هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە

 

دکتۆر ڕامین مەفاخری

هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خێرا و قووڵە ستراتیژییەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەتی پاش هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بارودۆخێکی نوێی جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژی دروست بووە کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر هاوسەنگیی هێز و ئاراستەی پەرەسەندنی داهاتووی سیاسیی ناوچەکە هەیە. لەگەڵ ئەوەی کە دەوڵەتی ئێران لەژێر گوشاری هاوبەشی سەربازی، سیاسی و ئابووریی دەرەوەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە شێوەیەکی بەرچاو لاوازتر دەبێت، هەروەها لە چوارچێوەی پلانی ئەم دوو ئەکتەرە سەرەکییە نێودەوڵەتییەدا هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەرز بووەتەوە. ئەم پەرەسەندنە جۆرێک لە بارودۆخی نوێی ستراتیژی دروست دەکات کە لە ناویدا ئەگەری بەشداریی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئەم هێزانە لە شەڕەکەدا بەرز دەبێتەوە. بەم شێوەیە، هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەتوانێت بە فەرمی ببێتە لایەنێکی نوێ لە کێشەکە کە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە – ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ – دژی دەوڵەتی ناوەندی لە تاران لایەنگری و پشتگیری لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات.

لەو چوارچێوەیەدا، پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات چۆن دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیار، ئاڵۆز و گۆڕانکارەدا بکات؟ لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەم قۆناغە هاوکات هەم دەرفەت و هەم مەترسی دروست دەکات. لە لایەکەوە، ئەگەری لاوازبوونی دەسەڵاتی تاران و کشانەوەی هێزەکانی لە ڕۆژهەڵات، دەتوانێت دەرفەت بۆ گەشەی دەسەڵات و دامەزراندنی کیانێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕەخسێنێت. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەگەردارە ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە تەنیا تاکتیکی و کورتخایەن بێت و لە کۆتاییدا لە ئەنجامی مامەڵە و تەوافقی سیاسی لەگەڵ تاراندا پشتی هێزە کوردییەکان چۆڵ بکرێت و مێژووی شەڕی نایەکسانی نێوان دەوڵەتی ناوەندی و هێزە کوردییەکان دووبارە بێتەوە. بەتایبەتی لە سیستەمی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، هاوپەیمانی و تەوافقی دەوڵەتەکان زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و کاتی دروست دەبێت، و مێژوو زۆرجار سەلماندوویەتی کە هاوپەیمانییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی هەمیشەیی جێ متمانە نین. بەتایبەتی ئەمە دەبێت لەبیر نەکرێت کە ئەمریکای ژێر دەسەڵاتی ترامپ زیاتر بە شێوەیەکی تاکتیکی و کورتخایەن مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان دەکات. هەرچەندە پلان و ستراتیژییەکانی ئیسرائیل زۆرجار درێژخایەنترن، بەڵام ئەگەر ئەمریکا لە شەڕەکەدا بکشێتەوە، زۆر دوور نییە کە ئیسرائیل نە توانایی و نە ویستی بەردەوامبوونی لە پشتگیرییەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەبێت.

لە ئەگەرێکی وادا، ئەگەر پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی درێژخایەن بەردەوام نەبن، دەوڵەتی ناوەندی لە تاران دەتوانێت بە ئاسانی دەستی واڵا بێت بۆ بەکارهێنانی هەموو شێوەکانی گوشار – لە سیاسی و ئابوورییەوە تا سەربازی – بۆ زەخت خستنە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و لە کۆتاییدا بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بارودۆخێکی کارەساتبار دروست بکات. هەروەها، ئەوەش نابێت لەبیر بکرێت کە سەرنەکەوتنی هەر هەوڵێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵات دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر باشووری کوردستانیش هەبێت و مەترسییەکی جدی بۆ سەقامگیری و پێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات. لەبەر ئەمە، هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات پێویستە ستراتیژییەکی هاوبەش، تۆکمە و درێژخایەن داڕێژن کە لە ئەگەری ڕوودانی هەرچەشنە گۆڕانکارییەکی نەخوازراو یان چاوەڕواننەکراودا ئامادە بن و نەکەونە ناو تەڵە ستراتیژییەکانەوە.

