ناسیۆنالیزمی پووکاو

دانا حەمید 

ناسیۆنالیزمی پووکاو

لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، کە بریتییە لە ژیانی گشتی و کردەی هاوبەش، دادەماڵێت و دەیکاتە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی مرۆڤەکان بەسەر «هاونەتەوەی شایستە» و «ئەویتری بێگانە»ـدا. ئەمە دۆخێکە کە تێیدا نەتەوە دەکرێتە بتێکی پیرۆز و قسەلەسەرنکراو. ئەم جۆرە لە ناسیۆنالیزمی بێفۆرم-لیبۆک لەسەر دوالیزمێکی کوشندە کار دەکات: لە لایەک، ڕابردوویەکی خەیاڵی و ئایدیالیکراو بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا کەسایەتی و ڕووداوەکان لە هەر جۆرە هەڵە و کەموکوڕییەک پاک دەکرێنەوە؛ لە لایەکی دیکەشەوە، بەڵێنی داهاتوویەکی خەیاڵی و ڕەها (وەک دەوڵەتی نموونەیی) دەدات، بەبێ ئەوەی هیچ نەخشەڕێگایەکی عەقڵانی بۆ دابین بکات. لەم هاوکێشە تراژیدییەدا، «ئێستا» کە تاکە کاتی ڕاستەقینەی کارکردن و گۆڕانکارییە بە تەواوی فەرامۆش دەکرێت و دەبێتە زەمەنێکی مردوو. ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە ناسیۆنالیزم دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی بەرژەوەندیی نوخبەیەکی دیاریکراو کە لەسەر ئەم پووکانەوەیە دەژین.

ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بەدی دەکرێت، ناسیۆنالیزمێکی بێفۆرمە کە جیهان بە شێوەیەکی سادە و مەترسیدار دابەش دەکات بەسەر دوو بەرەدا: «بەرەی ئێمە» (کە هەمیشە پاک و قوربانییە) و «بەرەی ئەوان» (کە هەمیشە پیلانگێڕ و دوژمنکارە). ئەم ناسیۆنالیزمە لە ڕێگەی سێ شەپۆلی سەتحی تێکدەرەوە کار دەکات: یەکەم، شەپۆلی بەتاڵکردنەوەی مێژوو؛ لێرەدا مێژوو لە فاکت و ڕەخنە دادەماڵرێت و دەکرێتە کۆمەڵێک چیرۆکی حەماسیی پیرۆزکراو کە نابێت پرسیاریان لەسەر بکرێت. ئەمە وا دەکات نەوەی نوێ لەبری فێربوون لە هەڵەکانی ڕابردوو، تەنها شانازییەکی کوێرانەی پێوە بکات. دووەم، شەپۆلی بەڕووکەشکردنی کێشەکان؛ ئەمە پیشەسازییەکە بۆ گۆڕینی پرسیارە ڕاستەقینە و ژیانییەکان (بژێوی، دادپەروەریی، کەرامەت) بۆ موزایەدەیەکی نیشتمانیی بێمانا. کاتێک مووچە دوادەکەوێت، وەڵامەکەیان پۆستێکی سۆزدارییە لەسەر خۆڕاگریی پێشمەرگە. کاتێک گەندەڵییەک ئاشکرا دەبێت، بە خێرایی وێنەی دوژمنێکی خەیاڵی دەکێشن کە پیلان لە دژی «قەوارە»کەمان دەگێڕێت. سێیەم، شەپۆلی سڕکردنی سیاسی؛ ئامانجی ئەم شەپۆلە کوشتنی «مرۆڤی سیاسی» و بەرهەمهێنانی «جەماوەری سۆزدار»ـە. چیتر پێویست بە هاووڵاتیی بیرکەرەوە و ڕەخنەگر نامێنێت، بەڵکو پێویست بە جەماوەرێکی کۆنترۆڵکراو هەیە کە تەنها لە بۆنە نیشتمانییەکاندا وەک کەرەستەیەکی سیاسی بەکاربهێنرێت.

قەیرانی ناسیۆنالیزمی پووکاو لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە: قەیرانی حەقی هەبوونی ماف. کاتێک سیاسەت لە پڕۆسەیەکی عەقڵانی و بەشداریکارانەوە کورت دەکرێتەوە بۆ نمایشێکی حەماسی، چیتر پێویستی بە هاووڵاتیی بیرکەرەوە و بەرپرسیار نامێنێت. ئەم مۆدێلە لە ناسیۆنالیزم، ناتوانێت وەڵامی پرسیارە وجودییەکانی سەردەم بداتەوە: پرسیاری ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر، سیستەمێکی دادپەروەریی سەروەر، ژینگەیەکی پارێزراو، پەروەردەیەکی داهێنەر، و کۆمەڵگایەکی کراوە. لەبری ئەمانە، تەنها یەک وەڵامی ئامادەکراوی هەیە: پاراستنی قەوارەکە. بەڵام هەرگیز ئەو پرسیارە بنەڕەتییە ناکات: قەوارەیەک بۆچی و بۆ کێ، ئەگەر مرۆڤەکانی ناوی لە کەرامەتی مرۆیی و ئاسایشی ئابووری بێبەش بن؟ کاتێک مرۆڤ لەناو نیشتمانی خۆیدا هەست بە نامۆیی بکات و مافە بنەڕەتییەکانی لێ زەوت بکرێت، ئەو لەڕاستییدا دەبێتە مرۆڤێکی زیادە و هاوشێوەی پەنابەرێکی بێدەوڵەت، حەقی هەبوونی مافی نامێنێت. ئەمە ئەو دۆخەیە کە تێیدا هاووڵاتیبوون لە ناوەڕۆکە یاسایی و سیاسییەکەی بەتاڵ دەکرێتەوە و دەبێتە تەنها پارچە کاغەزێک کە هیچ مافێکی ڕاستەقینەی لەگەڵدا نییە. مرۆڤی زیادە ئەو مرۆڤەیە کە بوونی و نەبوونی بۆ سیستەمەکە یەکسانە، مەگەر لە کاتی هەڵبژاردن یان نمایشە حەماسییەکاندا نەبێت.

