بیروڕا
بە شێوەی ئانلاین لە لایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان-تیشک لە بلاگی ژیانەوە بڵاو کراوەتەوە: ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٥ی کوردی
دەباغی، شەهلا (٢٠٢٥): پێشکەش بە شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستان، ماسییەکانی ناو ئاگر. بلاگی ژیانەوە؛ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردستان – تیشک.
لەم چیرۆکەدا دژبەرەکان هەر لە هەوەڵەوە دژی یەکتر ڕادەوەستێن؛ دوکتور نوێنەری چینی سەرەوە و دەسەڵاتە کە نوسخە دەپێچێتەوە و فەرمانان دەدا. مام یۆنس نوێنەری خەڵک و بەرخودانە کە لە بەرانبەر فەرمانی دەسەڵات کە لەگەڵ ڕوحی ئەو و دادخوازی بۆ خوێنی شەهیدان یەک ناگرێتەوە ڕادەوەستێ. دوکتور دەیەوێ ڕەوایەتی مام یۆنس بە ئەو دەربڕینە لە شەرعییەت بخات: داخودا کێ دژی ماسیگرەکانە و کێ ئەم درۆیەی سازکردووە کە بلۆکیان بەخەڵکەوە بەستووە و لە ڕووباریان هاویشتوون.
.

پێشکەش بە شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستان، ماسییەکانی ناو ئاگر
خوێندنەوەی کورتە چیرۆکی “یۆنس و ماسی”
لە نووسینی خەبات ڕەسووڵی
کارەکتەرەکان: دوکتور، مام یۆنس، دەسەڵات، تەرمەکانی ناو ڕووبار، کێ (نەناسراو)، ماسیفرۆشەکان، کێی دووهەمی نەناسراو، ماسییەکان
وەگێڕەکان: وەگێڕ، مام یۆنس، کێ، ماسییەکان
ڕووداوەکان: چوونە دوکتوری مام یۆنس، نوسخەپێچانی دوکتور و قسەکردنی لەسەر نەخۆشی مام یۆنس، وەڵامی مام یۆنس، شۆڕشی ژینا، هاویشتنی تەرمەکان بۆ ناو ڕووبار، دیتنی تەرمەکان لەلایەن ماسییەکانەوە
دژبەرەکان: (دوکتور/مام یۆنس)، (گۆشتی سوور/ماسی)، (دەسەڵات/شۆرشی ژینا)، (کێ/ماسیفرۆشەکان)، (کێ/ماسییەکان)
وشە کلیدییەکان: شۆڕشی ژینا، یۆنس، ماسی
یۆنس و ماسی
دوکتور هەروا کە نوسخەکەی نووسیبوو گوتبووی: نابێ گۆشتی سوور بخوات، بەڵام دەتوانێ ماسی بخوات. مام یۆنس وەڵامی دابۆوە: ماسی ناخوات، چونکە لە شۆڕشی ژینادا ڕێژیم بلۆکی لە چەندین تەرم بەستووە و فڕێیداونەتە نێو ڕووبارەوە. دوکتور گوتبووی: داخودا کێ دوژمنایەتی لە گەڵ ماسی فرۆشەکان هەیە و ئەو درۆیەی هەڵبەستووە. دەنا کێ ئەوەی بە چاوی خۆی بینیووە؟
مام یۆنس بێ ئەوەی چاوەڕێی وەرگرتنی نوسخەکەی بێت، بە تەمای ڕۆیشتن هەستابووە سەر پێ و بەتووڕەییەوە گوتبووی: ماسییەکان.
شیکردنەوە
چیرۆکی “یۆنس و ماسی” بە ئیلهام لە ئەفسانەی یۆنس داڕێژراوە. دەگوترێت کاتێک ئافەریدەگار بە یۆنسی گوت کە خەڵک ڕێنوێنی بکات، بەڵام خەڵک وەڵامی بانگەوازی ئەویان نەداوە، یۆنس ماندووبوو و شاری بەجێهێشت و ڕۆیشت. تۆفان دەست پێدەکا و یۆنس لە کەشتی دەکەوێتە ناو دەریاوە و ناو زگی ماسییەک. بەڵام دوای چەند ساڵان خوا یۆنس دەبەخشێ و یۆنس دەگەڕێتەوە بۆ شار و ئەمجارە دەتوانێ ڕێنوێنیی خەڵک بکات.
لە چیرۆکی “یۆنس و ماسی”دا مام یۆنس نەکەوتووەتە ناو ڕووبارەکەوە و ناو زگی ماسییەک، بەڵکوو ئەوە خەڵکی دژی دەسەڵاتن کە خستراونەتە ناو ڕووبارەکەوە و دەسەڵات بە هۆی نافەرمانی سزای داون.
لەم چیرۆکەدا چ ڕوودەدا؟
لەم چیرۆکەدا دژبەرەکان هەر لە هەوەڵەوە دژی یەکتر ڕادەوەستن؛ دوکتور نوێنەری چینی سەرەوە و دەسەڵاتە کە نوسخە دەپێچێتەوە و فەرمانان دەدا. مام یۆنس نوێنەری خەڵک و بەرخودانە کە لە بەرانبەر فەرمانی دەسەڵات کە لەگەڵ ڕوحی ئەو و دادخوازی بۆ خوێنی شەهیدان یەک ناگرێتەوە ڕادەوەستێ. دوکتور دەیەوێ ڕەوایەتی مام یۆنس بە ئەو دەربڕینە لە شەرعییەت بخات: داخودا کێ دژی ماسیگرەکانە و کێ ئەم درۆیەی سازکردووە کە بلۆکیان بەخەڵکەوە بەستووە و لە ڕووباریان هاویشتوون.