لەبەر ئەمە، زۆر گرنگە هێزەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی یەکگرتوو و سەربەخۆ پێناسە بکەن و بڕوایان بە هێز و قورسایییان هەبێت، و لەسەر ئەم بنەمایەدا ستراتیژییەکی هاوبەش و تۆکمە داڕێژن. ئەم ستراتیژییە دەبێت لە چوار کۆڵەکەی سەرەکی – جیاواز بەڵام پێکەوە گرێدراو – پێکبێت. یەکەم و گرنگترین کۆڵەکە، پێکهێنانی تیمێکی دیپلۆماتکار، لێهاتوو و خاوەن ئەزموونە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم تیمە جگە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا و سیناتۆرەکانی واشینگتۆن، دەبێت پەیوەندییەکی چالاک لەگەڵ وڵاتە کاریگەرەکانی ئەم یارییە جیۆپۆلیتیکییە – وەک ئیسرائیل، فەڕەنسا، عەرەبستان و وڵاتانی دیکە – پەرەپێ بدات بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی سیاسی و دارایی. بەتایبەتی، پێویستە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل ڕێک بخرێت بۆ بەدەستهێنانی گەرەنتیی دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگریی دژەمووشەک و فڕۆکە لە ڕۆژهەڵات. لێرەدا، خاڵێکی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی ئەم ستراتیژییە ئەوەیە کە هەرچەشنە پەیوەندی و گرێبەستێک لەگەڵ دەوڵەتەکان یان بە ئاشکرا یان بە ناوبژیوانی لایەنێکی متمانەپێکراو ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ڕادەیەکی بەرپرسیارێتی بۆ جێبەجێکردنی بەڵێن و بڕیارەکان دروست بکرێت. هەروەها، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم دیپلۆماسییە دەبێت هەوڵدان بێت بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ مووچە و ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵات (بۆ لانیکەم ماوەی یەک ساڵ) تا کۆمەڵگە بتوانێت لەو قۆناغە قەیراناوییەدا تێپەڕ ببێت. لە هەمان کاتدا، کوردەکانی دیاسپۆراش دەتوانن لە ڕێگەی چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە – وەک دانانی سیمینار، خۆپیشاندان، پەیوەندیگرتن لەگەڵ دەوڵەتە ڕۆژاواییەکان و تەنانەت یارمەتیی دارایی – پشتگیری بۆ ڕۆژهەڵات دابین بکەن.

ستراتیژیی دووەم پێکهێنانی تیمێکی تۆکمە، پسپۆڕ و لێهاتووە بۆ دروستکردنی گوتارێکی سیاسیی هاوبەش و سیستماتیک کە بتوانێت بنەمای هاوپەیمانییەکی فراوان لەگەڵ باقی نەتەوە مافخوازەکان و هێزە دیمۆکراسیخوازەکان لە ئێران دامەزرێنێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم گوتارە سیاسییە ئەوەیە کە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ داهاتووی ئێران پێشنیار بکات کە بتوانێت بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ناوچەییە جیاوازەکان لە دڵی سیستەمێکی دیمۆکراتیکدا کۆ بکاتەوە. لە چوارچێوەی ئەم دیسکۆرسە ستراتیژییەدا، دەکرێت دامەزراندنی سیستەمێکی نامەرکەزی و گشتگیر پێشنیار بکرێت کە لەسەر بنەمای سنوورە نەتەوەیی-ئیتنیکییەکان دامەزرابێت و وەک جۆرێک لە دیمۆکراسیی تەوافقی یان ئەنجومەنی کار بکات. ئەم مۆدێلە حکومڕانییە، لە لایەکەوە شەرعییەت و دەسەڵاتی یاسایی بە حکوومەتە ناوچەییەکان دەبەخشێت، و لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی دابەشکردنی هێز و هاوبەشبوون لە دەسەڵاتی ناوەندی، سیستەمێکی فیدراڵی و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەبردنی ئێران پێشنیار دەکات. بەم شێوەیە، ئەم گوتارە سیاسییە دەتوانێت ببێتە بنەمای هاوپەیمانییەکی فراوان لە نێوان هێزە جۆراوجۆرە مافخواز و دیمۆکراسیخوازەکانی ئێراندا و هاوکات چوارچێوەیەکی واقیعبینانە بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی و دابەشکردنی دەسەڵات لە ئاستی ناوەندی و ناوچەیی دابین بکات. بەم شێوەیە، ڕۆژهەڵات دەتوانێت لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانیی گوتاری – بەتایبەتی لە نێوان نەتەوە غەیرە فارسەکاندا وەکوو تورک، عەرەب و بەلووچ – گوشار و زەخت بخاتە سەر تاران و بەشێکی بەرچاو لە لایەنە نادیمۆکراتیکە ئێرانییەکان. جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی چەند بەرەکی لە نێوان هێزە جۆراوجۆرە سیاسییەکانی ئێران، لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران و لە کۆتاییدا کەمکردنەوەی گوشار لەسەر ڕۆژهەڵات. هەروەها لە ئاستی تاکەکەسییشدا، هەر تاکێکی دڵسۆزی کورد لە سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت بە شێوەیەکی عەقڵانی و سیاسی – بە دوور لە هەست و سۆز – دەوری گرنگ ببینێت لە پەرەپێدانی ئەم گوتارە بۆ غەیرەکوردەکان و بە گشتی لە پانتایی ئێراندا.

