داود عوسمانزادە

لێکۆڵەری کۆمەڵناسیی سیاسی و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تیشک

لەگەڵ شۆڕشی ١٩٧٩ لە جوگرافییای سیاسیی ئێران و هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرەکیترین دروشمەکانی ئەو ڕژێمە لەناوبردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل و “سڕینەوەی ئەم وڵاتە لەسەر گۆی زەوی” بووە. ڕژێم بۆ ئەم مەبەستە بودجەیەکی زۆری تەرخان کردووە و لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گرافیتیی گەورەشارەکانڕا تا بۆنە ئایینی و حکومییەکان ئەم بانگەشەیەی کردووەتە وێردی سەر زمانی. گەرچی ئەنتی سێمەتیزم زۆر پێش دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە جوگرافییای سیاسیی ئێران هەبووە و دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانی ئیمکانی گوتاری و دامەزراوەیی بۆ پەرەپێدان بە ئەنتی سێمەتیزمی ئێرانی دابین کردووە، بەڵام ئەو باسە و ئەوەی کە تا چەند دروشمی “لەناوبردنی ئیسرائیل” لەناو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پلانێکی کردەکییە، باسی ئەو نووسینە نین. لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدەم هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل وەک خوازەیەک بۆ باسکردن لە ئەفسانەیەکی مۆدێرنی ناسیۆنالیسم و ڕەگەزپەرەستیی ئێرانی بەکار بهێنم.

شەوی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی ڕازیکردنی ڕای گشتیی ناوخۆیی، ڕەواندنەوەی ڕەخنە و گلەیی‌یەکانی هێزە تیرۆریستییە داردەستە ناوچەیی‌یەکانی لە بەشدارینەکردنی ڕاستەوخۆ لە شەڕی ئیسڕائیل، و پێشاندانی توانای تەکنۆلۆژیای سەربازیی خۆی بە وڵاتانی ناوچە و بەتایبەتی ئیسڕائیل هێرشی کردە سەر ئەم وڵاتە. ئەوەی لەم هێرشەدا دەرکەوت، زیاتر لەوەی وڵاتانی ناوچە و جیهان سەرسام بکات، ئاشکرابوونی زیاتری لاوازییە سەربازی و تەکنۆلۆژییەکانی ئێران بوو، تا ئەو جێگایەی وردەکارییەکانی هێرشەکە بوونە سەرچاوەی گاڵتە و تەنزێکی زۆر لەسەر تۆڕە کۆمەلایەتییەکان. ئەگەرچی ڕەنگە ڕوانگەیەک هەبێت، پێی وابێت ئەم هێرشەی شەوی ڕابردوو تەنیا پێگەیەکی سیمبولیکی بۆ ئامانجە باسکراوەکانی سەرەوە هەبووە و هێرشێکی سنووردار بوو کە تێیدا ڕژێم هەموو تەکنۆلۆژییە سەربازییەکانی خۆی بەکار نەهێنا، بەڵام دیوێکی دیکەی ڕاستییەکە ئەوەیە ڕژێم بۆ پێشاندانی هێزیش بێت هەوڵی دا پێشکەوتووترین توانا سەربازییەکانی خۆی پێشان بدات. نزیکترین گریمانە لەم بارەوە دەتوانێ ئەوە بێت کە ڕژێم تاڕادەیەکی زۆر لەوە زیاتر چی دی لەباراندا نییە.

