یاد و لەبیرچوونەوە

دانا حەمید

«ئەوانەی ناتوانن ڕابردوو بەبیر بهێننەوە، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی». (جۆرج سانتایانا)… [واتە، مێژوو تەنها کۆمەڵێک چیرۆکی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە بۆ بینینی داهاتوو. فەرامۆشکردنی هەڵەکان، گەورەترین هەڵەیە و گەرەنتی دووپاتەبوونەوەیانە لە شێوەی تراژیدیای نوێدا].

مێژووی هەر نەتەوەیەک، وەک تەونێکی ئاڵۆز، لە دوو ڕیسی سەرەکی چنراوە: یادەوەریی و فەرامۆشی. یادەوەری، ئەو پاڵنەر و هێزە ژیانییەیە کە ناسنامەی بەکۆمەڵ دەپارێزێت، بەها ئەخلاقییەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازێتەوە، و وانەکانی ڕابردوو دەکاتە چرایەکی ڕووناککەرەوەی ڕێگای داهاتوو. یادەوەریی نەتەوەیی، تەنها کۆگایەکی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو ئەو ویژدانە زیندووەیە کە پێوەر بۆ باش-خراپ، بۆ قارەمانێتی-ناپاکیی دادەنێت. لە بەرانبەریدا، فەرامۆشی وەک نەخۆشییەکی کوشندە، خانەکانی ئەم یادەوەرییە دەشێوێنێت و کونێکی ڕەش دروست دەکات کە مانا، نرخ و بەهاکان هەڵدەلووشێت. ئەم لەبیرچوونەوەیە، چ بە ئەنقەست بێت یان لە ئەنجامی بێباکییەوە، نەتەوە لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دادەبڕێت و دەیکاتە بوونەوەرێکی بێ قووڵایی و بێ ئاڕاستە. لەم نێوەندە ئاڵۆزەدا، چیرۆکی تێکەڵاوی خەباتی پارچەکانی کوردستان، بەتایبەت لە ڕێگەی دوو وێنەی تراژیک و سیمبوڵییەوە، ئەم دووانەییە بە ڕوونترین شێوە بەرجەستە دەکات: یادەوەریی بەخشینی بێسنووری شەهیدان: «دکتۆر جەعفەری شەفیعی و ساعیدی وەتەندۆست، فەرامۆشکردنی قوربانیدانی شەهید غەزاڵ مەولان. لە قووڵایی یادەوەریی شۆڕشگێڕانەی کورددا، وێنەیەکی درەوشاوە هەیە کە مام جەلال تاڵەبانی؛ لە ڤیدیۆیەکدا بە ستایش و ڕێزەوە دەیگێڕێتەوە. لە سەردەمێکی سەخت و دژواری شۆڕشی نوێ لە هەشتاکاندا، کاتێک شۆڕش لەوپەڕی گەمارۆدان و پێویستیدا بوو، دوو گەنجی ڕۆژهەڵاتی، دکتۆر جەعفەری شەفیعی و ساعیدی وەتەندۆست، سنوورە دەستکردەکان دەبڕن. ئەوان بە کۆڵێک دەرمان و بڕێک پارەوە کە پێنج هەزاری دیناری ئەو کاتە بوو، کە هەموو توانایان بوو خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەکانی باشوور. پەیامەکەیان سادە و قووڵ بوو: «ئێمە هاتووین هەرەوەزیی شۆڕش لە باشوور بکەین و تەنها ئەمەندەمان لەدەست دێ». ئەمە تەنها گواستنەوەی هاوکارییەکی ماددی نەبوو؛ بەڵکو بەرجەستەکردنی «یادەوەرییەکی زیندوو» بوو. یادەوەریی ئەوەی کە ئازار و ئامانجی کورد یەکە و خەبات سنوور ناناسێت. ئەم هەڵوێستە، کە دواتر بە شەهیدبوونی هەردووکیان مۆر کرا، بووە بەشێک لە ویژدانی بەکۆمەڵ و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەکەمان.