ستراتیژیی سێیەم – کە زۆر هەستیار و گرنگە – یەکخستنەوەی هێزی سەربازیی حیزبەکانە پێش گەڕانەوە بۆ ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە دەتوانێت شەرعییەت و قورسایییەکی نوێ ببەخشێت بە هێزە هاوپەیمانەکانی ڕۆژهەڵات، هەم لە چاوی خەڵک و هەم لە ئاستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا. هەروەها، ئەم یەکخستنەوەیە دەتوانێت پێگەی حکوومەتی ڕۆژهەڵات بەهێز بکات و زەمینەیەکی باشتر بۆ دیپلۆماسی و لابی کردن لەگەڵ دەوڵەتەکان پێک بێنێت.

کۆڵەکەی چوارەمیش پێکهێنانی میکانیزم و سیستەمێکی حکومڕانیی هاوبەشە بۆ ئیدارەی ڕۆژهەڵات لە ڕووی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەوە. لە پێناوی ئەم ئامانجەدا، پێویستە هەر لە ئێستاوە چارتی سازمانیی وەزارەتەکان و دامەزراوە حکوومییەکان، وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان، دیاری بکرێت. بەتایبەتی، بۆ پڕکردنەوەی پۆستە سەرەکییەکان دەبێت کەڵک لە پسپۆڕانی ناوخۆی ڕۆژهەڵات وەربگیردرێت. هەروەها، پێویستە پێش گەڕانەوە بە شێوەیەکی جدی بیر لە دانانی میکانیزمێکی عەقڵانی و کارا بکرێتەوە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان – وەک مووچە، کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکان – بۆ ئەوەی بنەمایەکی تۆکمە بۆ سەقامگیری و حکومڕانیی داهاتووی ڕۆژهەڵات دابین بکرێت.

کۆبەند

لە کۆتاییدا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بارودۆخی نوێی ستراتیژی لە ناوچەکەدا – کە لە ئەنجامی گۆڕانکارییە سەربازی و سیاسییە خێرا و قووڵەکانی دوای هێرشەکان بۆ سەر ئێران دروست بووە – بۆ هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات هەم دەرفەتێکی گرنگ و هەم مەترسییەکی جدی دروست کردووە. لە لایەکەوە، ئەم بارودۆخە دەتوانێت بوار بۆ گۆڕانکاری لە هاوسەنگیی هێز، پەرەپێدانی پێگەی سیاسی و دامەزراندنی شێوەیەکی نوێی دەسەڵات و حکومڕانی لە ڕۆژهەڵاتدا بگاتە ئاراستەیەکی نوێ. بەڵام لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەم قۆناغە بە ستراتیژییەکی ورد و درێژخایەن نەهێنرێتە پێشەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی گوشارە سەربازی و سیاسییەکان، تێکچوونی سەقامگیریی ناوخۆیی و دروستبوونی بارودۆخێکی نائاسایی کە مەترسییەکی گەورە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات دروست بکات.