مام یۆنس دەبێتە پارێزەر و وەگێڕی “شۆڕشی ژن ژیان ئازادی” و باسی ئەو تاوانانە دەکات کە کراون. بەڵام دوکتور دەڵێ داخودا کێ ئەو درۆیانەی هەڵبەستووە و هەمیسان هەوڵ دەدا جێگۆرکێ بە ڕاستی و درۆ بکات و نەهێڵێ ڕاستییەکان دەرکەون. بەڵام مام یۆنس بە کورتەوەڵامی “ماسییەکان” ڕاستییەکان لە زمانی ماسییەکان/ سرووشتەوە دەگەڕێنێتەوه سەر جێگای خۆیان. ماسی لێرەدا مانایەکی تازە لەبەرانبەر دەسەڵاتی دوکتوردا دەخوڵقێنێ.
کورتە چیرۆکی “یۆنس و ماسی” تەنیا لە چەند ڕستەدا باسی دەسەڵات، سزا، کۆنترۆڵ و بەرەنگاری دەکات. دەسەڵات هەوڵ دەدا کورد “سر بە نیست” بکا. دەسەڵات کە چارەسەر و دەرمانێکی بۆ گرفتەکانی کۆمەڵگا پێ نییە هەوڵ دەدا بەردەوام و ئاگایانە شک و درۆ بخاتە ناو دڵی خەڵکییەوە و بە پرسیار خستنە سەر ڕاستییەکان ئەوان بشارێتەوە: کێ لەگەڵ ماسیفرۆشەکان گرفتی هەیە، کێ ئەم درۆیەی بڵاو کردووەتەوە؟
مام یۆنس نۆێنەری چینی خوارەوەی کۆمەڵگایە، خەباتکار و ڕاستگۆیە و لێرەدا وشە سادەکان و زمانی بێ پەردە، بەڵام شاعیرانەی مام یۆنس دەتوانێ قووڵایی ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە خەڵکی کراون و گرفتەکانی دوای شۆڕشی ژینا نیشان بدات.
مام یۆنس پێوەندی بە ژینگەی خۆییەوە هەیە و ئەزموونەکانی لەوێوەوە دێن. ڕاستە کە ماسییەکان سادەن و قسە ناکەن بەڵام شاهیدی تاوانەکانی ڕێژیمن. هیچ ڕاستییەک لە چاوی سرووشت ون نابێت. سرووشت شاهیدی هەموو ڕووداوەکانە، تەنانەت ئەگەر دەسەڵات بیەوێ تاوانەکانی بشارێتەوە.
هاوکات ماسییەکان نوێنەرایەتی چەمکی ژیانێکی ئازادیش دەکەن. لێرەدا ماسی هیما و سیمبولی ژنە. ئەوە نییە دەڵێن “دەڵێی ماسییە”، یا دەڵێن “وەک ماسی هەڵدەخلیسکێ”، بە واتایەکی دیکە حەقیقەتێک کە ماسییەکان باسی دەکەن بۆ مام یۆنس (کە لە ئەفسانەدا سەردەمانێک لە زگی ماسیدا ژیاوە) ڕاستە و وەریدەگرێ، بەڵام دوکتور لە جێگەی نوسخەپێچ و دەسەڵاتەوە هەوڵی گۆڕانی دەدا. ماسی هاوکات سیمبولی ژن بوون، ئازادبوون لە دەریای بەرینی خەڵک و حەقیقەتە. حەقیقەتێکی سرووشتیی ژنانە کە زۆر جار لەلایەن دوکتور و ئێلیتەوە وەرناگیرێ و جێگۆرکێی پێدەکرێ.
بابەتەکانی تری بلاگی ژیانەوە
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا
دراوی ئێران لەژێر گوشاردا هێلینا باوەرنفایند دراوی ئێران لەژێر گوشاردا دوای پشوویەکی کورت لە هەفتەی ڕابردوودا، ڕەوتی دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانیی ئێران بەخێراییەکی زیاتر بەردەوامە. دابەزینی بەردەامی بەهایی ڕیاڵ نیشانەی لاوازیی [...]
ئێران، بەربەستی ترس
ئێران، بەربەستی ترس هێلینا باوەرنفایند نووسراوەی خاتوو هێلینا باوەرنفایند شیکارییەکی قووڵ و ڕیالیستانە بۆ دۆخی ئێران پێشکەش دەکات؛ ئەو لە ڕوانگەی "زانستی سیاسی" و "مێژووی شۆڕشەکانەوە" سەیری بابەتەکە دەکات. ئێران، بەربەستی [...]
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت
دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت ئاراکۆ هەڵوێست دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مەترسی یان دەرفەت هاوکات لەگەڵ دەسپێکی خۆپیشاندان لە ئێران و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بەشێک لە بازاڕی تاران، خۆپیشاندان پەرەی سەند [...]
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن
لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن دڵشاد عەنایەتی لە ورمێوە تا لوڕستان و بەختیاری؛ یەکگرتوویی نەتەوەیی، تاکە کلیلی سەرکەوتن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییی گەورەدایە. [...]
سنوورەکانی زمان
سنوورەکانی زمان دانا حەمید سنوورەکانی زمان پرسیاری «بۆچی مرۆڤ دەست بە ناونانەوەی جیهان ناکات؟» لە ڕواڵەتە سادەکەیدا، یەکێک لە بنەڕەتیترین گرێکوێرە فیکرییەکانی بوونی مرۆڤ دەوروژێنێت. ئەم پرسیارە تەنها پەیوەست نییە بە [...]
ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری!
ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! مەسعوود بابایی ئەرکی ڕووناکبیر: گەمەیەکی سیاسی یان تراویلکەی ڕۆشنگەری! داوای ئەرک لە کەسێک بە ناوی ڕووناکبیر لە جیهانی سێیەم و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەڵبژاردنی [...]







