ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
دانا حەمید
ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی هێز» وەک خۆی، کە بریتییە لە غەریزەی ژیان، گەشەکردن، بنیادنان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا؛ «ئیرادەی لاوازی» یان ڕق لە ژیان، کە بریتییە لە غەریزەی مەرگ، وێرانکاریی، تۆڵەسەندنەوە و ڕەتکردنەوەی هەر شتێک کە بەهێز و جیاواز و زیندووە. لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم بەرخۆدانە لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا خۆی بەرجەستە دەکات؛ لە لایەک، پڕۆژەیەکی سیاسیی کە هەوڵدەدات لەناو دۆزەخی شەڕدا، پارادایمێکی ژیاندۆستانە دابڕێژێت کە لەسەر بنەماکانی فرەیی، پێکەوەژیان و ئازادی بنیادنراوە. لە بەرامبەردا، هێزێکی پووچگەرا وەستاوە کە جەوهەرەکەی بریتییە لە غەریزەی مەرگ؛ هێزێک کە لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەهاگەرایی داخراوەوە، هەوڵی سڕینەوەی هەموو جیاوازییەک و سەپاندنی یەکڕەنگییەکی مەرگئاسا دەدات. ئەمە شەڕی نێوان دوو جیهانبینییە: جیهانبینیی «بوون لەناو فرەییدا» بەرامبەر بە جیهانبینیی «نەبوون لەناو یەکڕەنگیدا».
لەم بەستێنە چارەنووسسازەدا، لە فەزای سیاسیی باشووری کوردستاندا، فۆرمێکی پاتۆلۆژی لە هۆشیاریی نەتەوەیی سەریهەڵداوە کە دەتوانین ناوی بنێین ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ و فەیسبوکی. ئەم حاڵەتە و لە هەندێ شوێندا بووە بە دیاردە، لە بنەڕەتدا، گواستنەوەی ململانێ وجودییەکەیە لە بەرەکانی شەڕی ڕاستەقینەوە بۆ بەرەیەکی شەڕی خەیاڵی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. لێرەدا، کردەی شۆڕشگێڕانە لە قوربانیدان و بنیادنانەوە کورت دەکرێتەوە بۆ کردەی پۆستکردن. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە، کە لە دۆخێکی «نامۆبوونی سیاسیی»ـدا دەژین، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی نمایشێکی حەماسیی بێوچانەوە، ئەو بۆشاییە وجودییە پڕ بکەنەوە کە لە نێوان واقیعی تاڵی خۆیان و ئایدیالی بەرگریی نەتەوەییدا دروست بووە. بەڵام کاتێک لە پێکهاتەیی لۆژیکی ئەم گوتارە ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە جەوهەردا، هەمان میکانیزمەکانی گوتاری توندڕەویی دینی بەکاردەهێنێت.
ئامرازی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ بریتییە لە پڕۆسەی تەخوینکردن، کە هاوتایەکی سیکولاری چەمکی تەکفیرە. هەردووکیان لەسەر لۆژیکێکی دوالیزمیی سادە کار دەکەن: دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەرەی ڕەها، ئێمەی خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانی جەستەبووی شەڕ و خیانەت. لەم سیستەمە داخراوەدا، «ئەویتر»ـی جیاواز لە ڕووی فیکرییەوە، وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیر دەکرێت نەک وەک شەریکێکی نیشتمانی. هەر پرسیارێکی ڕەخنەیی، هەر خوێندنەوەیەکی جیاواز، یان هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە، یەکسەر وەک خیانەت و جاشایەتی لێکدەدرێتەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا، تیرۆری فیکرییە؛ هەوڵێکە بۆ کوشتنی ئەویتر لە ڕووی مەعنەوییەوە، پێش ئەوەی وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ڕا دانی پێدا بنرێت. ئامانج لێرەدا گەیشتن بە ڕاستی نییە، بەڵکو سەپاندنی مۆنۆپۆلێکە بەسەر خودی واقیعدا.
دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم پاتۆلۆژیایە لە چەند ئاستێکدا خۆیان نمایش دەکەن. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی-دەروونی، دەبێتە هۆی دروستکردنی فەزایەکی گشتی ژەهراویی کە تێیدا متمانە و وتوێژ لەناو دەچن و زمانی سووکایەتی و توندوتیژی دەبێتە زمانی باو. ئەمە ڕێگا بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی فیزیکی خۆش دەکات، چونکە کاتێک ئەویتر لە ڕووی سیمبۆڵییەوە دەکوژرێت و لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێت، ئەوا لەناوبردنی فیزیکیشی ئاسانتر دەبێت. لەسەر ئاستی ستراتیژیی نەتەوەیی، ئەم حاڵەت و دیاردەیە دەبێتە هۆی خۆکوژییەکی سیاسی؛ وزە و توانای نەتەوەیەک کە دەبوو لە دژی هەڕەشە وجودییە دەرەکییەکان یەکبخرێت، لە شەڕێکی ناوخۆیی بێهودە و خەیاڵیدا بەفیڕۆ دەدرێت. ئەمە گەورەترین خزمەتە بە غەریزەی مەرگدۆستیی دوژمن، چونکە کاتێک ئێمە خەریکی لەناوبردنی ناوخۆیی خۆمانین، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژە وێرانکارییەکەیان جێبەجێ بکەن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
Newroz
NERÎN Newroz Ji hêla Navenda Lêkolînên Kurdistanê ya TISHK ve li ser înternetê hate weşandin: 19. Adar 2025 DOI Ferşî, Birahîm (2025): Newroz. Jiyanewe. Navenda Lêkolînên Kurdistan-TISHK [...]
نەورۆز
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی فەڕشی، برایم (٢٠٢٥):نەورۆز. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. نەورۆز جگە لە [...]
بنەما فەلسەفییەکانی ژینگەگەرایی
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی ڕەسووڵی، داوود (٢٠٢٥):بنەما فەلسەفییەکانی ژینگەگەرایی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. ئەم [...]
مێژووی هاوبەشی هەزارساڵە: پاساوێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارە سیاسییە کوردییەکان
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٣ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥):مێژووی هاوبەشی هەزارساڵە:پاساوێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارە سیاسییە کوردییەکان. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
بانگەوازەکەی ئۆجەلان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی تاسە، هیوا (٢٠٢٥):بانگەوازەکەی ئۆجەلان و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]
مومارەسەی نەرگسییانەی دەسەڵات و نەخۆشی پسیکۆپات
بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١١ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤ی کوردی پێتێر ویرسێن، کارل (٢٠٢٥):مومارەسەی نەرگسییانەی دەسەڵات و نەخۆشی پسیکۆپات. وەرگێڕان لە سۆئێدییەوە: شەهلا دەباغی بلاگی ژیانەوە؛ [...]







