گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا
پێشەوا عەلیپوور
گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا
پاش تێپەڕینی ۷ ڕۆژ بەسەر دەستپێکی گۆڕانکارییە سەربازییەکان و شڵەژانی ناوخۆیی ڕێژیم، مەسعوود پزیشکیان لە پەیامێکی ڤیدیۆیی کتوپڕدا، ڕووی گوتارەکەی ئاراستەی حیزبە کوردستانییەکان و وڵاتانی دراوسێ کرد. ئەم پەیامە کە لەژێر گوشاری قەیراندا دەرچوو، هێشتا مەرەکەبەکەی وشک نەببووەوە کە لە لایەن “مۆحسینی ئێژەیی” و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانەوە ڕەخنەی لێ گیرا و بەشێکی ڕەت کرایەوە. ئەوەی لەم نێوەندەدا جێی تێڕامانی سیاسییە، گۆڕینی کتوپڕی تۆنی ئاخاوتنی سەرۆککۆمار بوو؛ ئەو بەبێ بەکارهێنانی چەمکە باوەکانی وەک “جیاخوازی”، بە زمانێکی نەرم و لێپاڕانەوە داوای چارەسەری کێشەکانی دەکرد. هاوکات “لاریجانی”یش، بە “ناوخۆیی” ناساندنی پرسی کورد، هەوڵی دا لە زبریی گوتاری چەند دەیەی ڕابردووی ناوەند کەم بکاتەوە.
بەرپەرچدانەوەی ئەم گوتارە پێویستی بە وردبوونەوە لە مێژوو هەیە؛ دەبێ بە ڕاشکاوی بە کاربەدەستانی تاران بگوترێ: “ئەم خەنەیە ڕەنگی نەماوە”. ئەم گۆڕانکارییە لە ئاستی سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا، لە کاتێکدا وڵات لە شەڕێکی پڕتێچوودا چەقیوە و ڕێبەرانی پلە یەکی تێرۆر کراون، بە هیچ شێوەیەک “وەرچەرخانێکی ستراتیژی” نییە، بەڵکوو تەنیا “تاکتیکی مانەوە”یە لە لێواری ڕووخانی ڕێژیمدا، کە دەکرێ لەم چەند خاڵەدا کورتی بکەینەوە:
١. پارادۆکسی یەکڕیزی و پێکهاتەی دەسەڵات:
ئەو کاربەدەستانەی لە کاتی قەیراندا پەنا بۆ چەمکی “یەکڕیزی” دەبەن، دەبێ بزانن یەکگرتوویی بە “زمانبازی” و کایەکردن بە وشە نایەتە دی، بەڵکوو پێویستی بە “ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا” هەیە. ئەزموونی ٤٧ ساڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەلماندوویەتی کە تاران تەنیا کاتێک دەست بۆ “دیالۆگ” درێژ دەکات کە پێگەی لەرزۆک بێت؛ هەر کە جێی پێی قایم بووەوە، وەڵامی داخوازییەکانی کوردی بە سیاسەتی سەرکوت و “فتوای جیهاد” داوەتەوە. ئەمە “سندرۆمی ناوەندگەراییە” کە پێی وایە دەسەڵات تەنیا موڵکی نەتەوەی باڵادەستە و پێویستە نەتەوەکانی دیکە لە ناو “ئێرانیزم”ێکی سەپێنراودا بتوێنەوە. یەکێتیی ڕاستەقینە تەنیا بە گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، کشانەوەی سوپای داگیرکەر لە کوردستان و بەڕەسمی ناسینی مافی ئیدارەدانی نەتەوەکان لەسەر خاکی خۆیان دەست پێ دەکات.
٢. دابەزاندنی مافە نەتەوەییەکان بۆ “گازندە”:
حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاران، سەد ساڵە بە سیستماتیک و شێوازێکی ڕێکخراو، خەریکی چەوساندنەوەی نەتەوەی کوردن. ڕێبەرانی ئێمەیان لەسەر مێزی دانوستان تێرۆر کرد و بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر خاکی کوردستان، کەچی ئێستا پزیشکیان زۆر نابەرپرسانە و چەواشەکارانە، ئەم مێژووە پڕ لە خوێنە بە “گلەیی” ناو لێ دەبات! دابەزاندنی پرسی نەتەوەیەک بۆ ئاستی “ناکۆکیی ناوخۆیی”، نیشانەی تێنەگەیشتنە لە قووڵیی قەیرانی “ناسنامە” و پرسی نەتەوایەتی لە ئێراندا. ئەوەی لەم نیو سەدەیەدا ڕووی داوە “کێشەیەکی سادە” نییە، بەڵکوو “ژینۆسایدێکی سیستماتیک و سیاسی”یە. بانگهێشتکردن بۆ ئاشتی بەبێ قبووڵکردنی بەرپرسیارێتیی ئەم تاوانانە، ڕیتۆریکێکی سیاسییە و هیچ ئیعتبارێکی یاسایی نییە.
