئاستی نەبینران؛ واتە نووسانی چاو بە ئاوێنەوە بۆ ئەوەی مەودای بینین نەمێنێت!
لە “بەجنۆکەکردن”ەوە تا “بەجوولەکەکردن” یەک سیاسەتی پڕوپاگەندە هەیە؛ لەم سیاسەتەدا کورد بە دێو و درنجێک لەقەڵەم دەدرێت کە لە قۆرییەکە دەرپەڕیوە و دەبێ بخرێتەوە نێو قۆرییەکە! ئەرکی ئێمەیە ڕوونی بکەینەوە کە ئێمە هیچکات لە قۆرییەکەدا نەبووین تا بچینەوە نێوی. ئەگەر درۆی ئەفسانەبێژ پووچەڵ بکرێتەوە، دەکرێ بڵێین “لەکوردترسێنی”یش وەک “کوردترسێنی” کاڵ دەبێتەوە. ڕوونکردنەوەی بەڵگەنامەییی مێژوو ڕەنگە لەم بارەوە کاریگەر بێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٤ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
بابایی، مەسعوود(٢٠٢٦): لەکوردترسێنی و کوردترسێنی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس
یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس چۆمان زرێبار یەکگرتن لەسەر سنووری مێژوو: ساتێکی چارەنووسساز بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەم بابەتە شرۆڤەیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی [...]
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی
ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی ڕەحیم سورخی ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤی زمانی وەک ڕێکارێک بۆ سیاسەتی زمانی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا، زمانەکان لە پلەبەندییەکی ڕێژەییدا لەپاڵ یەکدا دەژین [...]
ئێسقانی زمان
ئێسقانی زمان دانا حەمید ئێسقانی زمان نزیکەی شەش ساڵ لەمەوبەر، لە وەرزی بەهاردا، لەناو بازاڕی سلێمانی، لە چایخانەی جمهوری دانیشتبووم، کە یەکێک بوو لەو چایخانانەی کە ٢٤ کاتژمێر کراوە بوو، بەڵام [...]
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین
زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین ئەشکان باوەڕ زمانی دایکی؛ ئەو ماڵەی ناسنامە و مێژوومانی تێدا دەپارێزین "زمان تەنیا ئامرازێکی پەیوەندی نییە، بەڵکوو ئەو ئاوێنەیەیە کە مێژوو و [...]
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ
کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ پەرویز شێخی کاتێک سیاسەت دەبێتە چیرۆکی بازاڕ لە جەرگەی هەناوی سیاسیی کوردستاندا، سنووری نێوان ستراتیژی شاردراوە و تاسەی شەقام بۆ زانین تێکچووە. کاتێک خەڵک بەردەوام گوشار [...]
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن
رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن ئارکان دادگەر رووژهەڵاتن لە یەکەوگرتن فرەتر لە سەد ساڵە ک نەتەوی کورد ها لە شوون دەسەڵات و نیشتمان کوردستان، "ئڕا نەڕەسیە؟" لە دو بەش جیەو گرێد: ١) بەش [...]







