کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا
شەهلا دەباغی
کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا
ڕاپۆرتەکان، بەڵگە و فیلمی کوشتاری دەیان هەزار ئینسان لە گەنج و لاو، پیر و منداڵ، چەندین ئەندامی بنەماڵە پێکەوە، ژن و پیاو، لە ماوەی تەنیا چەند ڕۆژێکدا، قەتڵوعامی بەکۆمەڵ و توندوتیژیی سیستماتیکی لە ڕادەبەدەری ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانی نیشان دا. ئایا ئەم کوشتارە نوێ و بێ پێشینەیە؟ ناوی دروستی ئەم تاوانە چییە: کوشتاری خەڵک/جینۆساید یا کوشتاری بە کۆمەڵ؟
ئێمەی کورد لەگەڵ چەمکی “قەتڵوعام” نائاشنا نین. ڕەنگە ناسیاوترین کوشتار لە مێژووی خەڵکی ڕۆژهەڵات ئەو کوشتارە بێ کە بە کوشتاری ساڵی عرووسان ناسراوە. ئەم کوشتارە لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم کاتێک ڕووسیە و عوسمانییەکان کوردستانی ئێمەیان داگیرکرد لە نێوان ١٩١٥ هەتا ١٩١٦ ڕووی دا. بە ڕەوایەتی کۆنەساڵان و نافەرمی کە زار بە زار بە ئێمە گەیشتووە ڕووسەکان لە ناوچەی موکریان، میاندواو، بۆکان، سەردەشت، ورمێ، نەغەدە، سابڵاخ، گوندەکانی کانی سپی، حەسەنلو و زۆر گوندیتر قەتڵوعامێکی گەورەیان کرد و قاتوقڕی و برسێتی ئەم ناوچانەی داگرت.
هەمیسان دەکرێ لە کوشتاری ئەرمەنییەکان هەر لەکاتی شەڕی یەکەم لە ساڵانی ١٩١٥ هەتا ١٩١٧ بەدەست عوسمانیەکان ناوبەرین کە دەکوترێ لە نێوان نیومیلیۆن هەتا یەکونیو میلۆن بووە. یا دەتوانین کوشتاری خەڵکی کورد بەدەست تورکەکان لە ساڵی ١٩٣٧ ناوبەرین کە دەیان هەزار کورد لە ناوچەی درسیم جێنۆساید کران و ڕێبەری کوردان سەید ڕەزا لە سێدارە درا.
لە دەورانی نزیکتر ئەوەی بەچاوی خۆمان دیومانە و وەبیرمانە “ئەنفال”ە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٢ لە گەرمیان و بالیسان ڕا هەتا کوشتاری شاری حەڵەبجە لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨ لەخۆدەگرێ و بەدەست دەسەڵاتی حیزبی بەعس و سەدام حوسێن ئەنجام درا.
بە پێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان (١٩٤٨) کوشتاری خەڵک/ جینۆساید واتە لەناوبردنی تەواو یان بەشێک لە گروپێک کە هەڕەشەی سڕینەوەی لەسەرە و دەبێ پارێزراوبێ. ئەم هەڕەشەیە دەتوانێ بەهۆی تەعەلووقی نەتەوەیی، ئایینی یا ڕەگەزی بێ. بە پێی ئەم پێناسەیە لە جێنۆسایددا ژمارەی کوژراوەکان بەقەد مەبەستی خودی کوشتنەکە گرینگ نییە. دەکرێ ژمارەیەکی کەم بکوژرێ و جێنۆساید بێتە ئەژمار ئەوەیش بە هۆی مەبەستی کوشتارەکە بێ کە ببێتە هۆی لەناوچوون و سڕینەوەی گرووپەکە.[1]