٣. مێژووی خیانەت لە دانوستان:
پزیشکیان وا دەزانێت نەتەوەی کورد مێژووی خۆی لەبیر کردووە. مێزی دانوستانی تاران بۆ کورد هەمیشە بۆسە و تەڵەی تێرۆر بووە. ساڵی ١٩٨٩ لە ڤییەن، کۆماری ئیسلامی، تێرۆریستی ناردە سەر مێزی دانوستان و دکتۆر قاسملووی شەهید کرد. لە سیستمێکدا کە تێرۆر و دیپلۆماسی دوو ڕووی یەک دراون، دانوستان بێمانایە. هەر جۆرە گفتوگۆیەک بێ “گەرانتیی نێودەوڵەتی” و بێ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە یاسای بنەڕەتیدا، تەنیا کات کوشتنە بۆ ڕێژیم.
٤. ڕەسەنایەتیی بزووتنەوە و مۆدێلی دەرەکی:
تۆمەتبارکردنی بزووتنەوەی کورد بە “پاشکۆیەتیی بێگانە” و دەرەکی، بێڕێزییەکی گەورەیە بە تێگەیشتنی سیاسیی نەتەوەیەک کە پێش دروستبوونی ئەم ڕێژیمانەش خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژ بووە لە خەبات بۆ ناسنامە و مەفەکانی. ئەگەر حیزبە کوردییەکان سوود لە درزە نێودەوڵەتییەکان دەبینن، ئەوە نیشانەی لێهاتوویی سیاسیی ئەوان و “بنبەستی ستراتیژیی تاران”ە. داگیرکەرێک کە مافی خوێندن بە زمانی دایکیی پێشێل دەکات، ڕەوایی ئەوەی نییە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی بە وڵاتانەوە بلکێنێت.
ئەنجام:
ئاغای پزیشکیان، سەروەریی وڵات بە “پاڕانەوەی کاتی تەنگانە” نایەتە دی. تا ئەو کاتەی “ڕوانگەی ئەمنی” جێگەی خۆی بۆ “ڕوانگەی مافتەوەر” و دانپێدانانی پرسی نەتەوایەتیی لە جوغرافیای سیاسی ئێران چۆڵ نەکات، ئەم پەیامانە تەنیا “کەپەنکی دوای باران”ن. دیواری متمانە لە نێوان کوردستان و تاراندا ئەوەندە بەرز بووەتەوە کە ئیتر بە “زمانبازی” و تەقییە نانووسرێتەوە. مۆسکۆ نیوەی ڕێگاتان بێت.
بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ١٨ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی
عەلیپوور، پێشەوا(٢٠٢٦): گوتاری تاران، لە نێوان شۆکی شەڕ و تاکتیکی مانەوەدا. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات!
دفاع از سپاه پاسدارن به عنوان ابزار مجازات! هیوا تاسه، عضو هیات تحریریه نشریه تیشک مرگ طاهر خلیلی هنرمند شناخته شده کورد موجی موجی از ناراحتی و اندوه را در جامعه کوردستان به همراه [...]
ئەوێستا، ماندانا و تێگەیشتن
نووسین: برایم فەڕشی “ئەز ژیانم”، ” هەر ژنێک سیاسی نەبێ، دەحەلێ!” ئەوە وتەکانی ئەوێستایە، سەماکەر، شانۆگێڕ، شەڕوان. ئەو ماندانا، پرسۆناژی شانۆکەی من نییە، کە بە دەستی هاوسەرە نووسەر و ڕۆشنبیرەکەی کوژرا، ئەو خۆی [...]
برابری، تفاوت و امکان همزیستی مسالمت آمیز
نویسنده: دیاکو مرادی مسائل جامعەی جهانی بطور مستقیم یا غیر مستقیم بر تمام جنبەهای زندگی خصوصی و عمومی ما سایە افکندە است و "ما" نیز بە بخشی از مسائل جامعەی جهانی بدل شدە و میشویم. [...]
سێگۆشەی بەهێز لە داڤۆس: ئەستێرە ڕێنماییەکانی داهاتوو
حەسەن قارەمانی نووسەر و چالاکی سیاسی پێشەکی: داڤۆس، شارۆچکەیەکی شاخاوی لە سویسرا، ساڵانە لە بۆنەیەکی میوانداریدا، کاریگەرترین بڕیاردەران و سەرکردەکان و بەڕێوەبەرانی بازرگانیی جیهان کۆدەکاتەوە. لێرەدایە، لەم شوێنە بەرزاییەدا، سێگۆشەیەکی بەهێز دەست دەکات بە [...]
تولید تقابل سیر طبقاتی ملت شهرها، در وهم تجزیه طلبی
نویسنده: بهار حسینی، عضو تحریریه بلاگ ژیانەوە از رواج افتادن اسطورههای کلگرا و ارگانیکی قدیمی، راه را بر مناسبات اجتماعی و سیاسی تازه گشوده است. در دنیای حالای ما، قدرت انضباطی پیوسته در حال جابهجایی [...]
ئێران و ئۆختاپووس و سنوورەکانی هێز
نووسەر: عەبدورەحمان ئەڕاشد و:هێرش پاڵانی راوەدوونانی بەربڵاوی فەرماندەرانی سپای پاسداران و ڵانەورێز کردنیان لە لایەن ئیسڕائیل و ئەمریکاوە لە سووریا و لوبنان، کە تۆڕێکی بەرفراوانی پراکسیەکانی ئێران تێیدا وەک قۆڵەکانی ئۆختاپووس لە پەلهاویشتندان و [...]