لەبەر ئەمە، سەرەکیترین ئەرکی هێزەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە خۆیان وەک ئەکتەرێکی یەکگرتوو، سەربەخۆ و خاوەن قورساییی سیاسی و سەربازی پێناسە بکەن و لەسەر ئەم بنەمایەدا ستراتیژییەکی هاوبەش و درێژخایەن داڕێژن. ئەم ستراتیژییە دەبێت لەسەر چەند کۆڵەکەی سەرەکی دامەزرابێت: یەکەم، پەرەپێدانی دیپلۆماسییەکی چالاک، فرەڕەهەند و بەهێز بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ دووەم، دروستکردنی گوتار و هاوپەیمانییەکی سیاسی لەگەڵ هێزە مافخواز و دیمۆکراسیخوازەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نوێی هاوبەش بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران و بەرگری کردن لە سەرهەڵدانی دووبارەی تارانێکی بەهێز و دیکتاتۆر؛ سێیەم، یەکخستنەوەی هێزی سەربازیی حیزبەکان لەژێر فەرماندەییەکی یەکگرتوو بۆ بەهێزکردنی شەرعییەت و توانای بەرگری؛ و چوارەم، دامەزراندنی سیستەمێکی حکومڕانیی هاوبەش و کارا بۆ ئیدارەی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی ناوچەکە، کە بتوانێت بنەمایەکی تۆکمە بۆ سەقامگیری و پەرەسەندنی داهاتووی ڕۆژهەڵات دابین بکات.

بە کورتی، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندیدارە بە توانای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە دروستکردنی یەکگرتووییەکی ڕاستەقینە، هەڵسوکەوتی عەقڵانی لەگەڵ گۆڕانکارییە خێرا و ئاڵۆزەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی، و دامەزراندنی بنەمایەکی تۆکمە بۆ حکومڕانی و دیپلۆماسییەکی کاریگەر. لە جیهانێکدا کە بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان بە شێوەیەکی زۆرتر تاکتیکی و کورتخایەن دابین دەکرێت، تەنیا ئەو هێزانە دەتوانن شوێن و قورسایییەکی پایەدار بەدەست بهێنن کە خۆیان وەک ئەکتەرێکی یەکگرتوو و خاوەن پلان و ستراتیژی درێژخایەن پێناسە بکەن. لەبەر ئەمە، ئەگەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات بتوانن لەم قۆناغەدا لەسەر بنەمای هاوبەشی نەتەوەیی، عەقڵانییەتی سیاسی و پلانێکی ستراتیژیی هاوبەش هەنگاو بنێن، ئەوا دەتوانن ئەم گۆڕانکارییە ناوچەییانە بگۆڕن بۆ دەرفەتێکی مێژوویی بۆ دامەزراندنی پێگە و کیانێکی سیاسی-نەتەوەیی تۆکمە، نەک تەنیا بۆ ڕۆژهەڵات بەڵکوو بۆ داهاتووی پرسی کورد و کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٥ی ڕەشەمەی  ٢٧٢٥ی کوردی

مەفاخری، ڕامین(٢٠٢٦): هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ستراتیژی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی

شۆڕشی کەزی هیوا جەمال شۆڕشی کەزی لە مێژووی گەلاندا، زۆرجار وردەکارییەکی سادە یان هێمایەکی کولتووری، دەبێتە بزوێنەری گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردیدا دەگوزەرێت [...]

  • سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا

سەردانێکی پڕ مانا هێلێنا باوەرنفایند سەردانێکی پڕ مانا بەپێی سەرچاوە هاودەنگەکان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، سەردانێکی نائاسایی بۆ شاری جەمکەران ئەنجامداوە. کات و چۆنیەتی سەردانەکە بە نادیاری ماونەتەوە، بەڵام ئەمە [...]

  • ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاڕوخ حەسەن‌زادە ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەتەلەی ڕەوشی سیاسیی نیزامی ناوچەکەدا، زۆرجار ڕەهەندی بازاڕ و ئابووریی جیهانی وەک [...]

  • شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ڕێبوار سیوەیلی شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ١. لە مێژووی شارستانییەتەکاندا، مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە هێما هەبووە بۆ ئەوەی مانا بە بوونی [...]

  • ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟ ئارام کەیخوسرەوی ڕزگاری یان ئازادی؟ پێشەکی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە [...]

  • ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو دانا حەمید  ناسیۆنالیزمی پووکاو لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، [...]