ئێستا ئەم پرسیارە دێتە گۆڕ کە ئایا کارەساتی کوشتنی هەزاران کەس لە پاییزی ١٤٠١ و مانگی بەفرانباری ئەمساڵ ١٤٠٤دا لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران و بە فەرمانی خودی خامنەای، دەچێتە خانەی کوشتاری خەڵک یا کوشتاری بە کۆمەڵ و تاوانی دژەمرۆڤ؟ ئایا هەر چونکە خەڵک ڕژیمیان قبوڵ نییە و نەیاری سیاسیی ئەو ڕژیمەن، ڕژیم خەڵکی کوشتار کرد؟
ئەگەر بەپێی تاریفی کۆنوانسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بێ ئەم کوشتارە بەهۆی جیاوازیی بۆچوونی سیاسی کراوە و بە جێنۆساید ناژمێردرێت تەنانەت ئەگەر ڕادەی کوشتارەکە زۆریش بێ. بەڵام هەمیسان ئەم پرسیارە دێتە گۆڕ کە ئایا دەبێ لە تاریفێکی یاسایی دا قەتیس بمێنینەوە؟ ئایا ئەم کوشتارە تەنیا بە هۆی دژایەتیی سیاسیی بەرەی خەڵک و بەرەی دەسەڵات، و “تاوانی دژی مرۆڤ” بووە؟
تاوانی دژی مرۆڤ واتە هێرشی سیستماتیک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، کوشتن، ئەشکەنجەدان، ئێعدام. کوشتنی بەکۆمەڵ ژمارەیەکی زۆر زۆر لە خەڵک دەگرێتە خۆ،[2] بەڵام بە مانا یاساییەکەی جینۆساید نییە، بەو پێیە کە ئەوانەی دەکوژرێن سەر بە گروپێک نین کە بەهۆی ئێتنیکی، ڕەگەزی، ئایینی هەوڵی سڕێنەوەیان بدرێ. بەڵام دیسان پرسیار ئەوەیە کە بۆچی زۆر کەس بە کوشتاری مانگی بەفرانباری ٢٠٢٦ دەڵێن “جینۆساید”؟
ئەمجۆرە کوشتارە هێندێک جار لە چوارچێوەی سیاسی و میدیاییدا بۆ وەسفکردن و قڕکردنی سیستماتیکی مرۆڤەکان لەلایەن دەوڵەت یا لەلایەن داگیرکەران، کاتێک ژمارەی کوژراوان بەرفراوان و بە مەبەستی سەرکوتی دژبەران بێ، بە جێنۆساید ناودەبردرێت. ڕاپۆرتەکانی لەناوبردنی خەڵک لە ماوەی چەند ڕۆژ لە مانگی بەفرانباردا و کوشتاری بە کۆمەڵ و زەبروزەنگی سیستیماتیک لە ئیلام، کرماشان، مەلکشایی ڕا هەتا تاران، مەشەد، ڕەشت، کەرەج، یەزد، ئەراک، لاهیجان، تەورێز، ئەردەبیل و زۆربەی شارەکانیتر، لە چرکەی یەکەمدا بەپێی کۆنوانسیۆنەکە ناچێتە خانەی لەناو بردنی گرووپێکی ئیتنیکی، دینی و ڕەگەزی. بەڵام بەڕای من ئامانجی دەسەڵاتی ئێران دەقادەق هەر کوشتاری خەڵک، بەئانقەست و بەمەبەستی لەناوبردنی گرووپێکی تایبەت بووە. ئەمە جیا لە ڕادەی بەرینی کوشتارەکە کە بەداخەوە لە پیناسەی کۆنوانسیۆنەکەدا بەقەد خودی مەبەستەکە گرینگ نییە و ئینسان لەو پێناسەیەدا تەنیا دەبێتە ژمارە. بۆ زیاتر کردنەوەی باسەکە چەند نموونەی ئەم جۆرە کوشتارە لە چەندین شوێنی دنیادا کە لە مێژوودا ڕوویان داوە دێنمە بەرباس، ئەو نموونانەی کە خودی ئێمە وەبیرمانە و زۆر دوور ناڕۆین:
– کوشتاری خەڵکی گواتمالا لەنێوان ساڵانی ١٩٨٠ هەتا ١٩٩٠ لە شەڕی ناوخۆییدا کە دەوڵەت کوشتاری بە کۆمەڵ و تێرۆری دژی خەڵکی “مایا”ی ئەنجام دا و زۆر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی وەک جێنۆساید یا کوشتاری بە کۆمەڵ دەیناسێنن، کە ئەوەیش پەیوەندی هەیە بە مەبەستی کوشتارەکە.[3]
– لە مانگی ئاپریلی ١٩٩٤ هەتا جولای ١٩٩٤ شەڕێکی خوێناوی لە نێوان زۆرینەی خەڵکی “هوتی” و کەمینەی “توتی” ڕووی دا کە لەو شەڕەدا زۆربەی توتییەکان کوژران و بە “جێنۆسایدی توتی”یەکان لە قەڵەم دەدرێ. هوتییەکان کە دەسەڵاتیان هەبوو جیرانەکانی خۆیان کوشت. تەنانەت دایکوباب ناچار دەبوون منداڵی خۆیان بکوژن ئەگەر دایک یا بابی منداڵەکە توتی بایە.[4]
– لە شەڕی یوگوسڵاوی لەنیوان ساڵانی ١٩٩٢ هەتا ١٩٩٥ دا بۆسنیسەربەکان بە یارمەتیی سەربەکان هەوڵیان دا کە پێشی سەربەخۆیی بۆسنی هێرسێگۆوین بگرن و دەستیان بە جێنۆسایدی خەڵک لە “ساراێۆ” و “سرێبرێنجا” کرد کە سەدهەزار ئینسان کوژرا و دوو میلیۆن ئاوارە بوون. سەرئەنجام بە دەستێوەردانی ناتۆ دوو وڵاتی جیاوازی بۆسنی و هێرسێگۆوین دامەزران.[5]
– کوشتاری خەڵکی کورد لە خەزەڵوەری ١٣٩٨ و لە شۆڕشی ژینادا لە پاییزی ١٤٠١.
لە هەمووی ئەو کوشتارانەدا دەوڵەتەکان زەبروزەنگی بەرینیان دژی شارومەندانی خۆیان بەکارهێناوە. بەڵام لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا ئەو زەبروزەنگ و کوشتارەی کە دەوڵەتی ئیران دژی خەڵک لە بەفرانباری ئەمساڵدا بەکاری هێنا دەکەوێتە کام قاڵب: کوشتاری خەڵک/جێنۆساید یا کوشتاری بە کۆمەڵ؟ ئەوەی کە لێرەدا بۆ من گرینگە گرینگە خودی هێنانە گۆڕی سووچەنیگای جیاوازە بۆ باسەکە. من یاساناس نیم و ناتوانم بڕیارێکی لەم چەشنە بدەم بەڵام وەک تاکێک دەتوانم ڕوانگەی جیاواز بخەمە ڕوو.
دەسەڵاتی حاکمی ئێران “ڕژێمی ئیدیۆلۆژیکی دینی”، دەوڵەتی شیعەی ١٢ ئیمامی و دەوڵەتی باوەڕ بە “مەهدی”یە. ئەم ڕژیمە هەر جۆرە ئیدیۆلۆژییەکیتری جگە لەخۆی قەبووڵ نییە و ئامادیە دەست بۆ “جهاد” و “ارشاد” ببات، هەر ئەو جۆرەی کە لە ماوەی ٤٦ ساڵ دا باوەڕی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە.
ئەو ڕژیمە لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە هەموو ئیدە و باوەڕەکانیتری دژی ئیدیۆلۆژیی خۆی چاولێکردووە و بەمجۆرە هەم لەباری یاسایی و هەم لەباری ئەخلاقییەوە دەکرێ هەر جۆرە کوشتارێک بکەوێتە خانەی ئەو گرووپانەی کە دەبێ پارێزگارییان لێ بکرێ و کوشتنیان دەچێتە کوشتار بە هۆی جیاوازیی نەتەوەیی، کەمینەیی، ڕەگەزی و دینی. لێرەدا خەڵک وەک دوژمنێکی ئیدیۆلۆژیک و دژە دین چاویان لێدەکرێ نەک وەک دژبەری سیاسی. زێدە بەوە، ڕژیم خۆپێشاندەران بە “سەهیۆنیزم”ەوە پەیوەند دەدا. لەم ٤٦ ساڵەدا دروشمی دەوڵەتی ئێرانی “مرگ بر اسرائیل” وەک مەرگ بۆ دین و نەتەوەی جوو بووە. کەوایە کوشتاری خۆپێشاندەران وەک کوشتنی بەشێک لە جوویەکانیش دەبینێ.
ڕژێمی ئێران ڕژێمێکی پیاوسالاری دژە ژنە و تەواوی پێکهاتە و یاساکانی ئەم ڕژیمە ژنیان وەک ڕەگەز پەڕاوێژ خستووە. لەڕاستیدا ڕژێمی ئێران ڕژیمێکی ئاپارتایدی جنسییە کە نیوەی کۆمەڵگای لە ژیانێکی ئازاد مەحرووم کردووە. ئەم زەبروزەنگە سیستیماتیکە دژی خۆپێشاندەران بەهەڵکەوت نییە بەتایبەت کە لە شۆڕشی ژینادا دروشمی “ژن ژیان ئازادی” درا و دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانی ئەو دروشمە ژنانەیە لە چوارچێوەی دژایەتیی ڕەگەزیی خۆیدا دەبینێ.
خاڵێکیتر ئەوەیە، ڕاستە جێنۆساید لە یاسای نێونەتەوەییدا پێناسەی خۆی هەیە بەڵام یاساکان لە مێژوودا دەگۆڕدرێن و ئەزموونەکانی مێژوویی جۆری نیگا بە کوشتارەکانیش دەگۆڕن. لێرەدا دەکرێ بە چاویلکەیەکی تازەوە چاو لەو کوشتارە بە کۆمەڵە بکرێ. ئەم کوشتارەی لە نەتەوەکان و گرووپەکانی جیاوازی ناو ئێران کراوە، بە هۆی ئیتنیک، دین، ئیدیۆلۆژی و جنسییەت بووە نەک تەنێ بەرهەڵستێکی سیاسیی دژی دەسەڵاتی حاکم. ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا دەبینین کە زۆر یاساناس هەر ئێستا ئەم کوشتارە بە جێنۆساید، هۆلۆکۆست و کوشتاری خەڵک ناوی دەبەن و هەوڵی ئەوە دەدەن کە بەڵگەکان کۆکرێنەوە تا بدرێنە دادگاکانی نیونەتەوەیی.
لێرەدا نیگای خودی ئێمەش کە ٤٦ ساڵە کەوتووینەتە بەر زەبروزەنگی فیزیکی و دەروونی و شاهیدی کوشتاری بێسنووری خەڵک بووین گرینگە. کوشتار بەدەست حاکمانی ئیسلامیی ئیرانی لە ڕۆژی یەکەمەوە سرشتی ئیدیۆلۆژیکی بۆ لەناو بردنی گرووپەکانیتر وەک کورد، بەهایی، چەپ، هاوڕەگەزخوازان، هتد بووە. چەند نموونە:
کوشتاری خەڵکی کورد لەدوای هاتنەسەرکاری حکومەتی ئیسلامی، قوتڵوعامی خەڵکی گوندەکانی قاڕنا و قەڵاتان، ئیندرقاش، ئێعدامی لاوانی مەهاباد، سنە، بانە، شەڕی سێ مانگە و فەرمانی “جهاد” کە خۆی بەتەنیایی دەتوانێ ببێتە سەنەدی جێنۆساید دژی نەتەوەیەکیتر
کوشتاری “مجاهدین خلق”، ساڵی ١٣٦٠
کوشتاری زیندانیانی سیاسی، ساڵی ١٣٦٧ کە بەڕەسمی باسی ئێعدامی ٢٠٠٠٠ کەسە بەڵام هێندێک پێێانوایە کە ئەم کارەساتە خەڵکێکی زۆر زیاتری کوشتار کرد
کوشتاری ١٣٩٦
کوشتاری خەزەڵوەر/ ئابانی ١٣٩٨
کوشتاری پاییزی ١٤٠١ شۆڕشی ژینا
کوشتاری بەفرانباری ١٤٠٤
خاڵێکیتر چەندایەتیی و چۆنایەتیی ئەم کوشتارەیە. تەوای بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەم کوشتارە لە هیچ کوشتارێکیتر ناچێ چ بۆ شێوەی بەکارهێنانی هەموو توانایی ڕژیم و چ لەباری چەندایەتییەوە. ئایا چەند کەس لەم کوشتارەدا، کە دەگوترێ زیاتر لە ٦٠٠٠٠ کەس، شەهید بوون گرینگە یا نا؟ بەڕای من گەرچی کوشتنی یەک تاقە ئینسانیش بە هەر شێوەیەک بێ هەر تاوانە و گرینگە، بەڵام هەمیسان باسکردن لە ئەم ڕادەیە لە کوشتن یەکجار گرینگە چونکە هەم خەڵکێکی یەکجار زۆر گیانیان لەدەست داوە، هەم ئەم ڕادەیە لە کوشتار ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەو تاوانبارانە ئامادەن بە میلیۆنان و تا بێسنوور ئینسان بکوژن. هەم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵات و هەم بۆ لە “ڕێشەدەرهێنان” و لاناوبردنی گرووپی جیاواز.
هاوکات دەسەڵاتدارانی ئێران لەباری ئیدیۆلۆژیکەوە وەک سێکتێک باوەڕیان بە “ظهور مهدی”یە. ئەوان پێیانوایە کە دنیا دەبێ پڕبێ لە خوێن و جرجاڵ تا مەهدی “ظهور” بکا. تێکەڵاویی ئەم باوەڕە هاوکات لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی تەواوی شاڕێیەکانی ئابووری و هێزی سەرکوت و سیستیمی نادادەکەیان، ئەو تواناییەی لە مافیای دەسەڵات و “سیکت خامنەای” و لایەنگران و کاربەدەستانی دا دروست کردووە کە بە میلیۆن ئینسانی خەباتکار، چالاکی ژنان، بیرمەند، قوتابی زانکۆکان، پزشک، هونەرمەند، وەرزشوان یا هەر کەسێک کە گومانی لێکرا، بکوژن. ئێنجا جێنۆساید تەنیا بە ڕێگای کوشتن نییە بەڵکوو هەموو شێوەکانیتر وەک برسی هێشتنەوە، ئێعدام، تەبعید کردن و هتد کە بۆ سڕێنەوەی خەڵک دەکرێ دەگرێتە خۆ. هەر ئەم شێوە لە کوشتارە خێمێرە سوورەکان لە ساڵانی ١٩٧٥ هەتا ١٩٧٩ بەسەرکردایەتیی پۆلپۆت کردیان و دواتر لە دادگاکانی نێونەتەوەییدا بە جێنۆساید ناسرا. خومێنی و خامنەای لە ٤٦ ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری سێدارە و مافیای ئیسلامیی ئێرانی دا دەبا چیتریان کردبا تا تاوانەکانیان بە جێنۆساید بناسرێ؟ گەرچی تاوانی کوشتاری بە کۆمەڵ و جێنۆساید جیاوازییەکی چەمکییە و وەک یەک ناڕەوان، و ژیان بۆ هەزاران هەزار ئینسان کە لەم ٤٦ ساڵەدا بوونە قوربانیی ئەم دەسەڵاتە نەحسە، ناگەڕێنێتەوە.
[1] Genocide Convention – Wikipedia
[2] Mänskliga rättigheter – Amnesty Sverige
[3] https://en.wikipedia.org/wiki/Guatemalan_genocide?utm_source=chatgpt.com
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ی کوردی
دەباغی، شەهلا(٢٠٢٦): کوشتاری خەڵک لە ٤٦ ساڵدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
نیگای شۆڕشگێڕ
نیگای شۆڕشگێڕ دانا حەمید نیگای شۆڕشگێڕ لە قووڵایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەرەنگاریی تەنیا کاردانەوەیەکی سیاسیی کاتی نییە بەرانبەر بە ستەمێکی دیاریکراو، بەڵکو کردەیەکی وجودیی بەردەوامە بۆ سەلماندنی «بوون» لە بەرانبەر ستراتیژییەتێکی [...]
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]
ئێران، بەربەستی ترس
ئێران، بەربەستی ترس هێلینا باوەرنفایند نووسراوەی خاتوو هێلینا باوەرنفایند شیکارییەکی قووڵ و ڕیالیستانە بۆ دۆخی ئێران پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ڕوانگەی "زانستی سیاسی" و "مێژووی شۆڕشەکانەوە" سەیری بابەتەکە دەکات. ئێران، بەربەستی [...]
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت ئاراکۆ هەڵوێست دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند [...]
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن دڵشاد عەنایەتی لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی گەورەدایە. [...]
سنوورەکانی زمان
سنوورەکانی زمان دانا حەمید سنوورەکانی زمان پرسیاری «بۆچی مرۆڤ دەست بە ناونانەوەی جیهان ناکات؟» لە ڕواڵەتە سادەکەیدا، یەکێک لە بنەڕەتیترین گرێکوێرە فیکرییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە تەنها پەیوەست نییە بە [...]







