نووسەر: سوداد ڕەسوول، مامۆستای زانکۆ و لێکۆڵەر

لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند نووسەرێکی کورد کەوتووونەتە ساغکردنەوەی زمانی سومەری و پەیوەندی بە زمانی ئەمڕۆی کوردییەوە، ساغکردنەوەکان و شیکردنەوەکان ئەوەندە سەرەتایی و سادەن، ئەوەی زانستی زمان، مێژوو و میتۆدی زانستی بێت تێیدا نییە. هەر بابەتێکی زانستی، ئەگەر کەسێکی ناپسپۆڕ قسەی لەسەر کرد دەبێ چۆن قسەی لەسەر بکات، هەر چۆن لێی بکۆڵێتەوە وەک کەسێک نابێ کە هەموو ژیانی خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لەم بوارەدا. بۆ نموونە لە زانکۆکانی ئەوروپا بەشی تایبەت هەیە بە زمانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا، وەک ئاشووری، سومەری، ئەکەدی، ئارامی، .. کاتێک پسپۆڕێک لەسەر یەکێک لەم زمانانە قسە دەکات، کەسێکە بەکالۆریۆسی لە مێژووە، ماستەر و دکتۆرای لە مێژووی کۆنە، تێزی دکتۆراکەی لێکۆڵینەوەیە لەسەر لایەنیکی زمانەوانیی یەکێک لەم زمانە کۆنانە، ئەوجا بە ترسەوە قسەی لەسەر دەکات و ڕای خۆی دەدات، دەستەواژەکانی وەک: پێم وایە، وای بۆ دەچم، بە ئیحتیمالی زۆر، لەوانەیە، .. بەکار دێنێت، چونکە لە بابەتی مێژوو نابێ بەشێوەی بنبڕ و یەکلاکەرەوە حوکم بدەی و بڵێی پاشماوەی ئەم زمانە کۆنە ئەمڕۆ ئەم زمانەیە. پەیوەندیی نێوان ئەم زمانانە کارێکی یەکجار ئاڵۆز و دژوارە، هەتا وشەیەک ساغ بکەیەوە دەبێ ئەم هەموو هەزار ساڵە گۆڕانی زمان ڕەچاو بکەی. ئەم بوارە لە زانست پێی دەگوترێ زمانەوانیی مێژوویی historical linguistics دەبێ ئەو کەسە تەواو بە سیستەمی دەنگسازی و ڕێزمان و وشەسازیی ئەو زمانە کۆنە شارەزا بێت، کاتێک ئەو زمانە کۆنە لەگەڵ زمانێکی ئەمڕۆ بەراورد دەکات، دەبێ تەواو لە گۆڕانە دەنگییەکانی ئەم هەموو هەزار ساڵە  ئاگادار  بێت کە ئەم زمانە نوێیە پێیدا تێپەڕیوە، ئەوجا ئەگەر بتوانێ چەند وشەیەک ساغ بکاتەوە. بۆ نموونە زمانێکی وەک سومەری کە پێنج هەزار ساڵ تەمەنیەتی ئەوەندە کۆنە، لە هەموو مەڵبەندە ئەکادیمییەکانی زمانە کۆنەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە خێزانە زمانەکەی دەستنیشان بکەن، بۆ نموونە ئەکەدی و بابلی و فینیقی و کەنعانی و ئارامی، ساغ کراونەتەوە سەر بە خێزانە زمانە سامییەکانن، ئاڤێستا و فارسیی کۆن و پەهلەوی سەر بە خێزانە زمانە هیند و ئەوروپییەکانن، کە لەناو ئەم خێزانەش سەر بە کۆمەڵە زمانە ئێرانییە کۆنەکانە، کە زمانی مردوون و ئەمڕۆ کەس قسەی پێ ناکات، بەڵام سومەری تا ئێستا دوای ئەم هەموو ساڵە لێکۆڵینەوە هێشتا بۆیان ساغ نەبووەتەوە کە سەر بە چ خێزانە زمانێکە، کەچی کوردێک کە پسپۆڕی لە زمانی سومەری نییە و هیچ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لە زمانە کۆنەکانیش نەکردووە، هاتووە بە بەراوردێكی سەرپێی چەند وشەیەکی کۆنی سومەری لەگەڵ ئەمڕۆی کوردی دەکات و دەڵێ زمانی سومەری کوردییە و سومەرەکانیش کوردن!. یەکێک لەم نووسەرە کوردانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێن و پێکەنیناوی ئەسڵی ناوی “سومەر” مان بۆ ساغ دەکاتەوە دەڵێ: ئەم ناوە لە دوو وشەی کوردی سۆ+ مەر پێک هاتووە: سۆ لە سۆری کوردییەوە هاتووە و مەر – یش لە مەردومی فارسی، پێکەوە واتە میللەتی سۆر! بەڕاستی ئەم جۆرە لێکدانەوەیە بۆ ناوی سومەری جێگەی پێکەنین و بەزەیی پێداهاتنەوەشە. ئەو وشە سومەرییانەش کە لەگەڵ کوردی بەراوردی دەکەن هەر لەم جۆرە شیکردنەوانەیە، هیچ شیکردنەوەیەکی زمانەوانیی مێژوویی تێدا نییە،  هەر بۆخۆی لێی تێ دەگا و قەناعەت بە خۆی دێنی کە ئەمە کوردییە. ئەم نووسەر و توێژەرە کوردانە بەم جۆرە لێکدانەوەیە سادەیە بۆ ناوی گەلانی کۆن و زمانەکانیان، ئەوەندە شارەزان دەتوانن کۆدی هەموو زمانە کۆنەکان بکەنەوە، هەمووشی ئەسڵی دەگەڕێننەوە بۆ زمانی کوردی و بۆ کورد. بەڕاستی ئەمە گاڵتەجاڕییە بە زانستی مێژوو، نابێ ڕێگە بدرێ ئەم مێژووە کۆنە ئەوەندە سووک بکرێ.