بەڵام مێژوو هەمیشە ڕوویەکی تریشی هەیە؛ ڕووی فەرامۆشی. دەیان ساڵ دواتر، لە هەمان شارێکدا کە ڕۆژگارێک پێشوازی لە خەباتگێڕانی وەک دکتۆر جەعفەر و ساعیدی وەتەندۆست دەکرد، غەزاڵ مەولان، کیژە پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات، دوای برینداربوونی بەهۆی هێرشی بەربەریانەی ئێرانەوە، ڕووبەڕووی دیوێکی تاریکی نائومێدیی دەبێتەوە. گەشتە «سیزیفئاسا»کەی بەنێو نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا و وەرنەگرتنی بە بیانووی جیاواز، کە دەوترێت ناسنامە ڕۆژهەڵاتییەکەی یەکێک لە هۆکارەکان بووە، دەبێتە نموونەی «فەرامۆشییەکی کوشندە». لێرەدا، یادەوەریی هاوخەباتی و قوربانیدانی هاوبەش، جێگەی خۆی دەدات بە لۆژیکی ساردی بازرگانی و بەرژەوەندیی تەسکی سیاسیی.، پۆڵ ڕیکۆر، لە کتێبی (یادەوەری، مێژوو، فەرامۆشی)، باس لە  «سیاسەتی فەرامۆشکردن» دەکات، کە تێیدا دەسەڵاتەکان بە ئەنقەست هەندێک یادەوەری دەسڕنەوە بۆ ئەوەی گێڕانەوەیەکی نوێی گونجاو و لەبار بۆ خۆیان دروست بکەن. تراژیدیای غەزاڵ، دەرئەنجامی ئەم فەرامۆشییە ڕێکخراوەیە کە تێیدا بەهای باڵای شۆڕشگێڕی و مرۆیی، لەبەردەم حیساباتی ڕۆژدا دەبێتە قوربانی. کەواتە، کاتێک وێنەی دکتۆر جەعفەر و ساعیدی وەتەندۆست (هێمایی یادەوەریی بەخشین) و غەزاڵ مەولان (سیمبوڵی قوربانیی فەرامۆشی) لە تەنیشت یەک دادەنێین، ئێمە تەنها لەبەردەم دوو ڕووداوی مێژووییدا نین، بەڵکو لەبەردەم ئاوێنەیەکی گەورەداین کە خودی ئێستامان نیشان دەدات. ئەم دوو ڕووداوە، وەک دوو تەرازووی ویژدان، پرسیارێکی بنەڕەتیمان ئاڕاستە دەکەن: ئایا وەک نەتەوەیەک، کام ڕێگا هەڵدەبژێرین؟ ڕێگای یادەوەریی، کە لەسەر بناغەی وەفا و هاوچارەنووسی و بەها مرۆییەکان بنیاد دەنرێت و بەرەو داهاتوویەکی شکۆمەندمان دەبات؟ یان ڕێگای فەرامۆشی، کە بەرژەوەندیی کاتی و عەقڵی سارد و ڕووتی بازاڕ، گیانی شۆڕشگێڕانەمان دەکاتە قوربانی و وامان لێدەکات لە بازنەیەکی داخراوی تراژیدیادا بخولێینەوە؟ خوێنی غەزاڵ و خزمەتی دکتۆر جەعفەر شەفیعی و ساعیدی وەتەندۆست، وەک زەنگێکی بەهێزی ئاگادارکەرەوە، لە ویژدانی هەموومان دەدەن و ناچارمان دەکەن ڕووبەڕووی ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە ببینەوە: هەڵبژاردنی یادەوەریی لە دژی فەرامۆشی، هەڵبژاردنی مانەوەیەک کە شایستەی ئەو هەموو قوربانیدانە بێت.

بیروڕا

بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ی کوردی

حەمید، دانا(٢٠٢٦): یاد و لەبیرچوونەوە. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.

ئەم وتارە هاوبەش بکە!

بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە

  • ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شاڕوخ حەسەن‌زادە ئابووریی شەڕ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تەتەلەی ڕەوشی سیاسیی نیزامی ناوچەکەدا، زۆرجار ڕەهەندی بازاڕ و ئابووریی جیهانی وەک [...]

  • شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس

شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ڕێبوار سیوەیلی شۆڕشى کەزی: گێڕانەوەی پیرۆزی و شۆڕشی شوناس ١. لە مێژووی شارستانییەتەکاندا، مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە هێما هەبووە بۆ ئەوەی مانا بە بوونی [...]

  • ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟

ڕزگاری یان ئازادی؟ ئارام کەیخوسرەوی ڕزگاری یان ئازادی؟ پێشەکی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای سیاسی لە ئێران، مێژووی دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بووە. دیالێکتیکی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە هەمیشە لەناو بازنەیەکی داخراودا خولاوەتەوە؛ بازنەیەک کە [...]

  • ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو

ناسیۆنالیزمی پووکاو دانا حەمید  ناسیۆنالیزمی پووکاو لە ساتەوەختی قەیرانە وجودییەکاندا، کاتێک کۆمەڵگا ڕووبەڕووی بنبەستبوونی پڕۆژە گشتییەکانی دەبێتەوە، ناسیۆنالیزم لە هەر ئایدیۆلۆژیایەکی تر مەترسیدارتر دەردەکەوێت. لەم دۆخەدا، ناسیۆنالیزم سیاسەت لە ناوەڕۆکە ڕاستەقینەکەی، [...]

  • ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە

ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە

ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە هێلێنا باوەرنفایند ئیسرائیل و ئێران پەنجەرەیەک بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە پەرەسەندنی لێدوانە توندەکان لە نێوان ئیسرائیل و ئێران گەڕاوەتەوە – بە دەنگێکی بەرزتر، تیژتر و لە ناو [...]

  • تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز

تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز د. موسڵح ئیروانی تێکهەڵچوونی هەسەدە و هێزە عەرەبییەکانی سووریا: فشاری ئاسایشی، هاوسۆزیی بێوێنەی کوردی و ئاگربەستی لاواز [...]