بەڵام ئەڵتەرناتیڤ چییە؟ کێشەی بنەڕەتیی ناسیۆنالیزمی کوردیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە لەسەر هێڵێکی ستوونی توند کار دەکات؛ دەسەڵات لە سەرەوەی هەرەمەکە کۆبووەتەوە و بڕیارەکان بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنرێن، لە کاتێکدا هاووڵاتی لە خوارەوە تەنها وەک جەماوەرێکی ناکارا و بەکارهێنراو سەیر دەکرێت. ئەم مۆدێلە ستوونییە، کە تێیدا نوخبەیەکی سیاسی و ئابووری لەسەر ئەم پووکانەوەیە دەژین، مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆ سەر خودی هاووڵاتی. لێرەدایە کە ناسیۆنالیزم دەگاتە قۆناغی شێرپەنجەیی خۆی؛ ئەویش کاتێکە کە سوور دەبێت لەسەر تواندنەوەی هەموو جیاوازییەکان و دروستکردنی یەکڕەنگییەکی ساختە. ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە ناتوانێت فرەیی و پێکەوەهەڵکردنی ئاین، بیروباوەڕ، و شێوازە جیاوازەکانی ژیان قبووڵ بکات، چونکە هەر جیاوازییەک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو یەکێتییە خەیاڵییە دەبینێت کە بانگەشەی بۆ دەکات.

ئەگەر وریای ئەم دۆخە نەبین، ئەمە ئەو ڕێگا لێژەیە کە دەشێت بەرەو فاشیزممان ببات، چونکە فاشیزم لە بنەڕەتدا بەرهەمی ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوە کە هەموو فرەییەک لەناو دەبات.

چارەسەر لە گۆڕینی ئەم هاوکێشەیەدا خۆی دەبینێتەوە. پێویستە کار بۆ داڕشتنەوەی «پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ» بکرێت کە لەسەر چەند چەمکێکی بنەڕەتی دابڕێژرێتەوە: یەکەم: ماف و ئەرکی هاووڵاتیبوون؛ ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵات لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی نا، بەڵکو لەسەر بنەمای یاسا، ماف و ئەرکی دیاریکراوی هاووڵاتیبوون ڕێکبخرێتەوە. دووەم: هێڵی ستوونی (بۆ پاراستنی ماف)؛ پێویستە دامەزراوەی نیشتمانیی سەربەخۆ و بەهێز (وەک دادگای دەستووری و دەستەی لێپرسینەوە) هەبێت کە وەک هێڵێکی ستوونی، بەبێ جیاوازی، چاودێریی جێبەجێکردنی یاسا بکات و مافە بنەڕەتییەکانی هەموو هاووڵاتیان بپارێزێت. سێیەم: هێڵی ئاسۆیی (بۆ پراکتیزەکردنی ئەرک)؛ دەبێت دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی ئاسۆیی دابەش بکرێن و لامەرکەزیەتێکی ڕادیکاڵ پەیڕەو بکرێت. ئەمە گواستنەوەیە لە نیشتمانی خەیاڵی سروود و نەخشەوە بۆ نیشتمانی واقیعی کە لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا دادپەروەر و بەکەرامەت بێت. دژایەتیکردنی دۆخی ئێستا تەنها بە وتار و ڕەخنە نابێت، بەڵکو پێویستی بە کردەی سیاسیی ڕێکخراو هەیە لە خوارەوە بۆ سەپاندنی ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانرێت کۆتایی بە سەردەمی مرۆڤی زیادە بهێنرێت و دەرگایەک بە ڕووی سیاسەتێکی نوێ و ئایندەیەکی شایستەتردا بکرێتەوە.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦): ناسیۆنالیزمی پووکاو. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

دەمجی ‘نادیموکراتیک’ی هێزی هەسەدە لە سوریای ‘دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون’دا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی سورخی، ڕەحیم (٢٠٢٥): دەمجی 'نادیموکراتیک'ی هێزی هەسەدە لە سوریای 'دەوڵەتی قانوون و هاووڵاتیبوون'دا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی [...]

لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی ئەلڕاشد، عەبدولڕەحمان (٢٠٢٤): لوبنان و یەمەن و ئێران پاش غەزە. و: هێرش پاڵانی. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی [...]

جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ی کوردی قارەمانی،حەسەن (٢٠٢٥):جیهانێک لە وێرانە، بەڵام ئەدەب بەرگەی دەگرێت. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - تیشک. [...]

زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٥ی کوردی  سورخی، ڕەحیم(٢٠٢٥): زاڵکردنی ڕوونکردنەوەی بانسروشتییانەی نەخۆشییەکان بەسەر چارەسەرە تەندروستییەکان لە میدیای کوردیدا  بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی [...]

ایرانیت به مثابه پروژه هویت‌زدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی

نظرات به صورت آنلاین در مرکز مطالعات کوردستان - تیشک در بلاگ ژیانەوە منتشر شده است: ١٠/٠٨/٢٠٢٥ اسماعیل پور، سلام (٢٠٢٥): ایرانیت به مثابه پروژه هویت‌زدایی: نقدی بر سازوکارهای فرهنگی و سیاسی استیلاطلبی. بلاگ [...]

دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە

بیروڕا بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی ئەحمەد، ڕێباز (٢٠٢٥): دەوڵەت بۆ ئەوان و ئاکار بۆ ئێوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان - [...]