 بەسەرهاتی ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامی زۆر لە ئەفسانەیەکی مۆدێرنی ئێرانی، واتە چیرۆکی شارستانییەتی ٢٥٠٠ ساڵەی – ساڵەکان زۆرجار دەگۆڕێن و تا ٥٠٠٠ ساڵ و بگرە زیاتریش دەچن – ئێران دەچێت. لە ئەفسانەی یەکەم جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی کوروشەوە تا ئۆستوورەی ئاریایی و ڕەگەزی هەڵبژێرداوی و ‘ئاریامێهر’، و هەتا وتەی ڕەگەزپەرەستانەی “هونەر هەر بەتەنیا لەلای ئێرانییەکانە”. بەڵام خاڵی وێکچوونەکە چییە؟ خاڵی وێکچوونەکە ژاوەژاو و هاتوهاوارێکی بۆش و دوور لە ڕاستییە. هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسڕائیل سەلماندی کە ئێران لە هیچ کوێی تەکنۆلۆژیای سەربازیی جیهاندا نییە. توانا سەربازییەکانی ئێران هەر ئەوەندەن لە ڕێگەیانەوە بەرەوڕووی هەندێک وڵاتی لاوازی وەک ئەفغانستان و عێراقی ئێستا ببێتەوە؛ یان لە ناوخۆ خەڵک سەرکوت بکات و هێرش بکاتە سەر کوردستان. ئەگینا ئێران جگە لە دروستکردنی هەندێک ژانەسەر بۆ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، لە ڕێگەی ئەو توانا سەربازییەوە توانای هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئەم وڵاتانەی نییە.

گەر کەسێک هیچ شارەزایی‌یەکی لەسەر توانای سەربازیی ئێران نەبێت و بۆ ماوەی مانگێک سەیری هەواڵی تەلەڤزیۆنەکانی ئێران بکات، لەژێر کاریگەری و هاتوهاواری ڕاگەیاندنەکانی ئێراندا ڕەنگە بەو ئەنجامە بگات کە ئەم وڵاتە یەکێک لە زلهێزە سەربازییەکانی جیهانە. هەمان شت بۆ دۆخی فەلسەفە و زانستیش لە ئێراندا ڕاستە. گەر کەسێکی ناشارەزا چەند کتێبێکی مێژووی ئێران بە زمانی فارسی بخوێنێتەوە هەمان ڕوانگەی بۆ مێژوو و زمان و شارستانییەتی ئێرانی لەلا ساز دەبێت. خوێنەرەکە ڕەنگە بەو ئەنجامە بگات کە زمانی فارسی زمانێکی هەزاران ساڵەی فەلسەفە، زانست و هونەرە؛ مێژووی ئێران بۆ هەزاران ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە و زۆرینەی پێشکەوتنەکانی جیهانی نوێ بەردی بناغەیان لە “سەردەمی ئێرانی کۆن” داندراوە و ئێستایش گەر ئێرانییەکان دەست لەکاری ئەم دونیایە بشۆنەوە، کاروباری دونیا بەڕێوە ناچن؛ ڕێکخراوی ناسا تووشی کێشە دەبێت و ئەخلاق و هونەر لەم دونیایەدا نامێنێ. ئەمانە و زۆر گێڕانەوەی سەرسووڕهێنەری دیکە بەردی بناغەی ئەفسانەیەکیان دامەزراندووە کە یەکێک لە ستوونە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانییە؛ ناسیۆنالیزمێک کە پێی وایە “هەموو ئێرانییەک هێگڵێکە”بێ ئەوەی ئاگای لێ بێت تا ئێستایش زمانەکەیان توانای نەبووە بەرهەمێکی هێگڵ بەباشی وەربگێڕێتەوە.

 سەرەڕای ئەو ژاوەژاو و هاتوهاوارە زۆرە، لەباری زانستی و بەتایبەت زانستە مرۆیی‌یەکان و فەلسەفەوە، ئێران هەر هێندەی توانای هاژەکەکانی لە دونیادا حزوور و توانای هەیە. گەرچی لەبەر زۆر هۆکار، کوردی ڕۆژهەڵات و باشووری وڵات، لەژێر کاریگەرییەکی زۆری خوێندەوارە ئێرانییەکان و فارسینووسەکاندان و زۆر کات بەسەرسووڕمانەوە سەیری بەرهەمەکانیان دەکەن، یان لەگەڵ خوێندنەوەی بەرهەمێکی فارسی دەروێشانە حاڵ دەیانگرێت، بەڵام توانای زانستی و فەلسەفیی ئێران، هەروەک توانا مووشەکییەکانی، تەنیا بۆ بەشێک لە نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان، و هەندێک وڵاتی وەک ئەفغانستان بەتوانا ئەژمار دەکرێت و لە نەخشەی زانستیی سەردەمدا، بەتایبەت لە زانستە مرۆیی‌یەکان و فەلسەفەدا، لە ژاوەژاو و هاتوهاوارێک واوەتر ناڕۆن.

هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دوای یەک سەدە دەوڵەتداری ئەنجام درا. کۆماری ئیسلامی حکومەتەکەی خۆی لەسەر میراتی ڕژێمی پاشایەتی بونیاد نا و ئەمڕۆی ئێران لە هەموو بارێکەوە بەرهەمی ئەم یەک سەدە دەسەڵاتدارییەیە. ئەوەی ڕاستی بێ، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل پەردەلادان لە ئەفسانە ٢٥٠٠ ساڵەکەی ئێران بوو. ئەم هێرشە پوختەی توانا تەکنۆلۆژی، مەعریفی و ڕووناکبیرییەکانی ئێرانی پێشانی هەمووان دا و سەلماندی لە خەونەکانی ئاخوندزادە، کرمانی، تەباتەبایی و دەباشییەوە تا خوتبەی مەلاکانیان، لەوە زیاتریان لەدەست نایە. دوای یەک سەدە دەسەڵاتداری و بەکارهێنانی هەموو سەرچاوە و سەرمایەکانی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکان توانای تەکنۆلۆژیی ئەم وڵاتە بایی ئەو هاژەکانەیە کە بەشێکیشی تەکنۆلۆژیای ڕۆژاوایی‌یە.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی

قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی

قووڵاییی ستراتیژیی کورد وەک هێزێکی نێودەوڵەتی عومەر ئیزەدخواە گرنگیی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاستییەکی ستراتیژیی پەیوەست بە کۆمەڵێک هێزی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، کە نوێنەرایەتی و ڕێبەرایەتیی پرسێکی ڕامیاریی هەستیاری [...]

  • دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دێمۆکراسی لە نێوان ئازار و شۆڕشدا؛ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شنە پاسبار زۆرجار دێمۆکراسی وەک دەرەنجامی سروشتیی شۆڕش یان دەرەنجامی ڕووخانی دەسەڵاتی دیکتاتۆر دەبینرێت. کاتێک حکومەتی دیکتاتۆریی ناوەند دەڕووخێت، بە شێوەیەکی گشتی [...]

  • دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا

دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا

دکتۆرینی «دانڕۆ» خوێندنەوەیەک بۆ نەخشەڕێگەی نوێی ئەمریکا  پێشەوا عەلیپوور وتاری ئەم دواییەی تام باڕاک لە کۆڕبەندی ئانتالیادا، وەک یەکێک لە کاراکتەرە نزیکەکانی بازنەی بڕیاردانی ئیدارەی تڕامپ، تەنیا ڕاپۆرتێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو [...]

  • دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان

دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان

دیالێکتیکی کوردبوون: پڕۆسەی خۆدۆزینەوە و سەیروورەتی خۆبنیادنان شاهۆ حوسێنی کوردبوون، ئەگەر لەناو جەغزی تێگەیشتنێکی ئاساییدا وەک پێکهاتەیەکی ئۆبژەکتیڤ یان ڕەگەزێکی کولتووری دەربهێنرێت، دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی بنەڕەتی لەمەڕ بوونی مرۆڤ. لێرەدا، کوردبوون [...]

  • ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟

ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟

ئێران مامەڵە دڵخوازەکەی خۆی ڕادێڵێت، بڵێی ترامپ پێوە بێت؟ واشینگتۆن پۆست - حەمید بیگلەری وەرگێڕان: کەماڵ حەسەنپوور من ساڵی ١٩٧٦ ئێرانم بەجێهێشت. لەو پێنج دەیەی ڕابردوودا، دیتوومە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەمریکا هەموو جۆرە [...]