کوردناسی ئینگلیز درایڤه‌ر Driver له‌ توێژینەوەیەکی لەبارەی ئەسڵی ناوی کورد کە له‌ ساڵی 1922 بڵاو کراوه‌ته‌وه. بۆ ساغکردنەوەی ناوی کورد ئەوەندە بەوردی بە سەرچاوەکاندا هاتووە لە ناوی کارداکا Kardaka دەستی پێ کردووە کە سومەرییەکان بە گوتییەکانیان گوتووە، دواتر هەموو ناوەکانی دی کە لای ئاشووری و یۆنانی و ئارامی هاتووە ئاماژەی پێ داوە، لای ئاشوورییەکان ناوەکانی: کورتی، گورتوو و قورتی، لای یۆنانییەکان: کوردوئین و کاردۆخی، لای ئارامییەکان: کاردۆ و کەردۆ، ئەوجا لە کۆتایی پێی وایە دەرکەوتنی ناوی کورد لە مێژوودا گۆڕانی دەنگیی کارداکای سومەرییە دواتر لای گەلانی دی بە شێوەی جیاواز گۆ کراوە تا گەیشتووە بە سەردەمی ئیسلام و بووە بە کورد و الأکراد، بەم هەموو وردەکارییەوە ناوەکەی شی کردووەتەوە، هێشتا تەواو دڵنیا نییە، پێی وایە ئەمە تەنیا بۆچوونە. لێکۆڵینەوە لە مێژووی کۆن و ساغکردنەوەی وشەی زمانەکان دەبێ بەم شێوەیە ساغ بکرێتەوە.

هەموو کوردێک پێی خۆشە ڕەگوڕیشەی مێژووی کورد و زمانەکەی لە مێژووی کۆن بدۆزرێتەوە، بەڵام نەک بەم گاڵتەجاڕییە. بە میتۆدیكی زانستی و لەلایەن توێژەری شارەزا و پسپۆر بە زمانە کۆنەکان، بەراوردێكی زمانەوانییانەی بۆ بکرێ نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی سومەری بکرێ بە کورد.

 ئەوانەی هەوڵ دەدەن سومەری بکەن بە کورد، هیچ بنەما و ئامانجێکی زانستییان نییە، هەستی نەتەوەیی پاڵیان پێوە دەنێ بەم جۆرە وشەکان لێک بدەنەوە، بۆ ئەوەی بە هەر نرخێک بێت زمانی سومەری بە کوردییەوە گرێ بدەن. ئەم خوێندنەوە ناسیۆنالیستییە بۆ مێژووی کۆن زۆر هەڵەیە، هەڵەیەکی میتۆدییە، نابێ کەسی ئەکادیمی بکەوێتە بەر شەپۆلی هەست و سۆزی نەتەوەیی و پێی وابێ ئیدی ئەسڵی کورد لە مێژوو دۆزرایەوە و سومەرییە یان هەر شوێنەوارێک لە کوردستان دۆزرایەوە هەر چەند کۆن بێ، بێ لێکۆڵینەوە یەکسەر مۆری کوردبوونی لێ بدرێ.

لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم عەرەب، تورک و فارسیش ئەم جۆرە خوێندنەوانەیان بۆ مێژووی کۆن کرددووە و سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەمە بەشێک بوو لە پڕۆژەی دەوڵەت – نەتەوە کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکەیان شەرعیەتیان بە ڕەسانەیەتیی خۆیان لەسەر ئەم خاکە دەدا، بۆ ئەوەی نیشان بدەن ئەوان هەر لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەسەر ئەم خاکە نیشتەجێن و هەر ئەوانیش دەبێ حوکمی ئەم وڵاتە بکەن، کەسی دی بۆی نییە خۆی بە خاوەنی بزانێ. ئەگەر کتێبە مێژووییەکانی سەردەمی بەعسی عەرەبی لە عێراق و سووریا بخوێنییەوە، هەرچی ئەقوامی سامی هەیە کە ڕووی لە میزۆپۆتامیا کردووە وەک بابلی، ئەکەدی، ئاشووری، ئارامی، فینیقی، کەنعانی، .. هەموویان بە ئەقوامی عەرەبی ناو بردووە، ئەمە لەکاتێکدا ئەوانە نە عەرەب بوون و نە زمانەکەشیان عەرەبی بووە، بەڵام ئەوەندە هەیە زمانەکەیان هاوڕیشەیە لەگەڵ زمانی عەرەبی، وەک هاوڕیشەی زمانی کوردی و فارسی لەگەڵ زمانی پەهلەوی و ئاڤێستایی. تورکەکانیش لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا، لە سییەکانی سەدەی بیستەم هەر بۆ ئەوەی مێژوویەکی کۆن بۆ نەتەوەی تورک لەسەر خاکی ئەنادۆڵ دروست بکەن، دەستیان بە هەمان پرۆژەی مێژووسازی و نەتەوەسازی کرد، هەرچی ئەقوامی کۆنی نیشتەجیی خاکی ئەنادۆڵ بوو وەک هووری و هیتییەکان، تەنانەت سومەرییەکانیشیان بە تورک دادەنا، ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە ڕەچەڵەکی تورک و زمانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سومەرییەکان، تورک گەلێکی زۆر کۆنن لەسەر ئەم خاکە و زمانی تورکیش کۆنترین زمانی دنیایە و هەموو زمانەکانیش هەر لە زمانی تورکییەوە پەیدا بوون، بۆ ئەمەش ئەتاتورک لە سییەکانی سەدەی بیستەم تیۆرێکی بۆ زمانی تورکی داهێنا بە ناوی “تیۆریی زمانی خۆر” کە گوایە زمانی تورکی وەک خۆر وایە و زمانەکانی دی هەموو لەم زمانە خۆرەوە تیشکیان داوەتەوە و پەیدا بوون. دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانیش هەمان پڕۆژە و بەرنامەی بۆ نەتەوەی فارس و ئێرانی هەبووە، لە عەرەب و تورک زیاتر هەموو شتێکیان بە ئێرانی کرد، هەرچی مێژووی کۆن هەیە لەسەر خاکی ئێران هەموویان کرد بە ئێرانی و موڵکی فارس، تەنانەت بە کورد دەڵێن کۆنترین گەلی بە ئەسڵ ئێرانی و ئاریایی، بۆ ئەوەی بڵێن کورد ئێرانییە و زمانەکەشی سەر بە زمانێکی ئێرانییە و لەهجەیەکی فارسییە، لەهجەش تەنیا بۆ ئاخاوتنە و بۆ نووسین و خوێندن نییە، کوردیش نەتەوە نییە، کوردستانیش هەر وڵاتی ئێرانە بۆیە مافی جودابوونەوەی لە ئێران نییە.  کاتێک بە چاوێکی ئەکادیمی سەیری ئەم پڕۆژە دەوڵەت – نەتەوانە دەکرێ، مرۆڤ پێکەنینی پێیان دێ، هەر بۆ ئەوەی ڕەچەڵەكێکی کۆن بۆخۆیان دروست بکەن، ئەم هەموو تەزویرەیان لە مێژوودا کرد، کە ئێستا ڕۆشنبیرەکانی خۆیان گاڵتە بەم هەموو مێژووە ساختانە دەکەن و ڕەخنەی لێ دەگرن کە ئەمانە هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە، بە ئامانجی سیاسی بووە، پڕۆژەی نەتەوەسازی و دەوڵەت- نەتەوە بووە!.

