ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
دانا حەمید
ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی
لە هەر ساتەوەختێکی مێژوویی ڕادیکاڵدا، کاتێک ململانێکان لە ئاستی سیاسیی ڕووکەشەوە دادەبەزنە سەر ئاستی وجودیی بوون، جوگرافیا دەگۆڕێت بۆ شانۆی ڕووبەڕووبوونەوەی دوو ئیرادەی ئەزەلی: «ئیرادەی هێز» وەک خۆی، کە بریتییە لە غەریزەی ژیان، گەشەکردن، بنیادنان و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا؛ «ئیرادەی لاوازی» یان ڕق لە ژیان، کە بریتییە لە غەریزەی مەرگ، وێرانکاریی، تۆڵەسەندنەوە و ڕەتکردنەوەی هەر شتێک کە بەهێز و جیاواز و زیندووە. لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەم بەرخۆدانە لە فۆرمێکی کۆنکرێتیدا خۆی بەرجەستە دەکات؛ لە لایەک، پڕۆژەیەکی سیاسیی کە هەوڵدەدات لەناو دۆزەخی شەڕدا، پارادایمێکی ژیاندۆستانە دابڕێژێت کە لەسەر بنەماکانی فرەیی، پێکەوەژیان و ئازادی بنیادنراوە. لە بەرامبەردا، هێزێکی پووچگەرا وەستاوە کە جەوهەرەکەی بریتییە لە غەریزەی مەرگ؛ هێزێک کە لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەهاگەرایی داخراوەوە، هەوڵی سڕینەوەی هەموو جیاوازییەک و سەپاندنی یەکڕەنگییەکی مەرگئاسا دەدات. ئەمە شەڕی نێوان دوو جیهانبینییە: جیهانبینیی «بوون لەناو فرەییدا» بەرامبەر بە جیهانبینیی «نەبوون لەناو یەکڕەنگیدا».
لەم بەستێنە چارەنووسسازەدا، لە فەزای سیاسیی باشووری کوردستاندا، فۆرمێکی پاتۆلۆژی لە هۆشیاریی نەتەوەیی سەریهەڵداوە کە دەتوانین ناوی بنێین ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ و فەیسبوکی. ئەم حاڵەتە و لە هەندێ شوێندا بووە بە دیاردە، لە بنەڕەتدا، گواستنەوەی ململانێ وجودییەکەیە لە بەرەکانی شەڕی ڕاستەقینەوە بۆ بەرەیەکی شەڕی خەیاڵی لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. لێرەدا، کردەی شۆڕشگێڕانە لە قوربانیدان و بنیادنانەوە کورت دەکرێتەوە بۆ کردەی پۆستکردن. لایەنگرانی ئەم ڕەوتە، کە لە دۆخێکی «نامۆبوونی سیاسیی»ـدا دەژین، هەوڵدەدەن لە ڕێگەی نمایشێکی حەماسیی بێوچانەوە، ئەو بۆشاییە وجودییە پڕ بکەنەوە کە لە نێوان واقیعی تاڵی خۆیان و ئایدیالی بەرگریی نەتەوەییدا دروست بووە. بەڵام کاتێک لە پێکهاتەیی لۆژیکی ئەم گوتارە ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە لە جەوهەردا، هەمان میکانیزمەکانی گوتاری توندڕەویی دینی بەکاردەهێنێت.
ئامرازی سەرەکیی ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵ بریتییە لە پڕۆسەی تەخوینکردن، کە هاوتایەکی سیکولاری چەمکی تەکفیرە. هەردووکیان لەسەر لۆژیکێکی دوالیزمیی سادە کار دەکەن: دابەشکردنی جیهان بۆ دوو بەرەی ڕەها، ئێمەی خاوەن حەقیقەتی ڕەها و ئەوانی جەستەبووی شەڕ و خیانەت. لەم سیستەمە داخراوەدا، «ئەویتر»ـی جیاواز لە ڕووی فیکرییەوە، وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیر دەکرێت نەک وەک شەریکێکی نیشتمانی. هەر پرسیارێکی ڕەخنەیی، هەر خوێندنەوەیەکی جیاواز، یان هەر هەوڵێک بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە، یەکسەر وەک خیانەت و جاشایەتی لێکدەدرێتەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا، تیرۆری فیکرییە؛ هەوڵێکە بۆ کوشتنی ئەویتر لە ڕووی مەعنەوییەوە، پێش ئەوەی وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و ڕا دانی پێدا بنرێت. ئامانج لێرەدا گەیشتن بە ڕاستی نییە، بەڵکو سەپاندنی مۆنۆپۆلێکە بەسەر خودی واقیعدا.
دەرەنجامە وێرانکەرەکانی ئەم پاتۆلۆژیایە لە چەند ئاستێکدا خۆیان نمایش دەکەن. لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی-دەروونی، دەبێتە هۆی دروستکردنی فەزایەکی گشتی ژەهراویی کە تێیدا متمانە و وتوێژ لەناو دەچن و زمانی سووکایەتی و توندوتیژی دەبێتە زمانی باو. ئەمە ڕێگا بۆ شەرعیەتدان بە توندوتیژیی فیزیکی خۆش دەکات، چونکە کاتێک ئەویتر لە ڕووی سیمبۆڵییەوە دەکوژرێت و لە مرۆڤایەتی دادەماڵرێت، ئەوا لەناوبردنی فیزیکیشی ئاسانتر دەبێت. لەسەر ئاستی ستراتیژیی نەتەوەیی، ئەم حاڵەت و دیاردەیە دەبێتە هۆی خۆکوژییەکی سیاسی؛ وزە و توانای نەتەوەیەک کە دەبوو لە دژی هەڕەشە وجودییە دەرەکییەکان یەکبخرێت، لە شەڕێکی ناوخۆیی بێهودە و خەیاڵیدا بەفیڕۆ دەدرێت. ئەمە گەورەترین خزمەتە بە غەریزەی مەرگدۆستیی دوژمن، چونکە کاتێک ئێمە خەریکی لەناوبردنی ناوخۆیی خۆمانین، ئەوان بە ئاسانی دەتوانن پڕۆژە وێرانکارییەکەیان جێبەجێ بکەن.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
حەمید، دانا(٢٠٢٦):ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری
هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری شەهلا دەباغی هەنگاوێک بەرەو ڕزگاری بۆ دەبێ لە سەر ئەو کوشتارەی لە شارە فارسەکان دەکرێ وەدەنگ بێین؟ کە دەشزانین کوشتار لە ڕۆژهەڵاتیش بەردەوامە. دوای سەرکەوتن بەسەر ڕێژیمدا دەبێ [...]
ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ
ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ هەردی مهدی ئێران؛ چارەی قەیران بە قەیرانی نوێ لە سی ساڵی ڕابردوودا ئێران چەندین قەیرانی ڕیشەیی ڕووبەڕوو بووەتەوە، کێشەی سەرەکیی دەوڵەت ئەوەبوو لەبری ئەوەی قەیران [...]
ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا
ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا هێلێنا باوەرنفایند ئێران لە نێوان لەرزینى ناوخۆیی و گوشاری دەرەکیدا تاران لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، نیشانەکانی قەیرانێک خەریکە چڕ دەبنەوە کە لە ئاڵۆزییە [...]
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە
ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە هەرمان ڕۆژهەڵات ئێران وەردەمو گۆڕانكارییەكانە و ئێمەی كورد ڕۆژهەلاتو كوردستانیەنە دماو دابەشكریای جوغڕافیاو كوردستانی بەهۆو ئەنجامەكاو شەڕە نگریسە جیهانییەكا بە ڕێككەوتەی زلهێزەكا پەیمانە [...]
نیگای شۆڕشگێڕ
نیگای شۆڕشگێڕ دانا حەمید نیگای شۆڕشگێڕ لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرەنگاریی تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسیی کاتی نییە بەرانبەر بە ستەمێکی دیاریکراو، بەڵکو کردەیەکی وجودیی بەردەوامە بۆ سەلماندنی «بوون» لە بەرانبەر ستراتیژییەتێکی [...]
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]