 ئەمڕۆ وەک دیارە کوردیش دەیەوێ هەمان پڕۆژەی نەتەوەسازیی ئەم دەوڵەت – نەتەوانە بۆ خۆی دووبارە بکاتەوە، هەوڵ دەدات مێژوویەکی کۆن بۆخۆی دروست بکات لەسەر وەهم و ئەفسانە و دوور لە هەموو بنەما زانستییەکانی مێژووی کۆن، دەیەوێ هەرچی قەومی ناسامی هەیە لە میزۆپۆتامیای کۆن وەک سومەری و گوتی، لولو، کاشی، میتانی، هووری، هیتی،.. هەمووی بکات بە کورد، تەنانەت مرۆڤی نیاندەرتاڵی ئەشکەوتی شانەدەریش کە ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستایە دەیکات بە کورد، کە ئەمە بەڕاستی گاڵتەجاڕییە، چونکە مرۆڤی نیاندەرتاڵ، لە چاخی بەردین ژیاوە، نەتەوەی نەبووە، هەروەها زمانیشی دیار نییە چی بووە، کەواتە ئەمە چی کوردییە؟

شوێنەواری ئەشکەوتی شانەدەر و دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی کۆن لەم ئەشکەوتەی کوردستان، مێژوویەکی گرنگە بۆ مێژووی کوردستان، کە ئەم خاکە هەر لە کۆنەوە مرۆڤی لێ ژیاوە و لانکەی مرۆڤایەتی بووە، ئەم دۆزینەوەیە شانازییە بۆ ئەم وڵاتە و ئەو خەڵکەی لەم وڵاتە دەژین. بوونی ئەم هەموو گەلە کۆنە بە زمانی جیاواز لەسەر خاکی کوردستان، دووبارە دەوڵەمەندیی مێژووی ئەم خاکە نیشان دەدات، کورد کە ئەمڕۆ نیشتەجێی ئەم خاکەیە وەک نەتەوە، ئیحتیمالی هەیە لە نەوەی یەکێک لەم گەلە کۆنانە بێت و زمانەکەشی بگەڕێتەوە بۆ یەکێک لەم زمانە کۆنانە. ئەگەر بەم شێوەیە لەم مێژووە کۆنە بخوێنینەوە، بۆ مێژووی کۆنی کورد زیاتر سوودی دەبێت و لە دنیای ئەکادیمیش بەڕێزەوە لێمانی قبوڵ دەکەن.

بێگومان کورد پەیوەندیی لەگەڵ گەلە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا هەیە، ئەمەش ئاساییە چونکە کورد لەمێژە نیشتەجێی ئەم خاکەیە، ئەگەر پەیوەندیی زمانی و فەرهەنگی هەبێت، ئەمانە دەبێ کەسێکی پسپۆڕی شارەزا بە زمانە کۆنەکان و بە میتۆدی زانستیی مێژووی کۆن لێی بکۆڵێتەوە و ساغی بکاتەوە، ئەمە کاری خەڵکێکی ناپسپۆڕ نییە، هەر کەسێک دوو کتێبی مێژووی کۆن بخوێنێتەوە و بانگەشەی ئەوە بکات ئەسڵ و ڕەچەڵەکی کورد و زمانەکەیم دۆزییەوە. بەتایبەت کۆنترین گەلی میزۆپۆتامیا کە سومەرییەکانن و بنیاتنەری یەکەم شارستانیەتن لە مێژووی مرۆڤایەتی، و داهێنەری یەکەم خەتن بۆ نووسین لە مێژوودا، گرێدانی کورد بەم گەلە کۆنە و بەم میتۆدە نازانستییە، تەنیا مێژووی خۆمان ناشیرین دەکەین و لە ناوەندە ئەکادیمییەکانیش دەبین بە گاڵتەجاڕ و جێگەی پێکەنین و نوکتەمان لەسەر دەکەن.

لۆگۆی ناوەند

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە